وتار و ڕاپۆرت

هونەر و داهێنانی کوردی

هونەر و داهێنانی کوردی[1]

چۆن وا بکەین هونەری کوردی نەشێوێ؟ چۆن برەوی پێ بدەین؟

باشە شیاوتر نییە پێشتر پرسیارێک بکەین کە خودی هونەر و داهێنانی کوردی کامەن و چین؟ من چواردە ساڵە خەریکی هونەرم. ئەگەرچی خولیای ترم زۆرە و تا ڕادەیەکیش ماخۆلانم هەیە، بەڵام هەمیشە هونەر چەقی خولگەکانم بووە و وەک هەسارەیەک بە دەوریدا سووڕاومەتەوە. ڕەنگە لە زۆربەتان زیاتر بەر پرس و دۆزی «هونەری کوردی» کەوتبم. چواردە ساڵە ئەم بابەتە لە سووچێکی مێشکمدا لە پڕۆسە و سۆراخدایە، دڵنیاشم لە زۆر پەنجەرەی ترەوە تەماشای ئەم بابەتەم نەکردووە و هێشتا کۆمەڵێ گۆشەنیگای جیاوازتر قەرزارم، بەڵام با ئەوەندەی خۆم دەیبینم لەگەڵتداندا بەشی بکەم و ئێوەش میهر بنوێنن و گۆشەنیگای خۆتانم لەگەڵدا بەش بکەن تا بە هەموومان لە چەند گۆشەیەکی زیاترەوە بابەتەکە بپشکنین و بە ئامانجی نوێ بگەین.

ئەوەندەی سەرنجم داوە، هەمیشە هونەری کوردی وەک «سامان» تەماشا کراوە، کە لە ڕاستیدا چوواندنێکی زۆر چاکە و هەر ئەم چوواندنە یارمەتیمان دەدا باشتر لێی تێبگەین. بۆیە من هیچ دژی ئەوە نیم کە هونەر و داهێنانی کوردی وەک سامان تەماشا بکرێن، لێرە بە دواوە، بە فەرمانی گەل، هونەری کوردی بە سامان پێناسە کرا.

ئەگەر مناڵەکەت بهێنی و پێی بڵێی: «ڕۆڵەی شیرینم، ئاگاداری سامانەکەم بە»، لە ڕووی لۆژیکییەوە نابێ ئەو بزانێ سامانەکەت چییە و لە کوێیە و چەندە تا بتوانێ بیپارێزێ؟ کە تۆ نەتوت کامە سامانەکەتە و لە کوێدایە و چەندە، چۆن چاوەڕێی ئەو دەکەی پارێزگاریی لێ بکا؟ کەواتە یەکەم کارمان دەستنیشانکردنی سامانەکە و شوێن و چییەتییەکەیەتی.

ئێستا گریمان سامانەکەمان دۆزییەوە چییە، ئەی پارێزگارییەکە چۆن بێ؟ ئایا بە ڕاست کاری پاراستنی سامان هەر تەنها ئەوەیە بە چەکێکەوە بە دیارییەوە بوەستی و یەسیەم بکەی؟ یان وردەوردە تێدەگەین سامانی سڕ سامان نییە و بارگرانییەکە لەسەر شانمان؟ کەواتە دەگەینە ئەوەی بیر بکەینەوە چۆن ئەم سامانە بە کار بهێنین و ئامانجمان لێی چی بێ؟ کە وەڵامەکەش لای ئابووریناسان و سەرمایەداران زۆر ئاسانە، سامان بە گشتی سێ ئەرکی هەیە: ١. پاراستن؛ ٢. چێژلێبینین؛ ٣. زیاکردن (چەندجارەکردن).

یەکەم: پاراستن

جەنگی سەرەکیی دوژمنانی کورد لەگەڵ کورددا جەنگی کەلتوورییە نەک شتی تر، بوونی کورد وەک گەلێکی شارستان کێشەی دوژمنانە، من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا کۆک نیم کە گەلبوون تەنها بۆ ئابووریی سەربەخۆ تەسک دەکاتەوە، بەڵکو زمان هێڵی جیاکەرەوەی گەلە. گەلی خاوەن-زمان، کە کورد یەکێکە لەوان و بەڵگەش ئەوەیە ئەم نووسینە بە کوردی دەنووسم و تۆش بە کوردی تێیدەگەی، بیروبۆچوون و وێژە و هونەری نووسراو و دەربڕراوی خۆی هەیە. کوردیش لەمە بێبەش نییە، گۆرانی و هۆنراوە و داستان و چیرۆکمان بە کوردی هەیە و کەس ناتوانێ نکۆڵییان لێ بکا، ئەگەرچی هەندێ گونمەساجکەری بێگانە زۆر حەز دەکەن ئەم سامانانە کەمبەها لە قەڵەم بدەن، بەڵام ئەوانە ئاو دەبێژنەوە.

