وتار

بێواتاترین پەسنی سەردەم

مەڵێ: «تایبەت» و «زۆر تایبەتە»

بێواتاترین پەسنی سەردەم[1]

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبێکی زۆر تایبەتە؛

دوێنێ شانۆگەرییەکم دی زۆر تایبەت بوو؛

موزیکەکانی یۆهان سێباستیان باخ زۆر تایبەتن؛

فیلمێکم دی زۆر تایبەت بوو، بە تایبەت دیمەنێکیم دی، هەر زۆر تایبەت بوو؛

منداڵێکم دی زۆر تایبەت و جوان بوو؛

زمانی فەڕەنسی زمانێکی زۆر تایبەتە؛

کوڕێک دەناسم زۆر تایبەتە، کچێکیش دەناسم ئەویش هەر زۆر تایبەتە؛

دەنگی حەسەن زیرەک زۆر تایبەتە، هی ماملێش هەر تایبەتە؛

ئینجا زۆر کەس منیان زۆر لا تایبەتە، بەڵام هەندێک کەس منیان تەنها لا تایبەتە، هەندێک هەن پێیان وایە تایبەت و جوانیشم؛

فڕاکسیۆنی داعشە ترسنۆک و ناوگەڵپشکنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، واتە ئەو فڕاکسیۆنەی کە بە هەموو شێوەیەک داعشن، بەڵام نەیانوێرا لە جەنگەکەیاندا بەشداری بکەن و زیاتر حەزیان لە زینە و لەعیب و لەهووی حەیاتی دونیا بوو، زۆر تایبەتن و دەنگە نازوڵاڵەکانیشیان، کە لاڵ بوونایە باشتر بوو، زۆر تایبەتە؛

کۆمێنتڕشێنەرەوەکانی فەیسبووک هەر زۆر تایبەتن!

ئیتر ئاوا لەم سەردەمە تایبەتەدا هەموو شتێک هەر تایبەتە!

بە هەموو ئەو نموونانەی سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێت وشەی «تایبەت» هیچ واتایەکی نییە، تەنها وشەیەکە بۆ ئەوەی پەسنێک لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە. هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە وشەکە بە واتای ئەوە دێت کە: «من دەمەوێت پەسنێکی ئەم شتە بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی من کەسێک نیم بتوانم پەسن و شت بکەم، ئیتر دەڵێم تایبەتە بە واتای ئەوەی کە نیازم وایە شتێکی باش لەسەر ئەمە بڵێم» بەڵام هەندێک نموونە هەن کە تیایاندا وا دەردەکەوێت پێچەوانەکەی ئەم واتایەش هەر ڕاستە!

پێچەوانەی وشەی تەڕ وشەی وشکە، کە دەڵێیت: «دەستم تەڕە»، واتە دەستم وشک نییە؛ ئاوهاش پێچەوانەی وشەی تایبەت وشەی گشتییە، واتە کاتێک دەڵێیت «دەنگی حەسەن زیرەک زۆر تایبەتە» ئایا مەبەستت ئەوەیە کە دەنگی حەسەن زیرەک گشتی نییە؟

من تێناگەم، خۆ تفەنگیان نەخستووەتە سەر سەرت، بۆچی پێت وایە ناچاریت پەسنی شتێک بکەیت کە نە دەتوانیت پەسنی بکەیت، نە دەشزانیت پەسنی بکەیت؟ یان ئەگەر دەتەوێت پەسنی شتێک بکەیت، کەمێک خۆت ماندوو بکە و وشەیەکی تر جگە لەم «تایبەت»ە پیسە بدۆزەوە و پەسنی شتانی پێ بکە.

زۆر بە دەگمەن وشەی «تایبەت» بە واتا ڕاستینەکەی خۆی بە کار دەهێنرێت، بە نموونە دەوترێت: «فڵان قوتابخانە تایبەتە»، واتە ئەو قوتابخانەیە هەموو منداڵێک وەرناگرێت؛ یان بە نموونەیەکی تر: دەوترێت «قسەی تایبەتم لەگەڵ فڵان کەسدا هەیە» بە واتای ئەوەی نابێت ئەو قسانە لە بەر چاوی هەموو کەسێکی تردا بکرێن و قسەی گشتی نین. لێرەدا واتای «تایبەت» لە جێی خۆیەتی.

هاوڕێیان، تکایە دەستبەرداری ئەم وشەی «تایبەت»ە بن، یان پەسنی هیچ مەکەن، یان کە پەسنی شتێکتان کرد ئیتر خۆتان ماندوو بکەن و یەکسەر دەست مەبەن بۆ ئەو وشەیەی کە ئەگەر نەشیڵێیت کەس گلەییت لێ ناکات!

ئیتر مەشنووسە، ئەم نووسینە زۆر تایبەتە! (گاڵتە دەکەم، بینووسە، قسەی خۆش هەر خۆشە)


[1] لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا نووسیومە، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button