
شێکسپیر و هاثەوەی، ویل و ویست و ڕەگەزدۆزی
نووسینی: نەوا موکرجی
شوێنی بڵاوکردنەوە: ماڵپەڕی خۆم: www.nawa.net
بۆ داگرتنی ئەم ڕاڤەیە بە پی دی ئێف، لێرەدا کلیک بکە.
ئەمەی لێرەدا نووسیومە ڕاڤەی ڕستەیەکی ڕۆمانی ئولیسی جەیمس جۆیسە، کە بەم شێوەیە وەرمگێڕاوە: «ئەگەر ئەوانی تر ویستی خۆیان ھەبێت ئان ڕێیەکی هەیە»؛ ڕستەکە لە دەقە ماکەکەدا (کە ئینگلییە) بەم شێوەیەیە:
If others have their will Ann[1] hath a way.
بەستێنەکە[2]
ئەم ڕستەیە بەشێکە لە وتەیەکی درێژ، لە ئەڵقەی نۆیەمی ڕۆمانی ئولیسدایە. لەم ئەڵقەیەدا ستیفن دێدەلس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، لە پەڕتووکخانەی نیشتمانیی ئایرلاندە لە دەبلن-ی پایتەخت، لەگەڵ چوار پیاوی تردا گفتوگۆ دەکات (بێست، جۆن ئێگلنتن، ڕەسڵ، لیستەر) و لە میانەی وتە درێژەکەیدا ئەم ڕستەیەش ئاراستەی گوێگرەکانی دەکات. مژارە سەرەکییەکەیان ژیانی ویلیەم شێکسپیر-ی گەورەنووسەری ئینگلییە، کە ستیفن بۆ پشتبەستن بە وتەکانی خۆی، زۆر بەڵگەی ناوەکیی نێو بەرهەمەکانی شێکسپیر دەهێنێتەوە و بە ژیانی تایبەتی خودی شێکسپیریان بەراورد دەکات.
ئەوەی بە تایبەتی لە دەوری ئەم ڕستەیە کۆ بووەتەوە هەلومەرجی کاتی خوازبێنیی ژنەکەی شێکسپیرە، کە ناوی ئان هاثەوەی Anne Hathaway بووە، کە شێکسپیر تەمەنی نزیکەی ١٨ ساڵ بووە کە ئان-ی تەمەن ٢٦ ساڵی خواستووە، واتە ئان هاثەوەی لانیکەم ٨ ساڵ لە شێکسپیر بەتەمەنتر بووە. وا دیارە پێش ئەوەی ببنە هاوسەری یەکتر سەرجێییان کردبێت، چون کەمتر لە شەش مانگ دوای هاوسەرگیرییەکەیان یەکەم کچیان بە ناوی سوزانا-وە لە دایک بووە. ستیفن پێی وایە ئەوەندەی ئان هاثەوەی چووەتە خوازبێنیی شێکسپیر، ئەوەندە شێکسپیر نەچووەتە خوازبێنیی ئەو. دەڵێت: «He was chosen, it seems to me»، بە واتای ئەوەی: «ئەوەندەی من دەیبینم ئەوەیە کە خۆی (شێکسپیر لە لایەن هاثەوەییەوە) ھەڵبژێرراوە». تەنانەت یەکێک لەو سەرچاوانەی ستیفن لە بارەی ژیانی شێکسپیرەوە خوێندوویەتیەوە دەڵێت کە لە کاتی خوازبێنیکردنەکەدا ماڵی هاثەوەی ویستوویانە بەپەلە بیبڕێننەوە و پەلەپەلیان کردووە، بەڵام ماڵی شێکسپیر تەگەرەیان خستووەتە خوازبێنییەکەوە و خاوەخاویان کردووە.
بەهەرحاڵ، ستیفن بە گشتی ڕای لەسەر ئان هاثەوەی باش نییە.
