u

ئولیس بە کوردی

ئولیس

ڕۆمانێکە،جەیمس جۆیس بە حەوت ساڵ نووسیویەتی، لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢دا بڵاوکراوەتەوە، لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٨ەوە خەریکی وەرگێڕانی خۆی و ڕاڤەکانیم بۆ زمانی کوردی، کۆتا بەرهەمەکە بە پێنج بەرگ دەردەچێ، ئەمڕۆ و لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمس جۆیس خۆیدا، بە دیاری و بە پی دی ئێف و ئی-پەب بەرگی یەکەمی وەرگێڕراوە کوردییەکەم بێ بەرانبەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە. هیوادارم سوودی لێ ببینن. بۆ داگرتنی بەرگی یەکەمی ئولیس کلیک لێرەدا بکە.

ئولیس بە کوردی[1]

وتاری نەوا موکرجی بۆ یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە و سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمس جۆیس لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا.

ڕەوتی ڕووداوەکانی ئولیس سانایە، ئەوەندە ئاڵۆز نییە، ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا گرنگە چییەتیی چیرۆکەکە نییە، واتە بۆ ئەوە نایخوێنیتەوە کە بزانی چی ڕوودەدا، بەڵکو بۆ ئەوە دەیخوێنیتەوە کە ببینی ڕووداوەکان چۆن دەگێڕرێنەوە. چۆن پیاسەیەکی ئاسایی بە کەنارێکدا لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامدا هاوتەریب دەکرێ (ئەڵقەی سێیەم)، چۆن دیمەنی ئاسایی باڕ و قڕەقڕی دوو کەس لەگەڵ جەنگی پاڵەوانێک و گیاندارێکی ئەفسانەییدا هاوتەریب دەکرێ (ئەڵقەی دوانزەیەم)، چۆن مناڵبوونێک بە چیرۆکی گەشەی زمانێکەوە گرێ دەدرێ (ئەڵقەی چواردەیەم). بۆیە خوێندنەوەکەی بۆ کەسێک کە چییەتیی چیرۆکی بوێ، ڕەنگە سەرلێتێکدەر بێ، بەڵام بۆ کەسێک کە لە سەرەتاوە خۆی ئامادە بکا بۆ خوێندنەوەی ئینسایکڵۆپیدیایەک و کات بە خۆی بدا کە داببڕێنرێ، ئەوا خوێندنەوەیەکی بەچێژ دەبێ. زۆربەی هەرەزۆری کوردان دەرفەتی خوێندنەوەی ئولیسیان بۆ نەڕەخساوە، چونکە بە کوردی نەبووە، بەڵام ناوبانگی بیستراوە کە یەکێکە لە ڕۆمانە مەزنەکانی جیهان و ئاڵۆزیشە. کە خەڵکان لێم دەپرسن: «بۆچی ئولیس ئاڵۆزە؟» هەندێ جار بۆ سادەکردنەوەی وەڵامەکە دەڵێم: «وێنا بکە، ئەگەر گووگڵ بە فەرهەنگی ئۆکسفۆردەوە ببێ بە مرۆڤ و لە شار و کاتێکدا بێ کە تۆ پێیان ئاشنا نیت، قسە بکا و باسی شتان بکا، زۆربەی ئەم قسانەش لە مێشکی خۆیدا بە تەوژمی هۆش بڵێ، چۆن دەبێ؟ ئولیسیش تا ڕادەیەکی کەمتر لەوە ئاوهایە.» چونکە هەر بەڕاستی پێم وایە جەیمس جۆیس گووگڵی سەردەمی خۆی بووە و فەرهەنگێکی فراوانیشی هەیە. کە جۆیس زیاتر لە سی و سێ هەزار وشەی نادووبارەی بە کار هێناوە، خۆ لەوانە بوو بە نیوەی ئەو وشانەش بیتوانیایە ڕۆمانەکە بنووسێ، بەڵام کاتێک جۆیس بە ئینگلی نووسیویەتی، زمانی ئینگلیی داگیر کردووە، ئەم داگیرکارییەش یەکێکە لەو سەدان هۆیانەی وای کردووە وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ زمانەکانی تر ئاسان نەبێ، چونکە کەموزۆر زمانی بۆوەرگێڕراویش داگیر دەکا. جۆیس وا دەکا متمانە بە واتای باوی هیچ وشەیەک نەکەیت کە پێت وایە دەیانزانی، ئەمە بێگومان لە ئەزموونی خۆمدا ڕاست بووە، لە کاتی وەرگێڕانەکەمدا لە شوێنێکدا چیتر متمانەم بە هیچ زانیارییەکی خۆم نەما لەسەر زمانی ئینگلی و کوردی، ئەم ڕۆمانە وای لێم کرد وشە بە وشە لە چەندین فەرهەنگی جیاوازدا بپشکنم بۆ دڵنیابوونەوە لە واتاکانیان، ئەگەرچی هەندێ جار پێکەنینم بە خۆم دەهات، چونکە تەنانەت بە دوای واتای (hello) و ناوی ڕەنگەکان و تەنانەت ژمارە سادەکانیشدا دەگەڕام، ئەوە تاکە ڕێگا بوو کە دڵنیا بکەمەوە کە وەرگێڕانەکەم تەندروستە بەوەی بە هیچ شێوەیەک متمانە بە زانینی خۆم نەکەم. ئەگەر جۆیس ویستبێتی بە شاکارەکەی دەبڵن بپارێزێ، ئەوا شاکارەکەی جگە لە زمانی ئینگلی، کە پێی نووسراوە، هەموو ئەو زمانانەی تریش دەپارێزێ کە ئولیسیان بۆ وەرگێڕراوە و وەردەگێڕرێ، چونکە ئەگەر وەرگێڕ لەگەڵ جۆیسدا بڕوا و لە وشەکاریدا لەگەڵ جۆیسدا هاوتەریب بێ، ئەوا بەشێکی گەورەی فەرهەنگی ئەو زمانە چالاک دەکا و دەیپارێزێ. بۆیە لە لیستی داگیرکەرەکانی مێژووی مرۆڤدا، دەتوانم بڵێم: بە پێچەوانەی زۆربەی داگیرکەرە دڕندە و کەلتوورسڕەوەکانی مێژووی نا-مرۆڤایەتی، ئولیس هەرەباشترین و میهرەبانترین داگیرکەرە کە هەر زمانێک داگیر بکا، دەشیپارێزێ. ئەمەش یەکێکە لەو هۆیانەی وای کردووە لە وەرگێڕانەکەیدا کەمتەرخەم نەبم و سارد نەبمەوە.

لە هەردوو دەقەکەدا، چ لە نووسراوەکەی جۆیس خۆی و چ لە وەرگێڕراوە کوردییەکەشدا، ڕێژەی وشە زۆرە. چونکە زۆربەی کات جۆیس تەنها بۆ خۆشی دوو وشەی هاوواتا بە کار ناهێنێ، ئەگەرچی لەوانەیە بتوانرێ لە زمانی بەرانبەردا یەک وشە لە بری هەردوو وشە هاوواتاکەی جۆیس دابنرێ، بەڵام ئەمە خوێنەر هەنگاوێک لە جیهانە جادووییەکەی جۆیس دوور دەخاتەوە، لە لایەکی تریش دەتخاتە بەر مەترسیی نەگەیاندنی ئەو واتایەی مەبەست بووە. لەبەرئەوەی دەزانین کە ڕۆمانەکە پڕە لە کۆد، ئەوا دەبێ وەرگێڕەکە ئاگاداری بەکارهێنانی دوو وشەی هاوواتای جیاواز و داڕشتنەوەی ڕستە و دەستەواژەکان بێ لە زمانی بۆوەرگێڕراودا و هیچی زیادی پێوە نەنێ، لەناو دەقەکەشدا ڕستەکانی جۆیس ڕوون نەکاتەوە، چونکە دەشێ ئەم ڕوونکردنەوەیە زیان بە دەقەکە بگەیەنێ، بەڵکو ئەگەر ڕوونکردنەوەیەک پێویست بێ، لە پەڕاوێزدا ئاماژەی پێ بدرێ. جادووی ئولیس لە وردەکاری و چۆنێتیی نووسین و ژێر چیرۆکە ساناکەدایە. ئەوەندەی تا ئێستا پەڕتووکم خوێندبێتەوە، بێگومان ناشتوانم بڵێم پەڕتووکی زۆرم خوێندووەتەوە، ئەم ڕۆمانە وەک هیچ پەڕتووکێکی تر نییە، هیچ پەڕتووکێک لەم ڕۆمانە ناچێ و لە شوێنی کورت کورتدا نەبێ، کە نووسەرەکەی بە مەبەست وەهای کردووە، لە هیچ پەڕتووکێکی تر ناچێ. هەر بۆیە ئەزموونی وەرگێڕانیشی لە هیی هیچ پەڕتووکێکی تر ناچێ و هیچ «یاسا»یەکی گشتیی پەڕتووکی تری بەسەردا جێبەجێ ناکرێ. پێم وا نییە بێ ڕاڤە بتوانرێ پەیوەندییەکی زۆر لە نێوان جۆیس و خوێنەری بێگانەدا ڕەگ دابکوتێ، بۆیە جگە لە وەرگێڕانی دەقەکە، دەبێ ڕاڤەکانیشی وەربگێڕرێ. ئولیس خۆی شاشارێکە و دەبێ خوێنەر ببەیتە ناوی، پێم وا نییە ڕۆمان-نووسین لای جۆیس تەنها گێڕانەوەی چیرۆک بێ، بەڵکو بونیادنانی شارستانییەتێکە. بۆیە دەبێ خوێنەر بهێنیتە ناو جیهانەکەی جۆیسەوە، سەرنجڕاکێشی و جادووەکەی جۆیس لە چۆنێتیی جیهانەکەیدایە، نەک لە گەورەیی ڕووداوەکانیدا. پێم وا بێ هەوڵدان بۆ ئەوەی پێی دەڵێن: «کورداندن»ی ڕۆمانەکە و هێنانی جۆیس بۆ لای خوێنەری کورد و داتاشینی جۆیسێکی کوردی، یان جۆیسی هەر زمانێکی تر بۆ گەلێکی تر، ڕاستەوڕاست ئاوەڕووتکردنی جۆیسە لە جادووەکانی.

