دیمانەی ئاشنا موحەمەد: خوێنەرێکی نموونەیی ئولیس و ڕاڤەکانی

دیمانەی خوێنەرێکی نموونەیی ئولیس و ڕاڤەکانی1

سازدانی: نەوا موکرجی

خوێنەری نموونەیی: ئاشنا موحەمەد

نەوا موکرجی: ڕۆژباش، خاتوو ئاشنا. پێش ئەوەی لە بارەی ئولیسەوە پرسیارت لێ بکەم، ئەرک نەبێت، خۆتمان پێ بناسێنە.

ئاشنا موحەمەد: ڕۆژباش. ناوم ئاشنا موحەمەدە. پەرستارم و بەکالۆریۆسم هەیە. دانیشتووی گەرمیانم.

نەوا موکرجی: پەیوەندیی خودیی خۆت لەگەڵ باسەکەی ئولیس و ڕاڤەکانیدا چۆن بوو؟ خۆتت لە نێو باسەکاندا دەدۆزییەوە؟ خۆتت لە نێو هیچ کەسێتییەکدا دەدی؟ ئەگەر بەڵێ، دەکرێت نموونەیەکم بدەیتێ؟

ئاشنا موحەمەد: بەو پێیەی کە کتێبەکە پڕیەتی لە شەپۆلی هۆش، پێم وایە نەک من، بەڵکو هەر کەسێک بیخوێنێتەوە بەشێک لە خۆیی تێدا دەبینێتەوە. بەڵام بۆ من بە تایبەت و ئەوەی کە زۆر ئازاری دڵی دابێتم تەنیایی بلوومە، لەگەڵ ئەو پەستانە کۆمەڵایەتییەی لەسەریەتی، چونکە خۆشم ئەزمونم کردووە.

نەوا موکرجی: بە چەندێک خوێندتەوە؟ ئایا هەموو ڕۆژ دەتخوێندەوە، یان پچڕپچڕ دەتخوێندەوە؟ ڕۆژانە زۆرترین لاپەڕەت خوێندبێتەوە چەند بوو؟ کەمترین لاپەڕەت خوێندبێتەوە چەند بوو؟

ئاشنا موحەمەد: خوێندنەوەی یەکەم جاری بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی دوو مانگی خایاند. بەڵام بە باشی لێی تێنەگەشتبووم. بۆیە کە بەرگی دووەم بڵاو کرایەوە، دیسان لە بەرگی یەکەمەوە دەستم پێ کردەوە. ئەم جارەیان نزیکەی چوار مانگ و نیوم پێچوو بۆ تەواوکردنیان. خوێندنەوەکەشم پچڕانی تێ دەکەوت. هەندێک جار لە حەفتەیەکدا تەنها یەك ڕۆژ کاتم هەبوو بۆ خوێندنەوەی. بەڵام حەفتەی واش هەبوو کە هەموو ڕۆژەکانی خوێندوومەتەوە. لەو باوەڕەدام زۆرترین خوێندنەوەم لە ڕۆژێکدا نزیکی بیست لاپەڕەی چیرۆکەکەی بووبێت، لەگەڵ ڕاڤەکەدا. کەمترینیشیان یەک لاپەڕەی چیرۆکەکە لەگەڵ ڕاڤەکەدا.

نەوا موکرجی: ئایا پشووی درێژت وەردەگرت لە خوێندنەوە؟ ئەگەر بەڵێ، بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: بەڵێ، پشووی درێژم وەرگرتووە. زۆر جار بە هۆی سەرقاڵی بووە. بەڵام لە ڕاستیدا هەندێك جار بە هۆی قورسیی کتێبەکەوە وزەم نەدەما و پێویستم بە پشوو دەبوو.

نەوا موکرجی: پێت وایە ڕاڤەکان یارمەتیدەر و ڕووناککەرەوەی ڕێی خوێندنەوەکەت بوون؟ ئەگەر بەڵێ، ئەوا پێت وایە ئەگەر ڕاڤەکانی تێدا نەبووایە چەندی لێ تێدەگەیشتیت؟

ئاشنا موحەمەد: بە دڵنیاییەوە بێ ڕاڤەکان نەمدەتوانی ٩٥٪ی کتێبەکە تێبگەم. تەنانەت کە دوو جار بەرگی یەکەمی کتێبەکەم خوێندەوە لەبەر ئەوە بوو کە خوێندنەوەی ڕاڤەکانم دوا دەخست، بۆیە لێی تێنەدەگەیشتم. خاڵێکی تریش ئەوەیە کە ڕاڤەکانیش فرە ئاسان نین! هەر پێویستت بە ڕوونکردنەوە دەبێت. من لەو کاتانەدا پەنام بۆ وەرگێڕی بەڕێز دەبرد.

نەوا موکرجی: ئەزموونی خوێندنەوەکەت چۆن بوو؟ قورس بوو؟ خۆش بوو؟ بەچێژ بوو؟

ئاشنا موحەمەد: لە ڕاستیدا خوێندنەوەی بۆم زۆر قورس بوو. چەندین جار یەک لاپەڕەم خوێندووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانم لێی تێبگەم. بەڵام هەر ئەو قورسییەی وای لێ دەکات ئێجگار بەچێژ بێت. لە کۆتاییدا هەست بە شانازی دەکەیت کە ئەو قورسییەت تێپەڕاندووە و لێی تێگەشتوویت (کەمێک، هههه).

ئەو قورسییەی وای لێ دەکات ئێجگار بەچێژ بێت.

نەوا موکرجی: هیچ جێیەکی تێدا بوو بتخاتە قاقای پێکەنین؟ ئەگەر بەڵێ، کوێ و کوێ؟ لە یەک تا سێ نموونەم بدەیە.

ئاشنا موحەمەد: هەر جێیەک کە مەڵیگنی تێدایە پڕە لە پێکەنین. بۆ نموونە کاتێک بە ستیفن دەڵێت: «شاباشەکەی قوتابخانە؟ چەند؟ چوار کوید؟ یەکێکمان بدەیە» (ئەڵقەی یەکەم) یان ئەو کاتەی دەڵێت: «کێشەیەکی بچکۆلەمان ھەیە لەگەڵ ئەو خڕۆکە سپییانەدا» (ئەڵقەی یەکەم)، بە ڕاستی زۆر پێی پێکەنیم. بە گشتی مەڵیگن زۆر قسەی خۆشە. هەندێک جاریش بێزارییەکانی ستیفن و بلووم و ئەو کاتانەی گاڵتە بە خۆیان دەکەن زۆر خۆشن. بۆ نموونە ئەو شوێنەی ستیفن باسی بیرۆکەی نووسینی کتێبە ناونیشان پیتەکان دەکات (ئەڵقەی سێیەم). یان کاتێک قوتابییەکانی پێدەکەنن، ستیفن دەڵێت: «کەمێکی تر بەھێزتریش پێدەکەنن، کە بە بێتوانایی بەڕێوەبردنی من و ئەو کرێیە دەزانن کە باوکیان دەیدات» (ئەڵقەی دووەم).

نەوا موکرجی: بۆچی ئەو وتەیەی مەڵیگن لە بارەی خڕۆکە سپییەکانەوە خستیتیە پێکەنین؟

ئاشنا موحەمەد: چونکە مەڵیگن دکتۆرە، دەزانێت سیستەمی بەرگریی لەش، کە بەشێکی لە خڕۆکە سپییەکان پێک هاتووە، ڕێگە نادات تەنی نامۆ تێکەڵ بە لەش ببێت. بۆ نموونە کە کەسێک پێویستی بە ئەندامی کەسێکی تر دەبێت، دوای کۆڵێک پشکنین بۆی دەچێنن. هەندێک جار دوای چاندن، ئەگەر دیسان سیستەمی بەرگری قبوڵی پارچە جیاوازەکە نەکات، ئەوا فڕێی دەداتەوە. بۆ نموونە پێست. کەواتە مەڵیگن دەڵێت: تێکەڵبوونی عیسا و باوکی پێویستی بە واژۆی خڕۆکە سپییەکانە.

نەوا موکرجی: هیچ جێیەکی تێدا بوو خەمبار و دڵتەنگت بکات؟ یان بتخاتە گریان؟ ئەگەر بەڵێ، کوێ و کوێ؟ لە یەک تا سێ نموونەم بدەیە.

ئاشنا موحەمەد: بە ڕاستی هەر خۆی کتێبێکی تراژیدییە و لەو هەموو ئازارە وارگێڕی و کۆمەڵایەتی و دەروونییە دەردەبڕێت کە بلووم و ستیفن و بە گشتی جووەکان و خەڵکە دڵسۆزەکەی ئایرلاندی تێدان. بەڵێ گریاوم بۆ ئەو بارودۆخەی کە جووەکانی تێدا بووە. بۆ نموونە ئەو کاتەی بلووم گۆشتەکە دەکڕێت (ئەڵقەی چوارەم)، بیر لە جووبوونی گۆشتفرۆشەکە دەکاتەوە. ئەوە زۆر ئازاری دڵی دام. لەو کاتەشدا گریام کە بلووم لە دوورەوە بۆیلەنی بینی و نەیدەویست بۆیلەن ئەو ببینێت و بەپەلە ڕۆیشتە پەڕتووکخانەی نیشتمانییەوە (ئەڵقەی هەشتەم). بە ڕاستی ئەوە یەکێک بوو لە وردترین دیمەنەکانی ئازار کە هەرگیز خوێندبێتمەوە.

نەوا موکرجی: لە ڕووی تەکنیکی نووسینەوە، هیچی فێر کردیت؟ ئەگەر بەڵێ، دەتوانیت لە یەک تا سێ نموونەم بدەیتێ؟ پاشان پێم بڵێ، ئایا خودی دەقەکە فێری کردیت، یان ڕاڤەکان؟

ئاشنا موحەمەد: ئولیس یەک کتێب نییە، بگرە چوار دانە کتێبە! لە ڕووی تەکنیکەوە زۆر شتی تێدایە کە من تا ئێستا نەمبینیون. هەرگیز ڕۆمانێکم نەخوێندووەتەوە بەو شێوەیە پڕ بێت لە شەپۆلی هۆش و ئەو هەموو هێمایە، کە مەحاڵە بتوانیت بێ ڕاڤە لێی تێبگەیت. سەرەڕای ئەوەش نووسینەوەی تەواوی ڕووداوە فیزیکی و هۆشییەکانی دوو کەسێتی لە ماوەی یەک ڕۆژدا. بابەتی خاڵبەندییەکەشی بە ڕاستی جێگای بایەخە. هەروەها جیاوازیی ئەڵقەکانیش.

نەوا موکرجی: لە ڕووی ترەوە: زمان، هونەر، وارگێڕی، ژیان…تد. ئولیس و ڕاڤەکانی هیچیان فێر کردیت؟ ئەگەر بەڵێ، دەکرێت لە یەک تا سێ گرنگترین شتەکانم پێ بڵێیت؟

ئاشنا موحەمەد: ئولیس لای من تەنها کتێبێک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی گەورەی ڕۆشنبیرییە. ئولیس پەنجەرەیەکی گەورە بوو کە بۆ من کرایەوە تا جیهانێکی فرەوان لە ئاینی مەسیحییەت و جوو، بارودۆخی وارگێڕی و کولتووری و وێژەیی ئەو کاتەی ئایرلاند، وێژەی کلاسیک و گریکی کۆن و چەندین شتی تری لێوە ببینم. لە ڕووی زمانەوە هەرچەند من دەقە ماکەکەم نەخوێندووەتەوە (کە هیوادارم ڕۆژێک بتوانم) و تەنها وەرگێڕانەکەیم خوێندووەتەوە، بەڵام شێرکۆ بێکەس ئاسا (بەڵام وەرگێڕان، وەرگێڕان!). نازانم ئەوەی بینیم دەوڵەمەندی و شیرینیی زمانی کوردی بوو، یان بەهێزیی خودی دەقەکە؟

ئولیس لای من تەنها کتێبێک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی گەورەی ڕۆشنبیرییە

نەوا موکرجی: حەزت دەکرد چ کەسێتییەک ئامادەیی زیاتری هەبووایە؟ هەروەها چ کەسێتییەک ئامادەیی کەمتری هەبووایە؟ ئینجا هەردووکیان بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: سەرەڕای ئەوەی کە پیاوێکی بێ ئەتەکێتە، بەڵام پێم خۆش بوو مەڵیگنی زیاتر تێدا بووایە. هەم لەبەر ئەوەی قسەی خۆشە، هەم لەبەر ئەوەی ئەویش هزرێکی جیاوازی هەیە، هەم لەبەر ئەوەی هەر کاتێک پەیدا دەبێت جووڵە و گەرموگوڕییەک لە باسەکەدا دروست دەکات. هەروەها ڕەسڵ-یش، بەو پێیەی بەشێکە لە بووژانەوەی وێژەی ئایری، حەزم دەکرد زیاتر بەشدار بووایە و بیرۆکەکانی لە کتێبەکەدا زیاتر خرابایەتنە ڕوو. نەخێر، هیچ کەسێتییەکی تێدا نییە حەز بکەم نەبووایە. هەندێکیان لە ڕووی هزرییەوە کتێبەکەیان دەوڵەمەند کردووە، هەندێکیان بزوێنەری ڕەوتی باسەکەن.

جۆرج ڕەسڵ، نووسەرێکی ئایرە و کەسێتییەکی نێو ڕۆمانی ئولیسە.

نەوا موکرجی: پێت وایە هیچ لە دونیابینی و تێڕوانینت بۆ ژیان، یان بیروباوەڕێکی دیاریکراوت گۆڕابێت دوای خوێندنەوەی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی؟ ئەگەر بەڵێ چۆن و بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: بەڵێ، بێگومان. وەکو ئاماژەم پێی دا، زۆر شت هەبوون کە هەرگیز نەمزانیون و ئولیس فێریانی کردووم. ئولیس بیرۆکەی بۆ زۆر شت داومەتێ، زۆر شتیش هەبوون کە پێشتر گرنگیم پێان نەداوە، ئێستا بەدواداچوونیان بۆ دەکەم. دونیایەک کەسێتیی گرنگ و نووسەر و کتێبی پێ ناساندووم.

نەوا موکرجی: پێت وایە هیچ لە دونیابینی و تێڕوانینت بۆ خوێندنەوە گۆڕابێت دوای خوێندنەوەی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی؟ ئەگەر بەڵێ چۆن و بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: وردەکاری لە نووسینی شەپۆلە هۆشەکان و کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکان جێگەی بایەخێکی زۆر بوون بۆم. هەروەها بەکارهێنانی هێماکان، کە پێویستیان بە بەدواداچوون هەیە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی باسەکە. لە ڕاستیدا نیشانەی پرسیاری خستە سەر ئەو ڕۆمانانەی کە پێشتر خوێندبوومنەوە کە ئایا گرنگیم بە هێما و وردەکارییەکانیان داوە؟! ئەوە نیگەرانی کردووم! ئەو قورسی و کاتە زۆرەشی کە ئولیس دەیەوێت جۆرێک لە پشوودرێژیی بۆ دروست کردووم، بە جۆرێک کە خوێندنەوەی کتێبی دوای ئەوم بە ڕاستی لا ئاسان بوو.

خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە من لێی پەشیمانم، ئەویش ئەوەیە کە لەبەر چەند هۆیەک، پێش ئەوەی دەست بکەم بە خوێندنەوەی ئولیس ڕاوێژم بە هیچ کەسێک نەکرد. کتێبێکی لەو شێوەیەش، بێگومان، پێویستی بە ئامادەکارییە بۆ دەستکردن بە خوێندنەوەی، کە بێ ڕاوێژ ناکرێت و نایانزانیت.

نەوا موکرجی: ئێستا کە خۆت دوو بەرگی پەڕتووکەکەت خوێندووەتەوە، ئەگەر یەکێک وەک تۆی ئەو کاتە بیەوێت ئولیس و ڕاڤەکانی بخوێنێتەوە چیی پێ دەڵێیت؟ چۆن ئامۆژگاریی دەکەیت؟ دەتەویست ڕاوێژکار چی بە تۆ بڵێت؟ ئێستا هەلی ئەوەت هەیە تۆ ئەوە بە خەڵک بڵێیت.

ئاشنا موحەمەد: چەند ئامۆژگارییەکم هەن بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت ئولیس و ڕاڤەکانی بخوێنێتەوە.

١. ئەگەر سەرەتاکانی خوێندنەوەتە، جارێ پەلەت نەبێت لە خوێندنەوەیدا.

٢. زۆر زۆر باش دەبێت ئەگەر بتوانیت پێش خوێندنەوەی ئولیس و ڕاڤەکانی، ئۆدیسەی هۆمیرۆس و کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی شێکسپیر بخوێنیتەوە، بە تایبەتی هاملێت. ئەگەر بۆشت کرا، وێنەی هونەرمەند لە تافی لاویدا-ی جەیمز جۆیس بخوێنیتەوە. ئەمانە زۆر یارمەتیدەر دەبن لە تێگەیشتن لە ئولیس و ڕاڤەکانی. بە دڵنیاییەوە چێژێکی زیاتریش دەدەن بە خوێندنەوەکەت. ئەگەرچی لە بەشی ڕاڤەکانی ئولیس و ڕاڤەکانیدا زانیاریی زۆر باش لەسەر ئەو کتێبانە هەن، بەڵام بێگومان وەک ئەوە نابێت کە خۆت خوێندبێتنەوە.

٣. بەو پێیەی خوێندنەوەی ئولیس و ڕاڤەکانی کاتێکی زۆری پێویستە، دەمێک دوای ئەو دەستت ڕادەگات بە ڕۆمان یان چیرۆکی تر، بۆیە هەوڵ بدە دەبلن و ئەو شوێنانە ببینیت کە لە ڕۆمانەکەدا باسیان دەکات. وەک: وێنە و پەیکەری خواوەند و پەرییەکان، بگەڕێ بۆ تایبەتمەندێتییەکانیان؛ جەژن و بۆنەکان و ناوی گوڵ و خواردن و شێوازی جلوبەرگ. ئەگەر بتوانیت بڕێکی باشیان ببینیت، ئەوا بێگومان هەم چێژ و سوودی ئولیس و ڕاڤەکانی چەند قات دەبنەوە، هەم ناهێڵێت بێزار ببیت. دەزانم ئەمە کاتی زۆر دەوێت، بەڵام هەر لە نێو ئەو کاتەدایە کە خودی ڕۆمانەکە دەیەوێت.

٤. پێشەکییەکەی بە جوانی بخوێنەوە، هەموو قسەکانی وەرگێڕ لەسەر ئولیس و ڕاڤەکانی بە هەند وەربگرە. هیچ کات ڕاڤەکان دوا مەخە.

نەوا موکرجی: ئامادەیت وێڕای خوێندنەوەی وردت، جارێکی تر و لە کاتێکی تردا ئولیس و ڕاڤەکانی بخوێنیتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، بۆچی؛ ئەگەر نەخێر، بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: پێم خۆشە ئەگەر بتوانم دیسانەوە بیخوێنمە. بە ڕاستی هەم بەچێژە، هەم ناوازەیە. بەڵام بەو پێیەی کاتێکی زۆر زۆری دەوێت و زۆریش قورسە، لەو باوەڕەدا نیم ئەگەر بشمەوێت بەم زووانە بتوانم.

نەوا موکرجی: هیچ ئەڵقەیەک بووە ئەڵقەی دڵخوازت؟ یان ئامادە بیت ئەم چرکەیە هەر وا بۆ خۆشی جارێکی تر بیخوێنیتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، بۆچی؛ ئەگەر نەخێر، بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: ئەڵقەی سێیەم خۆشترین ئەڵقەیە بە لامەوە. بەڵێ، بۆ خۆشی، کەم کەمی لێ دەخوێنمەوە، بەڵام ناتوانم تەواوی بکەم.

نەوا موکرجی: ئایا هیچ پەڕتووکێکی هاوشێوەت خوێندووەتەوە؟ یان هەست دەکەیت لە هیچ شوێنێکدا ئولیس و ڕاڤەکانی لە پەڕتووکێکی تر بچێت؟

ئاشنا موحەمەد: نا، هەرگیز کتێبێکم نەخوێندووەتەوە لەسەر ئەم شێوازەی ئولیس و لە هیچ کام لەو کتێبانەش ناکات کە پێشتر خوێندوومنەتەوە.

نەوا موکرجی: کەسێتیی دڵخوازت هەبوو؟ ئەگەر بەڵێ، کێ و بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: بلووم و ستیفن-م خۆش دەوێت، بەڵام خۆشەویستیی پوخت نا. واتە خۆشەویستییەکەم بۆ بلووم زیاتر بەزەییە، هەرچەندە ڕەخنەی توندیشم لێی هەیە. خۆشەویستییەکەم بۆ ستیفن زیاتر سەرسامییە بە زانستەکەی. هەرچەندە دڵنیاشم کە ڕاشکاوییەکی نەگریسانە لە ڕەفتارەکانیدایە (وەک خۆی دەڵێت: بڕوانە ١: ٤٢).

نەوا موکرجی: کەسێتییەک هەبوو ڕقت لێی بێت؟ ئەگەر بەڵێ، کێ و بۆچی؟

ئاشنا موحەمەد: ڕقم لە مۆڵییە. نموونەیە بۆ جۆرێک لە خراپترین کەسێتی کە دەشێت مرۆڤێک هەیبێت. بۆیلەنیش هەروەها.

نەوا موکرجی: ئایا ئەڵقە جیاوازەکان هەستی جیاوازیان پێت دەدا؟ ئەگەر بەڵێ، چۆن؟

ئاشنا موحەمەد: بەڵێ. بۆ نموونە شەپۆلە هۆشەکانی ستیفن لە ئەڵقەی سێیەمدا، لەگەڵ گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕۆژنامەوانەکانی ئەڵقەی حەوتەمدا، لەگەڵ کێشە ئابووری و پیشەییەکەی لە ئەڵقەی یەکەم و دووەمدا سێ لایەنی جیاوازی ژیانی دەردەخەن. هەر یەکێک لەم ئەڵقانە بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەرم هەبوو بۆ بڕیاردان لەسەر ستیفن و تەواوی نووسینەکە.

نەوا موکرجی: ئایا شێوازی نووسینەکە نەدەبووە ڕێگر لە بەردەم ڕەوتی گێڕانەوە و تێگەیشتنتدا؟ ئەگەر بەڵێ، چۆن؟

ئاشنا موحەمەد: ئەوەی کە هەندێک جار ڕاڤەیەکی چەند لاپەڕەیی بۆ یەک وشە، یان یەک ڕستە نووسراوە، دووری دەخستمەوە لە ڕێڕەوی باسەکە. کە ڕاڤەکەش تەواو دەبوو، دەبووایە چەند جارێک دەقەکە بخوێنمەوە بۆ ئەوەی لێی تێبگەم. ئەمە ئارامگرییەکی باشی دەویست.

نەوا موکرجی: ئایا هەست دەکەیت ناوەرۆکی پەڕتووکەکە پەیوەندیی بە دۆخی کورد یان کوردستانەوە هەبێت؟ ئەگەر پەیوەندیی هەبوو، ئەوا لە کوێدا بوو؟ دەتوانیت نموونەیەکم بدەیتێ؟

ئاشنا موحەمەد: بەڵێ.

هەوڵدانی ئەو وەختەی خەڵکی ئایرلاند بۆ سەربەخۆیی و دەرکردنی دوژمن و بووژاندنەوەی چاند و وێژەی ئایری لە لایەن ڕۆشنبیرانیانەوە تەواو پەیوەندیدارن بە کێشە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خۆمان. ئەو باسە نیشتمانییانەی لەناو ئولیسدا هەن دروست ئەو باسانەن کە لەناو هەموو کۆبونەوەیەکی کوردە دڵسۆز و ڕەسەنەکانی خۆماندان. یان بۆ نموونە ئەو هەستەی کە بەرانبەر ئینگلەکان هەیانە هەمان ئەو هەستەیە کوردێک بەرانبەر داگیرکەر هەیەتی.

نەوا موکرجی: هیچ وتەیەکی پەڕتووکەکە هەیە کاری لێت کردبێت و هێشتا لە بیرتدا مابێتەوە و دووبارە بێتەوە لە یادتدا؟ ئەگەر بەڵێ، کام وتەیە؟ ئەگەر لە دانەیەک زیاترە هەر پێم بڵێ.

ئاشنا موحەمەد: زۆر وتەی تێدایە کە من زۆر سەرسامیانم. بۆ نموونە کاتێک ستیفن لە گوێئاوی ساندیماوتدا چاوی داخستووە (ئەڵقەی سێیەم) و دوایی دەیەوێت بیکاتەوە، دەڵێت: «ئایا بە گوێئاوی ساندیماونتدا بۆ ناو تاتایی دەڕۆم؟»، ئینجا دواتر دەڵێت: «ئەگەر بیکەمەوە و بۆ تاتایە لە ناو نازوڵاڵییە ڕەشەکەدا بم». دواییش کە چاو دەکاتەوە دەڵێت: «ئەوەتا ھەموو کاتێک بێ تۆ: تاتاشە ھەر وا دەبێت، جیھانی بێکۆتا». هەروەها کاتێک پڕۆفیسۆر ماکهیو (ئەڵقەی حەوتەم) دەڵێت: «ئێمە ھەمیشە بۆ دۆزە دۆڕێنراوەکان دڵسۆز بووین»!

نەوا موکرجی: بۆچی ئەو وتەیەی ماکهیو لە یادتدا ماوەتەوە؟ دەتوانیت بۆچوونی خۆت بڵێیت لەسەر ئەوە؟

ئاشنا موحەمەد: ئەو شکستەی لەو ڕستەیەدا ئاماژەی پێ دراوە شکستی شۆڕشێکی ئایرەکانە بە ڕابەرایەتیی ڕۆبێرت ئێمێت کە لە دژی ئینگلەکان ئەم شۆڕشەیان هەڵگیرساندووە. وەک لە ڕاڤەکەی ئولیس و ڕاڤەکانیشدا (بڕوانە بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی، ٦: ٣٣٩) ئاماژە بەوە دەدات کە نووسەرێک لە بارەی شۆڕشەکەوە دەڵێت: «خودی نەخشە[ی شۆڕشەکە] ڕێکوپێک و کردارەکی بوو، بەڵام جێبەجێکردنەکەی تا پلەی گاڵتەجاڕی نالەبار بوو». ئێمێت لە شۆڕشەکەیدا پشتی بە ناپۆلیۆن و فەڕەنسییەکان بەستووە هاوکاریی بکەن و دژی ئینگلەکان سەری بخەن. بەڵام ناپۆلیۆن و فەڕەنسییەکان هاوکارییان نەکردوون و شۆڕشەکە شکستێکی گەورە و لەسێدارەدانی ڕابەرەکانی لێ کەوتووەتەوە. کەچی وێڕای شکستی شۆڕشەکەی ئێمێت، سەد ساڵ دواتریش خەڵکی ئایرلاند وێنەی ئێمێتیان لە ماڵەکانی خۆیاندا هەڵواسیوە و شکۆیان بەو شۆڕشە داوە کە سەرلەبەری شکست بووە.

لێرەدا لێکچوونێک لە نێوان کورد و ئایرەکاندا هەیە، ئەویش بەپیرۆزدانان و هۆگربوونە بە شکستەوە، هەروەها ترس و خۆدزینەوە لە سەرکەوتن و هۆکارەکانی. شۆڕشەکەی ئێمێت چەند وێنەیەکی مێژووی کوردمان بە بیر دەهێنێتەوە. ئێستانان کێشەی گەورەی ئێمە خزمەتکردن و دڵسۆزی و بەپیرۆزدانانی هەندێک شۆڕشی دۆڕێنراوی ئامانجتەڵخ و هەندێک سیاسی و ئایدۆلۆژیای شکستخواردووە. لە ڕاستیدا ئەم شۆڕشانە نەک خزمەتیان بە کێشەی کورد و سەربەخۆیی کوردستان نەکردووە، بەڵکو زیانی گەورەشیان پێ گەیاندووە (وەک لە بەرهەمەکەیاندا دیارە).

جا بە ڕای من ئەو ڕستەیەی ماکهیو، کە دەڵێت: «ئێمە ھەمیشە بۆ دۆزە دۆڕێنراوەکان دڵسۆز بووین» پرسیاری گەورە و چارەنووسساز لای ئێمە دەورووژێنێت لە بارەی ئەوەی کێن ئەو سەرکردانەی شایەنی دڵسۆزیی ئێمەن و بە ڕاستی لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتدا خەباتیان کردووە و دەیکەن؛ هەروەها کێن ئەو شۆڕشگێڕ و سیاسی و ڕۆشنبیرانەش کە شکستیان هێناوە و دەبێت هزر و ڕێبازەکەیان وە لا بنێین و دیسان نەبنەوە بە قەڵەمهەڵگری خەبات.

دەبێت بپرسین: هۆکارەکانی شکست و شکۆدان بە شکست لای ئێمەی کورد چین؟ بۆچی ئێمە هەمیشە بەرپرسیارێتیی شکستی خۆمان خستووەتە ملی دوژمنەکانمان؟ بە ڕای من ئەمە لای هەر کوردێک کە بە ڕاستی سەربەخۆیی کوردستانی دەوێت، جێگای گرنگیپێدانە.


  1. لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ پرسیارەکانم نارد. ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ هەموو وەڵامەکانم بۆ هاتەوە و ئەم دیمانەیەم تەواوم کرد. ↩︎

خوێنەری نموونەیی

خوێنەری نموونەیی1

یەکێک لە گەورەترین بەخشینەکان بە مرۆڤی بەرهەمدار ئەوەیە بەرهەمەکەی بخوێنرێتەوە و بپشکنرێت و لێی بکۆڵرێتەوە. واتە خوێنەر پەیدا بکات.

شێکسپیر، میڵتن، جەیمز جۆیس، سیانن لەو کەسانەی کارەکانیان بە چڕی خوێنراونەتەوە و پشکنراون و لێیان کۆڵراوەتەوە. تەنانەت خەڵکانێک هەن پسپۆڕییەکەیان کارەکانی ئەم نووسەرانەیە.

تابلۆی جەیمز جۆیس

جۆیس لە هەموو جیهاندا خوێنەری دەستپێکەری ئێجگار زۆرە، بەڵام خوێنەری تەواوکەری ئێجگار دەگمەنە. بەڵام جۆیس کۆمەڵێک خوێنەری لێکۆڵەر و پشکنەری زۆر دانسقەی هەیە. خوێنەرە پشکنەر و لێکۆڵەرەکانی جۆیس لە جیهاندا کۆمەڵەیەکیان پێک هێناوە بە ناوی «کۆمەڵەی جۆیسییەکان».

کۆمەڵەی خوێنەر

خۆم ئەندامی کۆمەڵەی جۆیسییەکان نیم. بەڵام ساڵی ٢٠٢١ پەیوەندییان پێمەوە کرد و داوایان کرد وتارێک بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی بڵاوکردنەوەی ئولیس بنووسم و نووسیم. داوایان کردبوو وەڵامی پێنج پرسیار بدەمەوە لە وتارەکەدا و ئەمەشم کرد. وتارەکە لە بەشی بەرایی بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی-دا هەیە. بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە کە داخۆ بڵاویان کردووەتەوە، یان نا. پێم وایە بڵاویان نەکردووەتەوە. چونکە زۆر دەمبەهاوارن، ئەگەر بڵاویان کردبایەتەوە هەزار نامەیان بۆم دەنارد و سەد پۆستیان لەسەر دەکرد.

هەندێک جار وەک خەیاڵ بیر دەکەمەوە ئەگەر هەر پێنج بەرگەکەی ئولیس و ڕاڤەکانیم تەواو کرد خۆم پۆدکاستێک تەنهاوتەنها بۆ ئولیسی جۆیس دابنێم. لەو ڕێیەوە کۆمەڵەیەک بۆ خوێندنەوە و سوودبینین لە جەیمز جۆیس دروست بکەم. بەڵام ئەمە زۆری ماوە و کەس نازانێت دەبێت، یان نا.

نەخوێندنەوە کوشتنە

کاتێک پەڕتووکێک خوێنەری نەبێت، یان هەر بەرهەمێکی تر نەخوێنرێتەوە، ئیتر دڵی بەرهەمهێنەکەی کرمێ دەکات لەوەی بۆچی بەردەوام بێت؟ پێشوازیی سارد تیلنیشانە بە دەرکردن؛ واتە ئەگەر بە ساردی پێشوازیت لێ کرا، بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ پێت دەڵێن بڕۆ دەرەوە. پێشوازیی ساردیش لە پەڕتووک و نەخوێندنەوەی و فڕێدانی بە کورتی واتە: کاکی وەرگێڕ (یان نووسەر) ئیتر مەنووسە و وەرمەگێڕە. بۆیە نەخوێندنەوە واتە کوشتن، کوشتن بە زیندووێتی.

ئەمە کاریگەریی لەسەر خۆم هەبووە. کە گۆرانیم بڵاو کردووەتەوە و کەمترین خەڵک پێشوازییان لێی کردووە، پشتسارد بوومەتەوە و وازم هێناوە. لە وەرگێڕانی ئولیس و ڕاڤەکانیشدا جارجار تووشی هەمان پشتساردبوونەوە دەبم. ئەگەرچی بەڵێنم بە خۆم داوە کە ئەگەر دوای تەواوبوونی فڕێش بدرێت هەر دەبێت تەواوی بکەم.

جارێک ئەم پرتەوبۆڵەیەم بۆ برادەرێکم دەربڕی کە خۆی تا ئێستا پی دی ئێفی ئولیس و ڕاڤەکانی لە ماڵپەڕەکەمدا دانەگرتووە، کە بە خۆڕایی بڵاوم کردووەتەوە. وتی: «چۆن وا دەڵێیت؟ خەڵک کتێبەکەت لەسەر دڵیان دادەنێن». وتم: «کوڕە، با لەسەر شوێنی تریانی دابنێن، بە مەرجێک بیخوێننەوە».

وا سێ ساڵە بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی و نزیکەی حەوت مانگە بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی بۆ هەموو کەسێک بەردەستن. سێ کەس تا ئێستا پێمیان وتووە کە هەردووکیانیان خوێندووەتەوە. خوێندنەوەی دووانیان هەر وا سەرپێیی و خێرا بووە. بەڵام خۆشبەختم کە دەڵێم خوێندنەوەی یەکێکیان لێکۆڵەرانە و پشکنەرانەیە.

خۆرێک هەڵدێت!

ئاستی تیژبینی و کۆڵیاریی ئەم خوێنەرە تاقانەیە ئەوەندەیە کە لە ڕاڤەیەکی ئەڵقەی هەشتەمی ئولیسدا بڕی پارەیەکم کۆ کردووەتەوە کە بلووم (کەسێتییە سەرەکییەکە) بیری لێ دەکاتەوە، من بە هەڵە کۆم کردووەتەوە و نووسیومە: «دەکاتە پێنج گینی و سێ شڵنگ»؛ بەڵام ئەم خوێنەرە نموونەییە سەرلەنوێ کۆی کردووەتەوە و دیویە کە دەکاتە پێنج گینی و یەک شڵنگ (بڕوانە ٨: ٥٨٠. واتە بەرگی دووەم).

لە چەندان شوێنی تردا هەڵەی بۆم ڕاست کردووەتەوە. بۆ نموونە لە ڕاڤەیەکی ئەڵقەی حەوتەمدا (٧: ٤٧٣) سەرنجی داوە ئەو ڕستەیە هەڵەیە کە دەڵێت: «جگە لە ناوەرۆکی ژیانە دژیەکەکانی دوو هێلێنەکە»، دروستەکە دەبێت بەم جۆرە بێت: «جگە لە ناوەرۆکی ژیانە دژیەکەکانی دوو پینێلۆپیاکە». ئەمەشم لە ژێر تیشکی ڕووناکی خوێندنەوەی ئەودا ڕاست کردەوە، بۆ دەکردەکانی دواتری بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی ئەم هەڵانەیان تێدا نەماوە.

خاتوو ئاشنای خوێنەر

ئەم خوێنەرە نموونەییەی ئولیس و ڕاڤەکانی ناوی هەیە و خانمێکە بە ناوی ئاشنا خان. بە ڕاستی خوێنەری ورد و پشکنەر و لێکۆڵەر جوانترین دیاری و بەخشینێکی سرووشتە بە نووسەر و وەرگێڕ. لەو جێیەی پێت وایە کوردستان تروسکاییەکی بواری وێژە و خوێندنەوەی تێدا نەماوە، خۆرێکی وەک ئاشنا خان هەڵدێت و هیوا دەزێنێتە دڵی نووسەر و وەرگێڕەوە.

ئێستا دەزانم ئەگەر بەرگی سێیەمی ئولیس و ڕاڤەکانی تەواو بکەم، لانیکەم دوو چاوی ئاشنا خان هەن کە دەیخوێننەوە. بۆیە گەرموگوڕییەکم دەداتەوە و وا دەکات لەسەر تەواوکردنی مکوڕ بم.

ئاشنا خان بە درێژایی ئەو کاتە زۆرەی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی دەخوێندەوە پرسیاری زۆر وردی لێم کردووە. دەیان هەڵەشی بۆم ڕاست کردووەتەوە. لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی ئاوها ڕووداوێکی دەگمەنە و کەسی وەک ئاشنا خانیش کەسانێکی دەگمەن و دانسقەن، بڕیارم دا دیمانەیەکی لەگەڵدا ساز بکەم.

بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پاشڕایەکی بەسوود لە خاتوو ئاشنا، کە چەندان مانگ خەریکی خوێندنەوەی دوو پەڕتووکی سەخت بووە، چەند پرسیارێکم نووسییەوە و لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا هەموویانم بۆی نارد. ئەو لە ٣٠ی ئەیلوولدا وەڵامەکانی بۆم ناردەوە و کە خوێندمنەوە، دوو پرسیاری ترم بۆ دروست بوو و لە هەمان ڕۆژدا بۆیم ناردەوە، پاش حەفتەیەک لە ٦ی ئۆکتۆبەردا وەڵامی ئەو دوو پرسیارەشی بۆم ناردەوە. ئاوها دیمانەیەک دروست بوو، کە بە بڕوای خۆم نایابترین دیمانەی وێژەییە تا ئێستا خوێندبێتمەوە.

پرسیارەکان بۆ هەموو خوێنەرێکی نموونەیین

زۆربەی ئەو پرسیارانەی لە خاتوو ئاشنام کردوون، دەکرێت لە خوێنەری نموونەیی تری ئولیس و ڕاڤەکانی بکرێن. بەشکو ئەمە ببێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی خوێنەرە نموونەییەکانی تریش خۆیان ئاشکرا بکەن و دەربکەون. خوازیاریشم ئەم جۆرە دیمانەیە لە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا بکەم بە نەریت.

بۆیە ئەگەر بەڕێزیشت هەردوو بەرگی ئولیس و ڕاڤەکانیت خوێندووەتەوە، ئەوا ئەم پرسیارانە بۆ تۆشن. دەتوانیت وەڵامیان بدەیتەوە و وەڵامەکانم بۆ بنێریت. منیش وەڵامەکانت هەم لای خۆم هەڵدەگرم، هەم لەگەڵ ئەو نووسینانەدا بڵاویان دەکەمەوە کە لە بارەی ئولیسەوە نووسراون.

لێرەدا کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دیمانەکەی خاتوو ئاشنا.


