وتار و ڕاپۆرت

پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن

پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن[1]

هیچ نوستوویەک هەوڵ نادا بیسەلمێنێ نوستووە، جگە لەو کەسەی نەنوستووە و بە درۆوە خۆی دەکا بە نوستوو، چونکە کارێکی بەو خۆدزینەوە و نمایشە هەیە. ئەگینا ئەوەی نوستووە، ئێستا لە قووڵایی خەوندایە و چێژ لە خەونەکەی دەبینێ و پێویستی بە خۆسەلماندن نییە بۆ هیچ کەسێک! ئەوەی هەوڵ دەدا وای بسەلمێنێ نوستووە، نەنوستووە.

گەر بتەوێ بیسەلمێنی مەلە دەکەی، پێویستت بە هاتوهاوار نییە بڵێی: «هۆ، خەڵکینە، تەماشام بکەن، مەلە دەکەم!» تۆ دەبێ بچیتە ئاوەکەوە و مەلەکە بکەی، نەک من بکوژی لەسەر ئەوەی باوەڕم پێت نەهێناوە کە مەلە دەزانی. تۆ پێویستت بە دانپێدانانی من نییە کە مەلە دەزانی. لە ڕاستیدا هەموو هەوڵی تۆ بۆ دانپێدانانی من، تۆ لە چێژی مەلەکردنەکە دادەبڕێنێ، ئەگەر تۆ بۆ دانپێدانانی من مەلە دەکەی، پێشتر لێمت پرسی کە داخۆ من دەمەوێ تۆ مەلە بکەی یان نا؟ پێشتر هیچ ڕایەکی منت وەرنەگرتووە، ئێستاش کە مەلەکە دەکەی، دانپێدانانی منت بۆ چییە؟ بۆ ئەوەی چێژ لە مەلەکردنەکەت ببینی؟ ئەگەر تۆ بتزانیایە چێژ لە مەلەکردن وەربگری، ئەوا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ڕای من نەدەوەستای. لە ڕاستیدا تۆ پێویستت بەوە نییە هیچ شتێک بسەلمێنی، چونکە هەر ئەوەندەی ئەو دەرگایەت لە خۆت کردەوە، ئیتر نوقمی گێژاوێک دەبی کە زۆر بە ئەستەم لێی دەردەچی. کە دانپێدانانی منت کردە ئامانج و منیش دانم پێتدا نا، ئینجا دەبێ بچی کەسێکی تر ناچار بکەی دانت پێدا بنێ، پاش ئەویش کەسێکی تر، کە بۆ هەمووشمانت سەلماند، پاشان چی؟ ئینجا دەبێ ئامانجێکی نوێ دیاری بکەیت و هەوڵ بدەی دیسان هەموومان بە سەلماندنی نوێ بهەژێنی… بەڵام خەڵکی سەر زەوی ئێجگار زۆرن و تەمەن بەشی گەمەی ئەو هەموو سەلماندنە ناکا! هەموو ڕۆژێک کە سروشت پێت دەبەخشێ، دەرفەتی چێژێکی نوێ و ژیانێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی نوێت پێ دەبەخشێ، کەچی تۆ هێشتا دوێنێ و پێرێت بە کۆڵەوەیە و بە شانازیشەوە دەتەوێ بۆ ئێمەی ئەمڕۆی بسەلمێنی! ئینجا سبەینێش دەبێ ئەمڕۆ بخەیتە کۆڵت! پێرێ لە پێرێدا بە جێ بهێڵە و دوێنێ لە دوێنێدا و ئەمڕۆش لە ئەمڕۆدا. ئەم دیاردەیە ناو دەنێم «پەتای خۆسەلماندن»، خودی ئەم پەتایە هۆی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە «پەتای پیاوچاکی» کە کەمێکی تر باسی دەکەم. پەتای خۆسەلماندن بەو شێوەیە کار دەکا کە هەمیشە بەدوای سەلماندنی نوێدا دەگەڕێی. بەڵام ئەم سەلماندنانە بە هەلی چێژبینینت لە ژیان و هەلەکانی ئەمڕۆت سەودا دەکەی. ئایا بەهای هەلە نوێکەی ئەمڕۆ دەزانی کە لە دوێنێ و ڕۆژانی پێشووتدا بە فیڕۆی دەدەی؟ تۆ ئەم خۆسەلماندنەت بە ژیانی خۆت دەکڕی کە ژیانیش لە کڕین نایە.

