نووسەر: newa
-

نامەیەکی کراوە بۆ جارانخوازەکان
نامەیەکی کراوە بۆ جارانخوازەکان1
بەڕێز، سلێمانیی جارانت دەوێت؟ سەرچنار و سەردەمە زێڕینەکەی «جاران»یت گەرەکە، کە نازانم کەی بووە؟! زۆر باشە، با قسەیەک لەم «جاران»ە پڕشکۆیە بکەین.
بەڵام داخۆ مەبەستت لە جاران کەیە؟ هی سەردەمی داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن عوسمانلییەکانی سەردەمی نالی و سالمەوە؟ یان داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن ئینگلەکانی سەردەمی شێخ مەحمود و تۆپبارانەکانی ئەو سەردەمەوە؟ یان سەردەمی «نوری سەعید بوو بە ژن لەبەر ئەوەی نەیکوژن»؟ یان سەردەمی گۆڕبەگۆڕەکەی دیکتاتۆری پێشووی عێراقی عەرەبی، کە مولازمێکی فەڵەستینی لە شارەکەی خۆتدا دەیگرتیت و بەر زللەی دەدایت لەسەر ئەوەی ڕیشت هەبووە؟ یان هی سەردەمی شەڕی پڕ لە شکۆی باغەیی ناوخۆ، کە لەبەر فیشەکباران نەتدەتوانی سەر دەربکەیت؟ ئەو سەردەمەی هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەمان لە دیوی ساردی حەمامەکەدا خۆمان هەڵدەکورماند لە ترسی ئەوەی لە پەنجەرە و دیوارەکانی ژوورەکانی ترەوە فیشەک و تۆپ و هاوەن نەیدات بە ماڵماندا و تیابچین؟
جاران، ئەی جارانی پڕ لە…
سەردەمی شەڕی ناوخۆت مەبەستە؟ ئەو سەردەمەی تەنها لەسەر بیروڕا دەکوژرایت؟ ئەو سەردەمەی کە بەڕەوشتەکانی کۆمەڵگای بەرز و بەهاباڵای کوردی، کە بەرهەمی خێزانە شیرازەبەهێزەکان و هەڵنەوەشاوەکان بوون، پاش ملیۆنێک جار سوێند خواردن بە خودا و پێغەمبەر ئارد و گەچیان تێکەڵاو دەکرد و فەردەیەکیان لەو گەچئاردە بە هەزار دیناری سویسری دەفرۆشت؟ ئەو سەردەمەی هیچ ماڵێک لە کیلۆیەک شەکر زیاتری تێدا نەبوو؟ ئەو سەردەمەی کە زۆربەی گەڕەکەکان قوڕاو و لیتاو بوون و تا ناوقەدت دەچووە قوڕاوەوە؟ ئەو سەردەمەی هەموو بارانبارینێک هەڕەشەی لافاوێکی لەگەڵدا بوو؟
ئەو سەردەمەی مامۆستای بەرز و پایەبەرزی قوتابخانەکان بە حەیزەران و دار و شەق و زللە و لەقە لە منداڵی بەستەزمانیان دەدا، کە خۆم یەکێک بووم لەو منداڵانە؟ ئەو سەردەمەی پێشکەوتووترین ئوتومبێل بەڕازیلی بوو و دەبوو بە سێ قەمسەڵەوە تیایدا دابنیشتیتایە و بە شەقامی تەڕدا نەڕۆیشتیتایە تا ئوتومبێلەکەت لە ئاوەکەدا نەکوژێتەوە و هەرگیز دانەگیرسێتەوە؟ ئەو سەردەمە زێڕینەی لە دوو گەڕەکدا ماڵێک تەلەفۆنیان هەبوو و هەموو دوو گەڕەکەکەش لەو ماڵەوە تەلەفۆنەکانیان دەکرد؟ ئەو سەردەمەی لە هەموو سلێمانیدا دە سیگا و چوار ئەتاری و دوو پلەی ستەیشنی یەکی تێدا بوو، بەڵام سی دیی ڤاڵدێراماکە درزی بردبوو و چاوی پلەی ستەیشنەکەش نەیدەخوێندەوە و کەسیش نەبوو چاکی بکاتەوە؟
جاران لە خەیاڵتدا خۆش، لە یادگەماندا مۆتەکە!
باسی سەد منداڵت بۆ بکەم کە بەڕەوشتەکانی ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان لە یەکبەیەکی گەڕەکەکانی شاردا لاقەیان کردوون و یەکێک نەبووە لەسەر ئەو بەستەزمانانە هەڵبدات؟ بۆچی ڕۆمانێکی شێرزاد حەسەن ناخوێنیتەوە تا بزانیت لە پشت ڕووکەشی ئەخلاقە بەرزەکەی جارانەوە چ مۆتەکەیەک خۆی حەشار دابوو؟ کەم لە وێژەدا باسی ئەم شتانە کراوە و تۆ بە ئەنقەست خۆتی لێ لە گێلی دەدەیت؟ هەزاران دایک نەیانهێشت منداڵەکانیان مەلە فێر ببن لە ترسی نێرە لاقەکەرە منداڵبازەکان، کە دوای لاقەکردنی منداڵی بەستەزمان دەچوونە مزگەوت و چوار ڕکعەتیان دەکرد و تاوانەکەیان لە خۆیان دەتەکاند!
هەموو منداڵیمان تێپەڕاند و فیلمێکی سینەماییمان نەدی. چونکە بەڕەوشتەکانی سەردەمە زێڕینەکەی ئێوە بانگەشەی بۆ دەکەن سینەمایان کردبوو بە شوێنی دەستدرێژی. تەنانەت خێزانی زۆربەمان متمانەیان بە مزگەوتیش نەبوو. لە مزگەوتیش درەنگ هاتباینایەوە چینێک شەقشەقێن دەکراین. چونکە تەنانەت مەلاش متمانەی نەبوو دەستدرێژی نەکات. ئەگەر باوەڕم پێ ناکەیت، پەنجا لاپەڕەیەک لە ڕشتەی مرواریی عەلائەدین سەجادی بخوێنەوە، تا ئەخلاقی هەندێک مەلای جارانت بۆ دەربکەوێت چۆن بوو.
خۆت بچۆ، ئێمە مەبە
بەڕێزم، ئەگەر سلێمانیی جارانت دەوێت، لە خۆتەوە دەست پێ بکە. مۆبایلە زیرەکەکەت فڕێ بدە و قاپی ئایسکرێم و شقارتە و پەت بە دەستەوە بگرە. بۆ تەلەفۆن بچۆ حەوت کۆڵان ئەولاتر و کاژێرێک چاوەڕێ بکە تا تەلەفۆنەکە بچێتە سەر خەت و نزا بکە کابینەکە ئاوی تێ نەچووبێت، ئینجا بە دزیی خاوەنماڵی تەلەفۆنەکەشەوە قسە بکە. چونکە جوان نییە هەموو نهێنییەکت بزانرێت! ئینتەرنێتەکەت فڕێ بدە و بچۆ چاوەڕێ بکە تا تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان، یان حسک، یان ئازادی ئێوارە بێ سەرەوژێرچوونی وێنەکانی دەکرێتەوە. چاوەڕێ بە تا شەو بەرنامەی کاروانی شەهیدان دەکات و بە دیاریەوە دابنیشە، ئینجا کاتژمێر ١١ش بنوو، چونکە تەلەفیزیۆنەکە نەدەما.