  1. لە ١ی ئابی ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ تەواوم کرد. ↩︎

بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی: چاپی ژیناکان

بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی: چاپی ژیناکان1

ئەمڕۆ (٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥) یەکەم دەرکردەی بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانیم بێبەرانبەر بە دیاری بۆ هەموو کوردستانییان بڵاو کردەوە. ئەم دەرکردەیە ناوی چاپی ژیناکان-ە و هاوتەریبی چاپی ژیناکانی بەرگی یەکەمە. ئەو دەرکردەیەش نوێترین و باشترین دەرکردەی بەرگی یەکەمە. هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ئەم پەڕتووکەدا بڵاوم کردەوە.

بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی پێک هاتووە لە ئەڵقەی حەوتەم و هەشتەم و نۆیەمی ڕۆمانی ئولیس بە ڕاڤەکانیانەوە. بە کۆی هەر سێ ئەڵقەکە ١٨٤١ (هەزار و هەشت سەد و چل و یەک) ڕاڤەیان هەیە (٤٨٧ ڕاڤەی ئەڵقەی حەوتەم، ٦٣١ ڕاڤەی ئەڵقەی هەشتەم، ٧٢٣ ڕاڤەی ئەڵقەی نۆیەم).

ئینجا دەست دەکەم بە تەواوکردنی بەرگی سێیەم (ئەڵقەی ١٠و ١١و ١٢) و بە هیوام ساڵی داهاتوو ئەویش بڵاو بکەمەوە.

بێگومان دوای ئەم دەرکردەی بەرگی دووەمە دەرکردەی ترم دەبێت، چون لەگەڵ تەواوکردنی هەر بەرگێکی نوێدا بە ناچاری دەبێت دەرکردەیەکی نوێتری بەرگەکانی پێشوو بڵاو بکەمەوە. بۆ هیچ شتێک پێویست نەبێت، بۆ ڕێکخستنەوەی ژمارەی ڕاڤەکانی بەرگەکانی تر پێویستە. بۆ نموونە کە هێشتا بەرگی سێیەمم تەواو نەکردووە، لە هەندێک جێی بەرگی یەکەم یان دووەمدا ئاماژەم بە ڕاڤەیەکی بەرگی سێیەم داوە، بەڵام ژمارەی ئەو ڕاڤەیەم نەزانیوە، چون هێشتا تەواو نەبووە. بۆیە لەو بەرگانەدا هەر بە (#) ژمارەکەم داناوە. بەڵام پاش تەواوبوونی بەرگی سێیەم و چەسپانی ژمارەی ڕاڤەکانی، ئەو هێمایە لە بەرگەکانی پێشوودا لادەبەم و ژمارەی ڕاڤەکە دادەنێم. بۆیە لەگەڵ بەرگەکانی داهاتوودا دەرکردەی نوێتری بەرگەکانی پێشووم دەبێت.

بۆ داگرتنی ئەم پەڕتووکە لێرەدا کلیک بکە.


  1. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا نووسیومە. ↩︎

بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی: چاپی ژیناکان

بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی: چاپی ژیناکان1

نوێترین و باشترین دەرکردەی بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی

ئەمڕۆ (٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥) دەرکردەیەکی نوێتری بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانیم لە هەمان بڵاوگەی پێشووتری ڕۆمانەکە: Ulysses.krd یان www.nawa.netدا بڵاو کردەوە. ئەم دەرکردەیەیان ناوی چاپی ژیناکان-ە (ئەوەی پێشوو ناوی چاپی ژینا بوو). چاپی ژیناکان لەوانەی ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ و ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ و ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ زۆر باشتر و بەپێزترە.

واتە هەر پێک هاتووە لە شەش ئەڵقەی ١ تا ٦ی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس، لەگەڵ ڕاڤەکانی گیفرد و سایدمان و ڤیڤیەن ئیگۆ لەسەر ئەو شەش ئەڵقەیە.

جیاوازیی ئەم دەرکردەیە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی

ھەندێک دەستکاری و چاککاری شایانی ئاماژەپێدان نین، بەڵام گرنگەکان ئەمانەن:

چاکسازیی تەکنیکی و گۆڕانکاری

ناوی پڕۆژەکەم گۆڕی

ناوی پەڕتووکەکەم لە تەنھا ئولیسەوە کرد بە ئولیس و ڕاڤەکانی. پێم وایە پێشتر ھەڵە بووم کە ناوەکەیم بەو شێوەیە دانابوو.

نیازم وایە کە تەواوی ئەم پێنج بەرگە تەواو بوو پەڕتووکێکی کوردی لە چاپ بدەم بە ناونیشانی ئولیسی ڕووت کە تەنھا لە دەقی وەرگێڕراوی ڕۆمانەکەی جۆیس پێک ھاتبێت، بێ ھیچ ڕاڤە و تێبینییەک. ئەگەر ناوی ئەم دوو پەڕتووکە جیا نەبن، ئەوا ئەو پەڕتووکە، کە بە شایستەیی ناوی ئولیس دەبێت، لەگەڵ ئەم پێنج بەرگەدا تێکەڵاو دەبن.

جێگۆڕکێ

بەشی بەراییم خستە نێو ڕاڤەکانەوە و لەو جێیانەدا دامنان کە لە بابەتەکەوە نزیکن، چون ئەوانیش ھەر ڕاڤەن. بۆیە پێویست نەبوو بە جیا دایانبنێم. بۆ نموونە: ھەزەخەکان و پلەبەندیی پیرۆزی کاسۆلیکم بردە ڕاڤەیەکی ئەڵقەی یەکەمەوە، (بڕوانە ١: ٩٦).

چاکسازی لە ناونیشانی ڕاڤەدا

ئاماژەدانم بە ڕاڤەکان کورت کردەوە بۆ ئەم شێوەیە: (بڕوانە ١: ٤٣). یەکەم ژمارەیان ئاماژەیە بە ئەڵقەکە، دووەم ژمارە ئاماژەیە بە ژمارەی ڕاڤەکە. لەو نموونەیەدا واتە بڕوانە ڕاڤەی ژمارە ٤٣ی ئەڵقەی یەکەم.

گرێدان بە بەرگی دووەمەوە

ژمارەی ڕاڤەکانی ئەڵقەی حەوتەم و ھەشتەم و نۆیەمم چاک کردووە. چون پێشتر تەواوم نەکردبوون، بۆیە ژمارەکانیشیان دیاری نەدەکران. بەڵام ئێستا بەرگی دووەم تەواو بووە و لەگەڵ ئەم چاپی بەرگی یەکەمەدا بڵاوم کردەوە.

ڕاڤەی نوێ

  • پوختەی گرێچنەی ھەر ئەڵقەیەکم نووسییەوە و لە یەکەم ڕاڤەی ھەر یەکێک لە ئەڵقەکاندا دامنان (جگە لە ئەڵقەی یەکەم کە سێیەم ڕاڤەیە، لەگەڵ ئەڵقەی چوارەم کە دووەم ڕاڤەیە). بڕوانە یەکەم ڕاڤەی ھەر یەکێک لە ئەڵقەکان. بۆ نموونە بۆ پوختەی گرێچنەی ئەڵقەی دووەم (بڕوانە ٢: ١).
  • ڕاڤەیەکم لەسەر وشەکانی قەشەنشین parish و ئوسقوفنشین diocese و مەتڕاننشین archdiocese نووسی، (بڕوانە ١: ٩٦).
  • ڕاڤەیەکی درێژم لەسەر کۆی ژیان و بەسەرھاتی ئۆدیسێفس (ئولیس، ئۆدیسیۆس) وەرگێڕا و دامنا، (بڕوانە ١: ١).
  • ٣٢ پرسیارم لەسەر کۆی ھەر شەش ئەڵقەکە ھەبوو، پەیوەندیم بە پڕۆفیسۆر دکتۆر سام سلەوتەوە کرد، ئەو وەڵامی ئەم پرسیارانەمی دایەوە. ئەم چاپە ئەو وەڵامانە لە خۆ دەگرێت.
  • ڕاڤەیەکم لەسەر ئاو و ئاوەڕێکانی ناو شاری دەبلن لە بیر چووبوو وەریبگێڕم، ئێستا ھێنراوەتەوە (بڕوانە ٣: ١١٨).
  • ڕاڤەیەکم لەسەر پەڕتووکی دەبلنییەکانی جۆیس نووسی. ڕاڤەی ڤیڤیەن ئیگۆشم لەسەر ڕۆبێرتس زیاد کرد (بڕوانە ٤: ١٨٩).
  • ڕای گیفرد و سام سلەوتم لە ڕاڤەی شەلەنگدا زیاد کرد (بڕوانە ١: ١٠٦).
  • ڕاڤەیەکی درێژم لە بارەی بەراوردی جووەکانی نێو پەرستگای سەردەمی عیسا و جووەکانی نێو بۆرسەی پاریس نووسی. ھەر لەو پەرەگرافەدا چەند وەرگێڕانێکی نادروستیشم ڕاست کردەوە (بڕوانە ٢: ١٢٠).
  • لە وتاری ئولیس بە کوردیدا پەرەگرافێکم لابرد و سێ پەرەگرافم خستە شوێنی. سەرباسی لاوەکییشم تیایدا دانا، کە خوێندنەوە ئاسان دەکەن. بڕوانە وتارەکەم.

چاککردنەوەی هەڵە

  • ناوچەیەک لە دەبلن ھەیە پێی دەڵێن باچلەرس وۆک Bachelor’s Walk، من وام زانیبوو تەنھا شەقامە، بۆیە بە شەقامی باچلەر وەرمگێڕابوو. بەڵام بۆم دەرکەوت ھەڵە بووم و لەنگەرگایە. ئێستا کردمەوە بە باچلەرس وۆک.
  • لە ڕاڤەی ژمارە ٧٦ی ئەڵقەی چوارەم و ٢٣٩ی ئەڵقەی پێنجەمدا بە ھەڵە ناوی دوو جەژنی جووەکانم تێکەڵ کردبوو: دەبوو جەژنی کەپرەشینە بووایە، بەڵام نووسیبووم جەژنی حەفتەکان، کە دوو جەژنی جیاوازی جووەکانن (بڕوانە ٤: ٨٧).
  • لە چەند شوێنێکدا بە ھەڵە وشەی ئێرانم لە بری فارس بە کار ھێنابوو، لە سەرجەمی بەرھەمەکەدا چاکم کردنەوە و کردمن بە فارس و فارسەکان.
  • وشەی ژاپۆن-م کرد بە یاپان، چون خۆیان وا بە خۆیان دەڵێن. یاپان یەکێکە لەو چەند وشەیەی بۆ خۆیان بە کاری دەبەن لە پاڵ نیھۆن، نیپۆن، ژپۆن، خاپۆنیا.
  • شێوازێکی ڕستەسازیی جۆیس ھەیە کە شاڕستەیەک بە و ناوبڕ دەکات و لە دوایەوە بۆرێک دادەنێت: «و،»، ئینجا پاڕستەیەکی ڕوونکردنەوە دەھێنێت، بۆرێکی تر دادەنێت، ئینجا کۆتایی بە ڕستەکە دەھێنێت. لە چاپەکانی پێشووتردا ھەوڵم دەدا خۆم لەم جۆرە داڕشتنە بە دوور بگرم، چون پێم ھەڵە بوو. بەڵام ئێستانان بۆم دەرکەوت خۆم ھەڵە بووم، بۆیە ئەو شێوازەم ھێنایەوە. بۆ نموونەیەکی چاککراو: لە سەرەتای ئەڵقەی یەکەمدا دەڵێت: «ھاتە لای چەکنیشەکەوە و، کە دەستێکی کرد بە گیرفانی سەرەوەی ستیفندا، وتی:». پێشتر بەم جۆرە بوو: «ھاتە لای چەکنیشەکەوە و دەستێکی کرد بە گیرفانی سەرەوەی ستیفندا و وتی:».
  • ناوی دیدەلس-م کرد بە دێدالۆس، چون لە گریکییەکەم نزیک کردەوە.

وەرگرتنی ڕای شارەزایان

کاک ڕێبوار قاسم قارەمانی بە بەشێکی ڕۆمانەکەدا چووبووەوە و زۆر سەرنجی بەنرخی پێم دا. زۆربەی تێبینییەکانیم بە ھەند وەرگرت و لێرە چاکم کردنەوە:

  • لە سەرجەمی پەڕتووکەکەدا وشەی داستانم لابرد و کردم بە کوردییەکەی کە بەیتە.
  • وشەی یادداشتم کرد بە یادنامە، چون داشت لە داشتنی فارسییەوە ھاتووە و دەمەوێت پەڕتووکەکە ئەوەندەی دەکرێت کوردیی پاراو و پەتی بێت.
  • ئەریستۆ-م کرد بە ئەریستۆتێلیس.
  • فەلسەفەی فێرکاریم کردەوە بە فەلسەفەی سکۆلاستی.
  • تڕتڕەم کرد بە قوڕباق و ڕاڤەم لەسەری نووسی (بڕوانە ٦: ٢١٨).
  • جیاوازیم لە نێوان تاوان و گوناھدا نەکردبوو. تاوان ڕەھەندێکی یاسایی ھەیە و گوناھ ڕەھەندێکی دینی. بۆیە ئەوانەم چاک کردەوە.
  • لوو کرا بە لاوث (بڕوانە ١: ١٤٥) کە پێشتر لە بەشی ئایرلاند و ھەرێم و کاونتییەکانیدا بوو.
  • قادرمە کرا بە پلیکانە.
  • لە چاپەکانی یەکەم و دووەمدا وشەی زانینخوازم لە بەرانبەر کیورییەس curiousدا دانابوو، لە چاپی ژینادا کردم بە کونجکاوی، کە فەرھەنگی خاڵم بە سەرچاوە وەرگرتبوو. بەڵام کاک ڕێبوار پێی وتم ئەو وشەیە نیوەی فارسییە، بۆیە لەم چاپەدا دیسان چاکم کردەوە.

وشەگۆڕکێ

  • وشەی شێریف کرا بە دارۆغە.
  • وشەی تابوت کرا بە دوودارە.
  • وشەی سەرخەس کرا بە فرەپێ.
  • وشەی کۆمپانیا کرا بە بەشگە.
  • وشەی مناڵ کرا بە منداڵ.
  • وشەی وایەڵد کرا بە وایلد.
  • وشەی سەعات کرا بە کاژێر.
  • وشەی ڕامیار کرا بە وارگێڕ.
  • وشەی ڕاستەقینە کرا بە ڕاستینە: لەبەر ئەوەی کە پێچەوانەکەی درۆیینە بێت، بۆچی ئەمیان -ەق-ێکی زیاد وەربگرێت؟
  • وشەی ڕامیاری کرا بە وارگێڕی. وتارێکی کورتم لەسەر ئەمە لە دەرەوەی ئەم پەڕتووکە نووسیوە، لە ماڵپەڕەکەمدا ھەیە.
  • وشەی فرەتوانا کرا بە ڤەکار: ڕاڤەیەکم لەسەری نووسی (بڕوانە ١: ١٠٩).

گۆڕانکاریی دەرەکی و کاردانەوەی لەسەر پڕۆژەکە

پەڕتووکی نوێی ڕاڤەی ئولیس

لە کاتی پێداچوونەوەم بە بەرگی دووەمی ئەم پەڕتووکەدا بەڕێزان سام سلەوت و ماڕک مامیگۆنیەن و جۆن تورنەر پەڕتووکێکی ڕاڤەی درێژتریان بڵاو کردەوە (سەرچاوەی حەوتەم). ئەم پەڕتووکە لە ڕاڤەکانی پێشووتریان بەپێزتر و درێژترە. ھەندێک جار ڕاڤەم لەم پەڕتووکەوە وەرگێڕاوە. لە چاپی پێشووی پەڕتووکەکەشمدا ڕاڤەکانی سام سلەوت و ھاوڕێکانیم تەنھا بە ھێمای «~س.س.» دادەنا، کە ئاماژەم بە سەرەپیتی ناوی ھاوکارەکانی سام سلەوت نەدابوو. بۆیە لەم چاپەوە ھێماکەم گۆڕی بە: «~س.ت.م.١» بۆ پەڕتووکی ڕاڤەی یەکەمیان و «~س.ت.م.٢» بۆ پەڕتووکی دووەمیان.

پەڕتووکی نوێی پەیوەست بە ئولیس

لە دوای چاپی ژیناوە لەگەڵ کاک ڕێبوار قاسم قارەمانی دەستمان کرد بە وەرگێڕانی ھاملێت بە ڕاڤەوە. تا ئێستا زۆربەی ھەرە زۆریمان تەواو کردووە، بەڵام بە ھەموویدا نەچووینەتەوە. بۆیە لە زۆربەی ئەو جێیانەی ئولیس و ڕاڤەکانیدا کە ھەر دێڕێکمان لە ھاملێتەوە ھێنابێت، لە وەرگێڕانەکەی خۆمانەوەم ھێناوە و لەسەریم نووسیوە {وەرگێڕانی من و کاک ڕێبوار قارەمانی}.

چاپی ژیناکان پێشکەشە بە

ئەم پێداچوونەوەیە پێشکەشە بە یادی نەمر و پڕشکۆی خاتوو ژینا ئەمینیی گەشمەرگ، ھێما و ھەوێنی ئازادیی کوردستان. ھەروەھا بە یادی پاکی ژینا پێشڕەو دزەیی، ئەو چرۆیەی تیرۆریستانی دژەکوردستان نەیانھێشت بپشکوێت و ساڵیادی یەکەمی تەمەنی بکاتەوە. ھەروەھا بە شۆڕشگێڕ و گەشمەرگە سەربەخۆییخوازە یادسەنگینەکانی شۆڕشی ژینای سەربەخۆیی لە خۆرھەڵاتی نیشتمان. ھەروەھا بە شەڕڤانە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژاڤای نیشتمان. دڵ و بیر و دەنگ و بینایی و ھەست و سەر و پەنجە و گشت دیوی بینراو و نەبینراوی منی وەرگێڕی خاکیی ئەم پەڕتووکە لەگەڵتاندایە و بە ئێوەوە سەربەرزم. بە ھیوام ستەمگای بێئاکاری مێزەربازان و ئازادیبازان و فێڵباز و فشەکەر و داگیرکەر و سەرکوتکەرانی کورد و سەربەخۆیی و ئازادی بۆ تاتایە بگەڕێنەوە بۆ ناو زێرابی مێژوو، کە ئەوێ جێی شایستەی خۆیانە. بژی سەربەخۆییخوازان. بژی کوردستانییەکان. بڕووخێت دەسەڵاتی درۆی پیرۆزکراو و پڕفشە. نە پانتەڕەماش، نە فیدرالی، نە کۆنفیدرالی، نە دەسەڵاتی ئوستوورە، نە کۆیلە و سەگی بەر قاپیی گەلان… تەنھا: کوردستان، کوردستان، کوردستان.

بۆ داگرتنی ئەم پەڕتووکە لێرەدا کلیک بکە.


  1. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا نووسیومە. ↩︎

٩. سکیلا و کاریڤدیس

ئەڵقەی نۆیەم: سکیلا و کاریڤدیس1

سکیلا و کاریڤدیس

سکیلا لە ئۆدیسەدا دەعبایەکی شەشسەرە و مۆتەکەیەکە و نامرێت. لەسەر لوتکەی چیایەکی تیژ دەژیێت. لەگەڵ ھەر ھەڵلووشینێکدا پیاوێک دەکاتە قوربانی. کاریڤدیسیش دەعبایەکی ترە و لە دەریاکەدا دەژی و کە باوێشک دەدات گێژاو دروست دەکات و ھەمووان لە بینینی دەتۆقن. سکیلاکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس ئەریستۆتێلیس و دۆگما و ستراتفۆرد-ن (شارەکەی شێکسپیر). کاریڤدیس پلاتۆن و ڕازگری (میستیسیزم) و لەندەنن (ئەو شارەی شێکسپیر کارەکانی لێ نمایش دەکرد). ئۆدیسێفسیش (ئولیس) کە بە نێوانیاندا تێدەپەڕێت سۆکراتیس و عیسا و شێکسپیرن.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: پەڕتووکخانەی نیشتمانیی ئایرلاند لە دەبلن و شەقامەکەی بەردەمی.

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ.

کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس، میستەر لیستەر (بەڕێوەبەری پەڕتووکخانەکە)، جۆن ئێگلنتن (یاریدەری بەڕێوەبەری پەڕتووکخانەکە)، جۆرج ڕەسڵ (ناسراو بە ئەی ئی: ڕۆشنبیر)، میستەر بێست (یاریدەری بەڕێوەبەری پەڕتووکخانەکە)، مەڵیگن، بلووم، فەرمانبەرێک.

چی دەگوزەرێت؟

کە ئەڵقەکە دەست پێ دەکات وا دیارە چەند خولەکێک لەوەوبەر گفتوگۆیەکی وێژەیی لە نێوان ستیفن و میستەر لیستەر و جۆن ئێگلنتن و جۆرج ڕەسڵدا دەستی پێ کردووە. لیستەر ئاماژە بە ڕۆمانێکی گۆتە (ڤیلھێلم مایستەر و گەشت و شاگردێتییەکانی [١٧٩٦]) دەدات. کەسێتیی سەرەکیی ئەو ڕۆمانەی گۆتە ھەوڵ دەدات شانۆنامەی ھاملێتی شێکسپیر وەربگێڕێت.

بەڵام فەرمانبەرێک بانگی دەکات و ناچارە گفتوگۆکە بە جێ بھێڵێت. ئێگلنتن توانج و پلار دەگرێتە ستیفن بۆ ڕاڤە و نووسینەوەی ھاملێت. سەرەتا ستیفن بێدەنگە. ئێگلنتن نووسەرە گەنجەکانی ئایرلاند سەرکۆنە دەکات کە ھێشتا شاکارێکیان دانەھێناوە کە بتوانن بیخەنە پاڵ ھاملێت.

دەبێت ھونەر بیرۆکە و کرۆکی بێشێوەی گیانەکییمان بۆ دەربخات

جۆرج ڕەسڵ خۆی سەروکاری لەگەڵ جیھانی ڕازگری و تیۆسۆفیدا ھەیە و گرنگییەکی زۆر بە لایەنی گیانەکیی شتان دەدات. تێڕوانینی خۆی لە بارەی گرنگیی وێژەوە ئاشکرا دەکات و پێی وایە: «دەبێت ھونەر بیرۆکە و کرۆکی بێشێوەی گیانەکییمان بۆ دەربخات. پرسیاری ھەرە باڵا دەربارەی کارێکی ھونەری ئەوەیە کە ئایا لە چەند قووڵایی ژیانەوە ھەڵدەقوڵێت؟».

ستیفن بیرۆکەکانی ڕێک دەخات. میستەر بێست دێتە ژوورەوە. ستیفن بابەتەکە دەباتەوە بۆ ئەریستۆتێلیس و پلاتۆن، ئێگلنتنیش ئەمەی پێ خۆش نییە. بێست ھەواڵی ھاینس (ی ئەڵقەی یەکەم)یان پێ دەڵێت کە تازە بینیویەتی و چووە پەڕتووکێکی گۆرانی و ھۆنراوە بکڕێت. ڕەسڵ ئاماژە بە کاریگەریی گۆرانی دەدات لەسەر بزاوت و شۆڕشی جیھان. قەیرێک باسی ستێفان مالارمێ (١٨٤٢-١٨٩٨) دەکەن.

شێکسپیر پەیوەندییەکی خودیی لەگەڵ ھاملێتدا ھەبووە

بابەت دێتەوە سەر ھاملێت. ستیفن پێی وایە کەسێتیی شێکسپیر لە ھەندێک کەسێتیی نێو شانۆنامەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. بێبەزەییێتییەکەی ھاملێتی کوڕ لە پەردەی پێنجەمی شانۆنامەکەدا نموونەی بێبەزەیێتیی سەربازانی ئینگلن. ستیفن زیاتر باس لە ژیانی شێکسپیر خۆی و نمایشی ھاملێت دەکات کە شێکسپیر خۆی تیایدا ڕۆڵی دیوە. پێی وایە شێکسپیر پەیوەندییەکی خودیی لەگەڵ ھاملێتدا ھەبووە: ھاملێتی کوڕ ھەر ھامنێت-ی کوڕی خۆیەتی. ڕەسڵ ئەمەی پێ ناخۆشە و پێی وایە ئەمە سیخوڕییە بەسەر ژیانی ھونەرمەندەوە. پێی وایە دەبێت ژیانی ھونەرمەند لە بەرھەمەکانی جیا بکەینەوە «بە ئێمە چی کە ھۆنەرەکە چۆن ژیاوە؟». پێی وایە گرنگ ئەوەیە ئێستا ئێمە بەرھەمەکانی کەسەکەمان ھەیە.

ئەو قەرزە!

ستیفن بیری جۆراوجۆر دەکاتەوە، یەکێک لە بیرەکانی ئەوەیە کە قەرزاری ڕەسڵە. ئینجا بە خراپ باسی ئان ھاثەوەی-ی ژنی شێکپسیر دەکات. پێی وایە لە نێو کارەکانی شێکسپیردا زۆر بەڵگە لەسەر خودی ژیانی ھەن. پێی وایە بەشێک لە ھۆی ئەوەی شێکسپیر ستراتفۆردی بە جێ ھێشتووە و چووە بۆ لەندەن لە داخی ژنەکەی بووە. ژنەکەی زوو دانی بۆ ڕۆ کردووە و ئەم ھەڵخڵەتاوە.

ڕەسڵ ناچارە بە جێیان بھێڵێت و بگەڕێتەوە سەر کار. ستیفنیش دیسان بیری جۆراوجۆر دەکاتەوە. لیستەر دەڵێت بەم نزیکانە کارێکی وێژەیی بڵاو دەبێتەوە کە کۆمەڵێک ھۆنراوەی ھەڵبژاردەی ڕەسڵن. ستیفن بیرێکی کورت لەم کارە و نووسەرەکانی دەکاتەوە. ئینجا داوا لە ڕەسڵ دەکات گرنگی بە نامەکەی دیسی (ئەڵقەی دووەم) بدەن. ڕەسڵیش دەڵێت چیی پێ بکرێت درێغی ناکات و دەڕوات.

بیردۆزەکەی ستیفن

لیستەر خوازیارە زۆرتر بیروبۆچوونی ستیفن لە بارەی ھاملێتەوە بزانێت. ستیفن بیرەکانی خۆی ڕێک دەخات. ئێگلنتن داوای لێ دەکات ئەوە بسەلمێنێت کە شێکسپیر ھاملێتە. ستیفنیش درێژەی بیردۆزەکەی دەخاتە ڕوو، بە وردی ڕۆ دەچێتە نێو ژیانی شێکسپیر و ھەندێک لە شانۆنامەکانی و بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە. بەڵام ئێگلنتن ھاوڕای نییە، تەنانەت ئێگلنتن پێی وایە شێکسپیر شانۆنامەی پێریکلیسی نەنووسیوە. لیستەر پێی وایە دەبێت ستیفن کار لەسەر بیردۆزەکەی بکات و ئاماژە بە چەند ڕاڤەکارێکی تری شێکسپیریش دەدات. پێی وایە ژیانی خۆشەویستیی شێکسپیر کێشاوی بووە.

ئەسمەر یاری شێکسپیر جوانە!

پاشان باسی پەیوەندیی گوماناویی شێکسپیر و خانمێکی تاریکڕەنگ و کەسێکی تر دەکرێت کە سەرەپیتی ناوەکەی دەبلیو ئێچ-ە و ناسنامەکەی ڕوون نییە. خانمە تاریکڕەنگەکەش کەسێکە لە نێو سۆنێتەکانی شێکسپیردا ئاماژەی پێ دراوە. ستیفن لەسەر بنەمای بەڵگەی ناوەکی پێی وایە ئەم خانمە ژنێکی بەرھەڵدا بووە و شێکسپیر خۆشی ویستووە، بەڵام خانمەکە شێکسپیری نەویستووە. ئینجا ستیفن دیسان لەسەر بنەمای دەقەکانی شێکسپیر پێی وایە ژنەکەی شێکسپیر پەیوەندیی سەرجێیی لەگەڵ برایەکی شێکسپیردا ھەبووبێت. لەوانەیە ئەمەش وای لێ کردبێت بەو جۆرە لە شار و خێزانی خۆی دوور بکەوێتەوە.

گاڵتەجاڕەکە دێت

لە ناکاو مەڵیگن دێتە ژوور و یەکسەر بابەتەکە دەکات بە گاڵتە و پێکەنین. یەکسەریش دەزانێت ستیفن باسی شێکسپیری کردووە. لیستەر داوای ڕا لە مەڵیگن دەکات، بەڵام ئەو ئەوەش دەکات بە گاڵتەوگەپ. ئەوانی تر درێژە بە بابەتەکە دەدەن. ئینجا مەڵیگن دەکەوێتە گاڵتە و ڕابواردن بە ستیفن.

بلووم دێت

فەرمانبەرێک دووبارە لیستەر بانگ دەکات. پێی دەڵێت بەڕێزێک لە ڕۆژنامەی فریمانس جۆرنەڵەوە ھاتووە و داوای دۆسێیەک دەکات. ئەم کەسە بلوومە و لیستەر دەچێت بە دەنگیەوە و زۆر بەڕێزانە کارەکەی ڕایی دەکات. کە مەڵیگن لە دوورەوە بلووم دەبینێت دەکەوێتە زەمی وی و گاڵتەی پێ دەکات. بە ستیفن دەڵێت: «باوکت دەناسێت»، پێشی دەڵێت بلووم ھەتیوبازە و دیویەتی چاوی بڕیوەتە سمتی پەیکەرێک. ئێگلنتن ئەم گاڵتەجاڕییەی مەڵیگن دەبڕێنێتەوە و پرسیار لە ستیفن دەکات. ستیفنیش دیسان دەکەوێتەوە کۆڵینەوە لە ژیانی شێکسپیر بە گوێرەی بەڵگەی ناوەکیی نێو کارەکانی.

شێکسپیر چووەتە بەر ئاوێنە و کەسێتییەکانی بونیاد ناوە

ستیفن پێی وایە شێکسپیر دەوڵەمەند بووە و حەزی بە چارەی ژنەکەی خۆی نەھاتووە، چون ھەرگیز شێکسپیر ناوی ژنەکەیی نەبردووە. تەنانەت لە دواسپاردەکەشیدا یەکەم جار ناوی ژنەکەیی تێدا نییە، دواتر ناوی ژنەکەی خراوەتە نێوان دێڕەکانەوە. مەڵیگن بە گاڵتەوە ئەوەش دەخاتە نێو باسەکەوە کە شێکسپیریش ھەتیوباز بووە. ستیفن درێژە بە بیردۆزەکەی خۆی دەدات و پێی وایە شێکسپیر کەسێکی ڕەزیل و پیسکە بووە و «شایلۆکی لە گیرفانە درێژەکانی خۆیەوە دەرھێناوە». شایلۆک بارمتەگرێکی تۆڵەخوازی نێو شانۆنامەی بازرگانەکەی ڤینیسیای شێکسپیرە. دووپاتی دەکاتەوە کە ڕووداوەکانی دەوروبەری ژیانی خۆی کەرەستەی سەرەکیی پێکھێنانی ڕووداوەکانی نێو شانۆنامەکانین. پێشی وایە ژنەکەی حەزی بە شانۆنامەکانی وی نەبووە. پێشی وایە ئان ھاثەوەی لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای ژیانیدا ژنێکی سەرکێش و تا ڕادەیەک بەرھەڵدا بووە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە و بووەتە ژنێکی دیندار و بە قورسی دینی گرتووە.

سیانینە پیرۆز و ناپیرۆزەکە

ستیفن بە لێڵی و ناڕوونی پەیوەندیی ھاملێتی باوک و ھاملێتی کوڕ بە باوکی شێکسپیر (جۆن شێکسپیر) و شێکسپیر خۆی وەک باوک و بەرھەمەکانی وەک منداڵی خۆی و سیانینەی پیرۆز (باوک و کوڕ و گیانی پیرۆز)ی دینی مەسیحی بەراورد دەکات. مەڵیگن گاڵتەیەک لەسەر ئەم پەیوەندییە ڕێک دەخات. ستیفن ناوی کەسوکاری شێکسپیر لە بەرھەمەکانیدا دەستنیشان دەکات. لەم بەڵگانەشەوە گریمانەی ئەوە دەکات پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ ڕیچاردی برایدا ھەبووبێت. گریمانەی ئەوە دەکات ڕیچاردی برای لەگەڵ ژنەکەی شێکسپیردا سەرجێییان ھەبووبێت «لە ھەر ھەموو پاشاکانی ویدا [شێکسپیردا] ڕیچارد تاکە پاشایە کە لە مەتاڵی ڕێزی شێکسپیر بێبەرییە»، ئەمیش لەبەر ھاوناوەکەی، کە ڕیچاردی برای خۆیەتی. ڕیچارد لە شانۆنامەکەدا دەبێتە مێردی ئان، کە ژنەکەی خۆیشی ھەر ناوی ئانە.

ئاشتی، ئارامی، ئاسوودەیی، ئەی ئامانج!

بەڵام ستیفن پێی وایە شێکسپیر لە کۆتایی تەمەندا گەیشتووە بە ئاشتی و ئارامیی دەروونی و ئەمەش لە شانۆنامەکانی دوایی تەمەنیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئێگلنتن بەشێکی وتەکانی ستیفن دەسەلمێنێت، ڕەنگە لە دڵیشەوە نەبێت، بەڵام دەڵێت: «[شێکسپیر] سەھویرەکەشە و شازادەکەشە. ھەموو شتێکە». واتە لە شانۆنامەی ھاملێتدا ھەم خۆی باوکەکەیە و ھەم کوڕەکەشە. مەڵیگن دیسان دەست دەکاتەوە بە گاڵتەوگەپ.

خزمەتگوزارییەکانمان خۆڕایی نین!

ستیفن بە ئێگلنتن دەڵێت: «دەتوانیت بە گینییەک ئەم چاوپێکەوتنە بڵاو بکەیتەوە». بەڵام ئێگلنتن لێی دەپرسێت: «ئایا خۆت بڕوات بە بیردۆزەکەی خۆت ھەیە؟»، ستیفن دەڵێت: «نەخێر». مەڵیگن دیسان بابەتەکە دەکاتەوە بە گاڵتەوگەپ و ستیفنیش دەخاتە نێو چیرۆکە بەرھەڵداییەکانی خۆیەوە.

ماڵئاوا پەڕتووکخانەی نیشتمانی

ستیفن و مەڵیگن ماڵئاوایی دەکەن و دەڕۆن و پەڕتووکخانەکە بە جێ دەھێڵن. مەڵیگن بە دەم ڕێوە دەست دەکات بە گۆرانییەکی بەرھەڵدایانە. پاشان ستیفن سەرکۆنە دەکات لەسەر ناسوپاسگوزارییەک کە بەرانبەر نووسەرێکی نوواندووە بە ناوی خاتوو گرێگری. مەڵیگن داوا لە ستیفن دەکات بڕێک دیپلۆماسی بێت.

مەڵیگن بیرۆکەی شانۆگەرییەکی بەرھەڵدایانەی کەنینی بە ستیفن دەڵێت. بلووم لە دواوە دێت و بە نێوانیاندا دەڕوات و ڕێی بۆ دەکەنەوە و سڵاویش دەکەن. مەڵیگن دیسانەوە دەکەوێتەوە گاڵتەوگەپ و دەڵێت بلووم تەمای لە ستیفنە. ستیفنیش پێی وایە مەڵیگن بێڕێزیی پێ دەکات و دەڕۆن.


  1. ٥-٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ نووسیومە. ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەوە. ↩︎

٨. لێستریگۆنییەکان

ئەڵقەی ھەشتەم: لێستریگۆنییەکان1

لێستریگۆنییەکان

لێستریگۆنییەکان لە ئۆدیسەدا خەڵکانێکی مرۆڤخۆرن، ئۆدیسێفس بە ئەستەم دەتوانێت لێیان دەرباز ببێت. لێستریگۆنییەکانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس ددانی کۆمەڵێک خەڵکە لە چێشتخانەکاندا.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: بلووم بەسەر ڕووباری لیفیدا دەڕوات بۆ چێشتخانەی بۆرتن لە ١٨ی شەقامی دوک (لە دەبلن)، دواتر دەچێت بۆ مەیخانەکەی دەیڤی بەیرن لە ٢١ی شەقامی دوک. پاشان دەچێت بۆ پەڕتووکخانەی نیشتمانی، کە لای خۆرھەڵاتی مەیخانەکەوە زۆر دوور نییە.

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ.

کەسێتییە سەرەکییەکان: بلووم، خاتوو برین، فلینە لووتە، دەیڤی بەیرن، بانتەم لایەنس، تۆم ڕۆچفۆرد، پادی لیۆنارد.

چی دەگوزەرێت؟

بلووم بە پیاسە دەڕوات، چەند ڕێبوارێکی جۆراوجۆر دەبینێت، بیر لە دین دەکاتەوە. لە دوورەوە کچێکی سایمن دێدالۆس دەبینێت و بیر لەو نەھامەتییە دەکاتەوە کە دوای مەرگی خاتوو دێدالۆس (دایکی ستیفن) بەسەر ئەو خێزانەدا ھاتووە. بەسەر پردی ئۆکانەڵدا بەسەر ڕووباری لیفیدا دەپەڕێتەوە. بیر لە کارگەی گینیس دەکاتەوە. کارگەی گینیس یەکێک لە بەناوبانگترین بیرەکانی ئەوروپا دروست دەکات و بارەگا سەرەکییەکەی لە دەبلنە. بلووم بیر دەکاتەوە ڕۆژێک سەردانی کارگەکە بکات.

چەند مەلێک لەسەر پردەکەوە دەبینێت، کێکێک دەکڕێت و بۆیان دەھاوێتە خوار، ئەوانیش دەیخۆن. بەلەمێک دەبینێت ڕیکلام بۆ پانتۆڵ دەکات و بە بیرۆکەیەکی باشی دەزانێت. ئینجا بیر لە ڕیکلام دەکاتەوە. پاشان بیر لە ھەندێک کەس و ژنەکەی دەکاتەوە. چەند پیاوێک بە لایدا دێن و ڕیکلامی جێیەکیان پێیە بە ناوی ویزدەم ھێڵیس، بلووم پێشتر لەوێ کاری کردووە. دیسان بیر لە ڕیکلام دەکاتەوە. بیر لە خانمێکی ڕەبەن و ڕەبەنگایەکی خوشکان دەکاتەوە. بیر لەو سەردەمە دەکاتەوە کە خۆی لەو جێیە کاری کردووە. پاشان یادی دڵخۆشیی ئەو سەردەمەی نێوان خۆی و ژنەکەی دەکاتەوە. ئینجا کۆنسێرتێکی ژنەکەی بە یاد دێتەوە.

ھەڵەیەک ئەڵقەی چواردەیەمی ڕۆمانەکە دروست دەکات

لەناکاو ژنێک بە ناوی خاتوو برین سڵاو لە بلووم دەکات. بلووم و خاتوو برین کەمێک ڕادەوەستن و چاکوچۆنی دەکەن و ھەواڵی خێزانی یەکتر دەپرسن. مێردەکەی خاتوو برین کەمێک شێتۆکەیە، دوێشەو پۆستکارتێکیان بۆی ناردووە و پێیان ڕابواردووە، ئێستا تووڕە بووە و دەیەوێت سکاڵا لەسەر نێرەرەکانی تۆمار بکات. بلووم بیر لە گەنجیی ئەم ژنە دەکاتەوە کە چەند جوان بووە. بلووم ھەواڵی ژنێک دەپرسێت بە ناوی «بیوفۆی»، بەڵام خاتوو برین بە ھەڵە وا تێدەگات مەبەستی ژنێکی ترە بە ناوی خاتوو «پیورفۆی» و دەڵێت لە خەستەخانەی منداڵبوون کەوتووە و سێ ڕۆژە ژانی گرتووە و منداڵی نابێت. بلوومیش ھەڵەکەی بۆ ڕاست ناکاتەوە و ھاوسۆز دەبێت لەگەڵ خاتوو پیورفۆیدا. لەناکاو شێتێکی بەناوبانگی دەبلن بە لایاندا دەڕوات و گفتوگۆکەیان دەبڕن. پاشان مێردەکەیشی لە دوورەوە دەردەکەوێت و ژنەکە دەڕوات بۆ لای و ماڵئاوایی دەکەن.

