
ئەڵقەی دووەم: نێستۆر
شوێن: قوتابخانەیەکی تایبەتی کوڕان لە دالکی – دەبلن
کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی
ستیفن لە قوتابخانە وانەی کلاسیک بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە، وانەکە لە بارەی پیرۆس (٣١٨-٢٨٢پ.ز.) و جەنگەکانییەوەیە، لە قوتابییەک دەپرسێتەوە کە ئەو نازانێت پیرۆس تەنانەت چییە، نەک کێیە، پێی وایە پیرۆس لەنگەرگایە! قوتابییەکانی تر پێی پێدەکەنن. ستیفن لەم پێوابوونەی قوتابییەکەیەوە خەیاڵی دەڕوات بۆ سەرمەستیی ئەمشەوی مەڵیگن و هاینس، پێی وایە مەڵیگن گاڵتەبازێکە لە دەرباری سەروەرەکەیدا، کە هاینسە و هاوکات دەوڵەتی ئیمپریالیی بەریتانیایە. لەوێوە دەچێتەوە ناو مێژوو و بیر لە تیۆرییەکی ئەریستۆ دەکاتەوە لە بارەی شیان و بەئامانجگەیشتنەوە. لە پەڕتووکی خوێندنەکەدا دەچنە سەر هۆنراوەیەکی جۆن میڵتن، کە ستیفن بێئاگایانە و بێباکانە لێیان دەپرسێتەوە. قوتابییەک هۆنراوەکەی میڵتن ئەزبەر دەڵێتەوە، دەچێتەوە سەر وردەکاریی تیۆریی شیان و بەئامانجگەیشتنی ئەریستۆ، پاشان ئەو سەردەمەی بیر دێتەوە کە خۆی لە پاریس ژیاوە. دواتر ستیفن مەتەڵێک لە قوتابییەکانی دەپرسێت، کەس وەڵامەکەی نازانێت.
کاتی وانە تەواو دەبێت، قوتابییەکان یاریی هۆکییان هەیە، کە یارییەکی ئینگلییە و ئایری نییە، یارییە ئایرییەکە پێی دەڵێن هەرلینگ، بەڵام قوتابییەکان ئەو یارییە ناکەن. یەکێک لە قوتابییەکان ناڕوات، کوڕێکی ناشرین و لاوازە، ناوی سارجنتە، ئەم قوتابییە لە نووسینەوەی وانەکانیدا دواکەوتووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کە ناوی میستەر دیسییە، پێی وتووە کە بە یارمەتیی مامۆستا ستیفن وانەکانی بنووسێتەوە، وا دیارە وانەی بیرکارییە، چونکە لەسەر ناونیشانەکەی نووسراوە «هاوکێشە» کە بە ئینگلی دەبێتە سەم sum، ستیفن ئەم وشەیە بە لاتینی دەخوێنێتەوە کە بە سوم دەخوێنرێتەوە، واتە من. لەوێوە دەچێتەوە سەر بیرکردنەوە لە ژیانی خۆی و دایکی، ئینجا بیر لە دایکی سارجنت و خۆشەویستیی دایک دەکاتەوە. ستیفن یارمەتیی سارجنت دەدات ڕاهێنانەکانی تەواو بکات. هێمای سەر دەفتەرەکەی سارجنت ستیفن دەخاتە بیری ئیبن ڕوشد و موسای کوڕی مەیموون، لەوێشەوە دەچێتە بیری تێڕوانینەکانی جۆردانۆ بروونۆ (١٥٤٨-١٦٠٠). پاشان سارجنت نووسینەوەکەی تەواو دەکات و دەچێتە لای هاوڕێکانی کە یاری دەکەن.
ستیفن کەمێک بە دیار قوتابییەکانەوە دەوەستێت کە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە خەریکن دەست بە یاری دەکەن، ئەوان هەرایەکی زۆریان ناوەتەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە هەوڵ دەدات ڕێکیان بخات، داوا لە ستیفن دەکات لە نووسینگەکەی چاوەڕێی بکات.
