
ئۆپێرا
ئۆپێرا درامایەکی نووسراوەیە بە موزیکەوە دەگێڕرێتەوە. بە دەقەکەی دەوترێ ئۆپێرانامە (لیبرێتتۆ – Libretto) و ئەم دەقە نووسراوەیە لە لایەن گۆرانیبێژانەوە یان دەبێژرێن، یان دەپەیڤرێن[1]، یان دەوترێن. موزیک کرۆک و چەقی ئۆپێرایە و لێیجیاناکرێتەوە و تەنها پاشکۆ و ڕێکەوت نییە.
ئۆپێرا وەک فۆڕم؛ زۆر جار به‌سه‌ر په‌رده‌دا دابه‌شدەکرێ: هه‌ر په‌رده‌یه‌ك چه‌ند دیمه‌نێك له‌خۆده‌گرێ. به‌پێی ده‌قیش ژماره‌ی په‌رده ده‌گۆڕرێ. ئه‌مانه نموونه‌ی هه‌ندێك ئۆپێران له ژماره په‌رده‌ی جیاوازدا:
- ئۆپێرا له پهردەیەکدا: وه‌ك ئۆپێرای (دافنی) كه له‌لایه‌ن (ڕیچارد شتراوس)ه‌وه نوسراوه.
- ئۆپێرا له دوو په‌رده‌دا: وه‌ك (قه‌ره‌قۆزه‌كان) كه له‌لایه‌ن (ڕوجێرۆ لیونکەڤاللۆ)وه نوسراوه.
- ئۆپێرا له سێ په‌رده‌دا: وه‌ك هه‌ریه‌كێك له دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م ئۆپێرای زنجیره‌ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان (ڤاڵكیرییه‌كه، زیگفرید، بوولێڵی خواكان) کە لە لایەن (ڕیچارد ڤاگنەر)ەوە نوسراوە.
- ئۆپێرا له چوار په‌رده‌دا: وەک (کارمێن) كه له لایه‌ن (ژۆرژ بیزێ)وه نوسراوه.
- ئۆپێرا له پێنج په‌رده‌دا: وه‌ك (دۆن كارلۆس) كه له لایه‌ن (جیوزێپپێ ڤێردی)یه‌وه نوسراوه.
- ئۆپێرا له شه‌ش په‌رده‌دا: وه‌ك (نابێ دیسان خۆر بگه‌ڕێته‌وه) كه له لایه‌ن (ئێلێنا پێترۆڤا)وه نوسراوه.
ئۆپێرا بە گشتی له چه‌ند به‌شێك پێكدێ: ئەوانیش ئەمانەن:
- (ئۆڤەرچوور یان پرێڵیود)
- هەوا
- پەیڤاندن
- وتن.
ئۆڤەرچور/پرێڵیود
سه‌ره‌تایەكی موزیکییە هه‌ندێ جار پێیده‌وترێ (ئۆڤهرچور – کردنەوە) وه‌ك ئۆپێرای (فیدێلیۆ) كه له‌لایه‌ن (بێتهۆڤن)ه‌وه نوسراوه. یان پێیدەوترێ (پرێڵیود – پێشەکی) وه‌ك ئۆپێرای (لۆهەنگرین)ی (ڤاگنه‌ر). هەردوو ئەم موزیکە خزمەتی سەرەتای کردنەوەی نمایشەکە دەکا. جیاوازییەکەیان ئەوەیە کە ئۆڤەرچوور مەرجە بە (فۆڕمی سۆناتا) بنوسرێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر موزیکدانهرهكه نه‌یه‌وێ له‌و فۆڕمه‌دا بنووسێ؛ ئه‌وا ته‌نها سه‌ره‌تایه‌ك به فۆڕمێكی ئازاد ده‌نووسێ کە بە (پرێڵیود) ناودەبرێ.