بلووم دەکەوێتەوە ڕێ. بیر لەو ڕیکلامە دەکاتەوە کە لە ڕۆژنامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە و داوای تایپێستی کردووە، لەگەڵ نامەکەی مەرسا کلیفرد (ئەڵقەی پێنجەم). پاشان بیر لە ھەندێک شتی جۆراوجۆر دەکاتەوە. بڕیار دەدات بۆ فراڤین بچێت بۆ چێشتخانەی بۆرتن، کە دوور نییە لێوەی. ئینجا بیر لە منداڵبوونە سەختەکەی خاتوو پیورفۆی دەکاتەوە و بەزەیی پیایدا دێتەوە و بەراوردی دەکات بە منداڵبوونی ژنەکەی خۆی.

ناو بھێنە با دەربکەوێت!

تاقمێک پۆلیس بە لای بلوومدا دەڕۆن. ئینجا بیر لە پۆلیس دەکاتەوە. ڕۆژێکی بە یاد دێتەوە کە کەوتووەتە نێو خۆپیشاندانێک و پۆلیس داویەتی بە سەریاندا و ئەمیش ڕایکردووە و خەریک بووە بیگرن. ئینجا بیر لە پارنێڵ و جۆرج ڕەسڵ (ئەی ئی) دەکاتەوە. کەچی دوای کەمێک لەوبەر جادەکەوە براکەی پارنێڵ دەبینێت و زۆری تر نابات جۆرج ڕەسڵ (ئەی ئی) و ژنێک بە لایدا دەڕۆن. سەیری لێ دێت کە ئەمە سێیەم ڕێکەوتە لە ڕۆژەکەدا. پێشتر (ئەڵقەی شەشەم) بیری لە بڵێسە بۆیلەن کردەوە و پاش کەمێک بە لایدا تێپەڕی، ئێستاش وا ئەم دووانە!

ئیتر بلووم دەکەوێتە بیرکردنەوە لەو کەسانەی بە ڕێکەوت بینینی و بیر لە ژنی «ڕۆشنبیر» دەکاتەوە. لە خەیاڵی خۆیدا گاڵتەیان پێ دەکات. بە بەردەم چاویلکەسازێکدا دەڕوات و بیر لە ھاوێنە و دووربین دەکاتەوە. دیسان دەکەوێتەوە یادی ڕابردوو کە دڵخۆشتر بووە، بەڵام دوای مەرگی ڕودیی کوڕیان پەیوەندیی نێوان خۆی و ژنەکەی گۆڕاوە. بیر دەکاتەوە دیارییەک بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی ژنەکەی بکڕێت. لەناکاو ئارەزووی دەبزوێت و حەزی بە ماچ و باوەش دەبێت تا دەگاتە بەردەم چێشتخانەکەی بۆرتن، کە بۆگەنەکەی ئەوێ ئارەزووەکەی دەنیشێنێتەوە.

لێستریگۆنییەکان

بلووم دەگاتە بۆرتن و دەچێتە ژوورەوە و سەیر دەکات. حەزی بەوە نییە لەوێ نان بخوات، چون شوێنەکە بۆنی ناخۆشە. خەڵکەکە ناشیرین نان دەخۆن. ھەموویان پیاون و خانمی لێ نییە. بۆیە وا خۆی پیشان دەدات ھاتووە بۆ بینینی کەسێک و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: «لێرە نییە. نایبینم» و دەڕواتە دەرەوە. بڕیار دەدات بچێت بۆ دەیڤی بەیرن، کە ھەر چەند دوکانێک لەولاوەیە. بیر لە نانخواردن دەکاتەوە، ئینجا بیر لە ئامادەکردنی خواردن دەکاتەوە.

جێیەکی ڕێکوپێکتر

بلووم دەگاتە دەیڤی بەیرن و ئەوێی بە دڵە. کەسێکی لێیە ناوی فلینە لووتەیە، ھەم چڵمنە و ھەم زۆر لووت دەژەنێتە شتی خەڵکەوە، بۆیە ناوی فلینە لووتەیە. بلووم زۆر حەزی بە چارەی نییە. چاکوچۆنی دەکەن و بلووم پاش بیرکردنەوەیەک بڕیار دەدات چی بخوات، ئەویش بابۆڵەیەکی پەنیر و پێکێک شەرابە. فلینە لووتە ھەواڵی ژنەکەی دەپرسێت و ئەمیش سەرپێیی وەڵامی دەداتەوە. بابۆڵەکەی بۆ دێت و دەیبڕێت و بە خەرتەلەوە دەیخوات. دیسان باسی کۆنسێرتەکەی خاتوو مۆڵی دێتەوە بەر باس کە بڵێسە بۆیلەن ڕێکخەرەکەیەتی.

فلینە لووتە بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ یاریی مستێن و لەوێوە بۆ گرەوکردن لەسەر پێشبڕکێی ئەسپسواری. دەیڤی بەیرن وازی لە گرەوکردن ھێناوە و دژی ئەو جۆرە قومارەیە. فلینە لووتە دەڵێت دوو حەفتە لەوەوبەر خەریک بووە گرەوێکی گەورە بباتەوە.

بلووم بە بێدەنگی نانەکەی دەخوات و بیر لە ناشیرینیی فلینە لووتە دەکاتەوە. پاشان دیسان بیر لە جۆری جیاجیای خواردن دەکاتەوە، ئینجا بیر لە شەراب دەکاتەوە. یادی ئەو ئێوارەیە دەکاتەوە کە لەگەڵ مۆڵیی ژنیدا لەسەر گردێکی دەبلن باوەش و ماچیان کردووە و دڵدارییان کردووە. حەسرەت بۆ ئەو کاتە خۆشە دەخوازێت و بەراوردی دەکات بە ئێستای خۆی، کە دڵی خۆش نییە و دەمێکە لەگەڵ ژنەکەی دڵداریی نەکردووە. پاشان بیر لە تام و چێژ و جوانی دەکاتەوە، بەڵام میزی دێت و دەچێت بۆ ئاودەست.

بڕۆیت زەم کراویت!

لەو نێوەندەدا دەیڤی بەیرن سۆراخی کاری بلووم لە فلینە لووتە دەکات. ئەویش پێی دەڵێت و پێیان وایە لە کێشەدایە، چون دڵی تەنگ دیار بووە. گریمانەی ئەوە دەکەن لەوانەیە یان لەگەڵ ژنەکەیدا لە کێشەدا بێت، یان لە کارەکەیدا لە کێشەدایە. فلینە لووتە پێی وایە بلووم ماسۆنییە و بەڵگەیشی ئەوەیە کە ھەرگیز ئەوەندە ناخواتەوە سەرخۆش بێت. بڕێک باسی ماسۆنییەکان دەکەن. لە کۆتاییدا ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی بلووم پیاوێکی بێوەیە و «بۆ یارمەتیدانی خەڵک مشتنووقاو نییە».

سێ کەس دێنە ژوورەوە، یەکێکیان بانتەم لایەنسە کە لە ئەڵقەی پێنجەمدا بلوومی بینی و وای زانی بلووم سووسەی ئەسپێکی پێ دەدا. دووانەکەی تر پادی لیۆنارد و تۆم ڕۆچفۆرد-ن. سڵاو دەکەن و داوای خواردنەوە دەکەن و ھەواڵی یەکتر دەپرسن. ھەر زوو بابەتەکە دەبێتە گرەوکردن لەسەر ئەسپی نێو پێشبڕکێی ئەسپسوارییەکە. لەم کاتەدا بلووم دەگەڕێتەوە و سڵاویان لێ دەکات و لە چێشتخانە/مەیخانەکە دەردەچێت. لایەنس بەوانی تر دەڵێت کە بلووم بووە سووسەی ئەسپەکەی پێی داوە و مەی دەخۆنەوە.

بە تێری

بلووم بە پیاسە دەڕوات و بە دەم ڕێوە گۆرانی دەبێژێت و بیر لە شتی جۆراوجۆر دەکاتەوە. یەکێک لەوانەی بیری لێ دەکاتەوە یەکتربینینەکەی ژنەکەی و بڵێسە بۆیلەنە و ھەوڵ دەدات بیری لێ نەکاتەوە. لە دوورەوە نەوجوانێکی نابینا دەبینێت دەیەوێت بە شەقامەکەدا بپەڕێتەوە. بلووم یارمەتیی دەدات بپەڕێتەوە. ئینجا بلووم بیر لە نابیناکان و ژیانیان دەکاتەوە. پاشان بیر لە خودی ئەم نابینایە دەکاتەوە کە ئێستا قۆڵی گرتووە و دەیپەڕێنێتەوە. بلووم دوای کەمێک بیری دەکەوێتەوە کە ناوی ئەو نەوجوانە دەزانێت و پیانۆ دەژەنێت و کۆک دەکات. دیسان بیر لە ھەندێک شتی جۆراوجۆر دەکاتەوە. بەرەو پەڕتووکخانەی نیشتمانی دەڕوات. لەناکاو دیسان لە دوورەوە بڵێسە بۆیلەن دەبینێت، دڵی دەکەوێتە پەلەپەل و خۆیی لێ دەشارێتەوە و ڕۆژنامەکەی دەردەھێنێت و وا خۆی پیشان دەدات لە گیرفانەکانیدا بە دوای شتێکدا دەگەڕێت و بەپەلە دەگاتە پەڕتووکخانەی نیشتمانی.


  1. ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ نووسیومە. ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەوە. ↩︎

٧. ئیۆلۆس

ئەڵقەی حەوتەم: ئیۆلۆس1

ئیۆلۆس

ئیۆلۆس لە ئۆدیسەدا جیھانی پاشا و سەروەری بایە، شای دوورگەی ئیۆلیایە کە ئۆدیسێفس دەچێت بۆ لای. ئیۆلۆسی ئولیس-ی جەیمز جۆیس پیاوێکە بە ناوی مایەڵز کراوفۆرد کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. واتە بەڕێوەبەری بلوومە.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: نووسینگەکانی ڕۆژنامەی فریمانس جۆرنەڵ و ذە ئیڤنینگ تەلەگراف، بە ناونیشانی ٤-٨ی شەقامی پرنسی باکوور لە بەری باکووری خۆرھەڵاتی شاری دەبلن.

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ.

کەسێتییە سەرەکییەکان: بلووم، موررەیە سوور، نانێتتی، جۆ ھاینس، پڕۆفیسۆر ماکھیو، سایمن دێدالۆس، نێد لەمبێرت، جەی جەی ئۆمۆڵۆی، مایەڵز کراوفۆرد، لێنێھەن، ئۆمادن بورک، ستیفن دێدالۆس.

مانشێت لە ڕووداو گرنگترە!

لەبەر ئەوەی شوێنی ئەم ئەڵقەیە نێو نووسینگەی دوو ڕۆژنامەی گەورەی دەبلنە، بۆیە گێڕانەوەکەش لەوەدا لاسایی ڕۆژنامە دەکاتەوە کە چەندین مانشێتی ھەیە. بە کۆی ھەموو ئەڵقەکە ٦٣ مانشێتی تێدایە، کە ئەمانەی خوارەوەن:

  1. لە ناو دڵی دایکەشارە ھیبێرنییەکەدا
  2. ھەڵگری تاج
  3. ڕۆژنامەگەران
  4. کاک ویلیەم برەیدنی ئۆکلندس، ساندیماونت
  5. داروەکازەکە و پێنووسەکە
  6. بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دواکۆچی شارنشینێکی ھەرەبەڕێزی دەبلن ڕادەگەیەنین
  7. چۆن زمانحاڵێکی گەورەی ڕۆژانە دەردەچێت
  8. ڕیکلامسازەکە لە کار دەبینین
  9. ماڵی ک(لیل)یز
  10. ڕاستنووسی
  11. ئەندامێکی دیاری کڵێسا کە جارجار بابەت دەنێرێت
  12. ڕۆژقاڵێک
  13. جەژنی لێڕەتبوونیش بوو
  14. دیسان سابوونەکەیە
  15. ئێرین، نقێمی سەوزی دەریای زیوین
  16. کورت بەڵام مەبەستپێک
  17. درێغا
  18. دۆرییە ڕەسەنەکەی
  19. ئەوەی وێذەرەپ وتی
  20. جەنگگەلی ناودار یاد کرانەوە
  21. ئەی ھاڕپی ئیۆلی!
  22. براوەکە ھەڵبھێنە
  23. پێکدادانێک لە دوای دێت
  24. بلووم دەردەچێت
  25. کۆتەڵێکی شەقام
  26. سەبیلەی ئاشتی
  27. ھەروەھا بۆ لای شکۆی ڕۆمی کۆن
  28. ؟؟؟
  29. بەزم لە چێشتخانەیەکی بەناوبانگدا
  30. دۆزە دۆڕێنراوەکان
    ناوی مەرکیزێکی خانەدان ھێنرا
  31. کیریێ ئیلێیسۆن!
  32. لیمریکەکەی لێنێھەن
  33. چێشتی مجێور
  34. «دەتوانیت بیکەیت!»
  35. گالەھێری مەزن
  36. دەنگێکی دوور
  37. زیرەکانەیە، زۆر
  38. سەروا و ھۆکان
  39. بەسە بۆ ھەر ڕۆژێک…
  40. ھاوبەندی ڕۆژانی ساڵانی بەسەرچوو
  41. ئیتالیا، ماجیسترا ئارتوم
  42. دەربڕینێکی پرشنگدار
  43. پیاوێکی ورەبەرز
  44. بەربوورە
  45. لە بابەکانەوە
  46. شووم – بۆ ئەو!
  47. با ھیوا بخوازین
  48. دەبلنی پیسی بەوەج
  49. ژیانی ڕووت
  50. گەڕانەوەی بلووم
  51. دیمانە لەگەڵ سەرنووسەردا
  52. ق. م. ب.
  53. ق. پ. ئ. م. ب.
  54. بارمتەکردنی قەرز
  55. پەکوو لەو ستوونە! – ئەمە ئەوە بوو کە خلەخلڕۆی یەکەم وتی
  56. ئەو مێیانەی کەمێک چەتوونن
  57. بڕوا وایە، دوو خانم چەوەکشاوی خێراحەبی تیژڕەو بە دانیشتووانی دەبلن دەبەخشن
  58. سۆفیستێک ڕێک دەماڵێت بە لمۆزی ھێلێنی لووتبەرزدا. سپارتاییەکان کاکیلەکانیان جیڕ دەکەنەوە. ئیتاکییەکان سوێند دەخۆن پین پاڵەوانە.
  59. ئەلو سڵاو، ناوەند!
  60. چی؟ – ھەروەھا – لە کوێ؟
  61. مامۆستا دەڵێت وێرگیلیوسی. قوتابیش ھەڵوژە بۆ موسای پیرەمێرد.
  62. ھۆرەیشۆ نماگری ئەم ڕۆژە خۆشەی حوزەیرانە
  63. دەردەکەوێت پەنجەی کەمبوو بۆ قۆڕیتانی بزێو زۆر ئاڵۆشکەرن. ئان گێژ دەبێت، فلۆ دەلەرزێت. بەڵام داخۆ دەتوانن سەرزەنشتیان بکەن؟

چی دەگوزەرێت؟

سەرەتا

ئەڵقەکە وەک فیلمێکی سینەما بە پیشاندانی چەند دیمەنێکی ناوجەرگەی شاری دەبلن دەست پێ دەکات. ترامەکانی ناوشار دێن و دەچن. ھاوار دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی سەرنشین و ناونیشانی ئەو جێیانەی بۆیان دەچن. لە جێیەکی تر چەند کرێکارێکی پیشەوەر کار دەکەن و بەرمیل تل دەکەنەوە و باریان دەکەن.

ئیۆلیا: دوورگەکەی ئیۆلۆس – نووسینگەی ڕۆژنامەکە

ئینجا دێینە نێو نووسینگەی ڕۆژنامەکانەوە. بلووم لە شوێنی کارەکەیەتی و تازە مووچەی وەرگرتووە. داوا لە ھاوکارێکی دەکات نەخشی ڕیکلامی کڕیارێک ببڕێت و ھاوکارەکەش دەیبڕێت. ئەم کڕیارە ناوی ئەلێکساندەر کیز-ە. پاشان بلووم ھاوکارەکەی بە جێ دەھێڵێت و دەچێتە ژووری ھاوکارێکی تر. ئەمیان چاپسازە و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی دەبلنیشە، ناوی نانێتی-یە. دەنگی ئامێرەکانی چاپ ژوورەکەیان تەنیوە. نانێتی لەگەڵ کەسێکی تردا بە ناوی جۆ ھاینس دەدوێت. ئەو کەسە بوو کە لە ئەڵقەی شەشەمدا ناوی ئامادەبووانی پرسەکەی تۆمار دەکرد و قەرزاری بلوومە، لە ئەڵقەی دوازدەیەمیشدا دێتەوە. بلووم چاوەڕێ دەکات نانێتی بەردەست بێت و ئەو ماوەیە بیر دەکاتەوە. بە جۆ ھاینس دەڵێت بچێت پارە وەربگرێت، چون ژمێریارەکەی لێیە. بلووم خوازیارە بەم وتەیە تێیبگەیەنێت قەرزەکەی بداتەوە.

بلووم بە زارەکی باسی شێوە و نەخشی ڕیکلامەکەی کیز بۆ نانێتی دەکات. نانێتی داوای نەخشەی ڕیکلامەکە دەکات، بلوومیش دەڵێت دواتر بۆی دەھێنێت. ھەر وایشە، دواتر لە ئەڵقەی نۆیەمدا دەچێت بۆ پەڕتووکخانەی نیشتمانی و لە ئەرشیفی ڕۆژنامەیەکدا نەخشێکی ھاوشێوە دەھێنێت بۆ ئەوەی نەخشی ڕیکلامەکەی کیزی لەسەر دروست بکەنەوە. ئینجا بلووم لە ڕاستنووسی ڕادەمێنێت کە چۆن تیپچنەکانی ڕۆژنامە کاری تیپچنی دەکەن. کە گفتوگۆکەی بلووم و نانێتی تەواو دەبێت بلووم دەڕوات و بە دەم ڕێوە لە تیپچنێک ورد دەبێتەوە کە چۆن کارەکەی دەکات. بلووم لە شێوازی خوێندنەوەی ئاوەژووی تیپچنانەوە بیری شێوازی خوێندنەوەی باوکی دەکەوێتەوە. لەوێشەوە دەکەوێتە بیری دەردیسەرییەکانی جووەکان بە درێژایی مێژوو.

ڕیکلام ڕۆژنامە دەژیێنێت

بلووم پێی باشە سەرێک لە میستەر کیزی خاوەنی ڕیکلامەکە بدات و تاووتوێی نەخشی ڕیکلامەکە و ماوەی دابەزینی ڕیکلامەکە لە ڕۆژنامەکەدا بکەن. بەڵام پێی باشترە پێشوەخت تەلەفۆنێکی بۆ بکات. بۆ چرکەیەک بیر لەوە دەکاتەوە بە بیانووی لەبیرچوونی شتێکەوە بچێتەوە بۆ ماڵەوە و ژنەکەی شەبەیخوون بکات، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. دەچێتە ژوورێک بۆ تەلەفۆن و لەوێ سایمن دێدالۆس و پڕۆفیسۆر ماکھیو و نێد لەمبێرت دانیشتوون. نێد لەمبێرت وتارێک دەخوێنێتەوە و دێدالۆسیش گاڵتەی پێ دەکات و پێدەکەنن. پاش کەمێک یەکێکی تریش بە ناوی جەی جەی ئۆمۆڵۆی دێت بۆ لایان و چاکوچۆنی دەکەن. ئەم پیاوە کاتی خۆی پارێزەر بووە و گوزەرانی باش بووە، بەڵام ئێستانان بەختی ڕوو لە ھەڵدێرە و لە کۆتایی ئەڵقەکەدا دەردەکەوێت بۆ چی ھاتووە. نێد لەمبێرت درێژە بە خوێندنەوە و گاڵتەجاڕییەکەی دەدات. بلووم پێی وایە گەرچی ئەمان بەو وتارە ڕادەبوێرن، بەڵام نووسەرەکەی یەکێکە لە پڕخوێنەرترین نووسەرەکان، کە ناوی دان داوسن-ە.

مایەڵز کراوفۆرد خۆی دەکات بە ژووردا. ئەم پیاوە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. سایمن دێدالۆس و نێد لەمبێرت دەچن بۆ مەیخواردنەوە. کراوفۆرد سەربوردەیەکی کورت دەگێڕێتەوە. بلووم تەلەفۆنەکەی دەکات. کەسێکی تریش بە ناوی لێنێھەن دێتە لایان، کە پێشتر لە نووسینگەکەی ناوەوە لەگەڵ سەرنووسەرەکەدا بوون.

کۆمەڵێک منداڵی ڕۆژنامەفرۆش بە قاووقیژەوە بە ڕاڕەوەکەدا ھوروژم دەبەن و دەرگاکە دەکرێتەوە و ڕەشەبایەک دێتە ژوورەوە و پەڕەکانی ڕۆژنامەکە بە ھەوادا بڵاو دەبنەوە. ماکھیو منداڵێکیان دەگرێت و لێی تووڕە دەبێت و دەریدەکات و دەرگاکە دادەخاتەوە. بلووم لە تەلەفۆنەکەیدا سۆراخی شوێنی کیز دەکات و دەزانێت بچێت بۆ کوێ بۆ لای. کە بلووم بە ھەڵەداوان دێتەوە دەرەوە، خۆی دەدات بە لێنێھەندا و لێنێھەن دەکەوێت. پاشان ڕوخسەت لە سەرنووسەرەکە دەخوازێت بچێت کاری ڕیکلامەکە ڕێک بخات، سەرنووسەریش ڕێی پێ دەدات و دەڕوات.

لەگەڵ ڕۆیشتن و زەم دەست پێ دەکات

یەکسەر پیاوەکانی ژوورەوە دەکەونە زەمی بلووم و لە پەنجەرەکەوە و گاڵتە بە شێوازی ڕۆیشتنی دەکەن. کۆمەڵێک لە منداڵە ڕۆژنامەفرۆشەکانیش بۆ گاڵتەپێکردن دوای بلووم دەکەون و پێدەکەنن. پیاوانی ژوورەوە جگەرە دەکێشن و لە بارەی جیاوازیی ئیمپراتۆرێتیی ڕۆمی و بەریتانی گفتوگۆیەکی کورت دەکەن.

تیلێماخۆس فریای ئۆدیسێفس ناکەوێت

دوو کەسی تر دێن بۆ نووسینگەکە، یەکێکیان ستیفن دێدالۆسە، کە نامەکەی میستەر دیسیی (ئەڵقەی دووەم) ھێناوە و دەیداتە دەست سەرنووسەرەکە. لێنێھەن مەتەڵێک لە ھەمووان دەپرسێت. سەرنووسەرەکە دەکەوێتە زەمی میستەر دیسی و ژنەکەی و سەرپێیی نامەکە دەخوێنێتەوە.

کورد و ئایر: دوو دڵسۆزی دۆزی دۆڕاو

ماکھیو وتەیەکی گرنگ دەڵێت، کە ئەویش ئەمەیە: «ئێمە ھەمیشە بۆ دۆزە دۆڕێنراوەکان دڵسۆز بووین. سەرکەوتن لای ئێمە مەرگی ئاوەز و وێناکردنە. ئێمە ھەرگیز دڵسۆزی سەرکەوتووان نەبووین». ئینجا بە کورتی بەراوردی گریکی و لاتینی دەکات. لێنێھەن لە بارەی ماکھیوەوە ھۆنراوەیەک بۆ ستیفن دەخوێنێت. لێنێھەن وەڵامی مەتەڵەکەی بە ھەمووان دەڵێت. مژارەکەیان تا ڕادەیەک بێسەرەوبەرە و قەرەباڵغە، ھەر یەکەی باسی شتێک دەکات.

بابەتێکمان بۆ بنووسە

سەرنووسەرەکە داوای بابەتێک لە ستیفن دەکات بینووسێت و نموونەیەکیشی پێ دەڵێت کە چۆن بێت. نموونەکە لە ڕۆژنامەیەکی ساڵی ١٨٨٢ەوە (ساڵی لەدایکبوونی ستیفن خۆی) دەھێنێت. نموونەکە ڕاپۆرتێکە و بە شێوەیەکی پەرلەیی نووسراوە و یەکسەر بابەتەکە بە دەستەوە نادات، بۆیە زۆر سەرسامە پێی و بۆ سیفنی ڕوون دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەویش شتێکی وا بنووسێت. لەمەوە باسی بابەتی ڕاپۆرتەکەش دێتە گۆڕێ، کە ڕاپۆرتی کوشتنی کۆمەڵێک کەسە لە پاڕکی فینیکس لە دەبلن. ئینجا باسی ڕۆژنامەوانی باش و بلیمەت دێتە گۆڕێ و ھەندێک ناو و سەربوردە ھەڵدەدرێن. بلووم تەلەفۆن دەکات و دەیەوێت لەگەڵ سەرنووسەرەکەدا بدوێت، بەڵام سەرنووسەر سەرقاڵی ڕوونکردنەوەیە و لەگەڵی نادوێت.

ستیفن قەیرێک خەیاڵی دەڕوات بە لای سەروای ھۆنراوە و دانتێدا. مشتومڕێکی کورت لە نێوان کراوفۆرد و ئۆمۆڵۆیدا دروست دەبێت و ناوی ھەندێک کەسێتیی ڕاستینە دەبرێت. بەراوردێکی کورتی یاسای موسایی و یاسای ڕۆمییەکان دەکرێت. ئۆمۆڵۆی لەگەڵ ستیفن دەدوێت و ڕای ئەو لە بارەی ھەندێک کەسەوە دەپرسێت، بەڵام ئەوانی تر قسەی بەسەردا دەھێنن و باسی وتاری کەسێک دەکەن بە ناوی جۆن ئێف تەیلەر و بڕێکیشی بە یاد دەھێننەوە.

وچان

ستیفن داوا دەکات وچان وەربگرن و بڕۆن، ئەوانیش ھاوڕا دەبن. بڕیار دەدەن بچن بۆ مەیخانەی پیاوێک بە ناوی موونی. وردەوردە دەردەچن. ئۆمۆڵۆی بە ستیفن دەڵێت کە ئەو مایەڵز کراوفۆرد بناسێت ئەو وتارەی دیسی بڵاو ناکاتەوە. پاشان ئۆمۆڵۆی دەچێت بۆ لای کراوفۆرد و بە دزییەوە داوای قەرزی لێ دەکات. ستیفن و ماکھیو و بورک پێکەوە دەڕۆن. ستیفن سەربوردەی دوو پیرەژنی دەبلنییان بۆ دەگێڕێتەوە.

تیلێماخۆس و ئۆدیسێفس لە دوورەوە یەکتر دەبینن

کۆمەڵێک ڕۆژنامەفرۆش بە لایاندا دەڕۆن. بلووم بە ھەناسەبڕکێوە دەگەڕێتەوە و باسی مەرجەکانی کیز بۆ کراوفۆرد دەکات سەبارەت بە ڕیکلامەکە. کراوفۆرد بێڕێزانە مەرجەکانی کیز ڕەت دەکاتەوە. پاشان داوای لێبوردن لە ئۆمۆڵۆی دەکات کە پارەی نییە و خۆی قەرزارە. ئۆمۆڵۆی خەمبارانە دەکەوێتەوە ڕێ لەگەڵیاندا. کە دەگەنەوە بە ستیفن و ماکھیو و بورک، ماکھیو سەربوردەکەی ستیفن بۆ کراوفۆرد دەگێڕێتەوە، ستیفنیش درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات.

گەڕانەوە بۆ سەرەتای ئیۆلۆس

دەگەنەوە ناوجەرگەی دەبلن. چۆن ئەڵقەکە لە ناوجەرگەی شارەکەوە دەستی پێ کرد، ئاوھاش لەوێ تەواو دەبێت. دیمەنی ناوجەرگەی شار دێتەوە و ستیفن و ماکھیو و کراوفۆرد و ئۆمۆڵۆیش بە دەم باسی پیرەژنەکانەوە دەڕۆن.


  1. ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ نووسیومە. ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەوە. ↩︎

٦. ھادیس

ئەڵقەی شەشەم: ھادیس1

ھادیس

ھادیس لە ئۆدیسەدا جیھانی ژێرەوەیە، کە جیھانی مردووانە. خودای ئەم جیھانە ھادیس خۆیەتی، کە برای زێفس-ە. ئۆدیسێفس دەچێت بۆ ئەوێ و ڕاوێژ بە تاپۆی تیریسیاس دەکات، کە پێغەمبەرێکی کوێر بووە. لەوێ تاپۆی دایکی و ئەخیلیفسیش دەبینێت. ھادیسی ئولیس-ی جەیمز جۆیس گۆڕستانە. بلووم و ھاوەڵەکانی دەچن بۆ ئەوێ و ھاوڕێیەکیان دەنێژن.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: بلووم و ھاوەڵەکانی لە بەردەم ماڵی پادی دیگنەم-ی کۆچکردووەوە لە ناوچەی ساندیماونت لە باشووری ڕۆژھەڵاتی دەبلنەوە بە ڕێ دەکەون و بە نێو شاری دەبلندا دەڕۆن تا گۆڕستانی پڕۆسپێکت لە گلاسنێڤن، لە باکووری دەبلن.

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١١ی بەیانی.

کەسێتییە سەرەکییەکان: بلووم، جاک پاوەر، ماڕتن کەنینگھەم، سایمن دێدالۆس، جۆ ھاینس، نێد لەمبێرت، تۆم کێرنەن، جۆن ھێنری مێنتن، بابە کۆفی (قەشەیەک)، کۆڕنی کێڵێھێر، جۆن ئۆکانەڵ.

چی دەگوزەرێت؟

بلووم و سێ ھاوەڵی سواری گالیسکەیەک دەبن و لەگەڵ کۆتەڵی تەرمی پاتریک دیگنەمی کۆچکردوودا بەرەو گۆڕستان بە ڕێ دەکەون. سێ ھاوەڵەکەی بلووم ناویان جاک پاوەر، ماڕتن کەنینگھەم و سایمن دێدالۆس-ە. سایمن باوکی ستیفن دێدالۆسە. پیرەژنێک لە پەنجەرەی ماڵی خۆیەوە سەیریان دەکات. بلووم لە سەیری ئەم پیرەژنەوە لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو و مەرگی مێرد و شوشتنی مردوو و ژنەکەی خۆی ڕادەمێنێت.

دەکەونە ڕێ و سەرەتا بێدەنگن، پاشان بە سۆراخی ھەندێک ھاتوو و نەھاتوو و ڕێی ڕۆیشتنیان دەکەونە ئاخاوتن. زۆر ناڕۆن و بلووم چاوی بە ستیفنی کوڕی سایمن دێدالۆس دەکەوێت بە جلە ڕەشەکانی بەریەوە. ستیفن بەو جۆرەیە کە لە ئەڵقەی سێیەمی ڕۆمانەکەدا بە گوێئاوی ساندیماونتدا پیاسە دەکات. ستیفن نایانبینێت، بەڵام بلووم دەیبینێت و بە سایمن دەڵێت. سایمن فریا ناکەوێت بە باشی بیبینێت و وا دەزانێت لەگەڵ مەڵیگندایە، بۆیە دەکەوێتە جنێودان بە مەڵیگن. سایمن خوازیارە مەڵیگن ھاوڕێیەتیی کوڕەکەی نەکات. پێی وایە ستیفن سەردانی ماڵی ڕیچی گولدینگی خاڵی کردبێت و دەکەوێتە جنێودان بەوانیش. بلوومیش دەکەوێتە بیر و یادی ڕیچی گولدینگ.

بلووم بە ھۆی وتەکانی سایمنەوە بیر لە ئەگەری نەمردنی ڕودیی کوڕی دەکاتەوە و خوازیارە بینیبای کە گەورە دەبێت. جا بیر لەو کاتە دەکاتەوە کە لەگەڵ ژنەکەیدا ڕودییان ھێنایە نێو ژیانەوە. پاشان بیر لە میلی-ی کچی دەکاتەوە کە بە منداڵی کوڕانی بووە و ئێستا وا گەورە بووە (بووە بە پازدە ساڵ) و خەریکە یار دەگرێت.

سکاڵا لە خراپی و تەسکیی گالیسکەکە دەکەن. بۆیان دەردەکەوێت وردەنان لەسەر کوشنەکانی گالیسکەکەیە و دەیتەکێنن. دیسان سۆراخی ھاتن و نەھاتنی ھەندێک کەس دەکەن. بلووم پێیان دەڵێت مەکۆیی دیوە و بۆی نەکراوە بێت. قەیرێک دواتر بە نزیکی ماڵی سەگاندا دەڕۆن و بلووم بیر لە سەگەکەی باوکی دەکاتەوە. ئینجا بیر لە باوکی دەکاتەوە کە خۆی کوشتووە و دواسپاردەکەی ئەوە بووە بلووم لەگەڵ سەگەکەیدا باش بێت.

پرژەیەک باران دەبارێت و بابەت دەبێتە کەشوھەوا. ئینجا باسی دوێشەوی خۆیان و ھەندێک ھاوڕێ دەکەن. لە شێوازی ئاخاوتنی ھاوڕێیەکیانەوە باس لە شێوازی ئاخاوتنی خەڵکی تریش دەکەن. بلوومیش بە گوێرەی ئەو شت و خەڵکە جیاوازانەی لە پەنجەرەکەیەوە دەیانبینێت خەیاڵی بۆ شتی جۆراوجۆر دەچێت. تا بیر لە بڵێسە بۆیلەن و ژنەکەی دەکاتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکتر ببینن. کەچی لەپڕ لە پەنجەرەکەوە بڵێسە بۆیلەن خۆی دەبینن و ئەوان سڵاوی لێ دەکەن، بەڵام بلووم خۆی دەخڵافێنێت.

گەشتەکۆنسێرتەکەی خاتوو بلووم

ھاوڕێکان ھەواڵی ژنەکەی لێ دەپرسن و بلوومیش باسی ئەو گەشتەکۆنسێرتەیان بۆ دەکات کە بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوودا پێشکەشی بکات. بەڵام دەڵێت خۆی بۆی ناکرێت بچێت، چون کاروباری تایبەتی ھەیە و دەبێت بچێت بۆ کاونتیی کلێر. ئەگەرچی خۆی باسی ناکات، بەڵام کاروبارە تایبەتەکە ئەوەیە کە بۆ ساڵانەی مەرگی باوکی دەچێت، کە ھەژدە ساڵ لەوەوبەر خۆی کوشتووە. ئینجا ھاوڕێکان باسی ھونەرمەندێتیی چەند ھونەرمەندێک دەکەن، لەوانە خاتوو مۆڵیی ژنی بلووم. بلووم بیر لە جاک پاوەر دەکاتەوە و پێی وایە پیاوێکی باشە.

قەموورە چرووکەکە

پیاوێکی قەموور دەبینن و دووراودوور دەیناسن و پێیان وایە جووە و دەوڵەمەندە و چرووکە، ناوی ڕەئوبێن-ە. ڕۆژێک لە ڕۆژان کوڕی ئەم پیاوە ھەوڵی داوە خۆی بکوژێت و کەسێک ڕزگاری کردووە. بەڵام ئەم پیاوە بەم چاکەیەی ئەم ڕزگارکەرەی نەزانیوە و پاداشتی باشی نەکردووە. ھاوڕێکانی نێو گالیسکەکە دەکەونە زەمی ئەو و قاقا پێدەکەنن. پاشان زۆر لە خۆیان دەکەن پێکەنین و گاڵتەجاڕییەکەیان بشارنەوە، چون وا دەچن بۆ گۆڕستان و دەبێت سەنگین دەربکەون. باسی دیگنەمی مردوو دەکەن کە کەی دوایین جار دیویانە و باسی قسەخۆشی و زۆرخواردنەوەکەی دەکەن.

خۆکوشتن

کۆتەڵێکی تر بە لایاندا ڕەت دەبێت و تەرمی منداڵێکی پێیە. ئەمانیش باسی خۆکوشتن دەکەن. میستەر پاوەر پێی وایە خۆکوشتن زۆر ناشیرین و گوناھە. سایمن دێدالۆس پێی وایە ئەوەی خۆی دەکوژێت ترسنۆکە. بەڵام ماڕتن کەنینگھەم، کە دەزانێت باوکی بلووم خۆی کوشتووە، ھەوڵ دەدات بابەتەکە بگۆڕێت و بە چاوێکی ھاوسۆزانەوە لەو کەسانە دەڕوانێت کە خۆیان دەکوژن. بلووم ھیچ ناڵێت و دەکەوێتە بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و کاردانەوەی خەڵکان لە بەرانبەر خۆکوشتنی کەسێکدا. بیر لە وردەکارییەکانی ڕۆژی خۆکوشتنی باوکیشی دەکاتەوە.

وچانێک

گالیسکەکە چەند خولەکێک ڕەوتەکەی خێراتر دەکات و دەوەستێت. ڕانێکی وڵاخ بە بەردەم و لایاندا تێدەپەڕێت. بلووم لە دیمەنی ئاژەڵەکانەوە بیر لەو کاتە دەکاتەوە کە خۆی لە مەیدانی ئاژەڵان کاری کردووە. جا پێشنیاری چاکسازییەک دەکات بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی ئاژەڵ بە ھێڵی ترامی دەبلن. لەم بابەتەشەوە باس لە گالیسکەی تەرمھەڵگرێک دەکەن کە تەرمەکەی لێ کەوتووە، بلوومیش لەو ڕووداوە ڕادەمێنێت. پێشنیار دەکەن لە گەڕانەوەدا بچن پێکێک مەی بخۆنەوە. بلوومیش بیر دەکاتەوە بەم زووانە سەرێک لە میلیی کچی بدات، بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە. ھاوڕێکان باسی ھاوڕێیەکی تریان دەکەن و ھەواڵی دەپرسن. دواتر باسی کوشتنی کەسێک دەکەن کە ئێستا ئەمان نزیکی شوێنی کوشتنەکەی ئەون.

گۆڕستانەکە

دواجار دەگەنە گۆڕستانەکە و گالیسکەکە دەوەستێت و دادەبەزن. پرسەیەکی قەرەباڵغ نییە. بەرەبەرە پرسەباران کۆ دەبنەوە و ژن و کچ و کوڕی مردووەکە و برای ژنەکەی لە پێشەوەن. دوودارەی مردووەکەش دەبرێتە ژوورەوە. کەنینگھەم بە دزییەوە سەرکۆنەی پاوەر دەکات کە بەو جۆرە لەسەر ئەو کەسانە دووا کە خۆیان دەکوژن، پێی دەڵێت کە باوکی بلووم خۆی کوشتووە. پاوەر شەرم دایدەگرێت. ئینجا باسی چۆنێتیی یارمەتیدانی خانەوادەی مردووەکە دەکەن کە پێنج منداڵی بە جێ ھێشتووە. سایمن ھاوڕێیەکی دەبینێت و سڵاوی لێ دەکات و کەمێک دەدوێن. ھاوڕێیانی مردووەکە کۆمەک بۆ کەسوکارەکەی کۆ دەکەنەوە، بلووم یەکسەر ئامادەی ھاوکارییە.

