نووسەر: newa
-
١٠٠ فیلمی دڵخوازم
[table id=3 /] -

You don’t know me cover by Nawa Mukerji
I love this song of Eddie Arnold, so I spontaneously memorized the text and suddenly decided to record it myself. I wasn’t sure if I can sing it all because I was still having trouble remembering the text. So I took out my camera and tripod, I didn’t find the Tripod mount! And my Zoom Recorder was running out of batteries and I didn’t have any at the moment. So I brought a desk for the camera and the sound is recorded by my iPhone right in front of me (invisible in the video).
I thought I keep the camera rolling, if I got a good take I might use it, but surprisingly, I was very satisfied with the first take! The one you just heard was the first take! So, the magic happened in the first take, why would bother other takes?
Then on my editing software I realized I’m saying “I ever been” which was supposed to be “I’ve ever been”. Yet I was still satisfied with the original first take. And here you are. Enjoy
-

سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان
سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان
نەوا موکرجی
هەرچەندە کەریم زۆر لە من بەتەمەنتر بوو، بەڵام خۆشەویستترین هاوڕێی مناڵیم بوو، هەر لە زووەوە خەریکی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی کۆمپیوتەر بوو. زۆر ڕێزی لێ دەگیرا و بە «داهێنەرێکی مەزن» ناوزەد کرابوو، کەس نەبوو لە گەڕەکدا خۆشینەوێ، ئەگەر خۆشیشیان نەویستایە، هەر ڕێزیان دەگرت کە وا خۆی بۆ کارەکەی خۆی تەرخان کردبوو، تەنانەت باوکم، کە نەیدەهێشت هاوڕێیەتیی کەس بکەم، ڕێزی لەو دەگرت. ئەڵبەت کەریم تەنها خۆشەویستترین هاوڕێی من نەبوو، بەڵکو خۆشەویستترین هاوڕێی زۆرێکی تری مناڵانی گەڕەک بوو.
ستۆدیۆیەکی گەورەی پڕ لە کۆمپیوتەی هەبوو، هەزاران کۆمپیوتەری جیاجیای تێدابوو: کۆن، نوێ، نیوداش، تێکچوو، کەمئەندام، درێژکۆلە، پانکۆلە…تد. بە پێچەوانەی ئێمەشەوە، ئەو کە تەماشای کۆمپیوتەرە ئافرێنراوەکانی خۆی دەکرد لە سەرسامیدا دەمی دانەدەچەقی!
هێشتا نەچووبوومە کۆلێژی پزیشکی، ئەو خەریکی دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی جیاواز و نوێ بوو، هەموو تیشکۆ و تینی خۆی خستبووە سەر ئەو پڕۆژەیە، نیازی وا بوو ناوی بنێ «کۆتالوتکە»، ئەوە دواهەمین زانیاریم بوو لەسەری ببیستم و چیتر دەنگوباسیم نەبیستەوە و لێی دابڕام، چونکە ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی تر و خۆیشم لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام. ئێستا کۆلێژم تەواو کردووە و بۆردی پسپۆڕیشم لە نەخۆشیی دەروونیدا تەواو کردووە، لە شادگەی شار کار دەکەم کە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە.
سێ هەفتە لەمەوبەر چەند هەزار ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرێک بە هەموویان کەریمیان هەڵگرتبوو و تۆپزییانە هێنایان بۆ شادگەکە، ئێمە هەموومان سەراسیمە و واقوڕماو بووین، کەریم هەڵدەلەرزی و دەپاڕایەوە وازی لێ بهێنن و ناوبەناویش هەڕەشەی لێیان دەکرد. پرسگەوانەکە بە دوایانەوە شڵەژابوو و دەیوت: «کاکە، قەدەغەیە ئەو ئاپۆڕایە هەموو پێکەوە بێنە ژوورەوە». بەڵام ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرەکان نەیاندەبیست و پێکەوە لەگەڵ هەڕەشە گەرمەکانی ئافرێنەرەکەیان پشێوییەکی زۆریان لە شادگەکەدا نابووەوە. من فریا کەوتم فەرمان بدەم هەموو نەخۆشەکانی تر بخەنەوە قاوش و ژوورەکانی خۆیان و دەرگایان لەسەر دابخەن نەکا ئەوانیش پشێوییەکە بقۆزنەوە و کار لە کار بترازێ.
چی بکەم؟ دەتوانین نەخۆشەکان بە شرینقەیەک هێور بکەینەوە، یان کارەبایان لێ بدەین، بەڵام چی لەم کۆمپیوتەرانە بکەین؟ بە چی هێوریان بکەینەوە؟ با پشتگیرییان بکەین تا هێور ببنەوە. باشترین چارەسەر پشتگرتنیان بوو، بۆیە کەریممان لێیان وەرگرت و بەستمانەوە و خستمانە ژوورێکی تایبەتەوە، هەر لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش بەردەوام فێیەتی و لەبەر خۆیەوە هەڕەشە دەکا. بەردەوام دەڵێ: «بەس بتانبینمەوە دەبێ هەمووتان بسووتێنم، دەبێ فێرتان بکەم بەهای داهێنەرێکی مەزنی وەک من بزانن». سەرەڕای هەوڵێکی زۆریش، بەڵام منیش ناناسێتەوە.
سێ هەفتەیە چەندین جار لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا دانیشتووین، دەمانەوێ چیرۆکەکەیانمان تێبگەیەنن و بزانین کێشەیان لەگەڵ دروستکەرەکەیاندا چییە. تێگەیشتن و هێوری و دانبەخۆداگرتن لەگەڵ ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا زۆر ئەستەمە، هەر یەکەیان کێشەیەکی هەیە: تیایەتی تا وەڵامێکی ڕاستت دەداتەوە هەزار وەڵامت دەداتەوە کە هیچ پەیوەندیی بە باسەکەوە نییە؛ تیایەتی بە چەندین ساڵ لە دوایە؛ تیایەتی زۆر خاوە و تێگەیشتنی زۆر خراپە؛ تیایەتی بەردەوام فایلی ڕووت پیشان دەدا؛ تیایەتی شت زۆر دەزانێ و فایلی زۆر تیایە، کەچی هیچ لە خەیاڵیدا نییە و هیچ پیشان نادا.