بێگومان کورد کەلتووری هەیە و بێگومانیش دەبێ پارێزگاری لە کەلتوورەکەی بکا، بەڵام لێرەدا تێنەگەیشتنێک هەیە: کەلتوور واتە ڕابردوو، نەک ئەمڕۆ! یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتنەکەمان ئێرەیە، کە کەمێکی تر زیاتر ڕوون دەبێتەوە. هەر شتێک بە زمانی کوردی و لە لایەن کوردەوە کرابێ، بە ناشرین و جوانیانەوە، دەبێ بپارێزرێن، چونکە بەشێکن لە بەرهەمی گەلەکەت. لێرەدا پرسی دووەم سەر هەڵدەدا: ئەی ئەوانەی پێشتر؟ ئێمە دەزانین زەوی موڵکی کەس نییە و موڵکی هەموو کەسیشە. گەلان دێن و دەڕۆن، زەوی دەمێنێتەوە. لەسەر بەشێک لەو خاکەی ئێستا ئێمەی لەسەر دەژین، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەلجووقییەکانی لێبووە، مێدیاییەکانی لێبووە، حیتی و میتانی و و ڕۆمانی و ئیلخانی و مەنگۆلی و هەخامەنشینی و گریکی و ساسانی و ئاشووری و چەندانی تری لەسەر ژیاوە. هەر یەکێ لەمانە شوێنەواری خۆی بە جێ هێشتووە، بەڵام ئێستا ئێمەی لەسەر دەژین. بۆیە دەبێ هەموو ئەم بارمتە ژیارییانەش بپارێزین، ئەگەریش بە دڵمان نەبن، گەر دەتەوێ مێژوو لەگەڵتدا بەسۆز بێ، تۆش بەرانبەر مێژوو بەسۆز بە!

دووەم: چێژبینین

ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی: سامانی هەموو جیهان هیی تۆ بێ، کە کراسێکی جوانی پێ نەکڕی لە بەرتدا بێ بۆ چیت چاکە؟ شەربەتێکی پێ نەخۆیتەوە بۆ چیت چاکە؟ بۆ مناڵەکەت؟ ئێ ئەوکات ئەویش یان هەموویت بۆ دەخوا و هەڵدەستێتە سەر پێ و دەکەوێتە سەر جادە، یان وەک تۆ ئەویش بۆ مناڵەکەی دادەنێ، مناڵەکەی ئەویش بۆ مناڵەکەی و ئاوا تا دێ هەریەکە و بۆ یەکێکی تر دەژی، لە کۆتاییدا کەس ناژی! بۆیە ئەو سامانەی هەتە دەبێ بەشێکی لە خۆشی و چێژی خۆت و چواردەورتدا سەرفی بکەی. هەمان پرسیاریش سەبارەت بە هونەر هەیە، هەزار ساڵ عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب و کاروان عوسمان و حەسەن زیرەکت هەبێ کە چێژیان لێ وەرنەگری بۆ چیت چاکن لە سووچێکدا هەڵیانبگری؟ بۆیە بەرنامەیەکی چاکە کە بۆ چێژبینین سوود لە سامانەکەت وەربگیرێ.

