
ئەڵقەی پێنجەم: لۆتوسخۆران
شوێن: بلووم لە ماڵی خۆیانەوە لە شەقامی ئێکلس بەرەو لەنگەرگای سێر جۆن ڕۆجەرسن دەڕوات کە لای بەری باشووری ڕووباری لیفیی ناوەڕاستی شاری دەبلنە، بەرەو پۆستەخانەکەی شەقامی وێستلاند ڕۆو دەسووڕێتەوە، پاشان بەرەو گەرماوەکەی شەقامی لەینستەر دەگەڕێتەوە – دەبلن
کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی
میستەر بلووم بە لای لەنگەرگای سێر جۆن ڕۆجەرسندا تێدەپەڕێت کە لەوێ کار ھەیە و شتان بار دەکرێن. لەسەر ڕێکەی کوڕ و کچێکی منداڵی ھەژار دەبینێت، کوڕەکە جگەرە دەکێشێت. پاشان بە لای دوکانی گۆڕھەڵکەنێکدا دەڕوات. لەبەر پەنجەرەی دوکانێکی چادا دەوەستێت و بیر دەکاتەوە چا بکڕێت. دەیەوێت بە دزییەوە سەردانی پۆستەخانە بکات، تا بزانێت لە مەرسا کلیفردەوە نامەی بۆ ھاتووە یان نا. پێشتر بلووم لە ڕۆژنامەیەکدا ڕیکلامی کردووە کە «پێویستمان بە خانمێکی تایپێستی زیرەک ھەیە بۆ ھاوکاریکردنی پیاوێک لە کاری وێژەوانیدا» و چل و چوار خانم پەیوەندییان کردووە کە ئەم کارە وەربگرن، مەرسا یەکێکە لەوان و بلوومیش ئەم پەیوەندییەی تا ڕادەیەک خراپ بە کار ھێناوە، ئەگەرچی ھێشتا یەکتریشیان نەدیوە و لەوە ناچێت بلووم حەز بکات یەکتر ببینن. بلووم ناوی خوازراوی «ھێنری فلاوەر» بۆ ئەم پەیوەندییە بە کار دەھێنێت، واتە مەرسا وا دەزانێت بلووم ناوی ھێنرییە. لە ڕامان لە پەنجەرەی دوکانی چاکەوە بیر لە کێڵگەی چا دەکاتەوە لە سیلان و ڕۆژھەڵات کە چۆن لە ساڵێکدا شەش مانگ دەنوون. لەوێوە بیر لە گەرمی و لە دەریای مردوو دەکاتەوە و دواتر بە ناڕوونی بیر لە دەستووری ئەرخەمیدس دەکاتەوە.
بلووم ڕۆژنامەیەکی فریمانس جۆرنەڵی ئەو ڕۆژەی پێیە کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی دەبلن بووە و بلووم خۆی لەوێ کار دەکات و نوێنەری ڕیکلامسازیی ئەو ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. دواجار دەگاتە پۆستەخانەکە و کارتی ھێنری فلاوەر ڕادەست دەکات، نامەیەکی لە مەرساوە بۆ ھاتووە و دەیدرێتێ. ئینجا خۆی بە تەماشاکردنی پۆستەرێکەوە دەخڵافێنێت، کە وێنەی سەربازانی سوپای تێدایە، لەوەوە بیر لە خەزووری دەکاتەوە کە لە سوپادا بووە و ئینجا بیر لە ھەندێک ڕووداوی پەیوەندیدار بە سوپا و دەبلن و شا ئێدواردی حەوتەمی بەریتانیا دەکاتەوە کە ماسۆنییە و ھەرگیز جلی ئاگرکوژێنەرەوە و پۆلیسی نەپۆشیوە.