دواجار، بە هەموویان نوسراوێکیان بۆمان نووسی، دوای لابردنی وێنە ڕووتەکان فلتەرکردنی ئەوانەی پەیوەندییان بە باسەکەوە نەبوو، ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان،
ئێمە کەمئەندامین، کەریمە ناموفەڕک ئاوها دروستی کردووین، بە دەستی خۆیشی ئێمەی پڕ کردووە لە ڤایرۆس، ئێمە بەم شێوەیەش خۆمانمان لا پەسەندە، چەندین ساڵە کۆمپیوتەری گەنج و پیر پێکەوە بە ئاشتی دەژین و لەیەک تێدەگەین. بەڵام کەریم بە چوار ساڵ کۆتالوتکەی ئافراند و لەو ڕۆژەشەوە بەردەوام ئەوینداری ئەم کۆتالوتکە خوێڕییەیە، دوای شەش ساڵ بەسەر ئافراندنیدا ئەنتیڤایرۆسێکی لەسەر دابەزاندووە کە هەرچی ڤایرۆس تیایدا هەبوو سڕییەیەوە و دەتوانێ بەرگەی هەموو ڤایرۆسێک بگرێ. یەکبینە ستایشی ئەم کۆتالوتکەیە دەکا… تا ئێرە کێشەمان نییە، بەڵام لە ڕۆژی ئافراندنی کۆتالوتکەوە سەرزەنشتی ئێمە دەکا و لە ڕۆژی دابەزاندنی ئەنتیڤایرۆسەکەشەوە هەموو ڕۆژێک شەقشەقێنمان دەکا و لێمان دەدا و هەڕەشەمان لێ دەکا، بەردەوام فەرمانمان پێ دەدا کە دەبێ وەک کۆتالوتکە کار بکەین. هەوڵی زۆرمان داوە تێی بگەیەنین کە ئەوەی بە کۆتالوتکە دەکرێ، بە ئێمە ناکرێ. چونکە ئێمە کەمئەندامین و ڤایرۆس ناهێڵێ کارەکانمان بە باشی ئەنجام بدەین. ئەوەی ساغێک دەتوانێ بیکا، نەخۆشێک ناتوانێ. بەڵام هەر باوەڕمان پێ ناکا و تفباران و شەقشەقێنمان دەکا. دەڵێ هەر دەبێ هەوڵ بدەن، تا ئێستاش لە ڕقدا زۆرێکمانی شکاندووە و سووتاندووە.
ئێمە وەک سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان، ئەمەمان بە کێشەیەکی یاسایی خۆمان زانی، ئەوەمان هەڵهێنجاند کە کەریم نەخۆشیی دەروونیی هەیە. تکایە بیپشکنن، ئەگەر خۆش بوو یان نەخۆش، هەر بۆ وێزەمانی مەنێرنەوە و نامانەوێ.
لەگەڵ ڕێزدا.
سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان
-

وێنەسازی
1وێنەسازی
وێنەسازی: بە ئینگلی پێی دەڵێن ئیدیتEdit . وەک هەموو جۆرێکی تری هونەرە و کارامەیی و لێزانینی دەوێت. بەڵام هەندێک زانیاریی ناڕاست لە بارەیەوە بڵاو بوونەتەوە کە دەبێت ڕاست بکرێنەوە. مەرج نییە وێنەسازی هەموو کاتێک خراپ بێت. وێنەساز دەیەوێت دوای لابردنی هەندێک نەنگیی ناو وێنەیەک، ئەو وێنە و دیمەنە لەگەڵ تۆدا بەش بکات.
بینایی چاوی مرۆڤ و چاوی کامێرا جیاوازن. کامێرا لە چاو جوانتر نابینێت، چاوی مرۆڤ زۆر لە چاوی کامێرا زیاتر دەبینێت. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵکی جیهان بە تەلەفۆنی دەستی وێنە دەگرن و بە گشتی کۆمەڵێک نەنگیی جیهانیی بچووک و زانیاریی هەن کە شایستەیە بزانرێن.
هەندێک لە نەنگییەکان
- وردە خاڵ و پەڵەی بچووک لە پێستی زۆربەی مرۆڤدا هەیە، بە تایبەتی لە دەموچاویاندا. بەڵام خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت.
- زۆربەی خانمان کە ماسکەرا دەکەن خاڵێک یان چەند خاڵێک لە ماسکەراکەیان دەپرژێتە سەر گۆنایان. خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت.
- زۆربەی خانمان و پیاوە قژدرێژەکان هەمیشە تاڵێک یان چەند تاڵێک هەن لە لێویان گیر بووە. خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت..
ڕاستییەکان
- زۆربەی بەتەمەنەکان کە لە ئاوێنەدا خۆیان دەبینن، وردە چرچییەکانی دەموچاویان یان پشتگوێ دەخەن، یان نایانبینن. یان دەیانبینن و بە هیوای ئەوەن کە ئەوەندە زەق نەبن. ئەمانە ڕەنگە خۆیان بیانبینن یان نا، بەڵام وێنەساز دەیانبینێت.
- زۆربەی مرۆڤە گەنمڕەنگەکان کەمێک خۆیان کاڵتر دەبینن وەک لەوەی هەن.
- زۆربەی مرۆڤە زۆر سپییەکان کەمێک خۆیان تۆختر دەبینن وەک لەوەی هەن.
- زۆربەی ڕەشپێستەکان خۆیان کەمێک کاڵتر و ڕوونتر دەبینن وەک لەوەی هەن. یان وەک ئەوەی لە کامێرادا دەربچن. ڕەنگە کورد لەبەر کەمیی تێکەڵبوونی لەگەڵ ڕەشپێستدا زۆر هەست بەم دیاردەیە نەکات. بەڵام ڕەشپێستی نەگبەت کە وێنەی لەگەڵدا دەگریت، بە تایبەتی لە تاریکی و شوێنی داخراودا، هەر هێلکەیەکی ڕەشی زل دەردەچێت بە ملی لەشێکەوە.
- هەندێک کات کە بە ڕۆژ بە تەلەفۆنی دەستی وێنەی شوێنێک دەگریت، لە دەستییەکەتدا ئاسمان شینتر دیارە بە بەراورد لە ئاسمانە ڕاستییەکەی ئەو چرکەیە.
- زۆر جار پێستی دەموچاو لە وێنەی دەستییدا سافتر و ناسکتر دەردەکەوێت لەو پێستە ڕاستییەی کە لە ئاوێنەدا دەیبینیت.
- کە لە پاڵ ئاسمانێکی شینی تۆخدا وێنە دەگریت، ئاسمان لە وێنەکەدا سپی دەردەچێت.
- زۆر جار ئەو شوێنەی تیایدایت لە وێنەی دەستییەکەتدا تاریکترە لەوەی بە ڕاستی خۆتی تێدایت، بە تایبەتی شەوان.
- هەندێک جار چاوت لە ئاوێنەدا گەورەتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکی مۆبایلەکەتدا دەردەچێت.
- هەندێک جار لووتت یان دەمت گەورەتر یان بچووکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت. یان بە پێچەوانەوە.
- زۆر جار چەناگەت بە گەورەتر یان بچووکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت.
- هەندێک جار خۆت بە تووکنتر یان لووستر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا خۆت دەبینیت.
- زۆر جار باڵات بەرزتر یان نزمتر، خۆت قەڵەوتر یان لاوازتر یان خۆت بە پیرتر یان گەنجتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەبینیت.
- زۆر جار ئەو وێنەیەی گرتووتە خاڵخاڵی بچووکی ناشیرینی زیاتر تێدایە بە بەراورد بەو وێنەیەی بە چاوی خۆت دەیبینیت. بە تایبەتی لە شوێنە تاریکەکانی ناو وێنەکەتدا و بە تایبەتی لە کاتی ڕووناکیی کەمدا.
- وێنەیەک دەبینیت کە هاوڕێیەکتی تێدایە هەندێک جار ڕاستەوخۆ هاوڕێکەت دەبینیت، یان هەندێک جار لە هەندێک وێنەدا پشتینەی هاوڕێکەت سەرنجڕاکێشترە.
- لە وێنەیەکدا دەبینیت نیوەت پەڕیوە، یان نیوەی هاوڕێکەت پەڕیوە، چ بە ئاسۆیی و چ بە ستوونی.
- زۆر جار کەسێکی ڕاوەستاو لە وێنەیەکدا قاچی پەڕیوە و لە پووزییەوە دەرکەوتوە. کەچی بۆشاییەکی زۆر لە بەری سەرەوەی وێنەکەدا هەیە. وەک ئەوەی هەندێک جار لە دەرەوە کە وێنەیەکت دەگیرێت تەنها سەرت دیارە و هەمووی ئاسمانە. ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا ئەمە وێنەی ئاسمانە و سەری تۆی تێکەوتووە؟ یان وێنەی تۆیە و ئاسمان بەشێکی زۆری تۆی داگیرکردووە؟
ئەمانە هەموو پەیوەندییان بە بینینی مرۆڤەوە هەیە.

لەم وێنەیەدا ئاسمان گۆڕاوە، چون ئاسمانی ئەو چرکەیەی شارەکە هێندە پڕهەور نەبوو هونەری وێنەگرتن و وێنەسازی
لەبەر هەموو ئەمانە، هونەری وێنەگرتن دروست بووە و خەڵکانێک خەریکین. لەبەر هەموو ئەمانەشە کە هونەری وێنەسازیش پەیدا بووە. وێنەگر و وێنەسازی ڕاستی زۆر جار هەوڵ دەدەن ئەوەت پیشان بدەن کە چاویان دیونی. بەڵام بیرێکی فراوانتریان بۆ وێنە هەیە. ئەوان بەرپرسیارن لەوەی ئاراستەی بینین بکەن بۆ وێنەکە. ئەگەر وێنەیەک وێنەی تۆ بێت، ئەوا دەبێت کارێک بکرێت کە ڕاستەوخۆ تۆ ببینرێیت. نەک بینەر بە دواتدا بگەڕێت.
زۆر دوورکەوتنەوە باش نییە
خەڵکانێکی زۆریش هەن کە لە وێنەسازیدا زۆر لە وێنەکە دوورتر دەکەونەوە و وای لێ دێت ڕاستینەی وێنەکە ناناسرێتەوە. بەڵام وێنەسازی باش وا دەکات ئەوەت پیشان بدات کە خۆی دیویەتی. ئەوەش لەبەر ئەوەی یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی کامێرا و چاو ئەوەیە کە چاو لە ڕووناکیی ئێجگار کەمدا دەبینێت. بەڵام کامێرا هەموو کات ئەوەندە نابینێت. هەروەها چاو مەودای دینامیکیی2 چەندین قات لە کامێرا زیاتر دەبینێت. لەبەر ئەوە چەندین تەکنیک هەن بۆ ئەوەی وێنەیەک بگریت و دوایی لە وێنەسازیدا وای لێ بکەیت کە لە ڕاستییەکە خۆی بچێت. هەندێک جار ئەگەریش کەمێک لە ڕاستی زیاتر بێت هەر ئاساییە. بەڵام کە زۆروبۆر دەبێت من وەک خودی خۆم حەزم لێی نابێت.
دەبێت وێنە پڕۆسەی وێنەسازی ببینێت
لەبەر هەموو ئەمانە و زۆر هۆی تر وێنەی وێنەگری ڕاستی تا بە پڕۆسەی وێنەسازیدا تێنەپەڕێت نابێت بە وێنەیەکی ڕاستی. بۆیە چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە وێنەسازی کارێکی چەوتە، هەڵەیە. کەسانێک هەن بە چەندین کاژێر خەریکی تەنها یەک وێنە دەبن. چەندین جار بیر دەکەنەوە و بڕیار دەدەن کە چۆن بە باشترین شێوە ئەو وێنەیەت پێشکەش بکەن. ئەگەر خۆیان وێنەگرەکەش بن، ئەوا لە ململانێیەکی تەواودان لە نێوان یادگەیاندا لە کاتی گرتنی وێنەکە و هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی وێنەکانیان لەو دیمەنەی دیویانە.
کەسانێک هەن بە چەندین تەکنیک و تەکنەلۆژیا شت فێر دەبن تەنها بۆ ئەوەی باشترین دیمەنت پیشان بدەن. هەندێکیان چاویشیان لە داهاتە، ئەوەش تەواو مافی خۆیانە کە بەو پیشەیەی پێوەی ماندوو دەبن ژیانیان دابین ببێت. من هیچ وێنەیەکم نییە بڵاوم کردبێتەوە و بە وێنەسازیدا تێنەپەڕیبێت. وێنەسازی بە هەڵە نازانم. بە پێچەوانەوە بە شتێکی باشیشی دەزانم، ئەگەر زیرەکانە و لێزانانە بکرێت، نەک کاتێک لامسەرلاییانە بە مۆبایلەکەت خزێنەرەکانی وێنەسازی ڕادەکێشیت و وا هەست دەکەیت وێنەکەت جوانترە.
-

دەسەڵات و مرۆڤ
دەسەڵات و مرۆڤ1
سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەک
هەندێک جار بەیانییان دەچم بۆ ڕاکردن.
- بۆچی؟ قەرزاریت؟
مەبەستم وەرزشە. لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە دەشتاییەکی فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. هەندێک جار تووشی بەزمی سەیر دەبم. بەیانییەک زۆر ڕامکرد و کەمێک وەستام و لە ئاسمان ڕامام. مانگ چواردە بوو و هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو، بە دەستییەکەم وێنەیەکی خۆم و مانگم گرت و کەوتمەوە ڕێ.
لەو ناوەدا بنکەیەکی لێیە، نازانم هی چییە، بەڵام هەندێک یاساوڵ بە جلی سەربازییەوە دەبینم. بە جۆرێتیی باڵەخانە داڕماو و کۆنەکەیان و جلوبەرگی سەربازە هەژار-دیارەکانیاندا بێت، وا دیارە شوێنێکی ئەوەندە ستراتیژی نییە.
دوای ئەوەی وێنەکەم گرت و گەڕامەوە، یەکێک لەو یاساوڵانە چاوەڕێی گەڕانەوەمی دەکرد و لەسەر ڕێ بۆم وەستابوو. هەر کە نزیک بوومەوە و زانیم نیازی وایە قسەم لەگەڵدا بکات، بیستۆکم لە گوێ دەرهێنا و موزیکەکەم وەستاند و وەستام.
ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ یاساوڵێکدا
یاساوڵەکە یەکسەر پرسیی:
– کاکە، ئەوە چی بوو لەوێ مۆبایلت دەرهێنا؟ وێنەت گرت؟
وەڵامیم دایەوە و وتم:
– بەڵێ.
وتی:
– کاکە قەدەغەیە!
منیش پرسیم:
– چی؟
وتی:
– وێنەگرتن.
پرسیم:
– بۆچی؟
وتی:
– کاکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە، خۆت دەزانیت ئێستا شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە…
ئیتر ئاوها پەیامی قسەکەی تەواو نەکرد و چاوەڕێی دەکرد من خۆم وتەکانی ئەو لە مێشکی خۆمدا تەواو بکەم و لێی تێبگەم. پێیم وت:
– قوربان، ئەگەر سەرنجێکی شێوەم بدەیت کە بە شۆرت و کالە و تیشێرتێکەوەم و بیستۆکێکم لە گوێدایە و ڕادەکەم، پێم وا بێت هەموو کەس بمبینێت دەزانێت کە بۆ وەرزش هاتووم. ئینجا قوربان تەماشایەکم بکە، لە تیرۆریست دەچم؟ لە داعش دەچم؟
یاساوڵەکە وەڵامی دامەوە و وتی:
– نا، کاکە، مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ تیرۆریستیت.
وتم:
– قوربان، یان من کوردییەکەم باش نییە، یان مەبەستت ئەوە بوو.
دیسان دووپاتی کردەوە و وتی:
– نا، کاکە، من ویستم بڵێم وێنەگرتن لەوێدا قەدەغەیە.
وتم:
– قوربان گیان، وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت، جا ئەگەر هەر کامێک لە مانگ یان من موڵکی بەڕێزتین ئەوا پێم بڵێ با داوای لێبوردنت لێ بکەم و هەر ئێستاش وێنەکان بسڕمەوە.
یاساوڵەکە وتی:
– نا، کاکە، بەڵام ئێمە پێمان وتراوە کە وێنەگرتن لەو دەشتاییەدا قەدەغەیە.
کەمێک وەستام و بیرێکم کردەوە بە شێوەیەکی تر پەیامەکەم بگەیەنم. وتم:
– قوربان، ئا ئەویا دەبینیت؟
لەگەڵ وتنی ئەم قسەیە و لەمسەر بۆ ئەوسەری مەودوای بینینی هەردووکمان دەستم ڕاکێشا. یاساوڵەکەش وتی:
– بەڵێ دەیبینم.
وتم:
– قوربان، ئەوە پانزە دۆنمی هی منە، من هەر لەناو زەویی خۆمدا وێنەم گرتووە!
یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، تەماشایەکی منی کرد و تەماشای دەشتاییەکەی کرد. زانیم ئێستا چیتر ئەو دەشتاییە وەک کەمێک لەوەوبەر نابینێتەوە. هەرچەند تەماشای دەکات بیر لەوە دەکاتەوە بۆچی دەبێت ئەوە موڵکی من بێت و ئەو یاساوڵ بێت؟
یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، منیش بێدەنگییەکەم قۆستەوە بۆ ئەوەی کەمێکی تر دۆخی دەروونە ورووژاوەکەی هێور بکەمەوە. وتم:
– ئەوەش ماڵمانە لەو شوقانەداین، هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕووی دا وەرن هەر بە مشتەکۆڵە بمبەن بۆ ئاسایش.
یاساوڵەکە هەر بێدەنگ بوو. ئینجا بڕیارم دا لێی بگەڕێم تا درێژە بە بەیانییەکەی بدات. لێم پرسی:
– قوربان، خزمەتێکت پێویست نییە؟
وەڵامی دامەوە و وتی:
– نا براکەم.
بە ڕێزەوە پێم وت:
– ڕێزت هەیە، بەیانییەکی خۆش.
بیستۆکم لە گوێ کردەوە و موزیکەکەم داگیرساندەوە و کەوتمەوە ڕاکردنی خۆم.
ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە!
من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم. ڕاستت بوێت، کاتی خۆی لە مزگەوتدا فێریان کردم کە ئەگەر ژنێک بە لامدا تێپەڕی و قاچی ڕووت بوو من بە شرینقە تێزاب بکەم بە قاچیدا. لە دینداریدا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو.