نوێژی مردوو

دەگەنە بەشی کڵێسای گۆڕستانەکە و دەچنە ژوورەوە. گوڵبەند لەسەر تەرمەکە دادەنرێت و نوێژ دەکەن. قەشە و یاریدەرێکی دێن و نزای بەسەردا دەخوێنن. بلووم بیر لە نەریتی نوێژخوێندنی مەسیحی و زمانی لاتینی دەکاتەوە. پاشان قەشەکە نوێژەکەی تەواو دەکات و دەڕوات. تەرمەکە ھەڵدەگیرێت و دەبرێتە دەرەوە بۆ ناشتن و ھەمووان بە دوایدا دەردەچن. سایمن لە دوورەوە گۆڕی ژنەکەی دەبینێت و بۆ وێ و حاڵی خۆی دەکەوێتە گریان و دڵنەوایی دەدرێتەوە. بلووم قەیرێک بیر لەوانە دەکاتەوە کە لەوێ نێژراون. دوو پیاو لە دوورەوە سەیری بلووم دەکەن و بە بێدەنگی زەمی خۆی و ژنەکەی دەکەن، یەکێکیان ساڵانێک لەوەوبەر لەگەڵ بلوومدا قڕەقڕێکیان بووە.

جێی نوکتەیەکش دەبێتەوە

بەڕێوەبەری گۆڕستانەکە دێت بۆ لایان و نوکتەیەکیان بۆ دەکات و ئەوانیش پێدەکەنن. جا بلووم بیر لە ناشتن دەکاتەوە کە سوودی بۆ خاک ھەیە، بەڵام شوێنی زۆریش داگیر دەکات. ئینجا بیر لە شیبوونەوەی مردوو دەکاتەوە.

تەلەفۆنی نێو گۆڕ

دواجار تەرمەکە دەنێژرێت و گڵی بەسەردا دەدرێتەوە. بلووم لەوە ڕادەمێنێت کە ئەگەر کەسێک نەمردبێت و بینێژن زۆر جەرگبڕ دەبێت، بۆیە پێی باشە تەلەفۆنێک لە نێو ھەر دوودارەیەکدا دابنێن. لەناکاو لە دوورەوە کەسێک دەبینێت چاکەتێکی ماکنتۆشی لە بەردایە و دەبێتە خولیای سەری کە بزانێت کێیە. ناسنامەی ئەم کەسە یەکێکە لە پرسیارە وەڵامنەدراوەکانی ڕۆمانەکە و ئاشکرا ناکرێت. ناسیاوێک ناوی ئامادەبووانی پرسەکە تۆمار دەکات، بلووم ناوی خۆی و مەکۆیشی پێ دەڵێت.

ماڵئاوا مردن، سڵاو ژیان!

کوڕە بچکۆلەکەی مردووەکە گوڵبەندێک لای سەری گۆڕەکەی باوکیەوە دادەنێت و ھەمووان دەڕۆن. بڕیار دەدەن لەسەر ڕێ سەرێک لە گۆڕی چارلز ستیوارت پارنێڵ (١٨٤٦-١٨٩١) بدەن. پارنێڵ یەکێک بوو لە سەرکردە سەربەخۆییخوازەکانی ئایرلاند. بلووم بیر لەوە دەکاتەوە دوو حەفتەی تر بچێتە سەر گۆڕی باوکی. دواتر جرجێک دەبینێت و بیر لە خۆراکی جرجەکە دەکاتەوە، کە لاشەی مردووەکانە.

ئەو پیاوە لە پێش بلوومەوە دەڕوات کە کاتی خۆی قڕەقڕیان بووە، شەبقەکەی قووپاوە. بلووم ئاگاداری دەکاتەوە و ئەویش قووپاوییەکە چاک دەکاتەوە بە بێدەنگی سەری پێزانینی بۆ دادەنەوێنێت. ھەمووان لە گۆڕستان دەردەچن.


  1. ٧ی نیسانی ٢٠٢٤ دەستم کرد بە نووسینی، لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تەواوم کرد. ١٤ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەوە. ↩︎

شێکسپیر و هاثەوەی، ویل و ویست و ڕەگەزدۆزی

شێکسپیر و هاثەوەی، ویل و ویست و ڕەگەزدۆزی1

بۆ داگرتنی ئەم ڕاڤەیە بە پی دی ئێف لێرەدا کلیک بکە.

ئەمەی لێرەدا نووسیومە ڕاڤەی ڕستەیەکی ڕۆمانی ئولیسی جەیمز جۆیسە، کە بەم شێوەیە وەرمگێڕاوە: «ئەگەر ئەوانی تر ویستی خۆیان ھەبێت ئان ڕێیەکی هەیە»؛ ڕستەکە لە دەقە ماکەکەدا (کە ئینگلییە) بەم شێوەیەیە:

If others have their will Ann2 hath a way.

بەستێنەکە3

ئەم ڕستەیە بەشێکە لە وتەیەکی درێژ، لە ئەڵقەی نۆیەمی ڕۆمانی ئولیسدایە. لەم ئەڵقەیەدا ستیفن دێدەلس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، لە پەڕتووکخانەی نیشتمانیی ئایرلاندە لە دەبلن-ی پایتەخت، لەگەڵ چوار پیاوی تردا گفتوگۆ دەکات (بێست، جۆن ئێگلنتن، ڕەسڵ، لیستەر) و لە میانەی وتە درێژەکەیدا ئەم ڕستەیەش ئاراستەی گوێگرەکانی دەکات. مژارە سەرەکییەکەیان ژیانی ویلیەم شێکسپیر-ی گەورەنووسەری ئینگلییە، کە ستیفن بۆ پشتبەستن بە وتەکانی خۆی، زۆر بەڵگەی ناوەکیی نێو بەرهەمەکانی شێکسپیر دەهێنێتەوە و بە ژیانی تایبەتی خودی شێکسپیریان بەراورد دەکات.

ئەوەی بە تایبەتی لە دەوری ئەم ڕستەیە کۆ بووەتەوە هەلومەرجی کاتی خوازبێنیی ژنەکەی شێکسپیرە، کە ناوی ئان هاثەوەی Anne Hathaway بووە، کە شێکسپیر تەمەنی نزیکەی ١٨ ساڵ بووە کە ئان-ی تەمەن ٢٦ ساڵی خواستووە، واتە ئان هاثەوەی لانیکەم ٨ ساڵ لە شێکسپیر بەتەمەنتر بووە. وا دیارە پێش ئەوەی ببنە هاوسەری یەکتر سەرجێییان کردبێت، چون کەمتر لە شەش مانگ دوای هاوسەرگیرییەکەیان یەکەم کچیان بە ناوی سوزانا-وە لە دایک بووە. ستیفن پێی وایە ئەوەندەی ئان هاثەوەی چووەتە خوازبێنیی شێکسپیر، ئەوەندە شێکسپیر نەچووەتە خوازبێنیی ئەو. دەڵێت: «He was chosen, it seems to me»، بە واتای ئەوەی: «ئەوەندەی من دەیبینم ئەوەیە کە خۆی (شێکسپیر لە لایەن هاثەوەییەوە) ھەڵبژێرراوە». تەنانەت یەکێک لەو سەرچاوانەی ستیفن لە بارەی ژیانی شێکسپیرەوە خوێندوویەتیەوە دەڵێت کە لە کاتی خوازبێنیکردنەکەدا ماڵی هاثەوەی ویستوویانە بەپەلە بیبڕێننەوە و پەلەپەلیان کردووە، بەڵام ماڵی شێکسپیر تەگەرەیان خستووەتە خوازبێنییەکەوە و خاوەخاویان کردووە.

بەهەرحاڵ، ستیفن بە گشتی ڕای لەسەر ئان هاثەوەی باش نییە.

ڕستەکەی جۆیس

ئەمە یەکێکە لەو ڕستانەی ئولیس کە دوو پێکاری ڕەوانبێژیی تێدایە، کە ڕەگەزدۆزی-ن (ئەوەی بە عەرەبی پێی دەوترێت جیناس). ڕەگەزدۆزی: یاریکردنێکە بەو وشانەی دەنگیان وەک یەک وایە، وەک سینەما: کە هەم بە واتای شوێنی نمایشکردنی فیلم دێت، هەم بە واتای سینەی منیش دێت (سینەمدا). بە گوێرەی بەستێنەکەی ئەم ڕستەیە لە ڕۆمانەکەدا و بە گوێرەی ئەو سەرچاوە و ئاماژانەی لە پشت ئەم ڕستەیەوە هەن، دەکرێت ڕستەکە چەندین توێکڵی هەبێت و چەند واتایەک بدات و بە ئاسانی وەرنەگێڕرێت، بۆیە دەبێت ڕوون بکرێتەوە.

دوو ڕەگەزدۆزییەکە

ڕەگەزدۆزیی یەکەم لەسەر وشەی willی نێو ڕستەکەیە. ویل Will لە زمانی ئینگلیدا کورتکراوەی ویلیەم-ە، کە ناوی یەکەمی شێکسپیرە، بەڵام دەبێت پیتی یەکەمی وشەکە بە گەورە بێت. بەڵام ئەگەر پیتی یەکەمی وشەکە بە بچووک بێت will، ئەوا بە واتای «ویست» دێت. واتە will لە ڕستەکەی جۆیسدا لانیکەم دوو واتای هەیە، یەکێکیان کورتکراوەی ویلیەمە، ئەوی تریان بە واتای ویست دێت.

ڕەگەزدۆزیی دووەم لەسەر ڕستەی hath a wayی نێو ڕستەکەیە. کە لە ڕستەکەی جۆیسدا بە ئینگلیی سەردەمی شێکسپیر نووسراوە، نەک ئینگلیی ئێستا، چون بە ئینگلیی ئەمڕۆ دەبێت بە has a way. ڕستەکە چەند واتایەکی جیاواز دەگەیەنێت، کە ئەمانەن: ڕێیەکی هەیە؛ تەرزێکی هەیە، یان: شێوازێکی (خۆی) هەیە؛ ڕێیەکی لە بەر دەستدایە، یان ڕێیەک شک دەبات، یان ڕێگەچارەیەکی پێیە. واتاکەی تر لەو کاتەدا دێت کە وشەکانی ڕستەکە بنێینەوە بە یەکەوە و یەک وشەی لێ دروست بکەینەوە، کە دەبێت بە ناوی کۆتایی ژنەکەی شێکسپیر (هاثەوەی) و بەم شێوەیە دەنووسرێت: Hathaway.

ئەگەر پێکارە ڕەوانبێژییەکان ڕەچاو بکەین (واتە ڕەگەزدۆزییەکان بکەینەوە)، ئەوا ڕستەکە چەند واتایەکی زۆرتر بە دەستەوە دەدات و وەهای لێ دێت:

سەرنج بدە خۆم بۆرێکم (،) لە نێوان دوو ڕستەکەدا زیاد کردووە، کە لە دەقە ماکەکەدا نییە، بەڵام لێرەدا تەنها بۆ بەرچاوڕوونیی ئەم ڕاڤەیە دامناوە. دواتریش سەرنج بدە هەموو ئەو وەرگێڕانەی تر کە ڕەچاوم کردوون و بەراوردم کردوون، بۆرەکەیان بۆی زیاد کردووە، جگە لە من.

سەرچاوە و ئاماژەکانی پشت ڕستەکە

لە پشت ئەم ڕستەیەی جۆیسەوە پەندێکی ئینگلی و ڕستەیەکی خودی شێکسپیر خۆی هەن کە ڕستەکەی شێکسپیر لە سۆنێتی ١٣٥دایە و لێرەدا هەموو سۆنێتەکەم وەرگێڕاوە، تا پەیوەندییە واتاییەکەی ئەم ڕستەیە بە سۆنێتەکە و ژیانی شێکسپیرەوە ڕوونتر ببێتەوە.

پەندە ئینگلییەکە دەڵێت: «هەر ویست هەبێت، ڕێش دەبێت». وا بزانم واتاکەی ڕوونە: تا ویستت نەبێت، هیچ ڕێیەک نابێت، کە ویستت هەبوو، ڕێیەکیش دەدۆزیتەوە. کەواتە دەتوانین لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەندەوە ڕستەکە بەم شێوەیە وەربگێڕین:

ئەگەر ئەوانی تر ویستیان هەبێت، ئانیش ڕێیەک دەدۆزێتەوە.

سام سڵەوت، کە یەکێکە لە ڕاڤەکارانی ئولیس، ئەم پەندەی پەیوەست کردووەتەوە بەم ڕستەیەوە (ڕاڤەکانی سڵەوت، لا. ٦٣٠). پێم وایە لەوانەیە بۆ بونیادی ڕستەکە سوودی لێ وەرگیرابێت.

بەڵام ئەوەی وا دیارە پەیوەندیی زیاتری بەم ڕستەیەی ئولیسەوە هەبێت ڕستەیەکی سۆنێتی ١٣٥ی شێکسپیرە، کە جۆیس ڕێک ڕستەکەی یەکەمی خۆی لەسەر ئەوەی شێکسپیر داڕشتووە. شێکسپیر لەم سۆنێتەدا چەندین جار ڕەگەزدۆزی لەسەر وشەی ویل بە واتای کورتکراوەی ناوی خۆی و will بە واتای ویست دادەنێت. بەڵام شێکسپیر واتای زیاتریش لە وشەکە دەبەستێت، ئەمە سۆنێتەکەی شێکسپیرە بە وەرگێڕانی خۆم:

سۆنێتی ١٣٥4

هەر مێیەک ئاواتی خۆی هەبێت، ئەوا تۆ ویل-ی خۆت هەیە5،

جا ویلەکەت بە زیادەوە، ویل-ت لە ئەندازە بە دەر،

سەروزیادم، من کە هەردەم دەتورووژێنم6،

هەر بۆ ویستە خۆشەکەتە کە ئەمیش هەر دێتە زیادبوون7.

ئایا تۆ، کە ویستەکەت گەورە و بەرینە،

بۆ جارێکیش ڕێگە نادەیت ویستەکەم لە ئەوەی خۆتدا حەشار بدەیت؟

داخۆ ویستی خەڵکانی تر بەخشندەتر دیارن،

کەچی پەسەندکردنی جوان بۆ ویستی من نادرەوشێتەوە؟

دەریا خۆ هەمووی هەر ئاوە، بەڵام بارانیش وەردەگرێت،

زیاد لە پێویست بۆ ئەمباری خۆی زیاد دەکات؛

تۆش، کە لە ویل-دا زەنگینیت، ویستێکی من

بۆ ویل-ەکەی خۆت زیاد بکە، تا ویل-ە گەورەکەت گەورەتر بێت8.

مەهێڵە دڵڕەقێتی هیچ خوازبێنیکەرێکی جوان بکوژێت؛

گشتیان وەک یەک سەیر بکە، منیش بخە نێو ئەو تاکە ویل-ەوە.

* * *

شێکسپیر دواتر لە سۆنێتی ١٤٣شدا درێژە بەم ڕەگەزدۆزییەی سەر وشەی ویل و ویست دەدات.

گیفرد چۆن ڕستەکە ڕاڤە دەکات؟

یەکێک لە ڕاڤەکارە مەزنەکانی ئولیسی جۆیس پیاوێکە بە ناوی دان گیفرد، کە لەگەڵ ڕۆبێرت سایدمان-ی قوتابیی خۆیدا پەڕتووکێکی دوو هێندەی ئولیسیان بڵاو کردووەتەوە بە ناونیشانی ئولیسی ڕاڤەکراو Ulysses Annotated، کە هەر هەمووی ڕاڤەی ئولیسە و منیش لەگەڵ وەرگێڕانی ڕۆمانەکەی جۆیسدا تەواوی ئەم پەڕتووکەش وەردەگێڕم و تا ئێستا نزیکەی نیوەیم وەرگێڕاوە. لە بارەی ئەم ڕستەیەوە دەڵێت:

لەوانەیە «ئەوانی تر» کە «ویستی خۆیان هەیە» مەبەست لێیان ئەو کەسانە بن کە شێکسپیر لە سۆنێتەکانی ١٣٥ و ١٤٣دا ئاماژەیان پێ دەدات و دەڵێت: «هەر مێیەک ئاواتی خۆی هەبێت، ئەوا تۆ ویل-ی خۆت هەیە» (سۆنێتی ١٣٥، دێڕی ١)، (ڕەگەزدۆزی لەسەر وشەی «ویل» هەیە، کە یەکێکیان ویلیەم شێکسپیرە، ئەوی تریان ویست یان ئارەزووی جووتبوونە)؛ لە دێڕی سێیەمی سۆنێتی ١٤٣دا دەڵێت: «نزا دەکەم ویل-ی خۆت بە دەست بهێنیت». ڕەگەزدۆزییەکەی سەر ناوی ئان هاثەوەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبەستێکی چارلس دیبدین (١٧٤٥-١٨١٤) کە لە ڕۆمانی هانا هیویت یان کروزۆی مێ (١٧٩٢)دا هەیە، دەڵێت:

دەبێت فریشتەکان ئان هاثەوەییان خۆش بوێت؛

ڕێیەکی هەیە بۆ

ڕامکردن و شادکردنی گیانە بەندنەکراوەکان،

ئاسمانی شیرین لەسەر زەوی دەریدەخات

کە ئان بۆ بەرزکردنەوە ڕێیەک شک دەبات

وێ ڕێیەکی هەیە

ئان هاثەوەی.

ئینسایکلۆپیدیای گوتە کردارەکییەکان (ئیدیتی جەی کەی هۆیت [نیو یۆڕک، ١٨٩٦]، لا.٢٠٣) هەمان هۆنراوەی بە کەمێک جیاوازییەوە هێناوەتەوە و لەسەری نووسیوە «دراوەتە پاڵ شێکسپیر». ~گ.س. (گیفرد و سایدمان)

لە بارەی دوایین وتەی گیفردەوە کە دەڵێت «دراوەتە پاڵ شێکسپیر» واتە گوایە شێکسپیر خۆی ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە.

دیبدین لە خودی ئەو هەڵبەستەدا بە زیاتر لە واتایەک Ann hath a wayی بە کار هێناوە، جارێک بە واتای «ڕێیەک شک دەبات» و جارێک بە واتای «شێوازی خۆی هەیە».

وەرگێڕەکانی تری ئولیس چۆنیان وەرگێڕاوە؟

کورمانجییەکەی نەمر

کاک کاوە نەمر (لا. ٢٨٢) بەم شێوەیە بۆ کورمانجیی وەرگێڕاوە:

«هەکە کەس و کوسێن دن ڤێنا خوە هەبوو، یا ئانێ ژی هەبوو رایەک.»

ئەمە خودی دەقە لاتینییەکەی کاک کاوەیە:

Heke kes û kûsên din vêna xwe hebû, ya Annê jî hebû rayek.

فەڕەنسییەکە

وەرگێڕانە فەڕەنسییەکە (کە چەند کەسێک وەریانگێڕاوە) بەم شێوەیە وەریانگێڕاوە:

«ئەگەر ئەوانی تر هونەری ویل-یان هەبێت، ئان هاثەوەی ڕەفتاری خۆی هەیە.»

واتە: ئەگەر ئەوانی تر هونەری ویلیەم شێکسپیریان هەبێت، ئەوا ئان هاثەوەی ڕەفتاری خۆی هەیە.

تەواوی ناوی ئان هاثەوەیی هێناوە و ڕەگەزدۆزییەکەی کردووەتەوە؛ بەڵام ئەم ڕاڤەیەیان لەسەری نووسیوە:

«ڕەگەزدۆزی لەسەر ناوی یەکەمی شێکسپیر و ناوی کۆتایی ژنەکەی دانراوە: “ویست” لە سەردەمی ئەلیزابێثدا جگە لە واتاکەی خۆی، بە واتای ئارەزووی جووتبوونیش هاتووە».

ئیتالییەکەی تێرینۆنی و بیگاتسی

ئێنریکۆ تێرینۆنی و کارلۆ بیگاتسی بەم شێوەیە بۆ ئیتالییان وەرگێڕاوە:

«ئەگەر ئەوانی تر ویستی خۆیان هەبێت، ئان ڕێی خۆی هەیە.»

کۆتاییەکەیان ڕاستەوخۆ بە واتای ڕێ وەک ڕێگا وەرگێڕاوە. بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ئەو دوو وەرگێڕە ڕاڤەی زۆریان نووسیوە، کەچی هیچ ڕاڤەیەکیان لەسەر ئەم ڕستەیە نەنووسیوە.

ئیتالییەکەی جێلاتی

جانی جێلاتی بەم شێوەیە بۆ ئیتالیی وەرگێڕاوە:

«چون ئەگەر ئەوانی تر ویل-ی خۆیان هەبێت، ئان وەی-ی خۆی هەیە.»

ویل-ی بە پیتی گەورە نووسیوە، واتە شێکسپیر. وشەی wayی وەرنەگێڕاوە و هەر بە وەی wayی ئینگلی دایناوەتەوە، بەم شێوەیە: «Ann ha la sua way».

عەرەبییەکەی تەها

دکتۆر تەها مەحمود تەها بەم شێوەیە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە:

«ئەگەر ئەوانی تر ویستێکیان هەبووبێت، ئانیش ئەم ئارەزووەی هەبووە.»

عەرەبییەکەی نیازی

سەڵاح نیازی بەم شێوەیە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە:

«ئەگەر ئەوانی تر ئارەزوویەکیان هەبووبێت، ئانیش ئارەزووی خۆی هەبووە.»

بەشێکی ڕاڤەکەی گیفرد و سایدمانی لەسەر ڕستەکە وەرگێڕاوە، کە خۆیشم لە سەرەوە هەموو ڕاڤەکەیانم وەرگێڕا. بەڵام ئەوەی سەیرە سەڵاح نیازی لە ڕاڤەکەیدا یەکەم: سەرنجی ڕەگەزدۆزییەکەی سەر وشەی ویل (ویلیەم)ی نەداوە، ئەگەرچی سەرچاوەی ڕاڤەکەی هەر ئەوەی گیفردە، کەچی دیارە ئەو دوو دێڕەی نەدیوە، یان بۆی گرنگ نەبووە؛ دووەم: تەنها لەسەر ڕەگەزدۆزییەکەی سەر ناوی ئان هاثەوەی دوواوە، بە هەڵەش پێی دەڵێت «تەورییە» (توانجپۆشی) کە توانجپۆشی نییە، بەڵکو ڕەگەزدۆزییە (جیناس)؛ سێیەم: ناوی ڕۆمانەکەی دیبدینیش بە هەڵە دەبات (حەنان هیویت)، ئەمە وەرگێڕراوی ڕاڤەکەیەتی:

تەورییە (توانجپۆشی) لەسەر وشەی Hathaway = hath a way هەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چارلس دیبدین و ڕۆمانەکەی بە ناونیشانی Hannan Hewit یان کروزۆی مێ (١٧٩٢): «دەبێت فریشتەکان ئان هاثەوەییان خۆش بوێت؛ ڕێیەکی هەیە بۆ ڕامکردن و شادکردنی گیانە بەندنەکراوەکان…».

کەواتە بە کوردی دەبێتە چی؟

بگەڕێینەوە سەر دەقەکەی ئولیس، کەواتە وەک دەبینرێت، چەند واتایەک لە نێو ڕستەکەی جۆیسدا خۆیان حەشار داوە:

١. ئەگەر هەر کەسێک ئارەزووی جووتبوونی هەبێت، ئەوا ئان ڕێیەک شک دەبات!

٢. ئەگەر ئەوانی تر (کەسوکاری ویلیەم شێکسپیر لە کاتی خوازبێنیی ئان هاثەوەیدا) ویستی خۆیان هەبێت (لەوەی نەیانەوێت شێکسپیر ئان بخوازێت)، ئەوا ئان ڕێیەک شک دەبات (بۆ بەستنەوەی ویلیەم؟).

٣. بە گوێرەی پەندە ئینگلییەکە ١: مادەم ئەوانی تر ویستیان هەیە، کەواتە ئانیش ڕێیەک دەدۆزێتەوە (واتە مشووریان بۆ دەخوات).

٤. بە گوێرەی پەندە ئینگلییەکە ٢: ئەگەر ئەوانی تر (هەر کەسێک) ویستی خۆیان هەبێت، ویستەکەیان هەر ئان هاثەوەیە.

٥. بە گوێرەی وەرگێڕانە فەڕەنسییەکە: ئەگەر ئەوانی تر هونەری ویلیەم شێکسپیریان هەبێت، ئەوا ئان خوو و ڕەفتاری خۆی هەیە (و دەستبەرداری نابێت؟).

٦. ئەگەر دونیا ولیەم شێکسپیرێکیان هەبێت، ئان هەر ڕێیەکی خۆی دەدۆزێتەوە (بۆ چ شتێک؟ لەخشتەبردنی شێکسپیر؟).

ئەنجام

لە کۆتاییدا ویستەکە هەر وەک ویست دادەنێمەوە و لێدەگەڕێم ئەم ڕاڤەیەم واتاکانی لە پشتەوە بۆ دروست بکات. بۆ بەشەکەی تری ڕستەکەش واتا ڕووکەشەکە دەهێنم، کە لە کوردییەکەشدا ئاماژەی زیاتر دەدات، من ئەم ڕستەیە هەڵدەبژێرم:

ئەگەر ئەوانی تر ویستی خۆیان ھەبێت ئان ڕێیەکی هەیە.

هەر وەک دەقە ماکەکەش هیچ بۆرێک (،) لە ڕستەکەدا دانانێم.

دەشێت ڕستەکە واتای تریش لە خۆ بگرێت، بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا بڕیارێک بدەم و لەسەر ئەو ڕستەیەی سەرەوە دەگیرسێمەوە.


پەڕاوێزەکان

  1. لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤دا نووسیومە. ↩︎
  2. سەرنج بدە لە دەقە ماکەکەدا وشەی ئان بە Ann نووسراوە، بەڵام ڕێنووسەکەی ئەمڕۆی Anneە. پێم وایە لەبەر ئەوەیە کە Ann hath a way، کە لە هەڵبەستێکی چارلس دیبدین-ەوە هێنراوە و لە ڕاڤەکەی گیفرددا زیاتری لە بارەوە دراوە، لە هەڵبەستەکەشدا هەر بەو ڕێنووسە نووسراوە و ڕێنووسی ئینگلیی سەردەمی شێکسپیرە. ↩︎
  3. مەبەستم لە وشەی بەستێن ئەوەیە کە بە ئینگلی پێی دەوترێت کۆنتێکست context. ↩︎
  4. ئەم سۆنێتە و سۆنێتەکانی پێشتر (لە سۆنێتی ١٢٧ەوە) پێیان دەوترێت «سۆنێتەکانی خانمە تاریکڕەنگەکە» Dark lady sonnets، کە باشتر بوو بوترایە «سۆنێتەکانی خانمە قژڕەشەکە»، چون هەرگیز شێکسپیر بە «خانمی تاریکڕەنگ» ناوی نەبردووە. وا دیارە بۆ خانمێک نووسرابێتن.
    شێکسپیر هەر لە سۆنێتی ١٢٧ەوە بە بەراوردی ئێستا (ی سەردەمی خۆی) و ڕابردوو دەست پێ دەکات کە چۆن جاران ڕەش بە جوان نەزانراوە، بەڵام ئێستا ڕەش میراتگری جوانییە. پاشان شێکسپیر لە بارەی «خانمەکەی دۆستی»ەوە دەڵێت: «چاوی وەک قەلەڕەش ڕەشە، قژی ڕەشە، گۆمەمکی قاوەییە، خۆی وەک بەفر سپییە، لێوی سوورە، گۆناکانی گوڵیینن»، لەوانەشە ئەم خانمە موزیکژەن بووبێت، چون لە جێیەکدا شێکسپیر باس لە پەنجەی دەکات کە ئامێرێکی موزیک دەژەنێت. ↩︎
  5. وشەی ویل Will، کورتکراوەی ویلیەمە؛ بەڵام بە پیتی بچووک will بە واتای «ویست» دێت. واتە (وەک باسم کرد) وشەکە لانیکەم ڕەگەزدۆزییەکی لەسەرە و دوو واتای هەیە. بەڵام لە کۆی ئەم سۆنێتەدا وا دەردەکەوێت کە واتای تریشی لە پشتەوە بێت، واتە ڕەگەزدۆزییەکە بۆ زیاتر لە دوو واتا بڕوات: «ویست»ێکیان بە واتای ویستی جووتبوون و ئارەزوو دێت؛ لەوانەیە ویستێکیان ئەندامی مێینەی خانمەکە بێت (کە گەورە و فراوانە!)؛ لەوانەیە ویل-ێکیان ناوی ئەندامی نێرینەی شێکسپیر بێت (کە بۆی زیاد دەبێت؛ بە دەربڕینێکی تر: بە گوێرەی ویست زل دەبێت!)؛ ویل-ێکی تریان خودی ویلیەم شێکسپیر خۆیەتی؛ لەوانەیە ویل-ێکی تریان مێردی ئەو خانمە بووبێت، یان دۆستێکی تری بووبێت، بۆیە پێی دەڵێت: «تۆش، کە لە ویل-دا زەنگینیت، واتە ویل-ت زۆرە و تیایدا دەوڵەمەندیت»، یان ئەندامی نێرینەی پیاوی ترن، کە ئەم خانمە زۆری هەیە! بەهەرحاڵ، کەواتە ئەم ڕستەیە واتای تریش دەگەیەنێت: یەکێکیان: تۆ ویستی خۆتت هەیە. ↩︎
  6. ئەم وشەیە لە واتا ڕووکەشەکەدا بە واتای تووڕەکردن دێت، واتە «من کە هەردەم تووڕەت دەکەم»، بەڵام وشەکە لە سەردەمی شێکسپیردا بە واتای ورووژاندنیش هاتووە، وا دیارە شێکسپیریش لەم بەستێنەدا مەبەستی لەم واتایەیان بووبێت. ↩︎
  7. وا دیارە شێکسپیر مەبەستی لە ئەندامی نێرینەی خۆی بێت، کە دێتە زیادبوون (گەورە دەبێت). ↩︎
  8. هەم بە واتای «ویستی جووتبوونت زیاتر بێت»، هەم بە واتای «ئەندامی نێرینەی ویلیەمیش گەورەتر بێت!» ↩︎

٥. لۆتۆسخۆران

1ئەڵقەی پێنجەم: لۆتۆسخۆران

لۆتۆسخۆران

لۆتۆسخۆران لە ئۆدیسەدا خەڵکی وڵاتێکن کە ئۆدیسێفسن و ھاوەڵەکانی ڕێیان دەکەوێتە ئەوێ. ئەم خەڵکە لەسەر گوڵێک دەژین بە ناوی لۆتۆس. گوڵەکە وایان لێ دەکات بۆ ھەمیشە حەز بکەن لەوێ بمێننەوە و لەسەری ئالوودە دەبن. لۆتۆسخۆرانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس زۆرن، لەوانە: لێخوڕی ئەسپەکان، ئامادەبووانی کڵێسا، سەربازەکان، خەساوەکان، خۆشۆرەکانی گەرماوەکان، تەماشاکەرانی یاریی کریکێت.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: بلووم لە ماڵی خۆیانەوە لە شەقامی ئێکلس بەرەو لەنگەرگای سێر جۆن ڕۆجەرسن دەڕوات کە لای بەری باشووری ڕووباری لیفیی ناوەڕاستی شاری دەبلنە، بەرەو پۆستەخانەکەی شەقامی وێستلاند ڕۆو دەسووڕێتەوە، پاشان بەرەو گەرماوەکەی شەقامی لەینستەر دەگەڕێتەوە – دەبلن.

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی.

کەسێتییە سەرەکییەکان: بلووم، مەکۆی، بانتەم لایەنس، دەرمانسازێک.

چی دەگوزەرێت؟

بلووم بە لای لەنگەرگای سێر جۆن ڕۆجەرسندا تێدەپەڕێت. لەو لەنگەرگایە کار ھەیە و شتان بار دەکرێن. لەسەر ڕێکەی کوڕ و کچێکی منداڵی ھەژار دەبینێت. کوڕەکە جگەرە دەکێشێت. پاشان بە لای دوکانی گۆڕھەڵکەنێکدا دەڕوات. لەبەر پەنجەرەی دوکانێکی چادا دەوەستێت و بیر دەکاتەوە چا بکڕێت. دەیەوێت بە دزییەوە سەردانی پۆستەخانە بکات، بۆ ئەوەی بزانێت لە مەرسا کلیفردەوە نامەی بۆ ھاتووە یان نا.

ھێنری فلاوەری ساختەچی

بلووم لە ڕۆژنامەیەکدا بانگەوازی کردووە کە «پێویستمانە: خانمێکی تایپێستی زیرەک بۆ ھاوکاریکردنی پیاوێک لە کاری وێژەوانیدا». چل و چوار خانم پەیوەندییان کردووە بۆ ئەوەی ئەم کارە وەربگرن. مەرسا یەکێکە لەوان و بلوومیش ئەم پەیوەندییەی تا ڕادەیەک خراپ بە کار ھێناوە. ئەگەرچی ھێشتا بلووم و مەرسا یەکتریشیان نەدیوە و لەوە ناچێت بلووم حەز بکات یەکتر ببینن. بلووم ناوی خوازراوی «ھێنری فلاوەر» بۆ ئەم پەیوەندییە بە کار دەھێنێت. واتە مەرسا وا دەزانێت بلووم ناوی ھێنرییە.

بلووم لە ڕامان لە پەنجەرەی دوکانی چاکەوە بیر لە کێڵگەی چا دەکاتەوە لە سیلان و خۆرھەڵات کە چۆن لە ساڵێکدا شەش مانگ دەنوون. لەوێوە بیر لە گەرمی و لە دەریای مردوو دەکاتەوە. دواتر بە ناڕوونی بیر لە دەستووری ئەرخەمیدس دەکاتەوە.

بلووم ڕۆژنامەیەکی فریمانس جۆرنەڵی ئەو ڕۆژەی پێیە. فریمانس جۆرنەڵ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی دەبلن بووە و بلووم خۆی لەوێ کار دەکات و نوێنەری ڕیکلامسازیی ئەو ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. دواجار دەگاتە پۆستەخانەکە و کارتی ھێنری فلاوەر ڕادەست دەکات، نامەیەکی لە مەرساوە بۆ ھاتووە و دەیدرێتێ. ئینجا خۆی بە تەماشاکردنی پۆستەرێکەوە دەخڵافێنێت. پۆستەرەکە وێنەی سەربازانی سوپای تێدایە. لەوەوە بیر لە خەزووری دەکاتەوە کە لە سوپادا بووە. ئینجا بیر لە ھەندێک ڕووداوی پەیوەندیدار بە سوپا و دەبلن و شا ئێدواردی حەوتەمی بەریتانیا دەکاتەوە کە ماسۆنییە و ھەرگیز جلی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیسی نەپۆشیوە.

بلووم دەکەوێتەوە ڕێ و لە گیرفانیدا نامەکە دەکاتەوە، شتێکی بە دەرزی پێوە کراوە، وا دەزانێت فۆتۆیە. بەڵام ناسیاوێک دەبینێت بە ناوی مەکۆی و ئەم کارەی لێ دادەبڕێنێت.

مووی لووت

مەکۆی کارگێڕی وێستگەی شەمەندەفەرە و لەگەڵ لاشەدۆزی شاردا کار دەکات و یارمەتیی دەدات. ژنەکەی مەکۆی ھەر وەک ژنەکەی میستەر بلووم گۆرانیبێژە، بەڵام بلووم زۆر ڕای لێی نییە و پێی وایە لە ئاستی خاتوو ماریۆن بلووم (مۆڵی)دا نییە. بلووم حەز بەم بینینەی مەکۆی ناکات و دەیەوێت خۆی لێ بدزێتەوە، بەڵام ناتوانێت. مەکۆی بلووم دەگرێت و سڵاوی لێ دەکات و گفتوگۆیەکی ئاسایی لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. کە مەکۆی سەرنجی جلی پرسەکەی بەری بلووم دەدات دەپرسێت کێ مردووە؟ بلوومیش پێی دەڵێت کە پاتریک دیگنەم مردووە و کاتژمێر ١١ پرسەکەیەتی، کە دەکاتە نزیکەی کاژێرێکی تر. ئینجا مەکۆی دەکەوێتە باسی ئەوەی کە چۆن ھەواڵەکەی زانیوە و پێی ناخۆش بووە.

وەیش!

لەوبەر شوێنی بلووم و مەکۆیەوە میوانخانەیەکی لێیە. بلووم لەوبەرەوە ژن و پیاوێک دەبینێت، ژنەکە تا ڕادەیەک کەشخە و دەوڵەمەند دیارە، سواری عەرەبانەیەک دەبێت. بلووم خەیاڵی سەرجێیی لەگەڵ ئەم خانمەدا دەکات و مەکۆیش ھەر قسەی بۆ دەکات. بەڵام ترامێکی ناوشار دێتە نێوانیانەوە و بەری دیمەنەکەی لێ دەگرێت و عەرەبانەکەی خانمەکە دەڕوات. بلووم خوازیارە بە لایاندا بڕوات و جارێکی تر خانمەکە ببینێتەوە. لەم کاتەدا خۆی بە ڕۆژنامەکەیەوە سەرقاڵ دەکات و ڕیکلامێکی تێدا دەبینێت.

فێڵەکەی مەکۆی

مەکۆی دەیەوێت داوای باوڵێک لە بلووم بکات، بەڵام وا دیارە ئەمە کاری یەکەم جاری نییە کە داوای باوڵ لە خەڵکان دەکات و نایانداتەوە. بلووم یەکسەر باس لەوە دەکات کە خاتوو بلووم کۆنسێرتێکی ھەیە و خۆیان پێویستیان بە باوڵەکەیانە. بە کورتی بلووم باسێکی گەشتە کۆنسێرتەکەی خاتوو ماریۆنی ژنی دەکات. مەکۆی دەیبڕێتەوە و داوا دەکات کە ئەگەر بلووم چوو بۆ پرسەکە، لە لیستی ئامادەبووانی پرسەکەدا ناوی مەکۆی بنووسێت، چونکە خۆی بۆی ناکرێت بچێت بۆ پرسەکە. گوایە لەبەر ئەوە بۆی ناکرێت کە ئەنگاوتەیەکی خنکان ھەیە و دەبێت لەگەڵ لاشەدۆزەکەدا بچن بە دەنگیەوە. بەھەرحاڵ، بلووم بەڵێنی پێ دەدات کە وا دەکات و مەکۆی دەڕوات.

بلووم دڵنیا نییە لەوەی مەکۆی ڕۆیشتووە و پێی وایە بۆ سیخوڕی دەورەی داوە. بە دزییەوە خۆی دوا دەخات و ھەندێک ڕیکلامی سەر شەقامەکە دەخوێنێتەوە کە ڕیکلام بۆ نمایشێکی شانۆیی دەکات. لەو ڕیکلامەوە بیر لە ھەندێک ئەکتەر و شانۆگەری دەکاتەوە. ھەروەھا بیر لە باوکی و ھاملێت و بە تایبەتی دیمەنێکی شانۆگەرییەک دەکاتەوە، کە باوکی وتەکانی ئەو شانۆنامەیەی ئەزبەر بووە. ئینجا تەماشا دەکات و ئەرخەیان دەبێت کە مەکۆی ڕۆیشتووە.

نامەکە

بلووم بە دوای پەناگایەکدا دەگەڕێت تا نامەکەی لێ بخوێنێتەوە. بە لای ھەندێک ئەسپدا دەڕوات و بە دەم خۆیەوە گۆرانیی ئۆپێرایەکی مۆتسارت دەبێژێت، کە ھەوای «لا چی دارێم لا مانۆ»یە. دەچێتە شەقامی کەمبەرلاند و تەماشایەکی چواردەوری خۆی دەکات و نامەکەی مەرسا دەخوێنێتەوە.