من ئەوەندە ئازادیم بە خۆم نەداوە کە یەک وشەش زیاد بکەم، زۆر وابەستی دەقە ماکەکە بووم و تا بۆم کرابێ تەنانەت وێرگوڵێکیشم بۆ وەرگێڕراوەکە زیاد نەکردووە. کە جۆیس وشەی لێکداوە، منیش هەوڵم داوە وشەکە لە کوردیدا لێکبدەم؛ کە جۆیس ڕستەیەکی بە چەند وشەیەک بڕاندبێتەوە، منیش هەوڵم داوە لە کوردییەکەدا بە هەمان شێوە وشەی زیاد نەخەمە ڕستەکەوە؛ کە ناو و ئاوەڵناو و ئاوەڵکاری کردووە بە کار، منیش وام کردووە و لە پەڕاوێزدا ئاماژەم پێیان داوە.

بەڵام هەندێ جار وەرگێڕ ناچارە دەستکاریی بچووک بکا، بۆ نموونە بە هۆی جیاوازیی بونیادی زمانی کوردی و ئینگلی، زۆر جار لە ڕستە ناتەواوەکاندا، بە تایبەتی هیی تەوژمە هۆشەکان، دەبێ کوردییەکە کەمێک لە دەقە بنەڕەتەکە داببڕێنرێ تا هەمان واتا و کاریگەریی نزیککراوە لە دەقە ماکەکە بدا. ئەمە لەو شوێنانەدا ڕاستە کە لە ئینگلییەکەدا ڕستەکە بکەر و کارەکەی تێدایە، بەڵام تەواوکەرەکە دەرنابڕێ. بەڵام لە کوردیدا لەبەرئەوەی لە ڕستەسازیی ئاساییدا، کار دەکەوێتە کۆتاییەوە، ئەوا کاتێک ڕستەیەکی تەواونەکراوی زمانێکی بێگانە بۆ کوردی وەردەگێڕیت و تەنها بکەر و کارەکە دەهێنیتەوە، هیچ واتایەک نادا تا تەواوکەری بۆ دانەنێی، یان ڕستەکە نەگۆڕی. بۆیە لەم کاتانەدا وەرگێڕ ناچارە دەستکاری بکا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی سێیەمدا دەڵێ: «کەڵبە، هەست دەکەم: Fang, I feel». کە ڕستەیەکی تەواونەکراوە، بکەر و کارەکە هەن و تەواوکەرەکە قووت دراوە، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی ڕستەکەی پێشوودا کە دەڵێ: «چاوسەوز، دەتبینم، Green eyes, I see you» و ڕستەیەکی تەواوە، دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەمەش هەر لەسەر هەمان بونیاد داڕێژراوە، کەواتە ئەمیش دەبێ لە بنەڕەتدا «هەستت پێ دەکەم: I feel you» بێ، کە ئەمەش دەستکاریکردنی دەقەکەیە، کە خۆم حەزی پێ ناکەم، بەڵام دەشبێ بیکەم و لەوانەشە ئەوە نەبێ کە نووسەرەکە مەبەستی بووە.

