وتار و ڕاپۆرت

جوانکاریی خانمان و کاردانەوەی خەڵک

جوانکاریی خانمان و کاردانەوەی خەڵک[1]

لەوەتەی دونیا دونیایە خانمان خۆیان جوان دەکەن، هەر سەردەمێک و بە تەکنیکی بەردەست، ئێستاش و لەم سەردەمەماندا تەکنیکی باو بۆتۆکس و فیڵلەر و شتی تریشە.

سەرنج دەدەم زۆربەی ئەوانەی دژی فیڵلەر و بۆتۆکسن، وەک هەمیشە، پیاون. کەمتر خانمان دەبینم کێشەیان لەگەڵ بۆتۆکس و فیڵلەردا هەبێ و لەسەری بدوێن، ئەمیش لە ڕاستیدا نەریتی بۆماوەی چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەرە کە پیاو ژن بە موڵکی خۆی دەزانێ و بە مافی خۆی دەزانێ خۆی لە هەموو شتێکی خانماندا هەڵبقورتێنێ و بڕیار لەسەر جوانی بدا. ئەگەرچی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەدوێم، بەڵام با هەر زوو ئەم دەرگایە بۆ ئەوانە دابخەم کە وا بیر دەکەنەوە: ژن موڵکی پیاو نییە، بۆیە وردەوردە لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا خۆت ڕابهێنە.

جوانکاریی خانمان کاردانەوەیە نەک کار: کە تۆپێک دەهاوی و بەر دیوارێک دەکەوێ، هاویشتنەکە کارەکەیە، گەڕانەوەی تۆپەکە کاردانەوەیە. ئێوە زۆر سەیرن کە هەمیشە خۆتان سەرقاڵی کاردانەوە دەکەن. بۆ چارەی ئەمە، دەبێ کارەکە بدۆزیتەوە و بزانی چییە، چی وا دەکا خانمان خۆیان جوان بکەن؟ کارەکە چارە بکە، کاردانەوەکە نامێنێ. تۆپەکە مەهاوە، ناگەڕێتەوە. بۆیە تا ئێستا پرسیوتە: بۆچی خانمان خۆیان جوان دەکەن؟ وەڵامەکەی زۆر دوور نییە، هەر لەناو واتای وشەی «جوانکاری» خۆیدا هەیە، لەبەرئەوەیە خۆیان بە ناشرین دەزانن. بۆچی خۆیان بە ناشرین دەزانن؟ بێگومان لەبەرئەوەی ئەم هەستکردن بە ناشرینییە کاردانەوەی کارێکە کە پێشتر ڕووی داوە. لەبەر هەمان ئەو هۆکارەیە تورک کورد دەکوژێ، موسوڵمان ڕقی لە هونەرمەند و ملیۆنێک شتی ترە، سەرمایەدار ڕقی لە کۆمۆنیستە، سپیپێست ڕقی لە ڕەشپێستە، ئاینەکان ڕقیان لە یەکترە، هۆکارەکەش ئەوەیە: ئێمە سروشتمان قبوڵ نەکردووە و دژی سروشت دەژین، ڕەفتار و کردار و بیرکردنەوەشمان دژی سروشتە. سروشت یەک هەسارەی پێمان داوە، ئێمە خۆمان لە سووچێکدا بەستووەتەوە و سنوورمان کێشاوە؛ سروشت ئازادی کردووین، ئێمە دەچینە قەفەزەوە؛ سروشت خۆشەویستیی پێمان داوە، ئێمە ڕقمان هەڵبژاردووە؛ سروشت گۆرانیی لە قوڕگی تاکبەتاکماندا داوینەتێ، ئێمە حەڕاممان کردووە.

