u

٣. پرۆتێفس

ئەڵقەی سێیەم: پرۆتێفس

شوێن: گوێئاوی ساندیماونت – دەبلن

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١١ی بەیانی

بەشی زۆری ئەم ئەڵقەیە لە شەپۆلی هۆشی ستیفن پێکهاتووە، واتە گێڕانەوە دەچێتە ناو مێشکی ستیفنەوە و بیرەکانی دەردەخات. مەڵیگن لە کۆتایی ئەڵقەی یەکەمدا داینا کاتژمێر دوانزە و نیو لە مەیخانەی ذە شیپ لەگەڵ ستیفن یەک ببینن و ستیفن پارەی خواردنەوەیان بۆ بدات، بۆیە لەم ئەڵقەیەدا ستیفن بە پێ دەگەڕێت تا کات بە ڕێ بکات و بە دەم گەڕانەوە بیر دەکاتەوە.

سەرەتا ستیفن بیر لە تیۆریی ڕەنگ و بینین لای ئەریستۆتالیس دەکاتەوە و بە تێڕوانینی یاکۆب بۆهمە و جۆرج بێرکەلی بەراوردی دەکات. پاشان هەوڵ دەدات بە چاونووقاوی بە گوێئاوەکەی ساندیماونتدا بڕوات. ساندیماونت ناوچەیەکی پاڵشاری دەبلنە. دوو خانم دەبینێت بۆ لای گوێئاوەکە دادەبەزن، یەکێکیان مامانی خوشکێکی ستیفن بووە و ستیفنیش لەوەوە بیر لە مناڵبوون و ئافراندن و ئادەم و حەوا و هاتنی خۆی بۆ دونیا دەکاتەوە.

ماڵی خاڵی ستیفن، کە خاڵی ناوی ڕیچی گولدینگە، هەر لە ناوچەی ساندیماونتە و ستیفن لێوەی نزیکە، بیر دەکاتەوە ئایا سەرێک لە ماڵی خاڵی بدات یان نا، ئەم سەردانە لە خەیاڵی خۆیدا وێنا دەکات، وێنای ناو ماڵی خاڵی و قسەکانی خاڵی دەکات. خاڵی ستیفن هەوادارێکی سەرسەختی ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ Il Trovatore)ی جیوزێپپێ ڤێردییە، بە تایبەتی یەکەم هەوای ئۆپێراکە کە ناوی ئاللێرتایە، ستیفنیش هەر بە دەم ڕێوە ئاوازی ئەم هەوایە بە فیکە دەردەکاتەوە. دەیان شتی جۆراوجۆری مێژوویی و دینی دێنە خەیاڵی ستیفن، پاشان بیر لە ژیانی ڕابردووی خۆی دەکاتەوە کە لە پاریس چەند بێپارە بووە و خەریکی خوێندنەوەی پەڕتووک بووە. بیر لەوە دەکاتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستوویەتی پەڕتووکانێک بنووسێت و تەنها پیتێک ناونیشانیان بن و بیاننێرێت بۆ گەورەترین پەڕتووکخانەکانی جیهان. دواجار بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەندە ڕۆ چووەتە بیرکردنەوەوە کە ماڵی خاڵی تێپەڕاندووە و سەردانیان ناکات.

ستیفن دەکەوێتەوە ڕێ و بیرکردنەوەی تر لە پاریس کە ئەو کاتە پیاوێکی لەوێ دیوە بە ناوی کێڤن ئیگنەوە و کوڕێکی هەبووە ناوی پاتریک بووە. کێڤن ئیگن پێشتر خەباتگێڕێکی ئایری بووە و ئەو کاتەی ستیفن لە پاریس دیویەتی لە چاپخانەدا کاری کردووە. کێڤن ئیگن ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەردەمی خەباتگێڕیدا لەسەر ئەوەی گوایە دەستی لە ڕزگارکردنی چەند هاوخەباتێکی خۆیدا هەبووە لە بەندیخانە، خۆی دەستبەسەر کراوە. ئینجا هاوخەباتەکانی هەوڵیان داوە لە بەندیخانە ڕزگاری بکەن بەوەی بەرمیلێک بارووتیان لە ژێرزەمینی بەندیخانەکەدا تەقاندووەتەوە، بەڵام هەوڵەکەیان سەری نەگرتووە.

