
نامەیەکی کراوە بۆ جارانخوازەکان[1]
بەڕێز، سلێمانیی جارانت دەوێت؟ سەرچنار و سەردەمە زێڕینەکەی «جاران»یت گەرەکە، کە نازانم کەی بووە؟! زۆر باشە، با قسەیەک لەم «جاران»ە پڕشکۆیە بکەین، بەڵام داخۆ مەبەستت لە جاران کەیە؟ هی سەردەمی داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن عوسمانلییەکانی سەردەمی نالی و سالمەوە؟ یان داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن ئینگلەکانی سەردەمی شێخ مەحمود و تۆپبارانەکانی ئەو سەردەمەوە؟ یان سەردەمی «نوری سەعید بوو بە ژن لەبەر ئەوەی نەیکوژن»؟ یان سەردەمی گۆڕبەگۆڕەکەی دیکتاتۆری پێشووی عێڕاقی عەرەبی کە مولازمێکی فەڵەستینی لە شارەکەی خۆتدا دەیگرتیت و بەر زللەی دەدایت لەسەر ئەوەی ڕیشت هەبووە؟ یان هی سەردەمی شەڕی پڕ لە شکۆی باغەیی ناوخۆ کە لەبەر فیشەکباران نەتدەتوانی سەر دەربکەیت؟ ئەو سەردەمەی هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەمان لە «دیوی ساردی حەمام»ەکەدا خۆمان هەڵدەکورماند لە ترسی ئەوەی لە پەنجەرە و دیوارەکانی ژوورەکانی ترەوە فیشەک و تۆپ و هاوەن نەیدات بە ماڵماندا و تیابچین؟
سەردەمی شەڕی ناوخۆت مەبەستە؟ ئەو سەردەمەی تەنها لەسەر بیروڕا دەکوژرایت؟ ئەو سەردەمەی کە بەئەخلاقەکانی کۆمەڵگای بەرز و بەهاباڵای کوردی، کە بەرهەمی خێزانە شیرازە بەهێزەکان و هەڵنەوەشاوەکان بوون، پاش ملیۆنێک جار سوێند خواردن بە خودا و پێغەمبەر ئارد و گەچیان تێکەڵاو دەکرد و فەردەیەکیان لەو گەچئاردە بە هەزار دیناری سویسری دەفرۆشت؟ ئەو سەردەمەی هیچ ماڵێک لە کیلۆیەک شەکر زیاتری تێدا نەبوو؟ ئەو سەردەمەی کە زۆربەی گەڕەکەکان قوڕاو و لیتاو بوون و تا ناوقەدت دەچووە قوڕاوەوە؟ ئەو سەردەمەی هەموو بارانبارینێک هەڕەشەی لافاوێکی لەگەڵدا بوو؟ ئەو سەردەمەی مامۆستای بەرز و پایەبەرزی قوتابخانەکان بە حەیزەران و دار و شەق و زللە و لەقە لە منداڵی بەستەزمانیان دەدا، کە خۆم یەکێک بووم لەو منداڵانە؟ ئەو سەردەمەی پێشکەوتووترین ئوتومبێل بەڕازیلی بوو و دەبوو بە سێ قەمسەڵەوە تیایدا دابنیشتیتایە و بە شەقامی تەڕدا نەڕۆیشتیتایە تا ئوتومبێلەکەت لە ئاوەکەدا نەکوژێتەوە و هەرگیز دانەگیرسێتەوە؟ ئەو سەردەمە زێڕینەی لە دوو گەڕەکدا ماڵێک تەلەفۆنیان هەبوو و هەموو دوو گەڕەکەکەش لەو ماڵەوە تەلەفۆنەکانیان دەکرد؟ ئەو سەردەمەی لە هەموو سلێمانیدا دە سیگا و چوار ئەتاری و دوو پلەی ستەیشنی یەکی تێدا بوو بەڵام سی دیی ڤاڵدێراماکە درزی بردبوو و چاوی پلەی ستەیشنەکەش نەیدەخوێندەوە و کەسیش نەبوو چاکی بکاتەوە؟
