نووسەر: newa

  • ئۆپێرا چییە؟

    ئۆپێرا چییە؟

    ئۆپێرا چییە؟1

    ئۆپێرا درامایەکی نووسراوەیە، بە موزیک و گۆرانییەوە پێشکەش دەکرێت. بە دەقەکەی دەوترێت ئۆپێرانامە (لیبرێتتۆ، لیبرێتۆ libretto). موزیک لە ئۆپێرادا کرۆک و چەقی بابەتە و لێی جیا ناکرێتەوە. واتە موزیک لە ئۆپێرادا تەنها پاشکۆ و ڕێکەوت نییە.

    خودی وشەی ئۆپێرا لە ڕیشەدا وشەیەکی ئیتالی و لاتینییە، بە واتای کار دێت. بەڵام بەرەبەرە لە جیهاندا بووەتە زاراوەیەکی موزیکی (زاراوە: وشەی تایبەت، نەک دیالێکت/لەهجە) بە واتای ئەم جۆرە هونەرەی لەسەر بنەمای دەقێکی گێڕانەوەیی دادەنرێت و لەگەڵ تیپێکی موزیک و دەستەیەک گۆرانیبێژدا لەسەر شانۆ پێشکەش دەکرێت.

    بێژان، پەیڤان، وتن

    لە ئۆپێرادا دەستەیەک گۆرانیبێژ بە هاوکاریی تیپێکی موزیک دەقی ئۆپێرانامەکە یان دەبێژن، یان دەپەیڤن، یان دەڵێن. واتە بێژان و پەیڤان2 و وتن سێ جۆری جیاوازی پێشکەشکردنی دەقن.

    بێژان واتە بەشێک لە دەقی ئۆپێرانامەکە وەکو گۆرانییەکی ئاوازدار لەگەڵ موزیکدا دەبێژرێت. ئاوازی گۆرانییەکە دەناسرێتەوە.

    پەیڤان زۆر جار گفتوگۆی نێوان دوو کەسێتیی نێو چیرۆکەکەیە. بەڵام ئەگەرچی وتەکانیان لەسەر تۆنی دیاریکراون، بەڵام ئاوازی ناسراوە و تایبەتیان نییە. بەڵکو لەگەڵ موزیکە هاوشانەکەیاندا لەسەر تۆنێک یان دوو یان سێ تۆن گفتوگۆکەیان دەپەیڤێنن.

    جارجاریش گفتوگۆی ئاسایی شانۆیی لە نێو ئۆپێرادا هەیە. واتە وەک چۆن دوو کەس بە ئاسایی دەدوێن، ئەوانیش ئاوها دەدوێن. زۆربەی جار موزیک لە کاتی گفتوگۆی ئاساییدا دەوەستێت. بۆ نموونە لە دیمەنێکی ئۆپێرای کارمێندا دۆن خۆسێ و ئێسکامیلۆ (دوو کەسێتیی ئۆپێراکەن) وەک دوو کەسی ئاسایی گفتوگۆ دەکەن.

    پەردە و دیمەن

    چیرۆکی ئۆپێرا بە گوێرەی داڕشتنەکەی بەسەر چەند بەشێکدا دابەش دەکرێت. زۆربەی هەرە زۆری جارەکان بەم بەشانە دەڵێین پەردە. وشەکە لەوەوە هاتووە کە لە کۆنەوە لە سەرەتای نمایشی ئەو بەشەدا پەردە هەڵدراوەتەوە، نمایشەکە کراوە، پاشان لە کۆتاییدا پەردە دادراوەتەوە. ئاوها پەردە: ماوەی نێوان هەڵدانەوە و دادانەوەی پەردەیەکە.

    زۆربەی جار لە پەردەکاندا تەواوی دیکۆریش دەگۆڕێت، واتە لە چیرۆکەکەدا شوێن دەگۆڕێت. بۆیە بە ناچاری پێویستە پەردە دابدرێتەوە تا چەند کرێکارێک لە ناوەوە و دوور لە چاوی بینەران دیکۆر بگۆڕن.

    هەر پەردەیەک لە چەند دیمەنێک پێک دێت. بە گوێرەی دەق هەم ژمارەی پەردە دەگۆڕێت، هەم ژمارەی دیمەنەکانیان. ئەمانەش چەند نموونەیەکن:

    ئۆپێرا لە پەردەیەکدا

    واتە یەک جار پەردە هەڵدەدرێتەوە، یان دەکرێتەوە و لە سەرەتاوە تا کۆتایی درێژە دەکێشێت. لەگەڵ کۆتایی پەردەکەدا ئیتر ئۆپێراکەش تەواو دەبێت. زۆر جار ئەم جۆرە ئۆپێرایانە کورتن، بۆیە لە یەک پەردەدا جێیان بووەتەوە. بۆ نموونە ئۆپێرای دافنێ لە دانانی ڕیچارد شتراوس.

    ئۆپێرای دافنێ لە دانانی ڕیچارد شتراوس

    ئۆپێرا لە دوو پەردەدا

    واتە سەرەتا کە پەردە دەکرێتەوە بڕێک موزیک و گۆرانی پێشکەش دەکرێت، لە ناوەڕاستدا پەردە دادەدرێتەوە، دواتر دیسان دەکرێتەوە. دیسان موزیک و گۆرانی بۆ ماوەیەک درێژە دەکێشێت و ئیتر ئەم جارە ئۆپێراکە تەواو دەبێت. بۆ نموونە ئۆپێرای قەرەقۆزەکان لە دانانی ڕوجێرۆ لیونکەڤاللۆ.

    ئۆپێرای قەرەقۆزەکان لە دانانی ڕوجێرۆ لیونکەڤاللۆ

    ئۆپێرا لە سێ پەردەدا

    داڕشتنی سێ پەردەیی بە نزیکی وەکو داڕشتەی چەسپاوی هەم ئۆپێرا و هەم شانۆ دەبینرێت. بە گشتی لە ئۆپێرای وەهادا لە پەردەی یەکەمدا کەسێتییەکان دەناسێنرێن و کێشە سەرەکییەکە دەردەخرێت. لە پەردەی دووەمدا کێشەکان بەرەو ئاڵۆزتر دەچن و پەرە دەستێنن و سەردەکەون تا دەگەنە ترۆپک. لە پەردەی سێیەمدا کێشەکان بەرەو چارە و کۆتایی دەبرێن، یان هەندێک جار نابرێن. بۆ نموونە هەر یەکێک لە دووەم و سێیەم و چوارەم ئۆپێرای زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان (ڤاڵکیرییەکە، زیگفرید، بوولێڵی خوداکان) لە دانانی ڕیچارد ڤاگنەر لە سێ پەردە پێک هاتوون.

    ئۆپێرا لە چوار پەردەدا

    واتە تیایدا چوار جار پەردە هەڵدەدرێتەوە و دادەدرێتەوە. بە گشتی ئەم جۆرە ئۆپێرایانە درێژن. بۆ نموونە ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ.

    ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ

    ئۆپێرا لە پێنج پەردەدا

    واتە تیایدا پێنج جار پەردە هەڵدەدرێتەوە و دادەدرێتەوە. بە گشتی ئەم جۆرە ئۆپێرایانەش درێژن. بۆ نموونە ئۆپێرای دۆن کارلۆس لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی.

    ئۆپێرای دۆن کارلۆس لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی

    پێکهێنەکانی ئۆپێرا

    ئۆپێرا بە گشتی لە چەند ڕەگەزێک پێک دێت. بە گشتی ڕەگەزە پێکهێنەکانی ئۆپێرا ئەمانەن: کرانەوە یان پێشژەن، هەوا، دوانینە، سیانینە، چوارینە، پێنجینە، کۆڕ، نێوژەن.

    کرانەوە و پێشژەن

    دەستپێکی ئۆپێرا هەمیشە بە موزیکێکە. هەندێک جار بەم موزیکی دەستپێکە دەوترێت کرانەوە (ئۆڤەرچوور overture). هەندێک جار بە دەستپێکی ئۆپێرا ناوترێت کرانەوە (ئۆڤەرچوور)، بەڵکو پێی دەوترێت پرێلیود، یان پرێلود. وشەی پرێلود واتە پێش ژەندن، کەواتە دەبێتە پێشژەن. بۆ نموونە ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ بە پرێلود دەست پێ دەکات.

    گەرچی ڕەنگە کرانەوە و پێشژەن بۆ گوێگرێكی ئاسایی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام لە ڕووی داڕشتەی موزیکییەوە جیاوازیی زۆریان هەیە.

    لە موزیکدا داڕشتەیەک هەیە پێی دەوترێت داڕشتەی سۆناتا (فۆڕمی سۆناتا). هەموو کرانەوەیەک مەرجە لەسەر ئەو داڕشتەیە دابنرێت. واتە کاتێک بینیت نووسراوە «کرانەوە» (ئۆڤەرچوور) واتە داڕشتەی ئەو موزیکە لەسەر داڕشتەی سۆناتایە.

    بەڵام هەندێک جار موزیکدانەرەکە نایەوێت خۆی بەو داڕشتەیەوە ببەستێتەوە و حەزی بە سەربەستی هەیە، بۆیە موزیکەکە بە پێشژەن (پرێلود) دادەنێت. پێشژەن خۆی نابەستێتەوە بە داڕشتەیەکی دیاریکراوەوە.

    جیاوازییەکی تری کرانەوە و پێشژەن ئەوەیە کە دەشێت هەر یەکێک لە پەردەکان پێشژەنێکیان هەبێت. بەڵام بە دەگمەن هەر پەردەیەک و کرانەوەی خۆی دەبێت. واتە کرانەوە بە نزیکی هەمیشە تەنها بۆ سەرەتای ئۆپێرایە، واتە پێش پەردەی یەکەم. بۆ موزیکی پێش پەردەی دووەم و سێیەم و چوارەم و ئەمانە پێشژەن بە کار دەبرێت.

    هەوا

    هەوا (ئاریا) پێکهێنێکی هەرە سەرەکیی ئۆپێرایە. هەوا گۆرانییەکی ئاوازدارە، یەکێک لە گۆرانیبێژە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە (یان زیاتر) لەگەڵ تیپە موزیکییەکەدا پێشکەشی دەکات. هەوا زۆربەی جار گۆرانییەکی خۆشە و ئەوپەڕی توانای گۆرانیبێژەکەی تێدا تاقی دەکرێتەوە.

    دەقی هەوا هەندێک جار خۆدوواندنە (مۆنۆلۆگ). بۆ نموونە هەوای ماڵئاوا لە ڕابردوو (ئاددییۆ دێل پاساتۆ addio del passato). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای لا تراڤیاتا-دایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی. یەکێک لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە دەیبێژێت ناوی ڤیۆلێتتا-یە.

    هەوای ماڵئاوا لە ڕابردوو لە دانانی ڤێردی

    دەقی هەوا هەندێک جار گێڕانەوە، یان جاڕدانە، یان هەندێک جار هەردووکیانە. بۆ نموونە هەوای ئاگادار بن (ئاللێرتا All’erta all’erta). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ)دایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی. یەکێک لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە دەیبێژێت ناوی فێراندۆ-یە.

    هەوای ئاگادار بن لە دانانی ڤێردی

    دوانینە و سیانینە و چوارینە و پێنجینە…

    ئەگەر دوو گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت دوانینە (دوێت duet). بۆ نموونە دوانینەی ئەی خانمە ناسکەکە (ئۆ سواڤێ فانچوولا o soave fanciulla). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای بۆهیمییەکە (لا بۆهێم)دایە لە دانانی جاکومۆ پوچینی. دوو کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان ڕۆدۆلفۆ و میمی-یە.

    دوانینەی ئەی خانمە ناسکەکە. سەرەتاکەی بە پەیڤان دەست پێ دەکات.

    ئەگەر سێ گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت سیانینە (تریۆ trio). بۆ نموونە سیانینەی دۆن جیۆڤانی، بۆ شێوخواردن بانگھێشتت کردم و منیش ھاتم (دۆن جیۆڤانی ئا چێنار تێکۆ مینڤیتاستی Don Giovanni! A cenar teco m’invitasti). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای دۆن جیۆڤانیدایە لە دانانی ڤۆلفگانگ ئامادیۆس مۆتسارت. سێ کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان دۆن جیۆڤانی، فەرماندەکە، لیپۆرێللۆ-یە.

    سیانینەی دۆن جیۆڤانی، بۆ شێوخواردن بانگھێشتت کردم و منیش ھاتم لە دانانی مۆتسارت.

    ئەگەر چوار گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت چوارینە (کوارتێت quartet). بۆ نموونە چوارینەی ئەو بەدبەختە پێی وا بوو (کرێدێیاسی میزێرا Credeasi misera). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای پیوریتانەکاندایە (ئی پیوریتانی) لە دانانی ڤینچێنزۆ بێللینی. چوار کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان ئێلڤیرا، ئارتورۆ، ڕیکاردۆ، جۆرجۆ-یە.

    چوارینەی ئەو بەدبەختە پێی وا بوو لە دانانی بێللینی.