مۆز بە خەون ببینە و تام بکە، چونکە لە ڕاستیدا لە کڕین نەدەهات! جەژناوجەژن گۆشت بخۆ. بە سەرما و گەرما لە ئاودەستی حەوشەدا پیساییەکەت بکە. جلەکانت، کە بە پێوانەی خۆت بە نرخێکی هەرزان کڕیوتن، دابکەنە و بچۆ لە کۆنەکە شتێک بە بەری خۆت بدۆزەوە. یان ئەگەر زۆر دەوڵەمەندیت ئەوا بچۆ بۆ لای جلدورێک قوماشێکی ناشیرینی بۆ ببە و مانگێک چاوەڕێ بکە تا بە دەڵبی یان بە تەسکی جلێکت بۆ دەدورێت. ئیتر تا دە ساڵی تر هەر ئەو جلەت دەبێت. کە جلەکەت کون بوو پینەی لێ بدە و کە خۆیشت قەڵەوتر یان لاوازتر بوویت، هەر ئەوەیە و جلی تر نییە! پێڵاوە باشە هەرزانبەهاکانت فڕێ بدە و تاتەیەکی ماڕادۆنا بکڕە و لە پێی بکە. بە کەرکوکدا بچۆ بۆ هەولێر و کاژێرێک لە بازگەکەی کەرکوک ڕابوەستە و کەسێک بهێنە بە عەرەبی تێر سووکایەتیت پێ بکات.
وێنەکانی تەلەفۆنە دەستییەکەت لابدە کە هەموو ڕۆژێک سەد وێنە دەگریت. بچۆ کامێرەی خزمێکت بە سووڕ بهێنە، ئەگەر پێتی دا، ئینجا لە حەفتەیەکدا سی و شەش وێنە بەو کامێرەی فیلمە بچرکێنە و بیبە بۆ لای وێنەگر و دوو حەفتە چاوەڕێ بکە تا بزانیت چۆن فیلمەکەت بە سووتان چووە. کۆمپیوتەرەکەت لابدە و بە دەست نامە بنێرە. سێ مانگ چاوەڕێ بکە تا نامەیەکت دەگات بە ئەوروپا. لە دە ئوتومبێل-لێخوڕینتدا چواریان دابنێ بۆ پاڵنان بە ئوتومبێلەکەوە. سواری کۆستەر و ڕیم و پۆڵۆنی بە و بە ئوتومبێلە گرانبەهاکەت تا بەردەرگای شوێنی مەبەست مەچۆ.
ڕابە!
بەڕێز، لەم خەونە مۆتەکەییەت ڕابە. سلێمانیی جارانی چی و شتی چی؟ جاران کوێی خۆش بوو؟ ڕابە و ئەم ڕابردووپەرستییە ببڕەوە. ئەگەر جارانت دەوێت خۆت بچۆ ناوی و ئێمە مەبە، یادگاریی زۆر خۆشمان لەگەڵ جارانەکەی جەنابتدا نییە، زۆر سوپاس. نامانەوێت دووبارە بچینەوە ناو ئەو مۆتەکەیە. ئەگەر یەک یادگاریی جوانت هەبووە، باشتر بیر بکەوە، ئەو تاکە یادگارییە جوانەت بەرانبەر ملیۆنێک مۆتەکە وەستاوەتەوە. بۆیە ڕابە، ڕابە، ڕابە، هیچ جێیەکی مێژووی ئەم ناوچەیە هەرگیز خۆش نەبووە.
ئەگەر هەر سووریشیت لەسەر ئەوەی بچیتەوە، خۆت و ئاغاکەت بچنەوە ناوی و تیایدا تێر بحەسێنەوە و ئێمە مەبەن. ئەگەر ئەمڕۆ بە قێزەون دەزانیت، ئەوا باش بزانە ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو ڕابردووە پڕ لە ناشکۆ و ژێروەرییەیە و ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە نەکەوتووەتە خوارەوە!
دەتوانم زیاتریش بیر بکەمەوە و زیاترت لە پۆخڵەوات و تاوانکارییەکانی کۆن بۆ ڕیز بکەم، بەڵام پێم وا بێت پەیامەکەم گەیاند و پێویست بە زیاتر ناکات بڵێم، جگە لە:
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر2
خوێنەری بەڕێزیش دەتوانێت هەندێک لەو یادەوەرییە مۆتەکەییانەی جاران لەسەر ئەم نووسینەم بنووسێتەوە و بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکات.
-

٣. پرۆتێفس
ئەڵقەی سێیەم: پرۆتێفس1
پرۆتێفس
پرۆتێفس (پرۆتیوس، پڕۆتیوس) لە ئۆدیسەدا و بە گوێرەی ئوستوورەی گریکی، جێگری خودای دەریا و زەریایە، کە پۆسیدۆن-ە. پرۆتێفس دەتوانێت شێوە و بیچمی خۆی بە ھی ھەموو ئاژەڵ و ئاو و ئاگر بگۆڕێت. مێنێلاوس دەچێتە لای و ھۆی بەدبەختیی خۆی لێ دەپرسێت، کە بۆچی ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، چون ئەویش دوای جەنگی ترۆیا لە میسر گیری خواردووە. پرۆتێفس وەڵامی پرسیارەکانی دەداتەوە و پێی دەڵێت چۆن ئەو جادووە بشکێنێت کە لێی کراوە. پرۆتێفسەکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس مادەی بنچینەییە، یان مادەی پێکھێنەری سەرەکی. گیفرد دەڵێت مادەی بنچینەیی: پیاتێنەپەڕیویی بۆشایی و فراوانبوونی مسۆگەرانە و دانەبڕاوی کاتە!
شوێن و کات و کەسێتییەکان
شوێن: گوێئاوی ساندیماونت – دەبلن.
کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١١ی بەیانی.
کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس.
چی دەگوزەرێت؟
ھیچ شتێک لەم ئەڵقەیەدا ڕوو نادات. بەشی زۆری ئەڵقەکە لە شەپۆلی ھۆشی ستیفن پێک ھاتووە. واتە گێڕانەوە دەچێتە ناو مێشکی ستیفنەوە و بیرەکانی دەردەخات. مەڵیگن لە کۆتایی ئەڵقەی یەکەمدا داینا کاتژمێر دوازدە و نیو لە مەیخانەی ذە شیپ لەگەڵ ستیفن یەک ببینن و ستیفن پارەی خواردنەوەیان بۆ بدات. بۆیە لەم ئەڵقەیەدا ستیفن بە پێ دەگەڕێت تا کات بە ڕێ بکات و بە دەم گەڕانەوە بیر دەکاتەوە.
سەرەتا ستیفن بیر لە تیۆریی ڕەنگ و بینین لای ئەریستۆتێلیس دەکاتەوە و بە تێڕوانینی یاکۆب بۆھمە و جۆرج بێرکەلی بەراوردی دەکات. پاشان ھەوڵ دەدات بە چاونووقاوی بە گوێئاوەکەی ساندیماونتدا بڕوات. ساندیماونت ناوچەیەکی پاڵشاری دەبلنە. دوو خانم دەبینێت بۆ لای گوێئاوەکە دادەبەزن، یەکێکیان مامانی خوشکێکی ستیفن بووە. ستیفنیش لەوەوە بیر لە منداڵبوون و ئافراندن و ئادەم و حەوا و ھاتنی خۆی بۆ دونیا دەکاتەوە.