جیاوازیی پێکهاتەی زمانی وا دەکەن لە هەندێ شوێندا دەقە وەرگێڕراوەکە ئەو تامە نەدا کە ماکەکە دەیدا، بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە و (ئەو)ی نێر و مێ هەر (ئەو)ن، لە کاتێکدا لە ئینگلیدا دوو وشەی جیاوازی (he) و (she)ن. کە لە دەقەکەدا ئەوی نێر و مێ بە کار هاتبن، دەبێ لە وەرگێڕراوە کوردییەکەدا یان ڕستەکە وا دابڕێژمەوە کە خوێنەر سەری لێ تێکنەچێ کە (ئەو) بە کار بهێنم، یان ناچار بم زۆر جار خۆم دیاریی بکەم و ناوی کەسێتییەکە بهێنم. زۆر دووبارەکردنەوەی ناوی کەسێتییەکانیش کاریگەریی لەسەر تامی دەقەکە دەبێ. هەبوونی ئەم دوو ڕاناوە لە ئینگلییەکەدا دەرگای هەندێ بەکارهێنانی دەروونناسییانە دەکاتەوە. چ ستیفن و چ بلوومیش زۆر جار بۆ ئازارنەدانی خۆیان خۆیان لە ناوهێنانی ڕاستەوخۆ بە دوور دەگرن. بۆ نموونە کە بلووم بیر لە مۆڵیی ژنی و بڵێسە بۆیلەنی دۆستی دەکاتەوە، بە (he) و (she)ی ئینگلی بیر دەکاتەوە، ئەمە لە ڕووی دەروونناسییەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە کە (she)، بە واتای (ئەو)ی مێ، کە لاماژەیە[2] بۆ مۆڵیی ژنی، کەمتر بەئازارترە وەک ڕاستەوخۆ ناوهێنانی کەسەکە، (ئەو) کاڵترە و بۆ ئەوە بە کاری دەهێنێ ئازارەکەی کەمتر بێ، لە کاتێکدا ئەگەر ڕاستەوخۆ ناوی هەردووکیان ببەی ئازارەکەی بەسوێترە. شێوەی نووسینی ئولیس و تەوژمی هۆشەکەش، کە زۆربەی کات ڕستەیەکی کورت پەیوەندیی ڕوونی بە دەقی چواردەورییەوە نییە، وا دەکا زۆر جار ڕوون نەبێ کە (ئەو)ی نێر و مێ گوزارشت لە کێ دەکەن، بەڵام وەرگێڕەکە هەر دەبێ گریمانەیەکی هەبێ لەوەی مەبەست لە کێیە. هەندێ جار کە ستیفن بیر لە دایکی دەکاتەوە، خۆی لە ناوهێنانی ڕاستەوخۆی دەدزێتەوە و تەنها (ئەو)ی مێ بە کار دەهێنێ، کە هەندێ جار تەنانەت سەرلێتێکدەرە و نازانرێ (ئەو)ەکە مەبەست لە کێیە. کە لە کوردییەکەدا تەنها (ئەو) دابنێمەوە، خوێنەری کورد دوو جار لە گوزارشتی (ئەو) دوور دەکەوێتەوە. بەڵام لە ئینگلییەکەدا ئەوەندە دەزانی کە (ئەو) مێیە، واتە نیوەی زانیارییەکەت دەداتێ. بۆیە هەندێ جار دەبێ ئاماژە بە (ئەو) بدرێ کە کێیە، یان هەندێ جار وەرگێڕ ناچارە لە بری (ئەو) ناوی کەسەکە بهێنێ، کە ئەمەش دەتخاتە بەردەم مەترسیی هەڵەکردنەوە، چونکە کێ دەڵێ مەبەست لە (ئەو) ئەو کەسەیە کە تۆ ناوی دەهێنی؟

