
پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن[1]
بیکە، نەک نەیکەیت و هەوڵی سەلماندنی بدەیت!
هیچ نووستووێک هەوڵ نادات بیسەلمێنێت نووستووە، جگە لەو کەسەی نەنووستووە و بە درۆوە خۆی دەکات بە نووستوو، چونکە کارێکی بەو خۆدزینەوە و نمایشە هەیە. ئەگینا ئەوەی نووستووە، ئێستا لە قووڵایی خەوندایە و چێژ لە خەونەکەی دەبینێت و پێویستی بە خۆسەلماندن نییە بۆ هیچ کەسێک! ئەوەی هەوڵ دەدات وای بسەلمێنێت نووستووە، نەنووستووە.
پەتای خۆسەلماندن
گەر بتەوێت بیسەلمێنیت مەلە دەکەیت، پێویستت بە هاتوهاوار نییە بڵێیت: «هۆ، خەڵکینە، تەماشام بکەن، مەلە دەکەم!» تۆ دەبێت بچیتە ئاوەکەوە و مەلەکە بکەیت، نەک من بکوژیت لەسەر ئەوەی باوەڕم پێت نەهێناوە کە مەلە دەزانیت. تۆ پێویستت بە ددانپێدانانی من نییە کە مەلە دەزانیت. لە ڕاستیدا هەموو هەوڵی تۆ بۆ ددانپێدانانی من، تۆ لە چێژی مەلەکردنەکە دادەبڕێنێت، ئەگەر تۆ بۆ ددانپێدانانی من مەلە دەکەیت، پێشتر لێمت پرسی کە داخۆ من دەمەوێت تۆ مەلە بکەیت یان نا؟ پێشتر هیچ ڕایەکی منت وەرنەگرتووە، ئێستاش کە مەلەکە دەکەیت، ددانپێدانانی منت بۆ چییە؟ بۆ ئەوەی چێژ لە مەلەکردنەکەت ببینیت؟ ئەگەر تۆ بتزانیایە چێژ لە مەلەکردن وەربگریت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ڕای من نەدەوەستایت. لە ڕاستیدا تۆ پێویستت بەوە نییە هیچ شتێک بسەلمێنیت، چونکە هەر ئەوەندەی ئەو دەرگایەت لە خۆت کردەوە، ئیتر نوقمی گێژاوێک دەبیت کە زۆر بە ئەستەم لێی دەردەچیت. کە ددانپێدانانی منت کردە ئامانج و منیش ددانم پێتدا نا، ئینجا دەبێت بچیت کەسێکی تر ناچار بکەیت ددانت پێدا بنێت، پاش ئەویش کەسێکی تر، کە بۆ هەمووشمانت سەلماند، پاشان چی؟ ئینجا دەبێت ئامانجێکی نوێ دیاری بکەیت و هەوڵ بدەیت دیسان هەموومان بە سەلماندنی نوێ بهەژێنیت… بەڵام خەڵکی سەر زەوی ئێجگار زۆرن و تەمەن بەشی گەمەی ئەو هەموو سەلماندنە ناکات! هەموو ڕۆژێک کە سرووشت پێت دەبەخشێت، دەرفەتی چێژێکی نوێ و ژیانێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی نوێت پێ دەبەخشێت، کەچی تۆ هێشتا دوێنێ و پێرێت بە کۆڵەوەیە و بە شانازیشەوە دەتەوێت بۆ ئێمەی ئەمڕۆی بسەلمێنیت! ئینجا سبەینێش دەبێت ئەمڕۆ بخەیتە کۆڵت! پێرێ لە پێرێدا بە جێ بهێڵە و دوێنێ لە دوێنێدا و ئەمڕۆش لە ئەمڕۆدا. ئەم دیاردەیە ناو دەنێم پەتای خۆسەلماندن، خودی ئەم پەتایە هۆی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە پەتای پیاوچاکی کە کەمێکی تر باسی دەکەم. پەتای خۆسەلماندن بەو شێوەیە کار دەکات کە هەمیشە بە دوای سەلماندنی نوێدا دەگەڕێیت. بەڵام ئەم سەلماندنانە بە هەلی چێژبینینت لە ژیان و هەلەکانی ئەمڕۆت سەودا دەکەیت. ئایا بەهای هەلە نوێکەی ئەمڕۆ دەزانیت کە لە دوێنێ و ڕۆژانی پێشووتدا بە فیڕۆی دەدەیت؟ تۆ ئەم خۆسەلماندنەت بە ژیانی خۆت دەکڕیت کە ژیانیش لە کڕین نایەت.