ڕستەکەی جۆیس
ئەمە یەکێکە لەو ڕستانەی ئولیس کە دوو پێکاری ڕەوانبێژیی تێدایە، کە ڕەگەزدۆزی-ن (ئەوەی بە عەرەبی پێی دەوترێت جیناس). ڕەگەزدۆزی: یاریکردنێکە بەو وشانەی دەنگیان وەک یەک وایە، وەک سینەما: کە هەم بە واتای شوێنی نمایشکردنی فیلم دێت، هەم بە واتای سینەی منیش دێت (سینەمدا). بە گوێرەی بەستێنەکەی ئەم ڕستەیە لە ڕۆمانەکەدا و بە گوێرەی ئەو سەرچاوە و ئاماژانەی لە پشت ئەم ڕستەیەوە هەن، دەکرێت ڕستەکە چەندین توێکڵی هەبێت و چەند واتایەک بدات و بە ئاسانی وەرنەگێڕرێت، بۆیە دەبێت ڕوون بکرێتەوە.
دوو ڕەگەزدۆزییەکە
ڕەگەزدۆزیی یەکەم لەسەر وشەی willی نێو ڕستەکەیە. ویل Will لە زمانی ئینگلیدا کورتکراوەی ویلیەم-ە، کە ناوی یەکەمی شێکسپیرە، بەڵام دەبێت پیتی یەکەمی وشەکە بە گەورە بێت. بەڵام ئەگەر پیتی یەکەمی وشەکە بە بچووک بێت will، ئەوا بە واتای «ویست» دێت. واتە will لە ڕستەکەی جۆیسدا لانیکەم دوو واتای هەیە، یەکێکیان کورتکراوەی ویلیەمە، ئەوی تریان بە واتای ویست دێت.
ڕەگەزدۆزیی دووەم لەسەر ڕستەی hath a wayی نێو ڕستەکەیە. کە لە ڕستەکەی جۆیسدا بە ئینگلیی سەردەمی شێکسپیر نووسراوە، نەک ئینگلیی ئێستا، چون بە ئینگلیی ئەمڕۆ دەبێت بە has a way. ڕستەکە چەند واتایەکی جیاواز دەگەیەنێت، کە ئەمانەن: ڕێیەکی هەیە؛ تەرزێکی هەیە، یان: شێوازێکی (خۆی) هەیە؛ ڕێیەکی لە بەر دەستدایە، یان ڕێیەک شک دەبات، یان ڕێگەچارەیەکی پێیە. واتاکەی تر لەو کاتەدا دێت کە وشەکانی ڕستەکە بنێینەوە بە یەکەوە و یەک وشەی لێ دروست بکەینەوە، کە دەبێت بە ناوی کۆتایی ژنەکەی شێکسپیر (هاثەوەی) و بەم شێوەیە دەنووسرێت: Hathaway.
ئەگەر پێکارە ڕەوانبێژییەکان ڕەچاو بکەین (واتە ڕەگەزدۆزییەکان بکەینەوە)، ئەوا ڕستەکە چەند واتایەکی زۆرتر بە دەستەوە دەدات و وەهای لێ دێت:
سەرنج بدە خۆم بۆرێکم (،) لە نێوان دوو ڕستەکەدا زیاد کردووە، کە لە دەقە ماکەکەدا نییە، بەڵام لێرەدا تەنها بۆ بەرچاوڕوونیی ئەم ڕاڤەیە دامناوە. دواتریش سەرنج بدە هەموو ئەو وەرگێڕانەی تر کە ڕەچاوم کردوون و بەراوردم کردوون، بۆرەکەیان بۆی زیاد کردووە، جگە لە من.
