موزیکوتار و ڕاپۆرت

نەستژەنیی ٢٥

نەستژەنیی بیست و پێنجەم: ئاوڕدانەوە لە خولیایەکی نەماو

پرتەوبۆڵەنامەیەک لە بارەی نەستژەنی و تۆمارەوە[1]

هەر لە ژووری نوستنەکەمدا، لەوبەر جێگەی نوستنەکەمەوە، لەسەر پیانۆیەک کە لەبەر پەنجەرەیەکدا دانراوە و پەنجەرەکەش بەسەر دیمەنی زۆربەی سلێمانیدا دەڕوانێت، بە ٤-١٩ خولەک، ئەوەندەی ژەندنەکە پێی بچێت، نەستژەنییەک دەژەنم و تۆماری دەکەم؛ بە چارەکێک بۆ سێ چارەک دەنگەکەی چاک دەکەم و ئامادەی دەکەم بۆ ڤیدیۆ؛ بە نیو سەعات تا چوار سەعات ناونیشانێکی بۆ دەدۆزمەوە؛ بە پێنج خولەک تا بیست خولەک ڤیدیۆیەکی لێ دروست دەکەم؛ بە سەعاتێک بۆ سەعات و نیوێک ئەپلۆدی یوتیوبەکەمی دەکەم.

هەندێک نەستژەنیم هەن کە تۆمارم کردوون، بەڵام هێشتا بڵاوم نەکردوونەتەوە، چونکە ئەوان دوورودرێژترن و ڕێکخستن و چاککاریی زیاتریان پێویستە، دروستکردنی ڤیدیۆکەشیان ئێجگار قورس و کاتبەرە. یەکێک لە کێشە گەورەکانم لەگەڵ ڤیدیۆی نەستژەنییەکاندا ئەوەیە کە دەمەوێت جۆرێتیی دەنگی موزیکەکە لە ڤیدیۆکەدا بپارێزم، بەڵام زۆربەی جۆری ڤیدیۆکان دەستکاریی دەنگ دەکەن (کۆمپرێسی دەکەن) و لەبەرئەوەی شارەزاییەکی زۆریشم لەم بوارەدا نییە و حەزیشم لێی نییە تا فێری ببم، لە ڕابردوودا چەند دەگەیەکم لە جۆرێتیی دەنگی ڤیدیۆکانم داوە، بەوەی کە لەپێشتریم نەداوە بە دەنگ، بەڵکو داومە بە ڕەنگ!

هۆیەکی سەرەکی ئەوەی کە دۆزینەوەی ناونیشانی نەستژەنییەکانم کاتێکی زۆر دەبەن ئەوەیە کە من بڕیارم دابوو ئەو ڕۆژە، یان ئەو کاتەی دەژەنم، زیاتر بیرم لە چی کردەوە، ئەوە بکەم بە ناونیشانی موزیکەکە، بەڵام زۆربەی کاتەکان ئەو شتەی بیری لێ دەکەمەوە ئێجگار زۆر وابەستە بە ژیانی تایبەتی خۆمەوە، کە ناتوانم ڕاستەوخۆ بە خەڵکی تری بڵێم، بۆیە دەبێت ڕێیەک بدۆزمەوە گوزارشت لە بیرەکەم بکات، بە شێوەیەک کە بتوانم لەگەڵ کەسانی تریشدا بەشی بکەم، لە پشت هەر ناونیشانێکی نەستژەنییەکانمەوە بیرێکی تایبەت بە خۆم هەیە، بۆ نموونە ئەمڕۆ دۆستێکم هات و سەردانی کردین، زیاتر لە دوانزە ساڵ لەمەوبەر دیومە، لە مۆبایلەکەیدا ڤیدیۆیەکی کۆنی منی پێبوو کە خۆم نەمدیبوو، لە ڤیدیۆکەدا لە ژوورەکەی خۆم لە ماڵی خۆمانی ئەو کاتە لەگەڵ پیانۆ کۆنەکەمدا هەوای ئۆپێرایی دۆننا نۆن ڤیدی مای donna non vidi maiی جاکومۆ پووچینی دەبێژم، بیرم لەوە دەکردەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خولیایەکم هەبوو کە دەمەویست ببم بە گۆرانیبێژی ئۆپێرا و نەبووم، ئێستا چیتر ئەو خولیایەم نەماوە، کە دۆستەکەمان ڕۆیشت نەستژەنییەکم تۆمار کرد و بوو بە ٢٥ەمین نەستژەنیی بڵاوکراوەم و ناونیشانەکەیم کرد بە «ئاوڕدانەوە لە خولیایەکی نەماو».