مەکەوە نێو گێژاوی خۆسەلماندنەوە
هەرگیز هەوڵ مەدە بکەویتە گێژاوی خۆسەلماندنەوە، هاوڕێیەتیی هیچ کەسێکیش مەکە کە تووشی ئەو پەتایە بووە، چونکە ئەو پەتایە گواستراوەیە و دەشێت بۆ تۆش بگوازرێتەوە و ژیانت بە فیڕۆ بدات. چونکە هەمیشە وێڵی ئامانجی نوێی خۆسەلماندنی نوێ دەبیت. ئامانجی ڕەها لە ژیان ژیان خۆیەتی، هەر شتێکی تر کە دەیکەیت تەنها بۆ ئەوە بیکە کە چێژ لە ژیان ببینیت، هەر شتێک نەچووە خزمەتی ژیانەوە تووڕی بدە و فڕێی بدە، گرنگ نییە خەڵک چیت پێ دەڵێن. سامان گەر لە خزمەتی ژیاندا نەبوو سامان نییە، موزیک، هۆنراوە، کار، نوستن، سەما، خواردن…تد، هەر کامێکیان لە خزمەتی ڕەنگدارکردنی ژیاندا نەبوون فڕێیان بدە بە کەڵک نایەن. نەکەیت ژیانت بکەیت بە قوربانی هیچ شتێک، هەموو شتێک بکە بە قوربانی ژیان، چونکە سرووشت تەنها ژیانی پێ بەخشیویت، ئەوانی تر لە چواردەورەوە وەرتگرتووە، نەکەیت سرووشت بە چواردەورت سەودا بکەیت. سرووشت نەمرە، چواردەورت نەپاون[2].
لە سەودای ژیاندا دوو (ملیۆن) جار بیر بکەوە
هەرگیز چێژی مەزنی ژیان لە پێناو خۆسەلماندندا بە فیڕۆ مەدە. کەس نابینیت بییەوێت بیسەلمێنێت تێرە، جگە لەو کەسەی برسییە و بە درۆوە خۆی تێر پیشان دەدات، چونکە کارێکی بەو نمایشە هەیە. ئەوەی تێرە ئێستا چێژ لە تێرییەکەی دەبینێت؛ ئەوەی پیانۆژەنی ڕاستینەیە ئێستا چێژ لە ژەندنەکەی دەبینێت؛ ئەوەی وێنەکێشی ڕاستینەیە ئیستا چێژ لە وێنەکێشانەکەی دەبینێت. تەنها ئەوانە هەوڵ دەدەن خۆیان بسەلمێنن کە ئەوە نین!
مەیسەلمێنە، ئەوە بە!
هەوڵ مەدە بیسەلمێنیت مرۆڤێکی چاکیت، مێردێکی باشیت، ژنێکی باشیت، ئەویندارێکی باشیت، خواناسێکی باشیت، وارگێڕێکی باشیت، هونەرمەندێکی باشیت و تد. ئەگەر باش بوویتایە هەرگیز پێویستت بە خۆسەلماندن نەدەبوو! خودی هەوڵدانت بۆ خۆسەلماندنت کە تۆ مرۆڤێکی چاکیت، مێردێکی باشیت، ژنێکی باشیت، ئەویندارێکی باشیت، خواناسێکی باشیت، وارگێڕێکی باشیت، هونەرمەندێکی باشیت و تد. بەڵگەی ئەوەن کە تۆ هیچ کامێک لەوانە نیت! چونکە ئەگەر ئەوە بوویتایە هیچ کێشەیەکت نەدەبوو و ئێستا ئەوە دەبوویت و چێژت لەو بوونە ڕاستینەیەت وەردەگرت. کە چواردەورەکەشت باوەڕیان پێ نەدەکردیت، بێمننەتانە لێیان دوور دەکەوتیتەوە.