    ئەگەر پێنج گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت پێنجینە (کوینتێت quintet). بۆ نموونە پێنجینەی دۆن باسیلیۆ (Don Basilio). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای سەرتاشەکەی سێڤیلادایە لە دانانی جاکینۆ ڕۆسینی. پێنج کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان دۆن باسیلیۆ، کاونتەکە، فیگارۆ، بارتۆلۆ، ڕۆسینا-یە.

    پێنجینەی دۆن باسیلیۆ لە دانانی ڕۆسینی.

    ئەگەر شەش گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت شەشینە (سێکستێت sextet). ئەگەر حەوت گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت حەوتینە (سێپتێت septet). ئەگەر هەشت گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت هەشتینە (ئۆکتێت octet).

    کۆڕ

    کۆڕ ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، کۆڕێک خەڵکن، زۆربەی جار تێکەڵەی نێر و مێ و هەندێک جار منداڵیشن. هەم لە شانۆ و هەم لە ئۆپێراشدا کۆڕ بە هەموویان وەک یەک یەکە سەیر دەکرێن. کۆڕ پێکەوە گۆرانی دەبێژن. هەندێک هەوای کۆڕ هەیە زۆر بەناوبانگ و خۆشە، بۆ نموونە هەوای بڕۆ ئەی بیر (ڤا پێنسیێرۆ va pensiero). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای نابوکۆدایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی.

    هەوای بڕۆ ئەی بیر لە دانانی ڤێردی.

    نێوژەن

    دوای دەستپێکردنی ئۆپێرا دەشێت لە هەر جێیەکدا پارچە موزیکێکی ڕووت هەبێت. هەندێک جار موزیکەکە کەشی دیمەنی دوای خۆی دەسازێنێت، هەندێک جار سەمای لەگەڵ دەکرێت، یان بۆ هەر مەبەستێکی تر بە کار دێت. ئەم موزیکانە پێیان دەوترێت نێوژەن interlude.

    چینی دەنگی گۆرانیبێژان

    لەبەر ئەوەی توانای دەرکردنی تۆن لە قوڕگی هەر مرۆڤێکدا سنووردارە، بۆیە لە موزیکناسیدا سنوورە جیاوازەکانی دەنگی مرۆڤ ناوی جیاوازیان لێ نراوە. بە گشتییش دەنگی مرۆڤ بەسەر چوار چینی سەرەکیدا دابەش کراون. ھەر چینێک سنووری ئەو تۆنانە دیاری دەکات کە قوڕگێک دەتوانێت بیبێژێت.

    دوو لەم چینانە ھی دەنگی خانمان و منداڵانن، دووەکەی تر ھی پیاوی پێگەیشتوو (دەنگگڕبوو)ن.

    سۆپرانۆ و ئاڵتۆ

    بە گشتی دەنگی ژن دابەش دەبێت بەسەر دوو چیندا. ھەرە تیژەکەیان پێی دەوترێت: سۆپرانۆ: بە ئینگلی Soprano، خاوەنی تیژترین دەنگی خانمان و منداڵانە. وشەی سۆپرانۆ لە بنەچەدا ئیتالییە، لە سۆپراوە ھاتووە، بە واتای سەرەوە.

    چینەکەی تری دەنگی خانمان و منداڵان پێی دەوترێت ئاڵتۆ: بە ئینگلی Alto، دەنگی لە سۆپرانۆ گڕترە. ئەم وشەیەش ھەر لە ئیتالییەوە ھاتووە، بە واتای بەرز دێت.

    ھەموو منداڵێک، بە کچ و کوڕەوە (کوڕ پێش ئەوەی دەنگی گڕ ببێت) لەم چینانەدا دادەنرێن.

    تینۆر و باس

    بە گشتی دەنگی پیاوانی دەنگگڕبوو بەسەر دوو چیندا دابەش دەکرێن: تینۆر: بە ئینگلی tenor، تیژترین چینی دەنگی پیاوانە، بەڵام لە چینە دەنگییەکانی خانمان و منداڵان گڕترە. وشەی تینۆر لە بنەچەدا لاتینییە، بە واتای مانەوە دێت. واتە ئەو دەنگەیانە کە لە کۆڕدا ھەر دەمێنێتەوە و بەردەوامە.

    چینەکەی تر پێی دەوترێت باس: بە ئینگلی bass، گڕترین چینی دەنگە و ھی پیاوانە. وشەکە لە بنەچەدا لاتینییە، بە واتای نزم دێت. وشەکە لەگەڵ پەست-ی کوردییشدا هاوڕیشەیە.

    بەڵام ئەو نزمە بەو واتایە نییە کە دەنگیان وەک چرپە وایە و لە نزمیدا نابیسترێن، بەڵکو تۆنی دەنگیان نزمە. لە موزیکناسیدا بەم نزمە دەوترێت دەنگی گڕ. دەنگی گڕ پێچەوانەی دەنگی تیژە.

    ساتب و چینەکانی تر

    بە گشتی گۆرانیی کۆڕ و ئۆپێرا بۆ چوار چینی سۆپرانۆ و ئاڵتۆ و تینۆر و باس دادەنرێن و ھێمای ساتب SATBیان بۆ دادەنرێت. ساتب سەرەپیتی ھەر یەکێک لە چینەکانە لە تیژەوە بۆ گڕ (سۆپرانۆ، ئاڵتۆ، تینۆر، باس).

    ئەم چینانە دابەشکردنێکی گشتین. دەنا چینی تریش دەستنیشان کراون، وەک مێتزۆ-سۆپرانۆ و کۆنتراڵتۆ بۆ خانمان و منداڵان؛ ھەروەھا باڕیتۆن و باس-باڕیتۆن بۆ پیاوان.

    مێتزۆ سۆپرانۆ (مێتزۆ بە ئیتالی واتە نیوە، یان ناوەند) دەکەوێتە ژێر سۆپرانۆ و سەروو ئاڵتۆ. کۆنتراڵتۆ دەکەوێتە ژێر میتزۆ سۆپرانۆ. باڕیتۆن و باس باڕیتۆنیش دەکەونە نێوان هەردوو چینی تینۆر و باس-ەوە.

    ئەم وردەکارییانە بۆ بیسەر زۆر گرنگ نین و زیاتر بابەتی تەکنیکیی نێو گۆرانیین. بەڵام ئەوەی گرنگە بیسەر بیزانێت ئەوەیە هیچ کامێک لەم چینانە لە چینەکانی تر باشتر یان خراپتر نین. هەر یەکێکیشیان تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە. دەکرێت گۆرانیبێژێک لە چینی سۆپرانۆ بێت و خراپ بێت، یان باش بێت. دەکرێت گۆرانیبێژێک لە چینی تینۆر بێت و خراپ بێت، یان باش بێت. چینەکان بۆیە جیا کراونەتەوە تا داوای کەمتر یان زیاتر لە هیچ دەنگێک نەکرێت کە بە سرووشتی لە دەنگی خۆیدا نییە. واتە ناکرێت داوای تۆنێک لە گۆرانیبێژێک بکەیت کە لە دەنگیدا نییە.

    سەرهەڵدان و گەشەی ئۆپێرا

    ئۆپێرا بەو جۆرەی ئەمڕۆ دەیبینین یەکەیەکی ئاڵۆزە و لە تێکەڵەی چەند هونەرێک پێک دێت. بۆیە دیاریکردنی مێژووەکەشی وەک خۆی فرەلایەنە. بەڵام ڕەگەزە پێکهێنەکانی هەر لە سەردەمی دێرینەوە هەبوون.

    بۆیە دەکرێت ئۆپێرا بە شێوەیەکی سەرەتایی بۆ سەردەمی گریکی کۆن بگەڕێنرێتەوە. چونکە هەر لە سەردەمی سۆفۆکلیس و ئەوانەوە کۆڕ لە شانۆنامەکانیاندا هەبووە و گۆرانییان بێژاوە.

    بەڵام لەبەر ئەوەی ئۆپێرا بەو جۆرەی ئەمڕۆ دەیناسین کرۆکەکەی لە موزیک پێک هاتووە و موزیک تیایدا میوان نییە، بەڵکو خاوەنماڵە، بۆیە ناشتوانین ئەوانەی گریکی کۆن وەک ئۆپێرا بناسێنین.

    سەرەتای دەرکەوتنی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی شانزەیەمی زاینی.

    سەرەتای سەرهەڵدانی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین

    لێکۆڵەران ناوی جیاوازیان لە سەردەمەکانی مێژوو ناوە. بە سەردەمی کۆتایی سەدەی شانزەیەم دەوترێت: سەردەمی لەدایکبوونەوە (ڕێنیسانس). واتە سەرەتای سەرهەڵدانی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێنیسانس.

    لە سەردەمی ڕێنیساندا کۆمەڵێک هەبوون ناویان فلۆرەنتین کاماراتا بووە. ئەو کاتە ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ بە ئیتالیا دەیناسین هەرێم هەرێم بووە و هەر یەکەیان لەوانی تر سەربەخۆ بووە. واتە فلۆرەنتین کاماراتا لە فلۆرێنسا بوون. موزیککارێک سەرۆکایەتیی ئەم کۆمەڵەیەی کردووە ناوی ڤینچێنزۆ گالیلی بووە. ڤینچێنزۆ گالیلی باوکی گەردوونناسی بەناوبانگ گالیلۆ گالیلییە.

    گالیلی هەندێک تێڕوانینی خۆی لە پەڕتووکێکدا بڵاو کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ئەگەر چەند دەقێک بە دەنگی جیاواز لە یەک کاتدا ببێژرێن، هەرگیز بە ڕوونی نابیسترێن. بۆیە باشترە تاکبێژێک (واتە یەک گۆرانیبێژ) بە گۆرانی بیبێژێت و موزیک و چەند گۆرانیبێژێکی تر هاوشانیی بکەن. هەر خۆیشی لە ژێر ئەم تێڕوانینەی خۆیدا کاری موزیکی بۆ هەندێک لە سروودەکانی دۆزەخ-ی دانتێ ئەلیگیێری کردووە.

    ساڵی ١٥٩٧ موزیکدانەر و گۆرانیبێژێکی ئیتالی بە ناوی جاکوپۆ پێری کارێکی بە ناوی دافنێ نووسیوە. پاشتریش موزیکدانەری بەناوبانگی ئیتالی مۆنتیڤێردی هەندێک ئۆپێرای نووسیوە. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەمیشدا ئۆپێرا لە سەرانسەری ئیتالیا بیستراوە و لە فەڕەنسا و ئەڵمانیاش تەشەنەی سەندووە.

    لە ساڵانی ١٧٠٠ تا ١٧٦٠ەکانیش موزیکدانەرە مەزنەکانی وەک ئەنتۆنیۆ ڤیڤالدی و جۆرج فرێدریک هاندێل دەستێکی باڵایان هەبووە لە پەرەپێدانی ئۆپێرادا. یەکی زیاتر لە چل ئۆپێرایان نووسیوە.

    موزیکدانەرە گەورە و بەناوبانگەکانی دوای ئەوانیش چەندین ئۆپێرایان نووسیوە. وەک کریستۆف ڤیلیبالد گلوک، جۆزێف هایدن، مۆتسارت، بێتهۆڤن.

    لە سەردەمانی دواتردا (سەردەمی ڕۆمانتیک) بڕێک گۆڕانکاری بەسەر ئۆپێرادا هاتووە. لەبەر ئەوەی ئەو ساڵانە ئۆپێرا لەگەڵ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا تێکەڵ بووە، بۆیە ئەم تێکەڵبوونە کاریگەریی لەسەر ئۆپێرا بە جێ هێشتووە. جۆرێکی کورتتری ئۆپێرا سەری هەڵداوە، پێی دەوترێت ئۆپێراتا. هەروەها ئۆپێرای جەفەنگی (بەزمەسات، کۆمیک) زیاتر پەرەی سەندووە و بینەری زۆری بووە.

    هەندێک ئۆپێرانووسی مەزنی سەردەمی ڕۆمانتیک

    ئەگەرچی هەر لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە ئۆپێرا هەیە. ئەگەر ئەم ڕاپۆرتەی منیش ڕاپۆرتێکی وردتر و گشتگیرتر بووایە، دەبوو ناوی زۆرێک لەو ئۆپێرانووسانەی تر بهێنم کە کەوتوونەتە سەردەمەکانی پێشووترەوە. بەڵام من ئامانجم زیاتر ناساندنی گشتیی ئۆپێرایە بۆ بەردەنگی کورد، بۆیە هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لە هەرە بەناوبانگەکانی ئۆپێرا بدەم.

    جاکینۆ ڕۆسینی

    موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ٣٩ ئۆپێرای نایابی نووسیوە. بەناوبانگترینیان سەرتاشەکەی سێڤیلا، موسا لە میسر، ویلیەم تێل-ن.

