
ئایا موزیک گرنگە؟[1]
سوپاس بۆ ئێوە و مامۆستا سەڵاح ڕەئوفیش بۆ ئەم باسە.
١. سەبارەت بە ناوی «موزیک» یان «مۆسیقا»: لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانیم نووسیوە، لێرەدا کلیک بکە بۆ بینینی.
٢. سەبارەت بە «تێری و داهێنان»: ئەڵبەت نازانم لە کوێی نووسینەکەتدا باسی تێری و داهێنانت ڕاستەوخۆیانە وروژاندووە، بەڵام هەر لەگەڵ مامۆستا سەڵاحدا هاوڕام: زیندوێتی بەسە بۆ داهێنان. بە بڕوای کۆنکرێتیم بۆ کاری داهێنان چۆنێتیی کات لە چۆنێتیی ورگ گرنگترە. «چۆنێتی» مەبەستم لە «کوالیتی»یە. تەنها ژینگەیەکی کەمێک بێدەنگ و بێ دڵەڕاوکێ و بێ هاتوهاوار و بێ سەردانی لەناکاو و بێ ڕووداوی نەخوازراوی ناپێویست ڕەخسابێ، من شاکاری هونەریت دەدەمێ. چونکە «مەندێتی»ی هونەر پەیوەندیی بە ڕامان و زنجیرەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە هەیە، ئەمانەش پێویستیان بە کاتێکی هێور و ئاشتییانە هەیە.
دوو ئەدگاری خراپی خەڵکانی کۆمەڵگا هەن کە بۆ هونەرمەندێتی خراپن، یەکەم: مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی دەمەوەر و فەرتەنەچییە؛ دووەم: مرۆڤ بە سروشت حەز دەکا خەڵکانی تر پەلکێشی بابەت و پڕۆژەکانی خۆی بکا. تەماشاکردنێکی فەیسبووکیش بەسە بۆ سەلماندنی ئەم دوو ڕاستییە: هەموو کەسێک داوات لێ دەکەن لە «کەمپین»ەکەیدا بەشداری بکەی.
بەڵام خۆشبەختانە بۆ سازاندنی کاتی پڕ ئاشتی و سنووردارکردنی خەڵک هەندێ تەکنیک هەن، کە هەر بە خودی هونەر-مەند/کارەکان دەسازێنرێن و بەشێکی بەرچاو کاتی باش دەگوزەرێنێ. تەکنیکەکان ئەوانەن لە خەڵک دوور بکەویتەوە: خودی خۆم لە ساڵێکدا دوو سێ مانگ فەیسبووکم کراوەتەوە، زۆربەی هاوڕێکانمم ئەنفەڵەو کردووە؛ مۆبایلم هەمیشە بێدەنگ و بێجووڵەیە؛ دەرگا لە هیچ کەسێک ناکەمەوە ئەگەر پێشتر لەسەر یەکبینین ڕێک نەکەوتبین، با هەر پێم بڵێ کەسێکی خۆپەرست و خراپم؛ وەڵامی زۆر نامە و چات و چۆنی و چاکیش نادەمەوە؛ تا بۆیشم بکرێ خەڵک کەم دەبینم و بە نزیکی هیچ ڕۆژێک نییە خۆم لە پڕۆژە و پلانی خەڵکانی چواردەورم دەرنەهێنم. هەر زۆر دوور نەڕۆین کابرای دراوسێت سەیرانێکی ساز کردووە و لە خۆیەوە پۆستی کەبابچیی بێ پرسی خۆت پێت بەخشیوە؛ برادەرێکی ترت بە مۆبایلەکەی کورتەفیلمێک دەکا، یەکسەر تۆی داناوە موزیکەکەی بۆ دابنێی؛ دراوسێکەتان کەوانتەری کڕیوە، دایناوە تۆ لە حەماڵییەکەدا یارمەتیی بدەی. هەموو ئەمانە ئاسوودەیی و کاتی تێڕامان دەکوژن و دەبێ لێیان دوور بی.
زۆر جار کە لە لایەن چواردەورمەوە بە کاری ناپێویست دەتەنرێم، داناییەکی سادە بۆ توانج دەڵێم، دەڵێم: «دەزانن بۆچی بێتهۆڤن لە موزیکدا باش بووە؟ چونکە خەریکی موزیک بووە!» مەبەستم ئەوەیە تۆ دەبێ خەریکی بوارەکە بیت بۆ ئەوەی تیایدا پێشبکەوی. زۆربەی موزیککارانی ئێمە خەریکی بوارەکەیان نین، یان لە لایەن کۆمەڵگاوە چاوەڕێی کاری تری جگە لە موزیکیان لێ دەکرێ.