خاڵخاڵۆکە، ماڵی خاڵم لە کوێیە؟
ماڵی خاڵی ستیفن ھەر لە ناوچەی ساندیماونتە و ستیفن لێوەی نزیکە. خاڵی ستیفن ناوی ڕیچی گولدینگە. ستیفن بیر دەکاتەوە ئایا سەرێک لە ماڵی خاڵی بدات یان نا؟ ئینجا ئەم سەردانە لە خەیاڵی خۆیدا وێنا دەکات. وێنای ناو ماڵی خاڵی و قسەکانی خاڵی دەکات. خاڵی ستیفن ھەوادارێکی سەرسەختی ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ Il Trovatore)ی جیوزێپپێ ڤێردییە، بە تایبەتی یەکەم ھەوای ئۆپێراکە کە ناوی ئاللێرتایە. ستیفنیش ھەر بە دەم ڕێوە ئاوازی ئەم ھەوایە بە فیکە دەردەکاتەوە.
ھەوای ئاللێرتا لە ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ)، ھەوای دڵخوازی خاڵی ستیفنە. پاریس و بێپارەیی
بێبدەیان شتی جۆراوجۆری مێژوویی و دینی دێنە خەیاڵی ستیفن. پاشان بیر لە ژیانی ڕابردووی خۆی دەکاتەوە کە لە پاریس چەند بێپارە بووە و خەریکی خوێندنەوەی پەڕتووک بووە. بیر لەوە دەکاتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستوویەتی پەڕتووکانێک بنووسێت و تەنھا پیتێک ناونیشانیان بن. پاشان ئەم پەڕتووکانە بنێرێت بۆ گەورەترین پەڕتووکخانەکانی جیھان. دواجار بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەندە ڕۆ چووەتە بیرکردنەوەوە کە ماڵی خاڵی تێپەڕاندووە و سەردانیان ناکات.
ستیفن دەکەوێتەوە بیرکردنەوەی تر لە پاریس. بیر لەوە دەکاتەوە کاتی خۆی پیاوێکی لەوێ دیوە بە ناوی کێڤن ئیگنەوە و کوڕێکی ھەبووە ناوی پاتریک بووە. کێڤن ئیگن پێشتر خەباتگێڕێکی ئایر بووە، بەڵام ئەو کاتەی ستیفن لە پاریس دیویەتی لە چاپخانەدا کاری کردووە. کێڤن ئیگن ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەردەمی خەباتگێڕیدا لەسەر ئەوەی گوایە دەستی لە ڕزگارکردنی چەند ھاوخەباتێکی خۆیدا ھەبووە لە بەندیخانە، خۆی دەستبەسەر کراوە. ئینجا ھاوخەباتەکانی ھەوڵیان داوە لە بەندیخانە ڕزگاری بکەن بەوەی بەرمیلێک بارووتیان لە ژێرزەمینی بەندیخانەکەدا تەقاندووەتەوە. بەڵام ھەوڵەکەیان سەری نەگرتووە.
بێپارەیی، بێپارەیی، بێپارەیی
پاشان ستیفن سەرلەنوێ بیر لە ڕادەی ھەژاریی خۆی دەکاتەوە لە پاریس کە ئەگەر دایکی لە ئایرلاندەوە پارەی بۆ ڕەوانە نەکردایە لە برسدا دەمرد. بیر لە ڕووداوێک دەکاتەوە کە دەرگاوانێک دەرگای پۆستەخانەکەی بەسەریدا داخستووە و پارە ڕەوانەکراوەکەی دایکیی لەو ڕۆژەدا وەرنەگرتووە. پاشان بیر لە نادادیی پاریس دەکاتەوە کە ناچار بووە بلیتی شوێنان ھەڵبگرێت تا ببێت بە بەڵگەی ئەوەی لە شوێنی تاوان نەبووە، نەکا ڕۆژێک تۆمەتێکی بخەنە پاڵ و تاوانێکی بە سەردا ساغ بکەنەوە کە ئەم دەستی تێیدا نەبووە! ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ئایرلاند بۆ ئەوەی پارە نەدات بە بارھەڵگری لەنگەرگاکە، کە کرێکەی سێ پنس بووە، وا خۆی پیشان داوە کە فەڕەنسییە و زمانی ئینگلی و ئایری تێناگات. بیر لەو بروسکەیە دەکاتەوە کە باوکی بۆی ناردووە تا بگەڕێتەوە ئایرلاند، چونکە دایکی لە سەرەمەرگدا بووە. ھەر بەو ھۆیەشەوە بووە کە ستیفن پاریس و خوێندنی پزیشکیی بە جێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە دەبلن.
ستیفن ھەر بەردەوام بە ڕێوەیە. دەکەوێتەوە بیری پاریس و کێڤن ئیگن و یەکبینینەکەیان و بیر لەو و لە بارووت دەکاتەوە. لەوێشەوە بیر لە مێژووی ئایرلاند و خەباتە جۆراوجۆرەکانی دەکاتەوە. لە دوورەوە سەگێک دەبینێت. بەردەوام بیر لە ڕۆژگارێکی ڕابردووی ئایرلاند و دواتر لە ئاو و ئەو پیاوە دەکاتەوە کە نۆ ڕۆژە خنکاوە و لە ئەڵقەی یەکەمەوە چەند کەسێک خۆیان بۆ ئامادە کردبوو ئەمڕۆ لاشەکەی دەربکەوێت.
قەرەج و تاکە بەرھەمی ستیفن
ژن و پیاوێک لە دوورەوە دەبینێت، وا دیارە قەرەجن و ڕاوی قاقلەی کەنار ئاوەکان دەکەن. دەردەکەوێت سەگەکەش ھی ئەوانە و ناوی تاتەرزە. تاتەرز کەلاکی سەگێکی دیوە و لێوەی نزیک بووەتەوە و بە دەوریدا دێت و دەچێت. بەڵام خاوەنەکەی تاتەرز بە ھاوار بانگی دەکاتەوە. کە دەگەڕێتەوە لای شەقێکی تێ ھەڵدەدات. ستیفن دەکەوێتە بیرکردنەوە لە ژیانی قەرەج و زمانی تایبەتی قسەکردن و گۆرانی و ھۆنراوەکانیان.
پاشان بیر لە ھۆنراوەیەک دەکاتەوە کە خۆی دەیەوێت بینووسێت. دادەنیشێت و تێبینییەک لەسەر بەردێک دەنووسێتەوە. پەڕەی نامەکەی میستەر دیسیش دەردەھێنێت و سووچێکی لێ دەدڕێنێت تا مسۆدەی ھۆنراوەکەی خۆیی لەسەر بنووسێت. دیسان دەکەوێتەوە بیری جۆراوجۆر. پاشان سەرنجی ئاوی کەنداوەکە دەدات کە گیا و ڕووەک لە ژێریدا بە سستی دەجووڵێنەوە. دیسان بیری بە لای شتی جۆراوجۆردا دەڕواتەوە، تا بیر لە گۆڕانکاری دەکاتەوە، کە ھەموو شتێک بەردەوام لە گۆڕاندایە. دواتر لەسەر بەردەکە ھەڵدەستێت و کەشتییەک لە دوورەوە دەبینێت.
- لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
-

٢. نێستۆر
ئەڵقەی دووەم: نێستۆر1
نێستۆر
نێستۆر لە ئۆدیسەدا پیاوێکی پیری دانای ھاوسەنگەری ئۆدیسێفس بووە. تیلێماخۆس لەسەر ڕاوێژی ئەثینا دەچێت بۆ لای و سۆراخی باوکی لێ دەکات. نێستۆرەکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس پیاوێکی پیری نادانایە، ناوی میستەر گارێت دیسی-یە.