هەوا
یەکێ لە ڕەگەزە بەناوبانگەکانی ئۆپێرا (هەوا – ئاریا)یە. هەوا (یان ئاریا) گۆرانییەکی تاکژەنی یەکێکە لە کەسێتییەکانی ئۆپێراکە، زۆر جار خۆدواندنێكه، یان گێڕانەوەیەکە. خۆدواندن (مۆنۆلۆگ) وەک هەوای (Addio del passato- ماڵئاوا له ڕابردوو) كه له لایه‌ن (ڤیۆلێتتا)وه دەبێژرێ كه کەسێتییەکی سه‌ره‌كیی ئۆپێرای (لا تراڤیاتا)یە كه له لایه‌ن (جیوزێپپێ ڤێردی)یه‌وه نوسراوه. هەوای گێڕانەوەش وەک (هەواکەی فێرراندۆ) لە ئۆپێرای (ئیل ترۆڤاتۆرێ – شایەرەکە)دا كه له لایه‌ن (جیوزێپپێ ڤێردی)یه‌وه نوسراوه.
ئەگەر دوو کەسێتی هەوایەک ببێژن؛ پێیدەوترێ دوانینە (دوێت – duet). وه‌ك دوانینەی (O soave fanciulla – ئای خانمه ناسکەکە)، كه له لایه‌ن (ڕۆدۆلفۆ) و (میمی)یه‌وه دەبێژرێ له ئۆپێرای (بۆهیمییه‌كه)دا كه له لایه‌ن (جاکومۆ پوچینی)یه‌وه نوسراوه.
ئەگەر سێ کەسێتی هەوایەک ببێژن؛ پێیدەوترێ سیانینە (تریۆ – trio)، چوار بن پێیدەوترێ چوارینە (کوارتێت – quartet)، پێنج بن پێیدەوترێ پێنجینە (کوینتێت – quintet) شەش بن پێیدەوترێ شەشینە (سێکستێت – Sextet)، حەوت بن پێیدەوترێ حەوتینە (سێپتێت – septet)، هەشت بن پێیدەوترێ هەشتینە (ئۆکتێت – octet). لەوە زیاتر بن پێیدەوترێ کۆرس (Chorus). کە له زۆربه‌ی ئۆپێراكاندا كۆرس هه‌یه و به‌شدارە.
پەیڤاندن و وتن
مەرج نییە هەموو جارێک دەقی ئۆپێرانامە بە گۆرانی ببێژرێن، هەندێ جار دەپەیڤرێن. پەیڤاندن یان پەیڤین (Recitativo) قسەکردنی ئاسایی کەسێتییەکانە بەڵام لەسەر تۆنی دیاریکراو و هاوکاتی ڕەزم و موزیکی هاوشانە.
بەڵام هەندێجار کەسێتییەکان هەر وەک مرۆڤی ئاسایی دەدوێن، زۆر جار بۆ ئەم قسەکردنە ئاساییە موزیک دەوەستێنرێ، وەک دیمەنی گفتوگۆی نێوان (دۆن خۆسێ) و (ئێسکامیلۆ) لە ئۆپێرای کارمێندا کە لە لایەن (ژۆرژ بیزێ)وە نووسراوە.
سەرهەڵدانی ئۆپێرا
هه‌ندێك له توێژه‌ران باوەڕیانوایە سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپێرا بۆ سه‌رده‌می كۆنی گریک ده‌گه‌ڕێته‌وه کە له شانۆكانیاندا كۆرس به گۆرانی به‌شداربووە و ده‌قه‌كانیان له‌گه‌ڵ موزیکێكدا خوێندووەته‌وه. بەڵام لەبەرئەوەی ئەمە لەگەڵ پێناسەی ئۆپێرادا یەکناگرێتەوە کە “موزیک کرۆک و چەقی ئۆپێرایە و لێیجیاناکرێتەوە و تەنها پاشکۆ و ڕێکەوت نییە” بۆیە لە لایەن زۆر توێژەرەوە بە ئۆپێرا ناوزەدناکرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرا و ڕوونه، سه‌ره‌تای ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپێرا بەم چەشنەی ئەمڕۆ دەیناسین بۆ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئەم سەردەمە لە موزیک‌دا پێیدەوترێ سەردەمی لەدایکبوونەوە (ڕێنیسانس). لەم کاتانەدا کۆمەڵێک به ناوی (فلۆره‌نتین كاماراتا) له ئیتالیا په‌یدابوون به سه‌رۆكایه‌تی موزیککارێک به ناوی (ڤینچێنزۆ گالیلی)، کە باوکی گه‌ردوونناسی به‌ناوبانگ (گالیلۆ گالیلیی)یە.
گالیلی له پەڕتووکێکدا هه‌ندێك تێڕوانینی بڵاوكرده‌وه باسی له‌وه ده‌كرد كه ئه‌گه‌ر چه‌ند دەقێک به ده‌نگی جیاواز له كاتێكدا ببێژرێن؛ ئه‌وا هه‌رگیز به ڕوونی نابیسترێن، بۆیە باشترین ڕێگا ئه‌وه‌یه تاکبێژێک (سۆڵۆ) دەقەکە به گۆرانی ببێژێ و لە لایەن موزیکەوە یان چەند دەنگبێژێکی ترەوە هاوشانیبكرێ. هەر خۆشی لەژێر ڕۆشنایی ئەم تێڕوانینەیدا کاری موزیکی بۆ دەقی (دۆزەخ – Inferno)ی (دانتێ ئالیگێری) کردووە. پاش ئه‌م هه‌وڵانه، موزیکدانه‌ر و گۆرانیبێژێكی ئیتالی به ناوی (جاکوپۆ پێری) لە ساڵی 1597دا کارێکی به ناوی (دافنێ)وه نوسیوە. پاشتر موزیکدانه‌ری به‌ناوبانگی ئیتالی (مۆنتیڤێردی) هه‌ندێك ئۆپێرای نووسیوە. له ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی حهڤدهیەمیشدا ئۆپێرا له سه‌رانسه‌ری ئیتالیادا ده‌بیسترا و بۆ فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵه‌مانیاش ته‌شه‌نه‌یسه‌ند.
له سه‌رده‌می باڕۆكدا 1600-1750 به ده‌ركه‌وتنی كه‌ڵه موزیکدانه‌رانی وه‌ك (ئەنتۆنیۆ ڤیڤاڵدی) و (جۆرج فرێدریک هاندێل) ئۆپێرا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه بینی، (ڤیڤاڵدی) و (هاندێل) یه‌كی زیاتر له چل ئۆپێرایان نووسیوە.
لە سەردەمی ڕۆکۆکۆ و كلاسیك‌دا (کریستۆف ڤیلیبالد گلوك)یش ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ئۆپێرای نووسیوە له‌وانه (ئۆرفێیۆ و ئۆریدیچه) و (ئالکیستیس). (جۆزێف هایدن) هه‌ندێك ئۆپێرای نووسیوە و (ڤۆلڤگانگ ئەمادیوس مۆتزارت)یش هەندێ ئۆپێرای به‌ناوبانگی نووسیوە له‌وانه (هاوسەرگیرییەکەی فیگارۆ) و (دۆن جۆڤانی) و (فلووته جادووییەکە) و (هەموو ژنان دەیکەن) و (ئیدۆمێنیۆ). (لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن)یش ئۆپێرا تاقانەکەی خۆی به ناوی (فیدێلیۆ)وه نووسیوە.