هەرگیز هەوڵ مەدە بکەویتە گێژاوی خۆسەلماندنەوە، هاوڕێیەتیی هیچ کەسێکیش مەکە کە تووشی ئەو پەتایە بوون، چونکە ئەو پەتایە گواستراوەیە و دەشێ بۆ تۆش بگوازرێتەوە و ژیانت بە فیڕۆ بدا. چونکە هەمیشە وێڵی ئامانجی نوێی خۆسەلماندنی نوێ دەبی. ئامانجی ڕەها لە ژیانکردن ژیان خۆیەتی، هەر شتێکی تر کە دەیکەی تەنها بۆ ئەوە بیکە کە چێژ لە ژیان ببینی، هەر شتێک نەچووە خزمەتی ژیانەوە تووڕی دە و فڕێی بدە، گرنگ نییە خەڵک چیت پێ دەڵێن. سامان گەر لە خزمەتی ژیاندا نەبوو سامان نییە، موزیک، هۆنراوە، کارکردن، نوستن، سەما، خواردن…تد، هەرکامێکیان لە خزمەتی ڕەنگدارکردنی ژیاندا نەبوون فڕێیان بدە بە کەڵک نایەن. نەکەی ژیانت بکەی بە قوربانی هیچ شتێک، هەموو شتێک بکە بەقوربانی ژیان، چونکە سروشت تەنها ژیانی پێ بەخشیوی، ئەوانی تر لە چواردەورەوە وەرتگرتووە، نەکەی سروشت بە چواردەورت سەودا بکەی. سروشت نەمرە، چواردەورت نەپاون[2].

هەرگیز چێژی مەزنی ژیان لە پێناو خۆسەلماندندا بە فیڕۆ مەدە. کەس نابینی بییەوێ بیسەلمێنێ تێرە، جگە لەو کەسەی برسییە و بە درۆوە خۆی تێر پیشان دەدا، چونکە کارێکی بەو نمایشە هەیە. ئەوەی تێرە ئێستا چێژ لە تێرییەکەی دەبینێ؛ ئەوەی پیانۆژەنی ڕاستەقینەیە ئێستا چێژ لە ژەندنەکەی دەبینێ؛ ئەوەی وێنەکێشی ڕاستەقینەیە ئیستا چێژ لە وێنەکێشانەکەی دەبینێ. تەنها ئەوانە هەوڵ دەدەن خۆیان بسەلمێنن کە ئەوە نین!

هەوڵ مەدە بیسەلمێنی مرۆڤێکی چاکی، مێردێکی باشی، ژنێکی باشی، ئەویندارێکی باشی، خواناسێکی باشی، ڕامیارێکی باشی، هونەرمەندێکی باشی و تد. ئەگەر باش بوویتایە هەرگیز پێویستت بە خۆسەلماندن نەدەبوو! خودی هەوڵدانت بۆ خۆسەلماندنت کە تۆ مرۆڤێکی چاکی، مێردێکی باشی، ژنێکی باشی، ئەویندارێکی باشی، خواناسێکی باشی، ڕامیارێکی باشی، هونەرمەندێکی باشی و تد. بەڵگەی ئەوەن کە تۆ هیچ کامێک لەوانە نیت! چونکە ئەگەر ئەوە بوویتایە هیچ کێشەیەکت نەدەبوو و ئێستا ئەوە دەبوویت و چێژت لەو بوونە ڕاستەقینەیەت وەردەگرت. کە چواردەورەکەشت باوەڕیان پێ نەدەکردی، بێمننەتانە لێیان دوور دەکەوتیتەوە.