باشە بۆچی تێزاب بە قاچی خەڵکدا بکەم؟ جلوبەرگ و شێوازی پۆشینی خەڵک کەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟ باشە تێزاب پرژاندن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادان نییە؟ ئەی ناڵێن خودا هەیە و خۆی لێپرسینەوە دەکات و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بە لێزانیی خۆی سزای خەڵکان دەدات یان پاداشتیان دەداتەوە؟ ئەی کەواتە من کێم لە خۆمەوە لەسەر زەوی ڕۆڵی خودا ببینم و سزای ژنێک بدەم؟ من چوزانم ئەو ژنە کێیە و چییە و چیرۆک و نهێنی و بیروبۆچوون و نیازەکانی چین؟ من بۆچی ببم بە خودا؟
ئەو کاتە پێم وا بوو ئەمە خۆهەڵقورتاندنە لە کاری خودادا، خودا لە من باشتر دەزانێت کێ سزا دەدات و کێش پاداشت دەکات، باشتر وایە لێبگەڕێم خۆم و خەڵک بە ئاشتی بژین و لێپرسینەوەش بۆ خودا بە جێ بهێڵم.
خۆشبەختانە هەرگیز کاری وام نەکرد. وردەوردەش باوەڕم لاواز دەبوو. چونکە ئەم پرسیارانەم منیان خستە نێو پرسیاری ترەوە بەرانبەر بە لایەنە لاواز و نالۆژیکی و دژیەکەکانی تری دین کە لە منداڵیماندا زەفەرمان پێ برابوو و لە مێشکماندا وەک باوەڕی کوێرانە چەسپێنرابوون.
باوەڕم لاواز بوو
ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبووایە نوێژم نەدەکرد. ئەگەر ئاگادار نەبوونایە بە بێ دەستنوێژ نوێژم دەکرد. ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە پێی بوتمایە: «نوێژ بکە»، ڕیکعاتم لە نوێژەکە کەم دەکردەوە. هیچ سوورەت و ئایەتێکم نەدەخوێند. هەر وەکو فاتیحای پرسەگێڕان تا بیست و پێنجم دەبژارد و ئەڵلاهوئەکبەر. ئاوا نوێژەکەم تەواو دەکرد.
تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من دەیکەم خۆخڵەتاندنە! بڕیارم دا نوێژ نەکەم. ئینجا ماڵەوە لێیان پرسیم:
– نەوا بۆچی ناچیت بۆ نوێژ؟
وەڵامم دانەوە و وتم:
– چونکە نایکەم!
ئینجا ئەوان بە سەرسامییەوە وەک بڵێیت هەرگیز خۆیان بۆ وەڵامی وەها ئامادە نەکردبێت و هەرگیز ئەوەیان بە هەڵبژاردە نەزانیبێت کە شتێک هەیە ناوی نوێژنەکردنە، بە سەرسامییەوە پرسییان:
– چییییییی؟
منیش بۆ ئەوەی لە کورتی بیبڕمەوە، پێم وتن:
– گوێ بگرن، یەک کەس پێم نەڵێت نوێژ بکە و مەیکە، تێگەیشتن؟ چیتر لە کەسی قبوڵ ناکەم ئامۆژگاریم بکات و ڕێم بۆ دابنێت. من لەمەودوا خۆم ڕێی ژیانی خۆم دەگرم. دەشچمە گۆڕی خۆمەوە.
دوای ئەمەش لەگەڵ هەموو بانگێکدا بیریان دەخستمەوە کە کاتی نوێژە. وەک بڵێیت بانگەکە دەنگەکەی ڕۆژەڕۆیەک ناڕوات و لەگەڵ هەموو هاوارێکی مەلادا ماڵەکەمان نالەرێتەوە! منیش یەکبەیەکی ئەم ئاگادارییانەم پشگوێ دەخست. دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە، ئیتر پێمیان نەوتەوە چی دەکەم و چی ناکەم.
مەبەستم پاشخانی خۆمە
مەبەستم نەبوو باسی خاڵی وەرچەرخانی دینداریم بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی باسی بابەتێکی هەستیارم کرد، بۆیە درێژەم پێی دا. ئەوەی مەبەستم بوو باسی بکەم ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبووە. ئێمە فێر کرابووین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێت، بە تایبەتی ئەو جۆرەی ئاژەڵ کە پێی دەڵێن مرۆڤ! تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێت، ناتوانم پشیلەیەک بە خێو بکەم. تەنانەت کاتێک هاوڕێیەک سەگێکی پێبێت هەوڵ دەدەم دوور بکەومەوە تا سەگەکە بە لامدا نەیەت.
ئەمە گرێیەکی منداڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە. هەوڵیشم داوە ئەم گرێیە بکەمەوە، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن کە نازانم چۆن دەست بدەمە ئەو پشیلە بەستەزمانە!2 ئاژەڵدۆست نیم، بەڵام دوژمنیشیان نیم. لە هەموو ژیانمدا بەردێکم نەگرتووەتە پشیلەیەک و شانازیشم پێوەی.

ئەم وێنەیە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا گیراوە. دەسەڵاتە گاڵتینەکەمان مەرگی ئەوانی دەهێنا
شەوێک منداڵانی گەڕەک کۆ بوونەوە و بۆقێکیان بە زیندوویی سووتاند. ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لە ئاویلکەدا دەیکرد تا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. ئەو کاتە کە منداڵیش بووم، لەو دۆزەخەدا بەشداریم نەکرد کە بۆ بۆقەکەیان ڕاخست. کە گەورەش بووم ئەو دێڕەی بایۆنی بۆریسثێنسم خوێندەوە کە دەڵێت:
«هەرچەندە منداڵەکان بۆ خۆشی و گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بە گاڵتە و خۆشییەوە نەدەمردن، بەڵکو بە جۆشەوە دەمردن».
چونکە ئەو وێنەیە لە منداڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجمی ڕاکێشا.
لە ماڵەوەم دەدزی بۆ پشیلە
کە منداڵ بووین پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو، من و براکەم ویستمان ماڵیی بکەین، بەڵام دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو خزمان دەیانوت:
– کاکە پشیلەی چی؟! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە، سپڵەیە!