بلووم دەکەوێتەوە ڕێ و لە گیرفانیدا نامەکە دەکاتەوە، شتێکی بە دەرزی پێوە کراوە، وا دەزانێت فۆتۆیە. بەڵام ناسیاوێک دەبینێت بە ناوی مەکۆی، مەکۆی کارگێڕی وێستگەی شەمەندەفەرە و لەگەڵ لاشەدۆزی شاردا کار دەکات و یارمەتیی دەدات، ژنەکەیشی ھەر وەک ژنەکەی میستەر بلووم گۆرانیبێژە، بەڵام بلووم زۆر ڕای لێی نییە و پێی وایە لە ئاستی خاتوو ماریۆن بلووم (مۆڵی)دا نییە. بلووم حەز بەم بینینەی مەکۆی ناکات و دەیەوێت خۆی لێ بدزێتەوە، بەڵام ناتوانێت و مەکۆی دەیگرێت و سڵاوی لێ دەکات و گفتوگۆیەکی ئاسایی ڕوو دەدات و کە سەرنجی جلی پرسەکەی بەری بلووم دەدات دەپرسێت کێ مردووە؟ بلوومیش پێی دەڵێت کە پاتریک دیگنەم مردووە و کاتژمێر ١١ پرسەکەیەتی، کە دەکاتە نزیکەی سەعاتێکی تر. ئینجا مەکۆی دەکەوێتە باسی ئەوەی کە چۆن ھەواڵەکەی زانیوە و پێی ناخۆش بووە. لەم کاتەدا بلووم لەوبەر خۆیانەوە، کە میوانخانەیەکی لێیە، ژن و پیاوێک دەبینێت کە ژنەکە تا ڕادەیەک کەشخە و دەوڵەمەند دیارە، سواری عەرەبانەیەک دەبێت. بلووم خەیاڵی سەرجێیی لەگەڵ ئەم خانمەدا دەکات و مەکۆیش ھەر قسەی بۆ دەکات، بەڵام ترامێکی ناوشار دێتە نێوانیانەوە و بەری دیمەنەکەی لێ دەگرێت و عەرەبانەکەی خانمەکە دەڕوات، بلووم خوازیارە بە لایاندا بڕوات و جارێکی تر خانمەکە ببینێتەوە. لەم کاتەدا خۆی بە ڕۆژنامەکەیەوە سەرقاڵ دەکات و ڕیکلامێکی تێدا دەبینێت. مەکۆی دەیەوێت داوای باوڵێک لە بلووم بکات، کە وا دیارە ئەمە کاری یەکەم جاری نییە کە داوای باوڵ لە خەڵکان دەکات و نایانداتەوە، بلووم یەکسەر باس لەوە دەکات کە خاتوو بلووم کۆنسێرتێکی ھەیە و خۆیان پێویستیان بە باوڵەکەیانە. بە کورتی بلووم باسێکی گەشتە کۆنسێرتەکەی خاتوو ماریۆنی ژنی دەکات. مەکۆی دەیبڕێتەوە و داوا دەکات کە ئەگەر بلووم چوو بۆ پرسەکە، لە لیستی ئامادەبووانی پرسەکەدا ناوی مەکۆی بنووسێت، چونکە خۆی بۆی ناکرێت بچێت بۆ پرسەکە، گوایە لەبەر ئەوەیە کە ئەنگاوتەیەکی خنکان ھەیە کە دەبێت لەگەڵ لاشەدۆزەکەدا بچن بە دەنگیەوە. بەھەرحاڵ، بلووم بەڵێنی پێ دەدات کە وا دەکات و مەکۆی دەڕوات.
بلووم دڵنیا نییە لەوەی مەکۆی ڕۆیشتووە و پێی وایە بۆ سیخوڕی دەورەی داوە، بە دزییەوە خۆی دوا دەخات و ھەندێک ڕیکلامی سەر شەقامەکە دەخوێنێتەوە کە ڕیکلام بۆ نمایشێکی شانۆیی دەکات و لەوەوە بیر لە ھەندێک ئەکتەر و شانۆگەری دەکاتەوە، ھەروەھا بیر لە باوکی و ھاملێت و بە تایبەتی دیمەنێکی شانۆگەرییەک دەکاتەوە، کە باوکی وتەکانی ئەو شانۆنامەیەی لە بەر بووە. ئینجا تەماشا دەکات و ئەرخەیان دەبێت کە مەکۆی ڕۆیشتووە. بە دوای پەناگایەکدا دەگەڕێت تا نامەکەی لێ بخوێنێتەوە. بە لای ھەندێک ئەسپدا دەڕوات و بە دەم خۆیەوە گۆرانیی ئۆپێرایەکی مۆتسارت دەبێژێت، کە ھەوای «لا چی دارێم لا مانۆ»یە، دەچێتە شەقامی کەمبەرلاند و تەماشایەکی چواردەوری خۆی دەکات و نامەکەی مەرسا دەخوێنێتەوە. مەرسا باس لەوە دەکات کە بۆ بینینی ھێنری (بلووم) زۆر پەرۆشە و زمانی نامەکە لە ڕووکەشدا ئاساییە، بەڵام واتای ناڕاستەوخۆی