u

یولیسیس یان ئولیس

یولیسیس یان ئولیس؟[1]

بەڕێزان، یەکەم ڕاڤەی ئەڵقەی یەکەمی ڕۆمانەکەم بۆ ئەم باسە تەرخان کردبوو، ئێوەی بەڕێزیش لە بەردەستتاندایە و لە لاپەڕە ٣١ی ڕۆمانەکەدایە، بفەرمن بیخوێننەوە. لام وا بوو ئەو ڕاڤەیە بەس بێ بۆ تێگەیشتن، بەڵام لە دووی شوباتەوە دەیان… نازانم ناوی بنێم ڕەخنە یان نا، چونکە ئەوە زیاتر سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنە، نەک ڕەخنە، بۆیە دەیان سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنم پێ گەیشتووەتەوە کە: «خۆی دەبوو یولیسیس بێ نەک ئولیس» و «تۆ کە لە ناوەکەدا هەڵەت کردبێ، ئیتر دڵی چی بە ناوەرۆکەکە خۆش بکەین» و «نەبووە و نابێ ناو وەربگێڕرێ» و زۆرێکی تریش، تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی کە هەندێ کەس کۆی هەموو کارەکەیان لەبەر ئەمە ڕەت کردووەتەوە. هەروەها پێشنیازی دەیان «ناونیشانی ڕاست»ی ترم بۆ کراوە، کە لە خوارەوە بە گوێرەی توانا زۆرێکیان لیست دەکەم.

بەڕێزان، تەنها ئەگەر ناونیشانەکەی جۆیس بە ئینگلی(زی) بخوێنینەوە بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە، هەر بۆ نموونە: «یووڵیسیس، یوولیسیز، یولیسیز، یولیسیس…». سەرەڕای هەموو ئەمە، ئەو ناوە لە بنەڕەتدا ناوێکی ئینگلی(زی) نییە تا تەنها لە شێوازی گۆکردنە ئینگلی(زی)یەکەی بڕوانین، ئەم ناوە لە بنەچەدا گریکییە، هەر ئۆدیسیۆسی ناو ئیلیاد و ئۆدیسەیە کە گوایە پیاوێک نووسیونی کە ناوی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس» بووە. تەنانەت ناوە گریکییەکەش، لەبەرئەوەی کە نووسراوەکەی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس» ئەوەندە کۆنە، بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە، بە «ئولیسیۆس، ئۆلیسیۆس، ئوولیسیۆس، ئودیسیۆس، ئودیسۆس، ئۆدیسیۆس، ئوودیسیۆس…» و دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە. پاشان کە ڕۆمییەکان گریکیان داگیر کردووە، داستانەکان            یان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی و ناوەکەیان خستووەتە سەر شێوەی گۆکردنی لاتینی، کە زمانی ڕەسمیی دەوڵەتەکەیان بووە، بۆیە دەیان شێوەی تری خوێندنەوەی ناوەکە زیاتر بووە، بۆ نموونە «ئولیکسیس، ئودیسیس، ئۆدیسیس، ئۆلیسیس، ئۆدیکسیس…» و دەیان شێوەی تر دایانناوەتەوە و خوێنراوەتەوە. ئینجا ئەم ناوە کە چووەتە زمانی ئینگلی(زی)یەوە دیسان بە دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە، کە لە سەرەتادا ئاماژەم بە هەندێکیان دا. بۆیە ئەوانەی کە پێیان وایە تەنها دوو شێوەی خوێندنەوەی ئەم ناوە هەیە و هەڵەکەیان ئەوەی منە و ڕاستەکەیان ئەوەی ئەوانە: هەڵەن؛ ئەم ناونیشانە زیاتر لە سەد شێوەی خوێندنەوەی هەیە و هیچیشیان لەوەی تریان ڕاستتر و هەڵەتر نییە.