لە سەردەمی ڕۆمانتیكدا هاوشان لەگەڵ گۆڕانكاری لە سەرجەم بواره‌كانی وێژە و هونه‌ردا، ئۆپێراش گۆڕانکاریی بەسەرداهات. ئۆپێرا وردەوردە لەگەڵ چینەکانی خوارەوە کۆمەڵ تێکەڵبوو. جۆرێكی كورتتری ئۆپێرا سەریهەڵدا کە (ئۆپێراتا) بوو، چونكه چینی خوارووی خەڵک له چێژوه‌رگرتن له ئۆپێرای درێژدا خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بوون. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش وایكرد (ئۆپێرای به‌زمه‌سات یان جەفەنگ – Comic opera) ئاوڕێكی زیاتری لێبدرێتەوە. (ئارتور سۆلیڤان) ئۆپێرای (میكادۆ) و (چه‌ته‌كانی پێنزانس) و هه‌ندێك ئۆپێرای تریشی نووسیوە. (یۆهان شتراوس) ئۆپێراتای (شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كه)ی نووسیوە. ڕه‌نگه به‌ناوبانگترین ئۆپێرای به‌زمه‌سات كه له‌و كاتانه‌دا نوسرابێ ئۆپێرای (كارمێن)ی (ژۆرژ بیزێ) بێ كه ئۆپێرایه‌كی فه‌ڕه‌نسییه.
مەزنترینی ئۆپێرانووسهكانی کلاسیک و ڕۆمانتیک:
- (جەکینۆ ڕۆسینی)ی ئیتالی: 39 ئۆپێرای نایابی نووسیوە، به‌ناوبانگترینیان (سه‌رتاشه‌كه‌ی ئیشبیلیه) و (مو‌سا له میسر) و (ولیه‌م تێل)ن.
- (ڤینچێنزۆ بێللینی)ی ئیتالی: كه زۆربه‌ی كاره‌كانی به (تراژیدیای لیریكی) ناوده‌برێن؛ له ماوه‌ی 34 ساڵی ته‌مه‌نیدا 11 ئۆپێرای نایابی نوسیوە كه به‌ناوبانگترینیان (ئەو كچەی خەوەڕێدەکا) و (نۆرما) و (بیاتریچێ دی تێندا)ن.
- (گەیتانۆ دۆنیزێتتی) نزیكه‌ی 75 ئۆپێرای نووسیوە كه به‌ناوبانگترینیان (لوچیای خه‌ڵكی لامێرموور) و (ئەلیکسیری خۆشه‌ویستی)ن.
- (جیوزێپپێ ڤێردی) 28 ئۆپێرای نووسیوە كه به‌ناوبانگترین ناوه‌كانی جیهانی ئۆپێران، وەک (نابوکۆ) كه كورتكراوه‌ی ناوی (نەبووخەد نەسر)ه، (ماكبێس) و (ڕیگۆلێتتۆ) و (لا تراڤیاتا) و (سیمۆن بۆكانێگرا) و (دۆن كارلۆس) و (عایده) و (ئۆتێللۆ)ن.
موزیکدانەرە ڕووسییەکانیش ئۆپێرایان نووسیوە؛ لەوانە (پیۆتر ئیلیش چایکۆڤسکی) کە هەندێ ئۆپێرای نووسیوە، لەوانە (یوجین ئۆنیگەن) و (ژنە جادووبازەکان)، ڕاخمانینۆڤیش پێنج ئۆپێرای نووسیوە، لەوانە (ئەلێکۆ) و (فڕانچێسکا دا ڕیمینی) و (سوارە چاوبرسییەکە).
له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، به نزیكبوونه‌وه‌ی وێژە و هونه‌ر له ڕێبازی ڕیالیزم (جاکومۆ پوچینی)ی ئیتالی هەندێ لە ئۆپێراکانی لەژێر تیشکی ئەم ڕێبازەدا بنووسێتەوە. دوانزه ئۆپێرای نووسیوە كه به‌ناوبانگترینیان (بۆهیمییه‌كه) و (په‌پووله خانم – ماداما بەتەرفڵای) و (تۆسكا) و (توراندۆت)ن.
له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیسته‌مدا (ئۆپێرای مۆدێرنه) سه‌ریهه‌ڵدا كه به‌ناوبانگترین موزیکدانهرهكان (لەیوش یەناچێک) و (ئیگۆر ستراڤینسكی) و (بینجامین بریتن) و (پۆڵ هیندمیت) و (ئەلبان بێرگ) و (ئارنۆڵد شۆنبێرگ) بوون.