سەرچاوە و ئاماژەکانی پشت ڕستەکە
لە پشت ئەم ڕستەیەی جۆیسەوە پەندێکی ئینگلی و ڕستەیەکی خودی شێکسپیر خۆی هەن کە ڕستەکەی شێکسپیر لە سۆنێتی ١٣٥دایە و لێرەدا هەموو سۆنێتەکەم وەرگێڕاوە، تا پەیوەندییە واتاییەکەی ئەم ڕستەیە بە سۆنێتەکە و ژیانی شێکسپیرەوە ڕوونتر ببێتەوە.
پەندە ئینگلییەکە دەڵێت: «هەر ویست هەبێت، ڕێش دەبێت». وا بزانم واتاکەی ڕوونە: تا ویستت نەبێت، هیچ ڕێیەک نابێت، کە ویستت هەبوو، ڕێیەکیش دەدۆزیتەوە. کەواتە دەتوانین لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەندەوە ڕستەکە بەم شێوەیە وەربگێڕین:
ئەگەر ئەوانی تر ویستیان هەبێت، ئانیش ڕێیەک دەدۆزێتەوە.
سام سڵەوت، کە یەکێکە لە ڕاڤەکارانی ئولیس، ئەم پەندەی پەیوەست کردووەتەوە بەم ڕستەیەوە (ڕاڤەکانی سڵەوت، لا. ٦٣٠). پێم وایە لەوانەیە بۆ بونیادی ڕستەکە سوودی لێ وەرگیرابێت.
بەڵام ئەوەی وا دیارە پەیوەندیی زیاتری بەم ڕستەیەی ئولیسەوە هەبێت ڕستەیەکی سۆنێتی ١٣٥ی شێکسپیرە، کە جۆیس ڕێک ڕستەکەی یەکەمی خۆی لەسەر ئەوەی شێکسپیر داڕشتووە. شێکسپیر لەم سۆنێتەدا چەندین جار ڕەگەزدۆزی لەسەر وشەی ویل بە واتای کورتکراوەی ناوی خۆی و will بە واتای ویست دادەنێت. بەڵام شێکسپیر واتای زیاتریش لە وشەکە دەبەستێت، ئەمە سۆنێتەکەی شێکسپیرە بە وەرگێڕانی خۆم:
سۆنێتی ١٣٥[3]
هەر مێیەک ئاواتی خۆی هەبێت، ئەوا تۆ ویل-ی خۆت هەیە[4]،
جا ویلەکەت بە زیادەوە، ویل-ت لە ئەندازە بە دەر،
سەروزیادم، من کە هەردەم دەتورووژێنم[5]،
هەر بۆ ویستە خۆشەکەتە کە ئەمیش هەر دێتە زیادبوون[6].
ئایا تۆ، کە ویستەکەت گەورە و بەرینە،
بۆ جارێکیش ڕێگە نادەیت ویستەکەم لە ئەوەی خۆتدا حەشار بدەیت؟
داخۆ ویستی خەڵکانی تر بەخشندەتر دیارن،
کەچی پەسەندکردنی جوان بۆ ویستی من نادرەوشێتەوە؟
دەریا خۆ هەمووی هەر ئاوە، بەڵام بارانیش وەردەگرێت،
زیاد لە پێویست بۆ ئەمباری خۆی زیاد دەکات؛
تۆش، کە لە ویل-دا زەنگینیت، ویستێکی من
بۆ ویل-ەکەی خۆت زیاد بکە، تا ویل-ە گەورەکەت گەورەتر بێت[7].
مەهێڵە دڵڕەقێتی هیچ خوازبێنیکەرێکی جوان بکوژێت؛
گشتیان وەک یەک سەیر بکە، منیش بخە نێو ئەو تاکە ویل-ەوە.
* * *
شێکسپیر دواتر لە سۆنێتی ١٤٣شدا درێژە بەم ڕەگەزدۆزییەی سەر وشەی ویل و ویست دەدات.
گیفرد چۆن ڕستەکە ڕاڤە دەکات؟
یەکێک لە ڕاڤەکارە مەزنەکانی ئولیسی جۆیس پیاوێکە بە ناوی دان گیفرد، کە لەگەڵ ڕۆبێرت سایدمان-ی قوتابیی خۆیدا پەڕتووکێکی دوو هێندەی ئولیسیان بڵاو کردووەتەوە بە ناونیشانی ئولیسی ڕاڤەکراو Ulysses Annotated، کە هەر هەمووی ڕاڤەی ئولیسە و منیش لەگەڵ وەرگێڕانی ڕۆمانەکەی جۆیسدا تەواوی ئەم پەڕتووکەش وەردەگێڕم و تا ئێستا نزیکەی نیوەیم وەرگێڕاوە. لە بارەی ئەم ڕستەیەوە دەڵێت:
لەوانەیە «ئەوانی تر» کە «ویستی خۆیان هەیە» مەبەست لێیان ئەو کەسانە بن کە شێکسپیر لە سۆنێتەکانی ١٣٥ و ١٤٣دا ئاماژەیان پێ دەدات و دەڵێت: «هەر مێیەک ئاواتی خۆی هەبێت، ئەوا تۆ ویل-ی خۆت هەیە» (سۆنێتی ١٣٥، دێڕی ١)، (ڕەگەزدۆزی لەسەر وشەی «ویل» هەیە، کە یەکێکیان ویلیەم شێکسپیرە، ئەوی تریان ویست یان ئارەزووی جووتبوونە)؛ لە دێڕی سێیەمی سۆنێتی ١٤٣دا دەڵێت: «نزا دەکەم ویل-ی خۆت بە دەست بهێنیت». ڕەگەزدۆزییەکەی سەر ناوی ئان هاثەوەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبەستێکی چارلس دیبدین (١٧٤٥-١٨١٤) کە لە ڕۆمانی هانا هیویت یان کروزۆی مێ (١٧٩٢)دا هەیە، دەڵێت:
دەبێت فریشتەکان ئان هاثەوەییان خۆش بوێت؛
ڕێیەکی هەیە بۆ
ڕامکردن و شادکردنی گیانە بەندنەکراوەکان،
ئاسمانی شیرین لەسەر زەوی دەریدەخات
کە ئان بۆ بەرزکردنەوە ڕێیەک شک دەبات
وێ ڕێیەکی هەیە
ئان هاثەوەی.
ئینسایکلۆپیدیای گوتە کردارەکییەکان (ئیدیتی جەی کەی هۆیت [نیو یۆڕک، ١٨٩٦]، لا.٢٠٣) هەمان هۆنراوەی بە کەمێک جیاوازییەوە هێناوەتەوە و لەسەری نووسیوە «دراوەتە پاڵ شێکسپیر». ~گ.س. (گیفرد و سایدمان)
لە بارەی دوایین وتەی گیفردەوە کە دەڵێت «دراوەتە پاڵ شێکسپیر» واتە گوایە شێکسپیر خۆی ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە.
دیبدین لە خودی ئەو هەڵبەستەدا بە زیاتر لە واتایەک Ann hath a wayی بە کار هێناوە، جارێک بە واتای «ڕێیەک شک دەبات» و جارێک بە واتای «شێوازی خۆی هەیە».
وەرگێڕەکانی تری ئولیس چۆنیان وەرگێڕاوە؟
کورمانجییەکەی نەمر
کاک کاوە نەمر (لا. ٢٨٢) بەم شێوەیە بۆ کورمانجیی وەرگێڕاوە:
«هەکە کەس و کوسێن دن ڤێنا خوە هەبوو، یا ئانێ ژی هەبوو رایەک.»
ئەمە خودی دەقە لاتینییەکەی کاک کاوەیە:
Heke kes û kûsên din vêna xwe hebû, ya Annê jî hebû rayek.