لە دوای لوتکەوە بەرەو کوێ؟
ئەم هەوڵدانەت بۆ خۆسەلماندن دەتخاتە گەرداوی کێبڕکێی هەمیشەییەوە. تۆ کە لەگەڵ خۆتدا دەچیتە کێبڕکێوە، هەموو هەوڵت بۆ ئەوەیە بگەیت بە لوتکە، بەڵام هەموو نەگبەتییەکانت دوای گەیشتنت بە لوتکە دەست پێ دەکەن! چونکە لە دوای لوتکەوە تەنها دابەزین هەیە! یان دەبێت لەوێدا خۆت بکوژیت، یان دەبێت داببەزیت! باشتر نەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەم کێبڕکێ و بۆڕبۆڕێنەت نەکردایە؟ بێلا بارتۆک دەڵێت: «پێشبڕکێ بۆ ئەسپە نەک هونەرمەند!» ڕەنگە تا منداڵیت یان هەرزەیت، لەوانەیە پێشبڕکێ باش بێت، نازانم، بەڵام دڵنیام پیشبڕکێ بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو قێزەونە. تۆ دەبوو ئێستا خۆتت بدۆزیایەتەوە و لە چاوی خۆتەوە بتڕوانیایە خۆت، نەک لە چاوی خەڵکانی ترەوە لە خۆتت بڕوانیایە. دەبوو ئێستا منت لەناو خۆتدا بدۆزیایەتەوە و پەروەردەی منەکەی ناو خۆت بدایە، نەک خەریکی بۆڕبۆڕێن ببیت.
دۆخی کێبڕکێباز
لەناو تۆوی کێبڕکێدا فریوخواردن و ئازارچەشتن و خۆپەرستی هەیە. ئەو مرۆڤەی بەردەوام بە شوێن کێبڕکێدا دەگەڕێت وردەوردە دەکەوێتە شەشپاڵووێکەوە: دیوێکی تووڕەییە، دیوەکەی بەرانبەری ئازارە، دیوێکی خەمخواردنە، دیوەکەی تری دڵەڕاوکێیە، دیوێکی تری خۆپەرستی و خۆفریودانە و بەرانبەری کێبڕکێبازییە. تەنانەت لەوانەیە ئەم شەشپاڵووە بۆ چەندین دیوی تری یەک لە یەک تراژیدیتر پەرە بستێنێت، بە هۆی ئەم شەشپاڵووەشتەوە تووشی چەندین کێشە دەبیت و خەڵکانی تریش تووشی کێشە دەکەیت. بەڵام ژیان بەم جۆرە جێگەی بەزەییە، تۆ پێویستت بەوە نییە لەو شەشپاڵووەدا پەنگ بخۆیتەوە و خۆت بەند بکەیت. مرۆڤ لەم دۆخەدا ناتوانێت هیچ ڕاستییەکی سرووشتی بێ شێواندنی شەش پەردەکەی دەوری خۆی ببینێت، چونکە ئەم مرۆڤە پەنگخواردووە لانیکەم لە شەش هاوێنەوە دونیا دەبینێت کە هەر یەکەیان وێنە ڕاستینەکانی چواردەور دەچەمێننەوە و دەیانشێوێنن. ئەم باش نەبینینەش دەتخاتە ئەنجامدانی کارەسات دوای کارەسات و ئەو کاتەش هەر پاساوێک دەهێنیتەوە و بە هەر ڕستەیەک باسی خۆت دەکەیت، ئەو ڕستەیەش بۆت دەبێت بە پەردەیەکی تر و بە دەوری شەشپاڵووەکەتدا دەیپێچیت، تا وات لێ دێت ئەوەندە لە پەردەی پاساوەکانت و کێشەکانتدا خۆت قوماتە دەکەیت کە چیتر کەسە ڕاستینەکەی ناخت دەخنکێت. لەبەر ئەوەشی تۆ هەر لە سەرەتاوە چێژبینین و دڵخۆشیت بە شتەکانی دەرەوەی خۆت بەستووەتەوە، چیتر هەرگیز دڵخۆش نابیت و چێژیش لە هیچ شتێک نابینیت، چونکە وێنەی دەرەوە لەبەر چاوی ناختدا شێواوە.