    ڤینچێنزۆ بێللینی

    موزیکدانەرێکی ئیتالییە. زۆربەی کارەکانی بە تراژیدیای لیریکی ناو دەبررێن. تەنها ٣٤ ساڵ ژیاوە، بەڵام ١١ ئۆپێرای نایابی نووسیوە. بەناوبانگترینیان ئەو کچەی خەوەڕێ دەکات، نۆرما، بیاتریچێ دی تێندا-ن.

    گەیتانۆ دۆنیزێتتی

    موزیکدانەرێکی ئیتالییە. نزیکەی ٧٥ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان لوچیا لامێرمووری و ئیکسیری خۆشەویستی-ن.

    جیوزێپپێ ڤێردی

    موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ٢٨ ئۆپێرای نووسیوە. ئۆپێراکانی ڤێردی لە جیهاندا زۆر بەناوبانگن. بەناوبانگترینیان نابوکۆ (کورتکراوەی ناوی نەبووخەد نەسر-ە)، مەکبێث، ڕیگۆلێتتۆ، لا تراڤیاتا، سیمۆن بۆکانێگرا، دۆن کارلۆس، عایدە، ئۆتێللۆ-ن.

    ڕیچارد ڤاگنەر

    موزیکدانەرێکی ئەڵمانییە. ١٣ ئۆپێرای تەواوکراوی نووسیوە. بەناوبانگترینیان زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان، لۆهەنگرین، تریستان و ئیزۆلدە، تەنهاوسەر-ن.

    پیۆتر ئیلیش چایکۆڤسکی

    موزیکدانەرێکی ڕووسییە. ١١ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان یوجین ئۆنیگەن و ژنە جادووبازەکان-ن.

    جاکومۆ پوچینی

    موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ١٢ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان بۆهیمییەکە، پەپوولە خانم، تۆسکا، توراندۆت-ن.

    ئۆپێرای مۆدێرن و ئەمڕۆ

    ئۆپێرا لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمیشدا هەر هەبووە و هەیە. بەڵام بێگومان گۆڕانیشی بەسەردا هێنراوە. بەڵام بنەماکانی هەمان بنەمان.

    لە سەدەی بیستەمدا هەندێک لە ناودارترینی موزیکدانەرەکان ئۆپێرایان داناوە، لەوانە لەیوش یەناچێک، ئیگۆر ستراڤینسکی، بینجامین بریتن، پۆڵ هیندمیت، ئەلبان بێرگ، ئارنۆڵد شۆنبێرگ. بە ئۆپێراکانی ئەم موزیکدانەرانە دەوترێت ئۆپێرای مۆدێرن.

    لە ئۆپێرای مۆدێرندا چەند تەکنیک و شێوازێکی نوێش تاقی کراونەتەوە. بۆ نموونە فرەپەیژەیی (پۆلیتۆنالیتی polytonality) و کەمخوازی (مینیمالیزم minimalism). فرەپەیژەیی واتە موزیکێک کە لە یەک کاتدا لەسەر زیاتر لە پەیژەیەکە. کەمخوازییش واتە کورتکردنەوەی موزیک بۆ سەرەتاییترین و سەرەکیترین ڕەگەزی پێکهێنەکانی موزیکەکە. دیسان، بۆ گوێگری ئاسایی زۆر گرنگ نییە ئەم بابەتە تەکنیکییانە بزانێت.

    تا ئێستاش ئۆپێرا لە جیهاندا هەیە و چالاکە. بۆ نموونە فیلیپ گلاس و جۆن ئادامز دوو موزیکدانەرن کە ئۆپێرایان داناوە و هێشتا دەژین.

    ئۆپێرای کوردی

    ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا مامۆستا عەبدوڵڵا گۆران و مامۆستا قادر دیلان هەوڵیان داوە ئۆپێرای کوردی دابنێن. هەوڵەکەش بەو جۆرە بووە مامۆستا گۆران ئۆپێرانامەکە بنووسێت و مامۆستا دیلان موزیکی بۆ دابنێت. ئەگەر پێش هەوڵی ئەم دوو کەسە هەوڵی تر هەبووبێت من هێشتا لێی ئاگادار نیم.

    مامۆستا گۆران چەند بەرهەمێکی کورت و درێژی نووسیوە کە دەکرێت یان ڕاستەوخۆ بکرێن بە ئۆپێرا، یان بە دەستکارییەوە بکرێن بە ئۆپێرا. بەڵام ئەو دەقەیان کە خۆی بە تایبەتی بۆ ئۆپێرای نووسیوە ئەنجامی ئەژدەهاک-ە. بەڵام پڕۆژەکە لەبەر هەر هۆیەک بووبێت سەری نەگرتووە. مامۆستا گۆران خۆی بەم جۆرە لەسەری نووسیوە:

    یەک دوو هەفتە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ (١٩٥٩) لەگەڵ هونەرمەندی بەهرەدار کاک قادر دیلان بڕیارمان دا کە پێکەوە تەقەلا بدەین بۆ بەرهەمهێنانی پارچەیەکی هونەری بۆ ئەوەی لە جەژنی باسکراوا پێشکەشی گەلی شارە خۆشەویستەکەمانی بکەین.

    بەری تەقەلای من لەم پێناوەدا بیرکردنەوە بوو لە دانانی ئۆپێرایەک کە ئەمەی لای خوارەوە یەکەم پەردەیەتی.

    لەبەر کەم و کوڕیی ئەو کاتەی بەدەستمانەوە بوو، بڕیارمان دابوو کە ئەو بۆ ئەم پەردەیە دەست بکات بە دانانی ئاوازە و پراوەکردن لەگەڵ تیپی ئاوازە و تیپی تەمسیل تا من لە دانانی پەردەی دووەم ئەبمەوە، وە بەم جۆرە بڕۆین تا ئۆپێراکە ئەگاتە ئەنجام.

    بەڵام داخەکەم کاک قادر بۆی نەکرا بەڵێنەکەی بێنێتە جێ. ئەمە بوو بە هۆی ساردبوونەوەی منیش، وە بەم ڕەنگە دەستم لە پرۆژەکە هەڵگرت.

    ئێستا کە پەردەی یەکەم لە ئۆپێرای ناتەواو ئەخەمە پێش چاوی خوێندەوارانی (بەیان)3، ئەگەر لە هونەرمەندەکانمان (بە مۆسیقار و ئاکتۆرەکانەوە) هاندان و بەڵێنێک ببینم بۆ پشتگرتن و هاوکاری لەسەرپێگرتنی پڕۆژەدا، ئەوا ئامادەبوونم پیشان ئەدەم بۆ تێهەڵچوونەوە و تەواوکردنی پەردەکانی تر.4

    من و ئۆپێرا

    خۆم بە تەنیا چەندین جار هەوڵی نووسین و نمایشی ئۆپێرام داوە. لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ هەوڵم دا مەم و زینی ئەحمەدی خانی بکەم بە ئۆپێرا. خۆم تێهەڵچنینم بۆ بەشێکی زۆری دەقەکە کردەوە و دەمەویست بۆ ئۆپێرانامە ئامادەی بکەم. چەندین گەڵاڵە و وردە موزیکم بۆی دانا.

    پاشان سەردانی مامۆستا شێرکۆ بێکەسم کرد بۆ ئەوەی ئەو دەقەکە بنووسێتەوە و من موزیکەکە دابنێم. ئەگەرچی سەرەتا پەسەندی بوو، بەڵام دوای چەند مانگێک لێی کشایەوە. درێژەی ئەو چیرۆکە و ئاکامی ئۆپێراکانم لە بابەتی تردا و لە کاتێکی تردا دەنووسمەوە و باس دەکەم.

    پێش ئەوە و دوای ئەوەش هەوڵی دانانی ئۆپێرای ترم دا. هەر لەو سەروبەندەدا دەمەویست و هەوڵیشم دا دەقی زریان-ی دڵشاد مەریوانی بکەم بە ئۆپێرا. دواتر دەقی گوڵی خوێناویی مامۆستا گۆرانم داڕشتەوە و بۆیم زیاد کرد و ئامادەم کرد بۆ ئۆپێرا. پێکاری لایتمۆتیفم بۆ دانانی بە کار هێنا. لایتمۆتیف پێکارێکە ڤاگنەر لە کارەکانیدا بە کاری هێناوە، بە گوێرەی ئەو جۆرە پێکارە هەر یەکێک لە کەسێتی، ڕووداو یان شوێنە گرنگەکان موزیکی تایبەتی خۆیان هەیە. چەند کۆپلەیەکیشم بۆ ئۆپێراکە نووسی. لە هەژماری یوتیوبەکەمدا نموونەی دوو بەشی کورتی کرانەوەکەیم داناوە.

    کۆپلەیەکی کرانەوەی گوڵی خوێناویی تەواونەکراو لە دانانی خۆم.

    هەر لە خۆشەویستییم بۆ ئۆپێرا و خەونی ئۆپێرای کوردی بوو کە ساڵی ٢٠١٦ بەشداریی شانۆیی مارا/سادم کرد و موزیکەکەیم دانا و پێشکەشیشم کرد. بەڵام دەتوانم لە وتارێکی تردا کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپێرا لە کوردستان بە درێژتر بخەمە ڕوو.

    ئاوڕدانەوە لە خولیایەکی نەماو!

    ئێستا (ئاداری ٢٠٢٥) لەگەڵ پێداچوونەوەی ئەم ڕاپۆرتەمدا کە ئاوڕ لەو هەموو موزیک و کات و تەمەنە دەدەمەوە کە لەم پێناوەدا تەرخانم کرد و هیچیشیان لێ سەوز نەبوو و گوێیەک نەیبیستن، سێبەری دڵتەنگییەک لەسەر دڵم دەنیشێت و بە خۆم دەڵێم: کوردستان پایتەختی بەفیڕۆدانی توانا و بەهرە و لێزانیی جیهانە! بە تایبەتیش پایتەختی بەفیڕۆدانی وزەی کوردە. بەڵام پاش کەمێک بە خۆم دەڵێم: مادەم وایە، ئەرکی من ئەوەیە بەرەبەرە وا بکەم بۆ ئایندە وا نەبێت. ناکرێت ئەم هەموو توانا و تەمەنەی کورد بە فیڕۆ بچن و نەچنە خزمەتی کوردستانەوە. خەڵکی وەک من و مانان هیچ هەلێکمان بۆ نەڕەخسێنرا و سوود لە تواناکانمان نەبینرا. بەڵام ناکرێت ئێمەش بۆ نەوەکانی داهاتوو بە هەمان جۆر بین.

    بە کورتی: ئۆپێرا هونەرێکی زۆر گرانە، هەم لە ڕووی ئەرک و هەم لە ڕووی تێچووەوە. پێویستی بە خەڵکی زۆریش هەیە. واتە هەموو کێشەکە تەنها لەسەر شانی موزیکدانەر و دەقنووس نییە. بەڵکو ژێرخانێکی پتەوی هونەریی دەوێت. ئەو ژێرخانە هونەرییە پتەوەش لە کوردستان هێشتا چێ نەبووە. بۆیە هەوڵەکان هەر بە تاکەکەسی و تاڕادەیەک بێئەنجام ماونەتەوە.

    دوای شەست و شەش ساڵ بەسەر هەوڵەکەی مامۆستا گۆران و مامۆستا قادر دیلاندا هێشتا هیچ ئۆپێراخانەیەک لە هەرێمی کوردستاندا نییە. هیچ تیپێکی ئۆپێراش نییە. هیچ نەخشەیەکی دڵخۆشکەرەش نییە.

    تروسکەیەک

    لە ئاداری ٢٠١١دا هەوڵێکی گرنگ درا، ئەویش ئۆپێراخانەی کۆڵن بانگهێشت کران بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی ئۆپێرایەک نمایش بکەن. ئۆپێرای فڕاندنی نێو حەرەمسەرای مۆتسارتیان نمایش کرد. ئەمە یەکەم جار بوو (ئەوەندەی ئاگادار بم) ئۆپێرای تەواو لە کوردستان نمایش بکرێت. خۆم زۆر پێی شاگەشکە ببووم و هەردوو ڕۆژی نمایشەکە چووم. لە کاتی پڕۆڤەشیاندا بەرمنەدەدان و بووم بە هاوڕێی زۆربەی ژەنیارەکان. بەڵام داخەکەم، ئەم هەوڵە لە یادەوەریی کوردستاندا بە تاقانەیی ماوەتەوە.