هەندێ کەس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە من وەرگێڕانەکەم خراپە چونکە ناوم وەرگێڕاوە، بەڵام بەڕێزان، من ناوەکەم وەرنەگێڕاوە، بەڵکو ئولیس تەنها خوێندنەوەی جیاوازی هەموو ئەوانی ترە، نەک وەرگێڕان. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە دلێر، ماف بە ئێوەیە ئاوها لێی پەست ببن، ئەگەر یولیسیسم کردووە بە خولەی چەخماخساز، ئەوا فەرموون گاڵتەپێکردنەکەتان درێژە پێ بدەن، ئەوەیان وەرگێڕانە، نەک یولیسیس یان یولیسێز یان ئولیس. بۆیە هەموو ئەوانە تەنها خوێندنەوەی جیاوازی ناوەکەن، وەرگێڕانی ناو نین.

ئەگەر کەسێک بە زمانی ئینگلی(زی) پەڕتووکێک لەسەر کەسێک بە ناوی (محەممەد) بنووسێ، لە ئینگلی(زی)یەکەدا دەبێ بە «موهامماد» یان «موهاممەد» یان شتێکی وەها، دەکرێ کە ئەم پەڕتووکە کرا بە کوردی ناونیشانەکەی «موهامماد» بێ؟ هەندێ کەس بە ئینگلی(زی) بە کاک بەختیار عەلی دەڵێن «باشتیار ئاڵی»، دەکرێ لەمەودوا ئێمەش وەهای پێ بڵێین؟

پاشان، گریمان هەر بە ڕاستی لە وشەی ناونیشانەکەدا هەڵە بووم، ئەوە ئەوە دەگەیەنێ کە ناوەرۆکەکە هەمووی هەڵەیە؟ تەماشایەکی ناوەرۆکەکەتان کرد؟ خوێندتانەوە؟ بەرگی یەکەمی تەواونەکراو واتە بێ ئەڵقەی شەشەم، ئەوەی کە لە ٢ی شوباتی ئەمساڵدا بڵاوم کردەوە، ١٥٤٣٦٠ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و سێ سەد و شەست) وشەیە، لە هەموو ئەو بەرگەدا، بە ناونیشانەکەشیەوە، تەنها ١١٧ (سەد و حەڤدە) جار وشەی «ئولیس» دووبارە بووەتەوە، کە هەموویان لە ڕاڤەکاندان، نەک لە ڕۆمانەکە خۆیدا، واتە جگە لە وشەی «ئولیس»، کە زۆر کەس پێیان وایە هەڵەیە، ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەی تر دەمێنێتەوە، ئایا ئەگەر «ئولیس» هەڵە بێ، ئەوە دەیسەلمێنێ کە ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەکەی تر هەموویان هەڵەن؟ ئایا ئەمە پێوەرێکی ئەوەندە گەورەیە کە کۆی هەموو بەرهەمەکە ڕەت بکرێتەوە لەبەر ١١٧ وشە، کە پێت وا بێ هەڵەیە؟

دکتۆر تەها لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەدا ناونیشانەکەی کردووە بە «عولیس» و بۆ چاوێکی تەنها ناونیشانخوێن ئەوە کفری وەرگێڕانە، دە وەرگێڕانەکەی ئەو بۆ ڕۆمانەکەی جۆیس یەکێکە لە نایابترین وەرگێڕانەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. پاشان بە فارسی، بە لاتڤی، بە ئیتالی، بە فەڕەنسی، بە مەکەدۆنی، بە تورکومانی، هەمووی ئولیسە! بە زمانی ڕۆمانی و هەندێ زمانی تر (ئولیکس)ە؛ عەرەبییەکەی دکتۆر تەهاشم باس کرد. ع.ح.ب. کە نازناوی وێژەیی (محەممەد حسێن بەرزنجی)یە، کە وا بزانم لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئۆدیسەی هۆمیرۆسی داڕشتووەتەوە و لە سەرەتای هەشتاکاندا بڵاوی کردووەتەوە، هەر بە «ئولیس» دایناوە، دیوانەکەی هەیە و دەتوانی لێی بڕوانی تا بزانی وایە یان نا.

