نووسەر: newa

  • نەستژەنیی ١٧

    نەستژەنیی ١٧

    نەستژەنیی حەڤدەیەم: ڕامان لە ئاڵۆسکان

  • نەستژەنیی ١٣

    نەستژەنیی ١٣

    نەستژەنیی سیانزەیەم: ژەندنی خراپ

    ئەم موزیکە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا تۆمار کراوە، ئەو کات گەلێ بە خراپم زانی و بە شایستەی ئەوەم نەزانی بڵاوی بکەمەوە، لە ٥ی مایسی ٢٠٢١دا دیسان گوێم لێگرتەوە و وتەکەی خۆمم بیرکەوتەوە کە لە (نەستژەنی)دا نووسیبووم، بڕیارم دا بەو کەموکووڕییەوە هەر بڵاوی بکەمەوە. ئەم موزیکانە هەموویان هەر یەکەم جار ژەنراون و چۆن دەرچوون ئاوها بەرهەمهاتوون، بۆیە لە کەمتەرخەمیم ببوورن.

  • چەمەری وایڵد

    چەمەری وایڵد

    چەمەر

    ئۆسکار وایڵد (١٨٥٤-١٩٠٠) ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە. چەمەر لە زمانی کوردیدا شیوەنێکە بۆ مردوو دەگێڕرێ یان دەنووسرێ. وایڵد ئەم هۆنراوەیەی لە ساڵی ١٨٨١دا بۆ شینی (ئیزۆلا)ی خوشکی خۆی نووسیوە کە لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە هەوبوونی پەردەکانی مێشک مرد، ئەو کاتە وایڵد خۆی دوانزە ساڵان بوو. بەڵام مردنی ئەم خوشکەی بە درێژایی ژیانی زامێکی ساڕێژنەبووی لە دڵیدا بە جێ هێشت. دوای نزیکەی سیانزە ساڵان، کە هەر لە بیری ئیزۆلادا بوو، ئەم هۆنراوەیەی بۆ نووسیوە. وایڵد هەرگیز ددانی بەوەدا نەنا، چ لە ژیان و چ لە هۆنراوەکەشدا کە ئیزۆلا مردووە، لە نامەوانەیەکی بچکۆلەدا پرچی ئیزۆلای هەڵگرتبوو، خۆی بۆ هەر شوێنێک بچووایە، ئەو پرچەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، تەنانەت کە خۆی لە ساڵی ١٩٠٠دا لە تاراوگە و دەربەدەری و هەژاریدا سەری نایەوە و مرد، ئەو نامەوانەیەی پرچەکەی تێدا بوو، هەر پێی مابوو، لەسەری نووسرابوو: «پرچی ئیزۆلاکەم، لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا کۆچی کرد، نەمردووە، بەڵکو نوستووە». ئەمە وەرگێڕراوی هۆنراوەکەیە بە کوردی:

    بە ئەسپایی پێت دابنێ،

    لەو ژێر بەفرەدا نزیکە،

    هێمن بدوێ

    چونکە دەنگی پشکووتنی گوڵنیشانیش هەر دەبیستێ.

    ورشەی پرچە زێڕینەکەی

    ئێستا ژەنگ ماتی کردووە،

    ئەوێک ڕۆژێ گەنج و جوان بوو

    ئێستا لە گڵدا گەوزاوە.

    وەکو شلێر، سپی وەک بەفر،

    خۆ فریا نەکەوت بزانێ

    کە کچێکە و

    ئەوەندە جوان گەورە دەبێ.

    تەختەی تابووت، بەردی گڵکۆ

    لەسەر سنگی ڕاکشاون،

    من تەنیام و دڵم زیزە

    کە ئەو ئێستا پشووی داوە.

    بە ئارامی، بە ئارامی، گوێی لێ نابێ

    نە سازی چەنگ، نە شیعری مەنگ،

    ژیان و دەسمایەی ژینم لێرە نێژران،

    خاک بە سەریا گرد بکەنەوە.

    لە ئەڵقەی سێیەمی ڕۆمانی ئولیسدا، لە نووسینی جەیمس جۆیس، ستیفن دیدەڵس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، وێنا دەکا کە دەچێ بۆ ماڵی خاڵی، کە ناوی (ڕیچی گولدینگ)ە، لە پشت سەری خاڵییەوە ئەم هۆنراوەیە لەسەر پارچە تەختەیەک نووسراوە و هەڵواسراوە. ئەویش لەبەرئەوەی کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر دایکی ستیفن، کە دەکاتە خوشکی ڕیچی گولدینگ، پاش تلانەوەیەکی درێژخایەن بە دەست نەخۆشییەک، کە وا دیارە نەخۆشیی شێرپەنجە بووبێ، مردووە. لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١دا کە ڕاڤەی ئەم ئەڵقەیەم وەردەگێڕا، ئەم هۆنراوەیەشم لەگەڵیدا وەرگێڕا.