شوێن و کات و کەسێتییەکان
شوێن: قوتابخانەیەکی تایبەتی کوڕان لە دالکی – دەبلن.
کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی.
کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس، گارێت دیسی، سارجنت، کاکرەین، ئاڕمسترۆنگ، کۆمین، تۆلبت.
چی دەگوزەرێت؟
ستیفن لە قوتابخانە وانەی کلاسیک بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە. وانەکە لە بارەی پیرۆس (٣١٨-٢٨٢پ.ز.) و جەنگەکانیەوەیە. لە قوتابییەک دەپرسێتەوە کە ئەو نازانێت پیرۆس تەنانەت چییە، نەک کێیە. قوتابییەکە پێی وایە پیرۆس لەنگەرگایە! قوتابییەکانی تر پێی پێدەکەنن.
ستیفن لەم پێوابوونەی قوتابییەکەیەوە خەیاڵی دەڕوات بۆ سەرمەستیی ئەمشەوی مەڵیگن و ھاینس. پێی وایە مەڵیگن گەپجاڕێکە لە دەرباری سەروەرەکەیدا، کە ھاینسە و ھاوکات دەوڵەتی ئیمپریالیی بەریتانیایە. لەوێوە دەچێتەوە ناو مێژوو و بیر لە تیۆرییەکی ئەریستۆتێلیس دەکاتەوە لە بارەی شیان و کامگیرییەوە.
لە پەڕتووکی خوێندنەکەدا دەچنە سەر ھۆنراوەیەکی جۆن میڵتن، کە ستیفن بێئاگایانە و بێباکانە لێیان دەپرسێتەوە. قوتابییەک ھۆنراوەکەی میڵتن ئەزبەر دەڵێتەوە. خەیاڵی ستیفن دەچێتەوە سەر وردەکاریی تیۆریی شیان و کامگیریی ئەریستۆتێلیس. پاشان ئەو سەردەمەی بیر دێتەوە کە خۆی لە پاریس ژیاوە. دواتر ستیفن مەتەڵێک لە قوتابییەکانی دەپرسێت، کەس وەڵامەکەی نازانێت.
کاتی وانە تەواو دەبێت. قوتابییەکان یاریی ھۆکییان ھەیە. یاریی ھۆکی یارییەکی ئینگلییە و ئایری نییە. یارییە ئایرییەکە پێی دەڵێن ھەرلینگ، بەڵام قوتابییەکان ئەو یارییە ناکەن.
خۆشەویستیی دایک
یەکێک لە قوتابییەکان ناڕوات، کوڕێکی ناشیرین و لاوازە، ناوی سارجنتە. ئەم قوتابییە لە نووسینەوەی وانەکانیدا دواکەوتووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کە ناوی میستەر دیسییە، پێی وتووە بە یارمەتیی مامۆستا ستیفن وانەکانی بنووسێتەوە. وا دیارە وانەی بیرکارییە، چونکە لەسەر ناونیشانەکەی نووسراوە «ھاوکێشە»، کە بە ئینگلی دەبێتە سەم sum. ستیفن ئەم وشەیە بە لاتینی دەخوێنێتەوە کە بە سوم دەخوێنرێتەوە، واتە من. لەوێوە دەچێتەوە سەر بیرکردنەوە لە ژیانی خۆی و دایکی. ئینجا بیر لە دایکی سارجنت و خۆشەویستیی دایک دەکاتەوە.
ستیفن یارمەتیی سارجنت دەدات ڕاھێنانەکانی تەواو بکات. ھێمای سەر دەفتەرەکەی سارجنت ستیفن دەخاتە بیری ئیبن ڕوشد و موسای کوڕی مەیموون. لەوێشەوە دەچێتە بیری تێڕوانینەکانی جۆردانۆ بروونۆ (١٥٤٨-١٦٠٠). پاشان سارجنت نووسینەوەکەی تەواو دەکات و دەچێتە لای ھاوڕێکانی کە یاری دەکەن.
ستیفن کەمێک بە دیار قوتابییەکانەوە ڕادەوەستێت کە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە خەریکن دەست بە یاری دەکەن. قوتابییەکان ھەرایەکی زۆریان ناوەتەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ھەوڵ دەدات ڕێکیان بخات، داوا لە ستیفن دەکات لە نووسینگەکەی چاوەڕێی بکات.
ستیفن و دیسی، تیلێماخۆس و نێستۆر
ستیفن لە نووسینگەکەی میستەر دیسیدا بە تەنیا چاوەڕێ دەکات. پاشان میستەر دیسی دێت و سەرەتا مووچەکەی ستیفن دەدات، کەچی ستیفن ھەر بێ ژماردن و بێباکانە ھەموو پارەکە دەخاتە گیرفانیەوە. ئەم ڕەفتارە بێباکانەیەی ستیفن وا دەکات میستەر دیسی ئامۆژگاریی ستیفن بکات کە کەمێک دەست بە پارەوە بگرێت. پاشان دەڵێت شانازیی ئینگل ئەوەیە کە پێی وایە ھەرگیز ھیچ پارەیەکی قەرز نەکردووە! بەڵام ستیفن پێی وا بووە کە شانازیی بەریتانی ئەوەیە کە پێی وایە خۆر لەسەر ئیمپراتۆرێتییەکەی ھەرگیز ئاوا نابێت. میستەر دیسی پێی وایە ئەم قسانە ھەڵەن و بۆی ڕاست دەکاتەوە، بەڵام قسەکانی دیسی خۆی ھەڵەن. ئینجا دێنەوە سەر باسی پارە و پاشەکەوتکردن، ستیفن بیر لەو کەسانە دەکاتەوە کە قەرزاریانە. ئینجا دەچنە سەر ھەندێک باسی جۆراوجۆری مێژووی ئایرلاند.
میستەر دیسی نامەیەکی سەبارەت بە نەخۆشیی تەبەق لە خەیاڵدایە بینووسێت و بڵاوی بکاتەوە. نەخۆشیی تەبەق نەخۆشییەکی ئاژەڵانە. لەبەر ئەوەی دەزانێت ستیفن خەڵک لە ڕۆژنامەکان دەناسێت، بۆیە داوا دەکات یارمەتیی بدات تا بۆی بڵاو بکەنەوە. میستەر دیسی پێی وایە چارەی نەخۆشیی تەبەق کراوە و لە ئایرلاند واگرەی ئاژەڵ بە ڕێوەیە و پێویستە مەڕوماڵات و وڵاخی ئایرلاند لە دەست ئەم نەخۆشییە ڕزگار بکرێن. بۆیە داوا لە ستیفن دەکات کەمێک دابنیشێت تا ئەو نامەکەی دەنووسێت و ستیفن وا دەکات.
ستیفن لەم ماوە بێدەنگەدا سەرنجی ئەو تابلۆیانە دەدات کە بە ژوورەکەدا ھەڵواسراون. وێنەی پێشبڕکێی ئەسپسواری ھەڵواسراوە. لەوەوە دەکەوێتە بیری سەردەمێک کە لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بە ناوی کرانلی پێکەوە چوون بۆ پێشبڕکێی ئەسپسواری. کرانلی لە ڕۆمانی ڕابردووی جۆیسیشدا ھەیە و ھاوڕێی نزیکی ستیفن بووە. قوتابییە منداڵەکان کە لە گۆڕەپانەکەدا یاری دەکەن، گۆڵ دەکەن و فیکە لێدەدەن و ئەمە خەیاڵی ستیفن دەھێنێتەوە بۆ نێو ژوورەکە.