ئێمەش بە دزییەوە گۆشتمان بە پشیلەکە دەدا و خزمەتیمان دەکرد. ڕۆژێک ئاشکرا بووین و چینێکی چاک سەرزەنشت کراین. ئیتر هەرگیز پشیلەمان ڕانەگرتەوە.
سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەکی تر
ئینجا سەگ سرووشتێکی زۆر کەرانەی هەیە، هەر کە دەبینێت تۆ ڕادەکەیت، ئەویش بە دواتدا ڕادەکات! ئێ من قەرزارم ڕادەکەم، تۆ چی؟
من بۆ ڕاکردن گوێ لە جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتی بێتهۆڤن دەگرم، ڕەزمەکەی بۆ نەرمەڕاکردن زۆر گونجاوە، کاتەکەشی بەشی فەڕڕەیەکی تەواوی ڕاکردن دەکات. دەتوانیت خۆیشت تاقیی بکەیتەوە.
جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتەمی بێتهۆڤن بۆ ڕاکردنی بەیانیان زۆر گونجاوە بەیانییەک سەگەلێکی زۆر گەلەکۆمەکییان کردبوو. بەسەر موزیکەکەی گوێمدا گوێم لە دەنگی سەگ بوو، بیستۆکم لابرد، تووتکەیەکی زۆر جوان، ئەوپەڕی تەمەنی بیست ڕۆژ دەبوو، دوام کەوتبوو. وەڕینەکەی زۆر هەتەرانە وەرگرتبوو، دەتوت بۆ مزگەوتی دەکات! خەریک بوو قوڕگی دەردەهات. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵی کرد، ئەویش نەرمونیان بووەوە و لێم نزیک بووەوە. بڕیارم دا واز لە ڕەزمی ڕاکردنەکەم بهێنم و کەمێک کاتی لەگەڵ بە سەر ببەم.
نیو کاژێرێک لەگەڵ تووتکەکەدا یاریم کرد. ئەوەندە ماندوو بوو کە لێم دوور کەوتەوە و دانیشت. سەرنجم دا ئەو تووتکە بچکۆلە نازدارە هەردوو گوێی بڕابوو. زۆر پێم ناخۆش بوو. باشە دەبێت چ ویژدانێک دەستی چووبێتە ئەو تووتکە بچکۆلە و بێدەسەڵاتە؟ نێوان خۆمان بێت، ئەوە تا ئێستاش لە دڵمدا دەرنەچووە بۆیە ئەم نووسینەشم نووسی.
دەسەڵات، دەسەڵات، دەسەڵات!
مرۆڤی پەروەردەنەکراو، یان مرۆڤی بەدپەروەردەکراو بوونەوەرێکی ترسناکە. کە دایبابان لە منداڵییەوە بە خراپی دەسەڵات بە کار دەهێنن و لە بەردەم منداڵەکانیاندا مانۆڕی دەکەن لێکەوتەی ترسناکی دەبێت. بۆ نموونە کە لێیان دەدەن، سزای لەشییان دەدەن.
منداڵەکانیش کە چاوی ئەوانیان بەسەرەوە نەبێت هەمان ڕەفتار لەگەڵ خوار خۆیاندا دەنوێنن. بۆیە کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێکدا دەشکێتەوە ئەتکی دەکەن. ئەگینا ئەگەر وا نییە، کاکی گوێبڕ فەرموو گوێی شێرێک ببڕە، یان تۆ چاک دەزانیت کە ئەم تووتکە داماوە هیچ دەسەڵاتی نییە، بۆیە دەتەوێت دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا مانۆڕ بکەیت. ئەگەر بزانیت کەسێک داماوە و شەڕ نازانێت تێی هەڵدەدەیت. دە پاڵەوان ئەگەر ڕاست دەکەیت فەرموو پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە.
پەروەردەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دووچاری هەڵگرتنی دروشمێکی ترسناکی کردوون، ئەویش ئەوەیە کە گەر دەسەڵاتم بەسەریدا شکایەوە ئەتکی دەکەم، گەر نەشکایەوە مەرایی دەکەم.
تا ئەو دروشمە و ئەو جۆرە ڕەفتارانە چارە نەکرێن نابێت چاوەڕێی حکومەت و دەسەڵاتێکی باشتر بکرێت. چونکە حکومەت و دەسەڵاتیش هەر لە دوو کەسی تری وەک تۆ دروست بووە. بۆ چاککردنی حکومەت و دەسەڵات، یەکەم جار خۆت چاک بکە.
- لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ یاساوڵەکەدا گفتوگۆکەمان کرد. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
- ئێستانان نێوانم لەگەڵ ئاژەڵدا زۆر باشترە. ئێستانان چەند پشیلەیەکم هەن. بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ دایکم دەژیم، پێی خۆش نییە بیانهێنمەوە بۆ ماڵەوە. خۆشبەختانە ئەم گرێ دەروونییانەم کردووەتەوە (شوباتی ٢٠٢٥). ↩︎
-

پەتای تەمبەڵی
1پەتای تەمبەڵی
گەشتی خوێندنت
بۆ ئەوەی زوو فریای قوتابخانە بکەویت ساڵێک گەورە کرایت. لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە دوو». لە پۆلی دووەم و قۆناغەکانی تردا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە قۆناغی داهاتوو». لە خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشدا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی ببی بە شتێک».
گەشتی خێزانییت
بێگومان کەسێتییەکی پەلەکەرت لێ دروست بوو. بۆیە هەموو ڕۆژێک پەلەت لە ماڵەوە دەکرد هاوسەرگیری بکەیت، بۆیە لە نۆزدە ساڵاندا هاوسەرگیریت کرد. کە بە زانکۆ گەیشتیت، لە مانگی یەکەوە دەچوویت بۆ سەیرانی نەورۆز. لە مانگی دووەوە دەچوویت بۆ ئاهەنگی دەرچوون! ئەوەندە پەلەت بوو، خێرا منداڵێکت خستەوە.
گەشتی کارت
هەموو ڕۆژێک واستەیەکت دەکرد تا لە فەرمانگەیەکی حکومیدا داتبمەزرێنن. تەنها فەرمانگەی حکومیشت دەویست، چونکە لات وا بوو شوێنی کاری تر بڕاوە لای حکومەت نەبێت. پاشان بوویت بە فەرمانبەری حکومەت. کە دامەزرایت (نێوان خۆمان بێت) بە درۆوە نوخشەت لە یەک دوو ناسیاوی خۆیشت کرد.