    گوڵنیشان، بە ئینگلی (daisy): گوڵێکی بچکۆلەی کێوییە، ناوەڕاستەکەی تۆپێکی زەردی خڕە و گەڵای سپیی وردی بە دەورەوەیە. ئەگەرچی لە هەندێ لە فەرهەنگەکاندا بە: «گوڵی مینا، چاوپشیلە، خەزێمۆک، داودی» و چەند ناوێکی تریش هاتووە، بەڵام من ناوەکەم لە فەرهەنگی ڕووەکناسیی کوردستان و فەرهەنگی فارسی-کوردییەوە هێناوە، کە هەردووکیان «گوڵنیشان» پشتڕاست دەکەنەوە.

    ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی وایڵد خۆیەتی:

    Requiescat

    Tread lightly, she is near

    Under the snow,

    Speak gently, she can hear

    The daisies grow.

    All her bright golden hair

    Tarnished with rust,

    She that was young and fair

    Fallen to dust.

    Lily-like, white as snow,

    She hardly knew

    She was a woman, so

    Sweetly she grew.

    Coffin-board, heavy stone,

    Lie on her breast,

    I vex my heart alone

    She is at rest.

    Peace, Peace, she cannot hear

    Lyre or sonnet,

    All my life’s buried here,

    Heap earth upon it.

  • گۆرانییەکەی فێرگس

    گۆرانییەکەی فێرگس

    گۆرانییەکەی فێرگس[1]

    داخۆ ئێستا کێ بێ لەگەڵ فێرگس بڕوا

    تا تارای تاری قووڵایی جەنگەڵ ببڕێ و

    لەسەر کەنارە تەختەکە[2] سەما بکا؟

    هۆ کوڕەکە، ئەو برۆ ئاڵەت هەڵببڕە،

    تۆش کچەکە، پێڵووی ناسکت بڵند کە،

    بەسە ترس، بە هیواوە ڕابمێنن.

    چیتر بەسە دۆشدامان و پیشخواردنەوە

    بۆ تاڵاوی ڕازی ئەوین،

    چونکە فێرگس گالیسکەی مس دەئاژووێ و

    تاریکستانی جەنگەڵ و

    سینەی سپیی دەریای تار و

    گشت ئەستێرە گەڕۆک و ژاکاوەکانیش

    ڕام دەکات و دەیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.


    [1] نووسینی ولیەم بەتڵەر یەیتس (١٨٦٥-١٩٣٩)، لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢١دا وەرمگێڕاوە. ناونیشانی هۆنراوە ئینگلییەکە «کێ لەگەڵ فێرگسدا دەڕوا»یە، جەیمس جۆیس وتوویەتی: «جوانترین هۆنراوەی هەموو جیهانە» یەیتس هۆنەر و شانۆنووس و یەکێک بووە لە گرنگترین نووسەرەکانی ئایرلاند و سەدەی بیستەم، لە ساڵی ١٩٢٣دا خەڵاتی نۆبڵی وێژەی وەرگرتووە.

