وتار و ڕاپۆرت

ڕۆژی بلووم پیرۆز بێت

ڕۆژی بلووم پیرۆز بێت[1]

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٩٠٤دا ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئایرلاندی جەیمس جۆیس، نۆرا بارنیکڵی ناسی، پاش ساڵانێک ھاوسەرگیرییان کرد و تا کۆتایی تەمەنیان پێکەوە ژیان. جۆیس بڕیاری دا ئەم ڕۆژە بە نەمری لە وێژەی ئەوروپا و جیھاندا بھێڵێتەوە. بۆیە ڕۆمانی ئولیس دەنووسێت.

زۆربەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە شاری دەبڵنی پایتەختی ئایرلانددا و لە ڕۆژی ١٦ و کەمێکی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٠٤دا ڕوو دەدەن. ڕۆمانەکە بە ئاڵۆزترین ڕۆمانی ئینگلیزی دادەنرێت. باسی سێ کەسێتیی سەرەکی دەکات کە ئەوانیش میستەر لیۆپۆڵد بلووم و ستیفن دیدەڵس و مۆڵی بلوومن.

میستەر لیۆپۆڵد بلووم پیاوێکی سی و ھەشت ساڵانە و جوولەکە بوون و کاتی خۆی بوون بە مەسیحی. لە ڕۆژنامەیەکی ئایرلانددا ڕیکلامسازە، واتە شوێن و دیزاینی ڕیکلام لە ڕۆژنامەکەدا بە کڕیاران دەفرۆشێتەوە. کچێکی پانزە ساڵانی ھەیە کە تازە بە جێی ھێشتوون و بە تەنھا دەژی و خەریکی کاری فۆتۆگرافییە. کاتی خۆی کوڕێکیشیان بووە کە ناوی (ڕودی) بووە، دە ڕۆژ دوای لەدایکبوونی مردووە. لە ڕۆژی مردنی ئەو کوڕەوە برینێکی گەورە لە دڵی لیۆپۆڵد و ژنەکەیدا دروست بووە و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەشیان بە جێ هێشتووە. لە دوای مردنی ئەو کوڕەوە ھەرگیز پەیوەندییە قووڵەکانی ئەم ژن و مێردە ئاسایی نابێتەوە.

ستیفن دیدەڵس کوڕێکی گەنجی خوێنەرە، لە قوتابخانەیەکدا مامۆستایەکی کاتییە، تازە دایکی مردووە. باوکیشی لە بەخێوکردنی مناڵەکانیدا، کە ستیفن و برایەک و دەستەخوشکێکن، کەسێکی کەمتەرخەمە. ناچارن بۆ بەدەستھێنانی پارەی شۆربا و سەموونی ڕۆژانە پەڕتووکەکانی ستیفن بفرۆشنەوە.

مۆڵی بلووم، کە ژنی میستەر بلوومە، گۆرانیبێژی ئۆپێرایە، بە دزییەوە پەیوەندییەکی سەرجێیی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیدا بەستووە کە ناوی بڵێسە بۆیلەنە. مێردەکەشی گومانی بەم پەیوەندییە بردووە و دەیزانێت.

ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی پڕ لە سەرقاڵییە بۆ میستەر بلووم و ستیفن دیدەڵس. ھەردووکیان بە شەقام و شوێنەکانی دەبڵندا دەڕۆن و لە شوێناندا ڕادەوەستن. جۆیس زۆر بە وردی وێنەی ھەموو شوێن و شەقامەکانی دەبڵنی بە وشە کێشاوە کە وای کردووە خوێنەر وا ھەست بکات ئێستا لەگەڵ کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکەدایە.

باوکی ستیفن، کە ناوی سایمن دیدەڵسە، لە ھەمان ئەو ڕۆژنامەیەدا کار دەکات کە میستەر لیۆپۆڵد بلووم تێیدا کار دەکات و ھاوڕێی میستەر لیۆپۆڵد بلووم و ژنەکەشیەتی. جارجار گۆرانی دەبێژێت و لە ڕابردووشدا لەگەڵ مۆڵیدا لە کۆنسێرتدا پێکەوە گۆرانییان بێژاوە.