ئەو خانمە لەناو خۆیدا خۆی بە جوان نازانێ، هەر لەگەڵ دەبێ بە هەرزەکار و چاوی بە دونیادا دەکاتەوە هەموو ڕۆژ تۆ دەبینێ وەکو مرۆڤ هیچ گرنگییەکی پێ نادەی؛ وەک هیچ شتێکی تر قبوڵی ناکەی مەکینەی سێکس نەبێ؛ هەموو ئازادییەکیت سنووردار کردووە؛ بەردەوام سنووری بۆ دەکێشی؛ هەموو ڕۆژ کەسێکی ترت لەو دەوێ کە ئەو ئەو کەسە نییە. بۆیە لەناو خۆیدا داڕماوە، دەچێتە بەر ئاوێنە و دەعبایەک دەبینێ، دەیەوێ قبوڵ بکرێ، دەیەوێ جوان بێ، تینووی ئەوەیە خۆشبویسترێ. کەچی کە هەوڵ دەدا خۆی جوان بکا و خۆشەویست بێ، دیسان جەنابت دێیتەوە و سەرزەنشت و سەرکۆنەی دەکەی کە ئەوەش هەر جوان نییە؟ تۆ کێی پێناسەی جوانی دەکەی؟ تۆ کێی ماف بە خۆت دەدەی لە بری هەموو جیهان بڵێی ئەمە جوانە و ئەوە جوان نییە؟ تۆ کێی سنوور بۆ جوانی دادەنێی؟ کێ ئەم مافەی بە تۆ دا ببیتە دادوەری جوانی؟ من سەیرم لێ نایە مەلا ببینم دژ بە بۆتۆکس و جوانکاری ملی خۆی بئاوسێنێ و بشیڕێنێ، چونکە بە درێژایی دە هەزار ساڵە ئاین لە سنووردانان و لەقاڵبدان و تەسککردنەوەی سروشتدا پشکی شێری بەردەکەوێ. بەڵام سەیرم لێ دێ هاوڕێ ڕۆشنبیرە سەربەخۆکانم جبە و مێزەری مەلاکانیان پۆشیوە و لە بری ئەوان هێرش دەکەنە سەر ئەو خانمانە. ئەو خانمانە بۆیە بە دوای جوانیدا وێڵن چونکە حەوت ملیار کەسی وەکو تۆ بەردەوام لە دیدی خۆیانەوە پێناسەی جوانی دەکەن. هەموو خەڵکانی پێشووش هەر وەکو تۆ لە دیدی خۆیانەوە پێناسەی جوانییان کردووە و سنووریان بۆی کێشاوە. بۆیە ئەو خانمانە سەریان لێ شێواوە نازانن جوانی چییە. لە کاتێکدا جوانی ڕێژەییە، لە تۆوە بۆ من دەگۆڕێ و بەقەد ژمارەی هەموو مرۆڤێکی زیندوو و مردووی زەوی پێناسەی جوانی هەیە.

دە هەزار ساڵە ئێمە فێر دەکرێین چۆن دژی سروشت بین؛ چۆن هیچ شتێک وەک خۆی قبوڵ نەکەین؛ ژیانمان بۆ پێناسە کراوە و بۆمان دیاری کراوە و تەسک کراوەتەوە کە دەبێ وا بین و وا نەبین و قاڵبمان بۆ داڕێژراوە و لە قاڵب دەدرێین؛ دەبێ بە دڵی ئەو کەسە بین کە لەوێوەیە، کە بە دڵی ئەو کەسەی ئەوێوە دەبین ئەم کەسەی تر لێرەوە تووڕە دەبێ؛ هەر لە تەمەنێکی زووەوە دایکت، یان باوکت، پێت دەڵێ هاوڕێیایەتی فڵان و فیسار مناڵ مەکە، ئەوانە خوێڕین؛ ڕابەرە ئاینییەکەت تۆ لە هەموو ئاینەکانی تر جیا دەکاتەوە، ئەگەر تۆ ئەم سەرموقولاتە بدەی باشتری لەو کە لەخۆیەوە دەست بادەدا؛ ڕامیارەکان سنوورێکی بێواتایان لەسەر زەوییەکی ئازاد بۆ کێشاوی و حکومەتی زل و زەبەلاحیان بۆی داناوە و سەربازیان بۆی داناوە کە بەرگری لەم هێڵە بێواتایانە بکەن کە دژی سروشت کێشراوە، خەڵکی ئەمدیو سنوورە بێواتاکە گۆش دەدەن ڕقیان لە خەڵکی ئەودیو سنوورە بێواتاکە بێ و یەکتر بکوژن.

