وتار و ڕاپۆرت

شۆکخوازی و شۆکپەرستی

شۆکخوازی و شۆکپەرستی[1]

هەواڵەکانی هەموو کەناڵە مێدیاییەکان بە موزیکێکی دم دە دەگ پەپەپەپەگ بە پااااااام دەست پێ دەکا و لەگەڵ خوێندنەوەکانیشدا بەردەوامە. زرمەزرمێکە ئەوسەری دیار نەبێ، وەک بڵێی بۆ شەڕ دەچین. ڕاپۆرتێک لەسەر ژیاننامەی کەسێک دەکرێ کە سێ هەزار ساڵە مردووە: موزیکەکە هیی شەڕە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر ئاین دەکرێ: موزیکەکە هیی شەڕە؛ ڕاپۆرت لەسەر خۆشەویستی: موزیکەکە هیی شەڕە؛ ڕاپۆرت لەسەر پێکەنین: موزیک هیی شەڕە؛ ڕیکلامی برنج: موزیک هیی شەڕە؛ ڕیکلامی پەمپی تەوالێت: موزیک شەڕە؛ پەڕتووک: شەڕ؛ شەقام: شەڕ؛ دەنگدان: شەڕ؛ خۆشەویستی: شەڕ؛ خودا: شەڕ؛ شەیتان: شەڕ؛ شار: شەڕ؛ هاتن: شەڕ؛ ڕۆیشتن: شەڕ.

تەنانەت ئێستا ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆییم لەسەر حەللاج بینی، کە بە دڵم بوو و بڵاوکردنەوەی زانیاریم ئێجگار پێ خۆشە، کەچی موزیکەکەی هەر هیی شەڕ بوو. هەموو ئەم موزیکە قەبە و زل و زرمەزلێیانەش تەنها بۆ ئەوەن خەڵک تووشی شۆک بکەن و هەستی (بەپەلە) دروست بکەن.

شۆکخوازیی و بەپەلەیی تا ئاستی پەرستن گەیشتوون، چیتر دەبێ بوترێ بەپەلەپەرستی و شۆکپەرستی و شۆکیزم و بەپەلەییزم، وای لێ هاتووە هەموو شتێک دەبێ مرۆڤ تووشی شۆک بکا، ئینجا بەهای پێ دەدرێ. کاکە واز لەو موزیکە ناشرین و ئەو بەپەلەخوازییەتان بهێنن، واز لەو فەلسەفەی شەڕ و شۆک و بەپەلەییە بهێنن، ئەم بەپەلەپەرستێتییەتان بەپەلە لاببەن. بەسە دروستکردنی دڵەڕاوکێ بە هەموو جۆرێک، بەسە هەوڵدان بۆ شۆککردنی خەڵک، شۆک هیچ سوودێکی نییە و تەنانەت هەوڵدان بۆ شۆککردنی خەڵک لای من تاوانە، چونکە خودی شۆک دژی بیرکردنەوەیە، کە مرۆڤ تووشی شۆک دەبێ بە باشی بیر ناکاتەوە، چونکە لە کاتی شۆکدا، مرۆڤ نەخۆشە و ناتوانێ بە پێی پێویست کار بکا. کە ئەم موزیکەی ئێوە قێزەونتان کردووە لەسەر هەر هەواڵ و ڕاپۆرت و دیمەنێک دەبیستم، یەکسەر سەرنجم دەڕوا، چونکە موزیکەکە لە ئاوازی شەڕ دەدوێ و دیمەنەکە لە هەموو شتێکی تر. ئێوە تاوانبارن بە هەوڵدان بۆ کوشتن و ئاڵۆسکاندن و تێکدانی ناخی مرۆڤ.

هەموو ئەم موزیکە زل و زەبەلاحانەت نیشانەی ئەوەن کە بابەتەکەت بچووکە و پووچە، بۆیە دەتەوێ بە موزیکە زرموکوت و زەبەلاحەکەت زلی بکەی. ئەگینا بابەتی مەزن بێ موزیکی مەزنیش هەر مەزنە، بەڵگەش ئەوەیە ڕۆمانێکی چاک دەخوێنیتەوە، هیچ مێدیاچییەکی لێ نییە زرموکوتەکەی بۆ دابنێ، کەچی هەر مەزنێتیی دەقەکە بەرتدەکەوێ.

تکایە دەستبەرداری ئەم نەریتە قێزەونە ببن.


[1] لە ڕێکەوتی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و دواتر لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button