    فێرگس ماک ڕۆییخ لە ئەفسانەی ئایریدا برای پاشای ئۆڵستەرە و سەردەستەی تیپی سوارەی پاشاییە و مەشق بە جەنگاوەران دەکا. ئۆڵستەر و کۆنەخت دووانن لە هەرێمەکانی ئایرلاند. براکەی فێرگس لە جەنگێکدا دەکوژرێ و بە گوێرەی نەریتی میرات، دەبێ فێرگس ببێ بە پاشا. فێرگس دەشیەوێ براژنەکەی خۆی بخوازێتەوە، بەڵام براژنەکەی بۆ شووکردنەوە مەرجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە دەبێ کوڕەکەی خۆی، کە ناوی (کرۆخۆر ماگنێسا)یە، بۆ ماوەی ساڵێک پێش فێرگس ببێ بە پاشا. فێرگس قایل دەبێ و کرۆخۆری برازای دەبێ بە پاشا. بەڵام ئەم برازایە ئەوەندە پاشایەکی باش و لێهاتوو دەردەچێ، کە دوای ساڵەکە پیاوماقووڵانی ئۆڵستەر دەیکەنە پاشای هەمیشەیی خۆیان. فێرگس لای گرنگ نییە و کارەکەی خۆی وەک سەردەستەی سوارە و سوپا پێ خۆشە و دەست دەکاتەوە بە مەشقی جەنگاوەران. یەکێک لە قوتابییە جەنگاوەرەکانی ناوی (زەتانتا)یە و کە گەورەتر دەبێ، شەڕکەرێکی گەورەی لێ دەردەچێ و بە ناوی (کووخۆلین) دەناسرێ. ڕۆژێک پاشا کروخۆر بانگهێشتی ماڵی سەرۆکی هۆزەکەیان دەکرێ، بەڵام لەوێ لە پرزانگی ژنی سەرۆکی هۆزەکەیدا گوێی لە قیژەی مناڵێک دەبێ. دواتر ئەم مناڵە لە دایک دەبێ و کچ دەردەچێ و ناوی دەنێن (دییەدرە). بەڵام کروخۆر بەردەوام قیژەی مناڵەکە لە سکی دایکیدا لێکدەداتەوە و دواجار دەچێتە لای گەورەی درویدەکان، سەرۆکی درویدەکان ئەم قیژەی ناو پرزانگە وا لێکدەداتەوە کە دییەدرە کە گەورە بوو دەبێ بە جوانترین کچی ئایرلاند، بەڵام ئەگەر شوو بە پاشا بکا، ئەوا کارەساتێک تووشی ئۆڵستەر دەکا. کارەساتەکەش ئەوەیە کە هەموو جەنگاوەرەکانی ئۆڵستەر بە فێرگسیشەوە، دەردەکرێن. ڕاوێژکارەکانی پێشنیار دەکەن مناڵەکە بکوژن، بەڵام کروخۆر دەکەوێتە خەیاڵی جوانیی ئایندەی کچەکەوە، دایدەنێ کە دییەدرە گەورە بوو بیخوازێ. کە دییەدرە گەورە دەبێ، کروخۆر دەیخوازێ، بەڵام ئەو نایەوێ شووی پێ بکا چونکە زۆر لەو بەتەمەنترە، بەڵکو حەز لە کوڕێک دەکا بە ناوی (نۆیشا)وە، کە یەکێکە لە جەنگاوەرەکانی ژێردەستی فێرگس و ئامۆزای کووخۆلینە. دییەدرە لەگەڵ نۆیشادا ڕەدوو دەکەوێ و جەنگاوەرەکانی کروخۆر دوایان دەکەون و ئەوانیش خۆیان دەشارنەوە. پیاوماقووڵان پێشنیار دەکەن کروخۆر لێیان ببوورێ و ئاشت ببنەوە تا بگەڕێنەوە. نۆیشا بە مەرجێک ڕازی دەبێ بگەڕێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە فێرگس و هەندێ لە سوارەکان لەگەڵیدا بن تا بۆ ئۆڵستەر دەگەڕێنەوە. ئەگەرچی دییەدرە هەست دەکا پیلانێک لە پشت ئەمەوە هەیە و کروخۆر دەیەوێ هەڵیانبخڵەتێنێ، نۆیشا گوێ ناداتێ. فێرگس دەیانگەڕێنێتەوە، بەڵام لە ڕێگادا سەرۆکهۆزێک بانگهێشتی فێرگس دەکا بۆ نانخواردن و ئەویش بە دەنگ بانگهێشتەکەوە دەچێ. نۆیشا و دییەدرە ناچار دەبن لەگەڵ (فیاها)ی کوڕی فێرگسدا بڕۆن. لەم کاتەدا دەردەکەوێ کە کروخۆر ئەمەی بۆ پیلان گێڕاوە و پیاوکوژێکی بە دوایاندا ڕاسپاردووە کە نۆیشا بکوژێ، لەم پەلامارەدا نۆیشا و فیاهای کوڕی فێرگسیش دەکوژرێن و دییەدرە بە دیلی دەگەڕێنرێتەوە لای کروخۆر. کە فێرگس ئەمە دەبیستێتەوە کۆمەڵێک جەنگاوەر کۆ دەکاتەوە و هەڵدەکاتە سەر برازاکەی خۆی و زۆربەی پاسەوانەکانی و خێزانەکەی دەکوژن و ئاگر لە کۆشکەکەی بەردەدەن، بەڵام دەستی بە خۆی ناگا. پاشان لە داخی مردنی کوڕەکەی و خیانەتی برازاکەی، ئۆڵستەر بە جێ دەهێڵێ و پەیوەندی بە دوژمنانی ئۆڵستەرەوە دەکا، کە شانشینی کۆنەختن. هەر زووبەزوو، فێرگس دەبێتە متمانەپێکراوترین ڕاوێژکاری شاژنی کۆنەخت کە ناوی (مێڤ)ە، دواتریش ئەوینداری یەک دەبن، سەرەڕای ئەوەی مێڤ شووی کردووە و ژنی پاشای کۆنەختە کە ناوی (ئەڵیڵ)ە. فێرگس حەوت ژنی پێویستە لە شەوێکدا تا ئارەزووی دابمرکێتەوە، بەڵام مێڤ و ژنێکی تر بە تەنیا دەتوانن ئارەزووی ئەو تێر بکەن، ژنەکەی تر ناوی (فڵییاژ)ە، کە بانووخودای ڕەشەوڵاخ و مناڵبوونی کەڵتییەکان بووە. دواتر فێرگس فلییاژ دەخوازێ و پەیوەندیشی لەگەڵ مێڤدا دەمێنێتەوە. پاش ماوەیەک شەڕ لە دژی ئۆڵستەر هەڵدەگیرسێنێتەوە. لە شەڕەکەدا فێرگس کروخۆر ئابڵووقە دەدا، بەڵام بە هۆی لێهاتوویی کووخۆلینەوە، کە قوتابیی خۆی بوو و لە بەرەی ئۆڵستەردا دەجەنگێ، فیرگس سەرکەوتوو نابێ و شەڕەکە بە قازانجی کووخۆلیندا دەشکێتەوە. مێڤ هەست بە شەرمەزاری دەکا و بڕیار دەدا بێ فێرگس لەگەڵ ئۆڵستەردا بجەنگێ و خۆی سەروکاریی جەنگەکە دەکا و کۆنەخت بە جێ دەهێڵێ. فێرگس و ئەڵیڵ لە کۆنەخت تەنیا دەمێننەوە و ئەڵیڵیش لە تۆڵەی ئەوەی فێرگس لەگەڵ ژنەکەیدا جووت بووە، فێرگس دەکوژێ.

    ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی یەیتس خۆیەتی:

    Who goes with Fergus?

    Who will go drive with Fergus now,

    And pierce the deep wood’s woven shade,

    And dance upon the level shore?

    Young man, lift up your russet brow,

    And lift your tender eyelids, maid,

    And brood on hopes and fear no more.

    And no more turn aside and brood

    Upon love’s bitter mystery;

    For Fergus rules the brazen cars,

    And rules the shadows of the wood,

    And the white breast of the dim sea

    And all dishevelled wandering stars.

    [2] کەنارە تەختەکە: واتە کەنارەکە تەخت بێ، نەک تەختە بێ.

  • یەکەم دیبەیتی هۆنوس

    یەکەم دیبەیتی هۆنوس

    هۆنوسیاد: یەکەم دیبەیتی هۆنوس[1]

    هۆنوسی ماک، هۆنوسی بپرس، لە ترسی دوژمنانی پرسیار ناوی خوازراوی (نادیار پەیامهێن)ی لە خۆی نا. لە ئێستا بە دواوە هەر کاتێک ناوی نادیار پەیامهێنتان دی، ئەوە هۆنوسە. بیگرن، لەسەر پرسیارەکانی پارچەپارچەی بکەن؛ لە خاچی بدەن؛ بە زیندوویی بیکەن بە قوڵفەی پۆڵادا؛ ژەهر بڕێژنە داڵانی گوێچکەکانییەوە؛ بە زیندوویی پێستەی بکەن و بیخەنە خوێیاوەوە؛ دەستی ڕاست و قاچی چەپی ببڕنەوە؛ لە ملی بدەن؛ بە ئەڵقەتایەی ئاگرین بیبەستنەوە، با نەوێرێ پرسیار بکا. مناڵەکانتان فێر نەکەن وەک هۆنوس پرسیار بکەن، نەبادا دوایی ئاسوودە ببن! نەبادا زانا و دانایان لێ دەربچێ. نەکەن مناڵ فێری پرسیار بکەن، نەبادا پێیان بڵێن ئێسکگران، نەبادا لەبەرچاوی بێڕەنگی ملشۆڕ و ملکەچە بێپرسیارەکاندا ناشرین ببن!

    باوەڕت سێدارەیە، دۆگمات تەنافە، زووبە دەی

    بیخە ئەستۆی من کە پرسیم، پرس بەشی خنکاندنە[2].

    بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە، زووبە دەی

    بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە[3].

