u

١. تیلێماخۆس

بەشی یەکەم: تیلێماخیاد (بەیتی تیلێماخۆس)

ئەم بەشە ڕۆمانی هونەرمەند لە تافی لاویدا دەبەستێتەوە بە ئولیسەوە، لە سێ ئەڵقە پێکهاتووە کە کەسێتیی سەرەکیی هەر سێ ئەڵقەکە ستیفن دێدەلسە.

ئەڵقەی یەکەم: تیلێماخۆس

شوێن: قەڵای مارتێللۆ لە ساندیکۆڤ – دەبلن

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی

بەک مەڵیگن، کە خوێندکارێکی پزیشکییە و لە ڕاستیدا ناوی «مەلاخی مەڵیگن»ە و کوڕێکی زیرەک و شبروشێتە و هەر خەریکی گاڵتەبازییە، بە دەم ڕیشتاشینەوە خۆی خستووەتە ڕۆڵی قەشەیەکەوە کە لە کڵێسادا سرووتی ماس جێبەجێ دەکات. ستیفن دێدەلس، بە نزیکی هاوتەمەنی مەڵیگنە و مامۆستایەکی کاتیی قوتابخانەیەکی نزیکە لە قەڵاکەوە و «هونەرمەند»ە، کوڕێکی خەمۆکە و ئەو بەیانییەش خەواڵووە، چونکە شەوی ڕابردوو باش نەنوستووە و بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە هاوڕێیەتیی خۆی و مەڵیگن بهێنێت. میوانێکی مەڵیگن شەو لەگەڵیاندا بووە، کوڕێکی ئینگلییە و «لە ئۆکسفۆردەوە هاتووە» و ناوی «هاینس»ە، شەو خەونی بە پڵنگێکی ڕەشەوە دیوە، بە دەم خەوەوە ویستوویەتی لە ڕاستیدا تەقە لە پڵنگەکەی ناو خەونی بکات. هەر ئەم ڕووداوەشە کە وای کردووە ستیفن باش نەنوێت، چونکە لە ترسدا «تۆقیوە».

سەرەتا لە سەربانی قەڵاکە گفتوگۆیەکی ناخۆش لە نێوان مەڵیگن و دێدەلسدا ڕوو دەدات، کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر ستیفن دایکی مردووە، بەک مەڵیگن پێی وتووە: «دایکی تۆپیوە» و ستیفن لە دڵی دەرنەچووە و بە بێڕێزیی داناوە. کە ستیفن دواجار ئەمە بۆ مەڵیگن ئاشکرا دەکات کە هێشتا ئەم قسەیەی لە دڵ دەرنەچووە، مەڵیگن بەوە بەرپەرچی دەداتەوە کە ستیفن خۆی دواهەمین خۆزگەکانی دایکی پێشێل کردووە، کە دایکی لە سەرەمەرگدا داوای لە ستیفن کردووە نزای بۆ بکات و کڕنۆش ببات، بەڵام ستیفن نەیکردووە. هەروەها بەوە تۆمەتباری دەکات کە ستیفن «دایکی خۆی کوشتووە». پاشان مەڵیگن دەچێتە خوارەوەی قەڵاکە، کە ژوورێکی لێیە. ستیفن لە سەربان بە تەنیا دەکەوێتەوە یادی دایکی کە بە نەخۆشییەکی وەک شێرپەنجە مردووە، نەک ئەو کوشتبێتی، یادی دایکی ئەو بە جێ ناهێڵێت و ستیفنیش لە ناخیدا خوازیارە یادی دایکی دەستی لێ هەڵبگرێت و «بهێڵێت بژی» و ستیفن «لە گریانی گیانی خۆیدا» نوقم بووە، دواجار بۆ خواردنی نانی بەیانی دەچێتە خوارەوە بۆ لای مەڵیگن و هاینس. لە خوارەوە لەناو قەڵاکە ژنێکی ئایری دێت و شیریان بۆ دەهێنێت و هەرسێکیان پێکەوە، جگە لە ژنەکە، نانی بەیانی دەخۆن. مەڵیگن لە بری خۆی و هاینس بڕیار دەدات کە پێش ئەوەی بچن بە هەر لایەکدا، دەبێت لە ئاوەکەی ڕۆخەکەدا مەلە بکەن، بەڵام ستیفن، کە دەبێت بچێت بۆ قوتابخانە، لەگەڵیاندا مەلە ناکات. بڕیار وایە هەر ئەو ڕۆژە ستیفن لە قوتابخانە مووچە وەربگرێت، کە مەڵیگن پێی دەڵێت: «شاباشەکەی قوتابخانە». دەچنە دەرەوەی قەڵاکە بۆ لای گوێئاوەکە، مەڵیگن لە گاڵتەکردنی خۆی بەردەوام دەبێت، ستیفن و هاینس بە دەم جگەرەکێشانێکەوە گفتوگۆیەکی کورت سەبارەت بە دین و مێژوو و شانۆنامەی هاملێتی شێکسپیر دەکەن، بەڵام ناچنە هیچ قووڵاییەکی گفتوگۆوە. لە دوورەوە دوو پیاو گفتوگۆ لەسەر دەرکەوتنی لاشەی مردووی پیاوێک دەکەن کە نۆ ڕۆژە خنکاوە. پاشان مەڵیگن لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دەچێتە ئاوەکەوە و ستیفنیش بە جێیان دەهێڵێت و دەچێت بۆ قوتابخانە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button