وتار و ڕاپۆرت

ڤاڵكیرییه‌كه‌

ڤاڵكیرییەكە

ئۆپێرای دووەمە لە زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی ڕیچارد ڤاگنەر. بە ڕای هەندێ لە توێژەران، ئەمە ئۆپێرای یەکەمی زنجیرەکەیە. ڤاگنەر ئەم ئۆپێرایەی لە سێ پەردەدا داڕشتووە. ئەم ئۆپێرایە نزیکەی ٢٤٥ خولەکە.

پەردەی یەكەم

ڕەشەبا و زریانێكی بەهێزه، زیگموند بە شەكەتی خۆی دەكا بە ماڵی هوندینگدا كە سەرۆکی هۆزی نیدینگەكانه، خۆی لەوێ نییه، بەڵام زیگلیندەی ژنی پێشوازیی لێ دەکا. زیگموند پێی دەڵێ كە لە دوژمنانی هەڵهاتووه، پاشان مەی دەخواتەوه، هەڵدەستێ بڕوا بەو بیانووەی كە لەوانەیە لەگەڵ خۆیدا نەفرەت بهێنێ، یان نایەوێ ماڵەكەی ئەوان بخاتە مەترسییەوه، بەڵام زیگلیندە داوای لێ دەكا بمێنێتەوە، لەم گفتوگۆیەدا هوندینگ دەگەڕێتەوە و بێباكانە بەخێرهاتنی دەكا و پێشنیار دەكا گەر پێویستی بە دەرمان و شتی پێویست هەبوو بۆی دابین بكا. زیگلیندە بە هاتنی زیگموند زۆر شادمانە، چونكە هوندینگی مێردی لەگەڵیدا خراپه، داوا لە زیگموند دەكا چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێتەوه. زیگموندیش باسی ئەوە دەکا كە ڕۆژێك لەگەڵ باوكیدا گەڕاونەتەوە ماڵەوە و بینیویەتی دایكی مردووه، خوشكێكیشی هەبووە كە لەگەڵ ئەودا دووانە بوون، ئەویش فڕێنراوە. هەر لەگەڵ باوكیدا ژیاوە تا لە یەك جیا بوونەتەوە. ئینجا باسی چیرۆکی هەڵهاتنەکەی ئێستای دەکا و دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێك كچێكی دیوە بە زۆر بە شوو دراوە، زیگموند لەگەڵ خزمەكانی كچەدا شەڕی کردووە و سەرکۆنەی کردوون کە کچەکەیان بە زۆر بە شوو داوە، شەڕی لەگەڵیاندا کردووە تا چەكەكەی شکاوە، کە چەکەکەشی شکاوە، بووكەکە كوژراوە. پاشان زیگموند هەڵهاتووە تا گەیشتووەتە ئەم ماڵە. هوندینگ و ژنەکەی تا ئەو کاتە ناوی زیگموند نازانن، لێی دەپرسن: «ناوت چییە؟» بەڵام ئەو ناوی خۆی ناڵێ و دەڵێ: «بە ڤاهڤالت بانگم بكەن». كە زیگموند لە گێڕانەوەی چیرۆكەکەی تەواو دەبێ، هوندینگ دەزانێ كە دوژمنیەتی، پێی ڕادەگەیەنێ و پێشنیاز دەكا شەو لە ماڵیاندا بمێنێتەوه، بەڵام دەبێ سبەینێ شەڕی لەگەڵدا بكا. هوندینگ بێ ئەوەی گوێ بە ئازارەكانی زیگلیندە بدا، پەلی دەگرێ بۆ نوستن. زیگموند بەدبەختیی خۆی دەلاوێنێتەوە كە بە بێ چەك خۆی كردووە بە ماڵی دوژمنەكەیدا، سبەینێش دەبێ بێ چەك لەگەڵ دوژمنەكەیدا شەڕ بكا. لەم كاتەدا بیری بەڵێنەكەی باوكی دەكەوێتەوە كە پێی وتبوو: «هەر كاتێك زۆر پێویستت بە چەك بێ دەستت دەكەوێ!» زیگلیندە دێتەوە لای زیگموند، ئاگاداری دەکا كە دەرمانی خستووەتە خواردنەوەكەی هوندینگەوە و بە قووڵی نوستووە، پاشان بە زیگموند دەڵێ كە ئەویش بە زۆر بە هوندینگ بە شوو دراوە، ئینجا باسی پیرەمێردێک دەکا كە لە كاتی ئاهەنگی بووكێنییەكەیدا هاتووە و شمشێرێكی چەقاندووەتە ئەو درەختەی لە ناوەڕاستی ماڵەكەیاندایه، هوندینگ و هەموو كەسوكارەكەی شمشێرەکەیان بۆ دەرنەهاتووەتەوە. پێی دەڵێ ئەو لە مێژە چاوەڕێی پاڵەوانێك دەكا كە بێ و شمشێرەكە دەربهێنێتەوە و ڕزگاری بكا. خۆشەویستی بەسەر زیگمونددا زاڵ دەبێ و پێی دەڵێ: «خۆشمدەوێی» زیگلیندەش هەروەها پێی دەڵێ كە خۆشیدەوێ. زیگلیندە هەست دەكا شێوەی زیگموند دەكا و دەیناسێ، یان پێشتر دیویەتی، لێی دەپرسێ باوكی ناوی چی بووە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: «ڤالس» ئینجا زیگلیندە دەزانێ کێیە و دەڵێ: «تۆ زیگموندی!» زیگموندیش دەچێ شمشێرەكە بە ئاسانی لە درەختەكەدا دەردەهێنێتەوە. زیگلیندە دەڵێ: من زیگلیندەی خوشكتم!». ئاوها دەردەکەوێ خوشک و برا بوون. زیگموند شمشێرەكە ناو دەنێ نۆتونگ. زیگموند زیگلیندە بە بووك و خوشكی خۆی بانگ دەكا و بە تاسووخەوە باوەش بە یەكدا دەكەن و دەستلەملانێی یەكتر دەبن.