لا چی دارێم لا مانۆ

مەرسا دەڵێت بۆ بینینی ھێنری (بلووم) زۆر پەرۆشە. زمانی نامەکەی مەرسا لە ڕووکەشدا ئاساییە، بەڵام واتای ناڕاستەوخۆی ھەیە کە ئاماژەی سەرجێییان تێدایە، یان ھیچ نەبێت بلووم وا دەیخوێنێتەوە. ئینجا بلووم بیر لە سەرجێیی دەکاتەوە لەگەڵیدا و نامەکە دەخاتەوە گیرفانی. بیر لە ئەگەری یەکتربینین دەکاتەوە، بەڵام وا دیارە بلووم نایەوێت بیبینێت. بۆی دەردەکەوێت ئەوەی وای زانی فۆتۆتە و بە دەرزی نراوە بە نامەکەوە، گوڵ بووە، نەک فۆتۆ. دەرزییەکەی فڕێ دەدات و بیر لە پەیوەندیی نێوان خانمان و دەرزی دەکاتەوە کە ژنان دەرزییان زۆرە. لە ناوی مەرساشەوە بیرێکی کورت لە مەرسای نێو ئینجیل دەکاتەوە کە مەرسا و مریەم دوو خوشکی لەعازر بوون و ھاوڕێی عیسا بوون و عیسا سەردانی کردوون. پاشان زەرفی نامەکە دەدڕێنێت و پارچەکانی بەسەر شەقامەکەدا بڵاو دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر ئەوە چەکێکی بانک بووایە ئاوھا بە ئاسانی دەیدڕاند؟ ئینجا بیر لە لۆردی خاوەنی بیرەخانەی گینیس دەکاتەوە کە چەکێکی حەوت ژمارەیی گۆڕیوەتەوە و بیر لە قازانجی بیرە دەکاتەوە.

کڵێسای کاسۆلیک چۆنە؟

بلووم بە دەم ڕێوە دەگاتە کڵێسایەکی کاسۆلیکی بە ناوی ئۆڵ ھالۆس. تەماشای ئاگادارینامەکەی بەردەرگاکەی دەکات. لەوەوە بیر لە ھەندێک کاری مژدەبەری بۆ وڵاتی چین و لەوەشەوە بیر لە بوودیزم و بوودا دەکاتەوە. بەراوردێکی کورتی نێوان بوودا و عیسا دەکات.

بۆنەی ماس لە کڵێساکەدا دەگێڕرێت و ئەمیش بەشداریی تێدا دەکات. بلووم تەماشای چواردەوری خۆی دەکات. لەم سەرنجانەی بلوومەوە تێدەگەین کە بلووم زۆر لە دینی کاسۆلیک نازانێت و زۆر بە سرووتەکانیان ئاشنا نییە. ئینجا سەرنج لە نزا لاتینییەکانی قەشەکە دەدات و ھەوڵ دەدات لێیان تێبگات. نانەڕەقەکەی ماسی کاسۆلیک بە نانی فەتیرەی جووەکان بەراورد دەکات. بە ھەڵە وا بیر دەکاتەوە کە خەڵکان لە ماسی کاسۆلیکدا شەراب دەخۆنەوە و بە سەرخۆشی دێنە دەرەوە، کە ئەمە ڕاست نییە. سەرنج لە زۆربەی کارەکانی قەشە و باوەڕدارەکان دەدات و بۆ ئەو پرسیارن کە داخۆ ئاماژەکانیان چین و لە چی دەچن؟ پرسیاری جۆراوجۆری تریش لە مێشکیدا دەورووژێن.

بۆ ساتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە لەوانەشە ئێستا مەرسا لەو پەرستگایە بێت. دیسان بیر لە شەراب و پەیوەندییەکەی بە پەیداکردنی پارە و باوەڕەوە دەکاتەوە. سەرنجی ئەوەش دەدات کە بە داخەوە کڵێساکە ھیچ موزیکێک پێشکەش ناکات. لەمەشەوە بیر لە چەند ژەنیارێکی بەناوبانگی دەبلن دەکاتەوە و نمایشێکی مۆڵیی ژنیشی بە بیر دێتەوە کە زۆر نایاب کارێکی موزیکیی جاکینۆ ڕۆسینی (١٧٩٢-١٨٦٨)ی بێژاوە بە ناونیشانی ستابات ماتێر. ئاوھاش بیر لە ھەندێک لە موزیکە نایابەکان دەکاتەوە. پاشان بیر لە کاری ڕەبەنگاکانیش دەکاتەوە کە خەساویان لە کۆڕەکانیاندا ڕاگرتووە: واتە منداڵیان بە منداڵی خەساندووە تا کە گەورە بوون دەنگیان گڕ نەبێت و ھەر ئەو ئەدگارە منداڵییانە لە دەنگیاندا بمێنێت، بۆ ئەوەی لە کۆڕی سروودە دینییەکاندا بتوانن شوێنی خانمان بگرنەوە.

ستابات ماتێر-ی ڕۆسینی

پاشان قەشەکە دوایین نزاکان دەکات. بلوومیش بیر لە تۆکمەیی ڕێکخراوەیی دینی کاسۆلیک دەکاتەوە. قەشەکە دەڕوات و سرووتەکە تەواو دەبێت.

سابوون و کرێم

بلووم لە کڵێسا دەردەچێت و بەرەو دوکانێکی دەرمانساز دەچێت. لەو دوکانە چاو بە ھەندێک لە شووشەواتەکاندا دەگێڕێت و بیر لە داو و دەرمان دەکاتەوە. پاشان داوای کرێمێک لە دەرمانسازەکە دەکات، کە نزیکەی دوو حەفتە لەوەوبەر بۆ مۆڵیی ژنی داوە بە کرد، ئێستا دانەیەکی نوێی لێ دەوێت. دەرمانسازەکە پێی دەڵێت دوایی بۆی بێتەوە. بلووم پێش دەرچوونی داوای سابوونێکی لیمۆ دەکات و ھەڵیدەگرێت و لە دوکانەکە دەردەچێت.

لەسەر شەقامەکە کەسێک دەبینێت بە ناوی بانتەم لایەنس و گفتوگۆیەکی کورت لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. لایەنس ڕۆژنامەکە لە بلووم وەردەگرێت و بە دوای ھەواڵی جامی زێڕینی ئەسپسوارییەکەی ئەو ڕۆژەدا دەگەڕێت، چونکە بانتەم لایەنس دەیەوێت گرەو لەسەر ئەسپێک بکات تا پارە بباتەوە، واتە قومار دەکات.

زمان بوەستێت سەر ڕەحەتە

لێرەدا بلووم قسەیەک دەکات کە دواتر لە درێژەی ڕۆمانەکەدا زۆر لەسەری دەکەوێت. بلووم دەیەوێت بانتەم لایەنس بەوە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە کە ڕۆژنامەکەی بداتێ، بۆیە دەڵێت: «دەتوانیت بیبەیت بۆ خۆت» و «خۆم خەریک بوو فڕێی بدەم». بلووم ھیچ مەبەستێکی ناڕاستەوخۆی لەم قسەیە نییە، بەڵام دواتر ئاماژەی ناڕاستەوخۆی ئەم ڕستەیە خراپ لێک دەدرێتەوە. ئەم ڕستەیە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا زۆر ڕوون دەرناچێت. لە نێو ئەو جامە زێڕینەدا ئەسپێک ھەیە بە ناوی «ثرۆئەوەی». ثرۆئەوەی بە ئینگلی واتە «فڕێ بدە» یان «فڕێدەر». ھەر ئەو ئەسپەشە کە دواتر دەبێتە براوەی جامە زێڕینەکە. بانتەم لایەنس وا ئەو قسەیەی بلووم وەردەگرێت کە ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێت: «گرەو لەسەر ثرۆئەوەی بکە». بەڵام لەبەر ئەوەی بلووم لە ڕۆژنامەدا کار دەکات و دەتوانێت زانیاریی نھێنی لەسەر ئەسپەکان بزانێت، بۆیە نایەوێت و نابێت ڕاستەوخۆ سووسە بداتە خەڵکان کە گرەو لەسەر چ ئەسپێک بکەن و نەکەن. ھەرچۆنێک بێت، بانتەم لایەنس سوپاسی دەکات و ڕۆژنامەکەی بۆ بە جێ دەھێڵێت و دەڕوات. بەڵام بلووم بە ھیچ شێوەیەک نازانێت کە ئەم قسە ئاساییەی کردی دواتر لە ئەڵقەی دوازدەیەمدا چ باجێکی دەبێت.

پاشان بلووم بیر لە گرەوی سەر یاری دەکاتەوە. دەگاتە شەقامی لەینستەر کە گەرماوێکی تورکی لەوێ ھەیە. لەوێدا پۆستەری بۆنەیەکی وەرزشیی دووچەرخەسواری دەبینێت کە دوانیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لە زانکۆ ساز دەدرێت. بلووم بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕیکلامە زۆر خراپە و دەکرا باشتر کرابا. لەوێوە پیاوێک دەبینێت کە بە «کەڕەناژەن» بیری لێ دەکاتەوە، سڵاوێکی لێ دەکات.

باوکە شۆڕەکەی ھەزاران

ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کەشوھەوا زۆر خۆش و بەھەشتییە و ماڵی ئەوەیە لەم کەشوھەوایەدا یاریی کریکێت بکەیت. بە کورتی بیر لە کریکێت و یەک دوو ڕووداوی ئەم یارییە دەکاتەوە. لە کۆتاییدا دەگاتە گەرماوەکە و خۆی دەشوات.


  1. ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ نووسیومە. ١٤ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

٤. کالیپسۆ

ئەڵقەی چوارەم: کالیپسۆ1

کالیپسۆ

کالیپسۆ لە ئۆدیسەدا خواژنێکە و دانیشتووی دوورگەی ئۆگیگیا-یە. ئۆدیسێفس لە گەشتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆیدا ڕێی کەوتووەتە ئەم دوورگەیە. کالیپسۆ ساڵانێکە ئۆدیسێفسی لەو دوورگەیەدا بە خۆشەویستیی خۆی بەند کردووە. کالیپسۆکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس نیمفێکە کە وێنەکەی بە ژووری نووستنەکەی لیۆپۆڵد بلووم و خاتوو مۆڵیی ژنیدا ھەڵواسراوە. بلووم کەسێتیی سەرەکیی ڕۆمانی ئولیسە.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: ماڵی میستەر بلووم بە ناونیشانی ٧ی شەقامی ئێکلس – دەبلن؛ دواتر بلووم دەردەچێت و لە گۆشتفرۆشێکی نزیک ماڵی خۆیان گورچیلەی بەراز دەکڕێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی.

کەسێتییە سەرەکییەکان: لیۆپۆڵد بلووم، مۆڵی بلووم، پشیلەیەک، میستەر ئۆڕورک (دوکاندارێک)، کچێکی خرپن (کڕیارێک)، دلوگاس (گۆشتفرۆش).

چی دەگوزەرێت؟

ناساندنی دژەپاڵەوان

لە پاش نزیکەی چل لاپەڕە لە چاپە ئینگلییەکەی ھانس واڵتەر گابڵەر، بۆ یەکەم جار کەسێتییە ھەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانی ئولیس دەبینین و دەناسین. ئەم کەسێتییە لیۆپۆڵد بلووم-ە، پیاوێکی ٣٨ ساڵ (و مانگێک)ە. زۆبەی کات لە ڕۆمانەکەدا ھەر بە میستەر بلووم و بلووم ناو دەھێنرێت. ژنەکەی بە پۆڵدی بانگی دەکات.

جۆیس یەکەم پەرەگرافی ئەم ئەڵقەیەی تەرخان کردووە بۆ پەسنێکی گشتیی میستەر بلووم، کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا بەم شێوەیەیە:

میستەر لیۆپۆڵد بلووم  بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شۆربای خەستی ھەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵێکی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵەجگەری سوورکراوە لەگەڵ وردەتوێناندا و گەرای سوورکراوەی ماگادۆس بوو. لە ھەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی.

ھەر لەم پەسنەوە دەزانین کە میستەر بلووم پاڵەوان نییە و کەسێتییەکی زۆر ئاساییە. تەنانەت زۆر جار لە خوار ئاستی ئاساییشەوەیە. بۆ نموونە کە دەڵێت: بلووم «حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی». جۆیس خۆیشی ئەمەی بە وتەی خۆی پشتڕاست کردووەتەوە. ڕیچارد ئێڵمان لە لاپەڕە ٥ی پەڕتووکی جەیمز جۆیس (چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد [١٩٨٢])ی خۆیدا دەڵێت:

ڕەخنەگرە ماڕکسییەکان ھوروژمی ھێرشیان بۆ سەر جۆیس برد، جۆیسیش بە ھێواشی بە یوجین جۆلاسی ھاوڕێی وت: «نازانم بۆچی ھێرشیان کردووەتە سەرم. ھیچ کەسێک لە ھیچ کامێک لە پەڕتووکەکانمدا نرخی لە ھەزار پاوەن زیاتر نییە!»

پاشان گێرانەوەی ئەڵقەی چوارەم دەچێتە سەر ناندانەکەی ماڵی میستەر بلووم. بلووم شمەکی بەرچایی بۆ خۆی و ژنەکەی ئامادە دەکات. ژنەکەی بلووم ناوی خاتوو ماریۆن بلووم-ە و میستەر بلووم بە مۆڵی ناوی دەبات. مۆڵی گۆرانیبێژی ئۆپێرایە و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو و بەناوبانگە.

پشە ڕەشە خت، خت!

ماڵی بلووم پشیلەیەکی ڕەشیان ھەیە، خاڵێکی سپی بە ھێندەی قۆپچەیەک لەسەر کلکیەتی. پشیلەکەیان ناوی نییە و پێی دەڵێن پشەکە. ئەو بەیانییە بە دەوری قاچێکی مێزی ناندانەکەدا ھەڵدەکوڕمێت و بلوومیش شیری بۆ دادەنێت بیخوات.

لە ئولیسدا تەنانەت پشیلەش دەدوێت و دەڵێت: «مکگنیاو!» و «مرکگنیاو!» و «گوڕڕڕ». میستەر بلووم کەمێک لە پشیلەکە ڕادەمێنێت و بیر لە تێگەیشتنی پشیلە و ھەندێک ڕەفتاریان دەکاتەوە.

چی بخۆین بۆ نانی بەیانی؟

بلووم بیر لەوە دەکاتەوە بۆ نانی بەیانی چی بخوات. ھەندێک بژاردە تاووتوێ دەکات. دواجار بڕیار دەدات بچێت لە دوکانی گۆشتفرۆشێک بە ناوی دلوگاس گورچیلەی بەراز بکڕێت و بیخوات. ئینجا بەسەر پلیکانەکاندا دەچێتە سەرەوە بۆ ئەوەی ژنەکەی ئاگادار بکاتەوە لەوەی دەڕوات و پرسیارێکی لێ بکات داخۆ ھیچی ناوێت؟ لە پشت دەرگای ژووری نوستنەکەیانەوە بە ھێواشی مۆڵی ئاگادار دەکاتەوە کە دەچێتە دەرەوە. بۆی دەردەکەوێت کە مۆڵی ھێشتا لە خەو ھەڵنەستاوە و تەنھا «منگ»ێک دەکات، کە لە وتەکانی پشیلەکە دەچێت! مۆڵی لەگەڵ ئەم منگەیەدا دەجووڵێت و ئەڵقە مسە شلەکانی چەرپاکەی دەزرنگێنەوە.

لە جەبەلتاڕیقەوە بۆ ئایرلاند

ئینجا بلووم بیر لە ژیانی ڕابردووی مۆڵی دەکاتەوە کە کچی پیاوێکی سەرباز بووە بە ناوی بڕایەن کووپەر تویدی و دایکی ناوی لاریدۆ بووە. مۆڵی لە جەبەلتاڕیق لە دایک بووە و شتێک ئیسپانیی کەمی زانیوە. پاشان ھاتووە بۆ دەبلن و ئێستا ئەو ئیسپانییەی لە بیر چووەتەوە. مۆڵی لە ٨ی ئەیلوولی ١٨٧٠ لە دایک بووە، نزیکەی چوار ساڵ و چوار مانگ لە بلووم منداڵترە. مۆڵی لە کاتی ڕۆمانەکەدا تەمەنی ٣٣ ساڵ (و نۆ مانگ)ە.

شەب ھەرە باشەکانی پلاستۆ

بلووم شەبقەکەی لە سەر دەکات. لە ناوەوەی شەبقەکەی نووسراوە «شەب ھەرە باشەکانی پلاستۆ» و پیتەکانی «قە» تیایدا کاڵ بووەتەوە (شەبقە ھەرە باشەکانی پلاستۆ). لە پشت ئەم نووسراوەی ناو سەروپێچی شەبقەکەیەوە کارتێک ھەیە، کە ناوی خوازراوی میستەر بلوومی لەسەرە. دواتر ئەمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بلووم بە دزییەوە ناوی لە خۆی ناوە ھێنری فلاوەر و بەم ناوەوە لەگەڵ خانمێکی نەناسراو بە ناوی مەرسا کلیفرد نامە ئاڵوگۆڕ دەکات. بلووم کلیلی ماڵەوەی لە بیر دەچێت و ناچار دەرگای دەرەوە داناخات و تەنھا پێوەی دەدات. پاشان بە شەقامەکانی نزیک ماڵی خۆیاندا دەڕوات.

بلووم کەسێکی چۆنە؟

بلووم بە گشتی زانینخوازییەکی بۆ زانست ھەیە. زۆر جار لە مێشکی خۆیدا و بە شەپۆلی ھۆش دەیەوێت لێکدانەوەی زانستی بۆ ڕووداوەکان و دیاردەکانی چواردەوری بکات. بیرێکی زۆر تیژ و باشیشی بۆ ژماردنی پارە و لێکدانەوەی قازانج و مایە ھەیە. بە درێژایی ڕۆمانەکە چەندین جار گوێمان لە دەنگی مێشکی بلووم دەبێت کە قازانج و زیان و مایەی زۆر کار لێک دەداتەوە. بە گشتی کەسێکە دەست بە پارەوە دەگرێت و دەستبڵاو نییە. دواتریش لە ئەڵقەی شەشەمدا بۆمان دەردەکەوێت بۆ کاری چاک و یارمەتیدانی ھەژاران کەمتەرخەم نییە و بەپەلەیە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی بلووم ئەوەیە زۆر گۆرانیی باخچەی ساوایان و منداڵان دەزانێت و زۆر جار دێڕێک یان وشەیەک دەخاتە نێو گۆرانیی منداڵانەوە.

بلووم بە دەم ڕێوە بیر لە شتی جیاواز دەکاتەوە، وەک: تویدیی خەزووری؛ توانای ڕەنگی ڕەش لە گەڕانەوە و شکاندنەوەی گەرمی؛ نان و کولێرە و شتی تریش. پاشان بەم بیرانەوە لە خەیاڵیدا دەچێتە جێیەک لە خۆرھەڵات و بیر لە شێوازی ژیانی خەڵکی خۆرھەڵات دەکاتەوە. لە خەیاڵی بلوومدا مەلایەک بەرماڵێکی پێیە و دایکێک لە بەردەرگای ماڵی خۆیەوە منداڵەکانی بانگ دەکاتەوە و دەنگی سەنتوور دێت. بەڵام ھەر زوو دەردەکەوێت کە بلووم ئەم وێنانەی لە خوێندنەوەی پەڕتووکەوە ھێناوە و خۆی ئەزموونی چوونە خۆرھەڵاتی نییە. یەکێک لەو پەڕتووکانەی بلووم ئەم وێنانەی لێوە ھێناوە ناوی بە شوێن ڕێی خۆردا-یە. پاشان بیر لە نموونەیەک لە ڕەوانبژیی ئاڕثەر گریفیث (١٨٧٢-١٩٢٢) دەکاتەوە. گریفیث نیشتمانپەروەرێکی ئایر بوو و ھەوڵی بۆ بەدەستھێنانی حوکمی سەربەخۆیی ئایرلاند داوە.

ڕووسییەکان لای یاپانییەکان تەنھا بەرچاییەکی کاتژمێر ھەشتی بەیانین

بە بەر دوکانی پیاوێکدا دەڕوات بە ناوی لاری ئۆڕورک. ئۆڕورک پیاوێکی کەچەڵە. ئینجا بیر لە قازانج و مایەی ئەم پیاوە دەکاتەوە. پاشان بیر لە سایمن دێدالۆسی باوکی ستیفن دێدالۆس دەکاتەوە، کە پیاوێکی جەفەنگییە و وەک خۆی لاسایی ئەم میستەر لارییە دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئۆڕورکدا ساز بکات و چاکوچۆنییەکی لەگەڵدا بکات. بلووم وێنا دەکات ئێستا لاری باسی جەنگی نێوان یاپان و ڕووسیا دەکات و پێی وایە کە «ڕووسییەکان لای یاپانییەکان تەنھا بەرچاییەکی کاتژمێر ھەشتی بەیانین». بلووم بیر دەکاتەوە شتێک لە بارەی پرسەیەکەوە بڵێت کە خۆی ئامادە کردووە ئەو ڕۆژە بچێت بۆی، پرسەی ھاوڕێیەکیانە بە ناوی پاتریک (پادی) دیگنەم.

ڕۆژباش لە میستەر ئۆڕورک دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە. زۆر درێژە بە چاکوچۆنییەکە نادات. دیسان دەکەوێتەوە بیری ئەوەی داخۆ دەبێت لاری چەند پارە پەیدا بکات؟ لەم بیرانەدایە کە بە بەردەم قوتابخانەی خۆماڵیی سانت جۆزێفدا دەڕوات، کە قوتابخانەی منداڵان بووە و دەنگی منداڵەکان دەبیستێت. ئینجا بلووم لاسایی منداڵان دەکاتەوە کە گۆرانیی ئەلفوبێ دەبێژن: «ئایبیسی دیفیجی کێڵۆمێن ئۆپیکیو ڕەستیوڤی دەبلیو». یان کە منداڵان لە وانەی جوگرافیادا، کە بلووم پێی دەڵێت «جۆگەلەفڕی»، چۆن ناوی دوورگەکانی ئایرلاند دەبەن: «ئینیشتورک. ئینیشاڕک. ئینیشبۆفین».

لە دوکانەکەی دلوگاس

بلووم دەگاتە بەر پەنجەرەکەی دوکانەکەی دلوگاس، چیتر ژمێرکارییەکەی لە بیر دەچێتەوە کە لاری چەند پارە پەیدا دەکات و دەچێتە ژوورەوە. دلوگاس تەنھا یەک گورچیلەی بەرازی ماوە. خانمێک لە پێش بلوومەوەیە و لیستێکی پێیە ناوی شمەکی پێویستیی لەسەر نووسراوە و بۆ دلوگاسیان دەخوێنێتەوە، دلوگاسیش دەیانداتێ. ئەم خانمە لە ماڵەکەی تەنیشتی بلوومدا دەژی، کە ماڵی ودز-ە. نە بلووم و نە گێڕەرەوەکەش زۆر لە بارەی ئەم ماڵەوە نازانن کە ئایا ئەم کچە کچی ئەو ماڵەیە، یان خزمەتکاریانە. بەڵام بلووم تەماشای دەستە قڵیشاوەکانی ئەم کچە دەکات، دواتر چاوی لەسەر سمتی دەنیشێتەوە.

بلووم ڕۆژنامەیەکی گردکراوە ھەڵدەگرێت و دەیخوێنێتەوە. دلوگاس ئەم ڕۆژنامە خوێنراوانە بۆ پێچانەوەی گۆشت بۆ کڕیارەکانی بە کار دەھێنێت. بلووم یەک دوو بابەت لە ناو پەڕەی ئەم ڕۆژنامەیەدا دەبینێت کە ھەندێک ئاماژەیان تێدایە بۆ ئەوەی کە دلوگاس جووە، چونکە ڕۆژنامەکە ناوی موسا مۆنتیفیۆرێ (١٧٨٤-١٨٨٥) دەھێنێت و باس لە ئاوەدانکردنەوەی «کێڵگە نموونەییەکەی کینارێت لەسەر ڕۆخی دەریاچەی تەبەریاس» دەکات. دەردەکەوێت بلووم پێشتر بیری لەوە کردووەتەوە کە دلوگاس جووە، بەڵام دڵنیا نەبووە. ئێستا ئەو گریمانەیە دەکات کە دلوگاس جگە لەوەی جووە، سییۆنیستێکی سەرسەختیشە.

ڕۆژێک لە ڕۆژان

وێنەیەکی ناو ڕۆژنامەکە بلووم دەخاتە بیری ڕابردوو کە زووتر خۆی لە مەیدانی ئاژەڵانی دەبلن لای پیاوێک بە ناوی جۆزێف کوف کاری کردووە. لەوەوە دێتەوە سەر سمتی خانمەکەی بەردەمی کە کاتێک جل ھەڵدەخات و بە شۆراوەکاندا دەماڵێت چۆن لە نێو تەنوورەکەیدا دەلەنگێتەوە. دلوگاس خانمەکە بە ڕێ دەکات و دێتە سەر میستەر بلووم. بلووم بەپەلە داوای گورچیلەکە دەکات و ئەویش بۆی دەپێچێتەوە و پارەکە دەدات. بلووم خوازیارە زوو بە دوای خانمەکەدا بگەڕێتەوە ماڵەوە، چونکە دیمەنی پشتی خانمی بە دڵە! وێنای خانمەکە دەکات لە باوەشی پۆلیسێکدا و ماوەی پارەکەی ھەڵدەگرێت و ماڵئاوایی لە دلوگاس دەکات. بڕیار دەدات لە دلوگاس نەپرسێت کە ئایا ئەو جووە یان نا.

بەرەو ماڵەوە

کە بلووم دێتە دەر خانمەکە شوێنەواری نەماوە. ئیتر بە دەم ڕێی گەڕانەوەی ماڵەوە زیاتر لە ڕۆژنامەکە دەخوێنێتەوە. ڕیکلامێک لە ڕۆژنامەکەدا ھەیە کە بە عیبری نووسراوە «ئەگنداث نەتایم». ڕیکلامەکە ھی بەشگەیەکی سییۆنییە کە باس لە کڕینی زەویی کەلاوە دەکات لە «حکومەتی تورکی» و لەوێ درەختی ئۆکالیپتۆس یان درەختی تر دەچێنن. ئەم بەشگەیە ساڵانە نموونەی بەری درەختەکان بۆ خاوەنەکان دەنێرنەوە. پاشان بلووم بیر لە کۆنە دراوسێیەکی دەکاتەوە بە ناوی سیترۆن و بیر لە سەردەمی خۆشی زوو دەکاتەوە. پاشان بیر لە بەری ئەو درەختانە دەکاتەوە کە ئەو بەشگەیە لە ئیسرائیلەوە دەیاننێرێت بۆ ئایرلاند. بیر لە ڕێکەیان دەکاتەوە، لەوێشەوە بیر لە مێژووی گەلی جوو دەکاتەوە کە یەکەم نەژادی مرۆڤ لەوەوە بەری گرتووە. بێگومان ئەمەش بە گوێرەی گێڕانەوەی تەورات، ئادەم و حەوا لە باپیرەکانی جووەکانن. پاشان بیر لە ڕاپێچکردن دوای ڕاپێچکردنی جووەکان دەکاتەوە لەسەر دەستی نەتەوە جیاجیاکان. بلووم بۆ گەڕانەوە ماڵەوە پەلە دەکات و بیر لە وێرانبوونی سەدۆم و عەمۆراش دەکاتەوە. چیرۆکی سەدۆم و عەمۆرا ھەر لە تەوراتدا ھاتووە. دواتر سەرنجی ھەندێک لە خانووەکانی سەر ڕێکەی دەدات. وێنای کچەکەی خۆی دەکات کە بەرەوڕووی دێت.

منداڵەکان چۆنن؟

کچەکەی بلووم ناوی میلیسنت (میلی) بلوومە. دوێنێ، کە دەکاتە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٠٤، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ١٥ساڵەی بووە. ئێستا میلی لەگەڵ دایک و باوکیدا ناژی و لە مەلینگەر-ە. مەلینگەر شارۆچکەیەکی کاونتیی وێستمیث-ە، کە یەکێکە لە کاونتییەکانی ئایرلاند. کە بلووم دەگاتەوە ماڵەوە لە ڕاڕەوەکەدا دوو نامە و کارتێک دەبینێت کە ھاتوون و ھەڵیاندەگرێتەوە. یەکێکیان لەسەری نووسراوە «خاتوو ماریۆن بلووم» کە بلووم سەرنجی خەتی نووسینەکە دەدات و دەزانێت لە کێوە ھاتووە، بەڵام قسە ناکات. ئەو کەسەی نامەکەی ناردووە پیاوێکە بە ناوی ھیو (بڵێسە) بۆیلەن، بەڕێوەبەری کارەکانی ژنەکەیەتی و پەیوەندیی سەرجێییشی لەگەڵیدا ھەیە و بلوومیش ئەمە دەزانێت. نامەکەی تر و کارتەکەش لە میلیی کچیانەوە ھاتووە. کارتەکەی میلی بۆ مۆڵییە و نامەکەشی بۆ بلوومە.

بلووم دەچێتەوە ژووری نوستنەکەیان و کارتەکەی میلی و نامەکەی کە بۆ مۆڵی نێرراون بە مۆڵی دەدات. پاش کەمێک خاوەخاو دەچێتەوە بە لای چای بەیانییەوە لە ناندانەکە. لەوێ کتلییەکەی لەسەر ئاگر داناوە. گورچیلەکە لە ڕۆژنامەکە دەردەھێنێت و دەیخاتە تاوەیەکەوە و لەگەڵ کەرەدا سووری دەکاتەوە. پەڕەی پێچەرەوەی گورچیلەکەش دەداتە پشیلەکە لێساولێسی بکات. ئینجا بلووم نامەکەی میلیی کچی دەردەھێنێت و ھەر وا سەرپێییانە دەیخوێنێتەوە.

بلووم دەکەوێتە بیری ھەندێک یادەوەریی منداڵیی میلیی کچی و گۆرانییەک کە کاتی خۆی ئەم بۆ ئەوی وتووە «ئەی میلی بلووم نازداری منیت». پاشان بەرچاییەکە ھەڵدەگرێت و دەیبات بۆ ژنەکەی لە ژووری نوستنەکەی قاتی سەرەوەی ماڵەکەیان.

ئەمڕۆ دێت!

بلووم لە ژووری نوستنەکە سەرنج دەدات لەو کاتەی ئەمی لێ نەبووە مۆڵی نامەکەی کردووەتەوە، چونکە تیلمەیەکی دڕاوی نامەکە لە ژێر سەرینەکەی وێدا دەبینێت. وا خۆی دەردەخات کە نازانێت نامەکە لە کێوە بووە، بۆیە دەپرسێت «نامەکە لە کێوە بوو؟». ژنەکەیشی دەڵێت کە لە بۆیلەنەوە بووە و ئەمڕۆ دێت و بەرنامەی کۆنسێرتەکەی داھاتوویانی بۆ دەھێنێت. خاتوو بلووم بەرچایی دەخوات. پرسیاری کاتی پرسەکەی دیگنەم دەکات و وەڵام وەردەگرێت.

مۆڵی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆمانێکی خوێندووەتەوە بە ناوی ڕوبی: قارەمانی گۆڕەپان. بلووم ئەو ڕۆمانەی بە کرێ بۆ ھێناوە. ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکات بە ناوی ڕوبی و پاش ئەوەی خێزانەکەیان دادەڕمێت، لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە فرۆشراوە و خراوەتە بەر کاری زۆرەملێ. دواتر بە پیاوێک فرۆشراوە بە ناوی سینیۆر ئێنریکۆ مافێی، کە بەڕێوەبەری سێرکە. ئەم پیاوە زۆر نادادانە لەگەڵ ڕوبیدا ڕەفتار دەکات و لێی دەدات. مۆڵی پرسیاری وشەیەکی ناو ئەم پەڕتووکە لە بلووم دەکات، کە وشەی «گیانگۆڕکێ»یە. بلووم ھەوڵ دەدات بۆی ڕوون بکاتەوە وشەکە بە چ واتایەک دێت. دواتر بلووم لەم چیرۆکەوە دەکەوێتە بیری سێرکێک کە خۆی چووە بۆی و ڕووداوێکی نەخوازراو تیایدا ڕووی داوە. وا دیارە ئەم پەڕتووکە پەڕتووکێکی ڕاستینە نەبێت و جۆیس خۆی لە لێکدانی چەند پەڕتووکێکی ھاوشێوە دروستی کردبێت.

خۆشوشتنی کالیپسۆ

بلووم بە دەم بیرکردنەوەوە سەرنجی ھەندێک لە شتەکانی نێو ژووری نوستنەکە دەدات. یەکێک لەوانە تابلۆیەکە بە پەنا سەریانەوە ھەڵیانواسیوە و ناوی خۆشوشتنی نیمفەکەیە. ئینجا وشەی «گیانگۆڕکێ» بۆ مۆڵی ڕوون دەکاتەوە. لەپڕ بۆنی شتێکی سووتاو دەکەن، کە ئەویش گورچیلەکەیە کە بلووم لە خوارەوە لە ناو تاوەکەدا بە جێی ھێشتووە. بلووم ڕۆمانەکە دەخاتە گیرفانی تا دواتر بیباتەوە بۆ ئەو جێیەی لێی بە کرێ ھێناوە. بە ھەڵەداوان دەچێتە خوارەوە.

ڕاکە بە لای ئەو گورچیلەیەوە

بلووم لە ناندانەکە دەبینێت لایەکی گورچیلەکە کەمێک سووتاوە. بەڵام خۆی وەھا حەزی لە گورچیلەیە و دادەنیشێت و لەگەڵ کووپێک چادا دەیخوات. لەناکاو بیری ھەندێک لە وتەکانی میلیی کچی دەکەوێتەوە لە نامەکە و جارێکی تر نامەکە دەردەھێنێت و دوو جار ھەموو نامەکە دەخوێنێتەوە.

لە یارەوە، لە شۆخ و شەنگی پارەوە

میلی لە نامەکەدا سوپاسی دەکات کە دوێنێ بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونیەوە دیاریی بۆی ناردووە، ئەویش کڵاوێکی تامۆشانتەر بووە. ئینجا باسی خۆیی بۆ دەکات کە لە بواری فۆتۆگرافیدا کار دەکات. ھەروەھا حەفتەی داھاتوو نیازیان وایە بچنە سەیران بۆ سەر دەریاچەیەک بە ناوی دەریاچەی ئۆوێڵ. باسی کوڕێکیش دەکات کە خوێندکارێکی گەنجە و جارجار دێت سەردانیان دەکات. دواتر لە ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم کوڕە ناوی ئەلێک بانەن-ە. بلووم پاش خوێندنەوەی نامەکە دەکەوێتە بیری سەیریی دونیا کە میلی وا گەورە دەبێت و لێیان دوور دەکەوێتەوە. ئینجا ھەندێک یادەوەریی تری منداڵیی میلی دەھێنێتەوە بیری.

یادگاریی تاڵ

لە یادەوەریی منداڵیی میلییەوە بیر لە منداڵێکی تری خۆی و خاتوو بلووم دەکاتەوە کە کوڕێک بووە بە ناوی ڕودی. ڕودی پێنج ساڵ دوای میلی، واتە دە ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٣ لە دایک بووە، لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٨٩٤دا مردووە. واتە ڕودی تەنھا یازدە ڕۆژ ژیاوە. مەرگی ئەم منداڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی میستەر بلووم و خاتوو بلوومی ژنیشی داناوە. دواتر دەردەکەوێت لەو کاتەوە پەیوەندیی سەرجێییان نەماوە. بلووم بۆ مەرگی ئەم کوڕەی زۆر پەرۆشە و خوازیار بوو لە دوای خۆی کوڕێکیشی بە جێ بھێشتایە.

ھەستی باوکێتی

پاشان بلووم ترسی ئەوە دایدەگرێت نەکا خراپە لەگەڵ میلیدا بکرێت. بە تایبەتی کە وا ئێستا لە دووری ئەوان دەژی. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر میلی تووشی کێشە بوو چۆن بەرگریی لێ بکات و چۆن بچێت ڕزگاری بکات. بەڵام دواتر متمانەی پێ دەکات و بە خۆی دەڵێت: «دەزانێت چۆن ئاگای لە خۆی بێت». ئەگەر شتی خراپیش ڕووی دا ئەو کاتە ئەم وەک باوک بە ھانایەوە دەچێت. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئایا ڕۆژێک سەردانی بکات و دیارییەکی بۆ ببات یان نا؟ پشیلەکە، کە پەڕەی گورچیلەکەی تێر لێسایەوە، بلووم لەم بیرانە دادەبڕێنێت و دەیەوێت بڕوات.

گەشتێک بەرەو ئاودەست

بلووم ھەست دەکات پێویستە بچێت دەست بە ئاو بگەیەنێت. لە ناو چەکمەجەیەکدا حەفتەنامەیەک دەردەھێنێت و دەرگا بۆ پشیلەکە دەکاتەوە، پشیلەکە ڕادەکاتە سەرەوە بۆ لای مۆڵی. بلوومیش خۆی و حەفتەنامەکە دەچنە حەوشەی پشتەوە. لە حەوشەی پشتەوە باخچەیەک و ئاودەستێکی لێیە. بلووم قەیرێک لە حەوشەکە ڕادەوەستێت و بیرێک لە گەشەدان بە باخچەکە دەکاتەوە کە چی بڕوێنێت و چۆن خاکەکەی بەپیت بکاتەوە. گوێ بۆ ماڵەکەی تەنیشتیشیان ھەڵدەخات تا بزانێت ئایا کەسیان لە دەرەوەن یان نا. بە کورتیش بیر لە بڵێسە بۆیلەن دەکاتەوە. وا دیارە کەمێک لەوەوبەر بۆیلەنی دیوە لای دەلاک بووە و قژی چەور کردووە و خۆی قۆز کردووە. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر کات ما و فریا کەوت پێش پرسەکە بچێت بۆ گەرماوی دەرەوە و خۆی بشوات.

ئینجا بلووم دەچێتە ئاودەستەکە و بە دزییەوە لە کونێکەوە تەماشای پەنجەرەی ماڵەکەی تەنیشتیان دەکات. پاشان لەسەر کاسەی ئاودەستەکە دادەنیشێت. جۆیس نزیکەی دوو لاپەڕەی لەسەر چۆنێتیی ئەم ئاودەستکردنەی میستەر بلووم نووسیوە و لەمەوە دەزانین کە بلووم نەخۆشیی مایەسیریی ھەیە و دوێنێ قەبز بووە.

نووسینە خەڵاتکراوەکە خەڵات دەکرێت

بلووم لە حەفتەنامەکەدا چیرۆکێک دەخوێنێتەوە بە ناونیشانی نووسینی خەڵاتکراومان: کارامەییەکەی ماتچام، لە نووسینی فیلیپ بیوفۆی. بە درێژایی ھەموو ڕۆمانی ئولیس دەرناکەوێت ئەم چیرۆکەی ماتچام چۆنە، ئەگەرچی لە ئەڵقەکانی داھاتوودا چەند جارێکی تریش ئاماژەی پێ دەدرێتەوە. فیلیپ بیوفۆی کەسێکی ڕاستینەیە و زۆر جار لەو حەفتەنامەیەدا چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی نەنووسیوە کە جۆیس لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەدا ھێناویەتی و وا دیارە خەیاڵکردە. بلووم بیر لەو پارەیەش دەکاتەوە کە میستەر بیوفۆی لە بەرانبەر نووسینی ئەم چیرۆکەدا وەریگرتووە. بیر لەوە دەکاتەوە خۆیشی چیرۆکێک بھۆنێتەوە و بڵاوی بکاتەوە.

