وتار و ڕاپۆرت

گۆکول چاند موکرجی

گۆکول چاند موکرجی کێ بووە؟

گۆکول چاند موکرجی
گۆکول چاند موکرجی

گۆکول-چاند سەنکەر-چاند موکرجی باپیرمە، لە ساڵی ١٨٩٤ لە ناوچەی مانیکگۆنج لە دەککا لە دایک بووە، ئەگەرچی لە ناوچەی ناوبراودا شارۆچکەیەک هەیە هەر بە ناوی (مانیکگۆنج)ەوە، بەڵام ئایا باپیرم لە شارۆچکەی مانیکگۆنج یان ناوچەکە کامیان لە دایک بووە؟ ئەمەیان نازانم. ئەوکات دەککا سەر بە هیندستان بووە و لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بووە، ئێستا دەککا پایتەختی بەنگلادیشە. من خودی خۆم باپیرمم نەدیوە، پێم وا بێ هەموو زانیارییەکانیشی هەر لە زاری خۆیەوە وەرگیراون، چ ڕاستەوخۆ بووبێ، چ لە ڕێی باوکم (کەمال موکرجی)یەوە بووبێ. چەند جارێک لەگەڵ پوورمدا (شوکرییە موکرجی) دانیشتووم و سەبارەت بە باپیرم پرسیارم لێی کردووە، تەنانەت جارێکیان ویستم چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا بکەم و بە کامێرەش تۆماری بکەین، بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا و پوورم لە ١٨/١١/٢٠١٨دا لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دەمێکە زانینی ڕەگوڕیشەی خۆمان خولیام بووە و حەزم کردووە زیاتر بزانم، تەنانەت بیرۆکەی ئەوەشمان هەبووە کە بۆ هیندستان و بەنگلادیش و پاکستان بگەڕێمەوە و بە دوای زانیاریی ڕەگوڕیشە و کەسوکارماندا بگەڕێم، تەنانەت لەگەڵ هاوڕێیەکدا بڕیار وا بوو ئەمە بکەین و هەموویشی بە فیلم تۆمار بکەین تا لە کۆتاییدا ببێ بە فیلمێکی بەڵگەنامەیی، بەڵام تا ئێستا ڕێکنەکەوتووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا هەموو وێنە و بەڵگەنامە و دۆسێکانی خێزانی خۆمانم کۆ کردەوە، لە بەڵگەنامە ڕەسمییەکان و پێکەوەنانەوەی چیرۆکەکانی ناو خێزانەکەمانەوە بەشی ئەوەندە زانیاریم کۆ کردەوە کە ڕاپۆرتێک لەسەر باوکم و باپیریشم کۆ بکەینەوە. هاوڕێی خۆشەویستم دانا گیان لەم کارانەدا لەگەڵمدا گەلێ ماندوو بوو و دواتریش داوام لێی کرد خۆی بڵاویان بکاتەوە.

سەرەتای ژیانی موکرجی

گۆکول چاند موکرجی
گۆکول چاند موکرجی

لە ساڵی ١٨٩٤دا لە مانیکگۆنج لە دایک بووە، ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونی تا ئێستا نەزانراوە، ئەم زانیارییە لەسەر زۆربەی بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی هەیە کە هەموویانم لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردووەتەوە و لە خوارەوە دەتوانی هەموویان ببینی. دایکی ناوی (سوگنی سادە) یان (سوگنی سادی) بووە و لە ساڵی ١٨٥٠دا لە دایک بووە، ئەم زانیارییەش هەر لەسەر زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی هەیە. باوکی ناوی سەنکەر-چاند موکرجییە، ئەگەرچی بە ڕێنووسە عەرەبییەکە هەمیشە دەنووسرێ (جاند) بەڵام بە دەسخەتی خۆی بە ئینگلیزی و لە ڕێی نووسراوە ئینگلیزییەکان و تەنانەت واژۆکەی خۆیشییەوە دەتوانین بزانین کە (چاند)ە نەک (جاند).

ئەوەندەی باوکم لەسەر باوکی خۆی زانیویەتی: باوکی گۆکول-چاند کارمەندی پۆلیس بووە و بە هۆی کارەکەیەوە نێرراوە بۆ شاری (گایا) لە هەرێمی (بیهار) لە هیندستان و گۆکول-چاند هەر لەم شارە خوێندنی سەرەتایی خوێندووە. گۆکول-چاند گوایە نۆیەمین مناڵی خێزانەکەی بووە و لە هەمووان بچووکتر بووە، حەوت برا و خوشکێکی هەبووە، ئەگەر چی من لەم زانیارییە هیچ دڵنیا نیم، هۆکاری نادڵنیاییەکەشم ئەوەیە کە ئێمە خۆیشمان حەوت برا و خوشکێکین (جگە لە گوڵاڵەی خوشکم کە هەر بە مردوویی لە دایک بووە)،  لێ دەشێ باپیریشم هەمان چیرۆک بێ، بەڵام من هەر لە خۆمەوە گومانم لێی هەیە، بەڵام ئەمە تا ئێستا تەنها گێڕانەوەیە و با تا ڕۆژێک پشتڕاست دەکرێتەوە هەر وا بمێنێتەوە. گوایە لە ساڵانی مناڵیدا نەخۆشیی تاعوون لە شاری گایا بڵاو بووەتەوە و هەموو کەسوکارەکەی لە دەست داوە. لە گەڕانم بە دوای ڕاستودروستیی ئەم ڕووداوەدا بە پێی (گەزەتەی تەندروستیی هیندی – The Indian Medical Gazzette)ی ڕێکەوتی ئەیلوولی ١٩٤٩ لە لاپەڕە ٤٠٨دا ڕاپۆرتێک لە لایەن پڕۆفیسۆر (ئێس. سی. سیڵ)ەوە نووسراوە کە پڕۆفیسۆری پەتاناسی بووە، دەڵێ: «شارۆچکەکە لە ساڵەکانی ١٩٠٠-١٩٠٣، ١٩٠٧-١٩٠٨، ١٩١١ و ١٩١٧-١٩١٨دا بە خراپی دووچاری تاعوون بووەتەوە»، واتە ڕووداوەکە ڕووی داوە، بەڵام تا چەند دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە لە خێزانی باپیرم ڕووی داوە و هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەی کوشتووە؟ ئەمەیان نازانم و لێکۆڵینەوەی پێویستە. من چەند جارێک لە پوورە شوکرییەمم پرسیوە (کە ئێمە و زۆربەی خەڵکان تەنها پێمان دەوت «باجی»)، چەندین جار ئەم چیرۆکەی وەک خۆی بۆ دووبارە کردوومەتەوە، بەڵام نێوانی خۆمان بێ، من زۆر لە زانیارییەکانی ئەویش دڵنیا نەبووم، هەندێ جار هەستم دەکرد زانیارییەکانی ئۆتۆماتیکییانە و بێ پرسیار وەرگرتووە، چونکە دەیوت: «خۆی دوو خێزان هەبوون، مەکارجی و سەکارجی…» ئینجا من هەمیشە پێکەنینم بەم قسەیە دەهات، بیرم دەکردەوە: هیندستان ملیارێک خەڵکی تێدایە، دوو خێزانی چی؟! بەڵام وا بزانم لاماژەی مەبەست ئەوەیە کە دەشێ مانیکگۆنج لەو کاتەدا وا بووبێ، یان ئەو شارۆچکەیەی تیایدا لە دایک بووە وا بووبێ. پاشتر ئەم زانیارییانە لە لایەن مامۆستا (عەبدوڵڵا کەریم)ەوە هەموو کۆ کرانەوە و لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاو کرانەوە، کە هەر لە خوارەوە کوردی و عەرەبییەکەشم بڵاو کردووەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ: «تاعوون باوک و دایکی و چەند برایەکی کوشتووە»، چەند برای؟ چەندیان مان؟ ئەی خوشکەکەی؟ ئەمانە زانراو نین. ئەڵبەت من چاک دەزانم کە ئەم زانیارییانە لە پوورمەوە سەرچاوەیان گرتووە و مامۆستا عەبدوڵڵا لەخۆیەوە ئەم زانیارییانەی نەداوە، چونکە پوورم ئەم شتەی بە خودی خۆیشم وتووە.

