
نەستژەنی[1]
خۆم وشەی «نەستژەنی»م داڕشتووە، لە نەست و ژەن و پاشگری –ی پێکدێن. نەستژەنی موزیکێکە کە ڕاستەوخۆ لەو چرکەیەدا لە نەستی ژەنیارەکەوە بژەنرێت. بە گریمانەی خۆم بەرانبەر improvisationی ئینگلی و اِرتجالی عەرەبییە. ئەگەرچی ڕەنگە پێشتر موزیککارەکان وشەی «خۆژەنی» و زۆر وشەی تریشیان بە کار هێنابێت، بەڵام من ئەم وشەیە دەدەم بەم جۆرە کارانەم و پێم وایە دەقاودەق پێناسەی موزیکەکەم دەکات، چونکە دەمەوێت ناوی جۆرە ژەندنەکەش هەر تایبەت بێت بەو ژەندنەی خۆم. بۆیە موزیکژەنانی تر ئازادن چ وشەیەکی تر بە کار دەهێنن، بەڵام نەستژەنی بەو پێناسەیەی سەرەوە هی منە و هەموو کەسێکی تریش ئازادە چۆنی دەوێت بە کاری بهێنێت.
نەستژەنیی من خوو و نەریتێکی تایبەتیمە، کە باوەڕ ناکەم بتوانرێت لێم جیا بکرێتەوە. خودی بیرۆکەکە هەر لە سەرەتای منداڵیمەوە هەیە، چون لەوەتەی هەم بەشێکی گەورەی مێشک و بیرکردنەوەم، هاوشان لەگەڵ بیرکردنەوە بە زمانی ئاخاوتن و وێنەدا، بە موزیک و دەنگیش بیر دەکاتەوە. بەردەوام لە مێشکی مندا شەپۆلی موزیکی پارچەپارچە هەن، هەندێک جار درێژ، هەندێک جار کورت، هەندێک جاریش وەستانیان بۆ نییە.
جارجار هەندێک موزیکی تر بە خەیاڵمدا دێن کە هەمیشە داوای پەرەپێدانی زیاترم لێ دەکەن و داوام لێ دەکەن بیاننووسمەوە و زیاتر پێوەیان خەریک ببم. بەڵام ئەم جۆرەیان تەنها داوا دەکات وا بە شێواوی دەرببڕرێت. ڕەنگە لە دواتردا شتیان لێوە وەربگرم و لە کاری موزیکیی ترمدا زیاتر پەرەیان پێ بدەم. هیچ یاسایەکی تر بۆ نەستژەنی نییە. ڕەنگە کاریگەریی موزیکێکی تر یان گۆرانییەکی تر لەو ڕۆژەدا نەستژەنییەکەم ئاراستە بکەن، بۆیە لەوانەیە جاروبار موزیکێکی تر خۆی لە ژەندنەکەمدا بتوێنێتەوە. ئەوەی لەسەرمە ئەوەیە ڕێگری لە هیچ وروژمێکی ژەندنەکەم نەکەم و بەر بۆ نەستم ئاوەڵا بکەم. هەرگیزیش هەوڵ نادەم هیچ نەستژەنییەکم بنووسمەوە، چون بە بڕوای من جادووەکە تەنها تایبەتە بەو چرکەیە و نووسینەوەش زۆری پێ دەچێت. بەڵام بێگومان ناهێڵم نەستژەنی ڕێ لەو کارانەی ترم بگرێت کە دەبێت بنوسرێنەوە.
هەر لە سەرەتای دەستکردنم بە موزیک لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، بەردەوام و دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆژێک نەستژەنیم کردووە و زۆربەی هەرە زۆریشیان تەنها بۆ خۆم بوون. هەندێک جار کە میوانێکم هاتووە نەستژەنیم بۆی کردووە، بەڵام ئەو جۆرە میوانانەم زۆر دەگمەنن و ڕاستییەکەشی ئەوەیە لام خۆشترە کە بە ویستی کەسی ترەوە نەبەسترێمەوە. من چێژێکی زۆر لە نەستژەنی دەبینم، لەوانەشە فۆڕمێکی مێدیتەیشنی خۆم بێت یان کەناڵێکی تری دەربڕینم بێت، لە بواری موزیکیشدا ئەوەندەی نەستژەنیم کردووە ئەوەندە هیچ شتێکی ترم نەکردووە! بەڵام ماوەیەکە ئەو فەنتازیایە لە خەیاڵمدایە کە هەموو ڕۆژێک هەرچەند نەستژەنیم کرد، موزیکەکە تۆمار بکەم و لەگەڵ ئێوەدا بەشی بکەم و بڵاوی بکەمەوە. لەم جۆرە موزیکەدا دەشێت هەموو شتێک ڕوو بدات، هیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە جگە لەوەی دەستم دەربڕی نەستمە و تەواو.
سوپاسگوزارم کە لە سەردەمێکدا دەژیم دەتوانم ئەم موزیکانە تۆمار بکەم و لە دوورەوە ئەم جادووەی بیرکردنەوەمتان لەگەڵدا بەش بکەم.
لەوانەیە لەمەودوا زووزوو ڤیدیۆیەکی نەستژەنی لە یوتیوبەکەم بڵاو بکەمەوە. سەبارەت بە ناونانی ئەم زنجیرە ژەندنانەش، ئەو ڕۆژە خەریکی هەر شتێک بووم و هەر وشەیەک یان شتێکی تر سەرنجم ڕابکێشێت، موزیکەکە بەو ناوەوە ناو دەنێم و ژمارەشیان بۆ دادەنێم. تەنانەت لەمەودوا بە ئینگلیش هەر هەمان ناوی کوردی بۆ ئەم موزیکانە دادەنێم بە ڕێنووسی لاتینیی کوردی جگە لە -یی کۆتایی کە لە ڕێنووسی ئینگلیزیدا î نییە Nestjeni.
سوپاس بۆ خوێندنەوەت.
[1] لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە، لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ و ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا پیایدا چوومەتەوە.