جۆیس بە شێوەیەکی جەفەنگی ئاودەستکردنەکەی بلوومی ھاوکات کردووە لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکە خەڵاتکراوەکەی ناو حەفتەنامەکە. جۆیس زاراوەی سەربازیی بۆ کارەکەی بلووم بە کار ھێناوە، وەک: «خەریک بوو خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵام بەرگریی دەکرد» و «بەرگرییەکەی داڕما».

ئێمەش دەتوانین چیرۆک بنووسین

بلووم دێتەوە سەر بیری چیرۆکەکەی خۆی کە بە نیازە بینووسێت و وەک میستەر بیوفۆی پارەی پێ وەربگرێت. بیر دەکاتەوە کە ئایا لە بارەی چییەوە بێت؟ پێی وایە باشترە سوود لە پەندی پێشینان وەربگرێت و لە بارەی خۆی و ژنەکەیەوە بێت: «میستەر و خاتوو ل. م. بلووم». واتە میستەر لیۆپۆڵد بلووم و خاتوو مۆڵی بلووم. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە بەیانییەک لە بازاڕ تیپێکی موزیک موزیکی سەمای کاژێرەکانی ئەمیلکارێ پۆنکیێللی (١٨٣٤-١٨٨٦)یان ژەندووە. بلووم بە گۆڕانی جلوبەرگی سەماکەرەکاندا، کە لەگەڵ موزیکەکەدا سەمایان کردووە، سەری کاژێرەکانی ناو موزیکەکەی بۆ مۆڵی ڕوون کردووەتەوە.

سەمای کاژێرەکانی ئەمیلکارێ پۆنکیێللی

بە گشتی لەم کۆتاییەدا بیر لە ڕۆتینێکی گشتیی ژیانی مۆڵی دەکاتەوە. ھەروەھا بیر لەو کاتەش دەکاتەوە کە مۆڵی و بۆیلەن یەکەم جار یەکیان ناسیوە. لە کۆتاییدا نیوەی چیرۆکە «خەڵاتکراو»ەکەی ناو حەفتەنامەکە دەدڕێنێت و خۆیی پێ پاک دەکاتەوە. پاشان لە ئاودەست دێتە دەرەوە.

ھەیھوو!

بلووم لەبەر ڕووناکییەکەی باخچەکەدا چاوێک بە پانتۆڵەکەیدا دەخشێنێت تا بزانێت لە ئاودەستەکە پیس بووە یان نا، چونکە نایەوێت جلەکانی بۆ پرسەکە بگۆڕێت. چونکە ھەر لە بەیانییەوە خۆی بۆ پرسەکە ئامادە کردووە و بۆینباخ و پانتۆڵی ڕەشی پۆشیوە. لەم کاتەدا کڵێسای جۆرج، کە لای ماڵیانەوە نزیکە، زەنگی کاژێر ٨:٤٥ی بەیانی لێدەدات. ئەڵقەکە بە شەش جار دووبارەبوونەوەی «ھەیھوو» و بیرێکی کورتی بلووم تەواو دەبێت. ئەم تەواوکردنە تا ڕادەیەک ھاوتەریبی کۆتایی ئەڵقەی یەکەمی لای ستیفن دێدالۆسە.


  1. لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا نووسیومە. لە ١٤ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

٣. پرۆتێفس

ئەڵقەی سێیەم: پرۆتێفس1

پرۆتێفس

پرۆتێفس (پرۆتیوس، پڕۆتیوس) لە ئۆدیسەدا و بە گوێرەی ئوستوورەی گریکی، جێگری خودای دەریا و زەریایە، کە پۆسیدۆن-ە. پرۆتێفس دەتوانێت شێوە و بیچمی خۆی بە ھی ھەموو ئاژەڵ و ئاو و ئاگر بگۆڕێت. مێنێلاوس دەچێتە لای و ھۆی بەدبەختیی خۆی لێ دەپرسێت، کە بۆچی ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، چون ئەویش دوای جەنگی ترۆیا لە میسر گیری خواردووە. پرۆتێفس وەڵامی پرسیارەکانی دەداتەوە و پێی دەڵێت چۆن ئەو جادووە بشکێنێت کە لێی کراوە. پرۆتێفسەکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس مادەی بنچینەییە، یان مادەی پێکھێنەری سەرەکی. گیفرد دەڵێت مادەی بنچینەیی: پیاتێنەپەڕیویی بۆشایی و فراوانبوونی مسۆگەرانە و دانەبڕاوی کاتە!

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: گوێئاوی ساندیماونت – دەبلن.

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١١ی بەیانی.

کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس.

چی دەگوزەرێت؟

ھیچ شتێک لەم ئەڵقەیەدا ڕوو نادات. بەشی زۆری ئەڵقەکە لە شەپۆلی ھۆشی ستیفن پێک ھاتووە. واتە گێڕانەوە دەچێتە ناو مێشکی ستیفنەوە و بیرەکانی دەردەخات. مەڵیگن لە کۆتایی ئەڵقەی یەکەمدا داینا کاتژمێر دوازدە و نیو لە مەیخانەی ذە شیپ لەگەڵ ستیفن یەک ببینن و ستیفن پارەی خواردنەوەیان بۆ بدات. بۆیە لەم ئەڵقەیەدا ستیفن بە پێ دەگەڕێت تا کات بە ڕێ بکات و بە دەم گەڕانەوە بیر دەکاتەوە.

سەرەتا ستیفن بیر لە تیۆریی ڕەنگ و بینین لای ئەریستۆتێلیس دەکاتەوە و بە تێڕوانینی یاکۆب بۆھمە و جۆرج بێرکەلی بەراوردی دەکات. پاشان ھەوڵ دەدات بە چاونووقاوی بە گوێئاوەکەی ساندیماونتدا بڕوات. ساندیماونت ناوچەیەکی پاڵشاری دەبلنە. دوو خانم دەبینێت بۆ لای گوێئاوەکە دادەبەزن، یەکێکیان مامانی خوشکێکی ستیفن بووە. ستیفنیش لەوەوە بیر لە منداڵبوون و ئافراندن و ئادەم و حەوا و ھاتنی خۆی بۆ دونیا دەکاتەوە.

خاڵخاڵۆکە، ماڵی خاڵم لە کوێیە؟

ماڵی خاڵی ستیفن ھەر لە ناوچەی ساندیماونتە و ستیفن لێوەی نزیکە. خاڵی ستیفن ناوی ڕیچی گولدینگە. ستیفن بیر دەکاتەوە ئایا سەرێک لە ماڵی خاڵی بدات یان نا؟ ئینجا ئەم سەردانە لە خەیاڵی خۆیدا وێنا دەکات. وێنای ناو ماڵی خاڵی و قسەکانی خاڵی دەکات. خاڵی ستیفن ھەوادارێکی سەرسەختی ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ Il Trovatore)ی جیوزێپپێ ڤێردییە، بە تایبەتی یەکەم ھەوای ئۆپێراکە کە ناوی ئاللێرتایە. ستیفنیش ھەر بە دەم ڕێوە ئاوازی ئەم ھەوایە بە فیکە دەردەکاتەوە.

ھەوای ئاللێرتا لە ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ)، ھەوای دڵخوازی خاڵی ستیفنە.

پاریس و بێپارەیی

بێبدەیان شتی جۆراوجۆری مێژوویی و دینی دێنە خەیاڵی ستیفن. پاشان بیر لە ژیانی ڕابردووی خۆی دەکاتەوە کە لە پاریس چەند بێپارە بووە و خەریکی خوێندنەوەی پەڕتووک بووە. بیر لەوە دەکاتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستوویەتی پەڕتووکانێک بنووسێت و تەنھا پیتێک ناونیشانیان بن. پاشان ئەم پەڕتووکانە بنێرێت بۆ گەورەترین پەڕتووکخانەکانی جیھان. دواجار بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەندە ڕۆ چووەتە بیرکردنەوەوە کە ماڵی خاڵی تێپەڕاندووە و سەردانیان ناکات.

ستیفن دەکەوێتەوە بیرکردنەوەی تر لە پاریس. بیر لەوە دەکاتەوە کاتی خۆی پیاوێکی لەوێ دیوە بە ناوی کێڤن ئیگنەوە و کوڕێکی ھەبووە ناوی پاتریک بووە. کێڤن ئیگن پێشتر خەباتگێڕێکی ئایر بووە، بەڵام ئەو کاتەی ستیفن لە پاریس دیویەتی لە چاپخانەدا کاری کردووە. کێڤن ئیگن ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەردەمی خەباتگێڕیدا لەسەر ئەوەی گوایە دەستی لە ڕزگارکردنی چەند ھاوخەباتێکی خۆیدا ھەبووە لە بەندیخانە، خۆی دەستبەسەر کراوە. ئینجا ھاوخەباتەکانی ھەوڵیان داوە لە بەندیخانە ڕزگاری بکەن بەوەی بەرمیلێک بارووتیان لە ژێرزەمینی بەندیخانەکەدا تەقاندووەتەوە. بەڵام ھەوڵەکەیان سەری نەگرتووە.

بێپارەیی، بێپارەیی، بێپارەیی

پاشان ستیفن سەرلەنوێ بیر لە ڕادەی ھەژاریی خۆی دەکاتەوە لە پاریس کە ئەگەر دایکی لە ئایرلاندەوە پارەی بۆ ڕەوانە نەکردایە لە برسدا دەمرد. بیر لە ڕووداوێک دەکاتەوە کە دەرگاوانێک دەرگای پۆستەخانەکەی بەسەریدا داخستووە و پارە ڕەوانەکراوەکەی دایکیی لەو ڕۆژەدا وەرنەگرتووە. پاشان بیر لە نادادیی پاریس دەکاتەوە کە ناچار بووە بلیتی شوێنان ھەڵبگرێت تا ببێت بە بەڵگەی ئەوەی لە شوێنی تاوان نەبووە، نەکا ڕۆژێک تۆمەتێکی بخەنە پاڵ و تاوانێکی بە سەردا ساغ بکەنەوە کە ئەم دەستی تێیدا نەبووە! ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ئایرلاند بۆ ئەوەی پارە نەدات بە بارھەڵگری لەنگەرگاکە، کە کرێکەی سێ پنس بووە، وا خۆی پیشان داوە کە فەڕەنسییە و زمانی ئینگلی و ئایری تێناگات. بیر لەو بروسکەیە دەکاتەوە کە باوکی بۆی ناردووە تا بگەڕێتەوە ئایرلاند، چونکە دایکی لە سەرەمەرگدا بووە. ھەر بەو ھۆیەشەوە بووە کە ستیفن پاریس و خوێندنی پزیشکیی بە جێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە دەبلن.

ستیفن ھەر بەردەوام بە ڕێوەیە. دەکەوێتەوە بیری پاریس و کێڤن ئیگن و یەکبینینەکەیان و بیر لەو و لە بارووت دەکاتەوە. لەوێشەوە بیر لە مێژووی ئایرلاند و خەباتە جۆراوجۆرەکانی دەکاتەوە. لە دوورەوە سەگێک دەبینێت. بەردەوام بیر لە ڕۆژگارێکی ڕابردووی ئایرلاند و دواتر لە ئاو و ئەو پیاوە دەکاتەوە کە نۆ ڕۆژە خنکاوە و لە ئەڵقەی یەکەمەوە چەند کەسێک خۆیان بۆ ئامادە کردبوو ئەمڕۆ لاشەکەی دەربکەوێت.

قەرەج و تاکە بەرھەمی ستیفن

ژن و پیاوێک لە دوورەوە دەبینێت، وا دیارە قەرەجن و ڕاوی قاقلەی کەنار ئاوەکان دەکەن. دەردەکەوێت سەگەکەش ھی ئەوانە و ناوی تاتەرزە. تاتەرز کەلاکی سەگێکی دیوە و لێوەی نزیک بووەتەوە و بە دەوریدا دێت و دەچێت. بەڵام خاوەنەکەی تاتەرز بە ھاوار بانگی دەکاتەوە. کە دەگەڕێتەوە لای شەقێکی تێ ھەڵدەدات. ستیفن دەکەوێتە بیرکردنەوە لە ژیانی قەرەج و زمانی تایبەتی قسەکردن و گۆرانی و ھۆنراوەکانیان.

پاشان بیر لە ھۆنراوەیەک دەکاتەوە کە خۆی دەیەوێت بینووسێت. دادەنیشێت و تێبینییەک لەسەر بەردێک دەنووسێتەوە. پەڕەی نامەکەی میستەر دیسیش دەردەھێنێت و سووچێکی لێ دەدڕێنێت تا مسۆدەی ھۆنراوەکەی خۆیی لەسەر بنووسێت. دیسان دەکەوێتەوە بیری جۆراوجۆر. پاشان سەرنجی ئاوی کەنداوەکە دەدات کە گیا و ڕووەک لە ژێریدا بە سستی دەجووڵێنەوە. دیسان بیری بە لای شتی جۆراوجۆردا دەڕواتەوە، تا بیر لە گۆڕانکاری دەکاتەوە، کە ھەموو شتێک بەردەوام لە گۆڕاندایە. دواتر لەسەر بەردەکە ھەڵدەستێت و کەشتییەک لە دوورەوە دەبینێت.


  1. لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

٢. نێستۆر

ئەڵقەی دووەم: نێستۆر1

نێستۆر

نێستۆر لە ئۆدیسەدا پیاوێکی پیری دانای ھاوسەنگەری ئۆدیسێفس بووە. تیلێماخۆس لەسەر ڕاوێژی ئەثینا دەچێت بۆ لای و سۆراخی باوکی لێ دەکات. نێستۆرەکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس پیاوێکی پیری نادانایە، ناوی میستەر گارێت دیسی-یە.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: قوتابخانەیەکی تایبەتی کوڕان لە دالکی – دەبلن.

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی.

کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس، گارێت دیسی، سارجنت، کاکرەین، ئاڕمسترۆنگ، کۆمین، تۆلبت.

چی دەگوزەرێت؟

ستیفن لە قوتابخانە وانەی کلاسیک بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە. وانەکە لە بارەی پیرۆس (٣١٨-٢٨٢پ.ز.) و جەنگەکانیەوەیە. لە قوتابییەک دەپرسێتەوە کە ئەو نازانێت پیرۆس تەنانەت چییە، نەک کێیە. قوتابییەکە پێی وایە پیرۆس لەنگەرگایە! قوتابییەکانی تر پێی پێدەکەنن.

ستیفن لەم پێوابوونەی قوتابییەکەیەوە خەیاڵی دەڕوات بۆ سەرمەستیی ئەمشەوی مەڵیگن و ھاینس. پێی وایە مەڵیگن گەپجاڕێکە لە دەرباری سەروەرەکەیدا، کە ھاینسە و ھاوکات دەوڵەتی ئیمپریالیی بەریتانیایە. لەوێوە دەچێتەوە ناو مێژوو و بیر لە تیۆرییەکی ئەریستۆتێلیس دەکاتەوە لە بارەی شیان و کامگیرییەوە.

لە پەڕتووکی خوێندنەکەدا دەچنە سەر ھۆنراوەیەکی جۆن میڵتن، کە ستیفن بێئاگایانە و بێباکانە لێیان دەپرسێتەوە. قوتابییەک ھۆنراوەکەی میڵتن ئەزبەر دەڵێتەوە. خەیاڵی ستیفن دەچێتەوە سەر وردەکاریی تیۆریی شیان و کامگیریی ئەریستۆتێلیس. پاشان ئەو سەردەمەی بیر دێتەوە کە خۆی لە پاریس ژیاوە. دواتر ستیفن مەتەڵێک لە قوتابییەکانی دەپرسێت، کەس وەڵامەکەی نازانێت.

کاتی وانە تەواو دەبێت. قوتابییەکان یاریی ھۆکییان ھەیە. یاریی ھۆکی یارییەکی ئینگلییە و ئایری نییە. یارییە ئایرییەکە پێی دەڵێن ھەرلینگ، بەڵام قوتابییەکان ئەو یارییە ناکەن.

خۆشەویستیی دایک

یەکێک لە قوتابییەکان ناڕوات، کوڕێکی ناشیرین و لاوازە، ناوی سارجنتە. ئەم قوتابییە لە نووسینەوەی وانەکانیدا دواکەوتووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کە ناوی میستەر دیسییە، پێی وتووە بە یارمەتیی مامۆستا ستیفن وانەکانی بنووسێتەوە. وا دیارە وانەی بیرکارییە، چونکە لەسەر ناونیشانەکەی نووسراوە «ھاوکێشە»، کە بە ئینگلی دەبێتە سەم sum. ستیفن ئەم وشەیە بە لاتینی دەخوێنێتەوە کە بە سوم دەخوێنرێتەوە، واتە من. لەوێوە دەچێتەوە سەر بیرکردنەوە لە ژیانی خۆی و دایکی. ئینجا بیر لە دایکی سارجنت و خۆشەویستیی دایک دەکاتەوە.

ستیفن یارمەتیی سارجنت دەدات ڕاھێنانەکانی تەواو بکات. ھێمای سەر دەفتەرەکەی سارجنت ستیفن دەخاتە بیری ئیبن ڕوشد و موسای کوڕی مەیموون. لەوێشەوە دەچێتە بیری تێڕوانینەکانی جۆردانۆ بروونۆ (١٥٤٨-١٦٠٠). پاشان سارجنت نووسینەوەکەی تەواو دەکات و دەچێتە لای ھاوڕێکانی کە یاری دەکەن.

ستیفن کەمێک بە دیار قوتابییەکانەوە ڕادەوەستێت کە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە خەریکن دەست بە یاری دەکەن. قوتابییەکان ھەرایەکی زۆریان ناوەتەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ھەوڵ دەدات ڕێکیان بخات، داوا لە ستیفن دەکات لە نووسینگەکەی چاوەڕێی بکات.

ستیفن و دیسی، تیلێماخۆس و نێستۆر

ستیفن لە نووسینگەکەی میستەر دیسیدا بە تەنیا چاوەڕێ دەکات. پاشان میستەر دیسی دێت و سەرەتا مووچەکەی ستیفن دەدات، کەچی ستیفن ھەر بێ ژماردن و بێباکانە ھەموو پارەکە دەخاتە گیرفانیەوە. ئەم ڕەفتارە بێباکانەیەی ستیفن وا دەکات میستەر دیسی ئامۆژگاریی ستیفن بکات کە کەمێک دەست بە پارەوە بگرێت. پاشان دەڵێت شانازیی ئینگل ئەوەیە کە پێی وایە ھەرگیز ھیچ پارەیەکی قەرز نەکردووە! بەڵام ستیفن پێی وا بووە کە شانازیی بەریتانی ئەوەیە کە پێی وایە خۆر لەسەر ئیمپراتۆرێتییەکەی ھەرگیز ئاوا نابێت. میستەر دیسی پێی وایە ئەم قسانە ھەڵەن و بۆی ڕاست دەکاتەوە، بەڵام قسەکانی دیسی خۆی ھەڵەن. ئینجا دێنەوە سەر باسی پارە و پاشەکەوتکردن، ستیفن بیر لەو کەسانە دەکاتەوە کە قەرزاریانە. ئینجا دەچنە سەر ھەندێک باسی جۆراوجۆری مێژووی ئایرلاند.

میستەر دیسی نامەیەکی سەبارەت بە نەخۆشیی تەبەق لە خەیاڵدایە بینووسێت و بڵاوی بکاتەوە. نەخۆشیی تەبەق نەخۆشییەکی ئاژەڵانە. لەبەر ئەوەی دەزانێت ستیفن خەڵک لە ڕۆژنامەکان دەناسێت، بۆیە داوا دەکات یارمەتیی بدات تا بۆی بڵاو بکەنەوە. میستەر دیسی پێی وایە چارەی نەخۆشیی تەبەق کراوە و لە ئایرلاند واگرەی ئاژەڵ بە ڕێوەیە و پێویستە مەڕوماڵات و وڵاخی ئایرلاند لە دەست ئەم نەخۆشییە ڕزگار بکرێن. بۆیە داوا لە ستیفن دەکات کەمێک دابنیشێت تا ئەو نامەکەی دەنووسێت و ستیفن وا دەکات.

ستیفن لەم ماوە بێدەنگەدا سەرنجی ئەو تابلۆیانە دەدات کە بە ژوورەکەدا ھەڵواسراون. وێنەی پێشبڕکێی ئەسپسواری ھەڵواسراوە. لەوەوە دەکەوێتە بیری سەردەمێک کە لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بە ناوی کرانلی پێکەوە چوون بۆ پێشبڕکێی ئەسپسواری. کرانلی لە ڕۆمانی ڕابردووی جۆیسیشدا ھەیە و ھاوڕێی نزیکی ستیفن بووە. قوتابییە منداڵەکان کە لە گۆڕەپانەکەدا یاری دەکەن، گۆڵ دەکەن و فیکە لێدەدەن و ئەمە خەیاڵی ستیفن دەھێنێتەوە بۆ نێو ژوورەکە.

مێژوو مۆتەکەیەکە کە دەمەوێت لێی ڕابم

میستەر دیسی نووسینی نامەکە تەواو دەکات و دەیداتە دەست ستیفن. ستیفن بە خێرایی دەیخوێنێتەوە. ھەرگیز نازانین ھەموو ئەوەی لەم نامەیەدا نووسراوە چییە، بەڵکو تەنھا لە ڕێی وشەی پچڕپچڕەوە دەزانین نامەکە لە بارەی چییەوەیە.

میستەر دیسی باس لەوە دەکات کە جووەکان خەریکە بەریتانیا داگیر دەکەن. پێی وایە ئابووری و ڕۆژنامەگەری لە ژێر ڕکێفی جووەکاندایە و دەیەوێت دژایەتییان بکات. ستیفن گفتوگۆیەکی نابەدڵانەی کورتی لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر دەکەوێتە یادی بۆرسەی پاریس و شێوەی پارەپەیداکردنی بۆرسەچییەکانەوە.

دواجار ستیفن لەسەر مێژوو یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین وتەکانی ڕۆمانەکە دەڵێت، کە دەڵێت: «مێژوو مۆتەکەیەکە کە دەمەوێت لێی ڕابم». میستەر دیسی لەمەوە دێتە سەر باسی خودا و ئامانج لە دونیا. ئینجا باس لە دین و مێژووی ئایرلاند و گریک دەکات، ئۆباڵی خراپەکارییەکان دەخاتە ئەستۆی ژن. دواتریش میستەر دیسی دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە پێی وایە ستیفن زۆر لە قوتابخانەکە نامێنێتەوە، چونکە ستیفن بۆ ئەوە دروست نەبووە ببێت بە مامۆستا. ستیفن نامەکەی میستەر دیسی وەردەگرێت و لە خزمەتی مەرەخەس دەبێت. ستیفن خەریکە دەگاتە دەرەوەی قوتابخانەکە، میستەر دیسی بە ڕاکردن بە دوایدا دێت و پێی دەڵێت کە ئایرلاند شانازیی ئەوەی بەردەکەوێت کە ھەرگیز جووەکانی نەچەوساندووەتەوە، چونکە ئایرلاند ھەرگیز ڕێی نەداوە جوو بێتە وڵاتەکەیانەوە! کە ئەم قسەیەشی ھەر ھەڵەیە.


  1. لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

١. تیلێماخۆس

بەشی یەکەم: بەیتی تیلێماخۆس (تیلێماخیاد)1

ئەم بەشەی ئولیس، واتە ئەم سێ ئەڵقەیە، وێنەی ھونەرمەند لە تافی لاویدا دەبەستێتەوە بە ئولیسەوە. لە سێ ئەڵقە پێکھاتووە کە کەسێتیی سەرەکیی ھەر سێ ئەڵقەکە ستیفن دێدالۆس-ە.

ئەڵقەی یەکەم: تیلێماخۆس

تیلێماخۆس

تیلێماخۆس لە ئۆدیسەدا کوڕەکەی ئۆدیسێفس-ە. تیلێماخۆسەکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس کوڕێکە ناوی ستیفن دێدالۆس-ە. ستیفن کەسێتیی سەرەکیی ڕۆمانی پێشتری جۆیس بووە، ئەو ڕۆمانە ناوی وێنەی ھونەرمەند لە تافی لاویدا-یە.

شوێن و کات و کەسێتییەکان

شوێن: قەڵای مارتێللۆ لە ساندیکۆڤ – دەبلن.

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی.

کەسێتییە سەرەکییەکان: ستیفن دێدالۆس، بەک مەڵیگن، ھاینس، پیرەژنێک.

چی دەگوزەرێت؟

بەک مەڵیگن خەریکی گەپجاڕییە. بە دەم ڕیشتاشینەوە خۆی خستووەتە ڕۆڵی قەشەیەکەوە کە لە کڵێسادا سرووتی ماس جێبەجێ دەکات.

مەڵیگن خوێندکارێکی پزیشکییە و کوڕێکی زیرەک و شبروشێتە. لە ڕاستیدا ناوی «مەلاخی مەڵیگن»ە.

ستیفن دێدالۆس بە نزیکی ھاوتەمەنی مەڵیگنە و مامۆستایەکی کاتیی قوتابخانەیەکی نزیکە لە قەڵاکەوە و «ھونەرمەند»ە. ستیفن کوڕێکی خەمۆکە و ئەو بەیانییەش خەواڵووە، چونکە شەوی ڕابردوو باش نەنوستووە. بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە ھاوڕێیەتیی خۆی و مەڵیگن بھێنێت.

میوانێکی مەڵیگن شەو لەگەڵیاندا بووە، کوڕێکی ئینگلە و «لە ئۆکسفۆردەوە ھاتووە» و ناوی ھاینسە. ھاینس شەو خەونی بە پڵنگێکی ڕەشەوە دیوە، بە دەم خەوەوە ویستوویەتی لە ڕاستیدا تەقە لە پڵنگەکەی ناو خەونی بکات. ھەر ئەم ڕووداوەشە کە وای کردووە ستیفن باش نەنوێت، چونکە لە ترسدا «تۆقیوە».

دایکی تۆپیوە!

سەرەتا لە سەربانی قەڵاکە گفتوگۆیەکی ناخۆش لە نێوان مەڵیگن و دێدالۆسدا ڕوو دەدات. کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر ستیفن دایکی مردووە، بەک مەڵیگن پێی وتووە: «دایکی تۆپیوە». ستیفن ئەم وتەیەی لە دڵ دەرنەچووە و بە بێڕێزیی داناوە. کە ستیفن دواجار ئەمە بۆ مەڵیگن ئاشکرا دەکات کە ھێشتا ئەم قسەیەی لە دڵ دەرنەچووە، مەڵیگن بەوە بەرپەرچی دەداتەوە کە ستیفن خۆی دواھەمین خۆزگەکانی دایکی پێشێل کردووە. ئەم پێشێلکردنی خۆزگەیەش ئەوەیە کە دایکی لە سەرەمەرگدا داوای لە ستیفن کردووە نزای بۆ بکات و کڕنۆش ببات، بەڵام ستیفن نەیکردووە. ھەروەھا مەڵیگن ستیفن بەوە تۆمەتبار دەکات کە «دایکی خۆی کوشتووە».

پاشان مەڵیگن دەچێتە خوارەوەی قەڵاکە، کە ژوورێکی لێیە. ستیفن لە سەربان بە تەنیا دەکەوێتەوە یادی دایکی. دایکی ستیفن بە نەخۆشییەکی وەک شێرپەنجە مردووە، نەک ئەو کوشتبێتی. یادی دایکی ئەو بە جێ ناھێڵێت و ستیفنیش لە ناخیدا خوازیارە یادی دایکی دەستی لێ ھەڵبگرێت و «بھێڵێت بژی». ستیفن «لە گریانی گیانی خۆیدا» نوقم بووە.

نانی بەیانی و جیابوونەوە

دواجار ستیفن بۆ خواردنی نانی بەیانی دەچێتە خوارەوە بۆ لای مەڵیگن و ھاینس. لە خوارەوە لە ناو قەڵاکە پیرەژنێکی ئایر دێت و شیریان بۆ دەھێنێت. ھەر سێکیان پێکەوە، جگە لە پیرەژنەکە، نانی بەیانی دەخۆن.

مەڵیگن لە بری خۆی و ھاینس بڕیار دەدات کە پێش ئەوەی بچن بە ھەر لایەکدا، دەبێت لە ئاوەکەی ڕۆخەکەدا مەلە بکەن. بەڵام ستیفن دەبێت بچێت بۆ قوتابخانە، بۆیە لەگەڵیاندا مەلە ناکات.

بڕیار وایە ھەر ئەو ڕۆژە ستیفن لە قوتابخانە مووچە وەربگرێت، کە مەڵیگن پێی دەڵێت: «شاباشەکەی قوتابخانە».

لە نزیکی کۆتایی ئەڵقەکەدا دەچنە دەرەوەی قەڵاکە بۆ لای گوێئاوەکە. مەڵیگن لە گەپجاڕیی خۆی بەردەوام دەبێت. ستیفن و ھاینس بە دەم جگەرەکێشانێکەوە گفتوگۆیەکی کورت سەبارەت بە دین و مێژوو و شانۆنامەی ھاملێتی شێکسپیر دەکەن، بەڵام ناچنە ھیچ قووڵاییەکی گفتوگۆوە.

لە دوورەوە دوو پیاو گفتوگۆ لەسەر دەرکەوتنی لاشەی مردووی پیاوێک دەکەن کە نۆ ڕۆژە خنکاوە. پاشان مەڵیگن لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا دەچێتە ئاوەکەوە. لە کۆتاییدا ستیفن بە جێیان دەھێڵێت و دەچێت بۆ قوتابخانە.


  1. لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

بەرگی یەکەمی ئولیس: چاپی ژینا

بەرگی یەکەمی ئولیس: چاپی ژینا1

ئەمڕۆ (٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢) بە بۆنەی تەواوبوونی سی و پێنجەمین گۆرانیی تەمەنم و دەستپێکردنی سی و شەشەمین گۆرانی، دەرکردەیەکی نوێتری بەرگی یەکەمی ئولیسم لە هەمان بڵاوگەی پێشووتری ڕۆمانەکە: Ulysses.krd یان www.nawa.netدا بڵاو کردەوە. ئەم دەرکردەیەیان، کە بە «چاپی ژینا» ناوزەدم کردووە، لەوانەی ٢ی شوبات و ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ زۆر باشتر و بەپێزترە.

واتە هەر پێک هاتووە لە شەش ئەڵقەی ١ تا ٦ی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس، لەگەڵ ڕاڤەکانی گیفرد و سایدمان و ڤیڤیەن ئیگۆ لەسەر ئەو پێنج ئەڵقەیە.

پێش ئەم پی دی ئێفە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ و ٢ی شوباتدا دوو پی دی ئێفی تری ئەم پەڕتووکەم بە ناونیشانی بەرگی یەکەمی تەواونەکراو و بەرگی یەکەمی تەواوکراو بڵاو کردەوە. بەڵام ئەمیان لە هەردوو ئەو دووانە باشترە.

جیاوازیی ئەم دەرکردەیە لەگەڵ ئەوەی پێش خۆی

  • پێشتر هەرگیز تی کۆتایی جێناوی لکاوی کەسی دووەم و سێیەمی تاکم نەدەنووسی. وەک: «دەڵێت»، «دەهێنیت»، «دێت»، «دەکەیت». هەر بە «دەڵێ»، «دەهێنی»، «دێ»، «دەکەی» دەمنووسین. بەڵام دکتۆر میران جەلال پێی وتم کە باشترە دایانبنێم، بۆیە دامناون. جگە لە هەندێک لە هۆنراوەکاندا، یان ئەو دەقانەی لە هۆنراوەوە تێهەڵکێش کراون، ئەویش لەبەر کێش و ئاوازی هۆنراوەکە.
  • هەموو ئەو ئاماژانەی بە ڕاڤەی تر درابوون، ئێستا ژمارەی ڕاڤەکانیشیان دانراوە. واتە پێشتر تەنها نووسرابوو: «بڕوانە ڕاڤەی سایمن لە ئەڵقەی شەشەمدا». ئێستا دەڵێت: بڕوانە (ڕاڤەی ٤، ئەڵقەی ٦: سایمن). هەندێک لەو ڕاڤانەی لەم بەرگەدا ئاماژەیان پێ دراوە بۆ ڕاڤەی بەرگەکانی ترن، کە هێشتا زۆربەی ئەو ڕاڤانەم وەرنەگێڕاوە بۆ کوردی. بۆیە بە شێوەیەکی کاتی نووسیومە: «ڕاڤەی #». بۆ نموونە (ڕاڤەی #، ئەڵقەی ١٥: پیرێکی سییۆن). کە ئەم ڕاڤانەم وەرگێڕا و ژمارەکانیان چەسپا، ئەو کاتە ئەو هێمای «#»ە دەکەم بە ژمارەی ڕاڤەکە.
  • پەڕەنمای ئەلیکترۆنی بۆ هەموو ڕاڤەکان دانران. پەڕەنما بە ئینگلی bookmark، واتە ئاماژەدەر بە پەڕە و لاپەڕە. وەک ئەو بەنەی لە پەڕتووکدا دادەنرێت و دەخرێتە نێوان لاپەڕەکانەوە تا خوێنەر بزانێت لە کوێدا بووە. پەڕەنمای ئەلیکترۆنی بەکارتر و فرەمەبەستترە. ئەم تایبەتمەندێتییە تەنها بۆ پی دی ئێفی پەڕتووکەکەیە. ئێستا جگە لەوەی ژمارە و ئەڵقەی ڕاڤەکانیش دانراون، هاوکات ڕاڤەکان بەستراویشنەتەوە بە دەقی نووسراوەوە. بە کرتەیەک لەسەر نووسینەکە دەچیتە سەر ڕاڤەکەی، یان باسی ئاماژەبۆدراو، کە وا دەکات کاتی گەڕان کەمتر ببێتەوە. بەڵام ئاگادار بە، پێش ئەوەی کرتە لەسەر هەر شتێک بکەیت بزانە لە کوێدایت، چونکە زۆربەی جار مەرج نییە بتگەڕێنێتەوە بۆ ئەو جێیەی تیایدا بوویت. ئەگەرچی ڕاستێتیی یەک بە یەکی ئەم بەستەرانە تاقی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا هەر ئەگەر هەیە هەڵە هەبێت، بۆیە ئەگەر هەڵەیەکت بە دی کرد، تکایە ئاگادارم بکە تا چاکی بکەم.
  • ڕەنگی چەسپاوی هەموو بەستەرەکان شینن، بە هەمان ئەو ڕەنگە شینەی سەر بەرگەکە کە شینی ئاڵای گریکە. جەیمز جۆیس خۆی خوازیار بووە بەرگی ڕۆمانەکەی بە دوو ڕەنگەکەی ئاڵای گریک بێت، واتە شین بێت و بە سپی لەسەری نووسرابێت. تا ئێستا نەمدیوە وەرگێڕەکانی تر ئەم خۆزگەیەی جۆیس بە دی بهێنن، جگە لە خاتوو سلڤیا بیچ کە یەکەم کەس لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢دا ڕۆمانەکەی بۆ بڵاو کردووەتەوە. ئەویش زۆر بە سنوورداری ئەوەی بۆ کراوە و هەموو نوسخەکانی یەکەم چاپی ئولیس بەو ڕەنگە نین. بۆیە من ئەم خۆزگەیەیم بە جێ هێنا. بە هەمان شێوە، زۆربەی هەرە زۆری دەقە بەستەردارەکانیش هەمان شینن. بەڵام سێ جار لە ئەڵقەی شەشەمدا وا ڕێککەوتووە کە پەرەگرافێک هەمووی بە تەنیا ڕاڤەیەکی هەیە و ئەم پەرەگرافە بە ڕەنگی شین بە ڕاڤەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام چەند وشەیەکی ناو ئەم پەرەگرافە ڕاڤەی تری هەیە. بۆ جیاکردنەوەی ڕاڤە بچووکەکە لە ڕاڤە گەورەکە، ڕاڤە گەورەکە ڕەنگە شینە چەسپاوەکەم پێی داوە، بەڵام ڕاڤە بچکۆلەکانی ناوی ڕەنگێکی سەوزی پستەییم پێی داوە. ئەو جیاوازیی ڕەنگانە تەنها بۆ ئاسانکردنی بینین و جیاوازیکردنە و هیچی تر.
  • سەرباس بۆ بەشی ڕاڤەکان دانراوە. ئێستا خوێنەر دەتوانێت سنووری نێوان دەقی ئەڵقەکانی ڕۆمانەکە و ڕاڤەکانیان بە ڕوونتر ببینێت.
  • شێوازی ئاماژەدان بە پەڕتووک و بەش و هۆنەی کتێبی پیرۆزم گۆڕی. پێشتر بۆ نموونە دەمنووسی (مەتا، بەشی ١، ه.١)، ئێستا تەنها دەنووسم (مەتا ١؛١).
  • بە ئامانجی پەرەدان بە وەرگێڕی کوردیی گووگڵ، هەر شەش ئەڵقەکەی ئەم ڕۆمانەم لە وەرگێڕی ناوبراودا تۆمار کرد (جگە لە ڕاڤەکان). هاوکات ئەمە بووە هۆی پێداچوونەوە بە سەرجەم ئەڵقەکاندا. بۆیە هەندێک وردە دەستکاریی دەقی ئەڵقەکان کراون، کە پێشتر وا نەبوون و وەرگێڕانەکەی ئێستام لەوەی پێشوو پێ باشتر و پەسەندتر و هەندێک جاریش وردتر و ڕاستترە. واتە بە نزیکی لە هەموو لاپەڕەیەکی ڕۆمانەکەدا (نەک ڕاڤەکاندا) وشە، دەستەواژە یان ڕستەیەکی گۆڕاو هەیە بە بەراورد لەگەڵ چاپەکانی پێشووتردا. ئەگەر گۆڕانکارییەکە زۆر زەق بووبێت ڕاڤەم لەسەری داوە.
  • ناوی دیدەڵسم گۆڕی بە دێدەلس و ڕوونکردنەوەیەکیشم لەسەری نووسیوە. بڕوانە دامێنی (ڕاڤەی ١٣، ئەڵقەی ١: ستیفن دێدەلس).
  • هەموو وشەیەکی شاخ بە واتای ئەو ئێسکەی بە سەری ئاژەڵەوەیە کرا بە قۆچ. ئەو شاخانەی بە واتای ئەو بەشە بەرزەی زەوی دێت کە لە بەرد و تاوێری گەورە پێکهاتوون، وەک خۆیان بە شاخ ماونەتەوە.
  • لە یەکەم پەرەگرافی ئەڵقەی یەکەمدا، لە لاپەڕە ١دا «گۆیندانە بێژای» کرا بە «ئەمەی خوێند» و پەڕاوێزی «بێژان»م خستە یەکەم بەکارهێنانیەوە لە لاپەڕە ١٠دا.
  • تێبینییەکم لەسەر وشەی ئۆراکڵ نووسی. بڕوانە (ڕاڤەی ٦٤، ئەڵقەی ١: ئۆمفالۆس).
  • ڕستەی ناوەڕاستی لاپەڕە ١١ی ئەڵقەی یەکەم دەستکاری کرا. بڕوانە پەرەگرافی لەناو یادی سروشتدا… بە خوێنی ئەسپێی فلیقاوەی ناو جلەکانی مناڵەکان سوور بوون یان بڕوانە (ڕاڤەی ٨٢، ئەڵقەی ١: لەناو یادی سروشتدا… قەد کران).
  • ڕاڤەیەکم لەسەر وشەی «شەلەنگ» نووسیوە لە ئەڵقەی یەکەمدا. بڕوانە (ڕاڤەی ٩٠، ئەڵقەی ١: شەلەنگ).
  • زۆربەی وشەکانی «شاژن»م کرد بە «شا»، بە تایبەتی ئەوانەی لەگەڵ ڤیکتۆریا و ئەلیزابێثدا هاتوون. بڕوانە (ڕاڤەی ١٦٨، ئەڵقەی ١: شایەکی شێت).
  • پێشتر فیکشن fictionی ئینگلیم بە «وێژەی خەیاڵی» وەرگێڕابوو و فیکشنەڵ کارەکتەر fictional characterیشم بە «کەسێتیی خەیاڵی» وەرگێڕابوو. سوپاس بۆ دکتۆر بەختیار سەجادی، دوای ڕاوێژ بە بەڕێزیان، لە کۆی پڕۆژەکەدا یەکەمیانم کرد بە «وێژەی خەیاڵکرد» و دووەمیانم کرد بە «کەسێتیی خەیاڵکرد».
  • وشەی زانینخواز و زانینخوازی، کە خۆم پێکم نابوون، گۆڕیمن بە کونجکاو و کونجکاوی. کونجکاو بە گوێرەی فەرهەنگی خاڵ: «کەسێکە کە زۆر پرسیار لە شت بکا»، کەواتە کونجکاویش واتە پرسیارکردن لە شتان و ئارەزووی زانین.
  • لە سەرجەم پڕۆژەکەدا هەمیشە وشەی ئاینم کرد بە دین. ئەگەرچی هەردوو وشەکە وشەی ڕەسەنی کوردین و مێژووێکی دێرینیان هەیە، بەڵام دین یەک بڕگەیە و ئەمەش وای کردووە کە داتاشینی وشەی نوێ لێیەوە ئاسانتر بێت، وەک: دینناس، دینناسی، لەدینوەرگەڕان، کە هەمیشە بڕگەیەک کەمترن و ڕەوانترن لەچاو ئاینناس، ئاینناسی، لەئاینوەرگەڕان…تد.
  • لە ئەڵقەی دووەمدا «ئەن دگلن دگلن… ڕێگەی بەردینی دەبلن» و هەمان دگلنەکانی کۆتایی پەرەگرافی خوارەوەی ئەو دوو دێڕەی گۆرانییە بەناوبانگەکەم وەک شێوەی بێژانەکەی ستیفنی دەقە ماکەکە لێ کردەوە کە دەڵێت: «لەل ذە رەل ذە را… رەددی». بڕوانە (ڕاڤەی ٨١، ئەڵقەی ٢: لەل ذە… دەبلن).
  • چوار پەڕەی ئەڵقەی چوارەمی وەرگێڕانەکەی خۆمم لەگەڵ وەرگێڕانەکەی کاک مەحمود زامداردا بەراورد کرد. بە سوپاسەوە بۆ بەڕێزیان، هەندێک گۆڕانکاریم لە ئەڵقەی چوارەمدا کرد: ئەمانەن:
    • «شلەی خەستی هەناو»م گۆڕی بە «شۆربای خەستی هەناو».
    • «هانلۆنی شیرفرۆش»م گۆڕی بە «شیرفرۆشەکەی لای هانلۆن».

