
پێکهاتەی کیمیایی مرۆڤ[1]
نووسینی: فۆلکلۆر
وەرگێڕانی: نادیار پەیامهێن
ئەو تەنەی پێی دەوترێ: «مرۆڤ» بە گشتی لەسەر هەسارەی زەوی هەیە و بە بەرگی وشکانییەکەیەوە نووساون، تەنها دوو جۆریان هەیە: جۆری یەکەمیان پێی دەوترێ: «ڕووتەوپووتە»، جۆری دووەمیان پێی دەوترێ: «سەنگین».
یەکەم: ڕووتەوپووتە (Bm3N2Q1)
ڕووتەوپووتە، یان بە زمانی خۆمانەیی هەرکامێک لەمانەی پێ دەوترێ: «خەڵک، عەلەوجەلە، ڕەشوڕووت، چڵیتوپڵیت، هەرچیوپەرچی» و زۆر ناوی تر، کە ئەم توێژینەوە زانستییە بە شوێنی ئەوە نازانین بچینە وردەکاریی زمانەوانییەوە، بۆیە ئەوەیان بۆ زمانناسان و فەرهەنگوانان بە جێ دەهێڵین. هێما کیمیاییەکەی ئەم جۆرەی مرۆڤ (Bm3N2Q1)ە، ئاوێتەیەکی کیمیاییە:
- لەوپەڕی ئاسوودەییدا: ڕەفتاری ناشرینە، بێمێشکە.
- لە دۆخی ئاساییدا: ڕەفتاری ناشرینە، بێمێشکە.
- لە دۆخی لێقەوماندا: ڕەفتاری قێزەونە، بێمێشکە.
بۆیە پێکهاتەی کیمایی ڕووتەوپووتە یەکسانە بە سێ جار بێمێشک، دوو جار ناشرین، جارێک قێزەون، واتە: بێمێشک٣ناشرین٢قێزەون١، بەم شێوەیە هێما کیمیاییەکەی لە خشتەی خولیدا دەبێ بە (Bm3N2Q1). ئەم جۆرە مرۆڤە بە گشتی تەنێکی قورسە، بەڵام ڕەفتارەکانی ئەوەندە ناسەنگین و سووکن لە چاوتروکاندا بە ئاسماندا تەرە دەبن و لە هەوادا ون دەبن؛ ناوکێکیان هەیە پێی دەوترێ: «هەستوسۆز»، یان بە زمانی خۆمانەیی پێی دەڵێن: «ڕەمەک – غەریزە»، سێ ئەلیکترۆنی بە دەورەوەیە، ئەوانیش ئەلیکترۆنەکانی: کوێری، کەڕی، کەرێتین کە لە ناو کیمیاناساندا بە سێ کەکە – The three Ks ناسراون، چونکە سەرەپیتی هەریەکێکیان بە پیتی ک دەست پێ دەکا. یەکێ لە ئەدگارە هەرە سەیرەکانی ئەم ئاوێتە کیمیاییە ئەوەیە کە لە کاتی تەنگژە و تەنگانەدا ئەلیکترۆنەکانیان چالاکتر و بارگاویتر دەبن.
دووەم: سەنگین
ئەگەر لە ناونیشانەکەوە سەرنج بدەی، ئەم جۆرەی مرۆڤ هێمای کیمایی بۆ دانەنرا، چونکە هێشتا زانایان لەسەر هێمای کیمیایی ئەم جۆرە ڕێک نەکەوتوون، لەوانەشە ڕێک کەوتبن، بەڵام مێدیاکان لەبەرئەوەی لە ڕووتەوپووتە پێکهاتوون، جارێ بواریان بۆ ڕووماڵکردنی هێمای کیمیایی ئەم جۆرەی مرۆڤ نییە.
بەهەرحاڵ، مرۆڤی سەنگین، کە زمانی خۆمانەیی سەری دای لە بەرد ناوی نوێ لەم ئاوێتەیەیان دەنێ، جۆری دووەمی مرۆڤە، کە زۆر دەگمەنن. ئەم جۆرە لە شێوەدا تا ڕادەیەک لە ڕووتەوپووتە دەچن، بەڵام لە کرۆکدا جیاوازن: ئەم ئاوێتەیەیان ناوکەکەی لە دوو تەن پێکدێ، ئەوانیش: «هەستوسۆز» بە ڕێژەی ٢٦% و «لۆژیک» بە ڕێژەی ٧٦%. ئەم دوو تەنە پێکهێنەرە هەندێ جار کەم و زیا دەکەن، بەڵام بە تێکڕاییەکی گشتی لە ڕێژەی ئاماژەبۆدراودان. چوار ئەلیکترۆنیان هەیە، ئەوانیش ئەلیکترۆنەکانی: بیرکردنەوە، ڕامان، شیکردنەوە، وردبوونەوەن. جۆرێکی هەرە شازیان هەیە کە هەر چوار ئەلیکترۆنیان هەیە، بەڵام ناوکەکانیان بە ڕێژەی ١٠٠% لە لۆژیک پێکهاتووە، کە لەناو کیمیاناساندا بە «لۆژیکی پوخت» بەناوبانگە، بەڵام ئەم جۆرە هەر زۆر دەگمەنن.
لە ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا و لەم کاتە ناهەموارەی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانیی کۆرۆنادا، مرۆڤە سەنگینەکان لە ماڵەوە دانیشتوون و بۆ مردن و ژیان نەبێ ناچنە دەرەوە. ڕووتەوپووتەکانیش لە ماڵەوە خۆیان ناگرن و هەر لە دەرەوە ئەلکترۆنەکانیان لەوپەڕی جۆشوخرۆشدان، خەریکە سەری خۆیان و سەنگینەکانیش بە قوڕدا دەکەن.
[1] لە ڕێکەوتی ٤ی نیسانی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.