مێژووی گەشەسەندنی زمانیش کاریگەریی لەسەر وەرگێڕان هەیە، دوو زمانی جیاواز بە دوو ئاقاری مێژوویی جیاوازدا تێدەپەڕن. بە نزیکی هەموو ئەو شێوازە جیاوازانەی لە ئەڵقەی چواردەیەمدا تاقی کراونەتەوە، دەبێ لە زمانی بەرانبەردا کاڵ ببنەوە، یان ون ببن. خوێنەرێکی کورد دەرفەتی ئەوەی نابێ تەکنیکی ئەڵقەی چواردەیەم لە گەشەی زماندا ببینێ، بەڵکو لەمسەر بۆ ئەوسەری ئەڵقەکە بە زمانێکی کوردیی سەردەمییانە دەیخوێنێتەوە. لە کاتێکدا هیی دەقە بنەڕەتەکە بە ئینگلییەکی دێرین دەست پێ دەکا و بەرەبەرە بەرەو ئینگلیی نوێ دێ، کە چیرۆکی گەشەی زمانی ئینگلی هاوتەریبە لەگەڵ ئەو کۆرپەیەدا کە میستەر بلووم بۆ لەدایکبوونەکەی چووەتە نەخۆشخانەی مناڵبوونەکەوە. خوێنەری ئولیسی وەرگێڕراو لە ئەزموونکردنی ئەم تەکنیکە بێبەری دەبێ. گریمان ئەگەر بشمەوێ ئەم تەکنیکە لە وەرگێڕراوە کوردییەکەدا دووبارە بکەمەوە، هەر ناتوانم، چونکە زمانی کوردی بە هەمان ڕەوتی مێژوویی زمانی ئینگلیدا تێنەپەڕیوە. بێگومان زمانی کوردی تەنها یەک زار نییە و کۆمەڵە زارێکە، بەڵام هیچ کامێک لەم زارانە مێژوویەکی بەردەوامی هەزار ساڵەی نووسینی نییە کە بایی ئەوەندە داتام بخاتە بەردەم کە هەڵبژاردەی ئەوەم هەبێ کە لە سەبکی کوردیی ئەڵقەی چواردەیەمدا لاسایی ئینگلییەکەی بکەمەوە. ئەگەرچی بە گشتی زمانی کوردی مێژووی نووسینی زیاتر لە هەزار ساڵی هەیە، بەڵام هەر ماوەیە و بە زارێکی نووسراوە و ئەو زارەی زمانی کوردی کە من ڕۆمانەکەم بۆی وەرگێڕاوە، کە ئێستا ناومان ناوە «کوردیی ناوەندی» و هەندێ جار بە هەڵە پێی دەوترێ: «سۆرانی»، کە سۆرانی خۆی یەکێکە لە شێوەزارەکانی ئەم زارە، ئەوەندەی من ئاگاداری بم نووسراوی لە سێ سەد ساڵان کۆنتری نییە.

تا بۆم کرابێ هەوڵم داوە لەگەڵ دەقە ماکەکەدا هاوکۆک بم و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خوێنەردا بڕۆم تا خوێنەر بە نووسەر و دەقە ماکەکە بگەیەنم، نەک بە پێچەوانەوە. زۆر جار تێبینیم لەسەر شوێنێک داوە کە گومانی ئەوەم لێی کردووە پرسیار بۆ خوێنەر دروست بکا و هەر زووش بڕیارم دا بێ وەرگێڕانی ڕاڤەکان، بە تایبەتی ئەوانەی گیفرد و سایدمان، بڵاوی نەکەمەوە، چونکە، یەکەم: ڕاڤەکان کاریگەریی قووڵیان لەسەر داڕشتنەوەکەم دەبێ و وا دەکەن بە متمانەوە ڕستەکان دابڕێژمەوە؛ دووەم: وا دەکەن خۆم تێگەیشتنێکی قووڵترم بۆ ڕۆمانەکە هەبێ؛ سێیەم: خوێنەر دەبینێ کە لەسەر چ بنەمایەک هەندێ بڕیارم داوە بۆ داڕشتنەوەکەم، لە دەرئەنجامدا دەشێ خوێنەر لەگەڵ خۆمدا بکەوێتە بیرکردنەوە و ئەگەر ئەو پێشنیارێکی باشتری بۆ شوێنێک هەبێ ئاگادارم بکاتەوە و ئەو تێبینییانەیان بە هەند وەربگرم و لە دەقە وەرگێڕراوەکەدا چاکیان بکەم و بۆ چاپەکانی ئایندە سوودیان بۆم هەبێ. ئەمە جگە لەوەی ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە ئێستادا هیچ ڕاڤەیەکی ئولیس بە کوردی نییە.

ئەوەی بە گشتی دەستی وەرگێڕ ئازاد دەکا، ئیدیۆمەکانە، کە دەکرێ ئیدیۆم بە ئیدیۆم وەربگێڕرێ، بۆ نموونە لە ئەڵقەی چواردەیەمدا لە شوێنێکدا دەڵێ: «نیازی وایە خەڵووز بۆ نیوکاسڵ ببا»، لە کوردییەکەدا دەتوانین بڵێین: «نیازی وایە کڵاش {یان گوێز} بۆ هەورامان ببا» بێگومان لەم کاتانەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێ کە جۆیس ناوی هەورامان و کڵاشی نەهێناوە.

