
نەستژەنیی بیست و حەوتەم: خاد گەدیا و چەند گۆڕاوێک
خاد گەدیا و چەند گۆڕاوێک (گۆرانیی کەڵەکەکەر)[1]
لە شوێنێکی ئەڵقەی حەوتەمی ئولیس لە نووسینی جەیمس جۆیس (و وەرگێڕانی من)دا، میستەر بلووم لە خەیاڵی خۆیدا دەڵێت:
«ئینجا کاریلەکە و پشیلەکە و سەگەکە و شووڵەکە و ئاوەکە و سەربڕەکە. ئینجا فریشتەی مەرگ سەربڕەکە دەکوژێت و ئەویش گاکە دەکوژێت و سەگەکەش پشیلەکە دەکوژێت. کەمێک مناڵانە دێتە پێش چاو تا بە باشی لێی ورد دەبیتەوە. مەبەستی لە دادپەروەرییە بەڵام هەر یەکێک ئەوی تر دەخوات. دواجار دونیا ئاوهایە.»
جۆیس ئەڵقەی حەوتەمی ئولیسی بە هەندێک سەرباسی ڕۆژنامەییانە ناوبڕ کردووە، سەرباسی ئەم بەشە دەڵێت: «جەژنی لێڕەتبوونیش بوو (AND IT WAS THE FEAST OF THE PASSOVER)».
«لێڕەتبوون»م لە بەرانبەر Passoverی ئینگلیدا وەرگێڕاوە، کە پێشی دەوترێت: پەسخە، بە عیبری پەسەح، واتە لێڕەتبوون یان لێخۆشبوون: جەژنێکی جوو و مەسیحییەکانە، بۆ جووەکان یادی سەری ساڵ و ڕزگاربوونی نۆبەرەکانیانە لە دەیەم کارەسات کە خودا لە سەردەمی موسادا بەسەر میسڕییەکاندا هێنای و ئەم کارەساتانەش لە تەوراتدا باس کراون. عیساش هەر لەم مانگەدا بوو لە خاچ درا و بۆ ئاسمان بەرز بووەوە، بۆیە مەسیحییەکانیش هەمان جەژن دەگێڕن، بەڵام بە مەبەستی بەرزبوونەوەی عیسا بۆ ئاسمان. خۆم وشەی «لێڕەتبوون»م داڕشتووە، پێم وایە باشترین وشەیە لە بەرانبەر Passoverی ئینگلیدا.
جووەکان لە شەوی ئەم جەژنەدا لە ماڵی خۆیان بۆنەیەک دەگێڕن و سروودێک دەبێژن کە پێی دەڵێن: «خاد گەدیا»، کە عیبرییە و بە واتای «کاریلەیەک: یەک کاریلە» دێت. ئەوەیشی بلووم بیری لێ دەکاتەوە لە دەقی ئەم سروودەوە هاتووە. بە جۆری ئەم گۆرانی/سروودەی خاد گەدیا دەوترێت: «گۆرانیی کەڵەکەکەر» کە من خۆم هەرگیز نەمبیستبوو شتێکی وەها هەیە تا وەرگێڕانی ئەم ڕاڤەیەی ئەم بەشەی ئولیس، بۆیە دەمەوێت وەک نموونەیەکی باشی ئەو جۆرە گۆرانییە بە ئێوەشی بناسێنم (ئەگەر پێشتر نەتانبیستبێت). دان گیفرد کە ڕاڤەکەرێکی ڕۆمانی ئولیسە، ئاوها باسی گۆرانییەکە دەکات:
خاد گەدیا گۆرانییەکی کەڵەکەکەرە، کۆپلەی کۆتایی دەڵێت: «یەزدانی پیرۆزیش هات، شکۆدار بێت، فریشتەکەی مەرگی کوشت کە سەربڕەکەی کوشت کە ئەو گایەی کوشت کە ئەو ئاوەی خواردەوە کە ئەو ئاگرەی کوژاندەوە کە ئەو شووڵەی سووتاند کە کێشای بەو سەگەی کە ئەو پشیلەیەی گەست کە کاریلەکەی باوکمی خوارد».
