
سەد وشە سەبارەت بە ژیان و مردن و دڵخۆشی و خەم و دڵەڕاوکێ[1]
ئێستا بژی و سەرقاڵی ژیان بە، پێکی ژیانت تا سەر لێوەکەی بهێنە، چێژی لێ ببینە و بینۆشە، لێبگەڕێ مەرگ خۆی کاری خۆی دەکا و پێویستی بە خەم و دڵەڕاوکێی تۆ و کەسی تر نییە، ملیۆنان ساڵیشە هەر وا بووە و لەسەر خەم و دڵەڕاوکێی کەس پەکی نەکەوتووە و تۆش بەدەر نیت. تۆ، هەر کەسێکی، جڵەوی ئاسوودەیی و دڵخۆشیت لە دەستی خۆتدایە، کەچی زۆربەتان داوتانەتە دەست کەس یان شتێکی تر و هەموو ڕۆژ سەرزەنشتیان دەکەن کە بۆچی لە دڵخۆشکردنتاندا کەمتەرخەمن! ڕکێفی دڵخۆشیی خۆت سامانی خۆتە، مەیبەخشە! گەر دەشیبەخشیت گلەیی مەکە. بژی و خەندە و خۆشەویستی و چێژ و خۆشی پەرش بکە.
[1] لە ڕێکەوتی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.