وتەیەک لەسەر بەراوردی ئەوەی خۆم و زامدار

هەر جارێک کە دادەنیشتم بۆ بەراوردی وەرگێڕانەکەی ئەو و خۆم، دەنگی خۆمم تۆمار کردووە. ئەم تۆمارە دەنگییانە لای خۆم ماون. بە ئامانجی ئەوەی لە ئایندەدا دۆسێ بکرێن و ئەگەر گونجا نامیلکەیەک یان پەڕتووکێکی لێ بەرهەم بێت. ئەگەرچی هێشتا هەموو ئەڵقەکەم لەگەڵ وەرگێڕانەکەی ئەودا بەراورد نەکردووە. ئەمە ناونیشانی پەڕتووکەکەی زامدارە: ١٨ سەعات لە ژیانی مستەر بلووم بە(٤٥)دەقیقە، کتێبی گیرفانی ژمارە ٥٩، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠٠٥.

درێژەی جیاوازییەکان

  • لە سەرجەم ڕۆمانەکەدا وشەی پیاوکوژ کرا بە بکوژ. بە نموونە بڕوانە پەرەگرافی تەماشایان کرد… کوشتن هەر ئاشکرا دەبێ لە لاپەڕە ٤٧٠ی ئەڵقەی شەشەمدا. یان بڕوانە (ڕاڤەی ١٧٧، ئەڵقەی ٦: زەویی بکوژ).
  • پێشتر نەمزانیبوو لە کوردیدا وشەی تیلنیشان لە بری allusionی ئینگلی چەسپێنراوە. من ئەو وشەیەم بە «لاماژە – لا ئاماژە» وەرگێڕابوو، کە خۆم وشەکەم دروست کردبوو. دواتر کردم بە درکە. بەڵام سوپاس بۆ دکتۆر بەختیار سەجادی ئەوەیشی بۆم ڕاست کردەوە کە ڕاستەکە تیلنیشانە. ئێستا ئەو وشە ناپێویستەم لابرد و هەموو لاماژە/درکەیەک کرا بە تیلنیشان و لە یەکەم بەکارهێنانیدا تێبینیم لەسەری داوە. داوای لێبوردن دەکەم.
  • پێشتر درکم بە جیاوازیی نێوان وشەکانی ئوستوورە: mythology و ئەفسانە legend نەکردبوو و لە بری یەک وەرمدەگێڕان. سوپاس بۆ کاک دکتۆر بەختیار سەجادی، ئێستا ئەم دوو وشەیە چاک کرانەوە.
  • پێشتر نەمزانیبوو ئایرۆنی irony لە کوردیدا بەرانبەر تەوس یان هەندێک جار درکە چەسپێنراوە. من بە توانج وەرمگێڕابوو، یان هەندێک جار ئایرۆنیک – ئایرۆنیکەڵم بە سەرسوڕهێن/سەیر/گاڵتەپێکردن وەرگێڕابوو. ئێستا هەموویانم کرد بە تەوس و تەوساوی. سوپاس بۆ دکتۆر بەختیار سەجادی و داوای لێبوردن دەکەم. تێبینی: هەموو ئەم وشانە بەر ڕاڤەکان کەوتوون، نەک دەقی ڕۆمانەکە.
  • پێشتر هەمیشە punم بە وشەبازی وەرگێڕابوو، کە پێکارێکی ڕەوانبێژییە. ئەگەرچی وشەبازی هەڵە نییە، بەڵام زاراوە چەسپاوەکەی وێژەی کوردی ڕەگەزدۆزییە، کە بە عەرەبی پێی دەوترێت جیناس. لە یەکەم بەکارهێنانیشیدا تێبینیم لەسەری داوە. بڕوانە کۆتایی (ڕاڤەی ٣١٩، ئەڵقەی ٣: پغی دو پاغی).
  • چوار جار لە کۆی بەرهەمەکەدا وشەکانی کۆنتێکستم بە کار هێنابوو، هەر چواریانم گۆڕی و کردمن بە کوردییەکەی، کە بەستێنە.
  • هەموو هەفتەیەک کرا بە حەفتە، ئەویش لەبەر ئەوەی کە وشەکە لەسەر حەوت ڕۆ نراوە. بەڵام ئەو جارانەی لە کتێبی پیرۆزەوە هێناومە دەستکاریم نەکردووە و هەر هەفتەن.
  • لە ئەڵقەی شەشەمدا دەربڕینی «ڕێکخستنەوەی ڕوانین بە ڕابردوودا»م کرد بە ڕێکخستنەوەی لەدوابینی. بڕوانە (ڕاڤەی ٤٨، ئەڵقەی ٦: ڕێکخستنەوەی لەدوابینی).
  • ناوچەیەک لە دەبلن هەیە پێی دەڵێن هارۆڵدس کرۆس Harold’s Cross، من وام زانیبوو کە چوارڕێیانە، بۆیە بە چوارڕێیانی هارۆڵد وەرمگێڕابوو. بەڵام بۆم دەرکەوت هەڵە بووم و ئێستا کردمەوە بە هارۆڵدس کرۆس. بمبەخشن.
  • هاوڕێیەک وتی کە وشەی «جوولەکە» وشەیەکە بۆ بێڕێزیکردن بە کار دەهێنرێت. ئەوانەی شوناسی خۆیان لەگەڵ ئەو باوەڕ/نەتەوەیەدا دەبیننەوە خوازیارن پێیان بوترێت جوو. ئەمە بۆ من سەیر بوو، چونکە پێم وا بوو کە وشەکانی جوولەکە یان جوولەک لە خودی ئەو باوەڕنەتەوەیەوە هاتوونە و کورد خۆی داینەهێناون. چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا پەڕتووکێکی ژیننامەیی ئینگلیی هێنری ئۆرنستینم خوێندەوە، کە خۆیان جووی ئەوروپا بوون، هێنری خۆی لە هۆڵۆکۆست ڕزگاری بووە. لەو پەڕتووکەدا باسی کەسێکی خۆی دەکات کە ناوی یولەکە. واتە ئەمە ئەوە دەردەخات کە یولەک، یان جوولەک، یان جوولەکە وشەیەکی سووکایەتی نەبێت. بەهەرحاڵ، من لە کۆی ئەم ڕۆمانەدا وشەی ناوبراوم نەهێشت و هەموویانم کرد بە جوو. داوای لێبوردنیش دەکەم لە هەر کەسێک کە ئەو بەکارهێنانە ناقەستییەم برینداری کردبێت.
  • کاک ڕێبوار قارەمانی دوو زاراوەکەی ئەریستۆی بۆم ڕاست کردەوە کە پۆتێنشەڵ potential و ئاکچواڵ actualن. ئێستا کردمن بە شیان و بەئەنجامگەیشتوو. بڕوانە (ڕاڤەی ١٦، ئەڵقەی ٢: ژووری بێکۆتا… وەلایان ناوە).

چاپی ژینا پێشکەشە بە

ئەم پێداچوونەوەیە پێشکەشە بە یادی نەمر و پڕشکۆی خاتوو ژینای گەشمەرگ، هێما و هەوێنی ئازادیی کوردستان. هەروەها بە شۆڕشگێڕ و گەشمەرگە ئازادیخوازە یادسەنگینەکانی شۆڕشی ژینای ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. دڵ و بیر و دەنگ و بینایی و هەست و سەر و پەنجە و گشت دیوی بینراو و نەبینراوی منی وەرگێڕی خاکیی ئەم پەڕتووکە لەگەڵتاندایە و بە ئێوەوە سەربەرزم. بە هیوام ستەمگای بێئاکاری مێزەربازان و ئازادیبازان و فێڵباز و فشەکەر و داگیرکەر و سەرکوتکەرانی کورد و ئازادی بۆ تاتایە بگەڕێنەوە بۆ ناو زێرابی مێژوو، کە ئەوێ جێی شایستەی خۆیانە. بژی ئازادیخوازان. بڕووخێت دەسەڵاتی درۆی پیرۆزکراو و ئوستوورە. ژن، ژیان، ئازادی. نە پانتەڕەماش، نە فیدرالی، نە کۆنفیدرالی، نە دەسەڵاتی ئوستوورە، نە کۆیلە و سەگی بەر قاپیی گەلان… تەنها: کوردستان، کوردستان، کوردستان.

لەمە باشترمان لایە

دوای ئەوەی ئەم پی دی ئێفەم بڵاو کردەوە، دەستم کرد بە بەرگی دووەم. لەگەڵیدا بەرەبەرە هەندێک گۆڕانکاری و چاکسازیی تریشم لە بەرگی یەکەمدا کرد کە لە ئەنجامی درێژەدان بە وەرگیڕانەوە فێریان بووم. بۆیە لە نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردیدا (٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥) دەرکردەیەکی نوێترم بڵاو کردەوە کە لە هەر سێ پی دی ئێفەکەی پێش خۆی باشترە. لەمیاندا ناوی پڕۆژەکەم لە «ئولیس»ەوە گۆڕی بۆ «ئولیس و ڕاڤەکانی».

ئێستا دەتوانیت هەر لەم ماڵپەڕە پی دی ئێفی بەرگی یەکەم چاپی ژینا  دابگریت، بەڵام ئامۆژگارییت ناکەم وا بکەیت، بەڵکو پێشنیار دەکەم دوایین دەرکردەیان دابگریت کە لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٥دا بڵاوم کردووەتەوە (ئولیس و ڕاڤەکانی: بەرگی یەکەم – چاپی ژیناکان).

بۆ داگرتنی پی دی ئێفی ئەم پەڕتووکە، یان دوایین دەرکردەی، لێرەدا کلیک بکە.


  1. لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

ئولیس: چاپی یەکەمی تەواوکراو

ئولیس: چاپی یەکەمی تەواوکراو1

لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا ئەم پەڕتووکەم بە پی دی ئێف بڵاو کردەوە، ناوم نا چاپی یەکەمی تەواوکراو. پێک هاتووە لە شەش ئەڵقەی ١ تا ٦ی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس، لەگەڵ ڕاڤەکانی گیفرد و سایدمان و ڤیڤیەن ئیگۆ لەسەر ئەو شەش ئەڵقەیە.

پێش ئەم پی دی ئێفە لە ٢ی شوباتدا پی دی ئێفێکی تری ئەم پەڕتووکەم بە ناونیشانی بەرگی یەکەمی تەواونەکراو بڵاو کردەوە. بۆیەش وام کرد چون دەمانویست لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆنەیەک ساز بکەین و هەر وا بە دەستی بەتاڵ بۆنەکە بە ڕێوە نەچێت. دەنا بە گوێرەی ئەوەی نەخشەم بۆی دانابوو، دەبوو هەر لە سەرەتاوە بەرگی یەکەمی کۆی بەرهەمەکە شەش ئەڵقە و ڕاڤەکانیان لە خۆ بگرێت. بەڵام بۆ ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ فریا نەکەوتم ئەڵقەی شەشەم تەواو بکەم و هێشتا پێداچوونەوەی مابوو.

جیاوازیی ئەم دەرکردەیە لەگەڵ ئەوەی پێش خۆی

  • لەم دەرکردەیەدا ئەڵقەی شەشەم و ڕاڤەکانی تێدایە، کە لەوەی پێشتردا نەبوو.
  • لە پێشەکییەکەی دان گیفرددا بە پەڕاوێز ئاماژەم بە واتای وشەی «پێشداوەری» داوە، ئەمە وای کردووە کات لە ئولیسدا بکەوێتە لاپەڕەی دواتر.
  • لە وتاری ئولیس بە کوردیی خۆمدا نووسیبووم: «لە زمانی کوردیدا ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە»، ئەوە هەڵە بوو و چاکم کردووەتەوە و کردوومە بە «لەو زارە کوردییەی من ڕۆمانەکەم بۆی وەرگێڕاوە ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە…».
  •  هەموو «مارس»ێک کرا بە «ئادار» و هەموو «مایس»ێک کرا بە «ئایار» تا دوو ساڵنامەیی نەمێنێت. چونکە ئەگەر مانگی دوو «شوبات» بێت و مانگی شەش «حوزەیران» بێت، هیچ هۆیەک نامێنێت کە مانگی سێ «مارس» بێت و مانگی پێنج «مایس» بێت، چونکە ئەو ناوانە لاتینین. ئەگەر بە ساڵنامە لاتینییەکە بڕۆم، ئەوا دەبێت «تشرینی دووەم» «نۆڤەمبەر» بێت و «کانوونی دووەم» «جانیوەری» بێت و ئاوها تا دوایی.
  • پێشتر ڕاڤەیەکی دوو دێڕیم لەسەر ئۆسکار وایەڵد نووسیبوو، ئێستا ئەوەم لابرد و ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم وەرگێڕا و خستمە شوێنی، کە بێگومان شایستەترە.
  • پێشتر تەنها ڕستەیەکم لەسەر ولیەم بەتڵەر یەیتس نووسیبوو، بەڵام ئێستا ئەوەم لابرد و ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم وەرگێڕا و خستمە شوێنی، کە شایستەترە.
  • ڕاڤەی خوشکە سەیروسەمەرەکان و ماسییەخوداکانی دوندرەم لە ئەڵقەی یەکەمدا لە یەک جیا کرانەوە و ڕاڤەکەی ڤیڤیەن ئیگۆم بۆ «خوشکە سەیروسەمەرەکان» زیاد کرد.
  • لە ئەڵقەی یەکەمدا ڕاڤەیەکم لەسەر دەستەواژەی «ئەی هاوار» نووسی کە مەڵیگن ئەو کاتەی خەریکە دەخنکێت دەریدەبڕێت.
  • لە ئەڵقەی یەکەمدا دوو ڕاڤەم لە بارەی دایکی ستیفنەوە نووسی. یەکێکیان وەرگێڕاوی ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆیە لەسەر دایکی جەیمز جۆیس. بڕوانە ڕاڤەی تۆ دایکتت کوشت لە ئەڵقەی یەکەمدا. ئەوی تریان ڕاڤەی «کەسێک کوشتی»یە، کە وەڵامەکەی ستیفنە. ئەویان وەرگێڕاوی بەشێکی ڕاڤەیەکی درێژتری دکتۆر جۆن هەنتە. بڕوانە ڕاڤەی کەسێک کوشتی لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • لە ئەڵقەی دووەمدا ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم بۆ ڕاڤەی ئۆکانەڵ زیاد کرد، کە زانیاریی زیاتر لەسەر دانیەڵ ئۆکانەڵ دەدات.
  • لە پەرەگرافی دووەمی ئەڵقەی سێیەمدا «گوێچکەماسی» کرا بە «لەپکە». دواتریش لە ڕاڤەی «پارەی دەریایی کێوی»دا لە لاپەڕە ١٧٦دا دیسان «گوێچکەماسی» کرا بە «لەپکە». لە کۆتایی ڕاڤەکانی ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەیەکم لەسەر ئەمە نووسی. بڕوانە ڕاڤەی گوێماسیلە کە دواهەمین ڕاڤەی ئەڵقەی شەشەمە.
  • دەستەواژەیەکی دینی مەسیحیم بە دوو شێوە وەرگێڕابوو، ئەویش «ئافراندن لە نەبوونەوە» بوو. لە ئەڵقەی یەکەمدا بەو شێوەیە وەرمگێڕابوو. بەڵام لە ئەڵقەی سێیەمدا کردبووم بە «ئافراندن لە هیچەوە» کە هەردووکیان هەمان شتن. ئێستا «لە هیچەوە»م نەهێشت و هەردووکیانم کردەوە بە «ئافراندن لە نەبوونەوە». بڕوانە ڕاڤەی ئافراندن لە نەبوونەوە لە ئەڵقەی یەکەمیش و ئەڵقەی سێیەمیشدا.
  • پێشتر لە ئەڵقەی پێنجەمدا وشەی «تێپەڕنامە»ی تێدا بوو، دامنابوو لە ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەی لەسەر بدەم. ئێستا لە ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەی لەسەر دراوە و لە ئەڵقەی پێنجەمیشدا خوێنەر ئاراستەی ڕاڤەکەی ئەڵقەی شەشەم دەکەم.
  • تێبینییەکم لەسەر وشەی «گەندەباوەڕ» نووسی. بڕوانە ڕاڤەی ئەمڕۆ نۆ ڕۆژە لە ئەڵقەی یەکەمدا.
  • لەناو هەندێک ڕاڤەدا ئاماژە بە ڕاڤەیەکی تری جێیەکی تر درابوو، وەک: بڕوانە ڕاڤەی … لە ئەڵقەی سێیەمدا، بە هۆی پێداچوونەوەی زۆرەوە، زۆر جار ناونیشانی ڕاڤەکان گۆڕابوون، بەڵام ئەو ناونیشانانە لەناو ڕاڤەکانی تردا نەگۆڕابوون. هەموویان چاک کرانەوە و دەمەزەرد کرانەوە.
  • هەندێک هەڵەی بچووکی ڕێنووس چاک کراونەتەوە، ئەوانیش زۆربەیان دوو وشە بوون و بە یەکەوە نووسابوون و لەم دەرکردەیەدا جیا کراونەتەوە.
  • هەندێک کەوانە بە پێچەوانەوە دانرابوون، بە تایبەتی کەوانەکانی تێبینییەکانی خۆم کە بەم شێوەیەن: {}، لەم دەرکردەیەدا چاک کران.
  • زیاتر لە نەوەد وشە هەبوون کە بە دوو (ی) نووسرابوون، بەڵام دەبوو بە یەک (ی) بنووسرێن، وەک: «بردییەوە». ئێستا کراوە بە «بردیەوە».
  • کەمتر لە دە وشە پێشتر بە دوو (و) نووسرابوون، لێرەدا کران بە یەک (و). بۆ نموونە «بزووتنەوە» کە هەندێک جار بە یەک (و) نووسرابوو و هەندێک جار بە دوو (و) نووسرابوو. ئێستا هەمووی کران بە یەک (و).

لەمە باشترمان لایە

دوای ئەوەی ئەم پی دی ئێفەم بڵاو کردەوە، نزیکەی شەش مانگ پیایدا چوومەوە و هەندێک چاکسازییم تیایدا کرد. بۆیە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەرکردەیەکی نوێترم بڵاو کردەوە کە لە هەردوو پی دی ئێفەکەی پێش خۆی باشترە.

لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥ دەرکردەیەکی نوێتری ئەم بەرگەم بڵاو کردەوە. ئەمیان لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی باشترە.

ئێستا دەتوانیت هەر لەم ماڵپەڕە پی دی ئێفی بەرگی یەکەمی تەواوکراو دابگریت، بەڵام ئامۆژگارییت ناکەم وا بکەیت، بەڵکو پێشنیار دەکەم دوایین دەرکردەیان دابگریت کە لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٥دا بڵاوم کردووەتەوە (ئولیس و ڕاڤەکانی: بەرگی یەکەم – چاپی ژیناکان).

بۆ داگرتنی پی دی ئێفی ئەم پەڕتووکە، یان دوایین دەرکردەی، لێرەدا کلیک بکە.


  1. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

یولیسیس یان ئولیس

 یولیسیس یان ئولیس؟1

بەڕێزان، یەکەم ڕاڤەی ئەڵقەی یەکەمی ڕۆمانەکەم بۆ ئەو باسە تەرخان کردبوو کە ئایا یولیسیس یان ئولیس کامیان ڕاستە؟ ئێوەی بەڕێزیش لە بەردەستتاندایە و لە لاپەڕە ٣٠ و ٣١ی  ئولیس و ڕاڤەکانیدایە، بفەرمن بیخوێننەوە. لام وا بوو ئەو ڕاڤەیە بەس بێت بۆ تێگەیشتن. بەڵام لە دووی شوباتی ٢٠٢٢ەوە دەیان… نازانم ناوی بنێم ڕەخنە یان نا، چونکە ئەوە زیاتر سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنە، نەک ڕەخنە، بۆیە دەیان سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنم پێ گەیشتووەتەوە کە «دەبوو یولیسیس بێت نەک ئولیس». یان «تۆ کە لە ناوەکەدا هەڵەت کردبێت، ئیتر دڵی چی بە ناوەرۆکەکە خۆش بکەین؟». یان «نەبووە و نابێت ناو وەربگێڕرێت» و زۆرێکی تریش. تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی کە هەندێک کەس کۆی هەموو کارەکەیان لەبەر ئەمە ڕەت کردووەتەوە. هەروەها پێشنیازی دەیان «ناونیشانی ڕاست»ی ترم بۆ کراوە، کە لە خوارەوە بە گوێرەی توانا زۆرێکیان لیست دەکەم.

ناوەکە لە ڕیشەدا گریکییە

بەڕێزان، تەنها ئەگەر ناونیشانەکەی جۆیس بە ئینگلی(زی) بخوێنینەوە بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە. هەر بۆ نموونە: «یووڵیسیس، یوولیسیز، یولیسیز، یولیسیس…». سەرەڕای هەموو ئەمە، ئەو ناوە لە بنەڕەتدا ناوێکی ئینگلی(زی) نییە تا تەنها لە شێوازی گۆکردنە ئینگلی(زی)یەکەی بڕوانین، بەڵکو ئەم ناوە لە بنەچەدا گریکییە. ناوی کەسێکە و کەسەکەش هەر ئۆدیسێفسی ناو ئیلیاس (ئیلیاد) و ئۆدیسەیە، کە گوایە پیاوێک نووسیونی بە ناوی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس».

تەنانەت ناوە گریکییەکەش لەبەر ئەوەی کە نووسراوەکەی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس» ئەوەندە کۆنە، بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە. بە ئولیسیۆس، ئۆلیسیۆس، ئوولیسیۆس، ئودیسیۆس، ئودیسۆس، ئۆدیسیۆس، ئوودیسیۆس… و دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە.

ئینجا چووەتە لاتینییەوە

پاشان کە ڕۆمییەکان گریکیان داگیر کردووە، بەیتەکانیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی و ناوەکەیان خستووەتە سەر شێوەی گۆکردنی لاتینی. لاتینی زمانی ڕەسمیی دەوڵەتەکەیان بووە. بۆیە دەیان شێوەی تری خوێندنەوەی ناوەکە زیاتر بووە. بۆ نموونە «ئولیکسیس، ئودیسیس، ئۆدیسیس، ئۆلیسیس، ئۆدیکسیس…» و بە دەیان شێوەی تر دایانناوەتەوە و خوێنراوەتەوە.

ئینجا چووەتە ئینگلییەوە

ئینجا ئەم ناوە کە چووەتە زمانی ئینگلی(زی)یەوە دیسان بە دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە، کە لە سەرەتادا ئاماژەم بە هەندێکیان دا. بۆیە ئەوانەی کە پێیان وایە تەنها دوو شێوەی خوێندنەوەی ئەم ناوە هەیە و هەڵەکەیان ئەوەی منە و ڕاستەکەیان ئەوەی ئەوانە: هەڵەن. ئەم ناونیشانە زیاتر لە سەد شێوەی خوێندنەوەی هەیە و هیچیشیان لەوەی تریان ڕاستتر و هەڵەتر نییە.

ناو وەرناگێڕرێت، بەڵام دەستکاری دەکرێت

هەندێک کەس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە من وەرگێڕانەکەم خراپە، چونکە ناوم وەرگێڕاوە. بەڵام بەڕێزان، من ناوەکەم وەرنەگێڕاوە، بەڵکو ئولیس تەنها خوێندنەوەی جیاوازی هەموو ئەوانی ترە، نەک وەرگێڕان. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە دلێر، ماف بە ئێوەیە ئاوها لێی پەست ببن. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە خولەی چەخماخساز، ئەوا فەرموون گاڵتەپێکردنەکەتان درێژە پێ بدەن. ئەوەیان وەرگێڕانە، نەک یولیسیس یان یولیسێز یان ئولیس. بۆیە هەموو ئەوانە تەنها خوێندنەوەی جیاوازی ناوەکەن، وەرگێڕانی ناو نین.

ئەگەر کەسێک بە زمانی ئینگلی(زی) پەڕتووکێک لەسەر کەسێک بە ناوی موحەمەد بنووسێت، لە ئینگلی(زی)یەکەدا دەبێت بە موهامماد یان موهاممەد، یان شتێکی وەها. دەکرێت کە ئەم پەڕتووکە کرا بە کوردی ناونیشانەکەی موهامماد بێت؟ هەندێک کەس بە ئینگلی(زی) بە کاک بەختیار عەلی دەڵێن باشتیار ئاڵی، دەکرێت لەمەودوا ئێمەش وەهای پێ بڵێین؟

گریمان هەڵە بووم

پاشان گریمان هەر بە ڕاستی لە وشەی ناونیشانەکەدا هەڵە بووم، ئەوە ئەوە دەگەیەنێت کە ناوەرۆکەکە هەمووی هەڵەیە؟ تەماشایەکی ناوەرۆکەکەتان کرد؟ خوێندتانەوە؟ بەرگی یەکەمی تەواونەکراو واتە بێ ئەڵقەی شەشەم، ئەوەی کە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا بڵاوم کردەوە، ١٥٤٣٦٠ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و سێ سەد و شەست) وشەیە. لە هەموو ئەو بەرگەدا، بە ناونیشانەکەشیەوە، تەنها ١١٧ (سەد و حەڤدە) جار وشەی ئولیس دووبارە بووەتەوە، کە هەموویان لە ڕاڤەکاندان، نەک لە دەقی ڕۆمانەکە خۆیدا. واتە جگە لە وشەی ئولیس، کە زۆر کەس پێیان وایە هەڵەیە، ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەی تر دەمێنێتەوە. ئایا ئەگەر ئولیس هەڵە بێت، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەکەی تر هەموویان هەڵەن؟ ئایا ئەمە پێوەرێکی ئەوەندە گەورەیە کە کۆی هەموو بەرهەمەکە ڕەت بکرێتەوە لەبەر ١١٧ وشە، کە پێت وا بێت هەڵەیە؟

وەک هەمیشە: گشت دونیا بۆیان هەیە، کورد نەبێت!

دکتۆر تەها لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەدا ناونیشانەکەی کردووە بە عولیس و بۆ چاوێکی تەنها ناونیشانخوێن ئەوە کفری وەرگێڕانە. دە وەرگێڕانەکەی ئەو بۆ ڕۆمانەکەی جۆیس یەکێکە لە نایابترین وەرگێڕانەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

پاشان بە فارسی، بە لاتڤی، بە ئیتالی، بە فەڕەنسی، بە مەکەدۆنی، بە تورکومانی، هەمووی ئولیس-ە! بە زمانی ڕۆمانی و هەندێک زمانی تر ئولیکسە. عەرەبییەکەی دکتۆر تەهاشم باس کرد.

ع.ح.ب. کە ناسناوی وێژەیی محەممەد حسێن بەرزنجی-یە، کە (وا بزانم) لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئۆدیسەی هۆمیرۆسی داڕشتووەتەوە و لە سەرەتای هەشتاکاندا بڵاوی کردووەتەوە، هەر بە ئولیس دایناوە. دیوانەکەی هەیە و دەتوانیت لێی بڕوانیت تا بزانیت وایە یان نا.

بابەتی -ۆس و -وس-ی گریکی و لاتینی

سەدان ساڵە لە هەموو جیهاندا هەندێک جار -ۆس و -وسی کۆتایی ناوی گریکی و لاتینی لێدەکرێتەوە، یان پێوەی دەکرێت و نەبووەتە کێشەی گەورە. سەدان ساڵە لە کوردیدا دەڵێین: هیرۆدۆت و ناڵێین هیرۆدۆتۆس یان هیرۆدۆتوس، کە لە گریکییەکەدا ئەو -ۆس یان -وس-ەی پێوەیە. ئینگلەکان دەڵێن هۆمەر نەک هۆمیرۆس. بەڵام لای ئێمە زیاتر بە هۆمیرۆس ناسراوە، نەک هۆمەر. واتە ئینگلەکانیش هەمان ئەوەیان کردووە کە من لە کوردییەکەدا کردوومە، -ۆسی کۆتایی هۆمیرۆسیان لێکردووەتەوە، وەک چۆن من لە کۆتایی ئولیسیۆسدا لێمکردووەتەوە. ئێستا بۆ ئەو بەڕێزانەی گاڵتە بە من دەکەن، ئەو ئەرکەتان کێشا و بچن گاڵتەیەکیش بە زمانی ئینگلی بکەن و تۆزێک لایکی قاقاکەیان بۆ بنێرن لەسەر هەمان کار کە کردوویانە؟

ئەو ئەرکەتان کێشا بچن گاڵتە بە هەموو جیهان بکەن کە عەلی بە ئاڵی و ئەلی دەخوێننەوە؟ کە عومەر بە ئومار دەخوێننەوە؟ کە سەڵاحەددین بە ساڵەدین دەخوێننەوە؟ کە خەییام بە کاییام دەخوێننەوە؟ یان من تەنها لەبەر ئەوەی کوردم، ئیتر کەزیەی گوریسی گاڵتەکانتان دەخەنە ئەستۆم، چونکە کورد بەشی خنکاندنە؟

زۆربەی خوێندنەوەکان ڕاستن

زۆربەی هەرە زۆری ئەو خوێندنەوانە ڕاستن و لە ڕاستیشدا گرنگ نین. تۆ ئەگەر حەزت کرد یولیسیس بێت، ئەوا پی دی ئێفێک بە تەنیا بۆ تۆ دەنێرم و ناونیشانەکەی بەو شێوە خوێندنەوەیە دادەنێم کە تۆ پێت وایە ڕاستە و دەتەوێ وا بێت. بەڵام دەبێت ئەوەیان بە پارە بکڕیت و بە دیاری ناتدەمێ. بە پارەیەکی کەمیش نایفرۆشم، بەڵکو بە پارەیەکی وەها دەیفرۆشم کە کەمێک شوێنی چوار ساڵی کارکردنی خۆڕاییم بگرێتەوە، کە زۆربەی ڕۆژان زیاتر لە یانزە کاژێر کارم لەم وەرگێڕانەدا کردووە و تەندروستیشمی تێکداوە.

ئینگلی یان ئینگلیزی؟

بۆ ئینگلی-یەکەش، کە دیسان زۆر کەسی پەست کردووە، بە هەمان شێوە: ئەگەر گلەییەکەتان تەنها ئەوەیە، بەڵێنتان دەدەمێ دەتوانم پی دی ئێفێکی تایبەت بە ئێوە دەربکەم و بۆتان بکەمەوە بە ئینگلیزی. بێگومان ئەمیش بە خۆڕایی نادەم.

بۆیە ئەو میهرەبانییە بنوێنە، من چوار ساڵی خۆمم بە خۆڕایی و دیاری داوە بە بەڕێزت، تۆش هەر جارێک ئولیست دی و پێت وا بوو هەڵەیە، لە چاوی خۆتدا بیکە بەوەی کە خۆت دەتەوێت. بەڵام بە مەرجێک دەست بکە بە خوێندنەوە و لەو لاپەڕەیەدا مەچەقێ. چونکە پەڕتووکەکە لە ڕاستیدا جگە لەو دوو وشەیە شتی تریشی تێدایە!

بەڕێزان، کە ئەوەندە توانای وێناکردنتان بەهێز بێت و بتوانن لەبەر ناونیشانێکی هەڵە پەڕتووکێکتان لا بێواتا ببێت، وا بزانم دەتوانن ئەو توانایە بۆ پێچەوانەکەشی بە کار بهێنن و هەر کاتێک ئەو وشەیەتان دی کە پێتان وایە هەڵەیە، لە چاوی خۆتاندا بیکەن بەوەی لای خۆتان «ڕاست»ە.

هەندێک ناونیشانی ڕاستی یولیسیس یان ئولیس

هەندێک لە ناونیشانە پێشنیازکراوەکان، کە زۆربەی هەرە زۆریان هەڵە نین، ئەمانەن: یۆلیسیس، ئۆلیکسیس، یوولیسیس، ئوولیسیس، ئوولیسێس، یولیکسیس، ئۆلیز، ئۆلیسێز، ئوولیسێز، یولیسێز، یولیکسێس، یولیکسێز، ئولیکسێز، ئولیکسیز، یولیکسیز، یولیسیەس، ئولیسیەس، ئوولیس، ئوولێس، یوولیس، یوولیسێز و دەیانی تریش.

دەبێت چیتر نەچەقێین

بە ڕاستی دەبێت ئێمە قۆناغی نالییە یان ناڵییە و نیچەیە یان نیتچەیە و شۆپانە یان چۆپینە تێبپەڕێنین. نالی گوتەنی: «هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا» و لە ڕووکەشدا زۆر نامێنێتەوە. خوێندنەوەی جیاواز تەنها بەرگێکی جیاوازە بۆ کرۆکێک، کرۆکەکە (واتا و چەمک)ە، گرنگ ئەوەیە چەمکەکە بگەیەنێت. خەییام وتەنی: «هەر کەس بە ڕەنگێ لە من تێئەگا، منیش هەر ئەوەم کە خۆم ئەیزانم2». ئێمەش چۆن وشە بخوێنینەوە، چەمکەکە هەر ئەوەیە کە هەیە3.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوەش، ئەگەر لەسەر دوو وشە، بەرهەمی چوار ساڵی من، کە بە دیاری پێتم داوە، ڕەت دەکەیتەوە و تەنانەت دژایەتیشی دەکەیت، ئەوا من داوای لێبوردنت لێ دەکەم. تۆ لە من گەورەتر بە و من ببوورە. بە هیوام ئیتر کۆتایی بەم مشتومڕە بێبەرە بێت.

ئەو بەڕێزانەی لە لاپەڕەی یەکەمیشدا چەقیون: یان شیفت و دیلیتێک بکە و پی دی ئێفەکە لای خۆت بسڕەوە، کە بە دیاری بۆت هاتووە، یان دەست پێ بکە و کەمێک چاوپۆشی لە هەندێک جیاوازیی گۆکردن بکە. دواجار زمانی کوردی هەمووی لە تۆدا پەنگی نەخواردووەتەوە. کوردی تری شوێنانی تریش هەن، کە خوێندنەوە و تێگەیشتنیان لەوەی تۆ جیاوازە.

بەڵام بوەستن: ئەرێ بە ڕاست، نووسیم و وتم: «شیفت و دیلیت»، شیفت و دیلیتە یان شەفت و دیلیتە؟ یان شیفت و دیلێتە؟ نەخێر… خۆی دەبوو شێفت و دیڵیت بووایە… بۆیە ئەوە من لای خۆم نەمسڕییەوە!

سوپاس بۆ خوێندنەوەت، سوپاس بۆ گوێگرتنت.

هیوام تەندروستییەکی باش و دەروونێکی ئاسوودەی خۆت و ئازیزانتە. کاتێکی خۆش بۆ ئێوە.


پەڕاوێزەکان

  1. لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە و بە دەنگیش تۆمارم کردووە و بڵاوم کردووەتەوە. لە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. وەرگێڕانی شێخ سەلام، فارسییەکە دەڵێ: «هر طایفه‌ای به من گمانی دارد، من زانِ خودم، چُنان‌که هستم هستم». بڕوانە چوارینەکانی خەییام، وەرگێڕراوی شێخ سەلام، بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە، ١٣٩٣ی هەتاوی (وا بزانم ٢٠١٥ی زاینی دەکا). ~ن.م. ↩︎
  3. ئێستانان بڕێک تێڕوانینم گۆڕاوە، ناویش گرنگە. بەڵام هێشتا لە پشت ئولیس نەک یولیسیس دەوەستم. ئەو ماوەیەی ئەم وتارەم نووسیبوو، هێشتا پاشماوەی هزری جۆرێکی تەسەوفم تێدا مابوو، بۆیە لە مێشکمدا سنوور نەبوو و دونیام بە یەک چاو دەبینی. هاوکات تازە وتە دووبارە و زێدەپێداهەڵگوتراوەکانی خەییامیشم خوێندبووەوە. ئەوە دوایین جارمە شتی فارس وەک پاڵپشتی بۆ ئاڕگیومێنتم بهێنمەوە. بۆ ئەو تاکە جارەش داوای لێبوردن دەکەم و پەشیمانم. ↩︎

بۆ داگرتنی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی، لێرەدا کلیک بکە.

ئولیس

ئولیس بڵاو کرایەوە

ئولیس

ڕۆمانێکە،جەیمس جۆیس بە حەوت ساڵ نووسیویەتی، لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢دا بڵاوکراوەتەوە، لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٨ەوە خەریکی وەرگێڕانی خۆی و ڕاڤەکانیم بۆ زمانی کوردی، کۆتا بەرهەمەکە بە پێنج بەرگ دەردەچێ، ئەمڕۆ و لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمس جۆیس خۆیدا، بە دیاری و بە پی دی ئێف و ئی-پەب بەرگی یەکەمی وەرگێڕراوە کوردییەکەم بێ بەرانبەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە. هیوادارم سوودی لێ ببینن. بۆ داگرتنی بەرگی یەکەمی ئولیس کلیک لێرەدا بکە.

