
بەربوورە
ساڵانی ڕابردوو ژانرێکی موزیکم بە پیانۆ دەژەند و تا ئێستاش لێی بەردەوامم، ناوم لێی نا «نەستژەنی» و خۆم وشەکەم بۆی داڕشت، لە نەستژەنیدا تەنها پیانۆم بە کار دەهێنا، بەڵام لە درێژەی ئەم کارەدا چەند کێشەیەکم بە دی کرد، گرنگترینیان ناونان بوو، کە بۆم دەرکەوت خۆبەستنەوەم بە ناونانەوە هەڵە بوو، چونکە کاتێکی ئێجگار زۆریان لێم دەبرد. بۆیە بڕیارم دا دەست بکەم بە تۆمارکردنی ژانرێکی نوێ، کە ناوم لێی نا «بەربوورە».
جیاوازیی ژانری نەستژەنی و بەربوورە ئەوەیە کە بڕیارم داوە ئەم بەربوورانە ناویان نەبێت و تەنها ژمارەیەک ببێتە شوناسیان؛ هەروەها تەنها خۆم بە پیانۆوە نەبەستمەوە و دەنگی جۆراوجۆر تاقی بکەمەوە. بەڵام چوونیەکییەکانیان لەگەڵ نەستژەنیدا ئەوەیە کە بەربوورەش بە نۆتە نانووسمەوە و تەنها ئەو چرکەیە دەیژەنم، ئەگەرچی دامناوە هەندێک لە بەربوورەکان نەخشەیەکی گشتییان هەبێت، بە تایبەتی ڕەنگڕێژی بۆ زنجیرەی کۆردی هەندێکیان دابنێم و لە ژەندنەکەدا کەموزۆر دوای ئەو ڕەنگڕێژییە گشتییە بکەوم. بەڵام بە گشتی بەربوورەش هەر موزیکێکە و نەنووسراوەیە و بێنەخشەیە و بەرهەمی ئەو چرکەیەی ژەندنەکەم دەبێت، دەشێت بە ئامێرێک بیژەنم، یان زیاتر لە ئامێرێک.
وشەی «بەربوورە» بە گوێرەی فەرهەنگی وەهبی و ئەدمۆندز لە دەستەواژەی «لە بەربوورە»دا هەیە بە واتای کارێکی بێ نەخشە و بێ ئامادەکاری دێت؛ ڕەنگە بەرانبەر ئیمپرۆمپتو impromptuی زاراوەی موزیک بوەستێتەوە. من وەک ناو بۆ ئەم ژانرەم بە کار هێنا و لە ئایندەشدا بەربوورەی ترم دەبێت. بە هیوام چێژیان بۆ بیسەران هەبێت.