u

بەرگی یەکەمی تەواوکراوی ئولیس

بەرگی یەکەمی تەواوکراوی ئولیس بڵاو کرایەوە

کاتژمێر ٩ی ئەمڕۆ، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ هەر لەم ماڵپەڕە (www.nawa.net) و بە دیاری و خۆڕایی و بێبەرانبەر بەرگی یەکەمی تەواوکراوی ئولیسم لە دووتوێی پەڕتووکێکی پی دی ئێفی ٦٥٧ لاپەڕەییدا بە زمانی شیرینی کوردی بڵاو کردەوە. لێرەدا کلیک بکە بۆ دابەزاندنی ئەم پی دی ئێفە. ئەم چاپەم ناو ناوە «بەرگی یەکەمی تەواوکراو» چونکە پێش ئەمە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا چاپێکی ترم بڵاو کردەوە بە ناوی «بەرگی یەکەمی تەواونەکراو»ەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی پێشوودا ئەم چاپە هەندێ جیاوازیی هەیە، کە ئەمانەن:

  • لەم چاپەدا ئەڵقەی شەشەم و ڕاڤەکانی تێدایە، کە لەوەی پێشتردا نەبوو.
  • لە پێشەکییەکەی دان گیفرددا بە پەڕاوێز ئاماژەم بە واتای وشەی «پێشداوەری» داوە، ئەمە وای کردووە کات لە ئولیسدا بکەوێتە لاپەڕەی دواتر.
  • لە وتاری ئولیس بە کوردیی خۆمدا نووسیبووم: «لە زمانی کوردیدا ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە»، ئەوە هەڵە بوو و چاکم کردووەتەوە و کردوومە بە «لەو زارە کوردییەی من ڕۆمانەکەم بۆی وەرگێڕاوە ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە…».
  • هەموو «مارس»ێک کرا بە «ئادار» و هەموو «مایس»ێک کرا بە «ئایار» تا دوو ساڵنامەیی نەمێنێ، چونکە ئەگەر مانگی دوو «شوبات» بێ و مانگی شەش «حوزەیران» بێ، هیچ هۆیەک نامێنێ کە مانگی سێ «مارس» بێ و مانگی پێنج «مایس» بێ، چونکە ئەو ناوانە لاتینین، ئەگەر بە ساڵنامە لاتینییەکە بڕۆم، ئەوا دەبێ «تشرینی دووەم» «نۆڤەمبەر» بێ و «کانوونی دووەم» «جانیوەری» بێ و ئاوها تا دوایی.
  • پێشتر ڕاڤەیەکی دوو دێڕیم لەسەر «ئۆسکار وایەڵد» نووسیبوو، ئێستا ئەوەم لابرد و ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم وەرگێڕا و خستمە شوێنی، کە بێگومان شایستەترە، بڕوانە ڕاڤەی وایەڵد لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • پێشتر تەنها ڕستەیەکم لەسەر «ولیەم بەتڵەر یەیتس» نووسیبوو، بەڵام ئێستا ئەوەم لابرد و ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم وەرگێڕا و خستمە شوێنی، کە شایستەترە، بڕوانە ڕاڤەی چیتر بەسە دۆشدامان و پیشخواردنەوە… گالیسکەی مس دەئاژووێ لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • ڕاڤەی خوشکە سەیروسەمەرەکان و ماسییەخوداکانی دوندرەم لە ئەڵقەی یەکەمدا لە یەک جیا کرانەوە و ڕاڤەکەی ڤیڤیەن ئیگۆم بۆ «خوشکە سەیروسەمەرەکان» زیاد کرد. بڕوانە هەردوو ڕاڤەی ناوبراو لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • لە ئەڵقەی یەکەمدا ڕاڤەیەکم لەسەر دەستەواژەی «ئەی هاوار» نووسی کە مەڵیگن ئەو کاتەی خەریکە دەخنکێ، دەریدەبڕێ. بڕوانە ڕاڤەی ناوبراو.