پاش مردنی دایک و باوک و «چەند برایەکی»، ڕۆیشتووەتە شاری پەتنا، هەر لە هەمان هەرێمی بیهار، گوایە لە ماڵی خزمێکیان ماوەتەوە کە ئەوانیش هەر زۆر هەژار بوون، بۆیە ناچاربووە هەر لە تەمەنێکی مناڵییەوە دەست بکا بە کارکردن. یەکەم کاری ئەوە بووە لە فەرمانگەیەکدا بووە بە چاودێر، چ فەرمانگەیەک؟ نازانم؛ پاشان لەبەردەم پۆستەخانەی ناوەندیی شارەکەدا بووە بە سکاڵانووس؛ پاشان بووە بە جابیی ترام. تا ئێستا هیچ کامێک لەم زانیارییانە ناتوانم پشتڕاست بکەمەوە، بەڵام لە ئایندەدا هەوڵ دەدەم.

سوپای بەریتانی و عێڕاق

گۆکول چاند موکرجی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شێخ مەحمووددا
گۆکول چاند موکرجی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شێخ مەحموددا

موکرجی لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا و لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ١٩١٨دا پەیوەندیی بە سوپای بەریتانییەوە کردووە، هەر دوای پەیوەندیکردنەکەی لە شاری ڕاولپیندی، کە ئێستا پاکستانە، خراوەتە خولی ئامادەکارییەوە و میکانیک و فیتەریی خوێندووە. پاشان نێرراوە بۆ عێڕاق: گوایە یەکەم جار بۆ بەسڕە نێرراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەمەیانم بۆ پشتڕاست ناکرێتەوە، بەڵام لە مووچەنامەکەیدا نووسراوە کە لە ٥ی ئاداری ١٩١٩ لە بەغدا مووچەکەی وەرگرتووە؛ لە ١ی ئایاری هەمان ساڵ لە کەرکوک وەریگرتووە؛ پاشان لە ئابدا لە بەغدا؛ پاشان بۆ ساڵی دواتر لە ٣ی ئابدا مووچەکەی لە سلێمانی وەرگرتووە. واتە ئەمە دەیسەلمێنێ کە شوێنکارەکانی: بەغدا، کەرکوک، بەغدا، سلێمانی بوون. نازانم ڕێکەوتی دیاریکراوی یەکەم ڕۆژی هاتنی بۆ سلێمانی کەی بووە، بەڵام بە پێی پەسننامەکانی سەرکارەکانی بێ لە ئاداری ١٩١٩ تا ئەیلوولی ١٩٢٢ لە سلێمانی شۆفێری سەرەکیی ئەفسەری ڕامیاریی ئینگلیز بووە لە سلێمانی.

بەشێک لەم یادنامانە ڕاستەوخۆ لە خۆی و باوکم وەرگیراون و لە پەڕتووکی شاری سلێمانیی ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی ڕەشە، بە ئاگاداریی باوکم بڵاوی کردووەتەوە. لە ٦/١/١٩١٩دا بووە بە شۆفێری سەربازیی نێوان سەربازگەی ڕەشید، کە پێی وتراوە «ئۆردوگای هیندییە» یان «بابولموعەززەم»، لێرەدا دەقی نووسراوەکەی ناو پەڕتووکی ناوبراو دەهێنمەوە و وەک خۆی دایدەنێمەوە بە هەموو هەڵەی ڕێنووسەکەیەوە:

«لە ساڵی ١٩١٩ی زاینیدا ھەروەکو باسمانکرد مێجەڕسۆن بوو بە حاکمی سیاسی لە سلێمانیدا. ئەمیش دوو شۆفێری ھیندیی لەگەڵا بوو.. لەبەرئەوەی ئەم دوو شۆفێرە ئۆتۆمبیلەکانیان بە شکاوی لای تاسلوجە و کەندەکەوەوە بەجێ ھێشتووە نەیانزانیبوو چاکی بکەنەوە ھەردوکیانی بە دەست بەسەری ناردنەوە بۆ بەغدا وەداوای لێکردبوون کە ئۆتومبێل چییەکی زۆر باشی بۆ بنێرن بەمەرجێک میکانیکییەکی باش بێت وە ھەروەھا ئینگلیزییەکی چاکیش بزانێت.