    پەڕاوێزەکان

    1. ساڵی ٢٠١٠ داوام لە کاک کارزانی برام کرد هەندێک دی ڤی دیی ئۆپێراکانی ڤاگنەرم بۆ بنێرێت. ئەویش لە کۆتایی هاوینی هەمان ساڵدا تەنهاوسەر و تریستان و ئیزۆلدە و چوارینەکەی موستیلەکەی بۆم نارد. ئێجگار دڵم بە چوارینەکە خۆش بوو.
      ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠ دەستم کرد بەوەی پوختەیەک لە بارەی ئۆپێرا و موستیلەکەی نیبێلونگەکان بنووسم. دواتر دکتۆر شنۆ محەممەد مەحمود لە زانکۆ، کە مامۆستامان بوو، داوای لێمان کرد هەر یەکێکمان ڕاپۆرتێک بە دڵی خۆمان لەسەر بابەتێک بنووسین. منیش هیچی باشترم لە چوارینەکەی موستیلەکە نەدۆزییەوە. ئەو ماوەیە ئێجگار زۆر لە ژێر کاریگەریی ڤاگنەردا بووم. ڕاپۆرتەکەم لە ٦ی نیسانی ٢٠١١دا تەواو کرد. هەر بە سەرپەرشتیی مامۆستا شنۆ پێشکەشی کۆلێژەکەمم کرد و لە وانەیەکیشدا پێشکەشم کرد. دواتر بە یارمەتیی کاک هەرێم عوسمان، بە سێ بەش لە ژمارەکانی ٤٦ و ٤٧ و ٤٩ی گۆڤاری هزر و هونەردا بڵاو کرانەوە. ئەو کاتە دکتۆر هەرێم عوسمان لە زانکۆ هاوپۆلم بوو. لە ٤-٥ی ئاداری ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەیەکی ئاساییم بۆی کرد و ئەم بەشەم لە چوارینەی موستیلەکە جیا کردەوە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٣-٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ١٦-١٧ی ئاداری ٢٠٢٥دا دیسان پیایدا چوومەوە.
      لە لە پێداچوونەوەی ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥دا وشەی پێشژەن و نێوژەن-م لێک دا. وشەی کرانەوە-م بە واتای ئۆڤەرچوور بە کار هێنا. ↩︎
    2. پەیڤان یان پەیڤاندن: بە ئینگلی Recitative. مامۆستا عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە وەرگێڕانی پەڕتووکی ئەلفبێیەکی موزیکدا زاراوەی پەیڤەئاوازی بەرانبەر زاراوە ئینگلییەکە دیاری کردووە. بەڵام وشە لێکدراوەکەی بەڕێزیان لە ڕستەدا وەک کار تا ڕادەیەک درێژە بوترێت: پەیڤەئاواز دەکرێت، بە پەیڤەئاواز دەبێژرێت، دەپەیڤەئاوازرێت و تا دوایی. بە ڕای من هەر لە پەرەپێدانی دەستنیشانکردنەکەی مامۆستا سەگرمەوە پەیڤاندن بۆ ڕێسیتەتیڤ (ی ئینگلی) یان ڕێچیتاتیڤۆ (ی ئیتالی) شیاوترە. ↩︎
    3. «مامۆستا گۆران ئەم ئۆپەرێتەی لە ژمارە (٤)ی بەرگی (٢)ی ئایاری ١٩٥٩ی گۆڤاری (بەیان)دا بڵاوکردووەتەوە کە بە سەرپەرشتیی خۆی لە سلێمانی دەرئەچوو. من خۆم دانەیەکی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکەم لابوو مامۆستا گۆران بە دەستی خۆی گەلێ دەسکاریی ئۆپەرێتەکەی تیا کردبوو، بە داخەوە لە بارودۆخێکی سەختدا لەدەستم دەرچوو. ~ محەممەدی مەلا کەریم» ↩︎
    4. بڕوانە دیوانی گۆران، بەشی ئۆپەرێت، ئەنجامی ئەژدەهاک، لا ٣٥٢، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی عێڕاق، بەغدا ١٩٨٠. ↩︎

  • قەڵەمکێشێکی هونەرمەند قادر دیلان

    قەڵەمکێشێکی هونەرمەند قادر دیلان

    ئەمڕۆ ویستم نووسینی (چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا) بڵاوبکەمەوە (کە لە مانگی دووی ئەمساڵدا 2020 لە فەیسبووکە داخراوەکەی خۆم بڵاومکردەوە) بەڵام نەمزانی چ وێنەیەک دابنێم. خۆزگەم خواست وێنەکێشێک وێنەیەکی ئەو باڵەخانە خەیاڵییەی بکێشایە و منیش بمتوانییایە بیکەم بە بەرگی چیرۆک/چاوپێکەوتن/وتارـەکەم. بەڵام وتم خۆ دەتوانم وێنەیەکی قادر دیلان دابنێم. کەچی هەموو ئینتەرنێت گەڕام وێنەیەکی ئەو کەڵەهونەرمەندە بە کوالیتییەکی باش و قەبارەیەکی باش نەبوو؛ کە لە ڕاستیدا دەبوو چەندین تابلۆ و پەیکەر و وێنە و ڕاپۆرت و ژیننامە و پەڕتووکی هەبووایە؛ کەچی… دێڕەکەی گۆرانم بیرکەوتەوە کە لە هۆنراوەکەی (دەروێش عەبدوڵڵا)دا دەفەرمێ:

    بەڵێ، دیارە، لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار

    وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا،

    بۆیە من کە بە هیچ شێوەیەک وێنەکێش نیم و هیچی واشی لێنازانم، ئەوەنەبێ لە مناڵیما خولیام بوو؛ هەستام بە کێشانی قەڵەمکێشێک لەسەر وێنەیەکی ماکی خۆی کە بە کوالیتییەکی خراپ لە ئینتەرنێتدا هەیە. بۆیە تا ئەو ڕۆژەی شێوەکارەکانمان هۆشیان بەبەر خۆیاندا دێتەوە و دوو سێ تابلۆی دانسقەی ئەو کەڵەهونەرمەندە دەکێشن و پەیکەرە حەفتا مەترییەکەی بۆ دەکرێ؛ با ئەم قەڵەمکێشەی من هەبێ بۆ کەسێک کە بییەوێ وێنەیەکی قادر دیلان بەکاربهێنێ. بۆیە ئەم وێنەیەم کرد بە موڵکی گشتی و هەرکەسێ لە هەر شوێنێ چۆنی دەوێ بەکاریبهێنێ.

    هەر لەم ماڵپەڕەدا وێنەکە بە دوو قەبارە هەیە؛ قەبارەی یەکەمیان کە (DSW) بە ناوەکەیەوەیەتی (کە کورتکراوەی Down-sampled for webـە)، لە مێگابایتێک کەمترە و تەنها بۆ بەکارهێنانی ماڵپەڕ باشە، ئەوی تریان (FQ) بە ناوەکەیەوەیەتی (کە کورتکراوەی Full Qualityیە) ئەوەیان نزیکەی نۆ مێگابایتە و بۆ چاپ شیاوە.

    قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت
    قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت

    قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی چاپ
    قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی چاپ

  • پیانۆی کارەبایی و کێشەی لەدەستدانی هەستیاریی پێدەکانی و چارەسەر

    پیانۆی کارەبایی و کێشەی لەدەستدانی هەستیاریی پێدەکانی و چارەسەر

    پیانۆی کارەبایی و کێشەی لەدەستدانی هەستیاریی پێدەکانی و چارەسەر[1]

    من وشەی دوگمەبەند لە بری کیبۆرد keyboard بە کار دەهێنم و خۆم وشەکەم داڕشتووە و پێم وا بێت دەقاودەق واتای ئامێرەکە بە دەستەوە دەدات، هیچ لەگەڵ ئەو وشەیەدا نیم کە دایانڕشتووە و دەڵێن: تەختەکلیل، ئەوە ڕاستەوخۆ وەرگێڕانی وشە ئینگلیزییەکەیە و لە ئینگلیزیدا کی key بە واتای دوگمەش دێت و ئەو کییەی ناو وشەی کیبۆرد مەبەست لێی دوگمەیە، نەک کلیل! ئەگەرچی لەم باسەدا مەبەستم لەو دوگمەبەندە نییە کە بۆ کۆمپیوتەر بە کار دەهێنرێت، بەڵکو مەبەستم لەو ئامێرە موزیکییانەیە کە بە دوگمە دەژەنرێن، وەک پیانۆ و هاڕپسیکۆرد و دوگمەبەندی تر.

    ساڵی خوێندنی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ لە پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم، دوگمەبەندێکی یاماهای A٣٠٠م هەبوو، پیانۆم دەویست و خوێندکاریش بووم، پارەی پیانۆم پێ هەڵنەدەسووڕا، لەوەتەی هەشبووم لە خوێندندا لە بیرکاریدا خراپ بووم. ئەو ساڵە کاک میرانی برام پێی وتم: «ئەگەر سەری ساڵ لە بیرکاریدا لە سەروو ٨٠وە بهێنیت، ئەوا پیانۆیەکت بە دیاری بۆ دەکڕم» ئەوەندە دڵخۆش بووم، چەند جارێک لێم دووبارە کردەوە: «ئاخر پیانۆیەک بایی نزیکەی هەزار دۆلار، یان تۆزێک زیاتریشە!» کاک میران، وەک هەمیشە بە بڕوابوون بە خۆیەوە، بە هێمنی دەیوت: «کێشە نییە، لە سەروو هەشتاوە بهێنە و بایی چەند بوو من بە دیاری بۆت دەکڕم».

    تێکڕایی وەرزی یەکەمی ئەو ساڵە، مانگی یەکەم کە تاقیکردنەوەمان دابوو، دووم لە پەنجا هێنابوو. مانگی داهاتوو فریا نەکەوتم تاقیکردنەوەکە بدەم، مامۆستا وتی: «مانگی ڕابردووت کەڕەتی دوو دەکەین!» کردییە ٤ لە سەد، لەبەر هەر شتێک بوو، کرا بە ٣٠ لە سەد. نیوەی ساڵ هەر دەرنەچووم، بەڵام دوای نیوەی ساڵ، ئەوە بوو کاک میران ئەو مژدەیەی پێم دا. بۆ ئەوەی لە بیرکاریدا دەربچم، لە پۆلی یەکی ناوەندییەوە پەڕتووکی بیرکاریم کۆ کردەوە تا پێنجی ئامادەیی، لەو دوو مانگەدا خۆم لە بیرکاریدا زیندوو کردەوە. لە بەختی باشی من، ئەو ساڵە بڕیارێکی پەروەردەیی دەرچوو کە بۆ نمرەی سەری ساڵ نمرەکانی پێشووتر کۆ ناکرێنەوە، بە تەنها سەری ساڵ چەندت هێنا ئەوەت بۆ هەژمار دەکرێت. ئەو ساڵە و لە تێکۆشان بۆ پەیداکردنی یەکەم پیانۆی خۆشەویستم، لە تاقیکردنەوەی سەری ساڵدا سەد لە سەدم هێنا. کاک میرانی براشم لەسەر بەڵێنی خۆی پیانۆ نازدارەکەی بۆم کڕی. پیانۆکە یاماهایەکی دی جی ئێکس ٦٤٠ بوو. ئێستاش تامی ئەو بردنەوەیە و ئەو دیارییە بەنرخە لەژێر ددانمدا دەرناچێت و هەمیشە سوپاسگوزارم.

    لە ساڵی ٢٠١٢دا تۆنی سی بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاستی پیانۆکەم هەستیارییەکەی لە دەست دابوو، لە کاتی ژەندندا ئەگەر هێمن بمژەندایە یان توند بمژەندایە (پیانۆ یان فۆرتێ) هەر دەنگێکی توندی چەکوشئاسای دەردەکرد. زۆر نیگەران ببووم و لێی بێهیوا بووم، سۆراخم لە زۆر کەس کرد، لەوە نەدەچوو کەس چارەکەی بزانێت، ناچار دوای ماوەیەک پیانۆکەم بە هاوڕێیەک بەخشی، ئەو فێرگایەکی مناڵانی بە ڕێوە دەبرد، من دڵنیا بووم پیانۆکە بۆ مناڵان و فێرکردنی سەرەتایی سوودبەخش دەبێت، بەڵام بۆ ئاستی بەرزتر بێکەڵک بوو. ئەوکات خۆشم کارم دەکرد، پیانۆیەکی نوێم کڕی کە یاماهایەکی کلاڤینۆڤا ٤٣٠ بوو. هەر ئەوەیە کە ئێوەش لە ڤیدیۆکانمدا، بەتایبەت لە گۆرانیی بنوو، وەرە بۆ لام دیوتانە، تا ئێستاش هەر ئەوەم هەیە و بە کاری دەهێنم.

