وتار و ڕاپۆرت

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ نایاساییە

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ نایاساییە[1]

ئەگەر داوای وێنەیەک لە خانمێک بکەی، تەواو کۆتایی بە دونیا دێ، پێت دەڵێن: «چۆن شتی وا دەبێ؟ حەرامە! جوان نییە! خەڵک چیمان پێ دەڵێ؟ بڵاو دەبێتەوە! باوکم دەمکوژێ! ئامۆزاکانم دێنە سەرم. بۆ تۆ من بە کێ تێگەیشتووی؟ تۆ دەزانی من کچی کێم؟» ئەو وەڵامانە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستن، بەڵام لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا پڕهۆڵێک ژن بە تەنوورەی کورت و عەزیی بێقۆڵ و سنگڕووت و دوامۆدەوە لەسەر ڕیتمی گرمەگرمێکی مێشکتەقێندا چوار سەعات هەڵدەبەزنەوە، دوو سێ کوڕی بێگانەش بە کامێرای ڤیدیۆ وێنەیان دەگرن، ئەم ڤیدیۆیە سبەینێ دەبێ بە سیدییەک و ماڵەوماڵ دەگێڕرێ و دوکانی ڤیدیۆکەش بە سیدی دەیفرۆشێتەوە. بۆ نموونە لە سەهۆڵەکە لەسەر عەرەبانەی سیدی بە بەر چاوی ئەم هەموو خەڵکەی ئەوێدا نمایش دەکرێ، خەڵکان دەوەستن و بە دەم گوڵەبەڕۆژە خواردنەوە تەماشای ئەم هەموو کچ و ژنانە دەکەن. کەسێک جگە لە من نییە بڵێ: «ئەم دیاردەیە قێزەونە و نایاساییە و نابێ ڤیدیۆی تایبەتیی خەڵک بفرۆشرێتەوە و لەبەرچاوی خەڵکانی تردا نمایش بکرێ». ئێستا بۆچی لای خەڵک داواکردنی وێنەیەک حەرامە، کەچی بڵاوکردنەوەی حەڵاڵە؟ من خۆم، خۆم زۆر بە دوور دەگرم لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو و پڕ لە دەنگی بەرز، کە بۆ نەگبەتی پرسەخانە و هۆڵەکانی ئاهەنگ هەردووکیان وان. گەر بچم بۆ هەر شوێنێکی هاوشێوە تا ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ لەرەلەری دەنگی بڵندگۆ زیادکراوەکان لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە و دەگرمێتەوە، بە شێوەیەک کە تەواو ماندووم دەکا و پێویستم بە پشوویەکی زۆر درێژی بێدەنگی دەبێ تا دێمەوە دۆخی هێوری. ئەڵبەت بە هیچ شێوەیەک دژی ئەو بۆنانە نیم، بەڵکو پێم وایە کە لە جێبەجێکردنی نەریتەکەدا چەند هەڵەیەک هەن کە دەبێ دەستنیشان بکرێن و چاک بکرێن. بە هیچ شێوەیەک دژی تەڕپۆشی و جوانپۆشیش نیم، بگرە پێم خۆشە هەموو کەسێک تەڕپۆش بێ، بە پێچەوانەی ئیسلامییەکانەوە، هیچ سنوورێکیشم نییە بۆ چۆنێتیی تەڕپۆشی.

چەند برادەرێکم هەن پێش ئەوەی بچنە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەوە چارەکێک ویسکی دەخۆنەوە، لێیانم پرسیوە: «بۆچی وا دەکەن؟» وەڵامیان داومەتەوە بەوەی کە: «بۆ ئەوەی شتمان پێ عەیب نەبێ!» منیش پێیان دەڵێم: «جا ئەگەر بەو پێوانەیەی ئێوە بێ کە پیاوەکان لە بەرکوڵدا چارەکێک دەخۆنەوە، ئەی ژنەکان؟ کەواتە یان ئەوانیش دەخۆنەوە، یان هەر لە لەدایکبوونەوە چارەکێک ویسکییان تێدایە!» ئەوەی کە سەیرترە ئەوەیە: هەر زۆرێک لەو خانمە بەڕێزانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا حیجابپۆشن. بەڵام کە دواندوومن، دەڵێن: «نا، ئەو ڕۆژە بۆنەیە!»


[1] لە ڕێکەوتی ١ی ئابی ٢٠١٣دا نووسراوە، لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button