
دانای ڕاستەقینە، دەبێ بە دوایدا بگەڕێیت و بیدۆزیتەوە و بچیتە خزمەتی و داوای لێ بکەی ئامۆژگاریت بکا. چونکە بەهای زانیاری دەزانێ و بێسوود نایهاوێ و بە فیڕۆی نادا.
نادان پەنجا کەناڵی تەلەفیزیۆنی و سەدی ڕادیۆیی و ملیۆنێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی دروست دەکا و بڵندگۆ لە خۆی دەبەستێ و دەسووڕێتەوە و بە هاتوهاوار و شاتەشات ئامۆژگارییە بێنرخەکانی بەسەر گوێی هەموو کەسێکدا دەردەفیچقێنێ.
بێ ئەوەی کەس داوای کردبێ!
لە خۆت بپرسە: ئەگەر ئەم هەموو بللیمەتەمان هەیە، خێرە هیچمان بە هیچ نەبووە؟
تکایە بەسە ئامۆژگاری. نامانەوێن. ئامۆژگارییەکانتان سەری کردین بە قوڕدا. ئامۆژگاریکەر و بللیمەت ئێجگار زۆر بوون، سبەینێ پارەی خانەنشینی ئەم هەموو بللیمەتە لە کوێ بهێنین؟