وتار و ڕاپۆرت

مەزنێتی لە ڕقدا نییە

مەزنێتی لە ڕقدا نییە[1]

لەسەر پێخەفەکەم ڕاکشاوم، دەخوێنمەوە، بۆ هەواگۆڕکێ پەنجەرەکەمم کردووەتەوە. ئەگەرچی هەوڵ دەدەم تیشکۆم لەسەر خوێندنەوەکەم بمێنێ، بەڵام هەرچەند دەنگێکی بەرز و ڕەق لە پەنجەرەکەمەوە دەبیستم بە بێدەنگی لە خۆم دەپرسم: «داخۆ فڕۆکەکانی تورکیا سلێمانیشیان بۆمبباران کرد؟ ئەمە کۆتاییەکەیە؟»

کاممان داوای ئەوەمان کردبوو بە کوردی یان بە تورکی یان بە نێری یان بە مێیی یان بە ڕەشی یان بە سپێتی یان و یان و یان….تد لە دایک ببین؟ تا کەی بەفیڕۆدانی هەلی بەنرخی ژیانکردن لە شەڕ و ڕقی ئۆتۆماتیکیدا؟ تا کەی فێرنەبوون؟ تا کەی هەوڵدان بۆ سەپاندنی زاڵێتییەکی کاتی و بێواتا؟ بە دڵی خۆت پەڕتووکێکی مێژوویی هەڵببژێرە و دە لاپەڕەی لێ بخوێنەوە و فێر ببە کە هەرگیز هیچ هەژموون و زاڵییەک تاتایە نامێنێتەوە. زەوی موڵکی هیچ کەس نییە و موڵکی هەموو کەسە. تا کەی هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم زەوییە پەلکێشی هەڵەکانی خۆتان دەکەن و دەیانکەن بە قوربانیی ئاگری ئەم ئیگۆیەتان کە بە هیچ شتێک دانامرکێتەوە؟ وێڵی مەزنێتین؟ مەزنێتی هەرگیز لە ڕقدا نییە و نەبووە و ناشبێ؛ مەزنی تەنهاوتەنها لە هونەری ژیانکردندایە و ژیانیش تەنیا بە خۆشەویستییەوە بەهای هەیە.

ئەگەرچی لەوە ناچێ سوودی هەبێ، بەڵام هەر بۆ بیرخستنەوە: تکایە فێر ببن، یەکترتان خۆشبوێ، یەکتر قبوڵ بکەن. ژیان دەرفەتێکی بەنرخ و دانسقەیە و یەک جار تاقی دەکرێتەوە، لە ڕق و کاولکاریدا بە فیڕۆی مەدەن.

ئێستاش فەرموو حوکمەکەی خۆتم لەسەر بدە!


[1] لە ڕێکەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و دواتریش لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button