ھەر لەم کاتەدا لاوێکی ھیندی میکانیکی زان ھاتبوە بەغداوە ھەموو ڕۆژێک بە فەرمانی عەسکەری لە ئوردوگای ھیندییەوە واتە (معسکر ڕشید) بە ئوتومبیلە عەسکەرییەکەیەوە دەچوو بۆ (باب المعظم). لەبەر ئەوەی کە ئەم لاوە زۆر بەڕەحم بوە لە رێگای خۆیدا ھەرچی پیرو مناڵ و ئافرەتێکی بەدی بکردایە، سواری دەکردن لەسەر ئەم کردارە لێپرسراوەکەی کە باش چاوەشێکی ئینگلیزی دڵڕەق دەبێت. ڕقی لێ ھەڵ دەگرێت. کەداواکەی مێجەرسۆن دێتە لایان. ئەم ئینگلیزە دڵڕەقە ئەو لاوە ھیندییە بانگ دەکات و پێی دەڵێت: ئەوا ناوی تۆی بەڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کەبت نێرن بۆلای بێ ڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغداوە٫ ھەر بەم جۆرە پاش چەند ڕۆژێک (گۆگۆل جان مکورجی) دەکەوێتە ڕێ لە بەغداوە بەرەو شاری سلێمانی ئەو شارەی کە خۆشی ویست٫ ھەرگیز بەجێی نەھێشت٫ وەلەو رۆژەوەی کە ھات کە لە مانگی مارتی ١٩١٩ز یەوە مایەوە ھەتاکو رۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی ١٨/١٢/١٩٨٠ کە وەفاتی کرد وە لە خاکی پاکی گردی سەیوان نێژرا…

ئینجا با باسی گەشتەکەی بکەین بۆ سلێمانی: بۆ ڕۆژی دووەم لە گەیشتنی کاک مکورجی بۆ سلێمانی (میجەرسۆن) گوێی لە ڤڕەڤڕی ئوتومبێلێک دەبێ وە لە پەنجەرەی ژووری دائیرەوە سەر دەردێنێت، یەکێک لە دوو ئوتومبێلەکەی خۆی دەبینێ سەری سوڕ دەمێنێت. دەنێرێت بەدوای مکورجیدا.. (مکورجی لەقەبی خێزانەکەیانە لە بەنکال) پێی دەڵێت: چۆنت ئەم ئوتومبێلە چاک کردەوە؟ پارچەکانیت لەکوێ بووە؟ لە وەڵامدا موکرجی دەڵێت لە پارچەی ئەویان ئەمیانم تەواوکردووە بەمیان ئەوی تریانم ڕاکێشا هەتا گەیشتمە مهندس خانە پاشان بە شێنەیی ئەویشیان چاک دەکەم.

سۆن – بەم وەڵامە زۆر دڵخۆش دەبێت فەرمان دەدا کە ڕێوشوێنێکی زۆرچاکی بۆ تەرخان بکەن. زۆر ڕێزی لێ دەگرێت.. بە هۆی توانایی مکورجی یەوە لەسەر فەرمانی حاکمی ناو براو بڕیار دەدرێت بە کردنەوەی دەورەیەکی شۆفێری بۆ یەکەمجار لە شاری سلێمانی لە بەهاری ساڵی ١٩٢٠ ز هەر بۆ ئەم مەبەستە جاڕ دەدرێت وە لە ڕۆژنامەی ئەو ڕۆژەی سلێمانی دا بڵاودەکرێتەوە. وردەوردە لاوانی شار خۆیان ناونووس دەکەن، روو دەکەنەمەڵبەندی دەورەکە لە لە مهندسخانە بوو…»

ئەوەی بە پێی بەڵگەنامەکان دەردەکەوێ ئەوەیە کە وا دیارە لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٠دا لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا بڕیاری نەگەڕانەوەی بۆ هیندستان دابێ و لە خزمەتی سەربازی دەرچووە، بە پێی بەڵگەنامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازییەکەی وا دەردەکەوێ کە خۆی لەسەر داوای خۆی داوای کردووە لە خزمەتی سەربازی دەربچێ، کە ئەمەش هەر  لەسەر بەڵگەنامەکە نووسراوە کە ڕێگریی لێ دەکا لەوەی لەژێر سایە و تێچوونی سوپای بەریتانییەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ هیندستان. وا دیارە پەیوەندیی بە بەشی شارستانیی سوپاوە کردووە، چونکە بەڵگەنامەیەکی تریشمان بە دەستەوەیە کە لەو کاتەی بەریتانییەکان سلێمانی بە جێ دەهێڵن ناچارن کەمکردنەوە لە کارمەندەکانیاندا بکەن و بەم شێوەیە گۆکول-چاندیش بەرکەوتووە و ناچار بووە دەست لە کار بکێشێتەوە. هەردوو ئەم بەڵگەنامانە لە خوارەوە هاوپێچ کراون.

ئوتومبێلی تازەی کڕیوە و لە هێڵی سلێمانی-کەرکوک و کەرکوک-هەولێر و کەرکوک-کفری خستوونیەتە کارەوە. هەر لەم ماوەیەدا بووەتە ئاشنای شێخ مەحمودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب، خۆشیان ویستووە و ڕێزیان لێی گرتووە. چیرۆکە باوەکە بەو شێوەیەیە کە باپیرم ئوتومبێلەکەی خۆی پیشکەشی شێخ مەحمود کردووە و ئەویش پارەکەی داوەتەوە، دواتریش هەر خۆی بووە بە شۆفێری شێخ مەحمود. شێخ مەحمود کە لێی پرسیوە: «ناوت چییە؟» و بیهێنە بەر چاوت پیاوێکی هیندی بە شێوەی گۆکردنی هیندی ناوی خۆی بڵێ: «گۆکول-چاند سەنکەر چاند موکرجی»، شێخ مەحمودیش چەند جارێک لێی دووبارە کردووەتەوە و وتوویەتی: «ئەم ناوە بۆ من قورسە و تۆ لەمەودوا ناوت غەفوور هیندییە!» هەندێ جار پێیان وتووە: «غەفوورە ڕەش»، بەڵام کە بە دیوێکدا بیر لەم چیرۆکە دەکەیتەوە: پیاوێکی بێگانە لە وڵاتێکی بێگانە بە تەنیا بە جێ هێڵراوە و پاشای ناوچەکەش چەند هەنگاوێک لێی دوورە و ئوتومبێلی نییە و شۆفێر و فیتەری لە خۆی زیرەکتریش نییە، بە پێی ئەو پەسننامانەی هەڵیگرتوون بە گەواهینامەی ئەفسەرانی ئینگلیز موکرجی «شۆفێر و فیتەری پلە نایاب و پلە یەک» بووە، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی کردووە بۆ ئەوەی کار بدۆزێتەوە و پلانەکەشی ڕێکوڕەوان سەری گرتووە و بووە بە شۆفێری پاشا!