پاشان ستیفن سەرلەنوێ بیر لە ڕادەی هەژاریی خۆی دەکاتەوە لە پاریس کە ئەگەر دایکی لە ئایرلاندەوە پارەی بۆ ڕەوانە نەکردایە لە برسدا دەمرد؛ بیر لە ڕووداوێک دەکاتەوە کە دەرگاوانێک دەرگای پۆستەخانەکەی بەسەریدا داخستووە و پارە ڕەوانەکراوەکەی دایکیی لەو ڕۆژەدا وەرنەگرتووە. پاشان بیر لە نادادیی پاریس دەکاتەوە کە ناچار بووە بلیتی شوێنان هەڵبگرێت تا ببێت بە بەڵگەی ئەوەی لە شوێنی تاوان نەبووە، نەکا ڕۆژێک تۆمەتێکی بخەنە پاڵ و تاوانێکی بە سەردا ساغ بکەنەوە کە ئەم دەستی تێیدا نەبووە! ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ئایرلاند بۆ ئەوەی پارە نەدات بە بارهەڵگری لەنگەرگاکە، کە کرێکەی سێ پنس بووە، وا خۆی پیشان داوە کە فەڕەنسییە و زمانی ئینگلی و ئایری تێناگات. بیر لەو بروسکەیە دەکاتەوە کە باوکی بۆی ناردووە تا بگەڕێتەوە ئایرلاند، چونکە دایکی لە سەرەمەرگدا بووە، هەر بەو هۆیەشەوە بووە کە پاریس و خوێندنی پزیشکیی بە جێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە دەبلن.

ستیفن هەر بەردەوام بە ڕێوەیە، دەکەوێتەوە بیری پاریس و کێڤن ئیگن و یەکبینینەکەیان و بیر لەو و لە بارووت دەکاتەوە. لەوێشەوە بیر لە مێژووی ئایرلاند و خەباتە جۆراوجۆرەکانی دەکاتەوە. لە دوورەوە سەگێک دەبینێت. بەردەوام بیر لە ڕۆژگارێکی ڕابردووی ئایرلاند و دواتر لە ئاو و ئەو پیاوە دەکاتەوە کە نۆ ڕۆژە خنکاوە و لە ئەڵقەی یەکەمەوە چەند کەسێک خۆیان بۆ ئامادە کردبوو ئەمڕۆ لاشەکەی دەربکەوێت.

ژن و پیاوێک لە دوورەوە دەبینێت، وا دیارە قەرەجن و ڕاوی قاقلەی کەنار ئاوەکان دەکەن، دەردەکەوێت سەگەکەش هی ئەوانە و ناوی تاتەرزە. تاتەرز کەلاکی سەگێکی دیوە و لێوەی نزیک بووەتەوە و بە دەوریدا دێت و دەچێت، بەڵام خاوەنەکەی تاتەرز بە هاوار بانگی دەکاتەوە و کە دەگەڕێتەوە لای شەقێکی تێ هەڵدەدات. ستیفن دەکەوێتە بیرکردنەوە لە ژیانی قەرەج و زمانی تایبەتی قسەکردن و گۆرانی و هۆنراوەکانیان. پاشان بیر لە هۆنراوەیەک دەکاتەوە کە خۆی دەیەوێت بینووسێت. دادەنیشێت و تێبینییەک لەسەر بەردێک دەنووسێتەوە و پەڕەی نامەکەی میستەر دیسیش دەردەهێنێت و سووچێکی لێ دەدڕێنێت تا مسۆدەی هۆنراوەکەی خۆیی لەسەر بنووسێت. دیسان دەکەوێتەوە بیری جۆراوجۆر. پاشان سەرنجی ئاوی کەنداوەکە دەدات کە گیا و ڕووەک لە ژێریدا بە سستی دەجووڵێنەوە و بیری بە لای شتی جۆراوجۆردا دەڕواتەوە، تا بیر لە گۆڕانکاری دەکاتەوە، کە هەموو شتێک بەردەوام لە گۆڕاندایە.

دواتر لەسەر بەردەکە هەڵدەستێت و کەشتییەک لە دوورەوە دەبینێت.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button