له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هه‌ندێك بیردۆزی مۆدێرنه‌ی موزیک له ئۆپێرادا تاقیكراونهتەوه وه‌ك (فرەپەیژەیی – Polytonality) واته موزیکێك له یه‌ك كاتدا له‌سه‌ر زیاتر لە پهیژهیەکی موزیکی بێ، (کەمخوازی – مینیمالیزم Minimalism) واته كورتكردنه‌وه‌ی موزیک بۆ سه‌ره‌تاییترین و سه‌ره‌كیترین پێكهێنه‌ری موزیکهكه.
تا ئێستاش ئۆپێرا لە جیهاندا چالاکە، هەندێ لە موزیکدانەرە بەناوبانگەکانی ئەم سەردەمە (فیلیپ گلاس) و (جۆن ئادامز)ن.
ئۆپێرا لەناو کورددا
لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا (عەبدوڵڵا گۆران) لەگەڵ (قادر دیلان)دا هەوڵی ئۆپێرای کوردی‌یان داوە بەوەی گۆران دەقەکە بنووسێ و قادر دیلانیش موزیکەکەی بۆ دابنێ. گۆران پەردەی یەکەمی (ئەنجامی ئەژدەهاک)ی نووسیوە. بەڵام پڕۆژەکە سەرینەگرتووە، گۆران خۆی بەم شێوەیە لێیدەدوێ:
“یەک دوو هەفتە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ (1959) لەگەڵ هونەرمەندی بەهرەدار کاک قادر دیلان بڕیارمان دا کە پێکەوە تەقەلا بدەین بۆ بەرهەمهێنانی پارچەیەکی هونەری بۆئەوەی لە جەژنی باسکراوا پێشکەشی گەلی شارە خۆشەویستەکەمانی بکەین.
بەری تەقەلای من لەم پێناوەدا بیرکردنەوە بوو لە دانانی ئۆپێرایەک کە ئەمەی لای خوارەوە یەکەم پەردەیەتی.
لەبەر کەم و کوڕیی ئەوکاتەی بەدەستمانەوە بوو، بڕیارمان دابوو کە ئەو بۆ ئەم پەردەیە دەست بکات بە دانانی ئاوازە و پراوەکردن لەگەڵ تیپی ئاوازە و تیپی تەمسیل تا من لە دانانی پەردەی دووەم ئەبمەوە، وە بەم جۆرە بڕۆین تا ئۆپێراکە ئەگاتە ئەنجام.
بەڵام داخەکەم کاک قادر بۆی نەکرا بەڵێنەکەی بێنێتەجێ. ئەمە بوو بە هۆی ساردبوونەوەی منیش، وە بەم ڕەنگە دەستم لە پرۆژەکە هەڵگرت.
ئێستا کە پەردەی یەکەم لە ئۆپێرای ناتەواو ئەخەمە پێش چاوی خوێندەوارانی (بەیان)[2]، ئەگەر لە هونەرمەندەکانمان (بە مۆسیقار و ئاکتۆرەکانەوە) هاندان و بەڵێنێک ببینم بۆ پشتگرتن و هاوکاری لەسەرپێگرتنی پڕۆژەدا، ئەوا ئامادەبوونم پیشان ئەدەم بۆ تێهەڵچوونەوە و تەواوکردنی پەردەکانی تر.[3]”
من خۆم بە تەنیا چەندین جار هەوڵی نووسینی ئۆپێرام داوە، لە 2009 و 2010دا هەوڵمدا (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی بکەم بە ئۆپێرا، خۆم تێهەڵچنینم بۆ دەقەکە دەکردەوە و دەمویست بۆ ئۆپێرانامە ئامادەیبکەم. چەندین گەڵاڵە و و وردە موزیکم بۆ دانا، پاشان سەردانی مامۆستا شێرکۆ بێکەسم کرد بۆئەوەی ئەو دەقەکە بنووسێتەوە و من موزیکەکە دابنێم. بەڵام ئەو چیرۆکە و ئاکامی ئۆپێراکانم لە بابەتی تردا و لە کاتێکی تردا دەنووسمەوە و باسدەکەم.