٣. سەبارەت بە ڕۆژ و کاتی موزیک: لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژی موزیکە، هەموو کاتێک کاتی موزیکە و هەموو کاتێک موزیک گرنگە. لە ئەفەریقا ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام موزیک ناوەستێ! خودی خۆم هیچ ڕۆژێک نییە جگە لە سەعاتەکانی پڕۆڤەی خۆم دوو بۆ پێنج سەعات گوێ لە موزیک نەگرم.
سەبارەت بە ڕێکەوتەکەش کە ٢١ی حوزەیران بێ: ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کاتێکی گونجاو بێ، بەڵام ئەو ڕۆژە لە کوردستاندا زۆر گەرمە. یەک جار لە ژیانمدا، وا بزانم ٢٠٠٩ بوو، لە بەردەمی ڕێکخراوی ئازادیی لاواندا پیانۆم ژەند و بە تەنیا ئەو یادەم کردەوە، سێ ڕۆژ نەخۆشکەوتم ئەوەندە خۆر لێی دام. هەتاوی ڕۆژەکە زیانی بە ئامێرەکەشم گەیاند. هۆڕنی کۆستەر و پیکاب و لوورەی ئوتومبێلی پۆلیس و فریاکەوتن و ڕادیۆی گرمەگرمکەری زیادکراوی تەکسیگێڕەکان و ڤڕەی مەکینەی ئەو هەموو ئوتومبێلە و بانگدانی نەشازی بانگنەبێژە دەنگنەشازەکانی مزگەوتەکان بەردەوام ڕستی ژەندنەکەمیان دەپچڕاند. هەموو ئەمانە جگە لە حیلکەحیلکی پیادەکان.
کەواتە تەسکمان دەکاتەوە بۆ شەوەکەی، دوای بانگی خەوتنان: شەویش پێویستی بە ڕوناکی و کارەبا و وایەر و وایەرکاری و بڵندگۆکاری و ئامادەکاری و بێدەنگکاری هەیە، ئەم ئامادەکارییانەش کاری ژەنیار نین. من هەموو ڕۆژێک بە خەڵک دەڵێم: «پیانۆت بۆ دەژەنم، بەڵام پیانۆت بۆ بار ناکەم! من پیانۆبارکەر نیم! ئامێرەکەم زۆر قورسە و زۆر گرانبەهایە و گواستنەوەشی زۆر ئەستەمە. پێشم خۆش نییە ئامێری خۆم بۆ هیچ بۆنەیەکی تۆ بە کار بهێنم! چونکە کە ئامێرەکەم تێکدەچێ تۆ پێم پێدەکەنی، بەڵام من کۆستم دەکەوێ». کەواتە دەبێ کۆمەڵە کەسێکی باش هەبن کە لە هونەرمەندەکان و کات و ڕێکخستن تێبگەن و بتوانن ئەم ئامادەکارییانە بکەن. واتە ئۆباڵەکە تەنها لە ئەستۆی ژەنیارەکاندا نییە. شیاوترە ڕۆژەکەش بخرێتە کاتێکی فێنکترەوە.
٤. سەبارەت بە «مۆنۆپۆلی» و بەکارهێنانی موزیک و ئەرکپێدان: من هەرگیز دژی ئەرکپێدان نیم، ئەرک پەرۆشیی زیندوێتی بە مرۆڤ دەدا، بەڵگەش ئەوەیە هەزاران کەس دەبینی پیشەی زۆر وەڕسکەر و ناخۆش و قورسیان هەیە، هەموو ڕۆژێک دەیانبینی و لە خۆت دەپرسی: دەبێ ژیانی ئەم کەسە چ بەهایەکی بۆی هەبێ وا ئەم کارانە دەکا؟ چی ڕێگەی لێی گرتووە خۆی بکوژێ؟ کە ڕۆ دەچیتە هۆی ئەوەی بۆچی وا خۆیان ماندوو دەکەن، دەبینی کە ئەرکێکیان لەسەر شان گرتووە، یان بۆ مناڵەکانیان، یان بۆ دایک و باوکیان، یان برا و خوشکیان، یان خۆشەویست….تد. ئەرک کرۆکی هاندانە.
من دژی ئەوانەم کە دەڵێن گوایە هونەر بۆ هونەرە! هونەر بۆ هونەر نییە، هونەر دەبێ ئەرکێکی لە ژیانی ڕۆژانەدا هەبێ، ئەم ئەرکپێدانە دەبێ لە لایەن کۆمەڵێک کەسی وشیار و دەوڵەتمەدار و ئاگادارەوە دابین بکرێ. هونەر زۆر شتی مەزن دەکا ئەگەر مێشکێکی باش لە پشتییەوە هەبێ. بۆ نموونە ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، لە ڕێنیسانسدا لە ئەوروپا پێش پاشاکان، هەندێ دەوڵەمەند و خانەدان هونەریان ئاراستە کردووە: یەکێکی وەکو (لۆرێنزۆ دێ مێدیچی) کە خانەدانێکی دەوڵەمەندی شاری (فلۆرەنس) بووە، پاڵپشتی دارایی زۆر هونەرمەندی گەورەی کردووە و یەکێک بووە لە جووڵێنەرە مەزنەکانی ڕێنیسانس. دەشێ لە جیهانی ئەمڕۆدا حکومەت هونەر ئاراستە بکا. بەڵام ئەم ئاراستەکردنە لیژنەیەکی وشیار و دووربین و ستراتیژی دەوێ. هاوکات گەلێکی کەمێک وشیارکراوەشی دەوێ. چونکە میللەتیش سەری ئەوسەری هاوکێشەکەن.
لەم ڕۆژانەدا فیلمێکی بەڵگەنامەییم سەبارەت بە هۆڵی ئۆرکێسترای هامبورگ تەماشا دەکرد، نزیکەی ٩٥٤ ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتیی تێدا سەرف کراوە. بەڵام خەڵک نەیانکردووە بە هاتوهاوار و نەهاتوونەتە سەر جادە و بیڕووخێنن؛ کەمپینی لە دژ ساز نەدراوە؛ حەرام نەکراوە؛ مەلا لە میحرابەوە لە دژی نەیقیڕاندووە؛ لە فەیسبووک تفی بۆ کۆ نەکراوەتەوە. بەپێچەوانەوە پێوەی شانازن. پێش ئاراستەکردنی هونەر دەبێ میللەتێکی ئامادەی گۆڕانکاری خۆشە بکرێ. لەم لەتکەهەرێمەدا پێنج هەزار و دوو سەد مزگەوت دروست بکە کەس ناڵێ مەکە، بەڵام یەک هۆڵی ئۆرکێسترا دروست بکە قیامەت هەڵدەستێ. پێنج هەزار و دوو سەد مەلا مووچە وەربگرن بەرانبەر گێڕانەوەی چیرۆکی چەقۆکەی ئیبراهیم بۆ سەر ملی ئیسماعیل کەس قسە ناکا، بەڵام ئەگەر نەوەد موزیکژەن لە ئۆرکێسترایەکدا کۆ بکرێنەوە کەبائیر و ئەشڕاطوسساعە ڕوو دەدەن!
مەبەست لێرەدا ئەوەیە هونەرمەندان سەربازانی گۆڕەپانەکەن، لە پشت ئەم سەربازانەوە دەبێ ئاراستەکەرێک هەبێ، ناکرێ شکستی سوپاکە تەنها بخرێتە ملی سەربازەکان، بەڵکو پشکی شێری شکست بەر پلاندانەر و ستراتیژکارەکان دەکەوێ.
هونەر دەبێ ژیرانە پلانی بۆ دابنرێ و ئاراستە بکرێ. هونەرمەندان بە سروشت کەسانی پەڕەوازەن، لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەمەی ئێمەدا ئەوەندەی تر پەڕەوازە خراون. نابێ ئەم پەڕەوازە پەڕەوازەخراوانە سەرپشک بکرێن خۆیان داهێنان بکەن! ناکرێ ئایندەی هونەریی گەلێکی زیندوو پشت بە کۆمەڵێک پەڕەوازەی پەڕەوازەخراو ببەستێ کە ڕۆژانە لە پێنج هەزار و دوو سەد پێگەوە مژدەی دۆزەخیان پێ دەدرێ.
هەر با بە ڕاستی پێت بڵێم ئەگەر پیانۆیەک بهێنمە سەر جادە، کە نایهێنم، لەوە دەترسم لە لایەن کەسانی بارگاوی بە بیری تیرۆریستییەوە بکوژرێم، یان لە لایەن پۆلیسەوە بگیرێم! یان چ گەرەنتییەک هەیە خۆم یان ئامێرەکەم پارێزراو دەبم؟
گلەیی لە ئێمەومانان مەکە، ئێمە سەربازین، ئامادەین، بەڵام بێ ستراتیژییەت خۆمان بە کوشت نادەین.
لەگەڵ ڕێزمدا.
دووبارە سوپاس بۆ هەردووکتان.
[1] خاتوو شەهێن سابیر لە ڕێکەوتی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی «ئایا موزیک گرنگە؟»، پاشان مامۆستا سەڵاح ڕەئوف، وا بزانم، لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا وەڵامی داوەتەوە. من لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەردوو بابەتەکەم دی و هەردووکیشیانم خوێندەوە، حەزم کرد لە گفتوگۆکەدا بە وتارێک بەشدار ببم، بۆیە ئەم وتارەم نووسی و بۆ خاتوو شەهێنم نارد و ئەویش لە هەژماری فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە. لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسراوە. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.
بۆ بینینی وتارەکەی خاتوو شەهێن سابیر لێرەدا کلیک بکە
بۆ بینینی وەڵامەکەی مامۆستا سەڵاح ڕەئوف لێرەدا کلیک بکە.