ئەم هەوڵدانەت بۆ خۆسەلماندن دەتخاتە گەرداوی کێبڕکێی هەمیشەییەوە. تۆ کە لەگەڵ خۆتدا دەچیتە کێبڕکێوە، هەموو هەوڵت بۆ ئەوەیە بگەی بە لوتکە، بەڵام هەموو نەگبەتییەکانت دوای گەیشتنت بە لوتکە دەست پێ دەکەن! چونکە لە دوای لوتکەوە تەنها دابەزین هەیە! یان دەبێ لەوێدا خۆت بکوژی، یان دەبێ داببەزی! باشتر نەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەم کێبڕکێ و بۆڕبۆڕێنەت نەکردایە؟ (بێلا بارتۆک) دەڵێ: «پێشبڕکێ بۆ ئەسپە نەک هونەرمەند!» ڕەنگە تا مناڵیت یان هەرزەیت، لەوانەیە پێشبڕکێ باش بێ، نازانم، بەڵام دڵنیام پیشبڕکێ بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو قێزەونە. تۆ دەبوو ئێستا خۆتت بدۆزیایەتەوە و لە چاوی خۆتەوە بتڕوانیایە خۆت، نەک لە چاوی خەڵکانی ترەوە لە خۆتت بڕوانیایە. دەبوو ئێستا (من)ت لەناو خۆتدا بدۆزیایەتەوە و پەروەردەی (من)ەکەی ناو خۆت بدایە، نەک خەریکی بۆڕبۆڕێن بی.

لەناو تۆوی کێبڕکێدا فریوخواردن و ئازارچەشتن و خۆپەرستی هەیە. ئەو مرۆڤەی بەردەوام بە شوێن کێبڕکێدا دەگەڕێ وردەوردە دەکەوێتە شەشپاڵوویەکەوە: دیوێکی تووڕەییە، دیوەکەی بەرانبەری ئازارە، دیوێکی خەمخواردنە، دیوەکەی تری دڵەڕاوکێیە، دیوێکی تری خۆپەرستی و خۆفریودانە و بەرانبەری کێبڕکێبازییە. تەنانەت لەوانەیە ئەم شەشپاڵووە بۆ چەندین دیوی تری یەک لە یەک تراژیدیتر پەرە بستێنێ، بە هۆی ئەم شەشپاڵووەشتەوە تووشی چەندین کێشە دەبی و خەڵکانی تریش تووشی کێشە دەکەی. بەڵام ژیان بەم جۆرە جێگەی بەزەییە، تۆ پێویستت بەوە نییە لەو شەشپاڵووەدا پەنگ بخۆیتەوە و خۆت بەند بکەی. مرۆڤ لەم دۆخەدا ناتوانێ هیچ ڕاستییەکی سروشتی بێ شێواندنی شەش پەردەکەی دەوری خۆی ببینێ، چونکە ئەم مرۆڤە پەنگخواردووە لانیکەم لە شەش هاوێنەوە دونیا دەبینێ کە هەریەکەیان وێنە ڕاستەقینەکانی چواردەور دەچەمێننەوە و دەیانشێوێنن. ئەم باش نەبینینەش دەتخاتە ئەنجامدانی کارەسات دوای کارەسات و ئەو کاتەش هەر پاساوێک دەهێنیتەوە و بە هەر ڕستەیەک باسی خۆت دەکەی، ئەو ڕستەیەش بۆت دەبێ بە پەردەیەکی تر و بە دەوری شەشپاڵووەکەتدا دەیپێچی، تا وات لێ دێ ئەوەندە لە پەردەی پاساوەکانت و کێشەکانتدا خۆت قوماتە دەکەی کە چیتر کەسە ڕاستەقینەکەی ناخت دەخنکێ. لەبەرئەوەشی تۆ هەر لە سەرەتاوە چێژبینین و دڵخۆشیت بە شتەکانی دەرەوەی خۆت بەستووەتەوە، چیتر هەرگیز دڵخۆش نابیت و چێژیش لە هیچ شتێک نابینی، چونکە وێنەی دەرەوە لەبەرچاوی ناختدا شێواوە.