من؟
بەڵام تۆ لەوە مەزنتریت، لەوە بەتواناتریت، هەر ئەوەندەی ددانت بەوەدا نا بە دوای مندا دەگەڕێیت و لەگەڵ خۆتدا ئاشت دەبیتەوە، ئیتر دەتوانیت وردەوردە ئەو قوماتانەت لێبکەیتەوە و چیتر لە ژێر پەردەی تووڕەیی و گلەییەکانت و خەمخواردن و ئازار و دڵەڕاوکێ و خۆفریودانەکانتدا خۆت نەشاریتەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانە بشکێنیت. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەبێت وردەوردە لەبری تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان بێیتە سەر من، چونکە من گرنگترینە، هەر کەسێکیش هەر شتێکی تری پێ وتوویت، وا نییە و ئەویش نازانێت چی گرنگترینە. تۆ تەنها دەتوانیت شارەزایی تەواو لە مندا پەیدا بکەیت، ئەگەر لەسەر شاخێکەوە خۆت هەڵبدەیتە خوارەوە، تەنها کەس کە لەگەڵتدا دێت منە؛ کە دەنوویت تەنها کەس من دێتە خەونەکانتەوە. تۆ لە ڕاستیدا هەموو ژیانت لەگەڵ مندا بە سەر دەبەیت، ئەگەر لە من تێنەگەیت و لەگەڵ منی ناو خۆتدا ئاشت نەبیت، ئێمە چاوەڕێی چ باشییەکت لێ بکەین؟ تۆ کە منی ناو خۆتت خۆش نەوێت، ناتوانیت ئێمەشت خۆش بوێت.
منی بکەر، نەک منی بەرکار
بەڵام تکایە کە وردەوردە دەچیتە سەر من، من بە بەرکار بە کار مەهێنە، بەڵکو با بکەر بێت، مەڵێ: «ئەوان مووچەکەیان نەدا بە من، بۆیە من دڵی ناخۆشە»، تۆ لە مووچە گەورەتریت، تۆ لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت گەورەتریت، تۆ لە کیشوەر و جیهانیش گەورەتریت، تۆ هەموو گەردوونیت ئەگەر زیاتریش نەبیت. خۆت بۆ هیچ شتێک بچووک مەکەوە، منەکەی ناو خۆت بدۆزەوە و ئاشتی بکەوە و پێکەوە تێر چێژ لە ژیان ببینن. لەم جەستەیەی ئێستاتدا و لەم ژیانەی ئێستاتدا تەنهاوتەنها یەک جار دەژییت. بە ملیۆنان کیلۆمەتر لە چواردەوری ئەم هەسارەیە، ژیان لە هیچ کوێیەک نییە، ڕەنگە لە دوورتر هەبێت، بەڵام لەم هەموو شوێنە مەزنەدا تەنها ئێرە ژیانی لێیە و تۆش ئەو کەسەیت کە ئەو هەلەت پێ بەخشراوە کە بژییت، بێکۆتا شت هەن کە ناژین و ئەو هەلەیان پێ نەدراوە، تەنها تۆ دەژییت، تۆ پەرجووی سرووشتیت، تۆ بەڵگەی ژیانیت، کەچی خۆت خۆتت بۆ شتانێکی بچووک بچووک کردووەتەوە و خۆت کردووە بە پاشکۆیان.
چرا بۆ تاریکی، نەک بۆ ڕووناکی
تۆ بە دەستی خۆت ناخۆشییەکانت هێناوەتە ناو منەوە، هەر تۆش دەتوانیت ئەو ناخۆشییانە لە من بکەیتەوە. چاوت لەسەر تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان لابدە، ئەوان لەچاو مەزنیی منی ناختدا هیچ نین. کە چراکەی ناخت داگیرسا، هیچ تاریکییەک ناتوانێت بیکوژێنێتەوە، چونکە تەنها تاریکی لە ڕووناکی دەترسێت، چونکە هەمیشە ڕووناکی تاریکی لە ناو دەبات نەک بە پێچەوانەوە.