    دوو ساڵێک دەبێت کە لە ئاستی هەستیارییاندا هەستم بە گۆڕانکاری کردووە و چیتر هاوسەنگیی هەستیارییانم بە دڵ نییە. هەندێک پیانۆی کارەبایی تری شوێن و دەزگا و خەڵکی تریشم تاقی کردووەتەوە، ئەوانیش کەموزۆر ئەو کێشانەیان هەیە، کە هەندێک جار چێژی ژەندن بە تەواوی تاڵ دەکەن. بە گشتی پیانۆی کارەبایی بە تێپەڕبوونی کات هەستیاریی پێدەکانی، یان هاوسەنگیی هەستیاریی پێدەکانی لە دەست دەدات. هاوڕێی خۆشەویستم، دیار ئەنوەر، لە هەمان جۆری پیانۆی منی هەیە، کە هەر یاماهای کلاڤینۆڤای ٤٣٠یە، ئەوەی ئەویش لە نۆ مانگی ڕابردوودا تووشی هەمان کێشە بوو، لێ ئەوەی ئەو زیاد لە چەند تۆنێکی وای لێ هات. هەر دوابەدوای ئەو، ئەوەی منیش می بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاست و دواتر لا بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاست و دواتر سیی سەروو دۆی ناوەڕاست هەستیارێتییان لە دەست دا، دیسان ئەم کێشە نوێیە بەرۆکی گرتمەوە. دوای خوێندنەوەی چەند سەرچاوە و بەدواداچوونمان، کە کاتێکی زۆری خایاند، بۆمان دەرکەوت هەڵەکە بەم شێوەیەیە:

    لەژێر هەر پێدێکی پیانۆی کارەباییدا ڕیزە لاستیکێک هەیە، بەم لاستیکانە دەوترێت: لاستیکی گەیەنەر. ئەم لاستیکانە کاربۆنێکیان پێوەیە، کە ژەنیارەکە پەنجە بە پێدەکاندا دەنێت، کاربۆنەکە ئەو هەستیارییە بۆ سەر نەخشەی ئەلیکترۆنیی پیانۆکەی دەگوێزێتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، کاربۆنەکانی سەر لاستیکەکان دەبواررێن و نامێنن. لە بەختی تاریش، هەمیشە لەو تۆنانەوە دەست پێ دەکەن کە زۆرتر بە کار دێن، زۆرتر تۆنەکانی ناوەڕاستی پیانۆکە دەگرێتەوە و کەمتر تۆنە هەرە گڕەکان یان هەرە تیژەکان دەگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی، ڕێژەی بەکارهێنانیان لەچاو تۆنەکانی ناوەڕاستدا کەمترە.

    لە کۆتاییدا، دەستەیەک لاستیکمان کڕی و پیانۆکەی دیارمان وەک تاقیکردنەوە بە کار هێنا، دوای ئەوەی کە زۆر پێوەی ماندوو ببوو، لە کۆتاییدا پڕۆژەکە سەرکەوتنی بە دەست هێنا و گۆڕینی لاستیکی گەیەنەرەکان پیانۆکەی نوێ کردەوە. منیش لەژێر ڕۆشنایی بیردۆزە سەلمێنراوەکەی ئەودا دەستەیەک لاستیکی گەیەنەرم بۆ خۆم کڕی و ئەم ئێوارەیە دیار گیان هەر خۆی بۆی گۆڕیم، ئێستا پیانۆکەم نوێ بووەتەوە و زۆر لە هاوسەنگیی تۆنەکانی ڕازیم و دڵیشم زۆر خۆشە.

    سوپاسی دیار گیان دەکەم. ئەم چیرۆکەشم لەگەڵ ئێوەدا بەش کرد، چونکە دڵنیام هەر کەسێک پیانۆی کارەبایی هەبێت، زوو بێت یان درەنگ، تووشی هەمان کێشە دەبێتەوە. چارەسەرەکەم لەگەڵتاندا بەش کرد تا ئەگەر هاوزمانێکی هاوپیشەم هەمان کێشەی هەبوو، بەو ڕێگا ناخۆشانەی ئێمەدا تێپەڕ نەبێتەوە و لە ئەزموونی تاڵی ئێمە وانە وەربگرێت و سوودمەند ببێت.


    [1] لە ڕێکەوتی ٨ی ئازاری ٢٠٢٠دا نووسیومە، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تەممووزی ٢٠٢٢دا پیایدا چوومەتەوە.

    لاستیکی گەیەنەری پیانۆی کارەبایی
    لاستیکی گەیەنەر

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی
    پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

    پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا
    پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

    پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا
    پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی
    پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
    دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

    نەوا موکرجی پیانۆکەی تاقیدەکاتەوە
    دوای گۆڕینی لاستیکی گەیەنەرەکان، نەوا لەبەردەمی دیاردا پیانۆکە تاقیدەکاتەوە. بزەکەی نیشانەی ئاکامی پڕۆژەکەیە.

  • نەستژەنیی ٣

    نەستژەنیی ٣

    نەستژەنیی ٣: تاقیکردنەوەی کەشی ژوورە نوێکەم

  • بانگی شێوان

    بانگی شێوان

    بانگی شێوان[1]

    شۆفێرەکە وتی: «کاکە، بۆ ڕاهی خوا! من بیست و پێنج ساڵە نوێژم نەچووە! چوارەم نوێژ نوێژی شێوانە، پێنجەم نوێژ نوێژی خەوتنانە»، سەرنشینەکە پێی وت: «نەخێر، خەوتنان و شێوان یەک شتن، هاوناون. هەردووکیان مەبەست نوێژی پێنجەمە». شۆفێرەکە پێداگریی کرد و وتی: «نا برام: بەیانیانە، نیوەڕوانە، عەسرە، شێوانە، خەوتنانە»، سەرنشینەکە وتی: «بەیانیانە، نیوەڕوانە، عەسرە، ئێوارەیە، شێوان یان خەوتنانە». شۆفێرەکە یەکسەر وتی: «کاکە شتی وا نییە!» سەرنشینەکە وتی: «برا، بە عەرەبی بە نوێژی چوارەم دەوترێ «صلاة المغرب»، واتە نوێژی خۆرئاوابوون، ئێ خۆر لە ئێوارەدا ئاوا دەبێ، بۆیە نوێژەکەشی پێی دەوترێ نوێژی ئێوارە. بەوەی پێنجەمیش دەوترێ «صلاة العشاء» واتە نوێژی نانخواردنی ئێوارە، ئێ لە زمانی کوردیدا بە نانی ئێوارە دەوترێ: «شێو» بۆیە نوێژەکەش نوێژی شێوانە».

    شۆفێرەکە دیسان پەنای بردەوە بەر ئەزموونی بیست و پێنج ساڵ پرسیارنەکردن و وتی: «کاکە، ئاخر من بیست و پێنج ساڵە… بیست و پێنج ساڵە…» سەرنشینەکە ناچار بوو چەکی ئەتۆمی بە کار بهێنێ، وتی: «کاکە، نالی خۆی مەلا بووە. دەڵێ: «لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان…» لەو هۆنراوەیەدا باسی ئەو دادەیە دەکا کە شەو هاتووەتە خزمەتی و سوننەتی دڵدارییان بە جێ هێناوە. ئێ کوڕی باش، ئەگەر نوێژی ئێوارە نوێژی شێوان بووایە، ئەوکات ئەو دادەیە کە گوایە ناوی حەبیبە بووە، نەیدەوێرا بۆ لای مامە نالی بچێ، چونکە لە نێوان نوێژی چوارەم و پێنجەمدا نزیکەی سەعاتێک دەرفەت هەیە. ئێ کەی مزگەوت چۆڵ بوو؟ کەی نالی گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی؟ کەی کچە هات؟ ئێ ئەگەر هاتبێتیش، دەرفەتی هیچ نەدەڕەخسا! چونکە بێگومان پەنجا پەڕۆ و پاتاڵی لە بەردا بووە، ئێ هاکا زانیشت کاتی نوێژی پێنجەم هات و دیسان خەڵک هاتنەوە بۆ مزگەوت. ئەی ئەو کچە نەدەترسا یەکێ بیبینێ؟ لە ماڵەوە باوکی یان براکەی یان کەسێک نەیوت: «ئەوە کوا ئەو کچەتیوە؟» لە مزگەوت نێرینەیەک نەیوت: «ئەو کچەتیوە چی دەکا لێرە؟»».

    شۆفێرەکە گومانێکی بۆ دروست بوو و وتی: «هم، ئێ؟» سەرنشینەکە وتی: «ئێ، دوای نوێژی پێنجەم، کە هەمووان چوونەوە ماڵەوە و ئیتر تا بەیانی نوێژی تر نییە و هیچ پیاوێک بە بیانووی نوێژ لە ماڵ نایەتەدەر، ئەوکات باجی حەبیبەش بە بیانووی خۆڵڕشتن دەچێ بۆ لای مامە نالی و نیوەدێڕەکەی تری هۆنراوەکە دەبێ بە بابەتی سەرەکیی باسەکە کە «بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان»ەکەیە! ئەوکات کچەش بێ پەلەپەل دەتوانێ خزمەتی حاجی مامۆستا مەلا نالی بکا بێ ئەوەی چاوە خێلەکانی هەر لەسەر کۆڵانەکە بێ». شۆفێرەکە پێداگرییەکەی نەما و بە داڵغەوە وتی: «بڵێم چی! قەت وا بیرم لێی نەکردبووەوە!» سەرنشینە بێباوەڕەکەش وتی: «کەواتە نوێژی شێوان پێنجەم نوێژە، چوارەم نوێژیش نوێژی ئێوارەیە».

    لەم کاتەدا سەرنشین بە تەواوەتی شۆفێرەکەی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی بانگی شێوان پێنجەمە. بەڵام لە مێشکی خۆیدا دێڕەکەی دواتری هۆنراوەکەی بیر کەوتەوە کە دەڵێ: «لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەروەکوو شێت، بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان» کە دیسانەوە ڕیسەکە دەکاتەوە بە خوری، چونکە لە ئێوارەدا خۆر ئاوا دەبێ! پاش گومانێکی تر، هۆنراوەکەی گۆرانیشی هاتەوە یاد کە دەڵێ «بانگی شێوان لە ئاسمانی خۆرنشین» کە زانی بابەتەکە پڕاوپڕ گوماناوییە، نقەی نەکرد و وتی با ئەویش خۆی بۆی بگەڕێ.


    [1] لە ١٩ی شوباتی ٢٠١٩دا نووسراوە.

  • دیمەنێک: کاسەی پیرۆز

    دیمەنێک: کاسەی پیرۆز

    دیمەنێک لە فیلمی گەڕان بە دوای کاسەی پیرۆزی مۆنتی پایثن

    ئاپۆرایەک پیاوی تووڕە ژنێک پەلکێش دەکەن، بە تووڕەییەوە دەنەڕێنن:

    – جادووبازە!

    – جادووباز!

    – جادووبازێکمان گرت!

    بە هەموویان بەرەو لای ئەفسەرێک پەلکێشیدەکەن. یەکێکیان لە ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – جادووبازێکمان گرت، بیسووتێنین؟

    خەڵکەکە هەموو هوتاف دەکێشن و دەیکەن بە هەرا. ئەفسەرەکە ئاماژەیان بۆ دەکا بێدەنگ بن. دەپرسێ:

    – چۆن دەزانن جادووبازە؟

    یەکێک وەڵامدەداتەوە:

    – لە جادووباز دەچێ!

    سەربازەکە فەرماندەدا:

    – ئادەی بیهێننە بەردەمم.

    ئەوانیش وادەکەن. ژنەکە جلوبەرگی جادووبازی پۆشیوە و لووتێکی زۆر درێژیشی بە لووتەوەیە. لە بەردەمی ئەفسەرەکەدا دەڵێ:

    – جادووباز نیم! جادووباز نیم!

    ئەفسەرەکە وەڵامیدەداتەوە:

    – بەڵام پۆشاکەکەی بەرت لە هیی جادووبازان دەچێ.

    ژنەکە وەڵامدەداتەوە:

    – ئەوان ئەو پۆشاکەیان پێلەبەرکردووم!

    هەندێک لە خەڵکانی ئاپۆراکە حاشایلێدەکەن. ژنەکە بەردەوام دەبێ:

    – تەنانەت ئەمە لووتی خۆشم نییە، دەستکردە!

    ئەفسەرەکە پشکنینێکی خێرا بۆ لووتە ساختەکەی دەکا. تەماشایەکی خەڵکەکە دەکا. دەڵێ:

    – ها؟!

    یەکێک لە خەڵکەکە دەڵێ:

    – بەڵێ، لووتەکە ئێمە بۆمان دانا.

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – هەر لووتەکە؟

    – شەبقەکەشی. بەڵام جادووبازە!

    خەڵکەکە دیسان دەیکەنەوە بە هەرا و هوتافکێشان. هاواردەکەن:

    – بیسووتێنن! بیسووتێنن!

    ئەفسەرەکە لێیاندەپرسێ:

    – ئێوە ئەم پۆشاکەتان پێلەبەرکردووە؟

    هەمووان بە جیاجیا وەڵامدەدەنەوە:

    – نەخێر.

    – نا.

    – نەخێر.

    یەکێکیان وەڵامەکەی دەگۆڕێ:

    – بەڵێ.

    بە دوودڵییەوە تەماشای هاوڕێکانی تری دەکا، ئەوانیش قسەکەی دەسەلمێنن.

    – بەڵێ.

    – بەڵێ، تۆزێکی!

    – بەڵێ، کەمێکی!

    – بەڵێ، ئەوەتا بالووکەیەکیش بە دەموچاوییەوەیەتی.

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – چی واتانلێدەکا وا هەستبکەن کە جادووبازە؟

    پیاوێک هاواردەکا:

    – منی کرد بە قوڕناویلکە1!

    ئەفسەرەکە سەیریلێدێ، دەپرسێ:

    – قوڕناویلکە؟!

