
پەتای تەممەڵی[1]
بۆ ئەوەی زوو فریای قوتابخانە بکەوی ساڵێک گەورە کرای؛ لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە دوو»؛ لە پۆلی دووەم و قۆناغەکانی تردا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە قۆناغی داهاتوو»؛ لە خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشدا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی ببی بە شتێ»؛ بێگومان کەسێتییەکی پەلەکەرت لێ دروست بوو. بۆیە هەموو ڕۆژێک پەلەت لە ماڵەوە دەکرد هاوسەرگیری بکەی، بۆیە لە نۆزدە ساڵاندا هاوسەرگیریت کرد. کە بە زانکۆ گەیشتی، لە مانگی یەکەوە دەچووی بۆ سەیرانی نەورۆز، لە مانگی دووەوە دەچووی بۆ ئاهەنگی دەرچوون! ئەوەندە پەلەت بوو، خێرا مناڵێکت خستەوە. هەموو ڕۆژێک واستەیەکت دەکرد تا لە فەرمانگەیەکی حکومیدا داتبمەزرێنن، تەنها فەرمانگەی حکومیشت دەویست، چونکە لات وا بوو شوێنی کاری تر بڕاوە لای حکومەت نەبێ. پاشان بووی بە فەرمانبەری حکومەت، کە دامەزرای، نێوان خۆمان بێ، بە درۆوە نوخشەت لە یەک دوو ناسیاوی خۆیشت کرد. دەبێ هەموو بەیانییەک بوومەلەرزەیەکی پلە نۆ ڕوو بدا تا تۆ ڕابی و بچی بۆ کارەکەت. هەنگاوێک بۆ پێشەوە و سیان بۆ دواوە دەچی بۆ فەرمانگەکەت، ئەڵبەت مەزاجیشت شەڕی لێ دەپرژێ و هێشتا ڕانەبووە. هاووڵاتییان دەشکێنی، هاوکارییان ناکەی، ڕێنموونییان ناکەی، لە ناخی دڵتەوە ڕقت لێیانە کە بوونەتە هۆی ئەوەی تۆ ئارامیت لێ تێکبچێ، وەک مەڕوماڵات تەماشایان دەکەی، بۆت بکرێ لێشیان دەدەی. لە خۆتەوە بە خەڵک دەڵێی: «بڕۆ دوو مانگی تر وەرەوە!» تەنها لەبەرئەوەی تاقەتت نییە ئەو ڕۆژە کارەکەیان ڕایی بکەی. هاوسەرگیرییەکی زمانەوانیت لەگەڵ وشەی «ناکرێ»دا ئەنجام داوە. چارەکێک دوای گەیشتنت بە فەرمانگەکەت، کاتژمێر نۆ لە نووسینگەکەی خۆتدا و لەسەر مێزی کارکردنەکەت ژەمێک نان دەخۆی؛ کاتژمێر دە تۆزێ گوڵەبەڕۆژە دەخۆی؛ کاتژمێر دە و نیو چایەک بە دەم باسی لەپاشملەی خەڵکانێک و حیلکەحیلکی ڕووکەشەوە بە نیو سەعات دەخۆیتەوە؛ کاتژمێر دوانزە و چارەک لەبەر بۆنی پیاز کەس ناتوانێ سەردانی ژوورەکەت بکا؛ کاتژمێر دوانزە و نیو بە خەڵکان دەڵێی: «کاتی کارکردن تەواو بوو»؛ کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ لە ماڵەوەی. سەری مانگیش کە کرێی ئەم گەشتە ڕۆژانەیەت وەردەگری خۆت بە شایستەی زیاتر دەزانی، چونکە فڵان کەس لە فڵان شوێندا، کە هەر وەک تۆ وایە بەڵام لە پلەیەکی بەرزتردا، زیاتر وەردەگرێ.