ھەیە کە ئاماژەی سەرجێییان تێدایە، یان ھیچ نەبێت بلووم وا دەیخوێنێتەوە. ئینجا بلووم بیر لە سەرجێیی دەکاتەوە لەگەڵیدا و نامەکە دەخاتەوە گیرفانی. بیر لە ئەگەری یەکبینین دەکاتەوە، بەڵام وا دیارە بلووم نایەوێت بیبینێت. بۆی دەردەکەوێت ئەوەی وای زانی فۆتۆتە و بە دەرزی نراوە بە نامەکەوە، گوڵ بووە، نەک فۆتۆ. دەرزییەکەی فڕێ دەدات و بیر لە پەیوەندیی نێوان خانمان و دەرزی دەکاتەوە کە ژنان دەرزییان زۆرە. لە ناوی مەرساشەوە بیرێکی کورت لە مەرسای نێو ئینجیل دەکاتەوە کە مەرسا و مریەم دوو خوشکی لەعازر بوون و ھاوڕێی عیسا بوون و عیسا سەردانی کردوون. پاشان زەرفی نامەکە دەدڕێنێت و پارچەکانی بەسەر شەقامەکەدا بڵاو دەکاتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر ئەوە چەکێکی بانک بووایە ئاوھا بە ئاسانی دەیدڕاند؟ ئینجا بیر لە لۆردی خاوەنی بیرەخانەی گینیس دەکاتەوە کە چەکێکی حەوت ژمارەیی گۆڕیوەتەوە و بیر لە قازانجی بیرە دەکاتەوە.
بلووم بە دەم ڕێوە دەگاتە کڵێسایەکی کاسۆلیکی بە ناوی ئۆڵ ھالۆس و تەماشای ئاگادارینامەکەی بەردەرگاکەی دەکات و لەوەوە بیر لە ھەندێک کاری مژدەبەری بۆ وڵاتی چین و لەوەشەوە بیر لە بودیزم و بودا دەکاتەوە و بەراوردێکی کورتی نێوان بودا و عیسا دەکات. بۆنەی ماس لە کڵێساکەدا دەگێڕرێت و ئەمیش بەشداریی تێدا دەکات و تەماشای چواردەوری خۆی دەکات. لەم سەرنجانەی بلوومەوە تێدەگەین کە بلووم زۆر لە دینی کاسۆلیک نازانێت و زۆر بە سرووتەکانیان ئاشنا نییە. ئینجا سەرنج لە نزا لاتینییەکانی قەشەکە دەدات و ھەوڵ دەدات لێیان تێبگات. نانەڕەقەکەی ماسی کاسۆلیک بە نانی فەتیرەی جووەکان بەراورد دەکات و بە ھەڵە وا بیر دەکاتەوە کە خەڵکان لە ماسی کاسۆلیکدا شەراب دەخۆنەوە و بە سەرخۆشی دێنە دەرەوە، کە ئەمە ڕاست نییە. سەرنج لە زۆربەی کارەکانی قەشە و باوەڕدارەکان دەدات و بۆ ئەو پرسیارن کە داخۆ ئاماژەکانیان چین و لە چی دەچن؟ پرسیاری جۆراوجۆری تریش لە مێشکیدا دەورووژێن.
بۆ ساتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە لەوانەشە ئێستا مەرسا لەو پەرستگایە بێت. دیسان بیر لە شەراب و پەیوەندییەکەی بە پەیداکردنی پارە و باوەڕەوە دەکاتەوە. سەرنجی ئەوەش دەدات کە بە داخەوە کڵێساکە ھیچ موزیکێک پێشکەش ناکات و لەمەشەوە بیر لە چەند ژەنیارێکی بەناوبانگی دەبلن دەکاتەوە و نمایشێکی مۆڵیی ژنیشی بە بیر دێتەوە کە زۆر نایاب کارێکی موزیکیی جاکینۆ ڕۆسینی (١٧٩٢-١٨٦٨)ی بێژاوە بە ناونیشانی ستابات ماتێر. ئاوھاش بیر لە ھەندێک لە موزیکە نایابەکان و دواتر کاری ڕەبەنگاکانیش دەکاتەوە کە خەساویان لە کۆڕەکانیاندا ڕاگرتووە: واتە منداڵیان بە منداڵی خەساندووە تا کە گەورە بوون دەنگیان گڕ نەبێت و ھەر ئەو ئەدگارە منداڵییانە لە دەنگیاندا بمێنێت، بۆ ئەوەی لە کۆڕی سروودە دینییەکاندا بتوانن شوێنی خانمان بگرنەوە. پاشان قەشەکە دوایین نزاکان دەکات و بلوومیش بیر لە تۆکمەیی ڕێکخراوەیی دینی کاسۆلیک دەکاتەوە، ئینجا قەشەکە دەڕوات و سرووتەکە تەواو دەبێت.