لە کۆتاییدا میستەر لیۆپۆڵد بلووم و ستیفن دیدەڵس لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی شار یەک دەبینن و پێکەوە دادەنیشن، ستیفن زۆر سەرخۆشە. کە میستەر بلووم دەبینێت کوڕە بێنازەکەی ھاوکارەکەی شوێنێکی نییە شەو بەو سەرخۆشییە تیایدا بنوێت، بڕیار دەدات لەگەڵ خۆیدا بیباتەوە بۆ ماڵی خۆی و ئەو شەوە لەوێ بنوێ، ئەگەرچی دواجار ستیفن لەوێ نانوێت.

ئەم ڕۆمانە بە شێوازی وێژەی بەراورد لەسەر داستانی ئۆدیسەی ھۆمیرۆس نووسراوە. لە ئۆدیسەدا تیلێماخۆسی کوڕی ئۆدیسیۆس تەمەنی بووە بە بیست ساڵ و باوکیشی بیست ساڵە لە شەڕی ترۆیاوە دیار نەماوە و کەس نازانێت ماوە یان مردووە. نزیکەی پەنجا خوازبێنیکەر بە درێژایی ئەو ساڵانەی ئۆدیسیۆس دیار نییە، لە ماڵەكەیدا خوازبێنیی پینێڵۆپیای ژنی ئۆدیسیۆس دەکەن. تیلێماخۆس تەواو بەمە ھەراسان بووە. لەولاشەوە ئۆدیسیۆس دوای گەشتێکی درێژ و پڕ لە بەسەرھات دەگەڕێتەوە شارەکەی و بە ھاوکاریی کوڕەکەی و ئەسینای بانوخودا ھەموو خوازبێنیکەرەکان دەکوژن و دەگەڕێتەوە باوەشی ژنە دڵسۆزەکەی، کە چەندین ساڵە ھەر باوەڕی بە مردنی ئۆدیسیۆسی مێردی نەکردووە.

لە ئولیسی جەیمس جۆیسدا ئەم داستانە بە شێوەیەک چووێنراوە کە بلووم وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی ئۆدیسیۆس بێت و ستیفن دیدەڵس وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی تیلێماخۆسی کوڕی ئۆدیسیۆس بێت و مۆڵی بلوومیش وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی پینێڵۆپیای ژنی ئۆدیسیۆس بێت. یەکێک لە جیاوازییەکان ئەوەیە کە مۆڵی وەکو پینێڵۆپیا دڵسۆزی مێردەکەی نییە و خیانەتی ھاوسەرگیریی کردووە.

خودی وشەی یولیسیس یان ئولیس ناوە لاتینییەکەی ئۆدیسیۆسە. واتە کە پاشتر ڕۆمییەکان ئەم داستانەیان وەرگێڕاوە، ناوی زۆربەی خوداکانیان کردووە بە لاتینی. بۆ نموونە ئەسینا بووە بە مینێرڤا، زووس بووە بە جوپیتەر…تد. ئۆدیسیۆسیش بووە بە یولیسیس.

ئەم ڕۆژە، واتە ١٦ی حوزەیران، لە جیھاندا بە «ڕۆژی بلووم» ناسراوە. لە شاری دەبڵندا خەڵکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە میستەر بلووم و ستیفن دیدەڵس لە ڕۆمانەکەدا سەردانیانیان کردوون.