فەڕەنسییەکە
وەرگێڕانە فەڕەنسییەکە (کە چەند کەسێک وەریانگێڕاوە) بەم شێوەیە وەریانگێڕاوە:
«ئەگەر ئەوانی تر هونەری ویل-یان هەبێت، ئان هاثەوەی ڕەفتاری خۆی هەیە.»
واتە: ئەگەر ئەوانی تر هونەری ویلیەم شێکسپیریان هەبێت، ئەوا ئان هاثەوەی ڕەفتاری خۆی هەیە.
تەواوی ناوی ئان هاثەوەیی هێناوە و ڕەگەزدۆزییەکەی کردووەتەوە؛ بەڵام ئەم ڕاڤەیەیان لەسەری نووسیوە:
«ڕەگەزدۆزی لەسەر ناوی یەکەمی شێکسپیر و ناوی کۆتایی ژنەکەی دانراوە: “ویست” لە سەردەمی ئەلیزابێثدا جگە لە واتاکەی خۆی، بە واتای ئارەزووی جووتبوونیش هاتووە».
ئیتالییەکەی تێرینۆنی و بیگاتسی
ئێنریکۆ تێرینۆنی و کارلۆ بیگاتسی بەم شێوەیە بۆ ئیتالییان وەرگێڕاوە:
«ئەگەر ئەوانی تر ویستی خۆیان هەبێت، ئان ڕێی خۆی هەیە.»
کۆتاییەکەیان ڕاستەوخۆ بە واتای ڕێ وەک ڕێگا وەرگێڕاوە. بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ئەو دوو وەرگێڕە ڕاڤەی زۆریان نووسیوە، کەچی هیچ ڕاڤەیەکیان لەسەر ئەم ڕستەیە نەنووسیوە.
ئیتالییەکەی جێلاتی
جانی جێلاتی بەم شێوەیە بۆ ئیتالیی وەرگێڕاوە:
«چون ئەگەر ئەوانی تر ویل-ی خۆیان هەبێت، ئان وەی-ی خۆی هەیە.»
ویل-ی بە پیتی گەورە نووسیوە، واتە شێکسپیر. وشەی wayی وەرنەگێڕاوە و هەر بە وەی wayی ئینگلی دایناوەتەوە، بەم شێوەیە: «Ann ha la sua way».
عەرەبییەکەی تەها
دکتۆر تەها مەحمود تەها بەم شێوەیە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە:
«ئەگەر ئەوانی تر ویستێکیان هەبووبێت، ئانیش ئەم ئارەزووەی هەبووە.»
عەرەبییەکەی نیازی
سەڵاح نیازی بەم شێوەیە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە:
«ئەگەر ئەوانی تر ئارەزوویەکیان هەبووبێت، ئانیش ئارەزووی خۆی هەبووە.»
بەشێکی ڕاڤەکەی گیفرد و سایدمانی لەسەر ڕستەکە وەرگێڕاوە، کە خۆیشم لە سەرەوە هەموو ڕاڤەکەیانم وەرگێڕا. بەڵام ئەوەی سەیرە سەڵاح نیازی لە ڕاڤەکەیدا یەکەم: سەرنجی ڕەگەزدۆزییەکەی سەر وشەی ویل (ویلیەم)ی نەداوە، ئەگەرچی سەرچاوەی ڕاڤەکەی هەر ئەوەی گیفردە، کەچی دیارە ئەو دوو دێڕەی نەدیوە، یان بۆی گرنگ نەبووە؛ دووەم: تەنها لەسەر ڕەگەزدۆزییەکەی سەر ناوی ئان هاثەوەی دوواوە، بە هەڵەش پێی دەڵێت «تەورییە» (توانجپۆشی) کە توانجپۆشی نییە، بەڵکو ڕەگەزدۆزییە (جیناس)؛ سێیەم: ناوی ڕۆمانەکەی دیبدینیش بە هەڵە دەبات (حەنان هیویت)، ئەمە وەرگێڕراوی ڕاڤەکەیەتی:
تەورییە (توانجپۆشی) لەسەر وشەی Hathaway = hath a way هەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چارلس دیبدین و ڕۆمانەکەی بە ناونیشانی Hannan Hewit یان کروزۆی مێ (١٧٩٢): «دەبێت فریشتەکان ئان هاثەوەییان خۆش بوێت؛ ڕێیەکی هەیە بۆ ڕامکردن و شادکردنی گیانە بەندنەکراوەکان…».