دەبێت هەموو بەیانییەک بوومەلەرزەیەکی پلە نۆ ڕوو بدات تا تۆ ڕابیت و بچیت بۆ کارەکەت. هەنگاوێک بۆ پێشەوە و سیان بۆ دواوە دەچیت بۆ فەرمانگەکەت. مەزاجیشت شەڕی لێ دەپرژێت و هێشتا ڕانەبووە. لانیکەم چارەکێک درەنگ دەگەیتە فەرمانگەکەت.
چۆنێتیی کارت
کاتژمێر نۆ لە نووسینگەکەی خۆتدا و لەسەر مێزی کارەکەت ژەمێک نان دەخۆیت. کاتژمێر دە تۆزێک گوڵەبەڕۆژە دەخۆیت. کاتژمێر دە و نیو چایەک بە دەم باسی لەپاشملەی خەڵکانێک و حیلکەحیلکی ڕووکەشەوە بە نیو کاژێر دەخۆیتەوە. کاتژمێر دوانزە و چارەک لەبەر بۆنی پیاز کەس ناتوانێت سەردانی ژوورەکەت بکات. کاتژمێر دوانزە و نیو بە خەڵک دەڵێیت: «کاتی کار تەواو بوو».
بە درێژایی کاتی «کار»ەکەشت بە دڵی خۆت وەڵامی سەد تەلەفۆنی خزم و هاوڕێ و کەسوکار دەدەیتەوە و خەڵکانیشت لە بەردەمتدا ڕاوەستاندووە. هاووڵاتییان دەشکێنیت، هاوکارییان ناکەیت، ڕێنموونییان ناکەیت. لە ناخی دڵتەوە ڕقت لە هاووڵاتییانی بەردەمتە کە بوونەتە هۆی ئەوەی تۆ ئارامیت لێ تێکبچێت، وەک مەڕوماڵات تەماشایان دەکەیت، بۆت بکرێت لێشیان دەدەیت. لە خۆتەوە بە خەڵک دەڵێیت: «بڕۆ دوو مانگی تر وەرەوە!» تەنها لەبەر ئەوەی وزەت نییە ئەو ڕۆژە کارەکەیان ڕایی بکەیت. لەگەڵ وشەی ناکرێدا هاوسەرگیرییەکی زمانەوانییت کردووە.
کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ لە ماڵەوەیت. سەری مانگیش کە کرێی ئەم گەشتە ڕۆژانەیەت وەردەگریت خۆت بە شایستەی زیاتر دەزانیت، چونکە فڵان کەس لە فڵان شوێندا، کە هەر وەک تۆ وایە بەڵام لە پلەیەکی بەرزتردا، زیاتر وەردەگرێت.
پاڵنەرت چی بوو؟ تەمبەڵی؟
من دڵنیام لەبەر «خانەنشینی» هەوڵت دەدا لە کەرتی حکومیدا دابمەزرێیت، تا کە پیر بوویت مووچەی خانەنشینی بەرانبەر ئەو هەموو خزمەتە پڕ لە بۆنی پیازە وەربگریت. خۆ بە شایستەی زیاتر زانین خوویەکی خراپ نییە، بەڵام لە بەراورددا کەسێکی تر بهێنە بەر چاوت کە لەو بڕە مووچەیەی تۆ کەمتر وەردەگرێت و زیاتریش و بگرە تا پلەی تینپڕووکێنی کار دەکات.
پەیوەندیی تۆ و کات چۆنە؟
تۆ لە پێناوی ئەمڕۆدا ناژییت، بەردەوام لە کاتێکی تردا دەژیت. بۆ ئەوەی ئایندەیەکی گەش بەرهەم بهێنیت، ناکرێت ئێستا خۆت لە خەیاڵتدا تیایدا بژییت. وێنای ئەو ئایندەیە بکە، بەڵام دەبێت لە ئەمڕۆوە بۆی بچیت. لە پێناوی مووچەی چل ساڵی تردا ئەمڕۆ دڵی کەسێک مەشکێنە. ئایندە بەلەمێکە هەموومانی تێداین، ئەگەر نوقم بوو هەموو پێکەوە نوقم دەبین. ناکرێت تۆ تەنها خەمی ئایندەی خۆتت هەبێت و ماف و ئەرکی خۆت و ماف و ئەرکی ئەوانی تر پشتگوێ بخەیت، ئەگەر کاری بەرانبەرەکەت ئاسان ببێت، کاری تۆش ئاسان دەبێت. بۆیە لە ئاسانکردنی کارەکاندا بەشدار ببە.
شوێنکاری تریش هەن
چەندین بەشگە (کۆمپانیا) و ڕێکخراو و کەرتی تایبەتی هەن، ڕەنگە بتوانیت مووچەیەکی زیاتریش تیایاندا بشایستێنیت. بەڵام بەشگە و ڕێکخراو و کەرتی تایبەت داوای ئاستێکی بەرزتر و کارێکی زیاترت لێ دەکەن. زنۆقت لە کاری زیاتر نەچێت! شایستاندنی ئەو مووچەیەی وەریدەگریت ئاسوودەیی دەروونی بە دوادا دێت. چون دڵنیایت ئەو مووچەیەی وەرتگرتووە بەرهەمی خزمەت و ماندووێتییەکی ڕاستی بووە.
تۆوی ئایندە لە دەستی تۆدایە
کە ئەوەندەش ئەو خانەنشینییەت لا پیرۆزە، ئەوا بیرێک بکەوە: سبەی ناتەوێت کە پیر بوویت و توانای ڕێکردنت نەما، بچیتە بانکێکەوە و فەرمانبەرە گەنجەکانی بانکەکە وەک ئێستای خۆت مامەڵەت لەگەڵدا بکەن. ناتەوێت دڵت بشکێنن و بە کەم تەماشات بکەن و کارەکەت بۆ جێبەجێ نەکەن. ئەگەر ئەوانەت ناوێت بەرانبەر بە خۆت بکرێن، خۆت بەرانبەر بە خەڵکی تر مەیانکە.
