
پوختەیەک لەسەر ژیانی ڕیچارد ڤاگنهر[1]
ڤیلهێلم ڕیچارد ڤاگنەر، لە ساڵی ١٨١٣ لە شاری لایپتزیگ لە ئەڵەمانیا لە دایک بووە. شەش مانگ دوای لەدایکبوونی باوکی مردووە و پاش ساڵێک دایکی شووی بە هاوڕێیەکی مێردەکەی کردووەتەوە، کە ناوی لودڤیگ گایەر بووە، لودڤیگ ئەکتەر و شانۆنووس بووە. ڤاگنەر هەر زوو لە ڕێی لودڤیگەوە حەزی لە شانۆ بووە و ئەویش جارجار لە شانۆکانیدا ڕۆڵی پێی بەخشیوە. کە ڤاگنەر تەمەنی هەشت ساڵان بووە، لودڤیگیش مردووە. برایەکی لودڤیگ پارەی خوێندنی موزیکی بۆ ڤاگنەر دابین کردووە. لە گەنجێتیدا زۆر بە موزیکەکانی بێتهۆڤن سەرسام بووە، تەنانەت کورتەچیرۆکێکی بە ناونیشانی زیارەتێک بەرەو بێتهۆڤن نووسیوە، تیایدا باس لە گەشتی گەنجێک دەکا، بە مەبەستی زیارەت و دیارە گەنجەکە خۆیەتی، بڕیار دەدا بە پێ بکەوێتە ڕێ بۆ بینینی ئەو کەڵەهونەرمەندە و لە دواساتەکانی ژیانی بێتهۆڤندا بیبینێ، دوای گەشتێکی درێژ دەیگاتێ و دەیبینێ.
ڤاگنەر لە گەنجیدا وانەی موزیکدانانی خوێندووە. لە تەمەنی بیست ساڵاندا یەکەم ئۆپێرای تەواوکراوی خۆی بە ناونیشانی پەرییەکان –Die feenەوە نووسیوە، کە تا دوای مردنیشی نمایش نەکراوە. دواتر کراوە بە بەڕێوەبەری موزیکیی خانەی ئۆپێرای شاری ماگدیبورگ، کە لەم کاتانەدا ئۆپێرای قەدەغەکردنی ئەوین – Das Liebesverbotی نووسیوە. لە ساڵی ١٨٣٦دا کچێکی خواستووە بە ناوی مینا پلانەر، کە خانمە ئەکتەرێک بووە. پاشان ئۆپێراکانی هۆڵەندییە فڕیوەکە – Der fliegende Holländer و ڕەینتزی – Rienzi و تانهاوزەر – Tannhäuserی نووسیوە. بە هۆی چالاکیی ڕامیارییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، ناچار، خۆی دەرباز کردووە و چووە بۆ شاری پاریس. دواتر ئۆپێراکانی لۆهەنگرین – Lohengrin و تریستان و ئیزۆلدە – Tristan und Isolde و گەورە گۆرانیبێژانی نورنبێرگ – Die Meistersinger von Nürnbergی نووسیوە. دواتر شا لودڤیگی دووەمی باڤاریا لە شاری میونیش پشتیوانیی دارایی دەکا، بەڵام دوای دوو ساڵ شا ناچار دەکرێ داوای لێ بکا میونیش بە جێ بهێڵێ.
لەگەڵ فڕانز لیست، کە موزیکدانەر و پیانۆژەنێکی مەزنی هەنگارییە، بوونەتە هاوڕێ. ڤاگنەر لە ساڵی ١٨٦٢دا لە ژنی یەکەمی جیا بووەتەوە و کۆزیمای کچی فڕانز لیستی خواستووە، کە بیست و چوار ساڵ لە خۆی مناڵتر بووە. پێشتر کۆزیما ژنی مایسترۆی بەناوبانگی ئەڵەمانی هانس ڤان بیولۆ بووە. ڤاگنەر و کۆزیما دوو کچ و کوڕێکیان بە ناوەکانی ئیزۆلدە، ئێڤا، زیگفرید بووە.
لە ساڵی ١٨٧٤دا زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی تەواو کردووە، پاشان دواهەمین ئۆپێرای بە ناونیشانی پارسیفال – Parsifal نووسیوە و لە ساڵی ١٨٨٣دا مردووە.
[1] لە ڕێکەوتی ١٧ی نیسانی ٢٠١١دا نووسراوە، لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە. ئەم پوختەیە و چەند پوختەیەکی تر لەسەر زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان، هەموویان پێکەوە ڕاپۆرتێک بوون و لە کاتی خوێندکاریمدا لە زانکۆی سلێمانی بۆ مەبەستی پڕۆڤەکردن لەسەر نووسینی ڕاپۆرت نووسیومن و پێشکەشی کۆلێژەکەمم کردوون.