لە ساڵی ١٩٣٢دا بڕوانامەی تەجەنوسی وەرگرتووە، کە لە خوارەوە هاوپێچ کراوە؛ پاشان لە ٢٩ی نیسانی ١٩٣٦دا بووەتە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێڕاقی. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٨ دا داوانامەیەکی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ کردووە کە لە خوارەوە پیشان دراوە، تیایدا لەبەر بەساڵاچوون و نەتوانین داوای کردووە مۆڵەتی شۆفێریی لێ وەربگیرێتەوە و بەم شێوەیە وازی لە کار هێناوە.

ئاین

لەسەر هەموو بەڵگەنامە عێڕاقییەکانی نووسراوە گوایە موسوڵمان بووە، بەڵام هیچ کەسێک لە خێزانەکەماندا هەرگیز باپیرمانی نەدیوە هیچ نەریتێکی ئیسلامی جێبەجێ بکا. من بە تایبەتی بە هیچ شێوەیەک باوەڕ ناکەم باپیرم بە موسوڵمانی هاتبێ بۆ عێڕاق، بەڵکو هیندۆس بووە. بەڵگەکانیشم هەر لە خودی ناوی خۆیدایە: چ گۆکول و چ چاند و چ سەنکەر و چ موکرجی هەموویان ناوی هیندۆسین: گۆکول ناوی ئەو شوێنەیە کە خودا کریشنا لێی گەورە بووە؛ چاند هەر هیندۆسییە و واتە تابان یان مانگەشەو یان مانگ؛ دیارە گۆکول چاند واتە تابانی گۆکول یان مانگی گۆکول؛ سەنکەر (نەک سەنگەری کوردی)، ناوێکی هیندۆسییە، ناوی خواوەندی هیندۆسی شیڤایە، بە واتای «چاکەکار» دێ؛ موکرجی، کە بە ئینگلیزی چەندین ڕێنووسی هەیە، بە کوردیش چەندین ڕێنووسی وەک (مکورجی، مکرجی، موکورجی) هەیە، ئەویش نازناوێکی هیندۆسیی (کولین براهمین)ییە کە لە بنەچەدا وشەیەکی سانسکریتییە بە واتای «مامۆستا» یان «سەرکار» دێ. هەموو خێزانی موکرجییەکانیش لە بنەچەدا سەر بە هەرێمی بەنگال و وڵاتی بەنگلادیشن. براکانم هەموویان دەنووسن: «مکورجی»، باوکم نووسیویەتی: «مکرجی»، لەسەر پێناسی باری شارستانییەکانیشمان هەر «مکرجی»یە، بەڵام من لە ساڵی ٢٠١٩وە بە ڕەسمی کردم بە «موکرجی» و لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە هەرگیز «مکورجی» بە کار ناهێنم، چونکە پێم وایە هەڵەیە.

بەڵام بێگومان خەیرییە خانی سێیەم (یان دووەم)  هاوسەری و نەنکی من موسوڵمان بووە و باوکم و پوورم (باجی) موسوڵمان بوون و لەدایکبوونی ئێمەش بە موسوڵمانی لە قەڵەم دراوە. من پێم وایە باپیرم کەسێکی خۆخۆشەویستکەر بووە و لەسەر بیروباوەڕ دژایەتیی کەسی نەکردووە و هیچیش بە لایەوە گرنگ نەبووە بە موسوڵمان لە قەڵەم بدرێ یان بە هیندۆسی. کە تەماشای هەمووانی کردووە موسوڵمانن، ئەویش لەگەڵ ئاینی باوی خەڵکدا ڕۆیشتووە و بۆی گرنگ نەبووە. تەنانەت هیچ لای گرنگ نەبووە خەڵک بە ناوی خۆیشییەوە بانگی نەکەن، هیچ کێشەیەکی نەبووە کە شێخ مەحمود ناوەکەی گۆڕیوە بە «غەفوور هیندی». تەنانەت کە بیرم لێی کردووەتەوە: باپیرم کەسێکی زۆر ئاشتیخواز بووە، ئەو لە ناوەڕاستی هەموو شەڕکەر و تەواوی جەنگی جیهانییەکاندا بووە، کەچی تفەنگی لە دژی کەس هەڵنەگرتووە و شەڕی بۆ هیچ کەسێکیش نەکردووە، لە سوپای بەریتانیدا شۆفێر و فیتەر بووە، نە شەڕی بۆ هیندستان کردووە، نە بۆ بەریتانیا، نە بۆ عێڕاق نە بۆ کوردستان؛ من پێم وایە باپیرم بە هەموو شێوەیەک دژی شەڕ بووە، حەزێکی زۆری لە خزمەتکردنی خەڵک هەبووە، دڵسۆزی هەموو ئەوانە بووە کە کاری بۆیان کردووە و لێنەگەڕاوە ئەم دڵسۆزییەش هەر وا بێ تۆمارکردن بڕوا، ئەوەتا لەو سەردەمەدا پەسننامەی (نامەی پشتگیری و گەواهیدان)ی بە زۆربەی سەرکارەکانی خۆی نووسیوە. جارێکیان کاک ئاسۆی عومەر سوارە وتی: «کە شەڕی دەربەندی بازیان بووە، شێخ مەحمود نەیتوانیوە دەستی بە ماڵەوەی بگا، باپیرت (گۆکول-چاند موکرجی) چووە و هەموویانی هەڵگرتووە و هێناونی بۆ لای شێخ مەحمود. تەنانەت شێخ مەحمود وتوویەتی: «لەم هەموو کەللەزلەی لەگەڵمدان کەسێکتان نەبوو خەمێکی ماڵومناڵەکەم بخوا کابرایەکی هیندی نەبێ کە لەوسەری دونیاوە هاتووە؟» من نازانم کاک ئاسۆ ئەم چیرۆکەی لە کوێوە هێناوە، بەڵام بە دووری نازانم.

جارێکیان خۆم پرسیاری ئاینی باپیرمم لە باجی کرد، وتی: «ئێ خۆ لەسەر ڕەگەزنامەکەی نووسراوە کە موسوڵمانە»، وتم: «دەزانم، بەڵام ئایا هەر بە ڕاستی موسوڵمان بوو؟ تۆ قەت دیوتە نەریتێکی ئیسلامی بنوێنێ؟» بەڵام ئەو بە باسێکی تر وەڵاممی دایەوە، وتی: «جارێکیان بە کاری چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە چووم بۆ قوتابخانەیەک، بەڕێوەبەرەکە کە ناوی باوکمی بیستبوو و دەیزانی هیندییە، لێی پرسیم: ست شوکرییە، ئەوە باوکت خەتەنە کراوە؟ منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو، سەرزەنشتیم کرد و وتم: مامۆستا، زۆر ناشرینە بۆ تۆ ئەو پرسیارە دەکەیت و شەرم لە خۆت بکە. ئینجا هاتمە دەرەوە و زۆر دڵم تەنگ بوو و زۆرم پێ ناخۆش بوو کە ئەو مامۆستایە ئەوەندە بێئەدەب بوو، خۆم نەگرت بۆ ست (…)ی هاوڕێم گێڕایەوە، ئەویش وتی: جا پێت بوتایە من چوزانم خەتەنە کراوە یان نا؟ لە ژنەکەت بپرسە، ئەو ڕەنگە بزانێ».

خێزان و کەسێتی

گۆکول چاند موکرجی و خێزانەکەی
لە ڕاستەوە بۆ چەپ: شوکرییە موکرجی، خەیرییە ئەیوب غەیوب، کەمال موکرجی، گۆکول-چاند موکرجی، عەتێ فەرەج مەحمود
مناڵەکە: ئاسۆ کەمال موکرجی لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٧ە کە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئاسۆیە. شوێنەکە حەوشەی ماڵی باپیرمە لە گەڕەکی سابوونکەران.

باپیرم گوایە سێ جار هاوسەرگیریی کردووە، ژنی یەکەمی ناوی (حەبە خانم) بووە و هیچ زانیارییەکی وام لەسەر ئەم خانمە نەدۆزیوەتەوە و هیچ سەبارەت بەم خانمە نازانم: کێ بووە؟ خەڵکی کوێ بووە؟ گرێبەستی هاوسەرگیری؟ لەناو دۆسێکانیشدا هیچ بەڵگەنامەیەک لەسەر ئەم خانمە نییە، بۆیە دەشێ هەر نەبووبێ. ژنی دووەمی (یان یەکەمی) ناوی (ئامینە خانم) بووە، کچێکیان بووە و ناویان ناوە سەبیحە، کە دەکاتە پووری من. باپیرم و ئامینە خانم جیا بوونەتەوە، پاشتر ئامینە خانم شووی بە پیاوێکی تر کردووەتەوە کە ناوی کاک یەحیا بووە و سەبیحەی خستووەتە سەر ناوی خۆی، واتە پوورە سەبیحم بە ڕەسمی کچی باپیرم نییە و ناوی سەبیحە یەحیایە، بەڵام لە ڕاستیدا کچی باپیرمە و سەبیحە گۆکول-چاندە.

ژنی سێیەم (یان دووەم)ی باپیرم، کە نەنکی منە، ناوی خەیرییە ئەیوب غەییوبە، ئەگەرچی لەسەر پێناسەکەی نووسراوە لە کەرکوک لە دایک بووە، بەڵام گوایە خۆی خەڵکی کفری بووە، باپیرم لە ٢٥ی ئابی ١٩٢٥دا لە کفری مارەی کردووە. لەسەر پێناسەکەی نەنە خەیرییە نووسراوە کە لە ساڵی ١٩١٣ لە دایک بووە، ئەگەر وا بێ، کەواتە بە دوانزە یان سیانزە ساڵی شووی کردووە، بۆیە لەو باوەڕەدام هەڵەیەک لە ساڵی لەدایکبوونەکەیدا هەبێ. هەموو لاماژەکان ئەوە دەردەخەن نەنە خەیرییە تورکمان بووبێ، تەنها کەس کە ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەدەکردەوە پوورم بوو، دایکم و هەموو کەسوکارەکە دەڵێن کە نەنکم و پوورم تەنها بە تورکمانی قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە، بەڵام چەند جارێک لە باجیم پرسیوە: «نەنە کورد بوو یان تورکمان؟» دەیوت: «کورد بوو!» تەنانەت جارێکیان زۆرم لێی کرد تا بڵێ تورکمان بوو، هەر نەیوت. ئێ ئەگەر تورکمان نەبوون بۆچی بە تورکمانی قسەتان دەکرد؟ من خۆم چاک باجیم بیر دێتەوە کە تورکمانییەکی ڕەوان قسەی دەکرد، باجی عەرەبییەکی ڕەوان و کوردییەکی ڕەوانیشی دەزانی. ئەگەر بتوتایە «دەخەوم» زۆر پێی ناخۆش دەبوو، لێت تووڕە دەبوو و دەیوت: «ئەوە تۆ دۆمی دەڵێی دەخەوم؟ بڵێ دەنووم!» باوکیشم هەر تورکمانیی زانیوە. جارێکیان ئەم باسەم لەگەڵ کاک نزاری برامدا باس کرد، ئەو تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو ئەویش ئەمەیە: «تورکمانی چی؟ تورکمان چیی کردووە لەو کاتەدا؟ ئەم کەسانە چینی ژێرەوەی کۆمەڵگا بوون کە شەڕ و ناخۆشییان نەویستووە، لەگەڵ باوی خەڵکدا ژیاون، کە زانراوە تورکمان لەگەڵ عوسمانلیدا کێشەی نییە ئەوانیش خۆیان لە کێشە بە دوور گرتووە و وتوویانە تورکمانین». لێ من هەر پێم وایە تورکمان بووبێ، باوەڕ ناکەم کورد هەر وا ئاسان کچێکیان بە پیاوێکی بێگانەی هیندی دابێ، لە ساڵی ١٩٣١دا شوکرییە (باجی) لە دایک بووە، باوکیشم (کەمال) لە ساڵی ١٩٣٣ لە دایک بووە. ڕۆژ و مانگی هیچیان بە دروستی تۆمار نەکراون و هەر نووسراوە: ١ی تەممووز. ئەگەر بە دیوێکی تریشدا بیر بکەینەوە کە تا ١٩٣١ مناڵیان نەبووە؛ ئەوا لەوانەیە هەر بەڕاستی خەیرییەی لە تەمەنێکی وا مناڵیدا خواستبێ و بەڵام تا پێنج ساڵ دواتر مناڵیان نەبووبێ. بەڵام هێشتا هەر گومانم هەیە.