    پیاوەکەش تەماشایەکی خۆی دەکا و هەموو چواردەورەکەشی بە گومانەوە تەماشایدەکەن. کەمێک بێدەنگ دەبن. پیاوەکە دەڵێ:

    – بەڵام چاکبوومەتەوە!

    بێدەنگییەکی ناجۆر بۆ چەند چرکەیەک بەسەر هەموواندا باڵدەکێشێ. یەکێک بە ڕقەوە هاوار دەکا:

    – بەهەرحاڵ؛ بیسووتێنن!

    هەمووان بە ڕقەوە هوتاف دەکێشن و هاواردەکەن:

    – بیسووتێنن! بیسووتێنن!

    لەم کاتەدا پاشاکەیان نزیکدەبێتەوە و لە دوورەوە تەماشادەکا. بەڵام کەس پاشا ناناسێ. ئەفسەرەکە ئاماژەیان بۆدەکا کە هێورببنەوە. دەڵێ:

    – بوەستن! بوەستن! چەند ڕێگایەک هەیە بتوانین بزانین کە ئایا جادووبازە یان نا!

    خەڵکەکە سەیریانلێدێ. دەپرسن:

    – بەڕاست؟ بەڕاست؟ ئێ دە پێمانبڵێ!

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – باشە، پێمبڵێن: چی لە جادووباز دەکەن؟

    هەموو بە یەک دەنگ هاوار دەکەن:

    – دەیسووتێنین! دەیسووتێنین!

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – ئەی جگە لە جادووباز، چیی تر دەسووتێنرێ؟

    یەکێک هاواردەکا:

    – جادووبازی تر!

    بەڵام هاوڕێکەی تەنیشتی سیخورمەیەکی لێدەدا. یەکێکی تر دەڵێ:

    – تەختە!

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – بۆچی جادووباز دەسووتێ؟

    هەمووان بۆ وەڵامێک دەگەڕێن و بێدەنگن. کەس وەڵامی پێنییە. دواتر یەکێکیان بە دوودڵییەوە وەڵامدەداتەوە:

    – چونکە لە تەختە دروستکراون؟

    ئەفسەرەکە دەڵێ:

    – ئافەرین! ڕێک وایە!

    خەڵکەکە هەموو بە بزەی تێگەیشتنەوە دەڵێن:

    – ئەها! ئێ! ئێ!

    ئەفسەرەکەش دەپرسێ:

    – ئێ، ئێستا چۆن بزانین کە ئایا ئەو لە تەختە دروستکراوە یان نا؟

    یەکێکیان دەڵێ:

    – ئەگەر پردێکی لێدروستبکەین!

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – ئەها، بەڵام ئەی ناتوانین لە بەردیش پرد دروستبکەین؟

    خەڵکەکەش بیردەکەنەوە و دەڵێن:

    – بەڵێ… با، وایە!

    ئەفسەرەکە دەپرسێ:

    – ئایا تەختە لە ئاودا نوقمدەبێ؟

    خەڵکەکە دەڵێن:

    – نەخێر.

    یەکێکیان هاواردەکا:

    – سەرئاودەکەوێ! سەرئاودەکەوێ!

    یەکێکی تر قسەکەی پەسەند دەکا و هاواردەکا:

    – با هەڵیبدەینە ناو گۆماوەکەوە!

    هەموو هاوار دەکەن:

    – بۆ گۆماوەکە! بۆ گۆماوەکە!

    ئەفسەرەکە هێوریان دەکاتەوە، لێیاندەپرسێ:

    – چیی تر سەرئاودەکەوێ؟

    خەڵکەکە بە جیاجیا وەڵامدەدەنەوە:

    – نان!

    – سێو!

    – بەردی زۆر ورد!

    – شەربەتی سێو!

    – ئەها، ڕۆناو!

    – گێلاس!

    – قوڕ!

    – کڵێسا! کڵێسا!

    – قوڕقوشم! قوڕقوشم!

    پاشا هاواردەکا:

    – مراوی!

    خەڵکەکە هەموو بێدەنگ دەبن و هەناسەی سەرسامی دەدەنەوە. ئەفسەرەکە و هەمووان ئاوڕی بۆدەدەنەوە، ئەفسەرەکە دەڵێ:

    – ڕێک وایە!

    پاشان ڕوودەکاتەوە خەڵکەکە و دەڵێ:

    – ئێ، کەواتە بە شێوەیەکی لۆژیکی…

    یەکێک لە خەڵکەکە دەڵێ:

    – ئەگەر ئەم ژنە کێشی بە قەد کێشی مراوییەک بێ… کەواتە لە تەختە دروستبووە!

    ئەفسەرەکە دەڵێ:

    – کەواتە…

    هەموو بێدەنگ دەبن.  لەپڕ یەکێک هاواردەکا:

    – جادووبازە! جادووبازە!

    هەمووان چەپڵە لێدەدەن و هوتاف دەکێشن. ئەفسەرەکە دەڵێ:

    – کەواتە دەبێ گەورەترین تەرازوو بەکاربهێنین.

    ژنەکە بەرەو تەرازوویەکی گەورە دەبەن، دەیخەنە تایەکییەوە و مراوییەکیش دەخەنە تاکەی ترییەوە: ژنەکە لە مراوییەکە قورستر دەردەچێ. هەمووان هاواردەکەن:

    – جادووبازە! جادووبازە!

    ژنەکە دەڵێ:

    – لە قافدا گیرام!

    – بیسووتێنن! بیسووتێنن!

    ————————-

    1. قوڕناویلکە: ئاژەڵێکی خشۆکە، لە توخمی مارمێلکەیە.

    ————————-

    ئەمە دیمەنێکە لە فیلمی دۆزی گەڕان بەدوای جامی پیرۆزدا، نووسینی مۆنتی پایثن، دەرهێنانی تێری گیڵیەم و تێری جۆنز.

    وەرگێڕانی: نەوا موکرجی.

  • چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا

    چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا

    چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا[1]

    پ/ کەی؟

    و/ ٨ی ئێوارەی دوێنێ شەو.

    پ/ کوێ؟

    و/ باڵەخانە بەناوبانگەکەی خانەی ئۆپێرای ڕۆژئاوای سلێمانیی نوێ.

    پ/ بە ناوی کێوە ناو نراوە؟

    و/ قادر دیلان. پەیکەرێکی حەفتا مەتریی قادر دیلانیش لەبەردەمی دەروازە مەزنەکەیدایە، بەخێرهاتنی میوانەکان دەکا.

    پ/ ئەو باڵەخانەیە بە چی بەناوبانگە؟

    و/ بە ئەکوستیک و دیزاینە سەرنجڕاکێشەکەی.

    پ/ لە کوێیە و ئەکوستیکەکەی چۆنە؟

    و/ ئەوبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخییە، لە دەرەوە ئەو هەموو فڕۆکەیە هەڵدەفڕن و دەنیشنەوە، کەچی لە ژوورەوە بە موو گوێت لە دەنگی دەرەوە نییە. دەنگی دەرزییەکی ناو هۆڵەکە دەبیستی گەر بکەوێتە سەر زەوی. لە هۆڵی کۆنسێرتەکەدا لە دووریی کیلۆمەترێکەوە دەنگی گۆرانیبێژەکە دەبیستی کە بێ مایکرۆفۆن گۆرانی دەبێژێ.

    پ/ دیزاینەکەی چۆنە؟

    و/ لە ناوەوە لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم، لە دەرەوە لەسەر شێوەی باڵندەی هوما دروست کراوە.

    پ/ هیی چ ئۆرکێسترایەکە؟

    و/ هیی ئۆرکێسترای فولهاڕمۆنیی سلێمانییە.

    پ/ چەند ژەنیارن؟

    و/ نزیکەی سەد و پەنجا.

    پ/ هەموویان کوردن؟

    و/ نا، کوردی هەموو ناوچەکانی تێدایە، بەڵام ژەنیاری بێگانەشی تێدایە.

    پ/ کێ پاڵپشتیانە؟

    و/ بە پلەی یەکەم خۆیان: هەر کۆنسێرتێک ساز دەدرێ بە سەدان هەزار خەڵکی هونەردۆستی شاری سلێمانی و شارەکانی تر و وڵاتانی جیهانیش دێن و بلیت دەکڕن و بێ هێنانی مناڵی شیرەخۆرە و ساوا و گوڵەبەڕۆژە ئامادەی کۆنسێرتەکانیان دەبن و چێژ وەردەگرن. دوای هەموو کۆنسێرتێکیش چەندین دانە لە موزیکە تۆمارکراوەکانیان بە جیهاندا دەفرۆشرێنەوە. بەڵام لە لایەن حکومەتی ناوەندیشەوە بودجەیەکی زەبەلاحی ساڵانەشیان بۆ تەرخان کراوە. چونکە ئەم باڵەخانەیە هاوکات باڵەخانەی زانکۆی مێدیای موزیکیشە، ساڵانە سەدان خوێندکاری کورد و بێگانە لەم زانکۆیە موزیک دەخوێنن و دەردەچن، یەکێکە لە مەزنترین زانکۆ موزیکییەکانی جیهان.

    پ/ دوێنێ کاتژمێر ٨ی ئێوارە چی ژەنرا؟

    و/ سیمفۆنیی یانزەیەمی کوردۆ کاردوخ و دواتریش شاشایادی نەوا موکرجی.

    پ/ هەست و ئەزموونی گوێگرتنەکەت چۆن بوو؟

    و/ باوەڕم بە گوێی خۆم نەدەکرد، دەموت درۆیە ئەو ژەنیارانە بە ڕاستی ناژەنن، ئەو هەموو خەڵکەشی هاتبوون هیچیان مرۆڤی ڕاستەقینە نین!

    پ/ بۆچی؟

    و/ ژەنیارەکان: چونکە ئەوەندە تۆنیان پاک بوو و ئەوەندە ئەو موزیکەیان بێگەرد دەژەند، لە هیی ئەوە نەدەچوو کە لەبەردەمتدا بیژەنن. خەڵکەکەش: لەبەرئەوەی نزیکەی سەد و حەوت هەزار کەسی لێبوو، گوێت لە هەناسەی یەک کەس نەدەبوو، یەک کەست نەدەدی لە ماوەی هەر سێ سەعاتەکەدا جووڵەیەک بکا!

    پ/ ڕا و کاردانەوەی خەڵک بۆ موزیکەکان چۆن بوون؟

    و/ ئەوەی کاردوخ زۆر ستایش کرا، نزیکەی بیست خولەک هەموو ئامادەبووان هەڵستانە سەر پێ و چەپڵەڕێزانیان کرد. هەر ئەمڕۆش بە ملیۆنان دانە لە موزیکە تۆمارکراوەکە لە جیهاندا فرۆشرا. ئەگەرچی ژەندنی شاشایادی نەوا موکرجیش هەر ستایش کرا، بەڵام وەک خودی بەرهەمی موزیکدانەرەکە زۆر بەبایەخ نەبوو، ئۆرکێستراکە تەنهاوتەنها لەبەر ڕێزی ئەوەی کە موزیکدانەرەکە خۆی خەڵکی سلێمانی بووە و وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و کۆششی یەکێ لە هونەرمەندە دێرینەکانی شارەکە جارجار ئەو بەرهەمانەی بە یادی خەڵک دەهێننەوە، ئەگینا جۆشوخرۆشێکی وا بە ڕوخساری خەڵکەکەوە نەبوو.

    پ/ باشە، ڕەخنە لە حکومەت ناگیرێ کە ئەوەندە هاوکاریی خانەی هونەری و هونەرمەندان دەکا؟

    و/ با، ماوەیەک لەمەوبەر هەندێ لە ئەندامانی حیزبەکانی (مەڵۆی یەکانە زۆڵەکان) کە بە (م.ی.ز) ناسراون و و حیزبی (گایەلی وڕێنەچی و وێرانخوازان) کە بە (گ.و.و) ناسراون و هەندێ لە ئەندامە توندڕەوەکانی (کۆمەڵەی خوشکان و برایانی ئەفسانەخوازان) کە بە (کخبا) ناسراون خۆپیشاندانیان ساز دا و داوا کرا حکومەت هاوکاریی هونەرمەندان و زانایان و وێژەوانان بوەستێنێ و ئەو سەرمایە زەبەلاحەی بۆ ئەوان تەرخان دەکرێ لە بەرهەمهێنانی هەندێ بەرهەمی بەسووددا سەرف بکرێ، وەک میزی قتوو و دروستکردنی توول و دارلاستیک و ئامێری بڵندکەری دەنگی هاتوهاوار و هووها.

    پ/ ژمارەیان چەند خۆپیشاندەر دەبوو؟

    و/ دوای سەد و چل و چوار ڕۆژ بە هەر سێ حیزبەکە گەیشتنە بیست و پێنج کەس.