بەڵام تۆ لەوە مەزنتری، لەوە بەتواناتری، هەر ئەوەندەی دانت بەوەدا نا بەدوای (من)دا دەگەڕێیت و لەگەڵ خۆتدا ئاشت دەبیتەوە، ئیتر دەتوانی وردەوردە ئەو قوماتانەت لێبکەیتەوە و چیتر لەژێر پەردەی تووڕەیی و گلەییەکانت و خەمخواردن و ئازار و دڵەڕاوکێ و خۆفریودانەکانتدا خۆت نەشاریتەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانە بشکێنی. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەبێ وردەوردە لەبری (تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان) بێیتە سەر (من)، چونکە (من) گرنگترینە، هەرکەسێکیش هەر شتێکی تری پێ وتووی، وا نییە و ئەویش نازانێ چی گرنگترینە. تۆ تەنها دەتوانی شارەزایی تەواو لە (من)دا پەیدا بکەی، ئەگەر لەسەر شاخێکەوە خۆت هەڵبدەیتە خوارەوە، تەنها کەس کە لەگەڵتدا دێ (من)ە؛ کە دەنووی تەنها کەس (من) دێتە خەونەکانتەوە. تۆ لە ڕاستیدا هەموو ژیانت لەگەڵ (من)دا بە سەر دەبەی، ئەگەر لە (من) تێنەگەیت و لەگەڵ (من)ی ناو خۆتدا ئاشت نەبی، ئێمە چاوەڕێی چ باشییەکت لێ بکەین؟ تۆ کە (من)ی ناو خۆتت خۆشنەوێ، ناتوانی ئێمەشت خۆشبوێ.

بەڵام تکایە کە وردەوردە دەچیتە سەر (من)، (من) بە بەرکار بە کار مەهێنە، بەڵکو با بکەر بێ، مەڵێ: «ئەوان مووچەکەیان نەدا بە من، بۆیە من دڵی ناخۆشە»، تۆ لە مووچە گەورەتری، تۆ لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت گەورەتری، تۆ لە کیشوەر و جیهانیش گەورەتری، تۆ هەموو گەردوونی ئەگەر زیاتریش نەبی. خۆت بۆ هیچ شتێک بچووک مەکەرەوە، منەکەی ناو خۆت بدۆزەرەوە و ئاشتی بکەرەوە و پێکەوە تێر چێژ لە ژیان ببینن. لەم جەستەیەی ئێستاتدا و لەم ژیانەی ئێستاتدا تەنهاوتەنها یەک جار دەژیت. بە ملیۆنان کیلۆمەتر لەچواردەوری ئەم هەسارەیە، ژیان لە هیچ کوێیەک نییە، ڕەنگە لە دوورتر هەبێ، بەڵام لەم هەموو شوێنە مەزنەدا تەنها ئێرە ژیانی لێیە و تۆش ئەو کەسەی کە ئەو هەلەت پێ بەخشراوە کە بژیت، بێکۆتا شت هەن کە ناژین و ئەو هەلەیان پێ نەدراوە، تەنها تۆ دەژیت، تۆ پەڕجووی سروشتی، تۆ بەڵگەی ژیانی، کەچی خۆت خۆتت بۆ شتانێکی بچووک بچووک کردووەتەوە و خۆت کردووە بە پاشکۆیان.

تۆ بە دەستی خۆت ناخۆشییەکانت هێناوەتە ناو (من)ەوە، هەر تۆش دەتوانی ئەو ناخۆشییانە لە (من) بکەیتەوە. چاوت لەسەر (تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان) لاببە، ئەوان لەچاو مەزنیی (من)ی ناختدا هیچ نین. کە چراکەی ناخت داگیرسا، هیچ تاریکییەک ناتوانێ بیکوژێنێتەوە، چونکە تەنها تاریکی لە ڕوناکی دەترسێ، چونکە هەمیشە ڕوناکی تاریکی لە ناو دەبا نەک بە پێچەوانەوە.

