
حەزت لە چ ڕەنگێکە؟
من هەمیشە یەکەم جار سەیری هونەرمەندێتییەکە دەکەم، نەک ئەو کەرەستەیەی هونەرەکەی پێ کراوە. واتە ڕەنگەکان بەهای سەرەکییان نییە لام، تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بەهایان هەیە. کەواتە هەموو ڕەنگەکانم لا جوانە بە مەرجێ بزانرێ تێکەڵ بکرێن. کە نەشزانرێ تێکەڵ بکرێن هیچ ڕەنگێک بەهای نییە! زۆر جار حەزم لە تێکەڵەی خۆڵەمێشی و پەمەیی و شینی کاڵە. هەندێ جار نیلی و زەرد و خۆڵەمێشی. هەندێ جار شین و ڕەش. هەندێ جار نیلی و ڕەش. ڕەنگێکی دیاریکراو نییە کە لام دڵخوازترین بێ.
خۆشترین خواردنت چییە؟
لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ کەباب دەشنێ وەکو منداڵ! کەباب، بەرگر، برنج و شلەی پەتاتەی کەری. یاپراخی سڵق و گەڵامێویش.
خۆشترین شیرینی بە لاتەوە چییە؟
کاتی خۆی بە هیچ شێوەیەک حەزم لە شیرینی نەبوو. بەڵام ئێستا حەزم لێیەتی. بە تایبەتیی بابەتی پاقلاوە. بەڵام هێشتا نازانم کامەم لە هەموو زیاتر حەز لێیە.
خۆشترین وانەی قوتابخانە بە لاتەوە کامە بوو؟
لە ڕاستیدا تەنها حەزم لە گۆرانیبێژان بوو، ئەگەر نەیانهێشتایە گۆرانی ببێژم لە وانەکاندا، ئەوا پشووی نێوان وانەکانم لا خۆشتر بوو! بەڵام وانەی گۆرانیبێژان نەبوو (دوور لە ئێستا!)، کەمێک حەزم لە زمانەکان و مێژوو هەبوو. کە ئێستاش تەماشای نمرەکانی ساڵانەم دەکەیتەوە بۆت دەردەکەوێ کە ئەو حەزانەم ڕاست بوون.
هەندێ لە پەڕتووکە دڵخوازەکانت چین؟
لە ئێستادا؟ یولیسیس، یولیسیس، یولیسیس! بە گشتی حەزم لە چیرۆک و هۆنراوەیە، کەچی زۆر سەیرە، زیاتر پەڕتووکی فێرکاری دەخوێنمەوە! حەزم لە ئەفسانە و مێژوو و هۆنراوەش هەیە. تازەبەتازە فێر بووم لە کوردییەوە بۆ وێژەی ئینگلیزیش پەلم کێشاوە. لە هۆنراوەدا حەزم لە تۆپەڵەقسە نییە کە بە ناوی هۆنراوەوە بڵاو دەکرێنەوە. حەزم لە نووسینێکە هونەرمەندێتیی تێدا بە کار هێنرابێ. حەزم لە بیری ڕووت نییە. بەڵام لە ئێستادا یولیسیس بەهادارترین پەڕتووکە لام، هەروەها ئەو پەڕتووکانەشی لەسەر یولیسیسن، لە پەڕتووکخانەکەمدا تاقێکی جیام بۆ یولیسیس و ڕاڤەنامەکانی هەیە. لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوەی چیرۆک و داستانە گریکییە کۆنەکان بووم، لە مێژووشدا بە خوێندنەوەی مێژووی دەوڵەتی ڕۆمییەوە خەریک بووم، بە تایبەتی شەش بەرگە دانسقەکەی ئێدوارد گیبن. من ناتوانم لە یەک کاتدا تەنها یەک پەڕتووک بخوێنمەوە، مێشکم باشتر لە ئاڵۆزیدا کار دەکا! بەڵام پێشنیار دەکەم هەموو کەسێک فەرهەنگی لە ماڵی خۆیدا هەبێ، بە تایبەتیش فەرهەنگی ئازادیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخی، ئەو کەڵەپیاوە سی ساڵ خەریکی ئەو فەرهەنگە دانسقەیەی بووە و کارێکی ئێجگار پیرۆزی کردووە، من هەموو ڕۆژێک دروودی بۆ دەنێرم. لە چیرۆکی (چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا) فڕۆکەخانەکەم بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە!
هەندێ لە فیلمە دڵخوازەکانت چین؟
زۆربەی فیلمەکانی ئاڵفرێد هیچکۆک. لە ڕاستیدا لیستێکم کردووە لە سەد خۆشترین فیلمەکان بە لامەوە. لەوانەیە لیستێکی تریش بکەم بۆ سەد فیلمی تر. من تا ڕادەیەکی زۆر حەزم لە فیلمە کۆنەکانیش هەیە، وەک بەستەر کیتن و چارلی چاپلن. فیلمەکانی چاپلن هاوڕێیەکی بەنرخی مناڵیمن. بە داخم کە ئێستا زۆر مناڵ نایناسن.
