
ئەگەر بیرتان بێ لە ناوەڕاستی 2017دا دەستمکرد بە بڵاوکردنەوەی هەندێ موزیک بۆ ئۆرکێسترا، چوار دانەم لێ بڵاوکردنەوە و لەپڕ وەستام. چیرۆکەکە بەم شێوەیە بوو:
من ماخۆلانم هەیە! لە چرکەیەکدا خەریکی سەد شتم. لەبەرئەوەی فایلی کراوەم ئێجگار زۆر بوو و هەمووی موزیکی کورت کورت بوون و هیچیان تەواونەکرابوون. لە 2017دا بەڵێنم بەخۆم دا کە چیتر تەنها پڕۆژە دەستپێکەر نابم و پڕۆژە تەواوکەر دەبم.
بۆیە نەخشەیەکی درێژخایەنم کێشا کە ئەو موزیکە تەواونەکراوانەی پێشووم هەموویان بۆ ئۆرکێسترا دابەشدەکەم. هەریەکەیان قورسایی لە شوێنێکدا بێ، بۆ نموونە یەکەمیان قورسایی موزیکەکە لەسەر ئامێرە ژێدارەکان بێ، دووەم لەسەر پیانۆ و درەمس، سێیەم لەسەر باس ترۆمبۆن، چوارەم لەسەر سیانینەیەکی ژێدار. هەریەکەشیان لەسەر ڕەزم و خێراییەکی جیاواز بێ. فۆڕم و تەکنیکەکانی موزیکدانانیش لە دانە بەدانەیاندا تاقیبکەمەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم کارەدا وردەوردە خۆم لە بە ئۆرکێستراکردندا پێشبخەم و زانستییانە خۆم فێربکەم. بۆیە لەگەڵ موزیکدانانەکەدا هەندێ پەڕتووکی بەئۆرکێستراکردنم دەخوێندەوە و وانەکانیم لە کارەکانمدا تاقیدەکردەوە. زۆری نەبرد کە بۆمدەرکەوت لە ڕووی بەئۆرکێستراکردنەوە چەند کێشەیەکم هەیە، کێشەکانیش دانە و دوان نەبوون، دەبوو چاکبکرانایە. بەڵام چوار دانە لە موزیکەکانیشم بڵاوکردبووەوە کە هەڵەی چاکیان تێدابوو، ئەوانیش (ئیلێجی، فڕینی فریشتە، سەمای جنۆکەکان، دڵدارەکە و دایکوباوکی) بوون.
دەشمویست ئەم موزیکانە خزمەتی چیرۆکێکیش بکەن. دامنا بە ڕێبازێکی تاقیکردنەوەییانە بڕۆم و چیرۆکەکە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی نەنووسمەوە، بەڵکو پارچە پارچە بەپێی پێویستیی موزیکەکان چیرۆکەکە ئاراستە بکەم. بەڵام هێڵێکی گشتیی چیرۆکەکەم دەزانی، ئەویش ئەوەیە کە کەسێک دەمرێ و چیرۆکی دوای مردنی باس دەکەین. بۆیەش بە (ئیلێجی) دەستمپێکرد کە ئیلێجی موزیکی پەژارە و ماتەمینییە. بەڵام دوای ماوەیەک بەربەستی گەورەم بۆ دروستبوو، بۆم دەرکەوت ئەو ڕێبازە تاقیکردنەوەییە هەڵەیە و هەڵەیەکی مەزنم کردووە و دەبوو چیرۆکەکەم دابڕشتایە ئینجا موزیکەکانم لەسەر دابڕشتایەتەوە. دیسان هاتمەوە بزانم چۆن چیرۆکەکە دابڕێژم. چیرۆکەکەم ناونا (شاشایاد)، بە ناوی کەسێتییە سەرەکییەکەیەتی کە ناوی (شاشا) یە و لەبەرئەوەشی زۆرم حەز لە ئەفسانەیە، حەزمکرد ئەفسانەیی بێ. شاشا کاردوخ کوڕێکی گەنجە، تازە ئەوینداری کچێک بووە، دەمرێ. کچە خۆشەویستەکەی لەم دنیا دڵی دەشکێ و تووشی خەمۆکی دەبێ، ئەویش لەو دنیا تووشی خەمۆکی دەبێ، بەڵام بەر جیهانێکی نوێ دەکەوێ. فریشتەیەک بەرەو جیهانی مردووانی دەبا، لەوێ جنۆکەکان سەمای بەخێرهاتنی بۆ دەکەن. شاشا هێشتا بە دەروون لە دنیای زیندوواندایە و کچەکەی خۆشەویستیشی مردوویەکی جیهانی زیندووانە. ڕۆژ دێ و دەڕوا کۆمەڵێ گیانداری زەبەلاح دەست بەسەر شارەکەدا دەگرن و کچە ناچار دەبێ شوو بە پاشای ئەم زەبەلاحانە بکا. پاشتر کچە دەمرێ و شاشا و کچەکە لە جیهانی مردووان بە یەک شاددەبنەوە و هاوسەرگیری دەکەنەوە. زۆر نابا و لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی جیهانی زیندووان؛ پاشا زەبەلاحەکە دەکوژرێ و کە دێتە جیهانی مردووانەوە کچەکەی دەوێتەوە و شاشاش کە کوڕێکی ئاساییە، دەبێ ئێستا بەرەنگاری ئەم دەعبا زەبەلاحە ببێتەوە. لەم بیروبۆچوونانەدا بووم و بیرم لەوە دەکردەوە چۆن ئەم کێشە درامییانە چارە بکەم، ئیتر بەتەواوی دەستم لە پڕۆژەکە هەڵگرت تا ئایندەیەکی نادیار.