پەردەی دووەم

ڤۆتان و برونهیلدە لەسەر بەردێك لە نزیک شاخێك وەستاون، برونهیلدە كچی ڤۆتان و ئێردایە، ئێردا خودای زەوییە. ڤۆتان ئەو و هەشت كچی تری وەك ڤاڵكیری بە خێو كردووە، ئەم ڤاڵكیرییانە لە گیانی پاڵەوانە شكستخواردووەكان دروست كراون و سوپایەکی بەهێزیان لێ دروست کراوە و بە گژ هەر سوپایەکی مەزندا بچن لە ناوی دەبەن و دەیانبەزێنن. ڤۆتان فەرمان بە برونهیلدە دەدا كە دەبێ لە شەڕەكەی زیگموند و هوندینگدا پارێزگاری لە زیگموند بكا. فریكا، کە خودای هاوسەرگیرییە، لەگەڵ هەندێ پاسەوانانی هاوسەرگیریدا دێن، فریكا دەڵێ کە دەبێ زیگموند و زیگلیندە سزا بدرێن، چونكە هاوسەرگیرییەکی قەدەغەیان کردووە: برا نابێ خوشكی خۆی بهێنێ. ڤۆتان ئەوە ناسەلمێنێ كە ڤالس باوكی زیگموند و زیگلیندە بێ، بۆیە داواكەی فریكا ڕەت دەكاتەوە، لە لایەکی تریش ڤۆتان پێویستی بە پاڵەوانێكی سەربەست هەیە كە ژێردەستەی خۆی نەبێ، تا پلانەكانی بۆی جێبەجێ بكا. بەڵام فریكا بە پێچەوانەی ئەوەوە پێی دەڵێ كە «زیگموند پاڵەوانێكی سەربەست نییه، بەڵكو ئەو هەر پیاوێكی ئاساییە و ژێردەستەی ڤۆتانە و سەربازێكی ئاساییە و جێی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێ» ئینجا ڤۆتان بەڵێنی دەداتێ كە دەبێ زیگموند بمرێ.