هەموو ئەو کەسانەی ڕۆژێک باپیرمیان دیوە باس لە میهرەبانی و هێمنی و دڵسۆزییەکەی دەکەن، ئەگەرچی دەوترێ گوایە باوکم کەسێکی تووڕە و بەزەبر بووە، پووریشم هەر وا بوو، بەڵام دایکم دەڵێ کە: «باپیرت پیاوێکی زۆر لەسەرخۆ و هێمن و ئاشتیخواز بوو، هەرچەند دەنگەدەنگێک ڕووی دابێ یەکسەر  بە دیوی ئاشتیدا دەیشکاندەوە و هەمووانی ڕێکدەخستەوە». دوو مناڵەکەشی ئێجگار خۆشویستووە و هەرگیز لە هیچیانی نەداوە، تەنانەت ئەوەش لەناو خەڵکی شارەکەدا زانراوە کە باپیرم زۆر بوک و زاوای بە ئوتومبێلی خۆی گواستووەتەوە و بەشداری خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵک بووە.  کە لە باجیم دەپرسی: «باشە تۆ چەندین ساڵ لەگەڵ ئەم پیاوەدا ژیاوی کە پڕ بووە لە چیرۆک، بۆچی پرسیاری زۆرت لێی نەکردووە؟» دەیوت :«باوکم زۆر قسەی نەدەکرد و بە تایبەتیش باسی کەسوکاری خۆی نەدەکرد، بەڵام هەندێ جار کە بە تەنیا دادەنیشت مەیی دەخواردەوە، دەستی دەکرد بە گریانی بەکوڵ و بە حەسرەتەوە بۆ کەسوکارەکەی دەگریا، چەندین جار هەر هەوڵم داوە لەو کاتانەدا لێی دەربهێنم کە چی ڕووی داوە؟ چی بووە؟ بەڵام هەرگیز وەڵامی نەدەدامەوە و هیچی باس نەدەکرد و هەر دەیوت: هیچ!» تا ئێستا تاکە چیرۆکێکی تووڕەبوونی باپیرم کە بیستبێتم ئەوە بووە کە جارێک ئاسۆی برام، کە ئەو کات ساوا بووە، لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی و پیاسەی ناوشاری پێی کردووە، دەبێ ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٩٦٧ یان ١٩٦٨دا بووبێ. سواری پاسێک بووە کە ئاسۆی لە باوەشدا بووە، بەڵام هەر کە لە ناودەرگاکەدا بوون، شۆفێرەکە نائاگادارانە دەرگاکەی داخستووەتەوە و لەم داخستنەوەیەدا قاچی ئاسۆ بووە بە دەرگاکەوە. پوورم لاسایی کوردییە شێوە هیندییەکەی باپیرمی دەکردەوە و دەیوت: «ئەی، سەکبابە کاچی ئاسۆ شکانی، سەکباب نەوەستا!»

موکرجی لە ساڵی ١٩٤٤دا لە گەڕەکی سابونکەران زەوییەکی کڕیوە و مۆڵەتی تەلارسازیی بۆی دەرهێناوە، ئەم پیاوە ئەوەندە بە ناوی (غەفوور) بەناوبانگ بووە، لەوە ناچێ نە لە شارەوانی و نە لە فەرمانگەی تاپۆ داوای پێناسیان لێی کردبێ، چونکە ڕاستەوخۆ نووسیویانە: «غفور مکرجی». ئەم هەڵەیە دواتر لە ٢٠٠٥دا ئێجگار قورس چاک کرایەوە و خانووەکە خرایەوە سەر ناوی میراتگرەکانی باپیرم، چونکە لە ڕووی یاساییەوە کەسێک نییە ناوی «غفور مکرجی» بێ. تا ساڵی ٢٠١٩ش ئەم خانووەمان ما و من لە مانگی ئاداری ٢٠١٩دا فرۆشتم. باوکم لە ساڵی ١٩٧٠دا لە گەڕەکی عەلی ناجی، پشت مزگەوتی حاجی جەمال، خانوویەکی دروست کرد و لەو کاتەوە لەو خانووەدا بووین، ئەم خانووەمان لە ساڵی ٢٠١٦دا فرۆشت.

باپیرم لە ساڵانی حەفتاکانەوە تووشی مایەسیری بووە و پاشتریش دڵی گەورە ببوو، پاشتریش مایەسیرییەکەی بوو بە شێرپەنجە و ڕۆژبەڕۆژ باری تەندروستیی بەرەو خراپ و خراپتر چووە، تا لە ڕێکەوتی ١٨/١٢/١٩٨٠ لە شاری سلێمانی و لە خانووەکەی عەلی ناجی، پاش ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشیدا، کۆچی دوایی کرد. ئەو ڕۆژەی مردبوو باوکم لە بەغدا بوو و تەلەفۆنیان بۆی کردبوو، ئەویش داوای کردبوو نەنێژرێ تا خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. گۆڕەکەی لە گۆڕستانی سەیوانە لە سلێمانی.

گۆڕی گۆکول چاند موکرجی لە گردی سەیوان
گۆڕی گۆکول-چاند موکرجی لە گردی سەیوان لە سلێمانی

باپیرم وەک هەموو هیندییەکی تر حەزی لە خواردنی بەهاراتاوی بووە، بە تایبەتیش زۆر حەزی لە بیبەر (چیلی) بووە، برا گەورەکانم دەگێڕنەوە کە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا باوکم لەبەر نەخۆشییەکەی بیبەر و خوێی لێ قەدەغە کردووە. دایکم دەڵێ هەندێ جار بە دزییەوە دەهات و بیبەری دەخستە گیرفانییەوە و بە دزیی باوکمەوە خواردوویەتی. دایکم دەڵێ: «خواردنی ئەو بە جیا بوو و نە ڕۆن و نە خوێ و نە بەهاراتی تێدا نەبووە و ئەویش هیچ حەزی لەم خواردنە نەبووە»، هەروەها حەزی لە ماسیی سەلەمۆن بووە و هەرچەند ماسیمان کڕیوە ئەو بە جیا ئەوەی خۆی جیا کردووەتەوە و کردوویەتی بە کەری و سووری کردووەتەوە.