بۆ تێگەیشتن لە «کەڵەکەکردن» لە هۆنراوە، یان گۆرانییەکەدا، دەبێت بڕوانینە دەقی وەرگێڕراوی گۆرانییە عیبرییەکە، کە بەم شێوەیەیە:
باوکم بۆ دوو زووزیی کڕی
خاد گەدیا، خاد گەدیا،
باوکم بۆ دوو زووزیی کڕی
کاریلەیەک، کاریلە؛
پاشان پشیلەیەک هات
کاریلە سپییەکەی خوارد،
ئینجا دوای ئەو سەگێک هات
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
جا شووڵێک کێشای بەو سەگەی
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
جا ئاگرێک شووڵەکەی سووتاند
کە کێشای بەو سەگەی کە
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
دوای ئەویش ئاوێک هات و
ئەو ئاگرەی کوژاندەوە
کە ئەو شووڵەی سووتاند
کە کێشای بەو سەگەی کە
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
ئینجا دوای ئەو گایەک هات
ئەو ئاوەی خواردەوە کە
ئەو ئاگرەی کوژاندەوە
کە ئەو شووڵەی سووتاند
کە کێشای بەو سەگەی کە
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
ئینجا سەربڕێک هات و
ئەو گایەی کوشت کە
ئەو ئاوەی خواردەوە کە
ئەو ئاگرەی کوژاندەوە
کە ئەو شووڵەی سووتاند
کە کێشای بەو سەگەی کە
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
جا فریشتەی مەرگ هات
سەربڕەکەی کوشت کە
ئەو گایەی کوشت کە
ئەو ئاوەی خواردەوە کە
ئەو ئاگرەی کوژاندەوە
کە ئەو شووڵەی سووتاند
کە کێشای بەو سەگەی کە
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
یەزدانی پیرۆزیش هات، شکۆدار بێت،
فریشتەکەی مەرگی کوشت
کە سەربڕەکەی کوشت کە
ئەو گایەی کوشت کە
ئەو ئاوەی خواردەوە کە
ئەو ئاگرەی کوژاندەوە
کە ئەو شووڵەی سووتاند
کە کێشای بەو سەگەی کە
ئەو پشیلەیەی گەست کە
کاریلەکەی باوکمی خوارد؛
باوکم بۆ دوو زووزییەکەی کڕی
کاریلەیەک، کاریلە؛
باوکم بۆ دوو زووزییەکەی کڕی
خاد گەدیا، خاد گەدیا.
زووزی: خەڵکانێکن لە تەوراتدا ناویان هێنراوە، بۆ نموونە: «لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و ئەو پاشایانەی کە لەگەڵی بوون هات، ڕفائییەکانیان بەزاند لە عەشترۆت قەرنەیم، هەروەها زوزییەکان لە هام و ئێمییەکانیش لە شاڤێ قیریاتەیم» (پەیدابوون، بەشی ١٤، ه. ٥).
ئەم دەقە، ئەگەرچی لە زۆربەی ئاوازە جیاکانیدا هەمان زنجیرەی هەیە، واتە: کاریلەکە، پشیلەکە، سەگەکە…تد. بەڵام ئاوازی جۆراوجۆری هەیە، لە پەیژەی گەورەدا هەیەتی، ئەوەی پێی دەڵێن: «مەقامی عەجەم» و لە پەیژەی بچووکیشدا هەیەتی، ئەوەی پێی دەڵێن: «مەقامی نهاوەند».