ڤۆتان لەم بڕیارە دڵتەنگە و فریكا برونهیلدە بە دیار ڤۆتانی بێهیواوه ‌بە جێ دەهێڵێ‌. ڤۆتان باسی كێشەكانی خۆی بۆ برونهیلدە دەكا كە هەموویان لەو پێشبینییانەی ئێرداوە سەریان هەڵداوه، ئەویش وای لە ئێردا كردووە زیاتر لە پێشبینییەكان بكۆڵێتەوە. ڤۆتان دەیەوێ کە ڤاڵکیرییەکانی خۆی لە دژی ئالبەریش بە کار بهێنێ، چونكە ئەگەر ئالبەریش جارێكی تر موستیلەكە بگرێتەوە دەست، كە ئێستا موستیلەکە لە دەستی فافنەردایە، ئەوا سوپاكەی ڤالهالا دەشكێنن. فافنەر بە هێزی کڵاوزرێ جادووییەکە خۆی گۆڕیوە و خۆی کردووە بە ئەژدیهایەك و لە دارستانێكدایە و موستیلەكەی نیبێلونگەكانیشی لە دەستدایە. ڤۆتان ناتوانێ موستیلەكە لە فافنەر بسەنێتەوه، چونكە ئەوە بە ڕێكکەوتنی هەردوو لایان بەخشراوە و ناتوانێ پەیمانی خۆی بشكێنێ، بەڵام موستیلەکەشی دەوێ و بۆیەش پێویستی بە پاڵەوانێك هەیە تا فافنەر ببەزێنێ، ئەو پاڵەوانەش زیگموندە، کە لە ڕاستیدا کوڕی ڤالس نییە، بەڵکو کوڕی خۆیەتی! بەهەرحاڵ، وەك فریكا ئاماژەی پێی دا، دەبێ ئەو دەستبەرداری زیگموند ببێ و مەشق بە کۆیلە‌یەكی خۆی بكا و بیكاتە ئەم پاڵەوانە. ڤۆتان بە داخێکی زۆرەوە فەرمان بە برونهیلدە دەدا كە داواكەی فریكا بە جێ بهێنێ و چارەنووسی مەرگ بۆ كوڕە خۆشەویستەكەی خۆی، كە زیگموندە، دیاری بكا.

زیگلیندە و زیگموند ماڵەكەی هوندینگیان بە جێ هێشتووە و بەرەو شاخێك كەوتوونەتە ڕێ، زیگلیندە لە ڕێگاکەدا لە دڵەڕاوكێ و هەستكردن بە تاوان و ماندوێتیدا بێهۆش دەبێ. برونهیلدە لە زیگموند نزیك دەبێتەوە و لە مەرگێكی نزیك ئاگاداری دەكاتەوە، داوای لێ دەكا لەگەڵیدا بچێ بۆ ڤالهالا، بەڵام ناتوانێ زیگلیندە لەگەڵ خۆیدا بهێنێ. ئەویش ئەم داوایە ڕەت دەكاتەوە و شمشێرەكەی دەردەهێنێ و هەڕەشەی ئەوە دەكا کە ئەگەر بەردەوام بێ، ئەوا خۆی و زیگلیندەش دەكوژێ. برونهیلدە كە دەبینێ ئەو لەسەر بڕیاری خۆی سوورە، بەزەیی پێیدا دێتەوه و بڕیار دەدا ئاسانكاریی بۆ بكا بەوەی لە شەڕەکەیدا بەسەر هوندینگدا سەربكەوێ، واتە پێچەوانەی ویستی فریکا و ڤۆتان بکا. دواتر هوندینگ دێ، بە پاڵپشتیی ئاسانكارییەكەی برونهیلدە، زیگموند و هوندینگ دەجەنگن، ڤۆتان دێ و بە ڕمەكەی خۆی شمشێرەكەی زیگموند تێكدەشكێنێ، کە زیگموند بێچەك دەمێنێتەوه، هوندینگ شمشێرەكەی خۆی لە سكی دەچەقێنێ و دەیكوژێ. ڤۆتان خەمبارانە تەماشای لاشەكەی زیگموند دەكا، برونهیلدەش پارچەكانی شمشێرەكەی زیگموند كۆ دەكاتەوە و بە سواری لەگەڵ زیگلیندەدا هەڵدێن. ڤۆتان هوندینگ دەكوژێ و بە تووڕەییەوە دوای كچەكەی دەكەوێ كە بە گوێی نەكردووە و هاوکاریی زیگلیندەی کردووە و دەیەوێ ڕزگاری بکا.

پەردەی سێیەم

دەستپێکی موزیکی ئەم پەردەیە یەکێکە لە بەناوبانگترین موزیکەکانی مێژووی موزیکی جیهان و لە دەیان فیلمدا بە کار هێنراوەتەوە، موزیکەکە پێی دەڵێن: «ئەسپەڕێی ڤاڵکیرییەکان»، بە ئینگلی پێی دەڵێن: Ride Of The Valkyries.