سەبارەت بە ئاشنایەتیی باپیرم و تاگۆر، تاگۆر لانیکەم ٣٢ ساڵ لەو گەورەتر بووە، چیرۆکەکە بەو شێوەیەیە کە لە ڕێگەی کارەکەیەوە، کە جابیی ترام بووە، جارێک لەگەڵ تاگۆردا بەرەو کشمیر چوون، وا دیارە یەکبینینەکەیان ڕێکەوت بووە، بەڵام لەوەی کە هەواداری ئەو بووە، ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام، چونکە تەنانەت پوورم (باجی) هەندێ هۆنراوەی تاگۆری ئەزبەر کردبوو و هەندێ جار بۆی دەوتم، دەیوت کە ئەمانە لە باوکییەوە فێر بووە کە هیی تاگۆرن. داخەکەم هیچ کامێک لەمانە تۆمار نەکران و ئێستاش ناتوانم بە هیچ شێوەیەک بیانناسمەوە کامە کامە بوون.

باسێکی تر هەیە گوایە لە نامەیەکدا مامی بانگی کردووەتەوە بۆ هیندستان بۆ دابەشکردنی زەوی و زار و میراتی، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە. من گومانم لەم زانیارییەش هەیە، میراتیی چی؟ ئەو لەتاو هەژاری هەڵهاتووە، کام میراتی؟ پاشان مامی لە کوێ هەواڵی زانی؟ لە کوێ زانی ئێستا لە کوێ نیشتەجێیە؟ کە دەیانزانی برازاکەیان لەوێیە، بۆچی ڕۆژێک سەردانێک ڕووی نەدا؟ پاشان ئەو نامەیە کوا؟ بۆیە من زۆر باوەڕ بەم زانیارییە ناکەم کە دیسان هیی پوورم بوو و مامۆستا عەبدوڵڵا لێی بەرپرس نییە.

بەڵگەنامەکان

بەڵگەنامەی یەکەم: مووچەنامەی سەربازی هیندی: بە هەردوو بەرگەوە ١٩ لاپەڕەیە

بەڵگەنامەی دووەم: پەسننامەی یەکەم – سەرهەنگ سی. دانیەڵ ڕێکەوتی کانوونی دووەمی ١٩٢١

پەسننامەی یەکەم - سەرهەنگ سی. دانیەڵ
پەسننامەی یەکەم – سەرهەنگ سی. دانیەڵ

دەقە ئینگلیزییەکە

Jan 1921

To all whom it may concern.

This is to certify that S-rank 05204 G.C. Mukerji has been with this unit under my command for the last twelve months, and during that time he has carried out his duties to my entire satisfaction.

C Daniell captain.

RASC.

O.C. 953 MG Coy.

South Gate.

Baghdad.

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

کانوونی دووەم ١٩٢١

بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

ئەمە بەڵگەنامەی ئەوەیە کە سیپۆی ژمارە ٠٥٢٠٤ جی. سی. موکرجی لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا لەژێر فەرمانی مندا لەم یەکەیەدا بووە، لە ماوەی ئەو کاتەدا ئەرکەکانی تا پلەی کامی پەسەندیم ڕاپەڕاندووە.

سەرهەنگ: سی. دانیەڵ

ئاڕ. ئەی. ئێس. سی. (لەشکری سوپای خزمەتکاری پاشایی)

ئۆ. سی. ٩٥٣ ئێم. جی. کۆی.

دەروازەی باشوور.

بەغدا.

بەڵگەنامەی سێیەم: پەسننامەی دووەم- مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث (یان گۆڵدویت) ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٢٢

پەسننامەی دووەم- مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث
پەسننامەی دووەم- مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث

دەقە ئینگلیزییەکە

To whom it may concern.

G.C. Mukerji has been employed in Sulaimani Division as Motor Driver and Mechanic from March, 1919 to September, 1922, when the British were evacuated. Most of his work has been with Ford Cars of which make he has a thorough knowledge. He has always taken a great interest and pride in his machine and is one of the best Indian Drivers I have ever seen driven by. He is honest, sober, hard working and reliable. I can thoroughly recommend him to anyone requiring a good driver and mechanic.

I have used him for training other drivers.

  1. A. Goldsmith Major, (hard to read)

Political Officer, Sulaimani (at Baghdad)

Dated 30th Sept.,22.

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

جی. سی. موکرجی لە کەرتی سلێمانی لە ئاداری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری ئوتومبێل و میکانیک دامەزرێنراوە، کاتێک بەریتانییەکان چۆڵیان کردووە. زۆربەی کارەکانی لەگەڵ ئوتومبێلی فۆڕددا بووە کە زانیارییەکی زۆری تیایاندا هەیە. هەمیشە خولیایەکی زۆر و شانازییەکی زۆری بە ئوتومبێلەکانییەوە پیشان داوە و یەکێکە لە هەرە باشترین شۆفێرە هیندییەکانی کە هەرگیز بینیومن. کەسێکی ڕاشکاوە، ئایغ و بەئاگایە، دڵسۆزە لە کارەکانیدا و متمانەپێکراوە. بە تەواوی پێشنیازی دەکەم بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە میکانیک و شۆفێرێکی باش هەبێ. بۆ مەشقپێکردنی شۆفێرەکانی تر بە کارم هێناوە.

مەیجەر دەبڵیو. جی. گۆڵدسمیث (یان گۆلدویت، دڵنیا نیم)

ئەفسەری ڕامیاری، سلێمانی (لە بەغدا)

ڕێکەوتی ٣٠ ئەیلوول ١٩٢٢

بەڵگەنامەی چوارەم: پەسننامەی سێیەم – جێدار ئێچ. ساندێرس، ڕێکەوتی ٢٢ تشرینی یەکەم ١٩٢٢

پەسننامەی سێیەم - جێدار ئێچ. ساندێرس
پەسننامەی سێیەم – جێدار ئێچ. ساندێرس

TO WHOM IT MAY CONCERN.

G.C. Mukerjee has been employed as Principal Motor Driver to the Political Officer Sulaimani from March 1919 to September 1922. During this period he has worked to my entire satisfaction and I have never had any complaint to make regarding his work.