سەدان ساڵە لە هەموو جیهاندا هەندێ جار «ۆس» و «وس»ی کۆتایی ناوی گریکی لێدەکرێتەوە، یان پێوەی دەکرێ و نەبووەتە کێشەی گەورە، سەدان ساڵە لە کوردیدا دەڵێین: «هیرۆدۆت» و ناڵێین «هیرۆدۆتوس» یان «هیرۆدۆتۆس»، کە لە گریکییەکەدا ئەو «وس» یان «ۆس»ەی پێوەیە، ئینگلی(ز)ەکان دەڵێن «هۆمەر» نەک «هۆمیرۆس»، کە لە لای ئێمە زیاتر بە «هۆمیرۆس» ناسراوە، نەک «هۆمەر»: واتە ئینگلی(ز)ەکانیش هەمان ئەوەیان کردووە کە من لە کوردییەکەدا کردوومە، (ۆس)ی کۆتایی هۆمیرۆسیان لێکردووەتەوە، وەک چۆن من لە کۆتایی ئولیسیۆسدا لێمکردووەتەوە. ئێستا بۆ ئەو بەڕێزانەی گاڵتە بە من دەکەن، ئەو ئەرکەتان کێشا و بچن گاڵتەیەکیش بە زمانی ئینگلیزی بکەن و تۆزێ لایکی قاقاکەیان بۆ بنێرن لەسەر هەمان کار کە کردوویانە؟ ئەو ئەرکەتان کێشا بچن گاڵتە بە هەموو جیهان بکەن کە «عەلی» بە «ئاڵی و ئەلی» دەخوێننەوە؟ کە «عومەر» بە «ئومار» دەخوێننەوە؟ کە «سەڵاحەددین» بە «ساڵەدین» دەخوێننەوە؟ کە «خەییام» بە «کاییام» دەخوێننەوە؟ یان من تەنها لەبەرئەوەی کوردم، ئیتر کەزیەی گوریسی گاڵتەکانتان دەخەنە ئەستۆم، چونکە کورد بەشی خنکاندنە؟

زۆربەی هەرە زۆری ئەو خوێندنەوانە ڕاستن و لە ڕاستیشدا گرنگ نین، تۆ ئەگەر حەزت کرد یولیسیس بێ، ئەوا پی دی ئێفێک بە تەنیا بۆ تۆ دەنێرم و ناونیشانەکەی بەو شێوە خوێندنەوەیە دادەنێم کە تۆ پێت وایە ڕاستە و دەتەوێ وا بێ، بەڵام دەبێ ئەوەیان بە پارە بکڕی و بە دیاری ناتدەمێ، بە پارەیەکی کەمیش نایفرۆشم، بەڵکو بە پارەیەکی وەها دەیفرۆشم کە کەمێک شوێنی چوار ساڵی کارکردنی خۆڕاییم بگرێتەوە کە زۆربەی ڕۆژان زیاتر لە یانزە سەعات کارم لەم وەرگێڕانەدا کردووە و تەندروستیشمی تێکداوە. بۆ «ئینگلی»یەکەش، کە دیسان زۆر کەسی پەست کردووە، بە هەمان شێوە: ئەگەر گلەییەکەتان تەنها ئەوەیە، بەڵێنتان دەدەمێ دەتوانم پی دی ئێفێکی تایبەت بە ئێوە دەربکەم و بۆتان بکەمەوە بە «ئینگلیزی»، بێگومان ئەمیش بە خۆڕایی نادەم. بۆیە ئەو میهرەبانییە بنوێنە، من چوار ساڵی خۆمم بە خۆڕایی و دیاری داوە بە بەڕێزت، تۆش هەر جارێک «ئولیس»ت دی و پێت وا بوو هەڵەیە، لە چاوی خۆتدا بیکە بەوەی کە خۆت دەتەوێ، بەڵام بە مەرجێ دەست بکە بە خوێندنەوە و لەو لاپەڕەیەدا مەچەقێ. چونکە پەڕتووکەکە لە ڕاستیدا جگە لەو دوو وشەیە شتی تریشی تێدایە! بەڕێزان کە ئەوەندە توانای وێناکردنتان بەهێز بێ و بتوانن لەبەر ناونیشانێکی هەڵە پەڕتووکێکتان لا بێواتا ببێ، وا بزانم دەتوانن ئەو توانایە بۆ پێچەوانەکەشی بە کار بهێنن و هەر کاتێک ئەو وشەیەتان دی کە پێتان وایە هەڵەیە، لە چاوی خۆتاندا بیکەن بەوەی لای خۆتان «ڕاست»ە. هەندێ لە ناونیشانە پێشنیازکراوەکان، کە زۆربەی هەرە زۆریان هەڵە نین، ئەمانەن: «یۆلیسیس، ئۆلیکسیس، یوولیسیس، ئوولیسیس، ئوولیسێس، یولیکسیس، ئۆلیز، ئۆلیسێز، ئوولیسێز، یولیسێز، یولیکسێس، یولیکسێز، ئولیکسێز، ئولیکسیز، یولیکسیز، یولیسیەس، ئولیسیەس، ئوولیس، ئوولێس، یوولیس، یوولیسێز» و دەیانی تریش.