هەندێ لە موزیکە دڵخوازەکانت چین؟
نابێ ئەم پرسیارە لە من بکەی! بە هەزاران موزیک هەن کە خولیامن. هەر نۆ سیمفۆنییەکەی گوستاڤ مالەر. هەر نۆ سیمفۆنییەکەی بێتهۆڤن. هەموو پرێڵیود و فیوگەکانی باخ. زۆرێک لە کارەکانی گوستاڤ هۆڵست. نازانم چیت پێ بڵێم. دەتوانم یەک پەڕتووکی گەورەی سەد بەرگی لەسەر موزیکە دڵخوازەکانم بنووسم. بەڵام من ئەوەندەی حەز دەکەم گوێیان لێ بگرم ئەوەندە حەز ناکەم لەسەریان بنووسم. چونکە بۆ من چێژی ڕاستەقینەکە لە گوێگرتنەکەدایە. بەڵام دەبوو هەموو پارچە موزیکێک لەسەری بنووسرایە و لە ئینتەرنێتدا بڵاو کرابایەتەوە. ئەو ئەرکەش تەنها ناکەوێتە ئەستۆی موزیککاران، دەبێ دەزگای ڕۆشنبیری و کلتوری حکومەت لە پشت ئەوەوە بێ و بودجەی بۆ تەرخان بکرێ. کارێک کراوە کە هونەر بووە بە کارکردن لە خێرخانەدا! کابرای تەماتەفرۆش فلسێک لە تەماتەکەی خۆی خۆش نابێ، کەچی هەمووان دەیانەوێ هونەرمەندان دینارێک پەیدا نەکەن! ئێ کاکە هونەریش هەر پیشەیە! بەهەرحاڵ، ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێ. دەبوو نووسراو و ڕاڤەکاریی موزیک بە زمانی شیرینی کوردی زۆر هەبوونایە. دەتوانی بڵێی بە گشتی هەموو موزیکی کلاسیک لای من جۆری موزیکی پەسەند و دڵخوازمن. هەمیشە کلاسیک. زۆر دەگمەن گوێ لە گرمەگرم و زرمەزرمی سەردەم دەگرم. زیاتریش گوێ لە موزیکی ڕووت دەگرم وەک لە گۆرانی.
ترسناکترین شت چییە تا ئێستا کردبێتت؟
باوەڕ ناکەم جەربەزەییم زۆر هەبووبێ. هەرچەندە لە بینایی زۆر کەسدا کەسێکی پڕکێش و سەرکێشم. بەڵام لە ڕاستیدا من زۆر حەز بە تێکچوونی ئارامیی خۆم ناکەم. کاتی هەرزەییمی لێ دەربکەی، ئەگینا بە دەگمەن کاری پڕکێشانەم کردووە کە بە لای خۆمەوە پڕکێش بووبێتن. چونکە وەک دەوترێ خۆی کەسی بوێر کەسێکە کە شتەکە دەکا و دواتر بیر لە دەرئەنجامەکانی کردەوەکەی دەکاتەوە، بەڵام کەسی نەوێر کەسێکە کە پێشوەخت بیر لە دەرئەنجامی کارەکانی دەکاتەوە. جا من ئەو کەسەم کە هەمیشە پێشتر بیر لە دەرئەنجام دەکەمەوە. بە دەگمەن کارێک دەکەم کە دەرئەنجامەکەم شی نەکردبێتەوە. بە واتایەکی تر خۆی نەوێران واتە زیرەکی بۆ ژیانکردن. هەرچەندە من زۆر جاریش پاڵ بە باوەڕی هاوڕێکانم و زیاتریش بە باوەڕەکانی خۆمەوە دەنێم. دەمەوێ بزانم سنووری باوەڕەکان کوێن. بەهەرحاڵ، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت بە دیاریکراوی: جارێکیان بە مناڵی وایەرێکم بە پرچ لەیەک ئاڵاند و کردم بە کونی سارد و گەرمی پلاکەکەدا تا بزانم چی دەبێ. شۆرتی کارەباکە پرچەکەی هەڵوەشاند و وایەرەکەی قرتاند و کارەباکەش ناڵەی کرد و سویچەکەی دەرەوە هەڵستایەوە. کە دایکم پرسی: «ئەوە چی بوو؟» خۆم گێل کرد و وتم: «هیچ!»
هاوسەرداری؟
نەخێر.
کە مناڵ بووی حەزت دەکرد ببی بە چی کە گەورە بووی؟
باوەڕ بکەی یان نا، حەزم دەکرد ببم بە گۆرانیبێژ. جارێک لە قوتابخانەی سەرەتایی مامۆستا ئەو پرسیارەی لە هەموومان کرد،
هەموویان دەیانوت: «دکتۆر» و «ئەندازیار» و ماستاوچییەکانیش دەیانوت: «مامۆستا». بەڵام من وتم: «گۆرانیبێژ».
چۆن دەستت بە موزیک کرد؟
بە تێروتەسەلی لەسەریم نووسیوە. لە ژیننامە و یاداشتەکانمدا بیخوێنەرەوە.
ئایا ئامۆژگاریی خەڵکانی تر دەکەیت ببن بە موزیککار؟
ئامۆژگارییان دەکەم کەمێک شارەزایی پەیدا بکەن. بزانن موزیک چییە. چۆن هاتووە و چۆن گەشەی کردووە و هەندێ زانیاریی گشتییان هەبێ. هەندێ جۆری جیاوازی موزیک بۆ گوێگرتن تاقی بکەنەوە. دەنا تۆ چوزانی حەزت لە ڕۆبیانە ئەگەر هەرگیز ڕۆبیانت نەخواردبێ؟ مرۆڤ کە زۆرتر دەبینێ و دەبیستێ هەلی هەڵبژاردنی زیاتر و باشتری بۆ دەڕەخسێ. بەڵام سەبارەت بەوەی خەڵکان ببن بە موزیککار، ئەوە تەنها بۆ ئەو کەسانە باشە کە بە ڕاستی خولیایان بۆ موزیک هەیە و تێیدا باشن و دەتوانن بەردەوام بن و بەرگەی هەوراز و نشێویی موزیک بگرن. ئەگینا ئەگەر بۆ ناوبانگ و سامان و کەشوفشەکەی موزیک بێ ئەوا باش نییە خەریک بی. بە تایبەتیش لە کوردستاندا خەریکە دەکرێ بە پیشەی سواڵکەر! ئەویش لەبەر نەبوونی ستراتیژییەکی کلتوری و ژیاریی دەسەڵاتی کوردی.
بۆ خۆشیی خۆت چی دەکەی؟
هەموو ژیانم تەنها لە خۆشیدا بە سەر دەبەم. موزیک بۆ من خۆشییە؛ نووسین خۆشییە؛ خوێندنەوە خۆشییە؛ فیلم، شانۆ، کارکردن، نوستن… هەموو ئەمانە لای من خۆشین. من هەر زۆر دەمێکە کار بۆ ئەوە دەکەم کە تەنها ئەو شتانە بکەم و بەو شتانەوە سەرقاڵ بم کە بە لامەوە خۆشن. بۆیە کاتێ تۆ دەڵێی: «خۆشی»، تێناگەم، بۆچی خەڵک بەردەوام خەریکی ناخۆشین؟ ئەگەر خەریکی ناخۆشین بۆچی وا دەکەن؟ بۆچی نایگۆڕن؟ ئەگەر نایگۆڕن، کەواتە شایستەی ئەو ناخۆشییەن! من باوەڕم وایە هیچ کەسێک ستەمی لێ نەکراوە، هەموو مرۆڤێک شایستەی ئەو ژیانەیە کە تێیدا دەژی. ئەگەر خۆت بە شایستەی ئەوە نازانی، ئەی بۆچی هەوڵ نادەی بیگۆڕی؟ لای من ئەوە بێمێشکییە شتێکت بە لاوە ناخۆش بێ و بیکەی. من ئەوپەڕی چێژ لە زۆربەی هەرەزۆری ساتەکانم دەبینم… ئەگەر لێم تێک نەدەن!
حەزت لە گەشت و گەڕان هەیە؟
بەو چەمکەی خەڵک لێوەی دەدوێن و حەزیان لێیە نەخێر. وەک وتم، من زۆر حەز بە تێکچوونی ئارامیی و پلانی ڕۆژانەم ناکەم. حەزم لە کاتکوشتن نییە. تاکە هۆکار کە وام لێ بکا حەزم لە گەشت و گەڕان بێ ئەوەیە کە زانیاریی نوێ فێر ببم. گەڕان لە پێناو گۆڕینی جۆری خواردن یان خواردنەوەدا بە بەهادار نابینم. حەز دەکەم کە گەڕام شارستانێتیی جیاواز، کەلەپوور و شوێنەواری کۆن ببینم و خەڵکی جیاواز بناسم و شتی زیاتر فێر ببم. من مێشک بە بەخشینێکی مەزنی سروشت دەزانم، نامەوێ پڕی بکەم لە پڕۆتینی زانیاریی بێسوود… بۆ نموونە بۆچی بزانم لەسەر سووچی تەقسیم لە ئیستانبول چ جۆرە فەلافلێک دەفرۆشن؟ بۆچی خانەیەکی پڕۆتینی مێشکم بەم زانیارییە هیچەوە بە فیڕۆ بچێ؟ بۆیە من بەو تێڕوانینە حەزم لە گەڕان و گەشت نییە و حەز ناکەم ئارامیی خۆم تێکبچێ. من هەرگیز لەوانە نیم کە بتوانم بۆ خۆشی شەوێک بچم لەسەر شاخێک بمێنمەوە. ئەگەر بمەوێ لەسەر شاخێک بمێنمەوە دەبێ مێزی کارکردنەکەم و تەوالێت و دووشەکەشم لەگەڵ خۆمدا ببەم. یان هەر بە ڕاستی کارێکم لەوێ هەبێ. من زۆر بە دەگمەن بێ هۆ سەردانی شوێنان دەکەم. بەڵام یەکێ لە فەنتازیاکانی مێشکم ئەوەیە کە بە پێ زۆربەی جیهان بگەڕێم. بەڵام ئەوە دەبێ کاتی خۆی هەبێ و ئێستا ئەرکی ترم لەسەر شانە جێبەجێیان بکەم، دواتر مەگەر وا بکەم.
ئەگەر بتوانی بۆ هەموو شوێنێک بچی، دەتەوێ بۆ کوێ بچی؟
بە لای منەوە یەکێ لە تاوانەکانی ئافراندن ئەوەیە کە لە یەک کاتدا دەبێ لە یەک شوێندا بین. من حەز دەکەم لە هەموو شوێنێک بم. حەز دەکەم هەموو گەردوون بگەڕێم. بەڵام لە ئێستادا کات بۆ ئەو خۆزگانە نییە. بۆیە دەبێ ئێمە کار بکەین کە بەدیهێنانی ئەو خۆزگانە بۆ نەوەکانی ئایندە ئاسان بکەین. من دەمێکە باوەڕم وا دروست کردووە کە مرۆڤ خۆی شوێنی خۆی خۆش دەکا. لای من شوێنی خۆم خۆشە. ئەگەر بشچم بۆ هەر شوێنێکی تر هەوڵ دەدەم بۆ خۆمی خۆش بکەم.