He has devoted himself with zeal and energy to the performance of his duties. He is painstaking and diligent. He is a first class Motor Driver, capable of undertaking all running repairs and is a good mechanic.

I have no hesitation in recommending him to any one who desire a first class driver. He leaves the Civil Administration through no fault of his own but owing to the unavoidable reduction of staff consequent upon the recent withdrawal from Sulaimani.

  1. Sanders

Late Superintendent, Mechanical Transport, Sulaimani

Baghdad, the 2nd October ’22.

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

جی. سی. موکرجی لە ئازاری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری سەرەکیی ئەفسەری ڕامیاریی سلێمانی دامەزرێنراوە. لەم ماوەیەدا بە کامی ڕەزامەندیی من کاری کردووە و هەرگیز هیچ گلەییەکم لە کارەکانی نەبووە.

بە پەرۆشی و وزەوە خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تەرخان کردووە. کەسێکی ورد و کۆڵنەدەرە. شۆفێرێکی پلە هەرە نایابە، دەتوانێ هەموو چاککردنەوەیەکی بەگەڕخستن جێبەجێ بکا و فیتەرێکی چاکە.

بێ هیچ دوودڵییەک پێشنیازی دەکەم بۆ هەر کەسێک کە شۆفێرێکی پلە نایابی بوێ. بێ سووچی خۆی یەکەی شارستانی بە جێ دەهێڵێ بە هۆی کەمکردنەوەی کارمەندانەوە کە لە ئەنجامی کشانەوە لە سلێمانیی ئەم دواییانەوە ڕووی داوە کە ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین.

ئێچ. ساندێرس

چاودێری پێشوو، بەشی گواستنەوەی میکانیکی، سلێمانی

بەغدا، ٢٢ تشرینی یەکەم ١٩٢٢

بەڵگەنامەی پێنجەم: پەسننامەی چوارەم – جێدار جەی. بۆرتن، ڕێکەوتی ٢٣ تشرینی دووەم ١٩٢٣

پەسننامەی چوارەم - جێدار جەی. بۆرتن
پەسننامەی چوارەم – جێدار جەی. بۆرتن

دەقە ئینگلیزییەکە

Kingerban

23/11/1923

During the last twelve months G.C. Mukerji has been employed by me on many occasions. He is a very good driver and always keeps his car in excellent running order.

  1. Bortan Lt.

I.A.S.C.

Re: Supplies, Kingerban

 

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

کنگربان

٢٣/١١/١٩٢٣

لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا، جی. سی. موکرجی لە زۆر بۆنەدا لە لایەن منەوە دامەزرێنراوە. شۆفێرێکی زۆر باشە و هەمیشە ئوتومبێلەکانی لە نایابترین شێوەی کاراییدا دەهێڵێتەوە.

جێدار: جەی. بۆرتن

ئای. ئەی. ئێس. سی. (لەشکری سوپای خزمەتکاری هیندی)

بۆ پیداچوونەوە: بەشی تفاق، کنگربان

بەڵگەنامەی شەشەم: بڕوانامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازی، ڕێکەوتی دەرچوونی لەسەر نەنووسراوە، بەڵام ڕێکەوتی بەکاربوونەکەی لە ١ی شوباتی ١٩٢١ەوەیە.

بڕوانامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازی
بڕوانامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازی

بەڵگەنامەی حەوتەم: بڕوانامەی تەجەنوس. ٢٢ ئایاری ١٩٣٢ دوو دیوە.

بڕوانامەی تەجەنوس
بڕوانامەی تەجەنوس

بەڵگەنامەی هەشتەم: تیانووسی ڕەگەزنامە ٢٩ نیسان ١٩٣٦: بە هەردوو بەرگەکەوە ١٤ لاپەڕەیە

بەڵگەنامەی نۆیەم: تیانووسی کەسێتی ٢٨ تشرینی یەکەم ١٩٦٢: بە هەردوو بەرگەکەوە ١٦ لاپەڕەیە

بەڵگەنامەی دەیەم: داوانامەی موکرجی بۆ دانەوەی مۆڵەتی شۆفێری

داوانامەی پێدانەوەی مۆڵەتی شۆفێری
داوانامەی پێدانەوەی مۆڵەتی شۆفێری

بەڵگەنامەی یانزەیەم: مۆڵەتی بیناکردن. ڕێکەوتی ١١/١٠/١٩٤٤: سەرنج بدە نووسراوە غفور مکرجی

مۆڵەتی بیناکردنی گۆکول چاند موکرجی
مۆڵەتی بیناکردنی گۆکول چاند موکرجی

بەڵگەنامەی یانزەیەم: بڕوانامەی ڕەگەزنامەی عێڕاقیی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بڕوانامەی ڕەگەزنامەی خەیرییە ئەیوب غەیوب
بڕوانامەی ڕەگەزنامەی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بەڵگەنامەی دوانزەیەم: بڕوانامەی ڕەگەزنامەی عێڕاقیی گۆکول-چاند موکرجی

بەڵگەنامەی یانزەیەم: پێناسی باری شارستانیی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بەڵگەنامەی یانزەیەم: پێناسی باری شارستانیی گۆکول چاند موکرجی

سەرچاوەکان

سەرچاوەی یەکەم: بەشی ئوتومبێلچییەکانی پەڕتووکی شاری سلێمانی نووسینی ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی ڕەشە. بە هەردوو بەرگەکەوە یانزە لاپەڕەیە.

سەرچاوەی دووەم: گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی. نووسینی عەبدوڵڵا کەریم مەحموود. لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ١٧٠٦ی ڕێکەوتی ٢٧/٩/١٩٩٨ بڵاو کراوەتەوە.

گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی
گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی

سەرچاوەی سێیەم: هەمان سەرچاوەی دووەم بە وەرگێڕانی عەرەبی، وەرگێڕانی کاوەی حاجی عەزیز. لە ڕۆژنامەی ئیتتیحاد ژمارە ٣٠٨ ڕێکەوتی ٥/٣/١٩٩٩ بڵاو کراوەتەوە.

ابن الهند گوکول چاند مكرجي اصبح غفور هندي ابن السليمانية
ابن الهند گوکول چاند مكرجي اصبح غفور هندي ابن السليمانية

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button