وتار و ڕاپۆرت

من و گوستاڤ مالەر

من و گوستاڤ مالەر

ساڵی ٢٠٠٩ خاڵۆزاکەم ئایپۆدێکی بچکۆلانەی چوار گێگابایتی لە وڵاتی چینەوە بۆم نارد. ماڵپەڕێکی ڕووسیشم دۆزیبووەوە کە پڕ بوو لە موزیکی کلاسیک بە خۆڕایی، زۆرێک لەو موزیکە کلاسیکییانەم بێسەرەوبەرەییانە دابەزاندە لای خۆم. هەموو فایلەکان بە ڕووسییەکی تێکشکاو نووسرابوون و نەدەخوێنرانەوە. ئەوەندەی ئایپۆدەکەم گرتنی هەندێکم بە هەڕەمەکی تێکرد و بەردەوام گوێم لێیان دەگرت. زۆر تامەزرۆی یەکێک لە موزیکەکان بووم، بەڵام بە داخەوە نەمدەزانی ناوی چییە و کێ دایناوە.

ساڵ هات و ڕۆیشت، بە بۆنەی لێکۆڵینەوەم لە بەئۆرکێستراکردندا، لێکۆڵینەوەم لە گوستاڤ مالەردا دەکرد، چونکە مالەر یەکێکە لە باشترین بەئۆرکێستراکەرەکانی مێژووی موزیک. بۆم دەرکەوت کە ئەو موزیکەی خولیایەکی تایبەتم بۆی هەبوو، جووڵەی دووەمی سیمفۆنیی دووەمی مالەر بوو. هەموو ئەو موزیکانەشی کە لە ئایپۆدەکەمدا بوون و وەکو ناوی خۆم هەموویانم ئەزبەر کردبوو، سیمفۆنییەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمی ماهلەر بوون.

من بەوپەڕی تێگەیشتنمەوە، بەوپەڕی باوەڕمەوە، لەم تەمەنەی ئێستامدا، پێم وایە دونیا تەنهاوتەنها لەبەر ئەوە دروست کراوە کە گوستاڤ مالەر سیمفۆنییەکانی خۆی بنووسێتەوە و منیش گوێیان لێ بگرم و چێژیان لێ ببینم. ساڵێک زیاترە کە هیچ ڕۆژێکم بێ سیمفۆنییەکی مالەر تێنەپەڕاندووە، پێشم وایە ئەوپەڕی چێژی هونەری لە سیمفۆنییەکانی مالەردا هەن.

من بۆ تاتایە سوپاسی ئەو ڕێکەوتە جوانە دەکەم، سوپاسی خاڵۆزاکەشم دەکەم کە ئەو ئایپۆدەی بۆ من نارد کە بووە هۆی ئەوەی ئەم هەموو چێژە لە موزیک ببینم.

ئەم ڤیدیۆیە هەموو سیمفۆنیی دووەمی مالەرە، ئەگەر بۆ هەر جارێک کە گوێم لەم موزیکە گرتووە، دۆلارێکیان لێم بسەندایە، ئێستا دەبوو کورسییەکەی ژێریشم بفرۆشم! جووڵەی دووەمی سیمفۆنییەکە لە خولەکی ٢٢:٥٢دا دەست پێ دەکات.

ئەگەر ڤیدیۆکە لە ماڵپەڕەکەمەوە نەکرایەوە، ئەوا لە یوتیوب کەناڵی EuroArtsChannel ڤیدیۆکەیان داناوە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٥دا دانراوە، سەعاتێک و ٢٦ خولەک و ٢٧ چرکەیە، مایسترۆ کلاودیۆ ئەبادۆ ڕابەرایەتیی ئۆرکێستراکە دەکا. ئەمە هەموو ناونیشانەکەیەتی:

Gustav Mahler: Symphony No. 2 “Resurrection” (Lucerne Festival Orchestra, Claudio Abbado)

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button