    نادیار پەیامهێن (کە هەر هۆنوسە، بەڵام با بڵێین کەسێکی ترە… ئا… ئا، تۆ نازانی لووتی کەمتیارە نەپرسەکان بۆ بۆنکردنی زانینخواز و بپرسەکان چەند بەهێزە! زۆربەی کاتیش کەسە نەپرسەکان لە شێوەدا هەر لە کەسە بپرسەکان دەچن، بەڵام هەندێ جار بە شێوەی جلوبەرگ و ڕوخساریاندا خۆیان جیا دەکەنەوە، ئەمانە ئەوانەن کە پلەیان وەرگرتووە و مەدالیای ئازایەتی کراوە بە ڕوخسار و جلوبەرگیانەوە و بە ئاشکرا شانازی بە زانایی خۆیانەوە دەکەن لە نەزانیدا، واتە زانان لە نەزانیدا)… نادیار پەیامهێن کەوتە گێڕانەوە:

    ڕۆژێک کە لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، واتە ساڵی ٢٠٠٢، لە وانەیەکدا مامۆستاکەمان پرسی: «ئایا دەزانن تا ئێستا کەسێک کە مێشکی بە زۆرترین ڕێژە بە کار هێنابێ کێیە؟» خوێندکارەکان هەموو بێدەنگ بوون. مامۆستا پاش بێدەنگیی خوێندکارەکان بە بزەیەکی هەستکردن بە زیرەکییەوە وتی: «ئەنیشتاین!» مامۆستا بۆ کەمێکیش هەر تەماشای هەمووانی کرد و بێدەنگی باڵی بەسەر پۆلەکەدا کێشا. هەستێکی هەڵەشەی لەناکاو هێرشی بۆم هێنا و بۆ چرکەیەک لەشمی بە کار هێنا و خۆی دەرفیچقاند. هەستە هەڵەشەکەم لە دەممەوە پرسی: «چۆن، مامۆستا؟» مامۆستا کە خواخوای ئەم پرسیارەی بوو تا زانیارییەکانی مانۆڕ بکا، وتی: «بە کۆمپیوتەر توێژینەوەی لەسەر کراوە کە لە هەموو کەسێک زیاتر مێشکی بە کار هێناوە».

    ئەگەرچی ئێمە مناڵییەکی دەوڵەمەندانەمان بە سەر نەبردبوو، بەڵام دەمێک بوو کۆمپیوتەرمان هەبوو، منیش لەچاو زۆربەی خەڵکی هەموو عێڕاقدا زیاتر لە کۆمپیوتەرم دەزانی. بۆیە کە کەسێک زاتی دەکرد باسی کۆمپیوتەر بکا، هەستێکی هەڵمەتبەرم بۆ دەهات و وای دەکرد هەست بکەم ناچارم خۆم هەڵبقورتێنمە هەموو باسێکی تەکنەلۆژیاوە، چونکە بواری تەکنەلۆژیام بە هیی خۆم دەزانی. بۆیە هەستە هەڵەشەکەم خێراتر لە پێشوو، بێ ئەوەی بۆ ڕاوێژی کۆمەڵگا باڵا توواوەکەی ناخم بگەڕێتەوە، کە ئەوکاتە ئەم کەرملەم ناو نەنابوو «هۆنوسی دووەم»، خێرا هەڵقورتایەوە و وتی: «مامۆستا، ئەوە لە کاتێکدا ڕاست دەبێ کە ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر مێشکی هەموو مرۆڤێکی تری سەر زەوی کرابێ و لە بەراوردی هەموواندا دەردەکەوێ ئەو لە هەموومان زیاتر مێشکی بە کار هێناوە». مامۆستا وتی: «نەخێر! چۆن وا دەڵێی؟ چۆن ئەمەت هەڵهێنجاند؟»