ستیفن لە نووسینگەکەی میستەر دیسیدا بە تەنیا چاوەڕێ دەکات، پاشان میستەر دیسی دێت و سەرەتا مووچەکەی ستیفن دەدات، کەچی ستیفن هەر بێ ژماردن و بێباکانە هەموو پارەکە دەخاتە گیرفانیەوە، ئەم ڕەفتارە بێباکانەیەی ستیفن وا دەکات میستەر دیسی ئامۆژگاریی ستیفن بکات کە کەمێک دەست بە پارەوە بگرێت. پاشان باسی ئەوە دەکات کە شانازیی ئینگلی ئەوەیە کە پێی وایە هەرگیز هیچ پارەیەکی قەرز نەکردووە! بەڵام ستیفن پێی وا بووە کە شانازیی بەریتانی ئەوەیە کە پێی وایە خۆر لەسەر ئیمپراتۆرییەتەکەی هەرگیز ئاوا نابێت. میستەر دیسی پێی وایە ئەم قسانە هەڵەن و بۆی ڕاست دەکاتەوە، بەڵام قسەکانی دیسی خۆی هەڵەن. ئینجا دێنەوە سەر باسی پارە و پاشەکەوتکردن، ستیفن بیر لەو کەسانە دەکاتەوە کە قەرزاریانە. ئینجا دەچنە سەر هەندێک باسی جۆراوجۆری مێژووی ئایرلاند.
میستەر دیسی نامەیەکی هەیە سەبارەت بە نەخۆشیی تەبەق، کە نەخۆشییەکی ئاژەڵانە، دەیەوێت بینووسێت و لەبەرئەوەی دەزانێت کە ستیفن خەڵک لە ڕۆژنامەکان دەناسێت، داوا دەکات یارمەتیی بدات تا بۆی بڵاو بکەنەوە. میستەر دیسی پێی وایە چارەی نەخۆشیی تەبەق کراوە و لە ئایرلاند واگرەی ئاژەڵ بە ڕێوەیە و پێویستە مەڕوماڵات و وڵاخی ئایرلاند لە دەست ئەم نەخۆشییە ڕزگار بکرێن. بۆیە داوا لە ستیفن دەکات کەمێک دابنیشێت تا ئەو نامەکەی دەنووسێت. ستیفن وا دەکات و لەم ماوە بێدەنگەدا سەرنجی ئەو تابلۆیانە دەدات کە بە ژوورەکەدا هەڵواسراون، وێنەی پێشبڕکێی ئەسپسواری هەڵواسراوە، لەوەوە دەکەوێتە بیری سەردەمێک کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە ناوی کرانلی، کە لە ڕۆمانی ڕابردوودا زیاتر دەیناسین، پێکەوە چوون بۆ پێشبڕکێی ئەسپسواری. قوتابییە مناڵەکان کە لە گۆڕەپانەکەوە یاری دەکەن، گۆڵ دەکەن و فیکە لێدەدەن.
میستەر دیسی نووسینی نامەکە تەواو دەکات و دەیداتە دەست ستیفن، ستیفن بە خێرایی دەیخوێنێتەوە. هەرگیز نازانین هەموو ئەوەی لەم نامەیەدا نووسراوە چییە، بەڵکو تەنها لە ڕێی وشەی پچڕپچڕەوە دەزانین نامەکە لە بارەی چییەوەیە. میستەر دیسی باس لەوە دەکات کە جووەکان خەریکە بەریتانیا داگیر دەکەن، پێی وایە ئابووری و ڕۆژنامەگەری لەژێر ڕکێفی جووەکاندایە و دەیەوێت دژایەتییان بکات. ستیفن گفتوگۆیەکی نابەدڵانەی کورتی لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر دەکەوێتە یادی بۆرسەی پاریس و شێوەی پارەپەیداکردنی بۆرسەچییەکانەوە. دواجار ستیفن لەسەر مێژوو یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین وتەکانی ڕۆمانەکە دەڵێت، کە دەڵێت: «مێژوو مۆتەکەیەکە کە دەمەوێت لێی ڕابم». میستەر دیسی لەمەوە دێتە سەر باسی خودا و ئامانج لە دونیا. ئینجا باس لە دین و مێژووی ئایرلاند و گریک دەکات، ئۆباڵی خراپەکارییەکان دەخاتە ئەستۆی ژن. دواتریش میستەر دیسی دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە پێی وایە ستیفن زۆر لە قوتابخانەکە نامێنێتەوە، چونکە ستیفن بۆ ئەوە دروست نەبووە ببێت بە مامۆستا.
ستیفن نامەکەی میستەر دیسی وەردەگرێت و لە خزمەتی مەرەخەس دەبێت، خەریکە دەگاتە دەرەوەی قوتابخانەکە، میستەر دیسی بە ڕاکردن بە دوایدا دێت و پێی دەڵێت کە ئایرلاند شانازیی ئەوەی بەردەکەوێت کە هەرگیز جووەکانی نەچەوساندووەتەوە، چونکە ئایرلاند هەرگیز ڕێی نەداوە جوو بێتە وڵاتەکەیانەوە! کە ئەم قسەیەشی هەر هەڵەیە.