کچە ڤاڵكیرییەكان دەچنە سەر لوتکەی چیایەک و کۆ دەبنەوە، سەرنج دەدەن هەشتن و یەكێكیان كەمه، كە ئەویش برونهیلدەیه. پاش كەمێك برونهیلدە بە هەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتە لایان و زیگلیندەشی لەگەڵدایه و ئەوان سەرسام دەبن. برونهیلدە داوای یارمەتییان لێ دەكا، بەڵام ئەوان هیچیان ناوێرن لە فەرمایشتەكانی ڤۆتان دەربچن. زیگلیندە داوایان لێ دەكا کە لە پێناوی ئەودا ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە، بەڵام برونهیلدە بەویش و بە ڤاڵكیرییەكانی تر دەڵێ كە: «زیگلیندە بە مناڵی زیگموند دووگیان دەبێ» مناڵەكەشی، كە هێشتا لە دایك نەبووە‌، لە ئێستاوە ناو دەنێ زیگفرید. برونهیلدە داوا دەكا ڤاڵكیرییەكان ڤۆتان دوابخەن تا ئەو یارمەتیی زیگلیندە دەدا هەڵبێ و شوێنێكی پارێزراوی بۆ دابین بكا، ئەوانیش ئەمە جێبەجێ دەكەن. ڤۆتان بە تووڕەییەوە دەگاتە لایان، ئەوان لێی دەپاڕێنەوه، ڤۆتان برونهیلدە بانگ دەکا خێرا بگاتە بەردەمی، بڕیار دەدا لە ڤاڵكیرییەتیی بخا و بیكاتە ژنێكی ئاسایی. ڤاڵكیرییەكانی تر لە ترسی ئەم بڕیارەی ڤۆتان هەمویان هەڵدێن و دوور دەكەونەوە و ماڵئاوایی لە برونهیلدە دەكەن. برونهیلدە داوای لێخۆشبوون دەكا، چونكە ئەو خۆشەویستترین كچی ڤۆتانه، چیرۆکی ئازایەتیی زیگموند دەگێڕێتەوە و باسی ئەو هۆیە دەکا کە هانی دا ئاسانكاری بۆ زیگموند بكا، پێی دەڵێ كە: «من گوێڕایەڵت بووم»، ڤۆتان تووڕە دەبێ و دەڵێ كە: «دواجار نەمویست زیگموند سەربكەوێ»، بەڵام برونهیلدە پێی دەڵێ كە: «من گوێڕایەڵی خۆشەویستییەکەی دڵت بووم، ئەو خۆشەویستییەی بۆ زیگموند هەتبوو، گوێڕایەڵی وتەکانی دەمت نەبووم، کە پێچەوانەی خواستی دڵت بوون» ڕاستییەکەش ئەوە بوو کە ڤۆتان لە ناخدا نەیدەویست زیگموند بمرێ.

ڤۆتان دڵی نەرم دەبێ و ڕازی دەبێ كە دواهەمین خۆزگەی برونهیلدە بە جێ بهێنێ، خۆزگەکەش ئەوەیە کە لەسەر شاخێك بینوێنێ و چواردەوری شاخەكە بە ئاگرێكی جادوویی هەمیشەیی دەورە بدا تا کەس نەتوانێ ڕزگاری بکا. ڤۆتان دەیبا و دەیخاتە سەر بەردێك و بە تاسوخەوە لە باوەشی دەگرێ و ماچی دەكا و دەینوێنێ و ڕمەكەی لە تەنیشتییەوە دادەنێ و بە قەڵغانەكەی دایدەپۆشێ. فەرمان بە لۆگە دەدا كە ئاگرە جادووییەکە بە دەوری شاخ و بەردەکەدا بكاتەوە، بە مەرجێك ئەو بپارێزێ و نەسووتێ. بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە ‌ئەم کچەی خۆی بە جێ دەهێڵێ و دەڵێ: «هەركەسێك ترسی لە ڕمەكەی من هەبێ و نەتوانێ بەرەنگاری ڕمەكەم ببێتەوه،‌ ئەوا هەرگیز بە برونهیلدە ناگا».

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button