مێژوو مۆتەکەیەکە کە دەمەوێت لێی ڕابم
میستەر دیسی نووسینی نامەکە تەواو دەکات و دەیداتە دەست ستیفن. ستیفن بە خێرایی دەیخوێنێتەوە. ھەرگیز نازانین ھەموو ئەوەی لەم نامەیەدا نووسراوە چییە، بەڵکو تەنھا لە ڕێی وشەی پچڕپچڕەوە دەزانین نامەکە لە بارەی چییەوەیە.
میستەر دیسی باس لەوە دەکات کە جووەکان خەریکە بەریتانیا داگیر دەکەن. پێی وایە ئابووری و ڕۆژنامەگەری لە ژێر ڕکێفی جووەکاندایە و دەیەوێت دژایەتییان بکات. ستیفن گفتوگۆیەکی نابەدڵانەی کورتی لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر دەکەوێتە یادی بۆرسەی پاریس و شێوەی پارەپەیداکردنی بۆرسەچییەکانەوە.
دواجار ستیفن لەسەر مێژوو یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین وتەکانی ڕۆمانەکە دەڵێت، کە دەڵێت: «مێژوو مۆتەکەیەکە کە دەمەوێت لێی ڕابم». میستەر دیسی لەمەوە دێتە سەر باسی خودا و ئامانج لە دونیا. ئینجا باس لە دین و مێژووی ئایرلاند و گریک دەکات، ئۆباڵی خراپەکارییەکان دەخاتە ئەستۆی ژن. دواتریش میستەر دیسی دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە پێی وایە ستیفن زۆر لە قوتابخانەکە نامێنێتەوە، چونکە ستیفن بۆ ئەوە دروست نەبووە ببێت بە مامۆستا. ستیفن نامەکەی میستەر دیسی وەردەگرێت و لە خزمەتی مەرەخەس دەبێت. ستیفن خەریکە دەگاتە دەرەوەی قوتابخانەکە، میستەر دیسی بە ڕاکردن بە دوایدا دێت و پێی دەڵێت کە ئایرلاند شانازیی ئەوەی بەردەکەوێت کە ھەرگیز جووەکانی نەچەوساندووەتەوە، چونکە ئایرلاند ھەرگیز ڕێی نەداوە جوو بێتە وڵاتەکەیانەوە! کە ئەم قسەیەشی ھەر ھەڵەیە.
- لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
-

١. تیلێماخۆس
بەشی یەکەم: بەیتی تیلێماخۆس (تیلێماخیاد)1
ئەم بەشەی ئولیس، واتە ئەم سێ ئەڵقەیە، وێنەی ھونەرمەند لە تافی لاویدا دەبەستێتەوە بە ئولیسەوە. لە سێ ئەڵقە پێکھاتووە کە کەسێتیی سەرەکیی ھەر سێ ئەڵقەکە ستیفن دێدالۆس-ە.
ئەڵقەی یەکەم: تیلێماخۆس
تیلێماخۆس
تیلێماخۆس لە ئۆدیسەدا کوڕەکەی ئۆدیسێفس-ە. تیلێماخۆسەکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس کوڕێکە ناوی ستیفن دێدالۆس-ە. ستیفن کەسێتیی سەرەکیی ڕۆمانی پێشتری جۆیس بووە، ئەو ڕۆمانە ناوی وێنەی ھونەرمەند لە تافی لاویدا-یە.
شوێن و کات و کەسێتییەکان
شوێن: قەڵای مارتێللۆ لە ساندیکۆڤ – دەبلن.
کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی.
کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس، بەک مەڵیگن، ھاینس، پیرەژنێک.
چی دەگوزەرێت؟
بەک مەڵیگن خەریکی گەپجاڕییە. بە دەم ڕیشتاشینەوە خۆی خستووەتە ڕۆڵی قەشەیەکەوە کە لە کڵێسادا سرووتی ماس جێبەجێ دەکات.
مەڵیگن خوێندکارێکی پزیشکییە و کوڕێکی زیرەک و شبروشێتە. لە ڕاستیدا ناوی «مەلاخی مەڵیگن»ە.
ستیفن دێدالۆس بە نزیکی ھاوتەمەنی مەڵیگنە و مامۆستایەکی کاتیی قوتابخانەیەکی نزیکە لە قەڵاکەوە و «ھونەرمەند»ە. ستیفن کوڕێکی خەمۆکە و ئەو بەیانییەش خەواڵووە، چونکە شەوی ڕابردوو باش نەنوستووە. بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە ھاوڕێیەتیی خۆی و مەڵیگن بھێنێت.
میوانێکی مەڵیگن شەو لەگەڵیاندا بووە، کوڕێکی ئینگلە و «لە ئۆکسفۆردەوە ھاتووە» و ناوی ھاینسە. ھاینس شەو خەونی بە پڵنگێکی ڕەشەوە دیوە، بە دەم خەوەوە ویستوویەتی لە ڕاستیدا تەقە لە پڵنگەکەی ناو خەونی بکات. ھەر ئەم ڕووداوەشە کە وای کردووە ستیفن باش نەنوێت، چونکە لە ترسدا «تۆقیوە».
دایکی تۆپیوە!
سەرەتا لە سەربانی قەڵاکە گفتوگۆیەکی ناخۆش لە نێوان مەڵیگن و دێدالۆسدا ڕوو دەدات. کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر ستیفن دایکی مردووە، بەک مەڵیگن پێی وتووە: «دایکی تۆپیوە». ستیفن ئەم وتەیەی لە دڵ دەرنەچووە و بە بێڕێزیی داناوە. کە ستیفن دواجار ئەمە بۆ مەڵیگن ئاشکرا دەکات کە ھێشتا ئەم قسەیەی لە دڵ دەرنەچووە، مەڵیگن بەوە بەرپەرچی دەداتەوە کە ستیفن خۆی دواھەمین خۆزگەکانی دایکی پێشێل کردووە. ئەم پێشێلکردنی خۆزگەیەش ئەوەیە کە دایکی لە سەرەمەرگدا داوای لە ستیفن کردووە نزای بۆ بکات و کڕنۆش ببات، بەڵام ستیفن نەیکردووە. ھەروەھا مەڵیگن ستیفن بەوە تۆمەتبار دەکات کە «دایکی خۆی کوشتووە».
پاشان مەڵیگن دەچێتە خوارەوەی قەڵاکە، کە ژوورێکی لێیە. ستیفن لە سەربان بە تەنیا دەکەوێتەوە یادی دایکی. دایکی ستیفن بە نەخۆشییەکی وەک شێرپەنجە مردووە، نەک ئەو کوشتبێتی. یادی دایکی ئەو بە جێ ناھێڵێت و ستیفنیش لە ناخیدا خوازیارە یادی دایکی دەستی لێ ھەڵبگرێت و «بھێڵێت بژی». ستیفن «لە گریانی گیانی خۆیدا» نوقم بووە.
نانی بەیانی و جیابوونەوە
دواجار ستیفن بۆ خواردنی نانی بەیانی دەچێتە خوارەوە بۆ لای مەڵیگن و ھاینس. لە خوارەوە لە ناو قەڵاکە پیرەژنێکی ئایر دێت و شیریان بۆ دەھێنێت. ھەر سێکیان پێکەوە، جگە لە پیرەژنەکە، نانی بەیانی دەخۆن.