لە ماوەی ڕابردوودا یەکەمم چاککردەوە و کەمێک خەریکی چاککردنەوەی دووەم و سێیەمیش بووم. بەڵام هێشتا تەواو نەبوون. لە ڕەنگڕێژییە نوێکەمدا هەندێ شتی ترم زیاکردووە و ڕەنگە لە ئایندەدا ببێ بە ئۆپێرا. ئەمڕۆ هەر چوار ڤیدیۆکەم لە یوتیوبەکەمدا بۆ تاتایە کردەوە، کە چاکمکردنەوە دووبارە بە ڤیدیۆی نوێ دەیانخەمەوە یوتیوب. هیوادارم چێژی لێببینن.
سەمای جنۆکەکان یەکێکە لەو موزیکانەی کە لە خەیاڵمدان و خۆزگەم وایە لە پرسەکەمدا (ئەگەر وێراتان بۆم بگێڕن) لێیبدەن و سەمای لەگەڵ بکەن، چونکە من باوەڕم بەوە نییە مردوو پێویستی بە شیوەنی کەس هەبێ. ئەگەر منتان خۆشدەوێ دەبێ ڕێز لە بیروڕام بگرن و هەموو شتە ئۆتۆماتیکییەکانی پرسەگێڕان لە پرسەکەمدا نەکەن. ئەگەر لەخۆتانەوە وابکەن دڵنیا بن هیچیانم ناوێ و ئاسوودەش نابم و سوپاسی کەسیش ناکەم و لە بەردەرگاکە ناوی من لەسەر لافیتەکان بسڕنەوە، چونکە ئەوە ئەو شوێنە نییە کە من دەمەوێ. هەندێکتان چاک دەزانن لای من بۆنەی پرسەگێڕانی کوردی بە قێزەونترین دیاردە و نەریت دەزانم. لە ئەلف تا یای ئۆتۆماتیکییە و ناشرینە و لەگەڵ هیچیدا نیم. هەر لە پۆستی فەیسبووک و کۆمێنتەکانیەوە بگرە، تا لافیتەی ناشرینی ڕەش بە کوردییەکی هەڵە نووسراو و تا دواهەمین چای زیاکوڵاو و تەزبیحبادان و باسی عەرزە و خانووەکەی ماڵەوە و دواهەمین فاتیحاکەش. ئەگەر هیچ لەسەر من فێرنەبووبێتن؛ ئەوە بزانن: من ڕقم لە هەموو نەریتێکی ئۆتۆماتیکی و پرسیار لەسەر نەکراوە. من بە زیندوویی حەزناکەم لە هیچ شتێکی ئۆتۆماتیکیدا بەشدار ببم، کە مردیشم حەزدەکەم ڕێز لە بیروبۆچوونەکەم بگیرێ. خەمتان نەبێ؛ گەر وا بکەن دنیا کاول نابێ!
بەڵێن بێ هەر دەرفەت هەبێ شاشایاد تەواوبکەم، بەشکم ببێ بە ئۆپێرایەکی کوردیی دانسقە. گلەییشم زۆر لێمەکەن… مرۆڤ بە تەنیا و بێ هاندەر، باوەڕ ناکەم زۆر لە من باشتر بێ.
سوپاس.
نەوا.