من دڵنیام کە تۆ لەبەر «خانەنشینی» هەوڵت دەدا لە کەرتی حکومیدا دابمەزرێی، تا کە پیر بووی مووچەی خانەنشینی بەرانبەر ئەو هەموو خزمەتکردنە پڕ لە بۆنی پیازە وەربگری. خۆ بە شایستەی زیاتر زانین خوویەکی خراپ نییە، بەڵام لە بەراورددا کەسێکی تر بهێنەرە بەرچاوت کە لەو بڕە مووچەیەی تۆ کەمتر وەردەگرێ و زیاتریش و بگرە تا پلەی تینپڕووکێنی کار دەکا. سەبارەت بە چۆنێتیی بەسەربردنی کاتەکانیشت، ئەوا تۆ لە پێناوی ئەمڕۆدا ناژیت، بەردەوام لە کاتێکی تردا دەژیت کە بوونی نییە. ئەمە نەخۆشییە و تووشبووەکانی جێگای بەزەیین و دەبێ چاک بکرێنەوە، تا ئەم شانە تەممەڵانە لە کۆمەڵگاکەماندا هەبن، نابێ چاوەڕێی ئایندەیەکی گەشتر بکەین. بۆ ئەوەی ئایندەیەکی گەش بەرهەم بهێنی، ناکرێ ئێستا خۆت لە خەیاڵتدا تیایدا بژیت. لە پێناوی مووچەی چل ساڵی تردا ئەمڕۆ دڵی کەسێک مەشکێنە، ئایندە بەلەمێکە هەموومانی تێداین، ئەگەر نوقم بوو هەموو پێکەوە نوقم دەبین. ناکرێ تۆ تەنها خەمی ئایندەی خۆتت هەبێ و ماف و ئەرکی خۆت و ماف و ئەرکی ئەوانی تر پشتگوێ بخەی، ئەگەر کاری بەرانبەرەکەت ئاسان ببێ، کاری تۆش ئاسان دەبێ، بۆیە لە ئاسانکردنی کارەکاندا بەشدار ببە. چەندین کۆمپانیا و ڕێکخراو و کەرتی تایبەتی هەن، ڕەنگە بتوانی مووچەیەکی زیاتریش تیایاندا بشایستێنی، بەڵام ئەوەیە کە کۆمپانیا و ڕێکخراو و کەرتی تایبەت داوای ئاستێکی بەرزتر و زۆر جاریش کارێکی زیاترت لێ دەکەن. زنۆقت لە کاری زیاتر نەچێ! شایستاندنی ئەو مووچەیەی وەریدەگری ئاسوودەیی دەروونی بە دوادا دێ، چونکە دڵنیای کە ئەو مووچەیەی وەرتگرتووە بەرهەمی ماندووبوونێکی ڕاستەقینە بووە. کە ئەوەندەش ئەو خانەنشینییەت لا پیرۆزە، ئەوا بیرێک بکەرەوە کە سبەینێ ناتەوێ کە پیر بووی و توانای ڕێکردنت نەمابێ، بچیتە بانکێکەوە و فەرمانبەرە گەنجەکانی بانکەکە وەک ئێستای خۆت مامەڵەت لەگەڵدا بکەن و دڵت بشکێنن و بە کەم تەماشات بکەن و کارەکەت بۆ جێبەجێ نەکەن. ئەگەر ئەوانەت ناوێ بەرانبەر بە خۆت بکرێن، خۆت بەرانبەر بە خەڵکی تر مەیانکە.
پەرە بە خۆت بدە، فێری شتی نوێ بە، فێری بەرنامەکانی کۆمپیوتەر بە. خەونی گەورەت هەبێ؛ با خولیات هەبێ؛ فێری دوو شتی جیاواز بە؛ زمانی تر فێر بە. ئەوەندە لە نەزانیی خۆتەوە سەرزەنشتی زمانەکەی دایکت مەکە کە تەنها هەر ئەو زمانەش دەزانی! تۆ وا دەزانی حکومەت کێیە؟ هەر خۆتی بەڵام چەند خۆتێک، ئەگەر تۆ باش ببی ژیان باش دەبێ، ئایندە باش دەبێ، ژیان شایستەی خۆماندووکردنە، شایستەی هەوڵبۆدانە، شایستەی شایستاندنی ڕاستەقینەیە.
ئێستات چاک بکە، بەیانی هەر ئێستایەکی ترە، ئەگەر لەسەر بناغەی ئەم ئێستایەت بونیاد بنرێ، ئەوا دڵنیا بە باشتر دەبێ، ئەگەر چاکیشت نەکرد، ئەوا دۆزەخ دەبێ.
[1] لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا نووسراوە، لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.