باسی سەد منداڵت بۆ بکەم کە بەئەخلاقەکانی ساڵانی نەوەدەکان و دووهەزارەکان لە یەکبەیەکی گەڕەکەکانی شاردا لاقەیان کردوون و یەکێک نەبووە لەسەر ئەو بەستەزمانانە هەڵبدات؟ بۆچی ڕۆمانێکی شێرزاد حەسەن ناخوێنیتەوە تا بزانیت لە پشت ڕووکەشی ئەخلاقە بەرزەکەی جارانەوە چ مۆتەکەیەک خۆی حەشار دابوو؟ کەم لە وێژەدا باسی ئەم شتانە کراوە و تۆ بە ئەنقەست خۆتی لێ لە گێلی دەدەیت؟ هەزاران دایک نەیانهێشت منداڵەکانیان مەلە فێر ببن لە ترسی نێرە لاقەکەرە منداڵبازەکان، کە دوای لاقەکردنی منداڵی بەستەزمان دەچوونە مزگەوت و چوار ڕکعەتیان دەکرد و تاوانەکەیان لە خۆیان دەتەکاند! هەموو منداڵیمان تێپەڕاند و فیلمێکی سینەماییمان نەدی، چونکە بەئەخلاقەکانی سەردەمە زێڕینەکەی ئێوە بانگەشەی بۆ دەکەن سینەمایان کردبوو بە شوێنی دەستدرێژی. تەنانەت خێزانی زۆربەمان متمانەیان بە مزگەوتیش نەبوو، لە مزگەوتیش درەنگ هاتباینایەوە چینێک شەقشەقێن دەکراین، چونکە تەنانەت مەلاش متمانەی نەبوو دەستدرێژی نەکات. ئەگەر باوەڕم پێ ناکەیت، پەنجا لاپەڕەیەک لە ڕشتەی مرواریی عەلائەدین سەجادی بخوێنەوە، تا ئەخلاقی هەندێک مەلای جارانت بۆ دەربکەوێت چۆن بوو.
بەڕێزم، ئەگەر سلێمانیی جارانت دەوێت، لە خۆتەوە دەست پێ بکە و مۆبایلە زیرەکەکەت فڕێ بدە و قاپی ئایسکرێم و شقارتە و پەت بە دەستەوە بگرە؛ بۆ تەلەفۆن بچۆ حەوت کۆڵان ئەولاتر و کاژێرێک چاوەڕێ بکە تا تەلەفۆنەکە بچێتە سەر خەت و نزا بکە کابینەکە ئاوی تێ نەچووبێت، ئینجا بە دزیی خاوەنماڵی تەلەفۆنەکەشەوە قسە بکە، چونکە جوان نییە هەموو نهێنییەکت بزانرێت! ئینتەرنێتەکەت فڕێ بدە و بچۆ چاوەڕێ بکە تا تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان، یان حسک، یان ئازادی ئێوارە بێ سەرەوژێرچوونی وێنەکانی دەکرێتەوە و چاوەڕێ بە تا شەو بەرنامەی کاروانی شەهیدان دەکات و بە دیاریەوە دابنیشە، ئینجا کاتژمێر ١١ش بنوو، چونکە تەلەفیزیۆنەکە نەدەما. مۆز بە خەون ببینە و تام بکە، چونکە لە ڕاستیدا لە کڕین نەدەهات! جەژناوجەژن گۆشت بخۆ. بە سەرما و گەرما لە ئاودەستی حەوشەدا پیساییەکەت بکە. جلەکانت، کە بە پێوانەی خۆت بە نرخێکی هەرزان کڕیوتن، دایبکەنە و بچۆ لە کۆنەکە شتێک بە بەری خۆت بدۆزەوە، یان ئەگەر زۆر دەوڵەمەندیت ئەوا بچۆ بۆ لای جلدورێک قوماشێکی ناشرینی بۆ ببە و مانگێک چاوەڕێ بکە تا بە