بیر بکەرەوە لویسی شانزە و ناپۆلیۆن بۆناپارت و شاژن ڤیکتۆریا و چەندان کەسی زۆر پلەبەرزتر و ناودارتری جیهان ئەو تەنتەنەیەی تۆی ئەمڕۆیان نەبووە کە هەر لێی بەگلەییت! هەر زۆر دوور لەمەوپێش نا، سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر گەر حەزت لە گۆرانییەک بووایە دەبووایە بچوویتایە بگەڕایتایە بزانی کەی کۆنسێرتێک دەکرێ ئەو گۆرانییەی تێدا نمایش دەکرێ و بلیتت ببڕیایە و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەت بکردایە، پلانی ئەو ڕۆژەت دابنایە کە هیچی ترت نییە بیکەیت و نزات بکردایە شتێکی بەد لەو ڕۆژەدا ڕوو نەدا و پاشان لە کۆنسێرتەکەش یەک جار گۆرانییەکەت دەبیست، مەگەر زۆر زۆر دوای فشاری چەپڵەڕێزانی زۆر گۆرانیبێژت ناچار بکردایە دووبارەی بکردایەتەوە. دە ئێستا هەر دوای خوێندنەوەی ئەم نووسینە دەتوانی ئامادەی کۆنسێرتێک ببی، هەر ئەمڕۆ دەتوانی سەد جار لەسەر یەک گوێ لە یەک گۆرانی بگریتەوە، هەر ئەمڕۆ دەتوانی ئامادەی دوو ئۆپێرا ببی. بۆیە چی ڕێگەی لێت گرتووە چێژ لەوە نەبینی کە هەتە؟ کەس ناڵێ کە نوێ هات ئیتر نابێ کۆنەکان بمێنن، بەڵکو نوێ و کۆن هەموو دەچنە ڕیزی یەک. زۆر کەسی ژیر و ئاوەزمەند دەبینم بە کامی تێگەیشتنی خۆیانەوە وا دەزانن کە گۆرانیبێژێکی نوێ هات ئیتر حەسەن زیرەک دەسڕرێتەوە! هێز نییە حەسەن زیرەک لە ناو ببا، بۆیە دەستبەرداری ئەم دڵەڕاوکێ بێبنەمایانە ببن.

سێیەم: زیاکردن (چەندجارەکردن)

ئەگەرچی لە سامانداریدا چەندجارەکردن یان زیاکردن واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەوەی هەتە هیی تر پەیدا بکەی، بەڵام باشتر وایە هەر بە چەمکە گشتگیرەکەی سامان بڕۆین و ورد نەبینەوە بۆ نموونەکانی سامان. بۆ ئەوەی لێم تێبگەن، نموونەی سامانی نەختینەیی دەهێنمەوە: ئەگەر تۆ سەد هەزار دیناری عێڕاقیت هەبێ، وەک ساماندارێک ئەرکەکەت ئەوەیە زیاتری بکەی، بۆ نموونە بیکەی بە دووسەد هەزار دینار، ئەو سامانەی تر کە دێ، لە ڕووی چییەتییەوە هەر هەمان ئەوەیە کە هەتە، تەنها لە ژمارەدا زیاترە، ئەگینا پارەکە هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی خۆت هەتە. لە جیهانی سامانداریدا ئەمە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هونەردا بەراوردی بکەین: ئەو هونەرەی پێشتر هەتبووە، ئەگەر ئێستا هەمان شت دووبارە بکەیتەوە و بیکەی بە دوو دانە، یەکێکیان زیایە! چونکە ئەی کوا داهێنان؟ کەواتە هونەر لە داهێناندا لەگەڵ ساماندا جیاوازە. پارچە زەوییەکت هەبێ و بیکەی بە دووان کێشە نییە، بەڵام بێیتەوە هەمان گۆرانیی سەد ساڵ لەمەوبەر دووبارە بکەیتەوە هیچ داهێنانێکی تێدا نییە، ئەگەر کاتی خۆی بە ئەمەگەوە لە گۆرانییەکەت بڕوانیایە کە هەتبوو و چاک بتپاراستایە، ئێستا پێویستت بە نوێکردنەوەی نەدەبوو! وەکو نوێشت کردەوە دەبوو نوێکارییەکت بکردایە، یان وەک ڕەگەزێکی داهێنان بۆ کارێکی نوێت بە کار بهێنایە. ئەڵبەت هەمان بابەت ئێستاش دەگرێتەوە، ئەوەی ئێستاش دەکرێ، ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوەکانی ئایندە دەبێ بێن و بیپارێزن! بۆیە نوێکردنەوە بە مەبەستی چێژبینینی ڕووت نەبێ یان نوێکارییەک، هیچ واتایەکی تری نییە و بۆ پڕۆسەی بەردەوامیدان بە هونەر بەس نییە.

ئێستا تۆ دەتوانی بڵێی کام هۆنراوەیە کوردییە و کامە فارسییە، تەنانەت هۆنراوەیەکی نالی کە هەر بەو ڕێنووسە کۆنە نووسراوە کە عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیشی پێ نووسراوە، دەتوانی جیای بکەیتەوە کە کوردییە. بەڵام کاتێ بە تایبەتی دێیتە سەر موزیک، چۆن دەستنیشانی دەکەی؟ چۆن بزانین چی کوردییە؟ چ دەنگێک کوردییە و چ دەنگێک کوردی نییە؟ تا ڕادەیەک وەڵامی ئەم پرسیارە لە گۆرانیدا ئاسانترە، ئەویش زمانی بێژانەکەیە، کە کوردی بوو، کوردییە! بەڵام ئەی لە موزیکی ڕووتدا؟ تەنها بەوەی ئامێر و پێکاری ژەندنەکە لە کورددا باو بووە، ئیتر کوردییە؟ لەبەرئەوەی ژەنیارەکە کورد بوو، ئیتر کوردییە؟ ئەی ئەگەر پیانۆژەنێکی کوردی ساڵی ١٩٠٠ موزیکێکی یۆهان سێباستیان باخی ژەندبوو کە لە ١٧٥٠دا مردووە و ئەڵمانە؟ ئێستا ئەو موزیکە ئەڵەمانییە یان کوردییە؟ چۆن دەزانی موزیکێک کوردییە؟ تەماشای پاسپۆرتەکەیت کرد؟ جامانەی بەسەرەوە بوو؟

لێرەدا دەبێ باسی چێژی پەسەندکراو و تەکنیکی دووبارەبووەوە بکەین. ئەوەی لای زۆر کەس بە کوردی دادەنرێ، لەبەرئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆری کورد، بە تایبەتی نەوەکانی پێشوو، چێژی لێ دەبینن. بۆچیش بە کوردیی دەزانن؟ چونکە دەمێکە ڕەگەزێک لە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی موزیکەکە لەناو کورددا دووبارە دەکرێتەوە، واتە تەنها بەوەدا دەزانرێ کوردییە کە دووبارەکەرەوەی ئەوانەی کۆن بووە. ئەی ئەگەر ئێستا تۆش هەر بێیتەوە کۆنەکان دووبارە بکەیتەوە، ئەی کوا داهێنان؟ باشە، گریمان تێکەڵکردنی شێوازی موزیکی ١٩٨٠ لەگەڵ شێوازی موزیکی ١٩٠٠ لەپڕ پێناسەی داهێنانی بۆ کرا و لەناو کورددا بە داهێنان لە قەڵەم درا، ئەی بیست ساڵی تر چی بکەین کە ئیتر هەموو نۆ سەد و هەشتاکان و نۆ سەدەکان تێکەڵ کران؟ چونکە ئیتر ئەم داهێنانەی ئێوە چەسپاندووتانە سنووری هەیە و ڕۆژێک تەواو دەبێ. ئێستا دەبینی بەرەبەرە وەڵامی ئەم پرسیارە قورستر و قورستر دەبێ.

ئەڵبەت ئەم هەموو قسانە ناکەم بۆ ئەوەی شتێکتان بۆ ڕوون نەکەمەوە، ئەوەی زۆربەی هاووڵاتییان تێیگەیشتوون کە پێناسەی هونەری ڕەسەن و کوردی و ئەمانە دەکا، پێکهاتووە لە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک تەکنیک کە پێشتر زۆر باو بووە و بە کار هێنراوە، ئەوەندە ئەو تەکنیکە دووبارە کراوەتەوە چووەتە یادگەی چێژ و یادگەی مێژووییەوە. ئەم بیردۆزە بە هەمان بیردۆزەکەی پاڤلۆڤ کار دەکا، تەکنیکێک یان زیاتر لە تەکنیکێک لە کات و کاری جیاجیادا ئەوەندە دووبارە دەکەیتەوە کە وردەوردە مۆرکی تۆ وەردەگرێ. ئەگەر یەکێ لەم سەردەمەماندا بە شێوازی سێوە گۆرانی ببێژێ، تۆ هەر لە خۆتەوە لە من بە کورددتری دەزانی کە نازانی شێوازی من دیاری بکەی.