ستراتیژییەتی وەرگێڕانەکەم لە سەرەتادا بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵ دوای کارکردنمدا جیاواز بوو، لە سەرەتادا زۆر گوێم نەدەدا بە وەرگێڕانی وشەیەک بەرانبەر دەستەواژەیەک یان بە پێچەوانەوە، یان هەندێ جار تەنانەت وەرگێڕانی وشەیەک بە ڕستەیەک، بەڵام دواتر و دوای ژیانی زیاتر لەگەڵ دەقەکەدا، پێداگرتر بووم لەسەر وەرگێڕانی وشە بەرانبەر وشە، تا ئەوەندەی بکرێ. کە جۆیس وشەی «gunrest» لێکدەدا، منیش لە کوردیدا «چەکنیش»م بە هەمان لۆژیک لێکداوە کە کەموزۆر لەسەر هەمان بنەما لێکدراوە. بەڵام لە هەندێ شوێنی دەگمەندا دەستەواژەیەکم بە وشەیەک، یان وشەیەکم بە دەستەواژەیەک وەرگێڕاوە، بۆ نموونە لە کوردیدا بۆ مردنی جۆری ئاژەڵان ناوی جیاوازمان هەیە، ئاژەڵی دڕندە و چوارپێ و ئەمانە «دەتۆپن»، باڵندەکان «مردار دەبنەوە»، مرۆڤ «دەمرێ»، کە وشەی «مرد» لەگەڵ هەردوو وشەی murder و mortی ئینگلی هاوڕیشەیە. بۆیە لە ئەڵقەی یەکەمدا کە گوایە مەڵیگن بە ستیفنی وتووە: «ئا، هەر دیدەڵسە، ئەوەی دایکی بە شێوەیەکی ئاژەڵانە مردووە»، دەتوانین بە متمانەوە لە کوردییەکەدا بڵێین: «ئەوەی دایکی تۆپیوە» واتە دەستەواژەیەک بە وشەیەک. لە ڕاستیشدا لە کوردیدا بێڕێزییەکی گەورەیە بە دایکی هاوڕێیەکت بڵێی: «تۆپیوە» و دەشێ تا ماوە لێت خۆش نەبێ. بەڵام بەدەر لە شوێنی وەها دەگمەن، هەوڵم داوە تا ئەوەندەی واتا بمێنێتەوە دوای جۆیس بکەوم و پیتێکی بۆ زیاد و کەم نەکەم. من خۆشبەختانە چەکی وەرگێڕانی ڕاڤەشم بە دەستەوە بووە، بۆیە دەرگای پێداگریم بۆ کراوەتەوە کە هیچی وەها لە دەقەکە نەگۆڕم، بۆ نموونە لە ئەڵقەی سێیەمدا (contransmagnificandjewbangtantiality)م بە (هاوکرۆکگۆڕکێشکۆمەندجووهەرا) وەرگێڕاوە، کە لە ئەڵقەی دوانزەیەمدا زیادەڕەوی لەم تەکنیکەدا دەکا و وشەی (-Nationalgymnasiummuseumsanatoriumandsuspensoriumsordinaryprivatdocentgen-eralhistoryspecialprofessordoctor)ی لێکداوە، کە ئێجگار جەفەنگییە و ناتوانی تەماشای بکەیت و بزە نەکەی، من بە هەمان تەکنیک بە (مامۆستایوانەبێژیتایبەتوئاساییتایبەتمەندیبواریمێژوویگشتییقوتابخانەیئامادەییومۆزەخانەوبووژا- -نگەوڕاگرایەتیینیشتمانیپڕۆفیسۆردکتۆر) لە کوردیدا وەرمگێڕاوە. کاتێ دەتوانی ڕاڤە بکەی، لەبەردەم هەندێ لەم تەکنیکانەدا ئازادتر دەبی وەک لەوەی کە ڕاڤە نەکەی، پێم وایە هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە وەرگێڕێکی وەک دکتۆر تەها مەحمود تەها کە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە، هەندێ جار دەستی داگرتووە و بە شێوەیەکی ئاسانتر بۆ تێگەیشتن عەرەبییەکەی داڕشتووەتەوە، بۆ نموونە لەو دوو وشە ناوبراوانەدا وشەکانی جیا کردووەتەوە و دوودوو پێکەوە لکاندوونی، بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەویش ڕاڤەی بکردایە، ئاسانکاریی لەم چەشنە نەکردایە.

