
سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئافەرین و دەستخۆشیم لێدەکەن و بە هونەرمەندی مەزنی گەلانی ترم دەچووێنن. تا ئاستی باوەڕی تەواو بێگومانم کە مەبەستیان پەسنکردن و نیازی چاکە.
بەڵام دەبێ ڕوونکردنەوەیەک بدەم ئەگەر بە دڵێکی فراوانەوە لێموەربگرن زۆر سوپاسی هەموو لایەک دەکەم. قسەیەک هەیە لە بەرانبەرمدا بووە بە دیاردە. بۆیە دەبێ ڕایەکی خۆمی لەسەر هەبێ:
سەرەتا کە دەستمکردبوو بە گۆرانیبێژان؛ زۆر جار پێمدەوترا لاسایی داریوش و عارف و هەندێ گۆرانیبێژی ئێرانی دەکەمەوە. (چونکە ئەوکاتە سەرەتاکانی یوتیوب بوو؛ بە گشتی خەڵک تا ئەوێ گەیشتبوو)، پاشتر کە گۆرانیی (جوانی)م بڵاوکردەوە چەند کەسێک کە بە ڕێکەوتی میتافیزیکی گۆرانییەکەیان بیست وتیان گوایە لە ئێدیت پیافم دزیوە. پاشان وا نزیکەی شەش حەوت ساڵە پێمدەڵێن لە ئەندریا بۆچێللی دەچم. یەک دوو هەفتە پێش ئێستا بۆ یەکەم جار شارل ئەزناڤۆریشیان خستە لیستەکەوە.
لێرەدا دەبێ خۆم ڕایەک بدەم. چ داریوش و عارف و ئێدیت پیاف و ئەندریا بۆچێللی هەموویان گۆرانیبێژی گەورەی گەلی خۆیانن. من بە سروشت چاو و گوێیەکی هەڵکۆڵەرم هەیە کە بەردەوام لێکۆڵینەوە لە شێواز و تەکنیکی هەموو هونەرمەندێکدا دەکەم بۆئەوەی وردەکاریی زیاتر فێرببم. چونکە لە کرۆکی باوەڕمەوە پێموایە گەر مرۆڤ هەوڵنەدا زیاتر فێرببێ؛ ئەو مرۆڤە سەر زەویی قورس کردووە!
بەڵام کە دێتە سەر موزیک؛ من بە هیچ شێوەیەک بە هیچ گۆرانیبێژێک کاریگەر نیم. لای من موزیکدانەر پلەی هەرەباڵای موزیکی هەیە نەک گۆرانیبێژ. هونەرمەندە مەزنەکانیش (باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، هایدن، شومان، ڤاگنەر، شۆپان، چایکۆڤسکی، لیست، دیبوسی، ڕاڤێل، بولانژێ، هۆڵست، ماهلەر، ڕاخمانینۆڤ…تد)ین. تا پلەیەکی باش لێکۆڵینەوەم لەم کەڵەهونەرمەندانەدا کردووە و سەرچاوەی کارزانی و کاریگەریی ڕاستەوخۆمن. ئێستاش وردەوردە هەندێ ناوی نوێ دێنە ئەم لیستەوە.
بەڵام بەداخەوە کە کوڕی گەلێکم کە ناتوانن وەک خۆم بمبینن و نامناسن و ئامادەش نین نە وەک خۆم بمبینن و نە بشمناسن. تاکە لێکوچوونێک لە نێوان من و مایسترۆ بۆچێللیدا ئەوەیە هەردووکمان بە شێوازی ئۆپێرایی کاریگەرین نەک من بەو. بەڵام هەر بۆ فراوانکردنی بازنەی لێکچوونەکە؛ با لیستی چەند ناوێک بدەم بەدەستەوە کە هەموومان بەرهەمی شێوازێکی موزیکین: (کاروزۆ، فیشەر-دیسکۆ، کۆرێللی، ڤوندەرلیش، دی ستێفانۆ، بیۆرلینگ، دۆمینگۆ، کارێراس، خفۆرۆسۆڤستکی، کاوفمان…تد). من هەر لە سەرەتای کارکردنمەوە بە ئاواتی ئۆپێراوە دەستمپێکرد. بەڵام ئۆپێرا گەلێکی وشیاری دەوێ؛ ئێمە جارێ گەل و دەسەڵاتەکەمان یەک لەیەک سەرخۆشترن.
کورت و پوخت: من هەموو ڕۆژێک هەوڵدەدەم لە کەس نەچم. لە کاتی موزیکدانان و نووسیندا هەزار جار باڕێک یان نیو باڕ یان تۆنێک لە موزیکەکانمدا یان ڕستەیەک لە نووسینەکانمدا دەگۆڕم ئەگەر هەر کاتێک بۆنی شێوازی هەر کەسێکیان لێبکەم. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی درەنگ درەنگ بەرهەمم هەیە. بۆیە زۆرم پێناخۆشە کە بە تاکە کەس دەچووێنرێم. زۆر پێی گەورە دەبووم ئەگەر گەلەکەم وەک (نەوا موکرجی)ی خۆیان وەریانبگرتمایە وەک لە لەبەرگیراوەی نەتەوەیەکی تر، یان فڕێمبدەنە پەڕاوێزی کەلتووریانەوە.
دڵنیام کە هەندێک لەو بەڕێزانە مەبەستیان بەرزڕاگرتنی هونەرەکەمە. دڵنیام هەندێکیان بە هیچ جۆرێک مەبەستیان کەمنرخاندن و داگرتنی من نەبووە. من هەزاران جار وامپێوتراوەتەوە کە درەنگ و زوو دەبوو قسەیەکی تێدا بکەم.