    پ/ کاردانەوەی حکومەت چی بوو؟

    و/ سەرۆکی حکومەت بە کوردییەکی پەتی و جوان وەڵامێکی توندی دانەوە و وتی: «ئەگەر بەرگی هونەر و زانست و وێژە لە بەرمان دابکەنن ئاوەڕووت دەبین و هیچمان نامێنێتەوە! ئێمە لەو سێ بوارەدا پێشەنگی جیهانین، لەبەر ئەو پاڵپشتییەی ئێمەش بوو کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا لە یەکێ لە دواکەوتووترین گەلەکانی جیهانەوە بووینە هێزی باڵا و یەکێک لە شکۆدارترین وڵاتە ئازادەکانی جیهان. چۆن بە قسەی هەندێ تاریکخوازی وەک ئەوان دەکەین؟»

    پ/ ئەی کاردانەوەی خەڵک چی بوو لە دەرئەنجامی وتەکەی خاوەنشکۆیان؟

    و/ خەڵکی کوردستان فشارێکی زۆریان خستە سەر حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی خۆپیشاندەرەکان بۆ زێدەکەی خۆیان، بۆیە حکومەت لەگەڵ باڵوێزخانەی توونەکستاندا ڕێککەوت کە بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان و لە کۆڵ خەڵکی کردنەوە و پشێوییەکەش هێور بووەوە.

    منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ.

    تێبینی: دەتوانی بە ئارەزووی خۆت ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە کۆپی بکەیت و لە هەر شوێنێکدا، جگە لە مێدیای ئەو سێ حیزبەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە، بڵاوی بکەیتەوە.


    [1] لە ڕێکەوتی ١١ی شوبات ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کرد.

  • جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە

    جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە

    جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە1

    ئەوەندەی بە بیرم دێت هەرگیز حەزم بە قەرەباڵغی نەکردووە، بەڵام لێشی نەترساوم. جاران و ئێستاش جارجار پێم دەڵێن کە ئەمە هەڵەیە و دەبێت لەگەڵ خەڵکدا خۆم ئاشت بکەمەوە، وەک بڵێیت کێشەکە منم! خوازیاریشم، کێشەکە من بم و بووبێتم، چونکە زۆر خۆشە هەست بکەیت و بزانیت بەشێکی کۆمەڵەکەتیت و ئەوانیش بەشێکن لێت و متمانەیان پێ بکەیت. جاران نەمدەزانی بۆچی تەنیاییم پێ باشترە، بەڵام ئێستا دەزانم.

    لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینم پشێوییەکی تەواو بێسەرەوبەرە خەرمانەی زۆربەی خەڵکیی داوە. ئەو هەموو وزە مەزنە دەبینم سەرتاپایان وەک هەسارەیەک بە تەوەری مووچە و کلیپ و ئامۆژگاریی داوانەکراوی دینی و گۆرانییەکی نوێی فڵان و قەیرانی جۆراوجۆر و تەنوورە و لەچکی خانمێک و چی و چیی تردا خول دەخۆن. جیهانێک گوڕ و تاف و هەڕەت و وزەی لاوی لە خۆڕا دەمرێت و کەسیش لەوە ناچێت پێی بزانێت، یان بیر لە چارەیەک بکاتەوە.

    ئەمە هەمیشە ڕاستە: ئەگەر ئێستا وێرانەیەک هەبێت، ئەوا ئەم وێرانەیە لێکەوتەیە، واتە کاردانەوەیە، نەک کار. لێرەش بە دواوە ئەم کاردانەوەیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کاردانەوەی نوێ. ئاوها هەردەم لە هەڵدێرانی کاری هەڵە و کاردانەوەی خراپدا دەبین. کرۆکی مەبەستیشم لێرەدا ئەوەیە کە: ئەوەی لە ڕابردوودا کردوومانە بەرەو ئێرەی هێناوین. هیچ سەیر نەبێت لاتان کە ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە.

    دەمێکە خلۆر دەبینەوە

    خوێندنەوەیەکی سەرپێییانەش بە مێژووی کورددا پێت دەڵێت ئێمە دەمێکە لەم لێژگەیەدا خلۆر دەبینەوە و هەڵدەستینەوە. کەواتە دەبێت بە مێژووماندا بچینەوە و سەرچاوەی ئەم دۆخەی ئێستا دەستنیشان بکەین. تکایە با بگەڕێینەوە و دەستکارییەک بکەین و ڕێچکەکە بەرەو وێستگەیەکی نوێ ببەین. با بوێرین بڵێین: «پێشینانمان هەندێک هەڵەیان کردووە و ئەو زانا و دانایە نەبوون کە ئەفسانەکان پێیان وتووین».

    سەیرم لێ دێت کە کەس ناوێرێت بڵێت: «پێشینان هەڵەیان کردووە!». زۆریش سەیرم لێ دێت، چونکە ئێمە بەردەوام بە خۆمان دەڵێین ئەمڕۆ هەڵەین. ئێ هەر ئێمە دەبین بە پێشینانی چەندین نەوەی تر، تەنها لەبەر تێپەڕبوونی کات، ئیتر دەبێت ئەم هەموو نەزانەی ئەم سەردەمە لە نەوەی ئایندە بکرێنە دانا و زانا؟ بۆچی نەوێرین بڵێین لە ڕابردوودا هەندێک هەڵبژاردەی هەڵە بە ئەمڕۆی گەیاندووین؟ قەیچێکە با پێشینانمان هەڵە بووبێتن، ئەوە نییە بۆیان چاک دەکەینەوە؟ یان هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆین و ئۆباڵەکەش، وەک هەمیشە، لە ئەستۆی شتی خەیاڵی بئاڵێنین؟

    من و گۆشەگیری

    خۆم بە سرووشت تەرە و تەنیا و گۆشەگیرم. گۆشەگیرییەکەم هی ئەوە نییە کە دەستم لە خەڵک شوشتبێت، بەڵکو جاران کە نەشمدەزانی کە زۆربەی خەڵک قاوغێکی جوانکیلە و هەرزانبەهای بۆشییەکی فووتێکراون، هێشتا هەر حەزم لە تەنیایی خۆم بوو. هۆکارەکەش ئەوەیە خۆمم خۆش دەوێت و حەز دەکەم زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ خۆم و ئەو شتانەدا بە سەر ببەم کە بە ڕاستی حەزم لێیانە. بۆ نموونە: هونەر و وێژە. بۆیە لای من زۆر ئاسانە سەد ساڵ لەگەڵ خۆمدا بژیم. بەڵام هەموو گۆشەگیر و پەڕەوازەکانی تری ئەمڕۆمان وەک من نین، زۆریان حەزیان بەو تەنیاییە نییە. بەڵکو کەڵەکەبوونی هەڵبژاردە هەڵەکانی دوێنێ زۆر گەنجی پڕوزەی ئەمڕۆی ڕەشبین کردووە و وای لێ کردوون هەر تاوناتاوێک جەڵدەیەکی تەنیایی لێیان بدات. تەنانەت پەی بە هەندێک جوانی و مەزنیی دانسقە و دەگمەنی سەردەمیش نەبەن.

    لادانی نوێ بە ئامانجی نوێ دەگات

    لە نموونەی خۆمەوە پێم وایە دەستکاریکردنێکی ڕەوتەکە ڕەنگە ببێتە هەوێنی ئایندەیەکی باشتر. با کەمێک خولیا بدەینە زانست و هونەر و وێژە، یان ئەو شتانەی دوێنێ خولیامان نەبوون و هەمیشە وتوومانە: «جا ئەوە کەی بۆ ئەم وڵاتە دەبێت؟!». با ڕەوتەکە بگۆڕین و چارەیەکی تر تاقی بکەینەوە. خۆ کورد هەزاران نوشوستیی چەشتووە، ئەوپەڕی نوشوستییەکی نوێ بۆ نوشوستینامەکەمان زیاد دەبێت.

    کاکڵەی پەیام

    کورت و پوخت: پێم وایە لەم سەردەمەدا ئۆباڵەکە من و تۆین. دوێنێش ئۆباڵەکە پێشینانمان بوون. وەبەرهێنان لە وزە و هەڕەتی لاوانی سەردەمدا و ئاراستەکردنیان بەرەو بوارە ئاماژەبۆدراوەکان دەبنە فریادڕەسی ئەو پەتای ڕەشبینییەی گەنجانی گەلەکەمانی لە ئامێز گرتووە. ئاراستەکردنی زانست و هونەر و وێژە و هەلڕەخساندن و پاڵپشتیکردن و سایەداریی لەم بوارانەدا، ئەگەر ئایندەیەکی باشتریش دەستەبەر نەکەن، ئەوا بێگومان هیچ نەبێت ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو دووبارە ناکەنەوە.

    زۆربەمان کۆکین لەسەر ئەوەی کێشەیەکی مەزن لە ئەمڕۆماندا هەیە، ئەی بۆچی لە تاقیکردنەوەی چارە دەترسین؟


    1. لە ٨ی شوباتی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، ٢٥-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. لە پێداچوونەوەی کۆتاییدا ناونیشانەکەیم گۆڕی، پێشتر ئاوها بوو: «پەتای ڕەشبینی، جەڵدەی تەنیایی… بەڵام خولیای نوێی ئاراستەکراوی فریادڕەس». ↩︎

  • ئایا موزیک گرنگە؟

    ئایا موزیک گرنگە؟

    ئایا موزیک گرنگە؟[1]

    بەستێنی نووسینی ئەم وتارە

    (خاتوو شەهێن سابیر لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی ئایا موزیک گرنگە؟ مامۆستا سەڵاح ڕەئوف (وا بزانم) لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا وەڵامی داوەتەوە. من لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەردوو بابەتەکەم دی و خوێندمنەوە. حەزم کرد لە گفتوگۆکەدا بە وتارێک بەشدار ببم، بۆیە ئەم وتارەم نووسی.)

    وتارەکە

    سوپاس بۆ ئێوە و مامۆستا سەڵاح ڕەئوفیش بۆ ئەم باسە.

    موزیک یان مۆسیقا؟

    سەبارەت بە ناوی موزیک یان مۆسیقا: لێکۆڵینەوەیەکی زمانناسییم نووسیوە بە ناونیشانی موزیک یان مۆسیقا ؟ دەتوانن بیخوێننەوە.

    تێری و داهێنان

    سەبارەت بە «تێری و داهێنان»: ئەڵبەت نازانم لە کوێی نووسینەکەتدا ڕاستەوخۆ باسی تێری و داهێنانت وروژاندووە، بەڵام هەر لەگەڵ مامۆستا سەڵاحدا هاوڕام. زیندووێتی بەسە بۆ داهێنان. بە بڕوای کۆنکرێتییم بۆ کاری داهێنان چۆنێتیی کات لە چۆنێتیی ورگ گرنگترە. چۆنێتی مەبەستم لە کوالیتییە. تەنها ژینگەیەکی کەمێک بێدەنگ و بێ دڵەڕاوکێ و بێ هاتوهاوار و بێ سەردانی لەناکاو و بێ ڕووداوی نەخوازراوی ناپێویست ڕەخسابێت، من شاکاری هونەرییت دەدەمێ. چونکە مەندێتیی هونەر پەیوەندیی بە ڕامان و زنجیرەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە هەیە، ئەمانەش پێویستیان بە کاتێکی هێور و ئاشتییانە هەیە.

    دوو تایبەتمەندێتیی خراپی خەڵکانی کۆمەڵگا هەن کە بۆ هونەرمەندێتی خراپن، یەکەم: مرۆڤ بە سرووشت بوونەوەرێکی دەمەوەر و فەرتەنەچییە. دووەم: مرۆڤ بە سرووشت حەز دەکات خەڵکانی تر پەلکێشی بابەت و پڕۆژەکانی خۆی بکات. تەماشاکردنێکی فەیسبووکیش بەسە بۆ سەلماندنی ئەم دوو ڕاستییە. هەموو کەسێک داوات لێ دەکات لە کەمپینەکەیدا بەشدار بیت.

    چۆن کەشی داهێنان ساز بکرێت؟

    بەڵام خۆشبەختانە بۆ سازاندنی کاتی پڕ ئاشتی و سنووردارکردنی خەڵک هەندێک تەکنیک هەن. خودی هونەر-مەند/کارەکان دەتوانن بیسازێنن، بەشێکی بەرچاو کاتی باش دەگوزەرێنێت. دەبێت تا ڕادەیەک لە زۆر خەڵک دوور بکەویتەوە. خۆم لە ساڵێکدا دوو سێ مانگ فەیسبووکم کراوەتەوە و زۆربەی هاوڕێکانمم ئەنفەڵەو کردووە. تەلەفۆنی دەستییم هەمیشە بێدەنگ و بێجووڵەیە. دەرگا لە کەس ناکەمەوە ئەگەر پێشتر لەسەر یەکبینین ڕێک نەکەوتبین، با پێم بڵێت کەسێکی خۆپەرست و خراپم. وەڵامی زۆر نامە و چات و چۆنی و چاکیش نادەمەوە. تا بۆیشم بکرێت خەڵک کەم دەبینم. بە نزیکی هیچ ڕۆژێک نییە خۆم لە پڕۆژە و پلانی خەڵکانی چواردەورم دەرنەهێنم.