مەڵیگن لە بری خۆی و ھاینس بڕیار دەدات کە پێش ئەوەی بچن بە ھەر لایەکدا، دەبێت لە ئاوەکەی ڕۆخەکەدا مەلە بکەن. بەڵام ستیفن دەبێت بچێت بۆ قوتابخانە، بۆیە لەگەڵیاندا مەلە ناکات.
بڕیار وایە ھەر ئەو ڕۆژە ستیفن لە قوتابخانە مووچە وەربگرێت، کە مەڵیگن پێی دەڵێت: «شاباشەکەی قوتابخانە».
لە نزیکی کۆتایی ئەڵقەکەدا دەچنە دەرەوەی قەڵاکە بۆ لای گوێئاوەکە. مەڵیگن لە گەپجاڕیی خۆی بەردەوام دەبێت. ستیفن و ھاینس بە دەم جگەرەکێشانێکەوە گفتوگۆیەکی کورت سەبارەت بە دین و مێژوو و شانۆنامەی ھاملێتی شێکسپیر دەکەن، بەڵام ناچنە ھیچ قووڵاییەکی گفتوگۆوە.
لە دوورەوە دوو پیاو گفتوگۆ لەسەر دەرکەوتنی لاشەی مردووی پیاوێک دەکەن کە نۆ ڕۆژە خنکاوە. پاشان مەڵیگن لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا دەچێتە ئاوەکەوە. لە کۆتاییدا ستیفن بە جێیان دەھێڵێت و دەچێت بۆ قوتابخانە.
- لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
-

لایکی برەودان
1لایکی برەودان
بەڕێز، کە پۆستی کەسێک لایک دەکەیت کە ئەو کەسە ناکەسە سووکایەتی بە کەسێک دەکات، باش بزانە لایکەکەت واتای هەیە. واتاکەش ئەوەیە تۆ برەو بەو جۆرە گوتارە دەدەیت. ئەو کەسە هان دەدەیت زیاتر لەو جۆرە کارە بکات. هەروەها بەرەیەک دەگریت و دەستت لە تاوانی تیرۆری کەسێتییەکدا هەیە!
ڕەوشتگەرا بێڕەوشتەکان
ئێستانان جەللادە بێڕەوشتەکانی پاسەوانی ڕەوشتی کۆمەڵگا کەوتوونەتە هێرشی یەکبینە و بەردەوام بۆ سەر چەندین کەسی دیار و نادیار. هەر کەسێک ئەلفێک هەڵبهێنێتەوە کە بە ملیمەتر لە گوتاری بێناوەرۆکی ئەوان دوور بێت، ئەوا دەیکەنە ئامانج. لیستی قوربانییەکانیشیان تا بێت زیاتر و زیاتر قوربانی لە خۆ دەگرێت. خەڵکی سادەش بە لایک و کۆمێنت لەگەڵیاندا بەشدار دەبن.
ڕۆژبەڕۆژ ئازادی بە کار دەهێنن بۆ لەناوبردنی خودی ئازادی خۆی و ئازادیی کەسانی تر. دەستیان بردووە بۆ هەموو جۆرە ناوزڕاندن و جنێو و بێڕێزییەک. هەر کەس وەک خۆیان نەبێت بە لادەر و بەرەڵڵا و تێکدەر و شێوێنەری شیرازەی خێزان و بێئەخلاق و تێکدەری بەهای باڵا و ئەم جۆرە قسە پووچانە تۆمەتباری دەکەن. خۆیان کردووە بە پاسەوانی خودا. دینیان کردووە بە پێکاری بازرگانیی خۆیان و خەڵکی داماوی ئەم وڵاتەشیان بەم هاشوهووشە هەڵخڵەتاندووە.
ئەم یەعاوییانە هیچ ئاڕگیومێنتێکیان پێ نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هیچ بابەتێک جگە لەوەی پێیان وایە کۆمەڵگا واتە ئەوان. هەر کەسێک ئەوان پێیان هەرس نەکرا، ئەوا ئیتر ئەو کەسانە لە دەرەوەی «کۆمەڵگای کوردی»ن و نامۆن و بەرەڵڵان و بەرەڵڵایی بڵاو دەکەنەوە و کەلتوورە جوانەکەیان تێک دەدەن.
2کەلتوورە جوانەکەیان!
بەڵێ، کەلتوورە جوانەکەیان، کەلتوورە ئەوەندە جوان ئەوەندە جوانەکەیان کە هەر لە جوانییدا بێزت نایەت تەماشای بکەیت! وەک دوژمنایەتی، ژنبەژن، ژنکوشتن، مارەبەجاش، لەژندان، سێژنبەیەک، شەڕەگەڕەک، دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن، خەتەنەی کچ، سەرانەسەندن، لەمنداڵدان، سەربەهەوێ، خۆکردن بە کەمئەندام تەنها بۆ وەرگرتنی مووچەی سۆشیال و کارنەکردن، جاشایەتی بۆ دوژمنانی کورد، دەستڕێژی ناو ئاهەنگ، تەقەی خۆشی، تەقەی ناخۆشی، تەقەی نیمچەخۆشی، تەقەی پێش هەڵبژاردن، تەقەی کاتی هەڵبژاردن، تەقەی دوای هەڵبژاردن، تەقەی دوای یاری، تەقەی پێش یاری، وەشاندنی بۆکسخەنجەر، گرتنی شاڕێی شارەکان، لێدانی هۆڕن لە کاتژمێر دووی شەودا، خوێنبەخوێن، هەڵکوتانەسەر، منداڵبازی، دزینی ژنی خەڵک، عەنتەریات، شان و کەمەربازی، شکاندنی سیفۆنی ئاودەست، نەگرتنەوەی ئاو، نەکوژاندنەوەی گڵۆپی ناپێویست، شکاندنی پەنجەرەی ماڵان، دزینی پێڵاوی مزگەوت، وەرگرتنی مووچەی بندیوار، پیسکردنی دیواری تازەبۆیەکراو، شوخت خستنە ئوتومبێل، بەجێهێشتنی پیسایی لەسەر سیفۆنی شکێنراوی ئاودەست، نووسینی قسەی بێڕێزی بەرانبەر خانمان لەسەر دیوار و دەرگای ئاودەست، شکاندنی کورسیی لەچیمەنتۆدروستکراوی پاڕکەکان، لەناوبردنی گوڵی باخەکان و شەقتێهەڵدانیان، هەڵدانی دەبەی ئاو و قووی پێپسی و کۆلا لە جامی ئوتومبێلەکانیانەوە، بەجێهێشتنی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکانیان ڕێک لەو جێیەی سەیرانی لێ دەکەن، ترساندن و تۆقاندنی منداڵی شەش ساڵ بە ئاگری دۆزەخ، دارکاریی قوتابی، نوشتەچێتی، جادوو، نزالێکردن، بڕینی کلکی کەر و پشیلە و سەگ، بڕینی گوێی تووتکە و مریشکدزین و لاقەکردنی مەڕ و نێرەکەر ماکەر و زۆر شتی تریش…
بەڵێ، نووسەر و ڕۆشنبیر و لێکۆڵەر و ئازادیخوازان بەوە تاوانبار دەکەن کە ئەم کەلتوورە زۆر جوانەیان تێکدەدەن. بەزیای خێرمان نەکرد!
