
پرسیار و سەرنجێک لەسەر: «ئای نیشتمانە بۆگەنەکەم، چەندم خۆشدەوێی»
«ئای نیشتمانە بۆگەنەکەم، چەندم خۆشدەوێی» ناونیشانی هۆنراوەیەکی دڵشاد مەریوانییە، کە تەنها هەشت دێڕە و لە ساڵی ١٩٨٠دا لە نێو نامیلکەی «سەمای نێرگز»دا بڵاوی کردووەتەوە، بەم شێوەیە:
جێمس جۆیس،
ساوا گاز لە مەمکی دایکی دەگرێ،
بەڵام لێی دوور بخەنەوە، بۆی دەگری؛
منداڵ شەق لە تۆپەکەی هەڵدەدا،
بەڵام لێی بستێنن، جنێو دەدا؛
من دەڵێم نیشتمانەکەم پڕە لە زێراب،
بەڵام ئەوەی بییەوێ داگیری بکا
ژێر پێی دەنێم.
دوێنێ شەو ئەم هۆنراوەیەم خوێندەوە و سەرنجمی ڕاکێشا، چونکە پێم وایە ناونیشانەکە دەنگدانەوەی ناونیشانێکی لاوەکیی ئەڵقەی حەوتەمی ڕۆمانی ئولیسی جەیمس جۆیسە کە دەڵێت: «دەبلنی پیسی ئازیز»، دەبلن پایتەختی ئایرلاندە و ئەو شارەیە کە جۆیس تیایدا لە دایک بووە، ئەو دەربڕینە بە ئینگلییەکەی بەم جۆرەیە: «dear dirty Dublin»، هەروەها دیدی ناوەرۆکی هۆنراوەکەی دڵشاد مەریوانیش لە دیدی جەیمس جۆیسەوە بۆ نیشتمان نزیکە.
لەم هەشت دێڕەدا تێگەیشتنێکی باش بۆ دیدی جەیمس جۆیس دەبینم، ئەویش ئەوەیە کە ئایرلاند و دەبلن بە تایبەتی لای جۆیس پڕە لە خەڵکی پیس و درۆزن و فێڵباز و تاوانکار و گەمژە و ستەمکار و دز و بێپەروەردە و خائین، بەڵام هیچ کام لەمانە نابنە هۆی ئەوەی چ ئایرلاند وەک وڵات و چ دەبلن وەک شار لە خۆشەویستی و گرنگیپێدان و ماف مەرەخەس بن، بەڵکو ئایرلاند هەر شایستەی سەربەخۆییە، وێڕای خراپیی زۆرێک لە خەڵکەکەی و مێژووە پڕ لە خیانەتەکەی. کە خۆزگە ئەم جۆرە گوتارە ببووایە بە گوتاری زاڵی هەندێک کەسی لای خۆشمان کە پێیان وایە مادەم دوو کورد خیانەتیان کردووە و دزییان کردووە، ئەوا ئیتر کوردستان شایستەی سەربەخۆیی و ئازادی و ماف نییە! نەخێر، کوردستان هەر شایستەی سەربەخۆییە، وێڕای ئەوەی هەزاران خەڵکی خراپی هەبووە و هەیە و وێڕای ئەوەی لە مێژوو و ئێستایدا هەزاران داش و جاشی داگیرکەری هەبووە و هەیە، بەڵام خۆ خەڵکی باشیشی هەبووە و هەیە!
جۆیس لە نامەیەکیدا کە لە ڕێکەوتی ٢٤ ئەیلوولی ١٩٠٥دا بۆ ستانیسلاوسی برای نووسیوە دەڵێت: «کە بیردەکەیتەوە دەبلن ھەزاران ساڵە پایتەختە، دووەمین شاری ئیمپراتۆرییەتی بەریتانییە، سێ جار لە ڤینیسیا گەورەترە: سەیرە کە ھیچ ھونەرمەندێک بە جیھانی نەناساندووە». ئەو دەربڕینەشی دەڵێت «دەبلنی پیسی ئازیز»، کە وای بۆ دەچم ڕەنگە سەرچاوەی ناونیشانەکەی دڵشاد مەریوانی بووبێت: «دەستەواژەیەک بوو کە لەیدی سیدنی مۆرگن (١٧٨٠-١٨٥٩) دایھێنابوو، کە خانمێکی وێژەوانی ئایری بوو».
ئینجا من لە ئێستادا زۆر لە ژیان و کارەکانی دڵشاد مەریوانی شارەزا نیم، بۆیە نازانم داخۆ دڵشاد مەریوانی جەیمس جۆیسی خوێندووەتەوە یان ئەمە ڕێکەوتە؟ (کە پێم وا نییە ڕێکەوت بێت). چونکە ئەم هۆنراوەیە لە ساڵی ١٩٨٠دا بڵاو کراوەتەوە و ئەو کاتە هێشتا وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بە عەرەبییەکەی دکتۆر تەها مەحموود تەهاش دەرنەچووبوو، چونکە دکتۆر تەها لە ٢ی شوباتی ١٩٨٢دا و لە یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی جۆیسدا وەرگێڕانەکەی خۆی بڵاو کردەوە. خوازیارم بزانم داخۆ دڵشاد مەریوانی جەیمس جۆیسی خوێندووەتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، ئەوا کام بەرهەمەی ئەوی خوێندووەتەوە؟ ئایا ئولیسی خوێندووەتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، ئەوا بە چ زمانێک خوێندوویەتیەوە و داخۆ تێگەیشتن و ئەزموونی لەگەڵیدا چۆن بووە؟