    من لە ڕاستیدا لەو کەسانە نیم خەڵک بە درۆ بخەمەوە و دیبەیت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم، بەڵکو زیاتر تەنها خۆم بە بێدەنگی لە شتەکانی چواردەورم ڕادەمێنم و بیر دەکەمەوە. پێشم وایە ئەگەر بیرکردنەوەیەکی پێشینەم نەبووایە، هەرگیز نەمدەتوانی و نەمدەوێرا یەکسەر ئاوها بێ بیرکردنەوە لەگەڵ مامۆستاکەمدا، لەگەڵ سەرگەورەکەمدا، خۆم بخەمە ناو دیبەیتێکی وەهاوە. هەر لە مناڵیمەوە وا لە مێشکمدا چەسپێنراوە و چەسپاوە کە هەمیشە هەموو گەورەترێک لە تۆ، بە تایبەتی مامۆستاکەت، لە تۆ زیرەکترە و دەبێ لەگەڵیدا زۆر نەرمونیان بی، وەک بڵێی مامەڵە لەگەڵ هێلکەدا دەکەی، دەبێ هەرگیز نەهێڵی بشکێ! چونکە ئێمە لە لایەن کەسانی بچووکەوە فێر کرابووین کە ئەوانەی لە ئێمە گەورەترن، تەنانەت بە خودای دروستکەری هەموو جیهانیشەوە، دەبێ زۆر بە ترساوی و تۆقیوی و ملکەچی و سەرشۆڕی هەمیشە ڕێزیان بگرین، نەکا تووڕە ببن. کۆرپەی تۆقینیان هێنا و بە قوماتەی ڕێز پێچایانەوە و بە زنجیری پیرۆزی لە دڵ و مێشکمانیان کڵۆم کرد. یەکێک لە هۆکارە هەرە مەزنەکانیش ئەوە بوو کە نەبادا بوێرین پرسیارێک بکەین کە بەگژ ڕێژەی زیرەکیی و ئاستی زانیاریی مامۆستاکانماندا بچێتەوە، چونکە پرسیار گەورەترین دوژمنی فێرکارییەکانی ئێمە بوو. تا ئێستاش هەندێ جار تەنانەت کە لە هەواڵی خەڵکانی لە خۆم گەورەتریش دەپرسم، لە ناخمدا بوومەلەرزەیەک ڕوودەدا. چۆن وێرام پرسیار بکەم؟ چۆن دەبێ مناڵ لە گەورە بپرسێ؟ چۆن بە گەورەتر لە خۆت دەڵێی: «چۆنی؟» دەبێ هەمیشە ئەو لێت بپرسێ چۆنی! دونیا وەهایە و بیکە بە ئەڵقە و بیکە بە گوێتەوە. لە پەروەردەکەی مناڵیمەوە، هەمیشە هەوری قێزکردنەوە لە مرۆڤی پرسیارکەر بەسەر ئاسمانی هەرزەکاریمەوە بوو. ئەوەندە تۆقینم لە پرسیار هەبوو، کە ئەگەر پرسیاریان لە خۆیشم بکردایە نەمدەوێرا هەر پرسیارەکەش ببیستم، خۆم لێی کەڕ دەکرد، نەبادا پرسیار وەک گڕکان بپرژێ و گڕکاناوەکەیم بەربکەوێ و منیش داخ بکا. زۆر زۆری ویست تا ئەم کۆرپە نەفرەتییەم لە ناخمدا خنکاند. ئێستاش سێبەری بێشکە پیسەکەی لە دڵ و مێشکمدا ماون و وا کارێک دەکەم سێبەرەکەشی فڕێ بدەم. بەڵام ترسە هەرە گەورەکە ئەوەیە کە برا و باوک و مام و خاڵ و باپیر و باوەگەورانی ئەم کۆرپەیە، هەموویان بە چواردەورمەوەن. تا ئێستاش نەموێراوە بڵێم: «کۆرپەکەتانم کوشت و چیتر ناهێڵم دڵ و مێشکی من ببێ بە لانکە و پێگەی بەرهەمە قێزەونەکانی ئێوە. چیتر بۆتان نییە دەروونی من بۆ درێژکردنەوەی دۆگماکانتان بە کار بهێنن. چیتر ئەم دەروونەمتان نادەمێ ژەهری باوەڕە چەقبەستووەکەتانی تێدا هەڵبگرن».