لەگەڵ خۆت ئاشت بە، ئەوجا ئاشتی ببەخشە
تۆ بێ دۆزینەوە و ئاشتکردنەوەی من بۆ هیچ کوێیەک هەنگاو مەنێ، هیچ چاکەیەک مەکە، هیچ چاکسازییەک مەکە، چونکە تۆ بەو منە خنکاوەتەوە هەموومان بە چاکەکانت دەخنکێنیت، چونکە تۆ خۆشەویستترین کەست کە منە خنکاندووە، بۆیە تکایە مەیە بۆ وێزەی ئێمەش. تەماشا بکە، ئێستا هەموو جیهان بە دەست کۆمەڵێک کەسەوە دەناڵێنن کە هاتبوون بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارە بکەن و چاکسازی بکەن و پێشمان بخەن، هاتبوون ئێمەیان خۆش بوێت، بە ئەوینی ئێمەوە هاتن، کەچی تەنها کێشەیان کەڵەکە کردووە. ئەو کات و ئێستاش هاتوون و هاتبوون تا فێری ئاشتیمان بکەن، بەڵام جارێ پێویستیان بەوەیە چل ملیۆن کەس بکوژن بۆ ئەوەی بەو ئاشتییە بگەن؛ ئینجا دەیانەوێت فێری خۆشەویستیمان بکەن، بەڵام جارێ دەبێت شەش ملیار کەس بخەسێنن و بیانکوژن تا خۆشەویستیمان فێر بکەن: بە منێکی پڕ لە ناکۆکییەوە دێن تا ئێمە کۆک بکەن. جیهان دە هەزار ساڵە تووشی پەتایەکی کوشندەی پیاوچاکی بووە و ئێستا ئەرکمان ئەوەیە لەم پیاوچاکانە دوور بکەوینەوە، چونکە ئەم پیاوچاکانە بە منێکی ڕقاوی و داڕماو و نەخۆش و خنکاوەوە و بە ئەوینی ئێمەوە هاتن موژدەی بەهەشتی سەرزەمین و بنزەمینیان پێ داین، کەچی ڕق و خوێنڕشتن و پیاوکوژی و سنووریان لەگەڵ خۆیاندا هێنا؛ برا و برایان لە یەک کرد؛ شار و دێیان سووتاند؛ بیرمەندیان کوشت؛ منداڵیان کیمیاباران کرد؛ ژنی خەڵکیان لاقە کرد؛ مرۆڤیان لە فڕندا تواندەوە؛ بۆمبای ئەتۆمیان بەسەر خەڵکدا کرد؛ سەیرانکەریان کوشت؛ جلی ئاڵوواڵایان ڕەشپۆش کرد؛ پێکەنینان لە سێدارە دا؛ باوکان کچی خۆیانیان کوشت؛ برا تێزابی بە قاچی ڕووتی خوشکدا کرد؛ ئابروومەندەکان ژنیان بەردباران کرد… هێشتاش ماویانە کاولی بکەن.
چارە؟
منەکەی ناو خۆت بناسە و ئاشتی بکەوە و پەروەردەیەکی تەندروستی ژیاندۆستیی بکە، ئەو کاتە چراکەی ناخت دادەگیرسێت، کە چراکەشت داگیرسا، پێویستت بە سەلماندنی ڕووناکیی خۆت نییە، تەنها پیاسەیەکت بە گەڕەکە تاریکەکانی ئەواندا بەسە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەر پێیان ڕووناک ببێتەوە و بەرەو ڕووناکی هەنگاو بنێن.
وەرن لە ئەمڕۆوە خۆمان لە پیاوچاکان ڕزگار بکەین.
[1] لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٠دا نووسیومە، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە ئێستا لە پێداچوونەوەی ٢٠٢٥دا لەگەڵ هەندێک لە وتەکانی ئەم وتارەدا هاوڕا نەماوم، بە تایبەتی ئەو بەشەی دەڵێت: «تۆ لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت گەورەتریت، تۆ لە کیشوەر و جیهانیش گەورەتریت، تۆ هەموو گەردوونیت ئەگەر زیاتریش نەبیت»، پێم وایە ئەم وتەیە هەڵەیە و تۆ گەورەتر نیت، بەڵام بۆ هەندێک لایەنی خۆت دەبێت خۆت لەپێشتر بیت، چون ئەگەر خزمەتی خۆتت پێ نەکرێت لەوە ناچێت خزمەتی لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەتت پێ بکرێت. باشترە بوترێت: «لە هەندێک دۆخدا دەبێت خۆت لەپێشتر بیت وەک لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت». هاوڕای ئەوەش نەماوم کە دەڵێت: «تۆ بە دەستی خۆت ناخۆشییەکانت هێناوەتە ناو منەوە، هەر تۆش دەتوانیت ئەو ناخۆشییانە لە من بکەیتەوە»، ئەم وتەیە ڕاست نییە، بە هەزاران ناخۆشی هەن لە دەرەوە بۆت دێن، نکۆڵییان لێ ناکرێت، بێگومان دەشێت کاردانەوەی تۆ وا بکات ئەو ناخۆشییانە بە جۆرێکی تر کاریگەری دابنێن، بەڵام مەبەستەکەم ئەوەیە کە مەرج نییە بە دەستی خۆت هێنابێتنە نێو خۆتەوە.
[2] نەپاو: بە ئینگلی mortal، واتە هەر شتێک کە بمرێت. لە زمانی خۆمانەییدا زیاتر وشە عەرەبییەکەی بۆ بە کار دەهێنرێت کە فانيیە.