ئەم ڕۆمانە بەسەر ھەژدە ئەڵقەدا دابەش کراوە، لە ئەڵقەی چوارەمدا کەسێتییە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکە، کە میستەر بلوومە، بەم شێوەیە دەناسین:

میستەر لیۆپۆڵد بلووم بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شلەی خەستی هەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵی جگەر بوو کە لەگەڵ قەتماغەنانی هاڕراودا سوور کرابێتەوە، هەروەها حەزی لە گەرای سوورکراوەی ماگادۆس[2] بوو. لە هەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆن-دەرکردووی بە مەڵاشووی دەدا.

گورچیلە لە مێشکیدا بوو کە بە هێمنی لە مووبەقەکەدا دەهات و دەچوو، شمەکی بەرچایی ژنەکەی لەسەر سینییە کۆپارەییەکە ڕێکدەخست. هەوا و ڕوناکییەکی بەستوو لە موبەقەکەدا بوون، بەڵام بەیانییەکی فێنکی هاوین بە هەموو شوێنێکی دەرەوەدا پەخش ببوو. وای لێ کرد کەمێک هەست بە برسێتی بکا.

خەڵووزەکان سوور ببوونەوە.

لەتێک نانی کەراویی تر: سێ، چوار: تەواوە. حەزی لەوە نەبوو قاپەکەی پڕ بێ. تەواوە. لە سینییەکە دوور کەوتەوە و کتلییەکەی لەسەر کوانووەکە هەڵبڕی و بە لادا خستییە بەر ئاگرەکە. کتلییەکە سست و هەڵتروشکاو لەویادا دانیشت، لوولەکەی بۆ دەرەوە دەرپۆقیبوو. خێرا کووپی چا. باشە. دەم وشک.

پشیلەکە کلکی هەڵبڕیبوو و بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی سووڕایەوە.

  • مکگنیاو!

میستەر بلووم لای ئاگرەکەوە ئاوڕی دایەوە و وتی:

  • هەی، ئەوەتا.

پشیلەکە لە وەڵامدا میاواندی و دیسان بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی هەڵکوڕما، دەیمیاواند. هەر وەک چۆن لەسەر مێزی نووسینەکەم هەڵدەکوڕمێ. پوڕڕ. سەرم بخورێنە. پوڕڕ.

میستەر بلووم زانینخوازانە و میهرەبانانە تەماشای شێوە ڕەشە شلکەکەی کرد. پاکن بۆ بینین: ورشەی کەوڵە لووسەکەی، قۆپچە سپییەکەی ژێر کۆتایی کلکی، چاوە سەوزە بریسکەدارەکانی. دەستەکانی خستە سەر ئەژنۆی و بۆی نوشتایەوە. وتی:

  • شیر بۆ پشەکە.

پشیلەکە شیڕاندی:

  • مرکگنیاو!

پێیان دەڵێن دەبەنگ. لەوەی ئێمە دەیڵێین باشتر تێدەگەن وەک لەوەی ئێمە لەوان تێدەگەین. هەر شتێکی بوێ لێی تێدەگا. قیناویشە. بێبەزەییە. بە سروشت وایە. سەیرە کە مشکان هەرگیز نازیقێنن. وا دیارە حەزیان لێی بێ. تۆ بڵێی من لە چاوی ئەوەوە چۆن بم. بەرزیی قەڵایەک؟ نا، دەتوانێ بازم بەسەردا هەڵبدا.


[1] لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا نووسراوە. لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.

[2] ماگادۆس، مێیەی جۆری ماسیی (گادۆس)ە، بە ئینگلی پێی دەڵێن (cod): ماسییەکی گەورەیە و دەخورێ. جۆیس سەرەتا تەنها «گادۆس»ی داناوە، بەڵام لە کاتی پێداچوونەوەدا کردوویەتی بە مێیەی گادۆس بەوەی (hen)ی کردووە بە پێش ناوەکەوە، ئەگینا وشەکە لە زمانی ئینگلیدا بوونی نییە و دەستکردی جۆیسە، منیش ڕێگەم بە خۆم دا لەژێر هەمان تەکنیکدا کوردییەکەی دابڕێژم. ~ن.م.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button