زۆربەی موزیکدانەرە مەزنەکان ئەم ڕاستییەی شێوازناسی دەزانن بۆیە موزیکەکانیان مۆرکی خۆیانیان پێوەیە. سێ نموونەی تەکنیکی دەهێنمەوە، ئەگەر لە زاراوەکان تێنەگەیشتی کێشە نابێ، تەنها لە پەیامەکە تێبگەی بەسە: نموونەی یەکەم: مۆتسارت لە کادەنزی کۆنشەرتۆکانیدا، (ئەگەر هەڵە نەبم) هەمیشە بە ترێل ئۆرکێسترا بانگ دەکاتەوە. ئەگەر مۆتسارت یەک کۆنشەرتۆی هەبووایە، بە ڕێکەوت لەو کۆنشەرتۆیەدا بە ترێل ئۆرکێسترای بانگ بکردایەتەوە، ئەمە نەدەبووە شێوازی مۆرکی مۆتسارت، چونکە شێواز لە دووبارەبوونەوەوە دەچەسپێ و دەناسرێتەوە. نموونەی دووەم: بێتهۆڤن زۆربەی جار لە پەیژەگۆڕکێدا کۆردێکی دیمینیشت دەهێنێ، پاشان نیوتۆنی یەکێکیان دادەگرێ، پاشان پەیژەی دوای ئەوە دەکا بە پەیژەیەک کە ئەو تۆنە داگیراوەی دووەم جار پێنجەمین تۆنی بێ و تۆنی زاڵی بێ. ئەگەر بێتهۆڤن تەنها جارێک ئەمەی بە کار بهێنایە، نەدەبووە مۆرکی بێتهۆڤن. شۆپان زۆر جار فرەڕەزمی لە نێوان دەستی ڕاست و دەستی چەپی پیانۆکەیدا بە کار دەهێنێ کە ئەمە بووەتە یەکێک لەو مۆرکانەی شۆپانی پێ دەناسرێتەوە.

کەواتە ئێستا تێدەگەین جادوو و نهێنیی مۆرک و شێواز: دووبارەکردنەوەی تەکنیکێک یان زیاترە. ئەی کەواتە کورد چیی ئەوەندە دووبارە کردووەتەوە کە ئێستا بووە بە مۆرکی خۆی؟ پاشان کە زانیمان شتێکی ئەوەندە دووبارەکردبێتەوە، ئایا شیاوە ئەوەندەی تریش هەر دووبارەی بکەینەوە؟ ئەگەر بڕیار وایە هەر دووبارەی بکەینەوە، کەواتە تا کەی هەر وا بکەین؟ گریمان لەو ڕەگەزانەی باووباپیرانمان پێی ئاشنابوون، قاڵبێکمان بۆ هونەری کوردی داڕشت، ئێستا کە قاڵبمان بۆ موزیکی کوردەواری داڕشت، ئایا هەست بە کۆتوبەندەکە دەکەی؟ ئایا هەست دەکەی لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەکی نوێدا و کۆتێکی تر دەخرێتە قاچی هونەرمەندەکەوە؟ ئێ باشە ئەو هونەرمەندە دەتوانێ یەکەم جار ئەوەت بداتێ… ئەی دووەم و سێیەم و چوارەم؟ ئەی کە سبەینێ خۆی مرد و خوێندکارەکانی هەر هەمان چێشتت بۆ گەرم بکەنەوە؟ وەڕس نابی؟ ئایا ئەرکی هونەر هەر ئەوەیە کۆنت بۆ دووبارە بکاتەوە؟ کەواتە بۆچی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مۆبایلەکانتان فڕێ نادەن، خۆ هونەرمەندە نوێکانتان هونەرە کۆنەکانتانتان بۆ دووبارە دەکەنەوە!

ئەڵبەت من ئاگادارم کە چرکە بە چرکە و دێڕ بە دێڕ زیاتر وەڵامتان لەسەر قورستر دەکەم و زیاتر ناچارتان دەکەم بە هەموو بیروبۆچوونەکانتاندا بچنەوە، ئەم وروژاندنەی مێشکیشتانم لەم چرکەیەدا پێ خۆشە، چونکە چەندین ساڵە کەس مێشکمان ناوروژێنێ بە تایبەتی لەم بوارەدا و ئەوەی دەیبیستین کۆمەڵێ قسە و باوەڕی ئۆتۆماتیکییە کە بووە بە دۆگما و کەسیش نازانێ خودی دۆگماکە چییە، داشنەنیشتووین بە کامی باوەڕەوە بڵێین: با وەک مناڵێک بێین و سەرلەنوێ لە سەرەتاوە فێر ببینەوە، چونکە ئەوەی دەمانزانی بەشی نیوەی ڕێکەمانی نەکرد. نەخێر، هەموو خەڵک قاڵ و شارەزان و هەمووان وەڵامەکانیان پێیە، کە داوای وەڵامەکانیش دەکەی هەموو لاڵ دەبن و تەتەڵە دەکەن و بابەتەکە یان بەرەو ئاقاری حوکمدان و سەرزەنشت دەڕوا، یان بەرەو ئاقاری پیاهەڵدان، کەسیش ناپرسێ سەرزەنشتەکە لەسەر چی و پیاهەڵدانەکە لەسەر چی! هەمووی یان دەڵێ: «هەر لە خۆمەوە ئەم نەوایەم خۆشدەوێ»، یان «ئەرێ ئەم هەتیوە چییە لە خۆیەوە لەوچەلەوچ دەکا؟ ئەمانە چین! هونەری کوردی ڕۆ!»

لە ڕاستیدا لە موزیکی ڕووتدا بەر ئەو ڕاستییە دەکەوی کە موزیک سنووری نییە، زانستیش سەلماندوویەتی، چونکە موزیک بەرهەمی فیزیایە، فیزیاش سنووری نییە. هەموو مۆرکەکانیش پەیوەستن بە تاکەکەسەوە، نەک بە گەلێکی دیاریکراوەوە. من بە هۆی چواردە ساڵ ئەزموونی موزیکەوە، بێگومان لە کەسێکی ئاسایی زیاترم بیستووە و مەودای چێژم ئاڵۆزتر و فراوانتر بووە. ئەگەر هەموو گەلی کورد وەک من بوونایە، ئەوکات ڕازیکردنمان بە بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی تر سەختتر دەبوو و بەردەوام داوای کاری نوێتر و نوێگەرترمان لە هونەرمەندان دەکرد. بەڵام کاتێ چێژی هونەریی گەلێک تەنها بۆ زۆرینەی ئەو گەلە تەسک دەکەیتەوە، ئەوکات ناچاری سازش لەسەر زۆر ڕەگەزی مەزنی هونەر بکەی لە پێناوی ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە هونەرەکە ڕازی ببن. ئەوکاتەش ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: خۆ زۆرینەی خەڵک بە پیاکێشان بە سەتڵەماستێک ڕازییە، ئیتر بۆچی خۆمان ماندوو بکەین و بە دوای نوێتردا بگەڕێین؟ دەشێ گەلی کورد هەموو پێکەوە چێژ لە تەکنیکێکی دووبارەی موزیک وەربگرن و لەخۆوە بە «کوردی» پێناسەی بکەن بێ ئەوەی موزیکەکە یەک وشەی کوردیی تێدا بێ، بەڵام ئایا تەنها لەبەرئەوەی شتێک زۆر لێرە دووبارە دەکرێتەوە، دەبێ بە موڵکی تۆ؟ ئەگەر دەبێ بە موڵکی تۆ، ئەی ئەگەر بەیانی گەلێکی تر خوویان دایە ئەو دووبارەکردنەوەیەی تۆ؟ بچین شەڕ بکەین؟

هونەر پڕۆسەیەکی تاکەکەسییە. سنوور کاری مرۆڤە و وەک خەریکە لێم تێدەگەن من دژی هەموو سنوورێکم، چونکە ئەگەر باوەش بە سنووردا بکەم سروشت دڵم دەشکێنێ. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ خۆم ڕادەهێنم لەگەڵ سروشتدا هەماهەنگ ببم، هەموو دووبارەکردنەوەیەک و شێواز و مۆرکی موزیکی گەلان هیی سەردەمانی پێشوون، ئەو کاتەی پەیوەندیی گەلان وەک ئەمڕۆ نەبووە. هەر یەکێ لە گەلەکانی سەر زەوی سووچێکی فیزیایان لە موزیکدا دۆزیوەتەوە و زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر، بۆیەش دووبارەیان کردووەتەوە چونکە لەوە زیاتریان لێ نەزانیوە و زیاتریان نەدیوە. بەڵام لەگەڵ زۆربوونی پێکار و کەرەستەی دروستکردن و تێکەڵاوبوونی زیاتری جیهاندا بەرهەمی جیاوازتر دروست دەبن. ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم دەڤەرەدا کەس نەیزانیوە گونجانکاری (هاڕمۆنی) بکا: دوو ژەنیار کە دانیشتوون ئاوێنەی یەک بوون و دووبارەی یەکیان کردووەتەوە، کە ئێستاش زۆرجار لە موزیکی کاڵوکرچدا هەمان دیاردە بە دی دەکرێ. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەوروپا کەس نەیزانیوە لە نێوان نیوتۆندا چارەکەتۆنیش هەیە و دەشێ بە کار بهێنرێ؛ ڕۆژێ لەڕۆژان چ لەم دەڤەرەش و چ لە ئەوروپاش پەی بەو هەموو ڕەزمە جیاوازانەی ئەفەریقا نەبراوە.

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ، ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێ و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێ. خۆبەستنەوە بەوەی تایەر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماوی دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە؛ هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێ؛ هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنی؛ ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سروشت حەزی لەوە نییە لەبەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە. تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆی، نەک هیی دوێنێ، سبەینێش هونەرمەندی خۆی دەبێ، تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕوناکی…تد بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیکیش هیی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەوکات دەبێ پۆلیسیشی بۆ دابنێی، ڕێک ئەوەشە کە ئێستا ڕوویداوە: ئەوەندەی پۆلیسی هونەر هەن، ئەوەندە هونەرمەند نین، ئەم پۆلیسانە خۆیشیان نازانن پارێزگاری لە چی دەکەن، ئەرکیان ئەوەیە لە هەر شتێک تێنەگەیشتن دایبپڵۆسن، تەنانەت چێژیش لەم داپڵۆسینە وەردەگرن، ئەم پۆلیسانە ئەوەندە چێژ لە داپڵۆسین دەبینن و وا بە داپڵۆسین و سەرکۆنەوە ئالوودە بوون کە وای لێ هاتووە لە بیریان چووەتەوە بۆچی وا دەکەن! هەر بۆ نموونە: پار لە ڕۆژێکی دیاریکراودا گۆرانیبێژێک گۆرانییەکی بڵاو کردەوە کە لەپڕ هەموو فەیسبووک کەوتنە سەرزەنشت و جنێودان پێی، زۆربەی برادەرەکانم تەنانەت مافی کوردبوونیشیان لێی سەندەوە. کەچی هەمان ڕۆژ نەریمان بابان گۆرانییەکی نوێی بڵاو کردەوە، کەسێک باسی نەکرد! ئێستا ئەگەر شتێکی تریش بڵێم دەڵێن ئەم هەموو لەوچەلەوچەی لەبەر خۆی کرد، بۆیە باسی ئەوە ناکەم کە خۆم لە هەمان ئەو ڕۆژەدا گۆرانیی وەرە بۆ لامم بڵاو کردەوە کە بەرهەمی چوار ساڵ کارکردن و سیانزە ساڵ ئەزموونی موزیک و ساڵێک پڕۆڤەم بوو.