سەبارەت بە دەقە تێهەڵکێشکراوەکان: کە دێڕێکی دەرەکی هێنراوەتە ناو ئولیسەوە، زۆر جار لە ئینگلییەکەدا دیارە بۆچی ئەو دێڕە هێنراوە، ئەڵبەت وشەیەکی تێدایە کە لە ڕستەی پێشتردا هەبووە و واتا کۆیان دەکاتەوە، یان وشە دەرەکییەکە لە ڕووی بیستنەوە پەیوەندی لەگەڵ وشەیەکی ڕۆمانەکەدا دروست دەکا، واتە لێکچوونی دەنگ کۆیان دەکاتەوە. هەندێ جاریش ئەو دێڕەی هێنراوە دەبێ بە ڕێبەری گۆڕانی ڕەوتی بیرکردنەوەی یەکێک لە کەسێتییەکان و گێڕانەوەکە. بەڵام ئەگەر ئەو دەقە تێهەڵکێشکراوە بۆ کوردی وەرگێڕرابێ، ئەوا مەرج نییە لە کوردییەکەشدا هەمان ئەو وشەیە بە کار هاتبێ کە لە ڕێیەوە بە دەقەکەی ئولیسەوە گرێ دەدرێتەوە، لەوانەیە وشەیەکی هاوواتا بە کار هاتبێ، یان وەرگێڕە کوردییەکە ئەو شوێنەی بە شێوەیەک داڕشتبێ کە لەگەڵ وەرگێڕراوە کوردییەکەمدا نەیەتەوە. ئەمە بە دیاریکراوی لە داستانەکان و شانۆنامە هۆنراوەییەکاندا ڕاستە، بۆ نموونە وەرگێڕانەکەی ئۆدیسەی هۆمیرۆس، دەقە وەرگێڕراوە کوردییەکە بە شێوەی دێڕی هۆنراوەیی نییە، بەڵکو پەخشانە. بەڵام لە ئولیسدا شێوە هۆنراوەییەکەی بە کار هاتووە. بۆیە دەبێ کاتێک ئەم دەقانە دەهێنرێنە وەرگێڕانەکەی منەوە، کەمێک چەکوشکاری بکرێن تا پەیوەندییان لەگەڵ ئولیسە کوردییەکەدا دەربکەوێ، یان زۆربەی جاران، لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو سەرچاوانە بۆ کوردی وەرنەگێڕراون، دەبێ خۆم ئەوانیش وەربگێڕم و بە شێوەیەک ئەم کارە بکەم کە پەیوەندی لەگەڵ ئولیسە کوردییەکەدا دروست بکا. دوو هۆی تریش هەن کە کاریگەرییان لەسەر ئەم چەکوشکارییە دەبێ: لە لایەک شێوازی وەرگێڕانی من لە هیی وەرگێڕێکی تر جیاوازە، لە لایەکی تر کە جۆیس دەقاوێزان دەکا، دەقە هێنراوەکە لە کۆنتێکستەکەی خۆیدا بە کار دەهێنێ. واتە لە کوردییەکەدا، دەبێ لە دیدی ئولیسەوە بڕوانیتە دەقە تێهەڵکێشکراوەکان، نەک بە پێچەوانەوە. یان هەندێ جار دەبێ ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدەم، بە تایبەتی لەو دەقانەدا کە لە کتێبی پیرۆزەوە هێنراون. چونکە وەرگێڕانە کوردییەکەی کتێبی پیرۆز لە هەندێ شوێندا لەو ئینگلییانە جیاوازە کە جۆیس بە سەرچاوە هێناونی. بۆ نموونە کە جۆیس دەستکاریی هۆنەی ٥ی بەشی یەکەمی مزگێنی بە پێی نووسینی یۆحەنا دەکا و «تاریکی» و «ڕوناکی»یەکە هەڵدەگەڕێنێتەوە، لە ئولیسە ئینگلییەکەدا دەڵێ: «تاریکییەک لە ڕوناکیدا دەدرەوشێتەوە و ڕوناکییەکە تێینەگەیشتووە.» کە لە مزگێنی بە پێی نووسینی یۆحەنادا دەڵێ: «ڕوناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە» نەک بە پێچەوانەوە، ئەمەندە گۆڕانەکەی دەستی جۆیسە، بەڵام گۆڕانێکی تر هەیە کە پەیوەندیی بە وەرگێڕانەوە هەیە، ئەویش وشەی «تێینەگەیشتووە»یە کە لە گریکیدا دوو واتای هەیە، یەکێکیان تێنەگەیشتنە، ئەوی تریان زاڵبوونە، هەر بۆیە لە وەرگێڕانە کوردییەکەی کتێبی پیرۆزدا دەڵێ: «ڕوناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە»، نەک «تێینەگەیشتووە». بێگومان لە کتێبی پیرۆزە کوردییەکەدا ئاماژە بە دوو واتایی وشەکە دراوە. بەڵام ئەوەی جۆیس بە کاری هێناوە بە واتای «تێینەگەیشتووە»کەیانە، کە بێگومان منیش هەر وا وەرمگێڕاوە، بەڵام تێبینیم لەسەری داوە.

هەروەها لە وەرگێڕانەکەدا دەکەویتە بەر ئەو پرسیارەی ئایا دەقە بیانییەکانیش بۆ کوردی وەربگێڕی یان نا؟ چونکە لە ڕۆمانەکەدا گەلێ وشە و دەستەواژە و ڕستە و تەنانەت گفتوگۆی بە زمانی جیاواز تێدایە، وەک گفتوگۆکەی ئالمیدەنۆ ئاڕتیفۆنی و ستیفن لە ئەڵقەی دەیەمدا کە بە زمانی ئیتالییە. ئەگەر بڕیار بدرێ وەرنەگێڕرێن، ئایا ڕێنووسە لاتینییەکەی خۆیان بهێنرێتەوە، یان ڕێنووسەکەیان بۆ کوردی بگوێزرێتەوە؟ من لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا نەخێرم هەڵبژارد، کە دەقەکان وەک خۆیان بە زمانی خۆیان بهێڵمەوە و تەنها ئینگلی وەربگێڕم. بۆ پرسیاری دووەمیش، بڕیارم دا ڕێنووسی دەقە بێگانەکان بگۆڕم بە کوردی، چونکە زۆربەی کوردان ناتوانن زمانە بێگانەکان بە ڕێنووسی خۆیان بخوێننەوە، بەڵام بە ڕێنووسی کوردی دەتوانن هیچ نەبێ بیخوێننەوە و وشەکان ببیستن، ئەگەرچی لێشیان تێنەگەن. لە لایەکی ترەوە ئەگەر وەرگێڕ بڕیار بدا هەموو زمانەکان وەربگێڕێ، ئەوا لە ئەڵقەی سێیەمدا دەڵێ: «ژنەکە بارەکەی بە کێش دەکا، شلێپ دەکا، تغۆن دەکا، ڕادەکێشێ، تراسکین دەکا»، کە هەر هەموویان زۆروکەم هەمان واتایان هەیە، بەڵام هەریەکەیان بە زمانێک، ئەوکات بە کوردی دەبێ بە «ژنەکە بارەکەی بە کێش دەکا، ڕادەکێشێ، ڕادەکێشێ، ڕادەکێشێ، ڕادەکێشێ».

ئولیس بەهەشتی زمانەوان و هونەرمەند و ڕۆشنبیرانە، دەتوانم بڵێم سەرچاوەیەکی گەورەی ڕۆشنبیرکردنیشە، ئەگەر ڕاڤەکانی لەگەڵدا بێ. هەر خودی خۆم چەندین پەڕتووکم خوێندووەتەوە کە ئەم شاکارە پێی ناساندووم. هاوکات ئەم ڕۆمانە وشیارترت دەکا بەرانبەر زمان و فەرهەنگت فراوانتر دەکا. خۆم گەلێ بە بەختەوەر دەزانم کە لە ماوەی ژیانمدا ئولیسم ناسیوە، بۆ بەشکردنی ئەم بەختەوەرییە لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی هاوزمانی خۆم، لەگەڵ هەندێ هۆی تریشدا، هەڵستام بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ زمانی کوردی. تۆی خوێنەری بەڕێزیش ئەگەر تا ئێرە گەیشتوویت و ئەم نووسینەمت هەمووی خوێندەوە، ئەوا گەلێ سوپاست دەکەم و هیوای تەندروستییەکی باش و مێشکێکی ئاسوودە و کاتێکی خۆشت بۆ دەخوازم. ئەگەر نووسینەکەمت بە دڵ بوو، ئەوا سوپاسگوزارم، ئەگەر بە دڵیشت نەبوو بیدە بە مۆڵی… بیکا بە کوێدا کەیفی خۆیەتی، قاچی مراوییەکە، قاچی مراوییەکە.


[1] لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ – ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢١ نووسراوە.

[2] لاماژە، بە ئینگلی (allusion): وشەیەکی لێکدراوە لە (لا) و (ئاماژە) پێکهێنراوە، پاشتر (لا-ئاماژە) کراوە بە (لاماژە). لاماژە لە ئاماژە جیاوازە، مەبەست ئاماژەکردن یان ناوهێنانێکی ناڕاستەوخۆیە. ~ن.م.

Related Articles

One Comment

  1. هەرچی پاک، جوان و باڵایە لە گەردوونی فەرهەنگدا بە میوانت بێت! هەر بژیت بۆ ئەم هزرە بەرزە، بۆ ئەم ڕەنج و شاکارە نایابە و هەروەها بۆ ئەم زمانە پاراوە، سەنگین و زەنگینە. ئەوجا سوپاس بۆ ئەم هەموو بەها، زانیار و چێژەی تۆ دەیبەخشیت.

    شاد و سەرفەراز بیت!
    /ئاسۆس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button