وتار و ڕاپۆرت

پەتای ڕەشبینی، جەڵدەی تەنیایی… بەڵام خولیای نوێی ئاراستەکراوی فریادڕەس

پەتای ڕەشبینی، جەڵدەی تەنیایی… بەڵام خولیای نوێی ئاراستەکراوی فریادڕەس[1]

ئەوەندەی بیرم دێ، هەرگیز حەزم بە قەرەباڵغی نەکردووە، بەڵام لێشی نەترساوم. جاران، هەندێ جار ئێستاش، پێیان دەوتم کە ئەمە هەڵەیە و دەبێ لەگەڵ خەڵکدا خۆم ئاشت بکەمەوە، وەک بڵێی کێشەکە منم! خوازیاریشم، کێشەکە من بم و بووبێتم، چونکە زۆر خۆشە هەست بکەیت و بزانی بەشێکی کۆمەڵەکەتی و ئەوانیش بەشێکن لێت و متمانەیان پێ بکەی. جاران نەمدەزانی بۆچی تەنیاییم پێ باشترە، بەڵام ئێستا دەزانم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینم پشێوییەکی تەواو بێسەرەوبەرە خەرمانەی زۆربەی خەڵکیی داوە. ئەو هەموو وزە مەزنە دەبینم سەرتاپایان وەک هەسارەیەک بە تەوەری مووچە و کلیپ و ئامۆژگاریی داوانەکراوی ئاینی و گۆرانییەکی نوێی فڵان و قەیرانی جۆراوجۆر و تەنوورە و لەچکی خانمێک و چی و چیی تردا خول دەخۆن. جیهانێک گوڕ و تاف و هەڕەت و وزەی لاویی لە خۆڕا دەمرێ و کەسیش لەوە ناچێ پێی بزانێ یان بیر لە چارەیەک بکاتەوە.

هەمیشە بیرتان بێ، ئەگەر ئێستا وێرانەیەک هەبێ، ئەوا ئەم وێرانەیە کاردانەوەیە نەک کارەکە، لێرەش بە دواوە ئەم کاردانەوەیە دەبێتە کارێکی نوێ و کاردانەوەی تر هەڵدەهێنجێنێ. بەم شێوەیە بەردەوام لە هەڵدێرانی کاری هەڵە و کاردانەوەی خراپدا دەبین. کرۆکی مەبەستیشم لێرەدا ئەوەیە کە: ئەوەی لە ڕابردوودا کردوومانە بەرەو ئێرەی هێناوین، هیچ سەیر نەبێ لاتان، ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە.

خوێندنەوەیەکی سەرپێییانەش بە مێژووی کورددا پێت دەڵێ ئێمە دەمێکە لەم لێژگەیەدا خلۆر دەبینەوە و هەڵدەستینەوە. کەواتە دەبێ بە مێژووماندا بچینەوە و سەرچاوەی ئەم دۆخەی ئێستا دەستنیشان بکەین. تکایە با بگەڕێینەوە و دەستکارییەک بکەین و ڕێچکەکە بەرەو وێستگەیەکی نوێ ببەین، با بوێرین بڵێین: «پێشینانمان هەندێ هەڵەیان کردووە و ئەو زانا و دانایە نەبوون کە ئەفسانەکان پێیان وتووین».

من سەیرم لێ دێ کە کەس ناوێرێ بڵێ پێشینان هەڵەیان کردووە! زۆریش سەیرم لێ دێ، چونکە ئێمە بەردەوام بە خۆمان دەڵێین ئەمڕۆ هەڵەین، ئێ هەر ئێمە دەبین بە پێشینانی چەندین نەوەی تر، تەنها لەبەر تێپەڕبوونی کات، ئیتر دەبێ ئەم هەموو نەزانەی ئەم سەردەمە لە نەوەی ئایندە بکرێنە دانا و زانا؟ بۆچی نەوێرین بڵێین لە ڕابردوودا هەندێ هەڵبژاردەی هەڵە بە ئەمڕۆی گەیاندووین؟ قەیچێکە با پێشینانمان هەڵە بووبێتن، ئەوە نییە بۆیان چاک دەکەینەوە؟ یان هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆین و ئۆباڵەکەش، وەک هەمیشە، لە ئەستۆی شتی خەیاڵی بئاڵێنین؟

من خۆم بە سروشت تەرە و تەنیا و گۆشەگیرم، گۆشەگیرییەکەم هیی ئەوە نییە کە دەستم لە خەڵک شتبێ، بەڵکو جاران کە نەشمدەزانی کە زۆربەی خەڵک قاوغێکی جوانکیلە و هەرزانبەهای بۆشییەکی فووتێکراون، هێشتا هەر حەزم لە تەنیایی خۆم بوو. هۆکارەکەش ئەوەیە خۆمم خۆشدەوێ و حەز دەکەم زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ خۆم و ئەو شتانەدا بە سەر ببەم کە بە ڕاستی حەزم لێیانە، بۆ نموونە: هونەر و وێژە. بۆیە لای من زۆر ئاسانە سەد ساڵ لەگەڵ خۆمدا بژیم، بەڵام هەموو گۆشەگیر و پەڕەوازەکانی تری ئەمڕۆمان وەک من نین، زۆریان حەزیان بەو تەنیاییە نایە، بەڵکو کەڵەکەبوونی هەڵبژاردە هەڵەکانی دوێنێ زۆر گەنجی پڕوزەی ئەمڕۆی ڕەشبین کردووە و وای لێ کردوون هەر تاوناتاوێ جەڵدەیەکی تەنیایی لێیان بدا و تەنانەت پەی بە هەندێ جوانی و مەزنیی دانسقە و دەگمەنی سەردەمیش نەبەن.

لە نموونەی خۆمەوە پێم وایە دەستکاریکردنێکی ڕەوتەکە ڕەنگە ببێتە هەوێنی ئایندەیەکی باشتر. با کەمێک خولیا بدەینە زانست و هونەر و وێژە، یان ئەو شتانەی دوێنێ خولیامان نەبوون و هەمیشە وتوومانە: «جا ئەوە کەی بۆ ئەم وڵاتە دەبێ!» با ڕەوتەکە بگۆڕین و چارەیەکی تر تاقی بکەینەوە، خۆ کورد هەزاران نشوستیی چەشتووە، ئەوپەڕی نشوستییەکی نوێ بۆ نشوستینامەکەمان زیاد دەبێ.

کورت و پوخت: پێم وایە لەم سەردەمەدا ئۆباڵەکە من و تۆین، دوێنێش پێشینانمان بوون. وەبەرهێنان لە وزە و هەڕەتی لاوانی سەردەمدا و ئاراستەکردنیان بەرەو بوارە ئاماژەبۆدراوەکان دەبنە فریادڕەسی ئەو پەتای ڕەشبینییەی گەنجانی گەلەکەمانی لە ئامێز گرتووە. ئاراستەکردنی زانست و هونەر و وێژە و هەلڕەخساندن و پاڵپشتیکردن و سایەداریی لەم بوارانەدا، ئەگەر ئایندەیەکی باشتریش دەستەبەر نەکەن، ئەوا بێگومان هیچ نەبێ ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو دووبارە ناکەنەوە.

زۆربەمان کۆکین لەسەر ئەوەی کێشەیەکی مەزن لە ئەمڕۆماندا هەیە، ئەی بۆچی لە تاقیکردنەوەی ڕێگەچارە دەترسین؟


[1] لە ڕێکەوتی ٨ی شوباتی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button