    ئەگەر ئێمە پرسیار بکەین لە بێڕێزیدا نییە، بەڵکو دەزانین کە نازانین و دەمانەوێ بزانین، ئەی کە گەورەکان دەزانن ئێمە نەزانین، بۆچی تووڕە دەبن؟ چ مێشکێک خۆی هەموو زانیارییەکی تێدایە کە دێتە دونیاوە؟ هەموو مێشکێک هەر بە پاکی نایە و چواردەور ژەهراویی دەکەن؟ چۆن دەبێ گەورە لە نەزانیی بچووک تووڕە ببێ؟ چۆن دەبێ دانا لە ساویلکەیی نادان تووڕە ببێ؟ ئایا بە ڕاستی ترس و تۆقین و خۆشەویستی پێکەوە کار دەکەن؟ پێکەوە دەژین؟ کوا خۆشەویستی و تۆقین پێکەوە دەژین؟ چۆن دەبێ بەهێز، کە دەزانێ بەهێزە، مانۆڕی بەهێزییەکەی بەرانبەر بێهێزان بکا؟ چۆن دەبێ ڕوناکی لە تاریکی بترسێ؟ هەمیشە نادان لە دانا و هەمیشەش تاریکی لە ڕوناکی و هەمیشەش بێهێز لە بەهێز ترساون. بەڵام تۆ، ئەی بەدبەخت، ئەی خوێندکارە بپرسە چاونەترسە ئێسکگرانەکەی دەبێ لە هەموو شوێنێک بوون و ئامادەیی خۆت، بێ ویستی خۆت، نمایش بکەی؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوواڵەت هیچ پرسیارێکت سەبارەت بە گەردوون و دۆگما و باوەڕ نییە و لە ناخیشتدا بناغەی هەموو زانیارییەکت نیشانەیەکی پرسیارە؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوخسار زۆر سەنگین دیاری و لە ناخیشدا ئەوینداری پێکەنینێکی هەمیشەییت؛ تۆ، ئەو کەسەی بە ڕوخسار ڕقت لە هەموو گۆرانییەکە و لە ناخیشتدا هەزاران گۆرانیت ئەزبەر کردووە: فەرموو مامۆستاکەت پرسیاری لێت کرد، چۆن گەیشتی بەم دەرئەنجامە؟ بۆی ڕوون بکەرەوە.

    لە ڕاستیدا لەو ڕۆژانەی مامۆستا ئەو قسەیەی کرد، بابەتێکی تری وەها سەرنجی ڕاکێشابووم و چەند ڕۆژێک بیرم لێی کردبووەوە. بۆیە ئەم بابەتەم لەگەڵ مامۆستاکەمدا بەش کرد: «مامۆستا، لەم ڕۆژانەدا خزمێکم وتی: «موهیمترین دەنگ هیی ئیبراهیم تاتڵسە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەخوا، داویانە لە کۆمپیوتەر! تاتڵس تەبەقەیەک لە قورگیدایە کە کەسی تر نییەتی. دەڵێن تەنها سەی عەلی ئەسغەر ئەو تەبەقەیەی هەبووە، بەڵام ئەویش مردووە» دوو سێ شەو هەر بیرم لەو قسەیە دەکردەوە. ئێ کوا، خۆ دەنگی من لە کۆمپیوتەر نەدراوە و بە تەنیشت هیی تاتڵساسەوە دانرابێ تا لە بەراوردکاریدا بزانرێ دەنگی ئەو «موهیمترین»ە. بۆیە بڕوا ناکەم ئەم زانیارییانە تەندروست بن».

    باشە بۆچی هەمیشە ئەفسانەکان کۆن و دوورن؟ هەموو پەڕجووەکان کۆن و دوورن؟ بۆچی ئەفسانەی نوێ و نزیک نین؟ پەڕجووی نوێ و نزیک نین؟ بۆچی دەبێ هەر دەزووی چیرۆکێک کە نەچوو بە کونی دەرزیی لۆژیکدا هەمیشە دێرین بێ؟ ئەم دەزووە ڕزیوە هیچ قوماشێک پێکەوە گرێ نادا! هیچ بەرگێک دروست ناکا! تووڕی دەن!