ئێمە کەی فێر دەبین سروشت وەک خۆی قبوڵ بکەین؟ ئەو کەسە وەک خۆی قبوڵ بکەین کە قژ درێژ دەکاتەوە؟ ئەو کە سفری دەکا، ئەوی تر کە بە دەرپێیەکەوە دەسووڕێتەوە؟ ئەو کە بە بەتانییەوە دەسووڕێتەوە؟ ئەو کە گۆرانی دەبێژێ؟ ئەو کە بە تورکی دەدوێ؟ ئەو کە سەما دەکا، ئەو کە پێدەکەنێ؟ سروشت پەیامەکەی زۆر ڕوون و ئاشکرایە: تۆ هەر سنوورێک بکێشی من تێکیدەدەمەوە؛ تۆ چەند جیاکاری بکەی، من لە ناوت دەبەم؛ تۆ چەند قاڵب دروست بکەی، من دەیشکێنم. دەنا کوان ئەو هەموو گەلە مەزنانەی پێشوو هەبوون؟ کوان هەموو ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنەکانی جیهان؟ کوا ئەکەدییەکان؟ کوا میسڕییە دێرینەکان؟ کوا دەوڵەتی ڕۆم؟ کوا ئەسکەندەری مەکەدۆنی؟ کوا پاگانییەکان؟ کوا ڤایکینگەکان؟ کوا حیتییەکان؟ کوا میتانییەکان؟ کوا فینیقییەکان؟ کوا ئازتێکەکان؟ کوا دەوڵەتە مەزنەکەی مەنگۆلییەکان؟ کوا عوسمانلییەکان؟ کوا ئیلخانییەکان؟ کوا کێ و کێی تر؟ ڕۆژبەڕۆژ بە چاوی خۆمان ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنەکەی ئینگلیز دەبینین بچووکتر و بچووکتر دەبێتەوە تا ڕۆژێک دێ هەر نامێنێ، دەزانی بۆچی؟ چونکە هەموویان سنووریان کێشا و سروشت سنوورەکەی بۆ تێکدانەوە. سروشت سنووری ئێمەش تێکدەداتەوە. دەزانی چەند جار سروشت سنووری سڕیوەتەوە و مرۆڤ هەر فێر نەبووە سنوور نەکێشێ؟

تا فێرنەبین هێڵی سنوورەکان بسڕینەوە و لەگەڵ سروشتدا هاوئاواز ببین و واز لە ڕق بهێنین بەرانبەر بە کۆمەڵێک کەس، کە کەمێک لە ئێمە ناچن و هاوتێڕوانینمان نین، تا فێر نەبین قاڵبەکان بشکێنین، تا فێر نەبین حوکم لەسەر کەس نەدەین، تا فێر نەبین خۆشەویستی بڵاو بکەینەوە، تا فێر نەبین بە ئازادی بیر بکەینەوە، گۆرانی ببێژین، ئەوا چاوەڕێ مەکە خانمان واز لە جوانکاری بهێنن؛ پیاوان واز لە خەتکردنە-برۆ و برۆ-هەڵگرتن بهێنن؛ گەلان یەکتری نەکوژن. کە ئێمە یەکمان وەک خۆمان قبوڵ کرد، ئەوکات هەر ئەو ئافرەتەی ئەمڕۆ دەچێتە بەر ئاوێنە و تۆپەڵە گۆشتێکی ناشرینی قێزلێهاتووەوە دەبینێ، سبەینێ لەبەر ئاوێنەکەدا باوەش بە خۆیدا دەکا.

دەستهەڵبگرن لەوەی بتانەوێ هەموو کەس وەک ئێوە وا بێ، سروشت کەسی وەک کەس دروست نەکردووە، هەلی ژیانی بێهاوتا و تایبەت و تاقانەی بە یەک بە یەکمان بەخشیوە. بزوێنەری کێشەکان ئەوەیە تۆ دەتەوێ ئەو وەک تۆ وا بێ، خراپتر ئەوەیە ئەویش بییەوێ تۆ وەک ئەو وا بی. دوو کەسن هەردووکتان دەتانەوێ ئەوەی ترتان وەک خۆتان وا بێ، ئەی چاوەڕێی کێشە و ڕق ناکەی؟ کەی سروشتت قبوڵ کرد و بەرانبەرەکەت وەک خۆی کە هەیە قبوڵ کرد، نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ، کەی دەسبەرداری ئەم نەریتە ناشرینەی لەقاڵبگرتن و سنوورکێشانە بووی، کەی لەگەڵ سروشتدا هاوئاواز بووی، ئەو ڕۆژە هیچ خانمێک نابینی بۆتۆکس بکا؛ ئەو ڕۆژە هیچ وڵاتێک نابینی؛ هیچ حکومەتێکی خراپ نابینی؛ هیچ ئاینێک نابینی.

ئەگەر پرسیارەکەت تەنها لەسەر ئەوەیە بۆچی و چۆن ئەو ڕۆژە ئاین نامێنێ؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە لە بەهەشتدا ئاین نییە، ئاین بۆیە دروست بووە تا ببێتە ڕێگایەک بۆ چوونە بەهەشت، کە تۆ بەهەشتت لەسەر زەوی سازاند، ئیتر ئاین کاری نەماوە.

سوپاس بۆ خوێندنەوە و کاتت.


[1] لە ڕێکەوتی ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button