خودایان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووە
ئینجا وێڕای ئەم کەلتوورە جوانەی کە لێرەدا مشتێکیمان لە خەروارێک خستە ڕوو. ئەم یەعاوییە جوانکەلتوورانە دین دەکەنە پاساو و خۆیان دەکەن بە نوێنەر و پاسەوانی خودا. خودا دەکەنە موڵکی تایبەتی خۆیان. خەڵکی داماویش لە ژێر ناوی خودادا هەڵدەخڵەتێنن. دەست دەکەن بە سووکایەتی بە خەڵکانی تر. هەڵخڵەتاوەکانی دەوریشیان بە لایک و کۆمێنت چەپڵەڕێزانیان دەکەن. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر ڕق لە دڵان و دەروونیاندا برەو پێ دەدەن. دێن لە فەیسبووک خەڵکان بە بێڕەوشت ناو دەبەن و ناویان دەزڕێنن و دەیانەوێت دەست بە کەلتوورە جوانەکەیانەوە بگرن، نەکا با بیبات!
گەل دراوەتە دەست گورگ!
ئێستانان لە سایەی نابەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ئێمەی گەل بە تەنیا لە ناوەڕاستی ئەم پاسەوانە بێڕەوشتانەی ڕەوشتدا بە جێ هێڵراوین. چاوەڕێین هەر ڕۆژە و یەکێکمان بکەنە ئامانج. ئێستا باشترین شتێک بیکەین ئەوەیە سەکۆیان پێ نەدەین و کۆمێنت و لایکیان بۆ نەنووسین. چونکە کاتێک ئەوان کەسێک دەکەنە ئامانج و وەک کەمتیار تێی بەردەبن، نابێت تۆ، ئەگەر خۆت بە کەسێکی بەئاکار دەزانیت، نە لایکی ئەو جۆرە پۆستانە بکەیت، نە برەویان پێ بدەیت. ئەگەر بۆشت کرا سەرکۆنەیان بکە و لە خۆتیان دوور بخەوە و نزیکەکانت ئاگادار بکەوە لەوەی بەشدار نەبن لەو تیرۆری کەسایەتییەی ئێستانان گەلێک برەوی سەندووە.
لێتان ناشارمەوە، لایکی هەندێک لە هاوڕێیانی فەیسبووکم لەسەر ئەو جۆرە پۆستانە دیوە. تەنانەت هەندێک هاوڕێم هەن کە بە پڕۆفایلەکانیاندا وا دیارە ئێجگار بەڕێزن، کەچی نازانم لایکی ئەوان بۆچی چووەتە خزمەتی برەودان بە تیرۆری کەسایەتی؟! بۆیە من نیشانەی پرسیارم خستووەتە سەر هەر کەسێک کە لەم پڕۆسەی تیرۆرەدا بەشدارە. پێشم وایە هەر کەسێک لەمەدا بەشدار بێت هەڵەیەکی کوشندە دەکات. چونکە کەمتیارە کەسکوژەکان دەست لە کەس ناپارێزن و بە دووری مەزانن سبەی نەدەن بە خۆیشتانەوە.
لایک بۆ تیرۆری کەسێتی واتە برەودان بەو کارە
بەڕێزان، لایک واتای هەیە. تکایە دەستتان نەبێت لە تیرۆری کەسایەتیدا. ئەگەر کەسێک بە هەڵە دەزانیت، فەرموو بە ئاڕگیومێنت وەڵام بدە و بڵێ کە بۆچی پێت وایە ئەو کەسە هەڵەیە، بێ ئەوەی خۆت بکەیت بە باوکی کۆمەڵگا. بێ ئەوەی شار وەک موڵکی تایبەتی خۆت و هەر وەک ئاودەستەکەی ماڵی خۆتان تەماشا بکەیت. بێ ئەوەی بێڕەوشتی بە کەسانی تر بکەیت و تیرۆری کەسایەتییان بکەیت. فەرموو تێڕوانینی خۆت بخە ڕوو.
لایکی هەر هاوڕێیەکی فەیسبووکم ببینم لەسەر پۆستی تیرۆری کەسایەتی و سووکایەتیکردن بە خانمان و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران و لێکۆڵەران، کۆمێنتی ناشرینی هەر کەسێک ببینم، ئیتر هەر کەسێک بێت، لە فەیسبووک نەک تەنها ئەو کەسە دەسڕمەوە، بەڵکو بلۆکیشی دەکەم. چونکە چیتر من پێم وایە لە دەم و دەستی ئەو کەسە پارێزراو نیم.
تکایە برەو بە تیرۆری کەسایەتی مەدەن.
- لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
- لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا بە درێژی باسم لە چاند (کەلتوور) و نەریت کردووە. ↩︎
-

کلکەگاگەل
کلکەگاگەل1
کلکەگاگەل: کەسێکە خەڵک وەک کۆمپیوتەر و ژمێرەری خۆیان دەنگی پێ دەدەن تا ببێت بە ڕابەریان و پێشیان بکەوێت و ئایندەیەکی ڕووناک بۆ نەتەوەیەکی ستەملێکراو دەستەبەر بکات، ڕێگری لەو گەندەباوەڕانە بکات کە پایەی خەیاڵیی ڕێخۆشکەرن بۆ دروستبوونی سەرکوتکەر و دز و جەردە و کەنیزەکخواز، ڕێگری لەو گەندەباوەڕانە بکات کە کۆڵەکەی مەستبوونی خەڵکن بە ژەهری چاندی هاوردەکراو و دژەکورد. کەچی کلکەگاگەل، لەبەر ئەوەی هەر لە بنەچەوە کۆیلەی بیری گاگەلی کۆمەڵەگایە، دەچێتەوە شوێنی خۆی، کە پشتی پشتەوەی گاگەلەکەیە و گاگەلەکە پێش خۆی دەخات و دەیانکات بە مەتاڵی پارێزەری خۆی و بیرە داعشییە بۆگەنەکانی.
کلکەگاگەلی دژەژن
کاتێک پڕۆژەیاسایەکی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی دژی خانمان پێشکەش دەکرێت و لە هەرێمی کوردستاندا دەبێتە دەروویەکی کەمێک ڕووناک بۆ بنبڕکردنی کوشتن و پەلامار و گێچەڵ و هەموو جۆرە تاوان و بەدڕەوشتییەکی تر لە بەرانبەر خانمان، بۆ نموونە لە پڕۆژەیاساکەدا دەڵێت کە:
«لەبارچوواندنی منداڵ لە ئەنجامی لێدان لە ژنی دووگیان تاوانە. گێچەڵپێکردن بە خانمان لەسەر شەقامەکان تاوانە. سووکایەتیکردن و تاوانهەڵبەستن بە خانمان تاوانە. هەڕەشەکردن لە خانمان لە ڕێی تەکنەلۆژیاوە تاوانە. بەزۆر بەشوودانی منداڵ تاوانە.»
لەگەڵ زۆر یاسای بەسوودی تری لەم چەشنە کە ئەم کردەوە قێزەونانە بە تاوان پێناسە دەکات و سزایان بۆ دادەنێت. کەچی مخابن، سەد درێغ و مخابن، کلکەگاگەل دێت و بە پاساوی «ئەخلاق و نەریت و بەهای باڵا»، ئەم وشانەی وەک دەرپێی کوناودەری سوور گاکانی گاگەلەکە هار دەکەن و بە دوایاندا هەڵدەتیزێنن، کە لە ڕاستیدا نە ئەخلاقن، نە نەریتن، نە بەهای باڵان، کلکەگاگەل دێت و بەرەنگاری هەموو ئەو یاسایانە دەبێتەوە. دامەزراوە چونکە جەهلەکەی لەسەر ئەو توندوتیژییانە. دەکەن چەپڵەڕێزانی خەڵکی ڕەشەوەندیش، چون پاراستوویەتی کلکەگاگەل – گەندەباوەڕەکەیان!