هەوڵێکی پیرۆز لە ئازاری 2011 دا درا کە ئۆپێرای کۆڵن بۆ سلێمانی بانگهێشتکران بۆ نمایش‌کردنی ئۆپێرای (فڕاندنەکەی حەرەمسەراکە)ی مۆتسارت. ئەمە بۆ یەکەم جار بوو ئۆپێرا لە کوردستاندا نمایشبکرێ، بەڵام داخەکەم ئەم هەوڵە لە یادەوەریی شارەکەدا بە تاقانەیی ماوەتەوە.
دوای شەست و یەک ساڵ بەسەر هەوڵەکەی گۆران و قادر دیلاندا و تا ئێستا، هیچ خانەیەکی ئۆپێرا لە هەرێمی کوردستاندا نییە، هیچ تیپێکی ئۆپێراش نییە، هیچ نەخشەیەکی دڵخۆشکەرەش نییە.
—
تێبینی: ئەم پوختەیە و چەند پوختەیەکی تر لەسەر زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان کە لەم ماڵپەڕەدا بە جیاجیا بڵاومکردوونەتەوە هەموو پێکەوە ڕاپۆرتێک بوون لە کاتی خوێندکاریمدا لە زانکۆی سلێمانی بۆ مەبەستی پڕۆڤەکردن لەسەر نووسینی ڕاپۆرت نووسیومن و پێشکەشی کۆلێژەکەمم کردوون. ئەم بەشەم لە 2020دا لێدەستکاریکردووە و چاککردووەتەوە.
وێنەی بابەت؛ وێنەی خانەی ئۆپێرای سیدنییە، لە بەکارهێنەر (Diliff)ـەوە لە ویکیپیدیاوە هێنراوە. سوپاسیدەکەم.
[1] پەیڤاندن، بە ئینگلیزی (Recitative): ئەگەرچی مامۆستا عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە وەرگێڕانە دانسقەکەی پەڕتووکی (ئەلفبێیەکی موزیک)دا زاراوەی (پەیڤەئاواز)ی بەرانبەر زاراوە ئینگلیزییەکە دیاریکردووە. بەڵام وشە لێکدراوەکەی بەڕێزیان لە ڕستەدا وەک کار تا ڕادەیەک درێژە بوترێ (پەیڤەئاواز دەکرێ، بە پەیڤەئاواز دەبێژرێ، دەپەیڤەئاوازرێ…تد). بە ڕای من، هەر لە پەرەپێدانی دەستنیشانکردنەکەی مامۆستا سەگرمەوە؛ پەیڤاندن بۆ (ڕێسیتەتیڤ یان ڕێچیتاتیڤۆ)ی ئینگلیزی و ئیتالی شیاوترە.
[2] “مامۆستا گۆران ئەم ئۆپەرێتەی لە ژمارە (4)ی بەرگی (2)ی ئایاری 1959ی گۆڤاری (بەیان)دا بڵاوکردەوەتەوە کە بە سەرپەرشتیی خۆی لە سلێمانی دەرئەچوو. من خۆم دانەیەکی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکەم لابوو مامۆستا گۆران بە دەستی خۆی گەلێ دەسکاریی ئۆپەرێتەکەی تیا کردبوو، بە داخەوە لە بارودۆخێکی سەختدا لەدەستم دەرچوو. ~ محەممەدی مەلا کەریم.”
[3] بڕوانە دیوانی گۆران، بەشی ئۆپەرێت، ئەنجامی ئەژدەهاک، لا 352، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی عێڕاق، بەغدا 1980.