وتار

لایکی برەودان

بەرپرسیاریت لە لایکەکانت!

لایکی برەودان[1]

بەڕێز، کە لایکی پۆستی کەسێک دەکەیت کە ئەو کەسە ناکەسە سووکایەتی بە کەسێک دەکات، باش بزانە لایکەکەت واتای هەیە، واتاکەش ئەوەیە تۆ برەو بەو جۆرە گوتارە دەدەیت، ئەو کەسە هان دەدەیت زیاتر لەو جۆرە کارە بکات، هەروەها بەرەیەک دەگریت و دەستت لە تاوانی تیرۆری کەسێتییەکدا هەیە!

ئێستانان جەللادە بێئەخلاقەکانی پاسەوانی ئەخلاقی کۆمەڵگا کەوتوونەتە هێرشی یەکبینە و بەردەوام بۆ سەر چەندین کەسی دیار و نادیار، هەر کەسێک ئەلفێک هەڵبهێنێتەوە کە بە ملیمەتر لە گوتاری بێناوەرۆکی ئەوان دوور بێت، ئەوا دەیکەنە ئامانج. لیستی قوربانییەکانیشیان تا بێت زیاتر و زیاتر قوربانی لە خۆ دەگرێت. خەڵکی سادەش بە لایک و کۆمێنت لەگەڵیاندا بەشدار دەبن. ڕۆژبەڕۆژ ئازادی بە کار دەهێنن بۆ لەناوبردنی خودی ئازادی خۆی و ئازادیی کەسانی تر و دەستیان بردووە بۆ هەموو جۆرە ناوزڕاندن و جنێو و بێڕێزییەک، هەر کەس وەک خۆیان نەبێت بە لادەر و بەرەڵڵا و تێکدەر و شێوێنەری شیرازەی خێزان و بێئەخلاق و تێکدەری بەهای باڵا و ئەم جۆرە قسە پووچانە تۆمەتباری دەکەن. خۆیان کردووە بە پاسەوانی خودا و دینیان کردووە بە پێکاری بازرگانیی خۆیان و خەڵکی داماوی ئەم وڵاتەشیان بەم هاشوهووشە هەڵخڵەتاندووە.

ئەم یەعاوییانە هیچ ئاڕگیومێنتێکیان پێ نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هیچ بابەتێک جگە لەوەی پێیان وایە کۆمەڵگا واتە ئەوان و هەر کەسێک ئەوان پێیان هەرس نەکرا، ئەوا ئیتر ئەو کەسانە لە دەرەوەی «کۆمەڵگای کوردی»ن و نامۆن و بەرەڵڵان و بەرەڵڵایی بڵاو دەکەنەوە و کەلتوورە جوانەکەیان تێک دەدەن. بەڵێ، کەلتوورە جوانەکەیان، کەلتوورە ئەوەندە جوان ئەوەندە جوانەکەیان کە هەر لە جوانییدا بێزت نایەت تەماشای بکەیت! وەک دوژمنایەتی، ژنبەژن، ژنکوشتن، مارەبەجاش، لەژندان، سێژنبەیەک، شەڕەگەڕەک، دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن، خەتەنەی کچ، سەرانەسەندن، لەمنداڵدان، سەربەهەوێ، خۆکردن بە کەمئەندام تەنها بۆ وەرگرتنی مووچەی سۆشیال و کارنەکردن، جاشایەتی بۆ دوژمنانی کورد، دەستڕێژی ناو ئاهەنگ، تەقەی خۆشی، تەقەی ناخۆشی، تەقەی نیمچەخۆشی، تەقەی پێش هەڵبژاردن، تەقەی کاتی هەڵبژاردن، تەقەی دوای هەڵبژاردن، تەقەی دوای یاری، تەقەی پێش یاری، وەشاندنی بۆکسخەنجەر، گرتنی شاڕێی شارەکان، لێدانی هۆڕن لە کاتژمێر دووی شەودا، خوێنبەخوێن، هەڵکوتانەسەر، منداڵبازی، دزینی ژنی خەڵک، عەنتەریات، شان و کەمەربازی، شکاندنی سیفۆنی ئاودەست، نەگرتنەوەی ئاو، نەکوژاندنەوەی گڵۆپی ناپێویست، شکاندنی پەنجەرەی ماڵان، دزینی پێڵاوی مزگەوت، وەرگرتنی مووچەی بندیوار، پیسکردنی دیواری تازەبۆیەکراو، شوخت خستنە ئوتومبێل، بەجێهێشتنی پیسایی لەسەر سیفۆنی شکێنراوی ئاودەست، نووسینی قسەی بێڕێزی بەرانبەر خانمان لەسەر دیوار و دەرگای ئاودەست، شکاندنی کورسیی لەچیمەنتۆدروستکراوی پاڕکەکان، لەناوبردنی گوڵی باخەکان و شەقتێهەڵدانیان، هەڵدانی دەبەی ئاو و قووی پێپسی و کۆلا لە جامی ئوتومبێلەکانیانەوە، بەجێهێشتنی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکانیان ڕێک لەو جێیەی سەیرانی لێ دەکەن، ترساندن و تۆقاندنی منداڵی شەش ساڵ بە ئاگری دۆزەخ، دارکاریی قوتابی، نوشتەچێتی، جادوو، نزالێکردن، بڕینی کلکی کەر و پشیلە و سەگ، بڕینی گوێی تووتکە و مریشکدزین و لاقەکردنی مەڕ و نێرەکەر ماکەر و زۆر شتی تریش… بەڵێ، نووسەر و ڕۆشنبیر و لێکۆڵەر و ئازادیخوازان بەوە تاوانبار دەکەن کە ئەم کەلتوورە زۆر جوانەیان تێکدەدەن، بەزیای خێرمان نەکرد!

