وتار و ڕاپۆرت

ڕۆژی بلووم ٢٠٢٠

ڕۆژی بلوومی ٢٠٢٠[1]

ئەمڕۆ لای هەوادارانی ڕۆمانی یولیسیسی جەیمس جۆیس بە «ڕۆژی بلووم» ناسراوە. مەبەست لە (بلووم) کەسێتییە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەیە کە ناوی میستەر (لیۆپۆڵد بلووم)ە. بۆ زایاریی زیاتر دەتوانی لێرەدا کلیک بکەی بۆ ئەوەی وتاری ساڵی ڕابردووم ببینی سەبارەت بە جەیمس جۆیس و یولیسیس و ئەم کەسێتییە.

ئەم ڕۆمانە بە شاکاری سەدەی بیستەم دەناسرێ و ئێجگار ئاڵۆزە، لە ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠ لە کۆلێژی زمان لە وانەی ڕۆماندا مامۆستاکەمان دکتۆر میران جەلال محەممەد وەک نموونەی وێژەی بەراورد و ڕۆمانی تەوژمی هۆش کەمێک باسی ئەم ڕۆمانەی بۆمان کرد و بووە هۆی ئاشنایی سەرەتایی من و ئەم ڕۆمانە. ڕۆمانە ئینگلیزییەکە نزیکەی ٢٦٥٠٠٠ (دوو سەد و شەست و پێنج هەزار) وشەیە، کە نزیکەی ٣٣٠٠٠ (سی و سێ هەزار) وشەی ئەم ڕۆمانە نادووبارەن. ئەم فرەوشەییە یەکێکە لەو چەند هۆیانەی وا دەکا ئەم ڕۆمانە لای خوێنەرەکەی قورس بکا، چونکە دەبێ زووزوو پەنا ببەیتە بەر فەرهەنگ. هەموو ڕۆمانەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەم سێ ئەڵقەیە، بەشی دووەم دوانزە ئەڵقەیە، بەشی سێیەم سێ ئەڵقەیە، واتە بە هەموویان هەژدە ئەڵقەن.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێ بوو لەو ئەرکانەی بەردەوام دوامدەخست، بەڵام دواجار دەستم کرد بە خوێندنەوەی و دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو کارانەی ئاراستەی ژیان و بیرکردنەوە و زۆر شتت دەگۆڕێ. لە ڕۆژی بلوومی پاردا لاپەڕەیەکی بەکوردیکراوی ئەم ڕۆمانەم هەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە، کە لە ڕۆمانەکەدا لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی چوارەمییەتی. ئەمساڵیش لاپەڕەیەکی بەکوردیکراوتان پێشکەش دەکەم کە بە ڤیدیۆش تۆمارم کردووە. ئەم لاپەڕەیە لە ئەڵقەی پێنجەمدایە.

https://www.facebook.com/1440047992917702/videos/618909318751493

لاچی دارێم لا مانۆ

 لا لا لالا لا لا

بۆ ناو شەقامی کەمبەرلاند وەرچەرخا و چەند هەنگاوێک ڕۆیشت، لە پەنا دیواری وێستگەکەدا ڕاوەستا. کەس. حەوشەی دارخانەکەی مییەید. کۆتەرەداری هەڵپەسێرراو. کەلاوەکان و خانووە هەژارنشینەکان. بەسەر خانەکانی خەتخەتێنێکدا[2] کە توولەکەی بە جێ مابوو بە پێکوتانی وریایانەوە تێپەڕی. هەڵەم نەکرد. نزیک حەوشەی دارخانەکە مناڵێکی هەڵتروشکاو بە تەنیا هەڵماتێنی دەکرد. بە پیلکە دەسکەلاکەی دەهاویشت. گورپەیەکی دانا، سفەنکسێکی[3] چاوداگرەوە، لە چێوە گەرمەکەیەوە تەماشای کرد. گوناهە هەراسان بکرێن. محەممەد پارچەیەکی لە عەباکەی خۆی دادڕی بۆ ئەوەی بێداری نەکاتەوە. بیکەرەوە. کە چووشمە قوتابخانەکەی ئەو پیرێژنەوە جارێک هەڵماتێنم کرد. حەزی لە پیژگ[4] بوو. میسز ئیڵایز و میستەر؟ نامەکەی لەنێو ڕۆژنامەکەدا کردەوە.