ئەگەرچی ڕاڤەکەی گیفرد ڕوونە، بەڵام من حەزم کرد هەموو سروودەکە وەربگێڕم و بینووسمەوە و دایبنێمەوە، وەها دەقە کوردییەکەم وەرگێڕا کە بتوانرێت بخرێتە سەر یەکێک (یان زیاتر لە یەکێک) لە ئاوازە عیبرییەکان، لە گۆرانی و سروودی کوردی و ئەو گۆرانییە ناکوردییانەی بیستووشمن، هەرگیز لەم جۆرە گۆرانییەم نەبیستووە و پێم وا بوو ئەم دەقە نموونەیەکی باشی دەقی «کەڵەکەکەر»ە.
دان گیفرد لە ڕاڤەی ئەوەی کە بلووم دەڵێت: «کەمێک مناڵانە دێتە پێش چاو تا بە باشی لێی ورد دەبیتەوە… دواجار دونیا ئاوهایە.» سەرنجی لێکۆڵەرێکی تری هێناوە کە بەم شێوەیە لێوەی دەدوێت:
«خاد گەدیا لە دیوی دەرەوەیدا لە گۆرانییەکی مناڵانە دەچێت، بەڵام وەک مێژووی ئیمپڕاتۆرییەتە یەک-لەدوای-یەکەکان لێکدراوەتەوە کە یەکتر لەناو دەبەن (میسڕ، ئاشوور، بابل، فارس..تد.) کاریلەکە، کە لە ژێری ژێرەوەی هەموویاندایە و زۆرترین ئازاری پێ گەیشتووە، بێگومان، خەڵکی ئیسرائیلن. مردنی فریشتەی مەرگ ئەو ڕۆژەیە کە شانشینەکەی خودای بەتوانا لەسەر زەوی دادەمەزرێت؛ ئەو کاتەش دیسان ئیسرائیل لە خاکی بەڵێندراودا بە زیندووکراوەیی و بە بێگەردی دەژی» (هەگادای لێڕەتبوون، وەرگێڕانێکی دڵسۆزانە بۆ ئینگلی، نووسینی: ئەبراهام ڕێجڵسن، [نیو یۆڕک، ١٩٤٤]، لا. ٦٣)
تیپێکی خانمان هەیە لە یافا، ناویان «تیپی ڕانە»یە، لە چەند ژنێکی موسوڵمان و مەسیحی و جوو پێکهاتوون، ئەم گۆرانییە بە ئاوازێکی فۆلکلۆری ئیتالی دەبێژن، کە گوایە ئەنجێلۆ براندواردی کاری لە موزیکەکەیدا کردووە. لە نەستژەنیی ٢٧دا موزیکەکەی من ژەندوومە لەسەر ئەو ئاوازەی ئەوان بونیاد نراوە و دواتر بە دەم ژەندنەوە چەند گۆڕاوێکی ئاوازەکەش دەژەنم، کە ئەوانە زادەی ئەو چرکەیەی ژەندنەکەمن. جگە لە شوێنێک کە ئەوەیان لە ئاوازێکی تری خاد گەدیاوە هاتووە کە لەسەر پەیژەی گەورەیە (عەجەم) و کۆرسی ئەو بەشەیە کە دەڵێت: «خاد گەدیا، خاد گەدیا».
گۆڕاو لە موزیکدا (variation) موزیکێکە کە لەسەر ئاوازی موزیکێکی تر دانراوە و دەستکاری کراوە و زۆر جار وەها دەگۆڕرێت کە موزیکە گۆڕاوەکە ئەوەندە لە موزیکە سەرەکییەکە دوور دەکەوێتەوە کە چیتر ناناسرێتەوە لە کوێوە هاتووە، وەک کە لە نەستژەنیی ٢٧دا لە ناوەڕاستدا موزیکەکە خاو دەبێتەوە و وەها تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، ئەو بەشە هەر لەسەر بنەمای سەرەتاکەی بونیاد نراوە.
هیوادارم سوودی هەبووبێت.
[1] لە ڕێکەوتی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا نووسراوە.