کێن ئەو کەسانەی کە حەز دەکەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بیانناسیت یان پێیان بگەیت؟
کاتی خۆی خەڵک زۆر بوون. بەڵام ئێستا ئەوەندە حەز بە بینینی خەڵک دەکەم کە ئارامیم تێک نەدەن و دەست نەکەن بە پلاندانان بۆم و من ڕانەکێشنە ناو ژیانە ناخۆشەکانیانەوە. ئێستا ئینتەرنێت دونیای وا ئاسان کردووە کە دەتوانی بێ ئەوەی کەسەکە ببینی بیناسی و لەگەڵیدا دابنیشی. خۆیشم مێشکم ئافرێنەرە، بەردەوام مێشکم وێنەم بۆ دروست دەکا و هەر لە مناڵییەوە وێناکردنم ئێجگار فراوانە. بۆیە زۆر پێویستم بەوە نییە بە جەستەیی لەگەڵ زۆر کەسدا بم. هەندێ جار کە هەست بە تەنیایی کوشندە دەکەم (کە هەندێ جار زۆرن!) دەنووسم یان گۆرانییەک دادەنێم یان موزیکێک دادەنێم یان دەژەنم.
ئەگەر کەسێکی نەدیو داوای ئامۆژگارییەکی هەڕەمەکی بکا پێی بڵێی. چیی پێ دەڵێی؟
یەکێ لە کێشەکانی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئامۆژگاری زۆر زۆرە. زۆربەی خەڵک بە ئامۆژگاریی ناتەواو و نادروست تێکچوون. من هیچ ئامۆژگارییەکی کەس ناکەم. بەڵام ئەگەر وەک تۆ دەڵێی «داوای لێم کرد» ئەوا تەنها پێی دەڵێم: «بژی و زیاتر بزانە».
بۆچی؟ خەڵک ناژین؟
زۆربەی ئەو کەسانەی من دەیانبینم مردوون لە پێستی زیندوودا. نەخێر زۆربەی خەڵک هەر ناشزانن ژیان چییە. بەردەوام پێیان وایە ستەمیان لێ کراوە و بەردەوام خەریکی پرتەوبۆڵەن و گلەیی و گازندەن! ژیان بە بەردەمیاندا تێدەپەڕێ و پێی نازانن، با کەمێک دەستم بەتاڵ بێ ئەو پەڕتووکەی سینیکا هەموو وەردەگێڕم کە سەبارەت بە کورتیی ژیان دەدوێ، ئێجگار دانسقەیە!
چ نەریت یان ڕەفتارێکی خۆتت زۆر بە دڵە؟
کۆڵنەدان، گەشبینی، توانای بیرکرنەوەی کۆمیدی و جەفەنگی. خولیای فێربوونی زانیاریی زیاتری جۆراوجۆر. چێژبینین و پێزانینی شتی زۆر سادە و ساکار.
هەندێ شتمان پێ بڵێ کە بە ڕاستی دڵخۆشت دەکەن؟
تەواوکردنی کارێک. هیچ هەستێک لە تەواوکردنی کارێکی ئافرێنراوی دەستی خۆت خۆشتر نییە. هەر کەسێک ئەو هەستەی نەکردبێ جێگەی بەزەییە.
هەندێ شتمان پێ بڵێ کە بە ڕاستی دڵتەنگت دەکەن؟
شت زۆرن. بە تایبەتی خەڵکانی تر: نەزانییان، بێباکییان، توندوتیژییان…تد. بەڵام زۆربەی کات هەوڵ دەدەم ورەی خۆم بەرز بکەمەوە بەوەی کە خەڵک لە نەزانیدا وا دەکەن و پێیان وایە ئەوەی دەیکەن ڕاستەکەیە. زۆربەی خەڵک بەو بەشە زانیارییەی کە خۆی دەیزانێ ڕاستترین هەڵبژاردە هەڵدەبژێرێ. واتە بە پێی ئەوەی کە خۆی دەیزانێ ڕاستترین هەنگاو دەنێ. بۆ نموونە ئەگەر من پێت بڵێم: «براکەم هات فیشەکێکی نا بە ئەژنۆمەوە» لەوانەیە زۆر پەست و تووڕە ببی و لەوانەشە هەڵبکوتیتە سەر براکەم و مافی منی لێ بسەنی. بەڵام ئەگەر پێت بڵێم کە: «هەفتەیەک پێش ئەوەی ئەو فیشەکەکەم پێوە بنێ من چووم هەموو شتەکانی ماڵەکەیم لە بەلەکۆنەکەیەوە هەڵداوەتە دەرەوە» ئەوکات فیشەکەکە زۆر کاریگەریی لەسەرت نابێ. واتە تۆ تەنها بەو هەندە زانیارییەی کە هەتبوو کە براکەم فیشەکی پێوە ناوم، خۆت ڕاستترین هەڵبژاردەت هەڵدەبژارد کە مافی من بسەنی. بەڵام ئێستا کە بەشێکی گەورەتری وێنەکە دەبینی، هەڵوێستت جیاواز دەبێ. بۆیە زۆر جار کە خەڵک بێزارم دەکەن، یان لەگەڵ خۆیان، یان دەگەڕێمەوە و بە نووسینێک ئەو گفتوگۆیە چارە دەکەم. هۆی گەورەی بەڵاکانی مرۆڤایەتی ئەوەیە کە پەیوەندیکردنمان لە ئاستێکی لاوازدایە. هەموومان پێمان وایە کە «دەزانین»، هێشتا بەرانبەرەکەت قسەکەی تەواو نەکردووە تۆ یەکسەر وا هەڵوێست وەردەگری کە «دەزانی»، زۆربەی جاریش نازانی کەسەکەی بەرانبەرت چی دەڵێ. ژیانیش لای زۆربەی خەڵک بووەتە کردەیەکی ئۆتۆماتیکی. هەموو ڕۆژێک هەمان کارەکەی دوێنێ دووبارە دەکاتەوە بێ ئەوەی یەک چرکەش گومان بکا کە ئایا ئەوە باشە یان ڕاستە کە دەیکا؟ بۆیە گفتوگۆکردن و مێشکوروژاندن چارەیەکی گەورەن بۆ زۆرێک لەو شتانەی دڵتەنگمان دەکەن. ئەگەرنا، ئەوا تۆ هەمیشە دەتوانی ئەو شوێنە یان ئەو کەسە بە جێ بهێڵی کە دڵتەنگت دەکا. زۆربەی خەڵک خۆیان بەو شوێنەوە دەبەستنەوە کە خۆیانی تێدان، دەنا دەتوانی بستێک دوورتر بکەویتەوە. ڕۆیشتن هەمیشە هەڵبژاردەیە!
ئایا تۆ حەز دەکەی بە وردی نەخشە بۆ شت بکێشی یان ڕاستەوخۆ بچیتە سەر کارەکە؟
نەخشەکێشان، نەخشەکێشان، نەخشەکێشان. هەمیشە.
ئایا بە ئاینەوە پەیوەستی؟
بە هیچ شێوەیەک، نەخێر.
ئەگەر بتوانی بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، حەز دەکەی کێ بناسی؟
حەز دەکەم ڕەگوڕیشەی خێزانەکەی خۆم هەموو بدۆزمەوە. حەز دەکەم تا سەرەتاییترین مرۆڤ بڕۆم. هەموو سەردەمەکانی مێژوو ببینم. حەز دەکەم ماڕکۆس ئۆریلیۆس و سینیکا و یۆهان سێباستیان باخ و مۆتسارت و بێتهۆڤن و ڤێردی و نالی و ستانیسڵاڤسکی و جەیمس جۆیس و ئاڕثەر ڕوبنشتاین لە کاتی کارکردن و ژیانی ڕۆژانەیاندا ببینم… لەوانەشە زۆر کەسم لە بیر چووبێ. بە تایبەت حەز دەکەم بزانم باخ و مناڵەکانی چۆن لە ماڵەکەی خۆیاندا توانیویانە هەموو هەفتەیەک موزیکێکی نیو سەعاتی یان سەعاتیی دانسقە دابنێن و نمایش بکەن! زۆر حەز دەکەم ئەو ماڵەی یۆهان سێباستیان باخ لە کاتی ئەو هەموو کارە زۆرەدا ببینم.
حەز دەکەی زیاتر لەناو شاردا بژیت یان لە دەرەوەی شار؟
حەز دەکەم بە کەلوپەل و شارستانێتییەوە لە دەرەوەی شار بژیم.
کێ زۆرترین کاریگەریی لەسەر ژیانت هەبووە؟
لە ئێستادا جەیمس جۆیس. پێشتریش بێتهۆڤن، مالەر، ڤاگنەر، گۆران، شێرکۆ بێکەس، ڤێردی، پوچینی…
حەز لە خواردنی بەهاراتاوی دەکەی؟
بەڵێ، بەڵام ئێجگار زۆر نا. واتە هیندیی هیندی نا.
هەندێ لە ئامانجە مەزنەکانت لە ژیاندا چین؟
لە موزیکدا: دانانی هەندێ سیمفۆنی و ئۆپێرا و چەند پارچە موزیکێک بۆ تاکژەن و دوانینە و سیانینە و چوارینەیەک. هەروەها نووسین و بێژانی چەند گۆرانییەکی خۆم. بێژانەوەی چەند گۆرانی و هەوایەکی ئۆپێرا کە خۆم حەزم لێیانە. لە نووسیندا حەزدەکەم چەند چیرۆک و یادداشتێک بڵاو بکەمەوە کە سوود و چێژیان بۆ خوێنەر هەبێ. لە زمانەوانیدا ئامانجم ئەوەیە زمانی کوردی بەرەو ستانداردبوون و پەرەپێدان ببەم و لە مەترسیی لەناوچوونی ڕزگار بکەم. هەر بۆ ئەو مەبەستەش بوو کە دەزگای بوولێڵم دامەزراند و کۆنەخشەکەیم نووسییەوە.
دەتوانی کەمێک باسی دەزگای بوولێڵمان بۆ بکەی؟
بۆچی لە ئایندەدا لە ماڵپەڕەکەمدا بە تێروتەسەلی لەسەری نەنووسم و ئەوکات هەمووی بخوێنیتەوە؟ چونکە قسەکردن لەسەر بوولێڵ خۆی چاوپێکەوتنێکی تری دەوێ.
ئەگەر بتوانی پیشەیەکی تر بۆ ڕۆژێک تاقی بکەیتەوە، حەز دەکەیت چ پیشەیەک بێ؟
ترشاندن و دروستکردنی شەراب. هەوڵیشم داوە فێر ببم، بەڵام لە ئێستای ژیانمدا ناکرێ و شەرابسازیش کاری ڕۆژێک نییە!
باشترین بڕیار تا ئێستا دابێتت چی بووە؟
بڕیاری زۆر باشم داوە. بەڵام دەشێ بڵێم باشترین بڕیارم ئەوە بووبێ کە وتبێتم دەبم بە هونەرمەند.
کێ نزیکترین هاوڕێتە؟
ئەو هاوڕێیانەم کە بەرگەی تاقیکردنەوەی کاتیان گرتبێ: دانا بێستون عەلی، تابین مستەفا ڕەئوف. لەوانیش نزیکتر تا ئێستا پیانۆ و کۆمپیوتەرەکەمن.
چۆن دەڕوانیتە بیرکردنەوەی خەڵک لە تۆ؟
ئەوە کاتکوشتنە. یەک چرکەم بۆ بیرکردنەوەی خەڵک لە من نییە. من بیر لە خەڵک ناکەمەوە. تەنها تەمەنی خۆمم پێ دراوە نەک هیی خەڵک.
تێکڕایی نمرەکانت بە گشتی لە قوتابخانەدا چەند بووە؟
لە سەرەتاییدا هەمیشە لە نێوان ٩٥% بۆ ١٠٠%، بەڵام لە ناوەندی و ئامادەییدا هەمیشە لە نێوان ٧٠% بۆ ٨٥%.
ئەگەر بتوانی لێهاتووییەکی تر بە باشی فێر ببی، چی دەبێ؟
ئەو بوارانەی پێویستم بێ فێریان بم، فێریان بووم! ڕەنگە لێهاتووییەکی تر لە نێوان بیرکاری یان بەرنامەکاریی کۆمپیوتەر یان گەردوونزانی بێ. بە ڕاستی نازانم. ڕەنگە بیرکارییەکە هەڵببژێرم. لە ڕاستیدا چەند پەڕتووکێکی فێرکاریی بیرکاریم لە خۆم کۆ کردووەتەوە، هەر کەمێک دەستم بەتاڵ بێ خوویان دەدەمەوە.
کاتی خۆی لە قوتابخانەدا خۆت لە بیرکاریدا باش بووی؟
نەخێر. ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێ کە لە سەرەتاییدا مامۆستای بیرکارییەکەمان، کە ناوی ست نەسرین بوو، زللەیەکی لە لای چەپی سەرم دا کە بەتەواوی گوێی ئازار دام و بەو بۆنەیەوە چەندین ساڵ گوێچکەی چەپم تووشی هەوکردن بوو. هەمیشە ترسم لە وانەی بیرکاری هەبوو. بەڵام ئێستا دەزانم کە من بە سروشتی لە بیرکاریدا باشم.
ئایا تۆ ناخگەڕی یان دەرگەڕ؟ Extrovert vs Introvert؟
من ناخگەڕم، تاقیکردنەوەکەی مایەرز و بریگسم کردووە و چەند جارێکی زۆریش لە کاتی جیاوازدا تاقیم کردووەتەوە، هەمیشە هەمان ئەنجامە: لە جۆری کەسێتیی (INTJ-A)م.
ئایا پێت وایە کە مرۆڤ دەتوانێ چارەنووسی خۆی دیاری بکا؟
بەڵێ. ئەوەی لە ئێستادا پەیوەندیی بە گەردوونەوە هەیە لە ئێستادا ڕکێف ناکرێن. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک بێت مرۆڤ بتوانێ ڕکێف بکا، یان زیاتر بزانێ. مرۆڤ تا پلەیەکی بەرچاو و زۆر، ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە وەک تاک، دەتوانێ چارەنووسی خۆی دیاری بکا، یان هیچ نەبێ ئاراستەی بکا، مەرج نییە بگاتە ئەنجامەکە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئەنجام گرنگە.
ئایا پێت وایە هیچ جۆرێک لە ژیانی دوای مردن هەیە؟
هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانم. باوەڕم بە هیچ کامێکیش لە ئەفسانە هەڵبەستراوەکان نییە. دەبێ مرۆڤ فێر ببێ ڕێز لە نەزانین بگرێ. لە ئێستادا نازانین، کە زانیمان قسەی لەسەر دەکەین، بەڵام نازانم. گوێ لە هیچ کەسێکیش ناگرم کە وا خۆی پیشان دەدا زۆر چاکی لێ دەزانێ! ئیتر بە هەر پاساوێک بێ!
ئایا پێت وایە ئەشکەنجەدان سوودی هەبێ؟ ئەگەر بەڵێ بۆچی؟ ئەگەر نەخێر بۆچی؟
نازانم، باوەڕ ناکەم سوودی هەبێ. لەو باوەڕەدام خودی خۆم لەژێر ئەشکەنجەدا دان بە هەموو تاوانێکدا بنێم کە نەمکردووە. نازانم تا ئێستا نەکەوتوومەتە باری واوە تا زانیاریم لەسەری هەبێ.
ئایا کەسێکی بێتاوان دەکوژی ئەگەر بیر بکەیتەوە کە لەوانەیە دوانزە کەسی تر ڕزگار بکەی؟
هەست دەکەم ئەم پرسیارەت لە ئینتەرنێتەوە هێناوە! بیرم لەو شتە نەکردووەتەوە و نەشکەوتوومەتە باری واوە تا ناچارم بکا بیر بکەمەوە. پێم وا بێ کەس ناکوژم، چونکە چۆن بزانم کە ئەو کوشتنە ئەو دوانزە کەسە ڕزگار دەکا؟ ئەی ئەگەر دوانزە کەسەکەی ڕزگار نەکرد چی؟ ناتوانم پێش ڕووداو بکەوم. نازانم.
ئایا گەورەترین گۆڕانکاریی کەسی چی بووە کە کردووتە؟
بە نزیکی هەموو گۆڕانکارییە بچووکەکانی ژیانم دەرئەنجامی گەورەیان هەبووە. بەڵام باشترین گۆڕانکاری ئەوە بووە کە لەناو خۆمدا ئاینم بە هەموو لقەکانییەوە مراندووە.
هەندێک لە دڵخوازترین ماڵپەڕەکانت چین؟
پەیوەستە بەو کاتەی کە شتێک دەکەم. بە گشتی وەک هەموو کەس یوتیوب و ویکیپێدیا و گووگڵ. لەوێوە بە دوای شتی تریشدا دەگەڕێم. بەڵام من ماڵپەڕی فەرهەنگەکانیش زۆر دەکەمەوە. تەنانەت بە پێی ئاماری بڕاوزەرەکەم بێ فەرهەنگەکانی کۆڵینز و میریام-وێبستەر لە یوتیوبیش زیاتر دەکەمەوە.
یەکێک لە شتە یەکەمەکان کە دەیکەیت لە بەیانیاندا چییە؟
چاوم دەکەمەوە! لە ڕاستیدا زۆربەی کات مەرج نییە بەیانیان ڕابم، زۆربەی کات کاتی نوستن بە گوێرەی ڕۆژەکەم دەبێ، خشتەیەکی توندوتۆڵم بۆ نوستن و ڕابوون نییە، گرنگ ئەوەیە لە ماوەی ڕۆژەکەمدا کارەکانم جێبەجێ بکەم. بەڵام با بڵێین یەکەم شت کە ڕادەبم چییە دەیکەم: ئەوا دوای چاوکردنەوە کەمێک لەناو جێگەکەمدا خۆم بۆ ڕۆژەکەم ئامادە دەکەم و هەندێک دەخوێنمەوە و زۆر جاریش گوێ لە موزیکێک دەگرم کاتێ هێشتا هەر لەناو جێگاکەمدا پاڵکەوتووم و هێشتا هەڵنەستاوم. هەرگیز لە سەعاتی یەکەمی ڕۆژەکەمدا تەماشای نامە و تەلەفۆنی کەس ناکەم، ئیمەیڵیش بمخوێنێتەوە نایخوێنمەوە! زۆربەی کات کە ڕادەبم هەر لەناو جێگاکەدا دەنگەژێکانم بە هەندێ پڕۆڤەی دەنگی گەرم دەکەمەوە. پاشان پەنجەکانم و دەستم. هەندێ جار پێش ئەوەی نانی ژەمی یەکەم (کە لای ئێوە نانی بەیانییە)، بخۆم کەمێک پیانۆ دەژەنم، یان کەمێک دەنووسم یان کەمێک لەو کارە دەکەم کە دەبێ لە ڕۆژەکەمدا جێبەجێی بکەم. ئەگەر چوونەدەرەوەم هەبێ ئەوا دووشێک دەکەم.
کەواتە لە ژیانتدا کەسێکی نەخشەداڕێژەری؟
ئەی پێم نەوتی؟ من پلانم بۆ هەموو ڕۆژێکی ساڵەکەم هەیە. هەموو ساڵێک لە مانگی دوانزەدا پلانی ساڵی داهاتوو دادەنێم. بە دەگمەن دەتوانم لە پلانی خۆم لابدەم.
بە ئاسانی دەگریت؟
نەخێر.
ئایا حەزت لە قسەکردن هەیە لەسەر تەلەفۆن؟
کەسەکە و بابەتەکە کەوتووە. زۆربەی کات تەلەفۆنەکەم بێدەنگە و لێم دوورە. زۆر بە دابڕاندن پەست دەبم. کاتێک دەمەوێ شتێک لەگەڵ کەسێکدا باس بکەم حەز دەکەم ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ بکەم، ئەگەر نا، ئەوا بە تەلەفۆن. زۆر بە نامەناردن و چات پەست دەبم. لە هەرزەییمدا ئەوەندە چاتم کردووە کە ئێستا بە سێ نامەی چۆنی و چاکی پەست دەبم و داوا دەکەم کەسەکەی بەرانبەر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵدا بکا یان یەکتر ببینین.
لە هەفتەیەکدا چەند ئیمەیڵت پێ دەگا؟
من تەنها یەک ناونیشانی ئیمەیڵم نییە. بۆ هەر کۆمەڵە مەبەستێک ناونیشانێکی ئیمەیڵم هەیە. خۆم بە سروشت حەز ناکەم ئیمەیڵم زۆر بۆ بێ و هەر واشە، ئیمەیڵم زۆر بۆ نایەت. بە گشتی لە نێوان ١٠-٣٠ ئیمەیڵ لە هەفتەیەکدا.
یەکێک لە پرسیارە دڵخوازەکانت لە سەرەتای یەکترناسینی کەسێکدا چییە؟
تەنها ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونەکەتم پێ بڵێ، ساڵەکە بۆ خۆت.
ئایا هەرگیز ئامادەیت لە فڕۆکەوە یان پردی بەرزەوە خۆت فڕێ بدەی؟
پلانم زۆرە، نەخێر. کە پلانم نەما بیری لێ دەکەمەوە.
چی دڵخۆشت دەکا؟
پێشتریش پێم وتی، کە دەبینم لە جێبەجێکردنی پلانی ڕۆژەکەمدا سەرکەوتووم، یان کە بەرهەمی کۆششەکانم دەبینم، هەروەها هونەری دانسقەش: موزیکی باش، چیرۆکی باش.
درێژترین ماوە کە نەنووستبی چەند سەعات بووە؟
گەیشتوومەتە ٤٤ سەعات.
ئایا کەست هەیە بۆ ئامۆژگاریکردنت بچی بۆلای؟
نەخێر. بەڵام هەندێ جار ڕاوێژ بە هاوڕێکانم دەکەم و زانیاری کۆ دەکەمەوە.
دڵخوازترین و دڵنەخوازترین وشەت چین؟
دڵخوازترینم: هەرچەندە وشە نییە و مۆرفۆسینتاکسە، بەڵام «دەتوانم» دڵخوازترینمە؛ دڵنەخوازترینیشم دژەواتاکەیەتی، واتە «ناتوانم».
یادی چ بۆنەیەک دەکەیتەوە؟
بە گشتی هیچ بۆنەیەکی گشتی یاد ناکەمەوە. بەڵام کاتێک کارێک تەواو دەکەم پشوو بە خۆم دەدەم و خۆم خەڵات دەکەم. هەندێ جاریش لە بەهاران یان پایزاندا کە ڕۆژەکە زۆر خۆش بێ ئەوا حەز دەکەم بچمە دەرەوە.
کێ پاڵەوانی ژیانی تۆیە؟
بە پلەی یەکەم خۆم.
ئایا زۆرتر فەرهەنگی واتا بە کار دەهێنی یان فەرهەنگی هاوواتا و دژەواتا؟
ڕۆژ نییە چەندین جار فەرهەنگ بە کار نەهێنم. ئەگەرچی هەردووکیان بە کار دەهێنم، بەڵام لە ئێستادا زۆرتر هیی واتا بە کار دەهێنم.
ئایا هەرگیز هەنگ پێوەی داوی؟
بەڵێ، یەک جار.
ئایا هەرگیز لە مانگات داوە؟
ئەمە چییە؟ هەست دەکەم پرسیاری دوای ئەمە ئەوە دەبێ بپرسی: هەرگیز سوێندت بە تەڵاق خواردووە لە کاتی ژنتەڵاقداندا لە ژووری دادگادا؟ لە دەسەڵات و مرۆڤیشدا کەمێک باسم کردووە: من هەرگیز ئازاری ئاژەڵانم نەداوە، تەنها مێش و مێشوولە و جاڵجاڵۆکە و قالۆنچە و مارمێلکە نەبێ.
ئایا لە بەرزی دەترسی؟
بەڵێ.
ئایا هەرگیز وانەی سەماکردنت خوێندووە؟
لە یوتیوب و ماڵپەڕی تر بەڵێ، تانگۆ و ڤاڵس کەمێک دەزانم، بەڵام سەماکان پێویستیان بە هاوبەشێک هەیە کە من نەمبووە. بە ئینتەرنێت بەڵێ، بەڵام بە خودی کەسیی خۆم بچم بۆ ستودیۆ، نەخێر. بەڵام حەزم لێیە.
دڵخوازترین نانی بەیانیانت چییە؟
هەموو ژەمەنانێکی یەکەمم ناکەوێتە بەیانییەوە. بەڵام با وای ناو بنێین: زۆر جار حەزناکەم هەموو بەیانییەک هەمان جۆری خوان تاقی بکەمەوە. هەندێ جار حەزم لە میوەیە. بەڵام دەتوانم بڵێم بە گشتی هێلکەوڕۆن بە سۆسجەوە، لێرە بەیکن نییە، بەڵام بیستوومە بە هێلکەوە زۆر خۆشە.
دڵخوازترین شت کە حەز بکەی پارەی تێدا سەرف بکەی چییە؟
پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە، بەڵام زۆربەی کات کێشەم نییە بۆ پارەدان بە پەڕتووک. هەروەها ئەو ئامێرانەی پێویستم پێیانە. بەڵام ئەوەی پێشبڕکێکە دەباتەوە پیانۆیە، حەز دەکەم ئەوەندە پارەم هەبێ کە بتوانم هەموو پیانۆکانی سەر زەوی بکڕم. لە بەهەشتە خەیاڵییەکەی مندا هەموو ژوورێک، بە تەوالێتیشەوە پیانۆیەکی لێیە!
پەرداخەکە نیوەی پڕە یان نیوەی بەتاڵە یان شێوەی پەرداخەکە خۆی؟
نیوەی پڕە بۆ خۆم؛ نیوەی بەتاڵە بۆ فەرمانبەرێکم یان کەسێک کە کارم بۆ دەکا.
سەرشاخ یان کەنار یان دیمەنەکەیان لە شاشەوە؟
شاشە!
قەرەباڵغی، یان کۆمەڵێکی کەم، یان تەنیایی؟
تەنیایی.
خەڵک پێت دەڵێن لە چ کەسێکی بەناوبانگ دەچی؟
کاتێ ڕیش و قژم درێژ بن: چێ گیڤارا. حەزیشم لێ نییە لە کەس بچم.
تۆ زیاتر لە چ کەسێتییەکی کارتۆنییەوە نزیکی؟
میشیگن جەی. بۆق.
ڕقت لە وەڵامدانەوەی چ پرسیارێکە؟
مووچەکەت چەندە؟ چەند پەیدا دەکەی؟ پارە پارە پارە!
جۆری خوێنت چییە؟
ئۆی کۆ.
ئایا هەرگیز تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووی؟
بەڵێ، بە نیو چرکە لە مردنیش گەڕامەوە. بە تێروتەسەلی لەسەریم نووسیوە.