گوڵ. وا بزانم لە جۆری. گوڵێکی زەردە و پەڕەکانی پان بوونەتەوە. کەواتە تووڕە نەبووە. چی دەڵێ؟

هێنریی ئازیز،

دوایین نامەتم پێ گەیشت کە بۆت نووسیبووم و زۆر سوپاست دەکەم. داوای لێبوردن دەکەم کە دواهەمین نامەمت بە دڵ نەبوو. بۆچی پوولەکانت کردبوونە ناو نامەوانەکەوە؟ من زۆر لێت تووڕەم. خۆزگە بمتوانیایە لەسەر ئەوە سزات بدەم. بە کوڕی لاسار ناوم بردی چونکە حەزم لەو وژەیەی[5] تر نییە. تکایە پێم بلێ واتای ڕاستەقینەی ئەو وشەیە چییە؟ لە ماڵەوە دڵت خۆش نییە ئەی کوڕی لاساری بەسزمان؟ خۆزگە بمتوانیایە شتێکت بۆ بکەم. تکایە پێم بڵێ چۆن بیر لە منی بەسزمان دەکەیتەوە. هەندێ جار بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە کە هەتە. هێنریی ئازیز، کەی یەک دەبینین؟ ئەوەندە بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە هەر باوەڕ ناکەی. هەرگیز ئەوەندە هەستم بە پەلکێشانی خۆم بۆ هیچ پیاوێک نەکردووە ئەوەندەی بۆ تۆ وام. ئێجگار پەرێشانم. تکایە نامەیەکی درێژم بۆ بنووسە و زۆرترم پێ بلێ. بیرت بێ ئەگەر وا نەکەی سزات دەدەم. کەواتە ئێستا دەزانی ئەگەر نەنووسی چیت لێ دەکەم ئەی کوڕە لاسارەکە. ئای چەند تامەزرۆی بینینتم. هێنریی ئازیز. داواکارییەکەم ڕەت مەکەرەوە پێش ئەوەی ئارامیم لێ ببڕێ. ئەوکات هەموو شتێکت پێ دەڵێم. ئێستا ماڵئاوا، ئازیزە لاسارەکەم، سەرئێشەیەکی زۆر خراپم هەیە. ئەمڕۆ. ئینجا بە پۆستەی خێرادا نامە بۆ ئەو کەسە بنووسە کە پەرۆشتە.

(ماڕثا).

تێبینی: تکایە پێم بڵێ ژنەکەت چ جۆرە بۆنێک بە کار دەهێنێ. دەمەوێ بزانم[6].


[1] لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

[2] خەتخەتێن، بە ئینگلیزی (hopscotch): یارییەکی مناڵانەیە، زیاتر کچان دەیکەن. چەند خانەیەک دەکێشرێ و هەریەکە و ژمارەیەکی هەیە. بە پارچە بەردێکی پان یاری دەکرێ کە پێی دەوترێ «توول»، توولەکە هەڵدەدرێتە سەر خانەیەک و یاریکەرەکە دەبێ بە هەڵقونان تا ئەوسەری خانەکان بڕوا و بگەڕێتەوە و توولەکە هەڵبگرێتەوە.~ن.م.

[3] سفەنکس، بە ئینگلیزی (sphinx): دەعبایەکی باڵداری مێیە لە ئەفسانەی گریکیدا. سەری ژن و لەشی شێری هەیە، بەوە بەناوبانگە کە هەرکەسێک وەڵامی مەتەڵێکی نەزانێ دەیکوژێ. ~ن.م.

[4] پیژگ، بە ئینگلیزی (mignonette) یان (Reseda): گیایەکی سەوزی قەدباریک و گوڵزەردە. خومی زەرد لە گەڵاکەی دروست دەکرێ. ناوەکە لە فەرهەنگی ڕووەکناسیی کوردستانەوە هێنراوە. ~ن.م.

[5] وژە: لێرەدا (ماڕثا: نووسەری نامەکە) هەڵەیەکی ڕێنووسی کردووە کە لە بری (وشە) نووسیویەتی (وژە). وا دیارە لە نامەی پێشوودا میستەر بلووم لە نامەکەدا وشەیەکی دیاریکراوی پێی وتووە و ئەو حەزی لەو وشەیە نەبووە، بەڵام (لاسار)ی پێ باشترە. ~ن.م.

[6] دوای ئەم بڵاوکردنەوەیە جارێکی تر بەم دەقەدا چوومەتەوە و زۆرێکیم دەستکاری کردووە، ئەمە دەقە نوێترەکەیە:

لا چی دارێم لا مانۆ

لا لا لالا لا لا

بۆ ناو شەقامی کەمبەرلاند لایدا و چەند هەنگاوێک ڕۆیشت، لە پەنا دیواری وێستگەکەدا ڕاوەستا. کەس دیار نییە. حەوشەی دارخانەکەی مییەید. کۆتەرەداری هەڵپەسێرراو. کەلاوەکان و خانووە هەژارنشینەکان. بەسەر خانەکانی خەتخەتێنێکدا، کە توولەکەی بە جێ مابوو، بە هەنگاوی وریایانە تێپەڕی. هەڵەم نەکرد. نزیک حەوشەی دارخانەکە مناڵێکی هەڵتروشکاو بە تەنیا هەڵماتێنی دەکرد، بە پیلکە دەسکەلاکەی دەهاویشت. گورپەیەکی دانا، سفەنکسێکی چاوداگرەوە، لە ژێربەرانە گەرمەکەی خۆیەوە تەماشای کرد. گوناحە هەراسان بکرێن. محەممەد پارچەیەکی لە عەباکەی خۆی دادڕی تا لە خەو هەڵینەستێنێ. بیکەرەوە. کە چوومە قوتابخانەکەی ئەو پیرێژنەوە جارێکیان هەڵماتێنم کرد. حەزی لە پیژگ بوو. خاتوو ئیڵایز. ئەی مێردەکەی؟ لە ناو ڕۆژنامەکەدا نامەکەی کردەوە.

گوڵ. وا بزانم لە جۆری. گوڵێکی زەردە و پەڕەکانی پان بوونەتەوە. کەواتە تووڕە نەبووە. چی دەڵێ؟

هێنریی ئازیز،

دوایین نامەتم پێ گەیشت کە بۆت نووسیبووم و زۆر سوپاست دەکەم. داوای لێبوردن دەکەم کە دواهەمین نامەمت بە دڵ نەبوو. بۆچی پوولەکانت خستبووە ناو زەرفی نامەکەوە؟ من زۆر لێت تووڕەم. خۆزگە بمتوانیایە لەسەر ئەوە سزات بدەم. بە کوڕی هاروهاج ناوتم برد چونکە حەزم لەو وژەیەی تر نییە. تکایە پێم بلێ واتای ڕاستەقینەی ئەو وشەیە چییە؟ لە ماڵەوە دڵت خۆش نییە ئەی کوڕە هاروهاجە بەسزمانەکە؟ خۆزگە بمتوانیایە شتێکت بۆ بکەم. تکایە پێم بڵێ چۆن بیر لە منی بەسزمان دەکەیتەوە. هەندێ جار بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە کە هەتە. هێنریی ئازیز، کەی یەک دەبینین؟ ئەوەندە بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە هەر باوەڕ ناکەی. هەرگیز ئەوەندە هەستم بە پەلکێشانی خۆم بۆ هیچ پیاوێک نەکردووە ئەوەندەی بۆ تۆ وام. ئێجگار پەرێشانم. تکایە نامەیەکی درێژم بۆ بنووسە و زۆرترم پێ بلێ. بیرت بێ ئەگەر وا نەکەی سزات دەدەم. کەواتە ئێستا دەزانی ئەگەر نەتنووسیبوو چیت لێ دەکەم، ئەی کوڕە هاروهاجەکە. ئای چەند تامەزرۆی بینینتم. هێنریی ئازیز، داواکارییەکەم ڕەت مەکەرەوە پێش ئەوەی ئارامیم لێ ببڕێن. ئەوکات هەموو شتێکت پێ دەڵێم. ئێستا ماڵئاوا، نازدارە هاروهاجەکەم، سەرئێشەیەکی زۆر خراپم هەیە. ئەمڕۆ. ئینجا بە پۆستەی خێرادا نامە بۆ پەرۆشەکەت بنووسە.

مەرسا.

تێبینی: تکایە پێم بڵێ ژنەکەت چ جۆرە بۆنێک بە کار دەهێنێ. دەمەوێ بزانم.

xxxx

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button