وتار و ڕاپۆرت

دیاکۆ و کیاکسار

دیاکۆ و کیاکسار[1]

هەبوو نەبوو، سەردەمی زوو، دیاکۆ و کیاکسار دوو پێشمەرگەی کوردستان بوون، لە شەڕی دژ بە سوپای ئەهریمەندا هاوشانی یەک شەڕیان دەکرد. سوپای ئەهریمەن گەلێ بێبەزەیی و دڵڕەق و خاپوورکەر بوون. لە خەستەی شەڕەکەدا، دیاکۆ دەستی لە شەڕ بەردا، پاشان بە پاساوی ئەوەی کە دەیوت: «ئەمە کەی وڵاتە؟ لە پێناوی چیدا وا بکەم؟» بەرەو هەندەران ڕۆیشت. ئێستا کیاکساری تەنیاباڵ تا ئێستاش لەگەڵ سوپای ئەهریمەندا دەجەنگێ، دیاکۆش زووزوو لە هەندەرانەوە گلەیینامەیەک دەنووسێ و ئاراستەی کیاکساری دەکا.

کۆتایی.

ئەمانەی لێرەوە دەیاننووسم ڕای ئێستای خۆمن، ڕەنگە هەڵە بن، ناتەواو بن، ساویلکانە، مناڵانە، جوان، ناشرین، پەستکەر یان کۆمیدی و تا دوایی بن، هەرچییەک بن، بەڵام با بۆ هەموو هاووڵاتییانی کوردستان ببێتە دەستپێکی دیبەیتێک، دیبەیتێک کە درەنگ بێ یان زوو، هەر دەبێ ئەنجامی بدەین و هەر دەبێ بایی ئەوەندە بوێریمان تێدا بێ گفتوگۆیەکی چارەساز لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەین. کەواتە بۆچی ئێستا نەبێ؟

پێم وا نییە لە زۆربەی هاووڵاتییەکانی ئەم وڵاتە بچم و بە شێوەیەکی سروشتیش، یەکێکم لە پەڕاوێزەکانی کۆمەڵگا، خەریکی کۆمەڵە کارێکیشم کە هەرگیز زۆرینەی خەڵک خۆی لە قەرەیان نادا و زۆرێک لە خەڵکان قەشمەرییان بە بیرکردنەوە و کارەکانم دێ، بە ئێستاشەوە، بۆ بەجێهێشتنی ئێرە جیهانێک هۆم هەبووە و هەیە، بەڵام هەرچەند بیر دەکەمەوە، ناتوانم بە کۆی گشتی بیلۆژیکێنم: بۆچی ئێرە بە جێ بهێڵم؟ ئەگەر ئەوروپا لێرە باشترە، خۆ ئەوێ لە ئاسمانەوە نەکەوتووەتە خوارەوە، بەڵکو ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسانێک ئەو ئەوروپایەی ئێستایان بونیاد ناوە. ئەی کەواتە من بۆچی نەبم بە یەکێک لەو کەسانەی ئێرە بونیاد دەنێن؟ ئەگەر مێژووی سەرکەوتنی گەلانی جیهان بخوێنینەوە، ئەوا سەرخستن و پێشخستنی ئەم لەتکەوڵاتە دەڵەمەیە ئاسانتر و خێراتر و بەکارتر دەبێ، چونکە لە ئەزموونی شکست و سەرکەوتنی ئەوانی ترەوە کات و وزەمان بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەم وڵاتە و ئەم گەلە، بە هەزاران ڕۆژ و ملیاران دۆلار سەرف کراوە لە پێناوی ئەوەی هەموومان دەستبەرداری ببین، لە پێناوی ئەوەی چیتر وڵاتێک دروست نەبێ ناوی کوردستان بێ، لە پێناوی ئەوەی بە دەستی خۆمان، نەک بە گوللەی ئەوان، ئەم وڵاتە بۆ زبڵدانی هیواکان تووڕ بدەین. بە ملیاران پیلانی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ داڕێژراوە تا هەرگیز نەکەوێتە سەر پێی خۆی. کە تۆ بەرهەڵستیت نەکرد، کەواتە یان لە پیلانەکەی ئەواندا بەشداری، یان بەرکاری ڕاستەوخۆی پیلانەکەیانی، بە هەردوو دیودا دەبیتە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکەیان. من هەرگیز تۆ سەرزەنشت ناکەم، دڵنیام کە تۆ لە من زیاتر خەونی دروستبوون و پێشکەوتنی ئێرەت هەیە، دڵنیام تۆ بە نیازی بەشداریکردن لە پیلانەکەی ئەواندا ئەمەت نەکردووە، بەڵکو بوویتەتە بەرکار.

خۆم هەزاران کەسی فرەڕەنگم دوواندووە کە خواستی بەجێهێشتنی ئێرەیان هەبووە، یەکێک لە گەورەترین بیانووەکەیان ئەوە بووە کە: «ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە» بە تێگەیشتنی کۆنکرێتیی من، هەر ئەوەندە کەسی کە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە، گەر کۆ ببنەوە، دەتوانن ئازادی تاک لە دەستووردا بچەسپێنن، بەڵام نازانم بۆچی بیری تراویلکەئاسای هەڵهاتن هەمیشە وەک چارەسەر لەبەر چاویاندا خۆی نمایش دەکا؟

ئەگەر کوردستان ناخۆشە، وەرە خۆشی بکەین؛ گەر دواکەوتووە، وەرە پێشی بخەین؛ گەر یاسا نییە، وەرە یاسا بچەسپێنین؛ گەر دادپەروەری نییە، وەرە دادپەروەری بچەسپێنین؛ گەر خەڵک بێئاوەزن، وەرە هۆشیاریان بکەینەوە؛ گەر بێهێزە، وەرە بەهێزی بکەین؛ گەر هەژارە، وەرە دەوڵەمەندی بکەین؛ گەر خراپە، وەرە باشی بکەین؛ گەر ئازادیی نییە، وەرە ئازادی بکەین؛ گەر هونەری نییە، وەرە هونەری بۆ دروست بکەین؛ گەر تەکنەلۆژیای نییە، وەرە تەکنەلۆژیای بۆ پێشبخەین؛ گەر مێژووی نییە، وەرە مێژووی بۆ تۆمار بکەین؛ گەر سەقەتە، وەرە چاکی بکەینەوە. هەرچییەکی نەرێییە، وەرە پێکەوە و هەر یەکەمان لە لایەن خۆمانەوە ئەرێی بکەین. بەڵام مەڕۆ، شەڕی ئەهریمەن بەسەر مندا بە جێ مەهێڵە، پشتم بەرمەدە، گەر بە جێشت هێشتم، گلەیی کەمئاوەزی لە من مەکە، چونکە ئاوەزی من بە ئاوەزی تۆوە تەواو بوو، ئێستا کە تۆ ڕۆیشتووی ئاوەزی من نیوەیە.

تا زیندووی هەل هەیە بۆ ئەوەی دەست بخەیتە ناو دەستمەوە و ئێرە بۆ نەوەکانی ئایندە شیاوتر بکەین، وا بکەین خەڵک پەنامان بۆ بهێنێ، نەک ئێمە پەنا بۆ خەڵکی تر ببەین. تەنهاوتەنها ئەگەر هەڕەشەی کوشتنت لەسەرە، ئەوا بڕۆ گیانی خۆت ڕزگار بکە.

سەرنجی تۆ چییە؟ زۆرم پێ خۆشە هێمنانە ئاخاوتن لەسەر ئەم بابەتە درێژ ببێتەوە.


[1] لە ڕێکەوتی ١٨ی ئاداری ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە. لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەیەکی ترم بۆی کردووە، لە ئێستادا کەمێک لەگەڵ یەک دووانێک لە بیرۆکەکان و هەڵهێنجاندنەکاندا نەماوم.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button