ئینجا وێڕای ئەم کەلتوورە جوانەی کە لێرەدا مشتێکیمان لە خەروارێک خستە ڕوو، ئەم یەعاوییە جوانکەلتوورانە دین دەکەنە پاساو و خۆیان دەکەن بە نوێنەر و پاسەوانی خودا و خودا دەکەنە موڵکی تایبەتی خۆیان و خەڵکی داماویش لە ژێر ناوی خودادا هەڵدەخڵەتێنن و دەست دەکەن بە سووکایەتی بە خەڵکانی تر و هەڵخڵەتاوەکانی دەوریشیان بە لایک و کۆمێنت چەپڵەڕێزانیان دەکەن و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر ڕق لە دڵان و دەروونیاندا برەو پێ دەدەن. دێن لە فەیسبووک خەڵکان بە بێئەخلاق ناو دەبەن و ناویان دەزڕێنن و دەیانەوێت دەست بە کەلتوورە جوانەکەیانەوە بگرن، نەکا با بیبات!

ئێستانان لە سایەی نابەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ئێمەی گەل بە تەنیا لە ناوەڕاستی ئەم پاسەوانە بێئەخلاقانەی ئەخلاقدا بە جێ هێڵراوین و چاوەڕێین هەر ڕۆژە و یەکێکمان بکەنە ئامانج. ئێستا باشترین شتێک بیکەین ئەوەیە سەکۆیان پێ نەدەین و کۆمێنت و لایکیان بۆ نەنووسین، چونکە کاتێک ئەوان کەسێک دەکەنە ئامانج و وەک کەمتیار تێی بەردەبن، نابێت تۆ، ئەگەر خۆت بە کەسێکی بەئاکار دەزانیت، نە لایکی ئەو جۆرە پۆستانە بکەیت، نە برەویان پێ بدەیت، ئەگەر بۆشت کرا سەرکۆنەیان بکەیت و لە خۆتیان دوور بخەیتەوە و نزیکەکانت ئاگادار بکەیتەوە لەوەی بەشدار نەبن لەو تیرۆری کەسایەتییەی ئێستانان گەلێک برەوی سەندووە.

لێتان ناشارمەوە، لایکی هەندێک لە هاوڕێیانی فەیسبووکم لەسەر ئەو جۆرە پۆستانە دیوە، تەنانەت هەندێک هاوڕێم هەن کە بە پڕۆفایلەکانیاندا وا دیارە ئێجگار بەڕێزن، کەچی نازانم لایکی ئەوان بۆچی چووەتە خزمەتی برەودان بە تیرۆری کەسایەتی؟! بۆیە من نیشانەی پرسیارم خستووەتە سەر هەر کەسێک کە لەم پڕۆسەی تیرۆرەدا بەشدارە، پێشم وایە هەر کەسێک لەمەدا بەشدار بێت هەڵەیەکی کوشندە دەکات، چونکە کەمتیارە کەسکوژەکان دەست لە کەس ناپارێزن و بە دووری مەزانن سبەی نەدەن بە خۆیشتانەوە.

بەڕێزان، تکایە دەستتان نەبێت لە تیرۆری کەسایەتیدا، ئەگەر کەسێک بە هەڵە دەزانیت، فەرموو بە ئاڕگیومێنت وەڵام بدە و بڵێ کە بۆچی پێت وایە ئەو کەسە هەڵەیە، بێ ئەوەی خۆت بکەیت بە باوکی کۆمەڵگا؛ بێ ئەوەی شار وەک موڵکی تایبەتی خۆت و هەر وەک ئاودەستەکەی ماڵی خۆتان تەماشا بکەیت؛ بێ ئەوەی بێڕەوشتی بە کەسانی تر بکەیت و تیرۆری کەسایەتییان بکەیت، فەرموو تێڕوانینی خۆت بخە ڕوو.

لایکی هەر هاوڕێیەکی فەیسبووکم ببینم لەسەر پۆستی تیرۆری کەسایەتی و سووکایەتیکردن بە خانمان و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران و لێکۆڵەران، کۆمێنتی ناشرینی هەر کەسێک ببینم، ئیتر هەر کەسێک بێت، لە فەیسبووک نەک تەنها ئەو کەسە دەسڕمەوە، بەڵکو بلۆکیشی دەکەم، چونکە چیتر من پێم وایە لە دەم و دەستی ئەو کەسە پارێزراو نیم.

تکایە برەو بە تیرۆری کەسایەتی مەدەن.


[1] لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button