  • لە ئەڵقەی یەکەمدا دوو ڕاڤەم لە بارەی دایکی ستیفنەوە نووسی، یەکێکیان وەرگێڕراوی ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆیە لەسەر دایکی جەیمس جۆیس، بڕوانە ڕاڤەی تۆ دایکتت کوشت لە ئەڵقەی یەکەمدا. ئەوی تریان ڕاڤەی «کەسێک کوشتی»یە، کە وەڵامەکەی ستیفنە، ئەویان وەرگێڕراوی بەشێکی ڕاڤەیەکی درێژتری دکتۆر جۆن هەنتە، بڕوانە ڕاڤەی کەسێک کوشتی لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • لە ئەڵقەی دووەمدا ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم بۆ ڕاڤەی ئۆکانەڵ زیاد کرد، کە زانیاریی زیاتر لەسەر دانیەڵ ئۆکانەڵ دەدا.
  • لە پەرەگرافی دووەمی ئەڵقەی سێیەمدا «گوێچکەماسی» کرا بە «لەپکە» و دواتریش لە ڕاڤەی «پارەی دەریایی کێوی»دا لە لاپەڕە ١٧٦دا دیسان «گوێچکەماسی» کرا بە «لەپکە». لە کۆتایی ڕاڤەکانی ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەیەکم لەسەر ئەمە نووسی، بڕوانە ڕاڤەی گوێماسیلە کە دواهەمین ڕاڤەی ئەڵقەی شەشەمە.
  • دەستەواژەیەکی ئاینی مەسیحیم بە دوو شێوە وەرگێڕابوو، ئەویش «ئافراندن لە نەبوونەوە» بوو، لە ئەڵقەی یەکەمدا بەو شێوەیە وەرمگێڕابوو، بەڵام لە ئەڵقەی سێیەمدا کردبووم بە «ئافراندن لە هیچەوە» کە هەردووکیان هەمان شتن، لە ئێستادا «لە هیچەوە»م نەهێشت و هەردووکیانم کردەوە بە «ئافراندن لە نەبوونەوە»، بڕوانە ڕاڤەی ئافراندن لە نەبوونەوە لە ئەڵقەی یەکەمیش و ئەڵقەی سێیەمیشدا.
  • پێشتر لە ئەڵقەی پێنجەمدا وشەی «تێپەڕنامە»ی تێدا بوو، کە دامنابوو لە ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەی لەسەر بدەم، ئێستا لە ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەی لەسەر دراوە و لە ئەڵقەی پێنجەمیشدا خوێنەر ئاراستەی ڕاڤەکەی ئەڵقەی شەشەم دەکەم.
  • تێبینییەکم لەسەر وشەی «گەندەباوەڕ» نووسی، بڕوانە ڕاڤەی ئەمڕۆ نۆ ڕۆژە لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • لەناو هەندێ ڕاڤەدا ئاماژە بە ڕاڤەیەکی تری جێیەکی تر درابوو، وەک: بڕوانە ڕاڤەی … لە ئەڵقەی سێیەمدا، بە هۆی پێداچوونەوەی زۆرەوە، زۆر جار ناونیشانی ڕاڤەکان گۆڕرابوون، بەڵام ئەو ناونیشانانە لەناو ڕاڤەکانی تردا نەگۆڕرابوون. هەموویان چاک کرانەوە و دەمەزەرد کرانەوە.
  • هەندێ هەڵەی بچووکی ڕێنووس چاک کراونەتەوە، ئەوانیش زۆربەیان دوو وشە بوون و بە یەکەوە نووسابوون و لەمەدا جیا کراونەتەوە.
  • هەندێ کەوانە بە پێچەوانەوە دانرابوون، بە تایبەتی کەوانەکانی تێبینییەکانی خۆم کە بەم شێوەیەن: {}، لەم چاپەدا چاک کران.
  • زیاتر لە نەوەد وشە هەبوون کە بە دوو (ی) نووسرابوون، بەڵام دەبوو بە یەک (ی) بنووسرێن، وەک: «بردییەوە»، کە ئێستا کراوە بە «بردیەوە».
  • کەمتر لە دە وشە پێشتر بە دوو (و) نووسرابوون، لێرەدا کران بە یەک (و). بۆ نموونە «بزووتنەوە» کە هەندێ جار بە یەک (و) نووسرابوو و هەندێ جار بە دوو (و) نووسرابوو، ئێستا هەمووی کران بە یەک (و).
  • چەند دێڕێک زیاترم لەسەر یەکەم ڕاڤەی ئەڵقەی یەکەم نووسی سەبارەت بە ناونیشانی پەڕتووکەکە، بڕوانە ڕاڤەی ئولیس لە ئەڵقەی یەکەمدا.

تکایە ئەگەر ئێوەی بەڕێزیش سەرنج و پێشنیارتان بۆ گۆڕانکاری هەبوو بۆم بنێرن بۆ ئەو ئیمەیلەی لە لاپەڕە (g)ی پەڕتووکە پی دی ئێفەکەدا دامناوە با لە چاپەکانی داهاتوودا چاکیان بکەم.

سوپاس و بمبوورن.

نەوا

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button