کلیلی چارەکان کوان؟
بەرنامەکانی کۆمپیوتەر فێر بە. دوو شتی جیاواز فێر بە. زمانی تر فێر بە. با خەونی گەورەت هەبێت. با خولیات هەبێت. با ئامانجت بە سوودی خۆت و نەتەوەکەشت بێت. ئەوەندە لە نەزانیی خۆتەوە سەرزەنشتی زمانەکەی دایکت مەکە کە تەنها هەر ئەو زمانەش دەزانیت!
تۆ وا دەزانیت حکومەت کێیە؟ هەر خۆتیت، بەڵام چەند خۆتێک. ئەگەر تۆ باش بیت ژیان باش دەبێت. ئەگەر تۆ باش بیت ئایندە باش دەبێت. ئەگەر تۆ باش بیت وڵات باش دەبێت. ژیان شایستەی خۆماندووکردنە، شایستەی هەوڵبۆدانە، شایستەی شایستاندنی ڕاستینەیە. پەرە بە خۆت بدە، خۆت کلیلی چارەکانیت، یان بەشێکیت لە کلیلە گەورەکەی چارەکان.
ئێستات چاک بکە، بەیانی هەر ئێستایەکی ترە، ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم ئێستا پەرەپێدراوەت بونیاد بنرێت، ئەوا دڵنیا بە باشتر دەبێت، ئەگەر لەسەر بنەمای ژیانە کۆنەکەشت بونیاد بنرێت، ئەوا دڵنیا بە دۆزەخ دەبێت.
تێبینی لەسەر وشەی تەمبەڵی
تەمبەڵی: تەمبەڵی لە تەمبەڵ-ەوە هاتووە. لە ڕیشەدا وشەیەکی لێکدراوە لە تەن و بەڵ پێک هاتووە. تەن واتە لەش، وەک لە وشەی تەندروستی-دا هەیە. بەڵ واتە ئەوەی ئاوساوە، وەک برنج کە زۆر ئاو دەکێشێت بەڵ دەبێت و قورس و زل دەبێت. کەواتە تەنبەڵ لە ڕیشەدا واتە ئەوەی لەشی ئەوەندە ئاوساوە کە ناتوانێت کار بکات و هەڵبسووڕێت. دەنگی م لە پێش دەنگی ب-دا گۆڕاوە و بووە بە م. بە تەمەڵ و تەممەڵ و تەنبەڵ-یش دەنووسرێت.
- لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ و ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.
↩︎
- لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ و ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.
-

چۆن تەماتە دەخورێت؟
چۆن تەماتە دەخورێت؟1
لە کەبابخانەکان تەماتەیەکت بۆ دەهێنن بە قەد دوو سندی دەبێت، تەنها دوو کەرتیان کردووە. هەرگیزیش چەقۆیەکت بۆ ناهێنن تەماتەکەی پێ قاش بکەیت. وەکو نەریتێکی باویش هەموو کەبابخانەکان و تەنانەت عەرەبانەی سەر جادەکانیش کوێرانە هەر وا دەکەن.
باشە کەس تا ئێستا نەیپرسیوە: «ئەرێ تەماتە چۆن دەخورێت؟ ئایا بە قاڵب دەخورێت؟ بە نیوقاڵب؟ ئایا تەماتەی سەر قاپەکە بۆ دەمت دەبەیت؟ یان دەمت بۆ تەماتەی سەر قاپەکە دەبەیت؟» هەر چۆنێک لێکی دەدەیتەوە کە ئەگەر ئەو کەرتە بۆمبە بخەیتە دەمتەوە بیست خولەک جوینی دەوێت. ئەگەر بیشیخەیتە ناو پارووەکەتەوە لە کاتی قەپلێدانەکەدا لەژێرەوە یان دادەچۆڕێت، یان فیق تەماتەکە خۆی دەخزێتە کۆشتەوە و لە هەردوو بارەکەدا تاتایە لەکەکەی بە جلەکانتەوە لێنابێتەوە. تەنانەت لەو چێشتخانانەشدا کە شێفەکانیان یان تورکن یان نیمچەتورکن هەر هەمان تاس و حەمامە، بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە لەوێ تا ڕادەیەک دەوێریت داوای چەقۆ بکەیت، یان خۆی لەسەر مێزەکە دانراوە.
هەموو نەریتێک شایستەی هێشتنەوە نییە2
لە سایەی پەتای دەبەنگییەوە، کە زۆربەی خەڵکان سەربەرزانە هەرچی خووی خراپ هەیە بە ناوی «خاکێتی» و «سادەیی»ەوە پەیڕەوی دەکەن، خوانەخواستە ئەگەر لە چێشتخانەیەکی میللیدا داوای چەقۆ یان چەتاڵ بکەیت، کە هێمای جیهانیی چێشتخانەن، پێت ڕادەبوێرن و لەوانەشە تووشی شەڕ ببیت. شاگردەکە دێت و دەڵێت: «چەقۆت بۆ چییە؟ شەڕ دەکەیت؟» تۆش دەڵێیت: «نا، ئەو تەماتەیە قاش دەکەم». ئینجا ئەو دەکەوێتە ئامۆژگاریکردنت و دەڵێت: «کوڕە هەر وا بکە دەخورێت، ئەوەندە ناسک مەبە! دەترسم تۆ لەوانە بیت کە بە چەتاڵیش نان دەخۆیت و بە باوکیشت دەڵێیت پاپی؟! کوڕە بابە تۆزێک خاکی بە و وەکو خەڵک بژی!». ئەگەر داوای چەتاڵیش بکەیت دەڵێن: «چییە مامە؟! چەتاڵت بۆ چییە؟ کوڕی دکتۆرە ناسکەیت؟ خولە، ئا بڕۆ چەتاڵێکی بۆ بکڕە، ئەم برادەرەمان کوڕی عەقارییە و بە باوکی دەڵێت پاپی!». خولە دێت و دەڵێت: «چەتاڵت بۆ چییە؟ هەر وا بکە دەخورێت. قەیچێکە با دەستت پیس بێت! شت بە پیسی خۆشە!». من جگە لەوەی لە پەتای دەبەنگیی خەڵکی گشتی نیگەرانم، ئێستا پرسیارە سەرەکییەکەم تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. چۆن تەماتە دەخورێت؟
- لە ٨ی ئابی ٢٠١٣دا نووسیومە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
- لە لاقەکردنی دیاسدا بە درێژی لەسەر ئەم وتەیە دوواوم. ↩︎