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، زووزوو بیر دەکەمەوە کە ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین! بیر بکەرەوە، لویسی چواردە، ئەلیزابێثی یەکەم، ناپۆلیۆن بۆناپارت، تۆلستۆی، مۆتسارت، بێتهۆڤن… کێ و کێی تریش، بۆ ئەوەی گوێیان لە موزیکێک بووبێت دەبوو بچن ئەو چرکەیە ڕاستەوخۆ گوێ لە ژەنیارەکە بگرن، بۆ ئەوەی گۆرانییەکی دڵخوازی خۆیان ببیستن، دەبوو بزانن کەی کۆنسێرتێک دەکرێت و لە کوێ و خۆیان ئامادە بکەن و پلانی بۆ دابنێن و نزا بکەن ئەو ڕۆژە نەخۆش نەکەون بۆ ئەوەی فریای ئەو ژەندنە بکەون و خۆیانی بۆ بپۆشن… من و تۆش هەر ئێستا دەتوانین ئامادەی ئۆپێرایەک ببین! سێ سەعات لەمەوپێش شتێک هات بە خەیاڵمدا لە ماڵەوە و هەر ئێستا تۆ دەیبیستیت، بێ ئەوەی نە بمناسیت، نە بمبینیت، نە چاوەڕێم بکەیت، نە جلێکی تایبەتم بۆ لەبەر بکەیت… تەنانەت نە پێشم بڵێیت! زۆربەی ڕۆژ کە ئەم ڤیدیۆیە دەخەمە ئینتەرنێتەوە لە خەیاڵی خۆمدا دەڵێم: «جا تۆ بڵێیت هەرگیزاوهەرگیز کەسێک هەبێت گوێ لەم موزیکانە بگرێت؟» ئەوەی بۆ من و تۆ لوواوە بۆ ناپۆلیۆن نەلوواوە! کەچی داخەکەم زۆرێکمان پێی نازانین. ئەوەتا من گلەییم هەیە لەوەی جۆرێتیی دەنگی تۆمارێکم خراپە، لە کاتێکدا من هەلی ئەوەم هەبووە کە موزیکەکەم تۆمار بکەم و بە جیهاندا بڵاوی بکەمەوە، بێ ئەوەی ناچار بم هەموو تۆنێکی بنووسمەوە و چاوەڕێی دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی موزیک بم بزانم ئایا موزیکەکەم بایی ئەوەندە بە شایستە دەزانن کە پەسەندی بکەن و بڵاوی بکەنەوە یان نا… پرتەوبۆڵەم دێت کە ئەوپەڕی پێنج شەش سەعاتم داوە بە تۆمارکردنی موزیکێک! لە کاتێکدا تۆمارکردنی موزیک هەر لە خەونی مۆتسارتیشدا نەبووە!

ئەم موزیکانە بڵاو دەکەمەوە، هەندێک جاری زۆر دەگمەن کەسێک پێم دەڵێت کە گوێی لێیان گرتووە و پێی ئارام بووە و چێژی لێیان بینیوە، هەستێکی ئێجگار خۆشم دەبێت کاتێک پێم دەگاتەوە کە لەم سەردەمی بێگوێییەدا گوێیەک هەبووە دەرگای بیستنی بۆ کەمێک لە ژەندنەکانم بکاتەوە، دڵخۆشم کە هەندێک لە موزیکەکانم بیستراون، دڵخۆشم کە تەنیایی خۆم و تەنیایی موزیکەکانمم لەگەڵ تەنیایی یەکێکی تر و بیستنەکەیدا، یەکێکی دوور و نەدیو و نەناس، یان ناسیاوێکی بێدەنگ، ئاوێزان کردووە، دڵخۆشم کە هێشتا دونیا بە تەواوی خۆم و بەرهەمەکانمی نەفلیقاندووەتەوە.

کێش دەزانێت سبەینێ چی بۆ خەڵکانی ئایندە دەلوێت؟! تۆ بڵێیت ئەوانیش پێی نەزانن؟


[1] لە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا نووسیومە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button