کەواتە بە کوردی دەبێتە چی؟
بگەڕێینەوە سەر دەقەکەی ئولیس، کەواتە وەک دەبینرێت، چەند واتایەک لە نێو ڕستەکەی جۆیسدا خۆیان حەشار داوە:
١. ئەگەر هەر کەسێک ئارەزووی جووتبوونی هەبێت، ئەوا ئان ڕێیەک شک دەبات!
٢. ئەگەر ئەوانی تر (کەسوکاری ویلیەم شێکسپیر لە کاتی خوازبێنیی ئان هاثەوەیدا) ویستی خۆیان هەبێت (لەوەی نەیانەوێت شێکسپیر ئان بخوازێت)، ئەوا ئان ڕێیەک شک دەبات (بۆ بەستنەوەی ویلیەم؟).
٣. بە گوێرەی پەندە ئینگلییەکە ١: مادەم ئەوانی تر ویستیان هەیە، کەواتە ئانیش ڕێیەک دەدۆزێتەوە (واتە مشووریان بۆ دەخوات).
٤. بە گوێرەی پەندە ئینگلییەکە ٢: ئەگەر ئەوانی تر (هەر کەسێک) ویستی خۆیان هەبێت، ویستەکەیان هەر ئان هاثەوەیە.
٥. بە گوێرەی وەرگێڕانە فەڕەنسییەکە: ئەگەر ئەوانی تر هونەری ویلیەم شێکسپیریان هەبێت، ئەوا ئان خوو و ڕەفتاری خۆی هەیە (و دەستبەرداری نابێت؟).
٦. ئەگەر دونیا ولیەم شێکسپیرێکیان هەبێت، ئان هەر ڕێیەکی خۆی دەدۆزێتەوە (بۆ چ شتێک؟ لەخشتەبردنی شێکسپیر؟).
ئەنجام
لە کۆتاییدا ویستەکە هەر وەک ویست دادەنێمەوە و لێدەگەڕێم ئەم ڕاڤەیەم واتاکانی لە پشتەوە بۆ دروست بکات. بۆ بەشەکەی تری ڕستەکەش واتا ڕووکەشەکە دەهێنم، کە لە کوردییەکەشدا ئاماژەی زیاتر دەدات، من ئەم ڕستەیە هەڵدەبژێرم:
ئەگەر ئەوانی تر ویستی خۆیان ھەبێت ئان ڕێیەکی هەیە.
هەر وەک دەقە ماکەکەش هیچ بۆرێک (،) لە ڕستەکەدا دانانێم.
دەشێت ڕستەکە واتای تریش لە خۆ بگرێت، بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا بڕیارێک بدەم و لەسەر ئەو ڕستەیەی سەرەوە دەگیرسێمەوە.
[1] سەرنج بدە لە دەقە ماکەکەدا وشەی ئان بە Ann نووسراوە، بەڵام ڕێنووسەکەی ئەمڕۆی Anneە. پێم وایە لەبەر ئەوەیە کە Ann hath a way، کە لە هەڵبەستێکی چارلس دیبدین-ەوە هێنراوە و لە ڕاڤەکەی گیفرددا زیاتری لە بارەوە دراوە، لە هەڵبەستەکەشدا هەر بەو ڕێنووسە نووسراوە و ڕێنووسی ئینگلیی سەردەمی شێکسپیرە.
[2] مەبەستم لە وشەی بەستێن ئەوەیە کە بە ئینگلی پێی دەوترێت کۆنتێکست context.
[3] ئەم سۆنێتە و سۆنێتەکانی پێشتر (لە سۆنێتی ١٢٧ەوە) پێیان دەوترێت «سۆنێتەکانی خانمە تاریکڕەنگەکە» Dark lady sonnets، کە باشتر بوو بوترایە «سۆنێتەکانی خانمە قژڕەشەکە»، چون هەرگیز شێکسپیر بە «خانمی تاریکڕەنگ» ناوی نەبردووە. وا دیارە بۆ خانمێک نووسرابێتن.
شێکسپیر هەر لە سۆنێتی ١٢٧ەوە بە بەراوردی ئێستا (ی سەردەمی خۆی) و ڕابردوو دەست پێ دەکات کە چۆن جاران ڕەش بە جوان نەزانراوە، بەڵام ئێستا ڕەش میراتگری جوانییە. پاشان شێکسپیر لە بارەی «خانمەکەی دۆستی»ەوە دەڵێت: «چاوی وەک قەلەڕەش ڕەشە، قژی ڕەشە، گۆمەمکی قاوەییە، خۆی وەک بەفر سپییە، لێوی سوورە، گۆناکانی گوڵیینن»، لەوانەشە ئەم خانمە موزیکژەن بووبێت، چون لە جێیەکدا شێکسپیر باس لە پەنجەی دەکات کە ئامێرێکی موزیک دەژەنێت.
[4] وشەی ویل Will، کورتکراوەی ویلیەمە؛ بەڵام بە پیتی بچووک will بە واتای «ویست» دێت. واتە (وەک باسم کرد) وشەکە لانیکەم ڕەگەزدۆزییەکی لەسەرە و دوو واتای هەیە. بەڵام لە کۆی ئەم سۆنێتەدا وا دەردەکەوێت کە واتای تریشی لە پشتەوە بێت، واتە ڕەگەزدۆزییەکە بۆ زیاتر لە دوو واتا بڕوات: «ویست»ێکیان بە واتای ویستی جووتبوون و ئارەزوو دێت؛ لەوانەیە ویستێکیان ئەندامی مێینەی خانمەکە بێت (کە گەورە و فراوانە!)؛ لەوانەیە ویل-ێکیان ناوی ئەندامی نێرینەی شێکسپیر بێت (کە بۆی زیاد دەبێت؛ بە دەربڕینێکی تر: بە گوێرەی ویست زل دەبێت!)؛ ویل-ێکی تریان خودی ویلیەم شێکسپیر خۆیەتی؛ لەوانەیە ویل-ێکی تریان مێردی ئەو خانمە بووبێت، یان دۆستێکی تری بووبێت، بۆیە پێی دەڵێت: «تۆش، کە لە ویل-دا زەنگینیت، واتە ویل-ت زۆرە و تیایدا دەوڵەمەندیت»، یان ئەندامی نێرینەی پیاوی ترن، کە ئەم خانمە زۆری هەیە! بەهەرحاڵ، کەواتە ئەم ڕستەیە واتای تریش دەگەیەنێت: یەکێکیان: تۆ ویستی خۆتت هەیە.
[5] ئەم وشەیە لە واتا ڕووکەشەکەدا بە واتای تووڕەکردن دێت، واتە «من کە هەردەم تووڕەت دەکەم»، بەڵام وشەکە لە سەردەمی شێکسپیردا بە واتای ورووژاندنیش هاتووە، وا دیارە شێکسپیریش لەم بەستێنەدا مەبەستی لەم واتایەیان بووبێت.
[6] وا دیارە شێکسپیر مەبەستی لە ئەندامی نێرینەی خۆی بێت، کە دێتە زیادبوون (گەورە دەبێت).
[7] هەم بە واتای «ویستی جووتبوونت زیاتر بێت»، هەم بە واتای «ئەندامی نێرینەی ویلیەمیش گەورەتر بێت!»