    مامۆستا وتی: «نا وا نییە باوکی من، تۆ هەڵە تێگەیشتووی… خۆی کە توێژینەوە لە شتێکدا دەکرێ… ژممامدمررمبەمخممهممدمم…» مامۆستا کۆمەڵێ شتی زۆری وت، بەڵام لەناکاو کۆمەڵگا توواوەکەی ناخم ڕابوو و لە ناخمدا کەوتمە گێژاوی لێپێچینەوەیەکی گەورەوە: چۆن وێرام وا بکەم؟ بۆچی ئەم قسەیەم کرد؟ تۆ کێی قسە بکەی؟ چۆن لە خۆتەوە هەڵەوەڕی دەکەی؟ چۆن دەبێ بە مامۆستا بڵێی وا نییە؟ ئەوە بۆچی هەمووان تەماشام دەکەن؟ ئێستا مامۆستا لێمدەدا! تۆ بڵێی دەرمنەکەن؟ دوایی دەڵێن باوکت بهێنە. باوکم نییە. خوێندکارەکانی چواردەورم بە پێکەنینێکی شادی و گاڵتەجاڕییەوە تەماشایان دەکردم، کوڕێک لە پێشمەوە وتی: «هەی لە تاتڵساس! وریا بە نەتفڕێنن…» هەندێک خوێندکاری تریش هەندێ شتی تریان وت. بەڵام من لەتاو دڵەڕاوکێ ناوەکییەکەم نەمتوانی بە ئاسوودەیی دەروونم بگەم تا بتوانم گوێیان لێ بگرم. دڵنیاش بووم مامۆستا هەر بۆی ڕوون دەکردمەوە کە چۆن هەڵەم، بەڵام نەمدەتوانی ببیستم، تەنها دەم-جووڵانم دەبینی. نەمدەزانی چۆن کۆتایی بەم گفتوگۆ نەخوازراوەم بدەم و سەرم لێ هاتبووەوە یەک. لەناکاو بە خێرایی دەستم هەڵبڕی و مامۆستاش فەرمووی لێم کرد، وتم: «مامۆستا، دەتوانم بچم بۆ تەوالێت؟» هەموو پۆلەکە لە پرمەی پێکەنینیان دا. خوێندکارێک وتی: «دەچێ بۆ تەوالێتەکە گۆرانی دەڵێ و پشتی برایم تاتڵس دەشکێنێ!» یەکێکی تر وتی: «کوڕە لە تەوالێتەکە ئەوەندە گوو هەڵستاوە دەنگ دەنگ ناداتەوە، لەوێش دەنگی خۆش نییە!» هەمووان بە گاڵتەجاڕییەوە تێر پێم پێکەنین و مامۆستاش بزەیەکی کرد و پاش وچانێک وتی: «بڕۆ».

    مامۆستا ڕێی دام و لە ڕاستیدا کە بەرەو تەوالێتەکە دەچووم، دەمزانی ئامانجم چوون بۆ تەوالێت نییە، چونکە هەستیاریم بە بەکارهێنانی تەوالێتی تر هەیە جگە لە تەوالێتی خۆم. ئەوەندەی بیرم بێ، لە هەموو تەمەنمدا لەوەناچێ دە تەوالێتی جیاوازم تاقی کربێتەوە، بەڵام چوونم بۆ تەوالێت تەنها پاساوێک بوو بۆ خۆدزینەوە لە بوێرییە هەڵچووەکەم و ئامۆژگارییەکانی مامۆستا و گاڵتەپێکردنی هاوپۆلەکانم، کە هیچیان هاوڕێم نەبوون. لە بەردەم تەوالێتەکەدا تەماشایەکی چواردەورم کرد و چوومە پشت تەوالێتەکە و بە دزییەوە جگەرەیەکم کێشا. من پانزە ساڵی ڕەبەق لە قۆناغی پێش زانکۆ خوێندکار بووم، باڵەخانەی چوار قوتابخانەم لە سلێمانی و هەولێر گۆڕیوە و هەرگیز بێزم نەدەهات تەوالێتەکانیان بە کار بهێنم. چونکە زۆربەی هەرە زۆری گەلی کورد فێر نەکراون تەوالێت بە کار بهێنن و داوای دەوڵەتیش دەکەن. زۆرینەی خەڵکی ئەم نیشتمانە کە دەچن بۆ تەوالێت وا دەزانن ئیتر ئەوە دواهەمین جارە ئەو تەوالێتە بە کار دەهێنرێ، باکیان نییە بیشیتەقێننەوە. هەر لە خۆیەوە سیفۆن لە ژێریاندا دەشکێ! من ئەگەر هەوڵیش بدەم ناتوانم سیفۆن بشکێنم. تا ئێستاش ئەو پرسیارەم هەیە کە: هەموو مرۆڤێک دەبێ ڕۆژانە لانیکەم جارێک بچێ بۆ تەوالێت، ڕۆژ نییە نەچی بۆ تەوالێت، ئێ هەر شتێک کە هەموو ڕۆژێک بیکەی، بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێ تیایدا باش بی. کەچی گەلێک لەو کارەدا شکستیان هێناوە کە هەموو ڕۆژ دەبێ بیکەن. ئیتر چۆن متمانە بەو کەسانە دەکەی لەم ژیانەدا کارێکیان پێ بسپێری؟ یان دەوڵەت دروست بکەن؟ یان هەر شتێکی کەمێک گرنگ بکەن؟ گەلێک نەزانن تەوالێت بە کار بهێنن، کە هەموو ڕۆژێک ناچارن بە کاری بهێنن، چۆن دەتوانن خوێندکارێکی بپرس و زانینخواز پەرە پێ بدەن؟


    [1] لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا نووسراوە، لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە، لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٠دا تەواو کراوە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١ و ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی تری بۆ کراوە.

    [2] دەستکاریکراوی دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.

    [3] دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.