تۆ بێ دۆزینەوە و ئاشتکردنەوەی (من) بۆ هیچ کوێیەک هەنگاو مەنێ، هیچ چاکەیەک مەکە، هیچ چاکسازییەک مەکە، چونکە تۆ بەو منە خنکاوەتەوە هەموومان بە چاکەکانت دەخنکێنی، چونکە تۆ خۆشەویستترین کەست کە (من)ە خنکاندووە، بۆیە تکایە مەیە بۆ وێزەی ئێمەش. تەماشا بکە، ئێستا هەموو جیهان بە دەست کۆمەڵێ کەسەوە دەناڵێنن کە هاتبوون بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارە بکەن و چاکسازی بکەن و پێشمان بخەن، هاتبوون ئێمەیان خۆشبوێ، بە ئەوینی ئێمەوە هاتن، کەچی تەنها کێشەیان کەڵەکە کردووە. ئەوکات و ئێستاش هاتوون و هاتبوون تا فێری ئاشتیمان بکەن، بەڵام جارێ پێویستیان بەوەیە چل ملیۆن کەس بکوژن بۆ ئەوەی بەو ئاشتییە بگەن؛ ئینجا دەیانەوێ فێری خۆشەویستیمان بکەن، بەڵام جارێ دەبێ شەش ملیار کەس بخەسێنن و بیانکوژن تا خۆشەویستیمان فێر بکەن: بە منێکی پڕ لە ناکۆکییەوە دێن تا ئێمە کۆک بکەن. جیهان دە هەزار ساڵە تووشی پەتایەکی کوشندەی پیاوچاکی بووە و ئێستا ئەرکمان ئەوەیە لەم پیاوچاکانە دوور بکەوینەوە، چونکە ئەم پیاوچاکانە بە (من)ێکی ڕقاوی و داڕماو و نەخۆش و خنکاوەوە و بە ئەوینی ئێمەوە هاتن موژدەی بەهەشتی سەرزەمین و بنزەمینیان پێ داین، کەچی ڕق و خوێنڕشتن و پیاوکوژی و سنووریان لەگەڵ خۆیاندا هێنا؛ برا و برایان لە یەک کرد؛ شار و دێیان سووتاند؛ بیرمەندیان کوشت؛ مناڵیان کیمیاباران کرد؛ ژنی خەڵکیان لاقە کرد؛ مرۆڤیان لە فڕندا تواندەوە؛ بۆمبای ئەتۆمیان بەسەر خەڵکدا کرد؛  سەیرانکەریان کوشت؛ جلی ئاڵوواڵایان ڕەشپۆش کرد؛ پێکەنینان لە سێدارە دا؛ باوکان کچی خۆیانیان کوشت؛ برا تێزابی بە قاچی ڕووتی خوشکدا کرد؛ لە لایەن ئابروومەندەکانەوە ژن بەردباران کرا… هێشتاش ماویانە کاولی بکەن.

منەکەی ناو خۆت بناسە و ئاشتی بکەرەوە و پەروەردەیەکی تەندروستی ژیاندۆستیی بکە، ئەوکات چراکەی ناخت دادەگیرسێ، کە چراکەشت داگیرسا، پێویستت بە سەلماندنی ڕوناکیی خۆت نییە، تەنها پیاسەیەکت بە گەڕەکە تاریکەکانی ئەواندا بەسە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپێیان ڕوناک ببێتەوە و بەرەو ڕوناکی هەنگاو بنێن.

وەرن لە ئەمڕۆوە خۆمان لە پیاوچاکان ڕزگار بکەین.

لە ناخی دڵمەوە سوپاست دەکەم گەر ئەم نووسینە درێژەمت خوێندبێتەوە، خوازیارم دەسخەڕۆم نەکردبی و هیوادارم سوودم بۆت هەبووبێ. بە ئارەزووی خۆشت چۆنت دەوێ کۆپیی بکە و لە کوێدا ویستت بڵاوی بکەرەوە، تەنها پێداچوونەوەی زمانەوانیی بۆ مەکە، گەر ویستت لێی بگۆڕی تکایە پێم بڵێ.


[1] لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

[2] نەپاو، بە ئینگلی (mortal): واتە هەر شتێک کە بمرێ. لە زمانی خۆمانەییدا زیاتر وشە عەرەبییەکەی بۆ بە کار دەهێنرێ کە (فاني)یە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button