بێینەوە سەر هونەر و سامان: لە بیرت بێ، سامان حەزی لە سڕکردن و وەستان و دانیشتن نییە، تەنها خۆت مەبەستەرەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە، فێریان بە، ئەگەر فێریان نەبی هەڵەی، کاریشیان تێدا بکە، بەڵام با هەموو کارەکانت تەنها لەو شێوازە سنووردارەدا نەبێ، با کارەکانت تەنها ئەرەبێسک نەبن، با تەنها بەلەدی نەبن، با تەنها کلاسیک نەبن، تەنانەت لەناو یەک کاردا با تەنها یەک شێواز نەبن… هونەری هەموو گەلان پێکارێکن بۆ تۆ تا هونەرە نوێکەتیان پێ بونیاد بنێی. هونەر لە جیهانی نوێدا دەبێ بەرەو جیهانیبوون هەنگاو بنێ؛ دەبێ هونەری نوێ سنووری گەل ببەزێنێ؛ دەبێ هونەری نوێ مرۆڤی گەلان فێری ئاشتی و هەماهەنگی بکا. خەمتان نەبێ، ئەوەی پێشوو پارێزراوە و لە ناوی نابەین، بەڵام مێژوو مێژووە و ئێستاش ئێستایە، هەر سەردەمە و هونەر و هونەرمەند و شێوازی خۆی. داهێنان هیچ نییە جگە لە دۆزینەوەی شتێک کە پێشتر نەدۆزرابووەوە، تەنها ڕێگاشت بۆ دۆزینەوەی نوێ ئەوەیە بزانی پێشتر چی دۆزراوەتەوە. بۆیە لێکۆڵینەوەیەک لە ڕابردوو بکە، کە ڕابردووەکەتت دی و زانیت چی نەکراوە، ئەوکات پردەکانت بسووتێنە و بەرەو ئایندە هەنگاو بنێ، بۆ یادکردنەوە و خۆشەویستی نەبێ بۆ دواوە نەگەڕێیتەوە، تۆ مرۆڤی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی سەردەمی خۆتی، سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە، ئێستا ژاپۆن دوو کلیک لێتەوە دوورە، چی دەستی گرتووی؟ هەموو گوریسەکانی کەلتوور و ڕەگەزپەرستی و سنووربازی لە قاچ و ملت بکەرەوە و بەرەو پێش بڕۆ، ئەگەر هێشتا لە ڕابردووەکەشت تێنەگەیشتووی، لە ئێستا زووتر نییە لێکۆڵینەوە لە ڕابردوو بکەی، تا یەک و دوو و سێ نەدۆزیتەوە و نەزانی هەن، ناتوانی چوار بدۆزیتەوە.

بۆیە لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم، هەموو هەوڵدانێک بۆ پاراستنی کەلتووری گەلەکەت شتێکی باشە؛ چێژبینینیشت لە هونەری گەلەکەت کارێکی تەندروست و پێویستە؛ بەڵام گوریسی ڕابردوو لە قاچ و ملی هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە، هونەرمەند دەبێ ئازاد بێ تا داهێنان بکا. ڕابردوو ڕابردووە، تا بۆتان دەکرێ تێیبگەن و لێوەی فێر ببن و پێی ئاشنا ببن، بەڵام تیایدا مەژین. چیتر کۆتوبەند لە هونەر و هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە و بە چەکوشی کۆن پەیکەری نوێ مەڕووخێنن، ئێستا سەردەمێکی ترە و لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە. گەڕان بە جیهاندا کارێکی خراپ نییە، دەرگاکان واڵا بکەن، ئەگەر لە شتێک تێنەگەیشتن کێشە نییە، بەڵام بە تێنەگەیشتن یەکسەر مەکەونە گەلەکۆمەکێکردن. ئێمە لە سایەی دەسەڵاتێکی بێکەلتووری سەر زەویی دایکی شارستانییەتەکانەوە هەموومان پەڕەوازەین و سەرلێشێواوین، بۆیە ئاساییە گەر جارجار هەڵە بکەین، ئاساییە ڕێگا ون بکەین، ئێوەش کەمێک دەستبەرداری داپڵۆسین ببن تا جارجار ئاگادار بن کە هەر لەسەر ئەو شەقامەی یەکێکتان بە تۆمەتی ناشرینی فەلاقە دەکرد، چەندین جوان تێپەڕ بوون و ئێوە لێیان بێئاگا بوون کە ڕەنگە ئەگەر ئاوڕتان لێیان بدایەتەوە و گرنگیتان پێیان بدایە زیاتریان بۆ بکردنایە و زیاتر هان بدرانایە.

ئەگەر ئەم نووسینە درێژەت تا ئێرە خوێندووەتەوە، لە ناخی دڵمەوە سوپاست دەکەم. تکات لێ دەکەم لە درێژدادڕیم ببووری، ئەمە بەرهەمی چواردە ساڵ هەڵهێنجانم بوو. حەزیش دەکەم بیری لێ بکەیتەوە و گۆشەنیگای خۆتم لەگەڵدا بەش بکەی، ئێمە بە هەردووکمان دەوڵەمەندتر دەبین.


[1] لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە، لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا پیایدا چوومەتەوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button