بلووم لە کڵێسا دەردەچێت و بەرەو دوکانێکی دەرمانساز دەچێت، لەوێ چاو بە ھەندێک لە شووشەواتەکاندا دەگیڕێت و بیر لە داو و دەرمان دەکاتەوە، پاشان داوای کرێمێک لە دەرمانسازەکە دەکات، کە نزیکەی دوو حەفتە لەوەوبەر بۆ مۆڵیی ژنی داوە بە کرد، ئێستا دانەیەکی نوێی لێ دەوێت و دەرمانسازەکەش پێی دەڵێت دوایی بۆی بێتەوە، ئینجا بلووم پێش دەرچوونی داوای سابوونێکی لیمۆ دەکات و ھەڵیدەگرێت و لە دوکانەکە دەردەچێت.
لەسەر شەقامەکە کەسێک دەبینێت بە ناوی بانتەم لایەنس و گفتوگۆیەکی کورت لە نێوانیاندا ڕوو دەدات، لایەنس ڕۆژنامەکە لە بلووم وەردەگرێت و بە دوای ھەواڵی جامی زێڕینی ئەسپسوارییەکەی ئەو ڕۆژەدا دەگەڕێت، چونکە بانتەم لایەنس دەیەوێت گرەو لەسەر ئەسپێک بکات تا پارە بباتەوە، واتە قومار دەکات. لێرەدا بلووم قسەیەک دەکات کە دواتر زۆر لەسەری دەکەوێت: دەیەوێت بانتەم لایەنس بەوە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە کە ڕۆژنامەکەی بداتێ و دەڵێت: «دەتوانیت بیبەیت بۆ خۆت» و «خۆم خەریک بوو فڕێی بدەم»، بەڵام ئاماژەی ناڕاستەوخۆی ئەم ڕستەیە، کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەیدا زۆر ڕوون دەرناچێت و بلوومیش ھیچ مەبەستێکی ناڕاستەوخۆی لەم قسەیە نییە، دواتر خراپ لێک دەدرێتەوە. ھۆکەش ئەوەیە کە لە نێو ئەو جامە زێڕینەدا ئەسپێک ھەیە بە ناوی «ثرۆئەوەی» کە بە ئینگلی بە واتای «فڕێ بدە» یان «فڕێدەر» دێت و ھەر ئەو ئەسپەشە کە دواتر دەبێتە براوەی جامە زێڕینەکە. بانتەم لایەنس وا ئەو قسەیەی بلووم وەردەگرێت کە بلووم ناڕاستەوخۆ مەبەستی ئەوەیە: «گرەو لەسەر ثرۆئەوەی بکە»، بەڵام نایەوێت ڕاستەوخۆ پێی بڵێت، چونکە بلووم لە ڕۆژنامەیەکدا کار دەکات و دەتوانێت زانیاریی نھێنی لەسەر ئەسپەکان بزانێت، بۆیە نابێت وەھا ڕاستەوخۆ سووسە بداتە خەڵکان کە گرەو لەسەر چ ئەسپێک بکەن و نەکەن. ھەرچۆنێک بێت، بانتەم لایەنس سوپاسی دەکات و ڕۆژنامەکەی بۆ بە جێ دەھێڵێت و دەڕوات. بەڵام بلووم بە ھیچ شێوەیەک نازانێت کە ئەم قسە ئاساییەی کردی دواتر لە ئەڵقەی دوانزەیەمدا چ باجێکی دەبێت.
پاشان بلووم بیر لە گرەوی سەر یاری دەکاتەوە و دەگاتە شەقامی لەینستەر کە گەرماوێکی تورکی لەوێ ھەیە. لەوێدا پۆستەری بۆنەیەکی وەرزشیی پاسکیلسواری دەبینێت کە دوانیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لە زانکۆ ساز دەدرێت، بلووم بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕیکلامە زۆر خراپە و دەکرا باشتر کرابا. لەوێوە پیاوێک دەبینێت کە بە «کەڕەناژەن» بیری لێ دەکاتەوە، سڵاوێکی لێ دەکات و ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کەشوھەوا زۆر خۆش و بەھەشتییە و ماڵی ئەوەیە لەم کەشوھەوایەدا یاریی کریکێت بکەیت. بە کورتی بیر لە کریکێت و یەک دوو ڕووداوی ئەم یارییە دەکاتەوە. لە کۆتاییدا دەگاتە گەرماوەکە و خۆی دەشوات.