دەڵبی یان بە تەسکی جلێکت بۆ دەدورێت و ئیتر تا دە ساڵی تر هەر ئەو جلەت دەبێت و کە کون بوو پینەی لێ بدە و کە خۆیشت قەڵەوتر یان لاوازتر بوویت، هەر ئەوەیە و جلی تر نییە! پێڵاوە باشە هەرزانبەهاکانت فڕێ بدە و تاتەیەکی ماڕادۆنا بکڕە و لە پێی بکە، بە کەرکوکدا بچۆ بۆ هەولێر و کاژێرێک لە بازگەکەی کەرکوک ڕابوەستە و کەسێک بهێنە بە عەرەبی تێر سووکایەتیت پێ بکات. وێنەکانی مۆبایلەکەت لابدە کە هەموو ڕۆژێک سەد وێنە دەگریت و بچۆ کامێرەی خزمێکت بە سووڕ بهێنە، ئەگەر پێتی دا، ئینجا لە حەفتەیەکدا سی و شەش وێنە بەو کامێرەی فیلمە بچرکێنە و بیبە بۆ لای وێنەگر و دوو حەفتە چاوەڕێ بکە تا بزانیت چۆن فیلمەکەت بە سووتان چووە. کۆمپیوتەرەکەت لابدە و بە دەست نامە بنێرە و سێ مانگ چاوەڕێ بکە تا نامەیەکت دەگات بە ئەوروپا. لە دە ئوتومبێل-لێخوڕینتدا چواریان دابنێ بۆ پاڵنان بە ئوتومبێلەکەوە. سواری کۆستەر و ڕیم و پۆڵۆنی بە و بە ئوتومبێلە گرانبەهاکەت تا بەردەرگای شوێنی مەبەست مەچۆ.
بەڕێز، لەم خەونە مۆتەکەییەت ڕابە، سلێمانیی جارانی چی و شتی چی؟ جاران کوێی خۆش بوو؟ ڕابە و ئەم ڕابردووپەرستییە ببڕەوە، ئەگەر جارانت دەوێت خۆت بچۆ ناوی و ئێمە مەبە، یادگاریی زۆر خۆشمان لەگەڵ جارانەکەی جەنابتدا نییە، زۆر سوپاس، نامانەوێت دووبارە بچینەوە ناو ئەو مۆتەکەیە. ئەگەر یەک یادگاریی جوانت هەبووە، باشتر بیر بکەوە، ئەو تاکە یادگارییە جوانەت بەرانبەر ملیۆنێک مۆتەکە وەستاوەتەوە. بۆیە ڕابە، ڕابە، ڕابە، هیچ جێیەکی مێژووی ئەم ناوچەیە هەرگیز خۆش نەبووە. ئەگەر هەر سووریشیت لەسەر ئەوەی بچیتەوە، خۆت و ئاغاکەت بچنەوە ناوی و تیایدا تێر بحەسێنەوە و ئێمە مەبەن. ئەگەر ئەمڕۆ بە قێزەون دەزانیت، ئەوا باش بزانە ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو ڕابردووە پڕ لە ناشکۆ و ژێروەرییەیە و ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە نەکەوتووەتە خوارەوە!
دەتوانم زیاتریش بیر بکەمەوە و زیاترت لە پۆخڵەوات و تاوانکارییەکانی کۆن بۆ ڕیز بکەم، بەڵام پێم وا بێت پەیامەکەم گەیاند و پێویست بە زیاتر ناکات بڵێم، جگە لە:
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر
خوێنەری بەڕێزیش دەتوانێت هەندێک لەو یادەوەرییە مۆتەکەییانەی جاران لەسەر ئەم نووسینەم بنووسێتەوە و بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکات.
[1] لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە.