وەرگێڕان و ڕاڤەی نەوا موکرجی
ڤینوس و ئادۆنیس ناونیشانی هۆنراوەیەکی درێژی ویلیەم شێکسپیر-ە. لە ١١٩٤ دێڕ پێک هاتووە. ساڵی ١٥٩٣ بڵاو کراوەتەوە. گەرچی دوای مەرگی شێکسپیر ناوبانگەکەی بەرەبەرە کز بووە، بەڵام لە سەردەمی ژیانی شێکسپیر خۆیدا بەناوبانگترین بەرهەمی بووە و خەڵک بەو هۆنراوەیە شێکسپیریان ناسیوە. پڕفرۆشترین نامیلکەی سەردەمی ژیانی شێکسپیر بووە. ئەوەندەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە، هەر لە سەردەمی ژیانی شێکسپیردا ١٠ جار چاپ کراوە. دواتریش شەش جاری تر چاپ کراوەتەوە، پێش ئەوەی سەرلەنوێ نوێ بکرێتەوە. ئەم هۆنراوەیە بە یەکەمین کاری شێکسپیر دادەنرێت.
ئەم پەڕتووکە ئەلیکترۆنییە دیاریی خۆڕایی منە بۆ هەموو کوردستانییەک لە گەردووندا. ئەگەر بۆ خۆت و بە ئامێری پرنتەری ماڵەوە دەیخەیتە سەر کاغەز و دەیخوێنیتەوە، هیچ لارییەکم نییە. بەڵام تکایە چاپی مەکە و بڵاوی بکەیتەوە و ڕێگەش مەدە کەسانی چواردەورت بێباکانە پارە بەم دیارییەی من پەیدا بکەن. پەڕتووکەکەش لە کەس مەکڕە، چونکە ئەگەرچی ئەم دانەیە دیارییە بۆ تۆ، بەڵام بە شایستەی ئەوەم بزانە مافی خاوەندارێتییەکەی و مافی بڵاوکردنەوەکەیم بۆ مابێتەوە.