کلکەگاگەل هەمیشە گابەرد (گاگوو)ی هەیە پاڵی پێوە بدات!
کاتێک کلکەگاگەل ناتوانێت هەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی ملیۆنان گەشمەرگی کوردی بەشخوراو بونیاد نراوە، بکات بە جومهورییەتی داعشیی ئەلکردستان، کاتێک ناتوانێت ئەم جومهورییەتە بکات بە هاوپەیمانی تاڵیبانی برا گەورەی، کە ناتوانێت ژن بە کوشت بدات، ڕادەکات و خۆی دەداتە پاڵ عێڕاقوهومول حەبیب و لەوێوە یاسای ڕەوایەتیدان بە ژنکوژیمان بۆ هاوردە دەکات. لەبەر ئەوەشی کلکەگاگەل خۆی هەمیشە هەر کلک بووە و هەرگیز ناتوانێت ڕابەر بێت، مێش میوانی نییە ڕیسەکە بکاتەوە بە خوری و هەرێمەکە لە ناو ببات و عێڕاقێک بخاتەوە پێش گاگەلەکەی و کوردستان بلکێنێتەوە بە ئوممەتول عەڕەبییە واحیدە ذاتول ریسالەل قاتیلە.
نا بۆ دزی، بەڵێ بۆ لاقەکردن!
کلکەگاگەل سەر زمان بن زمان دژایەتیکردنی دزی. کەچی کێشەی نییە مافی ڕەوای پاراستنی ملیۆنان خانمان بدزێت و هەموو خانمانی کوردستان بخاتە ژێر میهری ژنکوژ، بیرکوژ، مافکوژ، دەمپیس، دڵپیس، بیرپیس، داوێنپیس، پیسبیست، پیسبین، پیسخۆر، پیسڵێ و پیسکەن. کە هەموویان لە پشت مێژووە خوێناوییەکەی چاندسڕەوەکاندا خۆیان حەشار داوە. ئەوانەی نەوەکانیان ئێستا ڕۆژانە بە دەیان هەزار کۆمێنتی ناشرین و بێڕێزی و توندوتیژی و ناوزڕاندن و تاوانهەڵبەستن و بێئاکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکەنن و دەڕشێننەوە و کلکەگاگەلیش قیت و ڕەپ لە پشتیانەوە ئێرەق ڕاوەستاوە. کلکەگاگەل نایابترین بەرهەمی بەگەنیویگەیشتووی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیست و شکستخواردووە، کە کۆمەڵە داعشێکی سەربڕن و کەوڵێکی ئازادیخوازییان پۆشیوە. بەڵام کەوڵەکەشیان هەر هی ئازادیبازانە، نەک ئازادیخوازان.
خۆری ڕووناکیمژمان بە ئاوایی هەڵدێت!
ژمێرەرە بەژمارەبینەکەی خانمان، ئیمام و خەتیبی مزگەوتی ئیخگۆڕانوان، شەوێک لە شەوەنگ شەوتر و ڕەشتری شەوان فریادڕەسی نەتەوە… ئەوە ئێمەین؟ ڕزگارکەرەکەمان گەیشت؟
وەی، ئاخ! هەی، داخ! ڕابە بوێژ، وا جەنابی خاوەنگاگەلیان، کە هەر خۆیان گاگەل و کلکەگاگەلیشن، جەنابی ڕەشەوەندبازی گەلبازی مێگەلبازی گاگەلبازی دینباز، بە سواری مۆمێکی تاریک لمۆزی ئاراستەی گاگەلەکەی پێشی دەکات و دەبۆڕێنێت:
– هۆش! نەکەن لە مۆتەکەی گەندەباوەڕ ڕابن! ڕانەبن لە گەندەباوەڕی مۆتەکە و نەکەن! نەهێڵن ژن ڕزگار ببێت، ڕزگار نەکەن ژن.
خۆری خۆرکوژێنەوە!
کە تەماشای هاوزمانە ستەمدیدەکانی خۆی دەکات لە شنۆ و سنە و سەردەشت و سەقز و مەریوان و مەهاباد و بانە و بۆکان و سەرتاسەری لانکەی خۆری نیشتمان نابینێت، ئەو لانکەی هیوایەی بە ڕابەرایەتیی ژنانی سەربەرز هەڵهاتوون و سەرتاسەری نیشتمان لە کازیوەی خۆری ئازادیدا زەڕکەش دەکەن، کلکەگاگەل هێندە دژەئازادییە و خەلیفەی ناو پشقلەکەی ناو کەللەی وای لێ کردووە چاوی بەرایی نەیەت ببینێت دوو منداڵی کورد بە ئازادی بە زمانی دایکیان بدوێن، دوور لە چەپۆکی دێرینترین فشەکەر و فێڵباز و درۆزنەکانی مێژوو. حەزرەتی کلک ئەو خۆرە خوێنلێچۆڕاوانە بە بەرەڵڵا و لادەر ناو دەهێنێت. هەوڵ دەدات گاگەلەکەی پێش خۆی وا تێبگەیەنێت کە ئازادی و شکۆی نەتەوەیەک، ئازادی و شکۆ، شکۆ و ئازادی: شکادی، کە نە خۆی و نە ئەو جەهلەشی دوای کەوتووە هەرگیز هیچیانیان نەبووە، ئەو شکۆ و ئازادی و هیوایەی وا لە ڕۆژهەڵاتەوە بەسەر دڵماندا پەخش دەبێت، کلکەگاگەل لای وایە بەرەڵڵایی و بێئاکارییە! چما ڕێخۆشکردن بۆ بەکوشتدانی براکانت و بەکەنیزەککردنی خوشکەکانت سەربەرزییە؟!
کلکەگاگەل، هەمیشەکلک و کۆیلەی گەندەباوەڕی داگیرکەران، ئەلحەق لە مەکانی موتەخەللیفی موناسیب و مولائیم و موستەحەق بە ئەسفەلول مەقامی خۆیدایە ئەویش خەلفی گاگەلەکەیەتی. جەنابی کلک لەسەر کەفەڵی گاگەلەکەی، وەک هەمیشە پاسەوان و سەرقاپی شیاکەی دەمسمتی گاگەلەکەیەتی. ئێوەش دەپرسن بۆچی و چۆنە وا بیری بۆگەنە؟ سەراسیمەکەر و بەڵاجەوی و سەیر و سەمەرە نییە کە دار و شار و بەرد و هەرد و نشێو و کێوی نیشتمان دەڵێن:
نەکەی باوەڕ بە دینبازان بکەی ئازیز،
دەنا بەختی گرێلێدراوی کورد هەرگیز
نە دەیبینیت بە واڵایی نە دەیبیستیت بە باڵایی،
گەدایی هەر بەدایی هەر لە چاڵایی.
«نەکەی باوەڕ بە دینبازان بکەی ئازیز،
دەنا بەختی گرێلێدراوی کورد هەرگیز
نە دەیبینیت بە واڵایی نە دەیبیستیت بە باڵایی،
گەدایی هەر بەدایی هەر لە چاڵایی.»
- لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎



