
بوولێڵی خوداکان
ئۆپێرای چوارەم و کۆتاییە لە زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی ڕیچارد ڤاگنەر. بە ڕای هەندێ لە توێژەران، ئەمە ئۆپێرای سێیەمی زنجیرەکەیە. ڤاگنەر ئەم ئۆپێرایەی لە پێشەکییەک و سێ پەردەدا داڕشتووە. ئەم ئۆپێرایە نزیکەی ٢٨٠ خولەکە.
بوولێڵ وشەیەکی کوردییە، واتە ئەو دەمەی ئاسمان نیلییە، پێش خۆرهەڵهاتن، یان دوای خۆرئاوابوون. لێرەدا و لە ناوی ئەم ئۆپێرایەدا بە تایبەت مەبەستی لە دوای خۆرئاوابوونی خۆری خوداکانە، هەروەک لە ئۆپێراکانی پێشتردا چەند جارێک ئاماژە بەوە درا کە سەردەمی خوداکان بەسەردەچێ.
پێشەكی
هەر سێ كچەکەی ئێردا، کە پێیان دەڵێن: کچانی نۆرن، لە نزیك بەردەكەی برونهیلدەوە كۆ بوونەتەوە، ژێی چارەنووس دەلەرێننەوە، گۆرانی بەسەر ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا دەبێژن كە ڤۆتان بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خوداكان ئاگر بەردەداتە ڤالهالا و دەیسووتێنێ، بەڵام ژێکان دەپچڕێن و دەكەون، کچەکانیش گلەیی لەوە دەكەن كە چیتر دانایی لە دەستی ئەواندا نەماوە، پاشان دەڕۆن. بەرەبەیان زیگفرید و برونهیلدە لە ئەشكەوتەكەیان دەردەچن، برونهیلدە زیگفرید دەنێرێ بۆ هەندێ كار، بەڵام داوای لێ دەكا خۆشەویستیی ئەوی لە یاد بێ، ئەویش وەك هێمایەک بۆ خۆشەویستییەكەیان، موستیلەكەی دەداتێ و لە دەستی دەكا، برونهیلدەش ئەسپەكەی خۆی دەداتێ، ئەسپەكەی ناوی گرانییە، زیگفرید بەرەو ڕوباری ڕاین دەڕوا.
پەردەی یەكەم
لە دیوەخانی گیبیشونگەكان، كە گەلێكن لە دەوری ڕوباری ڕاین دەژین، گونتەر، كە پاشاکەیانە، لەگەڵ گوترونی خوشکی و نیوەبراكەیان کە ناوی هاگنە و خزمەتكاریانە، دانیشتوون. هاگن ئامۆژگاریی گونتەر دەكا ژن بهێنێ و مێردێكیش بۆ خوشكەكەی بدۆزێتەوە، پێشنیاری برونهیلدە بۆ گونتەر و زیگفریدیش بۆ گوترون دەكا. قایلیان دەكا كە دەتوانێ بە خواردنەوەیەك زیگفرید وا لێ بكا بكەوێتە داوی خۆشەویستیی گوترونەوە و هەر زیگفرید خۆی برونهیلدە بۆ تۆ بهێنێ. گوترون و گونتەر یەكسەر بە پیلانەكە ڕازی دەبن. زیگفرید دێ و گونتەریش پێشوازییەکی گەرمی لێ دەكا، گوترون خواردنەوەكە دەهێنێ و زیگفریدیش بێ هەستکردن بە پیلانەكەیان، بە خۆشیی برونهیلدەوە دەیخواتەوە و ڕاستەوخۆ برونهیلدەی لە بیر دەچێتەوە و دەكەوێتە داوی خۆشەویستیی گوترونەوە. پاشان زیگفرید پێشنیاری ژنێك بۆ گونتەر دەكا و ئەویش باسی برونهیلدەی بۆ دەكا كە لەسەر شاخێك دەژی، تەنها ئەوەی نەزانێ ترس چییە دەتوانێ پێی بگا، چونكە بە ئاگرێكی جادوویی دەورە دراوە. سوێندی برایانە دەخۆن و خوێنی خۆیان تێكەڵ دەكەن کە ئیتر لەوەوە ببن بە برای خوێنیی یەكتر. هاگن خوێنەكەی ئەوان دەخاتە پەرداخێكەوە، بەڵام خۆی بەشداری لەم سوێندخواردنەدا ناكا. ئینجا بەرەو بەردەكەی برونهیلدە دەڕۆن و هاگن بە جێ دەهێڵن. هاگن بەوە دڵخۆشە كە موستیلەكەی بۆ دەهێنن.
ڤالتراوت، کە خوشکە ڤاڵکیرییەکەی برونهیلدەیە، بە سەردانی هاتووە بۆ لای، باسی ئەوەی بۆ دەكا كە چۆن ڤۆتان ڕۆژێك لە ڕێبوارێتی گەڕاوەتەوە و ڕمەكەی شكاوە و ئێستا لەگەڵ كەسدا قسە ناكا و خەمبارە لەوەی دەسەڵاتی لە دەست داوە، هاوکات قەلەڕەشەكانی خۆی ناردووە لەسەر زەوی سیخوڕیی بۆ بكەن. داوا لە برونهیلدە دەكا موستیلەكە بداتەوە بە كچەكانی ڕاین تا جیهان لەو نەفرەتە ڕزگاری ببێ، بەڵام برونهیلدە ئەوە ڕەت دەكاتەوە و بە هێمای خۆشەویستیی زیگفریدی دادەنێ. ڤالتراوت بێئومێدانە بە جێی دەهێڵێ. زیگفرید دەگاتە برونهیلدە، بە کڵاوزرێ جادووییەکەی خۆی كردووە بە گونتەر و پێی دەڵێ كە دەبێ شووی پێ بكا، بەڵام پاش قڕەقڕێكی زۆر برونهیلدە ئەم فەرمانە ڕەت دەكاتەوە و دەیەوێ بە هێزی موستیلەكە لە ناوی ببا، بەڵام زیگفرید بە زۆر موستیلەكەی لێ دەستێنێ و دەیكاتە دەستی خۆی.
پەردەی دووەم
هاگن لە كەنار لقێكی ڕوباری ڕایندا چاوەڕێ دەكا و وەنەوز دەدا، ئالبەریشی باوكی سەردانی دەكا، هاگن سوێندی بۆ دەخوا كە زیگفرید بكوژێ و موستیلەكە بۆ خۆی بباتەوە، پاشان باوكی دەڕوا. زیگفرید بە جادووی کڵاوزرێکە دەگەڕێتەوە، لە فۆڕمی ئاسایی خۆیدایە و برونهیلدە و گونتەری لە بەلەمەكەی خۆیاندا بە جێ هێشتووە، ئەوان پاشتر دەگەڕێنەوە. هاگن هەموو گیبیشونگەكان كۆ دەكاتەوە و ئاگاداریان دەكا ئامادە ببن، ئەوانیش وا دەزانن بۆ شەڕ دەچن، بەڵام كاتێك دێن سەرسام دەبن كە هاتنەكەیان بۆ ئەوەیە بەخێرهاتنەوەی پاشا و بووكەكەی بكەن. گونتەر و برونهیلدە دەگەن، بەڵام کە برونهیلدە زیگفرید دەبینێ موستیلەكەی لە دەستدایە و لەگەڵ ژنێکی تردایە، سەرسام دەبێ، ئینجا بەوە دەزانێ كە ئەو پیاوەی موستیلەكەی بە زۆر لێی سەند گونتەر نەبوو، بەڵكو زیگفرید بوو. درك بەم خیانەتە دەكا و لەبەرچاوی خەڵكەكەوە دەڵێ: «ئەم پیاوە مێردی منە و ئێستا حاشای لێ دەكا». هاگن ئەم هەلە بۆ کوشتنی زیگفرید دەقۆزێتەوە و بە ڕمەكەی خۆی سوێندیان پێ دەخوا کە ئەگەر دەرکەوت هەر كامێكیان سوێندی درۆی خواردبێ، ئەوا دەبێ بكوژرێ، زیگفرید سوێند دەخوا كە ئەو تۆمەتانەی برونهیلدە ڕاست نین، برونهیلدەش سوێند دەخوا كە ڕاست دەكا و ئەو پیاوە تەنانەت خیانەتی لە خۆیشی كردووە. پاشان زیگفرید قۆڵ بە قۆڵی گوتروندا دەكا و لەگەڵ خەڵكەكەدا بەرەو ئاهەنگگێڕانەكەی خۆیان دەڕۆن و برونهیلدە و هاگن و گونتەر لە كەنارەكەدا بە جێ دەهێڵن. گونتەر هەست بە شەرمەزاری و ئابرووچوون دەكا لە بەرانبەر ئەوەی برونهیلدە كردی، برونهیلدەش بەو خیانەتە تەواو ڕووخاوه. هاگن پێشنیار دەكا زیگفرید بكوژێ، بەڵام برونهیلدە پێی دەڵێ: «زیگفرید بە هیچ شێوەیەك لە شەڕدا نابەزێنرێ، تەنها دەبێ لە كاتی بێئاگاییدا لە دواوە ڕمەكەی بچەقێنێتە پشتی و بیكوژێ» هەرسێكیان لەسەر ئەم پیلانە ڕێکدەكەون، ئینجا پێشنیار دەكەن زیگفرید ببەن بۆ ڕاو و لەوێ بیكوژن.
پەردەی سێیەم
لە دارستانێكی كەنار ڕوباری ڕایندا سێ كچەكەی ڕاین پێكەوە بەرانبەر شوێنی زێڕە دزراوەکەیان دڵتەنگیی خۆیان دەردەبڕن. زیگفرید كە لە کۆڕی ڕاوچییەكان جیا بووەتەوە، دێتە نزیکیان، ئەوانیش داوای لێ دەكەن موستیلەكەیان بداتەوە و خۆی لەو نەفرەتە بپارێزێ، بەڵام زیگفرید زۆر بە فیزەوە شمشێرەكەی دەردەهێنێ و دەڵێ: «كەس ناتوانێ لە بەرانبەر شمشێرەكەمدا خۆی بگرێ» ئەوانیش بە مەلە لێی دوور دەكەونەوە و پێشبینیی ئەوە دەكەن كە زیگفرید دەمرێ و میراتگرێكی ئەو، كە ژنێكە، موستیلەكەیان دەداتەوە. زیگفرید دەگەڕێتەوه لای ڕاوچییەکان، گونتەر و هاگنیش لەوێن. هاگن لە كاتی پشوودانیاندا پێكێك خواردنەوەی دەداتێ و ئەویش باسی سەرگوزەشتەكانی گەنجێتیی خۆییان بۆ دەكا كە چۆن فافنەری ئەژدیها و میمێی كوشتووە و چۆن توانیویەتی لەگەڵ باڵندەی تەختەییدا بدوێ و لێی تێبگا. هاگن پێكێكی تری دەداتێ، بەڵام بەم پێکەیان ڕاستەوخۆ بیری برونهیلدەی دەكەوێتەوە و باسی ئەوەش بۆ ڕاوچییەكان دەكا كە چۆن شاخە ئاگرینەكەی بڕیوە و گەیشتووەتە بەردەكەی برونهیلدە و خۆشیویستووە و خواستوویەتی. هاگن ڕاستەوخۆ ڕمەكەی خۆی لە پشتی دەچەقێنێ و خەڵكەكە بەم كردەوەیه سەرسام دەبن. هاگنیش تەنها دەڵێ: «سوێندی درۆی خوارد» پاشان خەمساردانە بە جێیان دەهێڵێ. زیگفرید لە كۆتا قسەكانیدا كەمێك باسی برونهیلدە دەكا و دەمرێ، لاشەكەی هەڵدەگیرێتەوە و بە شێوەیەكی ڕەسمییانە دەگوێزرێتەوە.
لە دیوەخانەكەی گیبیشونگەكاندا گوترون چاوەڕێی زیگفرید دەكا، بەڵام هاگن و گونتەر لەگەڵ بۆنەی پرسەكەی زیگفریددا دەگەڕێنەوه. كە گوترون لاشەكەی زیگفرید دەبینێ، بە جارێ دەڕووخێ و تۆمەتەكە دەخاتە پاڵ گونتەر، بەڵام گونتەر تۆمەتەكە دەخاتە پاڵ هاگن، كە ئەویش بەوە وەڵامیان دەداتەوە كە: «زیگفرید سزای سوێندە درۆکەی خۆی وەرگرت» و ماف بە خۆی دەدا كە ببێ بە خاوەنی موستیلەكه. بەڵام گونتەر لێی تووڕە دەبێ و پێی دەڵێ: «چۆن دەوێری دەست ببەی بۆ لاشەی زاواکەم؟» ئینجا هاگن پەلاماری گونتەر دەدا و بە ئاسانی دەیكوژێ، بەرەو لاشەكەی زیگفرید دەڕوا تا موستیلەكە لە دەستیدا دەربهێنێ، بەڵام دەستی زیگفرید سەرئاسا بەرز دەبێتەوە و هاگن لە ترسدا دەوەستێ.
برونهیلدە دێ و موستیلەكە دەخاتەوە دەستی خۆی، گوترونیش باسی پیلانەکەی هاگنی بۆ دەکا و ئینجا برونهیلدە تێدەگا چۆن زیگفرید بە ستەم كوژرا. برونهیلدە داوای ئاگرێكی گەورە دەكا بۆ سووتاندنی لاشەكەی زیگفرید بکرێتەوە، دەچێ موستیلەكە بە كچانی ڕاین دەداتەوە و ئەم هەواڵانەش بە قەلەڕەشەكانی ڤۆتاندا بۆ ڤۆتان دەنێرێتەوە، پاش سووتانی لاشەكەی زیگفرید سواری ئەسپەكەی دەبێتەوە و بە ناو ئاگرەكەدا تێدەپەڕێ. ئاگر بەردەبێتە دیوەخانەكەی گیبیشونگەكان و پاشان ڕاینیش لافاوێك دەنێرێتە سەر دیوەخانەكە و دەیكوژێنێتەوە. كچانی ڕاین بە موستیلەكەیانەوە بە مەلە دەڕۆن، هاگن دەیەوێ ڕێگرییان لێ بكا، بەڵام ئەوان سەری دەخەنە ژێر ئاوەكەوە و دەیخنكێنن. لەم كاتەشدا ئاگرێكی سوور لە ئاسمانەوە دەردەكەوێ، خەڵكەكە تەماشا دەكەن و ناوەوەی ڤالهالا دەردەكەوێ و خوداكان دەردەكەون لەناو ئاگرەكەدا دەسووتێن.