
باش ماوە؟[1]
ئایا باش ماوە؟
بەڵێ، باش ماوە: خۆت!
گلەیی لە ئاکاری کەسانی دی مەکە، ئاکاری ئەوان بە تۆ دەستەمۆ ناکرێ، بەڵام دەتوانی ئاکاری خۆت دەستەمۆ بکەی. ئاکار و ڕەفتاری کەسانی تر وەک کەشوهەوا ببینە کە هیچ دەسەڵاتێکت بەسەریدا ناشکێتەوە. چاوەڕێی بەرانبەر مەکە تا بۆ ئاکار و کردەوەی باش هانت بدەن، بەڵکو تۆ بۆ ئاکار و کردەوەی باشی بەرانبەرەکەت ببە بە هاندەر. مادەم تۆ پێودانگی ئاکارت هەیە، کەواتە ئەو پێودانگە لەسەر خۆت جێبەجێ بکە، نەک خەڵک. تۆ بەرانبەر بە خۆت لە دەسەڵاتی تەواودای. بەڵام بەرانبەر خەڵک لە دەسەڵاتدا نیت. ئەگەر تۆ باش بیت، ئەوا دەبیتە هیوا بۆ سەرلێشێواو و لادراو و پەڕاوێزخراوەکان.
ئەگەر هونەرمەندی، ئەوا مەڵێ: «ئێمە هونەرمەندمان نییە!»؛ ئەگەر زمانەوانی، ئەوا مەڵێ: «ئێمە زمانەوانمان نییە!»؛ ئەگەر فیلمسازی، مەڵێ: «ئێمە فیلمسازمان نییە!»؛ ئەگەر بەئاکاری، مەڵێ: «ئێمە بەئاکارمان نییە!»؛ ئەگەر خۆت باشی، مەڵێ: «ئێمە باشمان تێدا نییە!»
ئەوە نییە تۆمان هەیت؟ ئێمە دڵمان بە تۆ خۆشە، کە تۆ بڵێی نیمانە، ئەی ئیتر ئێمە دڵ بە کێ خۆش بکەین؟ ئێمە چاومان لە دەستی تۆیە. لە ئێستا بە دواوە تۆ ببە بە سەرپشک و ئاراستەمان بکە، لە بری گلەییکردن لە تاریکستانیی گۆڕەپانەکە و بوودەڵەیی کەسانی تر، ئەوا ئەو هەموو ڕوناکییەی ئەو گۆڕەپانە چۆڵە ببینە کە بۆ چالاکیی تۆ ئاوەڵایە!
لە دەنگی ستۆییزمەوە.
[1] لە ڕێکەوتی ١ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.