    کابرای دراوسێت سەیرانێکی ساز کردووە و لە خۆیەوە پۆستی کەبابچیی بێ پرسی خۆت پێت بەخشیوە. برادەرێکی ترت بە دەستییەکەی کورتەفیلمێک دەکات، یەکسەر تۆی داناوە موزیکەکەی بۆ دابنێیت. دراوسێکەتان کەوانتەری کڕیوە، دایناوە تۆ لە حەماڵییەکەدا یارمەتیی بدەیت. هەموو ئەمانە ئاسوودەیی و کاتی تێڕامان دەکوژن و دەبێت لێیان دوور بیت.

    زۆر جار کە چواردەورم بە کاری ناپێویست دەمتەنن، بۆ توانج دەڵێم: «دەزانن بۆچی بێتهۆڤن لە موزیکدا باش بووە؟ چونکە خەریکی موزیک بووە!» مەبەستم ئەوەیە تۆ دەبێت خەریکی بوارەکە بیت بۆ ئەوەی تیایدا پێش بکەویت. زۆربەی موزیککارانی ئێمە خەریکی بوارەکەیان نین، یان کۆمەڵگا چاوەڕێی کاری تری جگە لە موزیکی لێ دەکات.

    کەی کاتی موزیکە؟

    سەبارەت بە ڕۆژ و کاتی موزیک: لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژی موزیکە، هەموو کاتێک کاتی موزیکە و هەموو کاتێک موزیک گرنگە. لە ئەفەریقا ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام موزیک ناوەستێت! هیچ ڕۆژێک نییە جگە لە کاژێرەکانی پڕۆڤەی خۆم دوو بۆ پێنج کاژێر گوێ لە موزیک نەگرم.

    سەبارەت بە ڕۆژی موزیک

    ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩، یادکردنەوەی ڕۆژی موزیک.

    سەبارەت بە ڕۆژی موزیک کە ٢١ی حوزەیران بێت: ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کاتێکی گونجاو بێت، بەڵام ئەو ڕۆژە لە کوردستاندا زۆر گەرمە. جارێک لە ژیانمدا (وا بزانم ٢٠٠٩ بوو) لە بەردەم ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی سلێمانیدا پیانۆم ژەند و بە تەنیا ئەو یادەم کردەوە، سێ ڕۆژ نەخۆش کەوتم ئەوەندە خۆر لێی دام. هەتاوی ڕۆژەکە زیانی بە ئامێرەکەشم گەیاند. هۆڕنی کۆستەر و پیکاب و لوورەی ئوتومبێلی پۆلیس و فریاکەوتن و ڕادیۆی گرمەگرمکەری زیادکراوی تەکسیگێڕەکان و ڤڕەی مەکینەی ئەو هەموو ئوتومبێلە و بانگدانی نەشازی بانگنەبێژە دەنگنەشازەکانی مزگەوتەکان بەردەوام ڕستی ژەندنەکەمیان دەپچڕاند. هەموو ئەمانە جگە لە حیلکەحیلکی پیادەکان.

    کەواتە کاتەکەمان تەسک دەکاتەوە بۆ شەو دوای بانگی خەوتنان. شەویش پێویستی بە ڕووناکی و کارەبا و وایەر و وایەرکاری و بڵندگۆکاری و ئامادەکاری و بێدەنگکاری هەیە، ئەم ئامادەکارییانەش کاری ژەنیار نین. من هەموو ڕۆژێک بە خەڵک دەڵێم: «پیانۆت بۆ دەژەنم، بەڵام پیانۆت بۆ بار ناکەم! من پیانۆبارکەر نیم! ئامێرەکەم زۆر قورسە و زۆر گرانبەهایە و گواستنەوەشی زۆر ئەستەمە. پێشم خۆش نییە ئامێری خۆم بۆ هیچ بۆنەیەکی تۆ بە کار بهێنم! چونکە کە ئامێرەکەم تێکدەچێت تۆ پێم پێدەکەنیت، بەڵام من کۆستم دەکەوێت».

    کەواتە دەبێت کۆمەڵە کەسێکی باش هەبن کە لە هونەرمەندەکان و کات و ڕێکخستن تێبگەن و بتوانن ئەم ئامادەکارییانە بکەن. واتە ئۆباڵەکە تەنها لە ئەستۆی ژەنیارەکاندا نییە. شیاوترە ڕۆژەکەش بخرێتە کاتێکی فێنکترەوە.

    سەبارەت بە ئەرکدان بە هونەر

    سەبارەت بە مۆنۆپۆلی و بەکارهێنانی موزیک و ئەرکپێدان: من هەرگیز دژی ئەرکپێدان نیم. ئەرک پەرۆشیی زیندووێتی بە مرۆڤ دەدات. بەڵگەش ئەوەیە هەزاران کەس دەبینیت پیشەی زۆر وەڕسکەر و ناخۆش و قورسیان هەیە، کە دەیانبینیت لە خۆت دەپرسیت: دەبێت ژیانی ئەم کەسە چ بەهایەکی بۆی هەبێت وا ئەم کارانە دەکات؟ چی ڕێی لێی گرتووە خۆی بکوژێت؟ کە ڕۆ دەچیتە هۆی ئەوەی بۆچی وا خۆیان ماندوو دەکەن، دەبینیت کە ئەرکێکیان لەسەر شان گرتووە، یان بۆ منداڵەکانیان، یان بۆ دایک و باوکیان، یان برا و خوشکیان، یان خۆشەویست… تد.، ئەرک کرۆکی هاندانە.

    هونەر بۆ هونەر نییە!

    من دژی ئەوانەم کە دەڵێن گوایە هونەر بۆ هونەرە! هونەر بۆ هونەر نییە، دەبێت هونەر لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەرکی هەبێت. ئەم ئەرکپێدانە دەبێت لە لایەن کۆمەڵێک کەسی وشیار و دەوڵەتمەدار و ئاگادارەوە دابین بکرێت. هونەر زۆر شتی مەزن دەکات ئەگەر مێشکێکی باش لە پشتیەوە هەبێت. دەشێت لە جیهانی ئەمڕۆدا حکومەت هونەر ئاراستە بکات، بەڵام ئەم ئاراستەکردنە لیژنەیەکی وشیار و دووربین و ستراتیژی دەوێت. هاوکات گەلێکی کەمێک وشیارکراوەشی دەوێت. چونکە میللەتیش سەری ئەوسەری هاوکێشەکەن.

    بۆ نموونە لە ڕێنیسانسی ئەوروپا پێش پاشاکان هەندێک دەوڵەمەند و خانەدان هونەریان ئاراستە کردووە. یەکێکی وەکو لۆرێنزۆ دێ مێدیچی، کە خانەدانێکی دەوڵەمەندی فلۆرێنسا بووە، پاڵپشتی دارایی زۆر هونەرمەندی گەورەی کردووە و یەکێک بووە لە جووڵێنەرە مەزنەکانی ڕێنیسانس.

    پەروەردەی خەڵکیش کاریگەریی هەیە

    لەم ڕۆژانەدا بەڵگەفیلمێکم سەبارەت بە هۆڵی ئۆرکێسترای هامبورگ بینی، نزیکەی ٩٥٤ ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتیی تێدا سەرف کراوە، بەڵام خەڵک نەیانکردووە بە هاتوهاوار و نەهاتوونەتە سەر جادە و بیڕووخێنن. کەمپینی لە دژ ساز نەدراوە، حەرام نەکراوە، مەلا لە میحرابەوە لە دژی نەیقیڕاندووە، لە فەیسبووک تفی بۆ کۆ نەکراوەتەوە. بە پێچەوانەوە پێوەی شانازن. پێش ئاراستەکردنی هونەر دەبێت میللەتێکی ئامادەی گۆڕانکاری خۆشە بکرێت.

    لە هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار و دوو سەد مزگەوت دروست بکە کەس ناڵێت مەکە، بەڵام هۆڵێکی ئۆرکێسترا دروست بکە قیامەت هەڵدەستێت. پێنج هەزار و دوو سەد مەلا مووچە وەربگرن بەرانبەر گێڕانەوەی چیرۆکی چەقۆکەی ئیبراهیم بۆ سەر ملی ئیسماعیل کەس قسە ناکات، بەڵام ئەگەر نەوەد موزیکژەن لە ئۆرکێسترایەکدا کۆ بکرێنەوە کەبائیر و ئەشڕاطوسساعە ڕوو دەدەن!

    مەبەست لێرەدا ئەوەیە هونەرمەندان سەربازانی گۆڕەپانەکەن، لە پشت ئەم سەربازانەوە دەبێت ئاراستەکەرێک هەبێت، ناکرێت شکستی سوپاکە تەنها بخرێتە ملی سەربازەکان، بەڵکو پشکی شێری شکست بەر پلاندانەر و ستراتیژکارەکان دەکەوێت.

    ئەی چار؟

    هونەر دەبێت ژیرانە پلانی بۆ دابنرێت و ئاراستە بکرێت. هونەرمەندان بە سرووشت کەسانی پەڕەوازەن، لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەمەی ئێمەدا ئەوەندەی تر پەڕەوازە خراون. نابێت ئەم پەڕەوازە پەڕەوازەخراوانە سەرپشک بکرێن خۆیان داهێنان بکەن! ناکرێت ئایندەی هونەریی گەلێکی زیندوو پشت بە کۆمەڵێک پەڕەوازەی پەڕەوازەخراو ببەستێت کە ڕۆژانە لە پێنج هەزار و دوو سەد پێگەوە مژدەی دۆزەخیان پێ دەدرێت.

    هەر با ڕاشکاو بم: ئەگەر پیانۆیەک بهێنمە سەر جادە، کە نایهێنم، لەوە دەترسم کەسانی بارگاوی بە بیری تیرۆریستی بمکوژن، یان پۆلیس و ئاسایش بمگرن! یان چ گەرەنتییەک هەیە خۆم یان ئامێرەکەم پارێزراو دەبین؟

    گلەیی لە ئێمەومانان مەکەن، ئێمە سەربازین، ئامادەین، بەڵام بێ ستراتیژێتی خۆمان بە کوشت نادەین.

    لەگەڵ ڕێزمدا. دووبارە سوپاس بۆ هەردووکتان.


    [1] لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

    بۆ بینینی وتارەکەی خاتوو شەهێن سابیر لێرەدا کلیک بکە.

    بۆ بینینی وەڵامەکەی مامۆستا سەڵاح ڕەئوف لێرەدا کلیک بکە.

  • پیتێکی هەڵقورتاو

    پیتێکی هەڵقورتاو

    پیتێکی هەڵقورتاو

    ماوەیەکە پیتێک لە نووسین و ئاخاوتنی زمانەکەماندا هەڵقورتاوە، نازانم لەکوێوە سەرچاوەیگرتووە، بەڵام دەزانم کە هەڵقورتاوە. ئەویش پیتی (د)ە لەناو کاری بکەرنادیاردا، وەک: بڕدرا، کڕدرا، چێندرا، سڕدرا، دەکڕدرێ، دەبڕدرێ، دەسڕدرێ.

    یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕابردوو ئەمەیە:

    ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار

    ڕەگی کار: دەتوانی بەوە بیدۆزیتەوە کە کارەکە بخەیتە ڕانەبردووی بەردەوامەوە، وەک: کڕین> دەکڕم. لە دەکڕمەوە بۆتدەردەکەوێ کە ڕەگی کارەکە (کڕ)ە.

    جێناوی بکەرنادیار هەمیشە (ر)ە، واتە لە ڕابردوو و ڕانەبردووشدا هەمان شتە.

    نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار هەمیشە (ا)یە.

    بەم شێوەیە:

    چاوگی بڕین دەبێ بە: دەبڕم. دەردەکەوێ (بڕ) ڕەگەکەیەتی: بڕ+ر+ا = بڕرا، بڕراوە، بڕرابوو.

    چاوگی کڕین دەبێ بە: دەکڕم. دەردەکەوێ (کڕ) ڕەگەکەیەتی: کڕ+ر+ا = کڕرا، کڕراوە، کڕرابوو.

    چاوگی چاندن دەبێ بە: دەچێنم. دەردەکەوێ (چێن) ڕەگەکەیەتی: چێن+ر+ا = چێنرا، چێنراوە، چێنرابوو.

    چاوگی سڕین دەبێ بە: دەسڕم. دەردەکەوێ (سڕ) ڕەگەکەیەتی: سڕ+ر+ا = سڕرا، سڕراوە، سڕرابوو.

    یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕانەبردوو ئەمەیە:

    دە+ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار

    نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار هەمیشە (ێ)یە.

    بەم شێوەیە:

    چاوگی بڕین دەبێ بە: دە+بڕ+ر+ێ = دەبڕرێ.

    چاوگی کڕین دەبێ بە: دە+کڕ+ر+ێ = دەکڕرێ.

    چاوگی چاندن دەبێ بە: دە+چێن+ر+ێ = دەچێنرێ.

    چاوگی سڕین دەبێ بە: دە+سڕ+ر+ێ = دەسڕرێ.