بە ڕاستی دەبێ ئێمە قۆناغی نالییە یان ناڵییە و نیچەیە یان نیتچەیە و شۆپانە یان چۆپینە تێبپەڕێنین. نالی گوتەنی: «هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا» و لە ڕووکەشدا زۆر نامێنێتەوە. خوێندنەوەی جیاواز تەنها بەرگێکی جیاوازە بۆ کرۆکێک، کرۆکەکە (واتا و چەمک)ە، گرنگ ئەوەیە چەمکەکە بگەیەنێ. خەییام وتەنی: «هەرکەس بە ڕەنگێ لە من تێئەگا، منیش هەر ئەوەم کە خۆم ئەیزانم[2]» ئێمەش چۆن وشە بخوێنینەوە، چەمکەکە هەر ئەوەیە کە هەیە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوەش، ئەگەر لەسەر دوو وشە، بەرهەمی چوار ساڵی من، کە بە دیاری پێتم داوە، ڕەت دەکەیتەوە و تەنانەت دژایەتیشی دەکەی، ئەوا من داوای لێبوردنت لێ دەکەم و تۆ لە من گەورەتر بە و من ببوورە و بە هیوام ئیتر کۆتایی بەم مشتومڕە بێبەرە بێ و ئەو بەڕێزانەی لە لاپەڕەی یەکەمیشدا چەقیون: یان شیفت و دیلیتێک بکە و پی دی ئێفەکە لای خۆت بسڕەرەوە کە بە دیاری بۆت هاتووە، یان دەست پێ بکە و کەمێک چاوپۆشی لە هەندێ جیاوازیی گۆکردن بکە، دواجار زمانی کوردی هەمووی لە تۆدا پەنگی نەخواردووەتەوە، کوردی تری شوێنانی تریش هەن، کە خوێندنەوە و تێگەیشتنیان لەوەی تۆ جیاوازە.

بەڵام بوەستن: ئەرێ بە ڕاست، نووسیم و وتم: «شیفت و دیلیت»، شیفت و دیلیتە یان شەفت و دیلیتە؟ یان شیفت و دیلێتە؟ نەخێر… خۆی دەبوو شێفت و دیڵیت بووایە… بۆیە ئەوە من لای خۆم نەمسڕییەوە!

سوپاس بۆ خوێندنەوەت، سوپاس بۆ گوێگرتنت.

هیوام تەندروستییەکی باش و دەروونێکی ئاسوودەی خۆت و ئازیزانتە.

کاتێکی خۆش بۆ ئێوە.


[1] لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسراوە و بە دەنگیش تۆمارم کردووە و بڵاوم کردووەتەوە.

[2] وەرگێڕانی شێخ سەلام، فارسییەکە دەڵێ: «هر طایفه‌ای به من گمانی دارد، من زانِ خودم، چُنان‌که هستم هستم». بڕوانە چوارینەکانی خەییام، وەرگێڕراوی شێخ سەلام، بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە، ١٣٩٣ی هەتاوی (وا بزانم ٢٠١٥ی زاینی دەکا). ~ن.م.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button