ئولیس: چاپی یەکەمی تەواونەکراو

ئولیس: چاپی یەکەمی تەواونەکراو1

لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا ئەم پەڕتووکەم بە پی دی ئێف بڵاو کردەوە، ناوم نا چاپی یەکەمی تەواونەکراو. پێک هاتووە لە پێنج ئەڵقەی ١ تا ٥ی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس، لەگەڵ ڕاڤەکانی گیفرد و سایدمان و ڤیڤیەن ئیگۆ لەسەر ئەو پێنج ئەڵقەیە.

لەبەر ئەوەی دەمانویست لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆنەیەک ساز بکەین، بۆیە ئەم پەڕتووکەم بە نیوەناچڵی بڵاو کردەوە. دەنا بە گوێرەی ئەوەی نەخشەم بۆی دانابوو، دەبوو بەرگی یەکەمی کۆی بەرهەمەکە شەش ئەڵقە و ڕاڤەکانیان لە خۆ بگرێت. بەڵام بۆ ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ فریا نەکەوتم ئەڵقەی شەشەم تەواو بکەم و هێشتا پێداچوونەوەی مابوو.

لەمە باشترمان لایە

بۆیە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم پەڕتووکە تەواونەکراوە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا چاپە تەواوکراوەکەیم بڵاو کردەوە کە ئەڵقەی شەشەم و ڕاڤەکانیشی لە خۆ دەگرێت. دواتریش لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەرکردەیەکی نوێترم بڵاو کردەوە کە لە هەردوو پی دی ئێفەکەی پێش خۆی باشترە.

لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥ دەرکردەیەکی نوێتری ئەم بەرگەم بڵاو کردەوە. ئەمیان لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی باشترە.

ئێستا دەتوانیت هەر لەم ماڵپەڕە پی دی ئێفی بەرگی یەکەمی تەواونەکراو دابگریت. بەڵام ئامۆژگارییت ناکەم وا بکەیت، بەڵکو پێشنیار دەکەم دوایین دەرکردەیان دابگریت کە لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٥دا بڵاوم کردووەتەوە (ئولیس و ڕاڤەکانی: بەرگی یەکەم – چاپی ژیناکان).

بۆ داگرتنی پی دی ئێفی ئەم پەڕتووکە، یان دوایین دەرکردەی، لێرەدا کلیک بکە.


  1. لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

ئولیس بە کوردی

تێبینییەک پێش وتارەکە:

ئولیس ڕۆمانێکە جەیمز جۆیس بە حەوت ساڵ نووسیویەتی، لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢دا بڵاوکراوەتەوە.

لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٨ەوە خەریکی وەرگێڕانی خۆی و ڕاڤەکانیم بۆ زمانی کوردی. کۆتا بەرھەمەکە بە پێنج بەرگ دەردەچێت، ئەمڕۆ و لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، کە ھاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمز جۆیس خۆیدا، بەرگی یەکەمی وەرگێڕاوە کوردییەکەم بە پی دی ئێف بێ بەرانبەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە. لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥یشدا بەرگی دووەمم بڵاو کردەوە. ھیوادارم سوودی لێ ببینن. بۆ داگرتنی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی کلیک لێرەدا بکە.

ئولیس بە کوردی1

وتاری نەوا موکرجی بۆ یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە و سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمس جۆیس لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا.

ڕەوتی ڕووداوەکانی ئولیس سانایە، ئەوەندە ئاڵۆز نییە. ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا گرنگە چیێتیی چیرۆکەکە نییە، واتە تەنھا بۆ ئەوە نایخوێنیتەوە کە بزانیت چی ڕوو دەدات، بەڵکو بۆ ئەوە دەیخوێنیتەوە کە ببینیت ڕووداوەکان چۆن دەگێڕرێنەوە. بۆ نموونە: چۆن پیاسەیەکی ئاسایی بە کەنارێکدا لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامدا ھاوتەریب دەکرێت (ئەڵقەی سێیەم). چۆن دیمەنی ئاسایی مەیخانە و قڕەقڕی دوو کەس لەگەڵ جەنگی پاڵەوانێک و گیاندارێکی ئوستوورەییدا ھاوتەریب دەکرێت (ئەڵقەی دوازدەیەم). چۆن منداڵبوونێک بە چیرۆکی گەشەی زمانێکەوە گرێ دەدرێت (ئەڵقەی چواردەیەم).

بۆیە خوێندنەوەی ئولیس بۆ کەسێک کە تەنھا چیێتیی چیرۆکی بوێت ڕەنگە سەرلێتێکدەر بێت، بەڵام بۆ کەسێک کە لە سەرەتاوە خۆی ئامادە بکات بۆ خوێندنەوەی ئینسایکڵۆپیدیایەک و کات بە خۆی بدات کە داببڕێنرێت، ئەوا خوێندنەوەیەکی بەچێژ دەبێت.

زۆربەی ھەرە زۆری کوردان دەرفەتی خوێندنەوەی ئولیسیان بۆ نەڕەخساوە، چونکە بە کوردی نەبووە. بەڵام ناوبانگی بیستراوە کە یەکێکە لە ڕۆمانە مەزنەکانی جیھان و ئاڵۆزیشە. کە خەڵکان لێم دەپرسن: «بۆچی ئولیس ئاڵۆزە؟» ھەندێک جار بۆ سادەکردنەوەی وەڵامەکە دەڵێم: «وێنا بکە، ئەگەر گووگڵ بە فەرھەنگی ئۆکسفۆردەوە ببێت بە مرۆڤ و لە شار و کاتێکدا بێت کە تۆ پێیان ئاشنا نیت، قسە بکات و باسی شتان بکات، زۆربەی ئەم قسانەش لە مێشکی خۆیدا بە شەپۆلی ھۆش بڵێت، چۆن دەبێت؟ ئولیسیش تا ڕادەیەکی کەمتر لەوە ئاوھایە». چونکە ھەر بە ڕاستی پێم وایە جەیمز جۆیس گووگڵی سەردەمی خۆی بووە و فەرھەنگێکی فراوانیشی ھەیە.

وتەیەک لەسەر سەختیی ئولیس

کە جۆیس زیاتر لە سی و سێ ھەزار وشەی نادووبارەی بە کار ھێناوە، خۆ لەوانە بوو بە نیوەی ئەو وشانەش بیتوانیایە ڕۆمانەکە بنووسێت، بەڵام کاتێک جۆیس بە ئینگلی نووسیویەتی زمانی ئینگلیی داگیر کردووە. ئەم داگیرکارییەش یەکێکە لەو سەدان ھۆیانەی وای کردووە وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ زمانەکانی تر ئاسان نەبێت، چونکە کەموزۆر زمانی بۆوەرگێڕراویش داگیر دەکات.

جۆیس وا دەکات متمانە بە واتای باوی ھیچ وشەیەک نەکەیت کە پێت وایە دەیزانیت. ئەمە بێگومان لە ئەزموونی خۆمدا ڕاست بووە. لە کاتی وەرگێڕانەکەمدا لە شوێنێکدا ئیتر متمانەم بە ھیچ زانیارییەکی خۆم نەما لەسەر زمانی ئینگلی و کوردی. ئولیس وای لێم کرد وشە بە وشە لە چەندین فەرھەنگی جیاوازدا بپشکنم بۆ دڵنیابوونەوە لە واتاکانیان، ئەگەرچی ھەندێک جار پێکەنینم بە خۆم دەھات، چونکە تەنانەت بە دوای واتای hello و ناوی ڕەنگەکان و تەنانەت ژمارە سادەکانیشدا دەگەڕام. ئەوە تاکە ڕێگا بوو کە دڵنیا بکەمەوە کە وەرگێڕانەکەم دروست دەردەچێت بەوەی بە ھیچ شێوەیەک متمانە بە زانینی خۆم نەکەم.

ئەگەر جۆیس ویستبێتی بە شاکارەکەی شاری دەبلن بپارێزێت، ئەوا شاکارەکەی جگە لە زمانی ئینگلی کە پێی نووسراوە، ھەموو ئەو زمانانەی تریش دەپارێزێت کە ئولیسیان بۆ وەرگێڕراوە و وەردەگێڕرێت. ئەگەر وەرگێڕ لەگەڵ جۆیسدا بڕوات و لە وشەکاریدا لەگەڵ جۆیسدا ھاوتەریب بێت، ئەوا بەشێکی گەورەی فەرھەنگی ئەو زمانە چالاک دەکات و دەیپارێزێت. بۆیە لە لیستی داگیرکەرەکانی مێژووی مرۆڤدا، دەتوانم بڵێم: بە پێچەوانەی زۆربەی داگیرکەرە دڕندە و چاندسڕەوەکانی مێژووی نا-مرۆڤایەتی، ئولیس ھەرە باشترین و میھرەبانترین داگیرکەرە کە ھەر زمانێک داگیر بکات، دەشیپارێزێت. ئەمەش یەکێکە لەو ھۆیانەی وای کردووە لە وەرگێڕانەکەیدا کەمتەرخەم نەبم و سارد نەبمەوە.

پەیوەندیی دەقە کوردی و ئینگلییەکە

لە ھەردوو دەقەکەدا، واتە چ لە نووسراوەکەی جۆیس خۆی و چ لە وەرگێڕاوە کوردییەکەشدا ڕێژەی وشە زۆرە. چونکە زۆربەی کات جۆیس تەنھا بۆ خۆشی دوو وشەی ھاوواتا بە کار ناھێنێت. ئەگەرچی لەوانەیە بتوانرێت لە زمانی بەرانبەردا یەک وشە لە بری ھەردوو وشە ھاوواتاکەی جۆیس دابنرێت، بەڵام ئەمە خوێنەر ھەنگاوێک لە جیھانە جادووییەکەی جۆیس دوور دەخاتەوە. لە لایەکی تریش دەتخاتە بەر مەترسیی نەگەیاندنی ئەو واتایەی مەبەست بووە. لەبەر ئەوەی دەزانین کە ڕۆمانەکە پڕە لە پەرلە، ئەوا دەبێت وەرگێڕەکە ئاگاداری بەکارھێنانی دوو وشەی ھاوواتای جیاواز و داڕشتنەوەی ڕستە و دەستەواژەکان بێت لە زمانی بۆوەرگێڕراودا و ھیچی زیادی پێوە نەنێت. لە ناو دەقەکەشدا ڕستەکانی جۆیس ڕوون نەکاتەوە، چونکە دەشێت ئەم ڕوونکردنەوەیە زیان بە دەقەکە بگەیەنێت. ئەگەر ڕوونکردنەوەیەک پێویست بێت، لە پەڕاوێز یان کۆتاوێزدا ئاماژەی پێ بدرێت.

جادووی ئولیس لە وردەکاری و چۆنێتیی نووسین و ژێر چیرۆکە ساناکەدایە. ئەوەندەی تا ئێستا پەڕتووکم خوێندبێتەوە، بێگومان ناشتوانم بڵێم پەڕتووکی زۆرم خوێندووەتەوە، ئەم ڕۆمانە وەک ھیچ پەڕتووکێکی تر نییە. ھیچ پەڕتووکێک لەم ڕۆمانە ناچێت و لە شوێنی کورت کورتدا نەبێت، کە نووسەرەکەی بە مەبەست وەھای کردووە، لە ھیچ پەڕتووکێکی تر ناچێت. ھەر بۆیە ئەزموونی وەرگێڕانیشی لە ھی ھیچ پەڕتووکێکی تر ناچێت و ھیچ یاسایەکی گشتیی پەڕتووکی تری بەسەردا جێبەجێ ناکرێت.

ئولیس بێ ڕاڤە بوونەوەری ئاسمانییە

پێم وا نییە بێ ڕاڤە بتوانرێت پەیوەندییەکی زۆر لە نێوان جۆیس و خوێنەری بێگانەدا ڕەگ دابکوتێت. بۆیە جگە لە وەرگێڕانی دەقەکە، دەبێت ڕاڤەکانیشی وەربگێڕرێت.

ئولیس خۆی شاشارێکە و دەبێت خوێنەر ببەیتە ناوی. پێم وا نییە ڕۆماننووسین لای جۆیس تەنھا گێڕانەوەی چیرۆک بێت، بەڵکو بونیادنانی شارستانێتییەکە. بۆیە دەبێت خوێنەر بھێنیتە ناو جیھانەکەی جۆیسەوە. سەرنجڕاکێشی و جادووەکەی جۆیس لە چۆنێتیی جیھانەکەیدایە، نەک لە گەورەیی ڕووداوەکانیدا.

پێم وا بێت ھەوڵدان بۆ ئەوەی پێی دەڵێن: «کورداندن»ی ڕۆمانەکە و ھێنانی جۆیس بۆ لای خوێنەری کورد و داتاشینی جۆیسێکی کوردی، یان جۆیسی ھەر زمانێکی تر بۆ گەلێکی تر، ڕاستەوڕاست ئاوەڕووتکردنی جۆیسە لە جادووەکانی.

من ئەوەندە ئازادیم بە خۆم نەداوە کە یەک وشەش زیاد بکەم. زۆر وابەستی دەقە ماکەکە بووم و تا بۆم کرابێت تەنانەت وێرگوڵێکیشم بۆ وەرگێڕاوەکە زیاد نەکردووە. کە جۆیس وشەی لێکداوە، منیش بە گوێرەی توانا ھەوڵم داوە وشەکە لە کوردیدا لێکبدەم. کە جۆیس ڕستەیەکی بە چەند وشەیەک بڕاندبێتەوە، منیش ھەوڵم داوە، ئەگەر کرا، لە کوردییەکەدا بە ھەمان شێوە وشەی زیاد نەخەمە ڕستەکەوە. کە ناو و ئاوەڵناو و ئاوەڵکاری کردووە بە کار، منیش وام کردووە و لە کۆتاوێزدا ئاماژەم پێیان داوە.

ھەندێک جار وەرگێڕ ناچارە دەستکاری بکات

بەڵام ھەندێک جار وەرگێڕ ناچارە دەستکاریی بچووک لە دەقدا بکات. بۆ نموونە بە ھۆی جیاوازیی بونیادی زمانی کوردی و ئینگلی، زۆر جار لە ڕستە ناتەواوەکاندا (بە تایبەتی ھی شەپۆلە ھۆشەکان) دەبێت کوردییەکە کەمێک لە دەقە بنەڕەتەکە داببڕێنرێت تا ھەمان واتا و کاریگەریی نزیککراوە لە دەقە ماکەکە بدات. ئەمە لەو شوێنانەدا ڕاستە کە لە ئینگلییەکەدا ڕستەکە بکەر و کارەکەی تێدایە، بەڵام تەواوکەرەکە دەرنابڕێت. بەڵام لە کوردیدا لەبەر ئەوەی لە ڕستەسازیی ئاساییدا کار دەکەوێتە کۆتاییەوە، ئەوا کاتێک ڕستەیەکی تەواونەکراوی زمانێکی بێگانە بۆ کوردی وەردەگێڕیت و تەنھا بکەر و کارەکە دەھێنیتەوە، ھیچ واتایەک نادات تا تەواوکەری بۆ دانەنێیت، یان ڕستەکە نەگۆڕیت. بۆیە لەم کاتانەدا وەرگێڕ ناچارە دەستکاری بکات.

بۆ نموونە لە ئەڵقەی سێیەمدا دەڵێت: «کەڵبە، ھەست دەکەم: Fang, I feel». ئەمە ڕستەیەکی تەواونەکراوە، بکەر و کارەکە ھەن و تەواوکەرەکە قووت دراوە. بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ڕستەکەی پێشوودا کە دەڵێت: «چاوسەوز، دەتبینم، Green eyes, I see you» و ڕستەیەکی تەواوە، دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەمەش ھەر لەسەر ھەمان بونیاد داڕێژراوە. کەواتە ئەمیش دەبێت لە بنەڕەتدا «ھەستت پێ دەکەم: I feel you» بێت. ئەمەش دەستکاریکردنی دەقەکەیە، کە خۆم حەزی پێ ناکەم، بەڵام دەشبێت بیکەم. لەوانەشە ئەوە نەبێت کە نووسەرەکە مەبەستی بووە.

کێشەی ئەوی نێر و مێ

لە ساڵانی یەکەمی وەرگێڕانم و دەرکردەکانی بەرگی یەکەمی پێش دەرکردەی نەورۆزی ٢٧٢٥ ھەندێک جار ئەوی نێر he و ئەوی مێ she کێشەی گەورەی بۆم دروست دەکرد. چون ئەو زارە کوردییەی ڕۆمانەکەم بۆی وەردەگێڕا ڕەگەزکاریی ڕێزمانیی تێدا نەبوو، لەو زارەدا ھەردووکیان دەبن بە «ئەو». بۆ چارەی ئەم کێشەیە یان دەبوو ڕستەکە وا دابڕێژمەوە کە خوێنەر سەری لێ تێک نەچێت کە ئەو بە کار بھێنم و بزانێت مەبەست لە کێیە؛ یان ناچار دەبووم زۆر جار خۆم دیاریی بکەم و لە بری ڕاناوی ئەوی نێر یان ئەوی مێ خۆم ناوی کەسێتییە مەبەستەکە بھێنم.

بەڵام لابردنی ڕاناو و دانانی ناو لە بری ڕاناوەکە تووشی کێشەی نوێی دەکردم. لە لایەک  زۆر دووبارەکردنەوەی ناوی کەسێتییەکان کاریگەریی لەسەر تامی دەقەکە دەبێت، واتە وا دەکات وەرگێڕاوەکە ھەمان ئەو تامە نەدات کە ماکەکە دەیدات. لە لایەکی تر ھەبوونی ئەم دوو ڕاناوە لە ئینگلییەکەدا دەرگای ھەندێک بەکارھێنانی دەروونناسییانە دەکاتەوە. چ ستیفن و چ بلووم زۆر جار بۆ ئازارنەدانی خۆیان خۆیان لە ناوھێنانی ڕاستەوخۆ بە دوور دەگرن. بۆ نموونە کە بلووم بیر لە مۆڵیی ژنی و بڵێسە بۆیلەنی دۆستی ژنەکەی دەکاتەوە، بە he و sheی ئینگلی بیر دەکاتەوە، واتە ئەوی نێر و ئەوی مێ. ئەمە لە ڕووی دەروونناسییەوە گرنگییەکی گەورەی ھەیە کە she، بە واتای ئەوی مێ، کە تیلنیشانە2 بۆ مۆڵیی ژنی، کەمتر بەئازارترە وەک ڕاستەوخۆ ناوھێنانی ژنەکەی. ئەو کاڵترە و بۆ ئەوە بە کاری دەھێنێت ئازارەکەی کەمتر بێت. لە کاتێکدا ئەگەر ڕاستەوخۆ ناوی ھەردووکیان ببات ئازارەکەی بەسوێترە.

یان ھەندێک جار کە ستیفن بیر لە دایکی دەکاتەوە خۆی لە ناوھێنانی ڕاستەوخۆی دایکی دەدزێتەوە و تەنھا ئەوی مێ she بە کار دەھێنێت. ئەگەر تەنھا بە «ئەو» وەربگێڕرێت ھەندێک جار سەرلێتێکدەرە و نازانرێت ئەوەکە مەبەست لە کێیە. کە لە کوردییەکەدا تەنھا ئەو دابنێمەوە، خوێنەری کورد دوو جار لە ئاماژەی ئەو دوور دەکەوێتەوە. بەڵام لە ئینگلییەکەدا ئەوەندە دەزانیت کە ئەو مێیە، واتە نیوەی زانیارییەکەت دەداتێ.

ھەندێک جار ڕوون نییە ئەوی مێ کێیە

کێشەیەکی تری دانانی ناو لە بری ڕاناویش ئەوەیە کە شێوەی نووسینی ئولیس و شەپۆلی ھۆشەکە وا دەکات زۆر جار ڕوون نەبێت کە ئەوی نێر و ئەوی مێ کێن. چونکە زۆر جار ڕستەیەکی کورت پەیوەندیی ڕوونی بە دەقی چواردەوریەوە نییە. بەڵام وەرگێڕەکە ھەر دەبێت گریمانەیەکی ھەبێت لەوەی مەبەست لە کێیە. بۆیە ھەندێک جار دەبوو یان بە ڕاڤە ئاماژە بە ئەو بدەم کە کێیە، یان ناچار بووم لە بری ئەو لە خودی دەقەکەدا ناوی کەسەکە لە بری ڕاناوەکەی دابنێم. ئەمەش وەرگێڕ دەخاتە بەردەم مەترسیی ھەڵەکردنەوە، چونکە کێ دەڵێت مەبەست لە ئەو ئەو کەسەیە کە تۆ ناوی دەھێنیت؟

ئەم کێشەیەم لەم دەرکردەیە (نەورۆزی ٢٧٢٥)ی بەرگی یەکەم و دووەمدا بە وی he و وێ she چارە کرد، کە لە زاری تری کوردییەوەم خواست. ئێستا زۆربەی کات لە بری ئەوی نێر دەنووسم وی لە بری ئەوی مێ دەنووسم وێ.

کاریگەریی گەشەی جیاوازی زمان

مێژووی گەشەسەندنی زمانیش کاریگەریی لەسەر وەرگێڕان ھەیە. دوو زمانی جیاواز بە دوو ئاقاری مێژوویی جیاوازدا تێدەپەڕن. بە نزیکی ھەموو ئەو شێوازە جیاوازانەی لە ئەڵقەی چواردەیەمدا تاقی کراونەتەوە دەبێت لە زمانی بەرانبەردا کاڵ ببنەوە، یان ون ببن. خوێنەرێکی کورد دەرفەتی ئەوەی نابێت تەکنیکی ئەڵقەی چواردەیەم لە گەشەی زماندا ببینێت، بەڵکو لەمسەر بۆ ئەوسەری ئەڵقەکە بە زمانێکی کوردیی سەردەمییانە دەخوێنێتەوە. لە کاتێکدا زمانی دەقە بنەڕەتەکە بە ئینگلییەکی دێرین دەست پێ دەکات و بەرەبەرە بەرەو ئینگلیی نوێ دێت. لەم گەشتەدا چیرۆکی گەشەی زمانی ئینگلی ھاوتەریبە لەگەڵ ئەو کۆرپەیەدا کە میستەر بلووم بۆ لەدایکبوونەکەی چووەتە خەستەخانەی منداڵبوونەکەوە. خوێنەری ئولیسی وەرگێڕراو لە ئەزموونکردنی ئەم تەکنیکە بێبەری دەبێت.

ئەگەر بشمەوێت ئەم تەکنیکە لە وەرگێڕراوە کوردییەکەدا دووبارە بکەمەوە، ھەر ناتوانم. چونکە زمانی کوردی بە ھەمان ڕەوتی مێژوویی زمانی ئینگلیدا تێنەپەڕیوە. بێگومان زمانی کوردی تەنھا یەک زار نییە و کۆمەڵە زارێکە. بەڵام ھیچ کامێک لەم زارانە مێژووێکی بەردەوامی ھەزار ساڵەی نووسینی نییە کە بایی ئەوەندە داتام بخاتە بەردەم کە ھەڵبژاردەی ئەوەم ھەبێت کە لە شێوازی کوردیی ئەڵقەی چواردەیەمدا لاسایی ئینگلییەکەی بکەمەوە. ئەگەرچی بە گشتی زمانی کوردی مێژووی نووسینی زیاتر لە ھەزار ساڵی ھەیە، بەڵام ھەر ماوەیە و بە زارێکی نووسراوە. ئەو زارەی زمانی کوردی کە من ڕۆمانەکەم بۆی وەرگێڕاوە، کە ئێستا ناومان ناوە «کوردیی ناوەندی» و ھەندێک جار بە ھەڵە پێی دەوترێت: «سۆرانی»، کە سۆرانی خۆی یەکێکە لە شێوەزارەکانی ئەم زارە، ئەوەندەی من ئاگاداری بم نووسراوی لە سێ سەد ساڵان کۆنتری نییە.

وابەستەیی و ئازادیی وەرگێڕاوەکە بە ماکەکەوە

تا بۆم کرابێت ھەوڵم داوە لەگەڵ دەقە ماکەکەدا ھاوکۆک بم. ھەروەھا ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵ خوێنەردا بڕۆم تا خوێنەر بە نووسەر و دەقە ماکەکە بگەیەنم، نەک بە پێچەوانەوە. زۆر جار تێبینیم لەسەر شوێنێک داوە کە گومانی ئەوەم لێی کردووە پرسیار بۆ خوێنەر دروست بکات. ھەر زووش بڕیارم دا بێ وەرگێڕانی ڕاڤەکان، بە تایبەتی ئەوانەی گیفرد و سایدمان، بڵاوی نەکەمەوە. چونکە، یەکەم: ڕاڤەکان کاریگەریی قووڵیان لەسەر داڕشتنەوەکەم دەبێت. وا دەکەن بە متمانەوە ڕستەکان دابڕێژمەوە. دووەم: ڕاڤەکان وا دەکەن خۆم تێگەیشتنێکی قووڵترم بۆ ڕۆمانەکە ھەبێت. سێیەم: خوێنەر دەبینێت کە لەسەر چ بنەمایەک ھەندێک بڕیارم داوە بۆ داڕشتنەوەکەم. لە دەرئەنجامدا دەشێت خوێنەر لەگەڵ خۆمدا بکەوێتە بیرکردنەوە و ئەگەر ئەو پێشنیارێکی باشتری بۆ شوێنێک ھەبێت ئاگادارم بکاتەوە و ئەو تێبینییانەیان بە ھەند وەربگرم و لە دەقە وەرگێڕاوەکەدا چاکیان بکەم و بۆ چاپەکانی ئایندە سوودیان بۆم ھەبێت. ئەمە جگە لەوەی ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئێستا ھیچ ڕاڤەیەکی ئولیس بە کوردی نییە.

ئەوەی بە گشتی دەستی وەرگێڕ ئازاد دەکات، ئیدیۆمەکانە. دەکرێت ئیدیۆم بە ئیدیۆم وەربگێڕرێت. بۆ نموونە لە ئەڵقەی چواردەیەمدا لە شوێنێکدا دەڵێت: «نیازی وایە خەڵووز بۆ نیوکاسڵ ببات». لە کوردییەکەدا دەتوانین بڵێین: «نیازی وایە کڵاش {یان گوێز} بۆ ھەورامان ببات». بێگومان لەم کاتانەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە جۆیس ناوی ھەورامان و کڵاشی نەھێناوە.

ھەندێک ستراتیژ لە کاردا دەگۆڕێت

ستراتیژێتیی وەرگێڕانەکەم لە سەرەتادا بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵ دوای کارمدا جیاواز بوو. سەرەتا زۆر گوێم نەدەدا بە وەرگێڕانی وشەیەک بەرانبەر دەستەواژەیەک یان بە پێچەوانەوە، یان ھەندێک جار تەنانەت وەرگێڕانی وشەیەک بە ڕستەیەک. بەڵام دواتر و دوای ژیانی زیاتر لەگەڵ دەقەکەدا پێداگرتر بووم لەسەر وەرگێڕانی وشە بەرانبەر وشە، تا ئەوەندەی بکرێت.

بە شوێن ڕێی جۆیسدا

کە جۆیس وشەی gunrest لێک دەدات، منیش لە کوردیدا چەکنیشم بە ھەمان لۆژیک لێکداوە کە کەموزۆر لەسەر ھەمان بنەما لێکدراوە. بەڵام لە ھەندێک شوێنی دەگمەندا دەستەواژەیەکم بە وشەیەک، یان وشەیەکم بە دەستەواژەیەک وەرگێڕاوە. بۆ نموونە لە کوردیدا بۆ مەرگی جۆری ئاژەڵان ناوی جیاوازمان ھەیە. ئاژەڵی دڕندە و چوارپێ و ئەمانە دەتۆپن، باڵندەکان مردار دەبنەوە، مرۆڤ دەمرێت (وشەی مرد لەگەڵ ھەردوو وشەی murder و mortی ئینگلی ھاوڕیشەیە). بۆیە لە ئەڵقەی یەکەمدا کە گوایە مەڵیگن بە ستیفنی وتووە: «ئا، ھەر دێدالۆسە، ئەوەی دایکی بە شێوەیەکی ئاژەڵانە مردووە»، دەتوانین بە متمانەوە لە کوردییەکەدا بڵێین: «ئەوەی دایکی تۆپیوە». واتە وەرگێڕانی دەستەواژەیەک بە وشەیەک. لە ڕاستیشدا لە کوردیدا بێڕێزییەکی گەورەیە بە دایکی ھاوڕێیەکت بڵێیت: تۆپیوە و دەشێت تا ماوە لێت خۆش نەبێت. بەڵام بەدەر لە شوێنی وەھا دەگمەن، ھەوڵم داوە تا ئەوەندەی واتا بمێنێتەوە دوای جۆیس بکەوم و پیتێکی بۆ زیاد و کەم نەکەم.

ڕاڤە چەکی وەرگێڕە

من خۆشبەختانە چەکی وەرگێڕانی ڕاڤەشم بە دەستەوە بووە، بۆیە دەرگای پێداگریم بۆ کراوەتەوە کە ھیچی وەھا لە دەقەکە نەگۆڕم. بۆ نموونە لە ئەڵقەی سێیەمدا contransmagnificandjewbangtantialityم بە ھاوکرۆکگۆڕکێشکۆمەندجووھەرا وەرگێڕاوە. لە ئەڵقەی دوازدەیەمدا زیادەڕەوی لەم تەکنیکەدا (پۆرتمانتۆ) دەکات و وشەی Nationalgymnasiummuseumsanatoriumandsuspensoriumsordinaryprivatdocentgeneralhistoryspecialprofessordoctorی لێکداوە، کە ئێجگار جەفەنگییە و ناتوانیت تەماشای بکەیت و بزە نەکەیت. من بە ھەمان تەکنیک بە مامۆستایوانەبێژیتایبەتوئاساییتایبەتمەندیبواریمێژوویگشتییقوتابخانەیئامادەییومۆزەخانەوبووژانگەوڕاگرایەتیینیشتمانیپڕۆفیسۆردکتۆر لە کوردیدا وەرمگێڕاوە. کاتێک دەتوانیت ڕاڤە بکەیت، لەبەردەم ھەندێک لەم تەکنیکانەدا ئازادتر دەبیت وەک لەوەی کە ڕاڤە نەکەیت. پێم وایە ھەر لەبەر ئەم ھۆیەیە کە وەرگێڕێکی وەک دکتۆر تەھا مەحمود تەھا کە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە، ھەندێک جار دەستی داگرتووە و بە شێوەیەکی ئاسانتر بۆ تێگەیشتن عەرەبییەکەی داڕشتووەتەوە. بۆ نموونە لەو دوو وشە ناوبراوانەدا وشەکانی جیا کردووەتەوە و دوودوو پێکەوە لکاندوونی. بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەویش ڕاڤەی بکردایە ئاسانکاریی لەم چەشنە نەکردایە.

لە بارەی دەقی تێھەڵکێشراوەوە

سەبارەت بە دەقە تێھەڵکێشکراوەکان: کە دێڕێکی دەرەکی ھێنراوەتە ناو ئولیسەوە، زۆر جار لە ئینگلییەکەدا دیارە بۆچی ئەو دێڕە ھێنراوە. ئەڵبەت وشەیەکی تێدایە کە لە ڕستەی پێشتردا ھەبووە و واتا کۆیان دەکاتەوە، یان وشە دەرەکییەکە لە ڕووی بیستنەوە پەیوەندی لەگەڵ وشەیەکی ڕۆمانەکەدا دروست دەکات. واتە لێکچوونی دەنگ کۆیان دەکاتەوە. ھەندێک جاریش ئەو دێڕەی ھێنراوە دەبێت بە ڕێبەری گۆڕانی ڕەوتی بیرکردنەوەی یەکێک لە کەسێتییەکان و گێڕانەوەکە. بەڵام ئەگەر ئەو دەقە تێھەڵکێشکراوە بۆ کوردی وەرگێڕرابێت، ئەوا مەرج نییە لە کوردییەکەشدا ھەمان ئەو وشەیە بە کار ھاتبێت کە لە ڕێیەوە بە دەقەکەی ئولیسەوە گرێ دەدرێتەوە. لەوانەیە وشەیەکی ھاوواتا بە کار ھاتبێت. یان وەرگێڕە کوردییەکە ئەو شوێنەی بە شێوەیەک داڕشتبێت کە لەگەڵ وەرگێڕراوە کوردییەکەمدا نەیەتەوە. ئەمە بە دیاریکراوی لە بەیتەکان و شانۆنامە ھۆنراوەییەکاندا ڕاستە.

دوو نموونەی کێشەی دەقاوێزان

بۆ نموونە وەرگێڕانەکەی ئۆدیسەی ھۆمیرۆس، دەقە وەرگێڕراوە کوردییەکە بە شێوەی دێڕی ھۆنراوەیی نییە، بەڵکو پەخشانە. بەڵام لە ئولیسدا شێوە ھۆنراوەییەکەی بە کار ھاتووە. بۆیە دەبێت کاتێک ئەم دەقانە دەھێنرێنە وەرگێڕانەکەی منەوە کەمێک چەکوشکاری بکرێن تا پەیوەندییان لەگەڵ ئولیسە کوردییەکەدا دەربکەوێت. یان زۆربەی جاران، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو سەرچاوانە بۆ کوردی وەرنەگێڕراون، دەبێت خۆم ئەوانیش وەربگێڕم و بە شێوەیەک ئەم کارە بکەم کە پەیوەندی لەگەڵ ئولیسە کوردییەکەدا دروست بکات.

دوو ھۆی تریش ھەن کە کاریگەرییان لەسەر ئەم چەکوشکارییە دەبێت: لە لایەک شێوازی وەرگێڕانی من لە ھی وەرگێڕێکی تر جیاوازە، لە لایەکی تر کە جۆیس دەقاوێزان دەکات، دەقە ھێنراوەکە لە بەستێنەکەی خۆیدا بە کار دەھێنێت. واتە لە کوردییەکەدا دەبێت لە دیدی ئولیسەوە بڕوانیتە دەقە تێھەڵکێشکراوەکان، نەک بە پێچەوانەوە. یان ھەندێک جار دەبێت ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدەم، بە تایبەتی لەو دەقانەدا کە لە کتێبی پیرۆزەوە ھێنراون. چونکە وەرگێڕانە کوردییەکەی کتێبی پیرۆز لە ھەندێک شوێندا لەو ئینگلییانە جیاوازە کە جۆیس بە سەرچاوە ھێناونی.

بۆ نموونە کە جۆیس دەستکاریی ھۆنەی ٥ی بەشی یەکەمی مزگێنی بە پێی نووسینی یۆحەنا دەکات و تاریکی و ڕووناکییەکە ھەڵدەگەڕێنێتەوە، لە ئولیسە ئینگلییەکەدا دەڵێت: «تاریکییەک لە ڕووناکیدا دەدرەوشێتەوە و ڕووناکییەکە تێینەگەیشتووە.». بەڵام لە مزگێنی بە پێی نووسینی یۆحەنادا دەڵێت: «ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە» نەک بە پێچەوانەوە. ئەمەندە گۆڕانەکەی دەستی جۆیسە، بەڵام گۆڕانێکی تر ھەیە کە پەیوەندیی بە وەرگێڕانەوە ھەیە، ئەویش وشەی تێینەگەیشتووەیە. ئەو وشەیە لە گریکیدا دوو واتای ھەیە، یەکێکیان تێنەگەیشتنە، ئەوی تریان زاڵبوونە. ھەر بۆیە لە وەرگێڕانە کوردییەکەی کتێبی پیرۆزدا دەڵێت: «ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە»، نەک «تێینەگەیشتووە». بێگومان لە کتێبی پیرۆزە کوردییەکەدا ئاماژە بە دوو واتایی وشەکە دراوە. بەڵام ئەوەی جۆیس بە کاری ھێناوە بە واتای تێینەگەیشتووەکەیانە، کە بێگومان منیش ھەر وا وەرمگێڕاوە، بەڵام تێبینیم لەسەری داوە.

ئایا من وەرگێڕی ھەموو زمانێکم؟

ھەروەھا لە وەرگێڕانەکەدا دەکەویتە بەر ئەو پرسیارەی ئایا دەقە بیانییەکانیش بۆ کوردی وەربگێڕیت یان نا؟ چونکە لە ڕۆمانەکەدا گەلێک وشە و دەستەواژە و ڕستە و تەنانەت گفتوگۆی بە زمانی جیاواز تێدایە. وەک گفتوگۆکەی ئالمیدەنۆ ئاڕتیفۆنی و ستیفن لە ئەڵقەی دەیەمدا کە بە زمانی ئیتالییە. ئەگەر بڕیار بدرێت وەرنەگێڕرێن، ئایا ڕێنووسە لاتینییەکەی خۆیان بھێنرێتەوە، یان ڕێنووسەکەیان بۆ کوردی بگوێزرێتەوە؟

من لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا نەخێرم ھەڵبژارد، کە دەقەکان وەک خۆیان بە زمانی خۆیان بھێڵمەوە و تەنھا ئینگلی وەربگێڕم. بۆ پرسیاری دووەمیش بڕیارم دا ڕێنووسی دەقە بێگانەکان بگۆڕم بە کوردی، چونکە زۆربەی کوردان ناتوانن زمانە بێگانەکان بە ڕێنووسی خۆیان بخوێننەوە، بەڵام بە ڕێنووسی کوردی دەتوانن ھیچ نەبێت بیخوێننەوە و وشەکان ببیستن، ئەگەرچی لێشیان تێنەگەن.

لە لایەکی ترەوە ئەگەر وەرگێڕ بڕیار بدات ھەموو زمانەکان وەربگێڕێت، ئەوا لە ئەڵقەی سێیەمدا دەڵێت: «بارەکەی بە کێش دەکات، شلێپ دەکات، تغۆن دەکات، ڕادەکێشێت، تراسکین دەکات». ئەمانە ھەموویان زۆروکەم ھەمان واتایان ھەیە، بەڵام ھەریەکەیان بە زمانێک. ئەو کاتە بە کوردی دەبێت بە «بارەکەی بە کێش دەکات، ڕادەکێشێت، ڕادەکێشێت، ڕادەکێشێت، ڕادەکێشێت».

ئولیس شارستانێتییەکە

ئولیس بەھەشتی زمانناس و ھونەرمەند و ڕۆشنبیرانە. دەتوانم بڵێم سەرچاوەیەکی گەورەی ڕۆشنبیرکردنیشە، ئەگەر ڕاڤەکانی لەگەڵدا بێت. ھەر خودی خۆم چەندین پەڕتووکم خوێندووەتەوە کە ئەم شاکارە پێی ناساندووم. ھاوکات ئەم ڕۆمانە وشیارترت دەکات بەرانبەر زمان و فەرھەنگت فراوانتر دەکات.

خۆم گەلێک بە بەختەوەر دەزانم کە لە ماوەی ژیانمدا ئولیسم ناسیوە. بۆ بەشکردنی ئەم بەختەوەرییە لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی ھاوزمانی خۆم، لەگەڵ ھەندێک ھۆی تریشدا، ڕۆمانەکەم بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا. تۆی خوێنەری بەڕێزیش ئەگەر تا ئێرە گەیشتوویت و ئەم نووسینەمت ھەمووی خوێندەوە، ئەوا گەلێک سوپاست دەکەم و ھیوای تەندروستییەکی باش و مێشکێکی ئاسوودە و کاتێکی خۆشت بۆ دەخوازم. ئەگەر نووسینەکەمت بە دڵ بوو، ئەوا سوپاسگوزارم، ئەگەر بە دڵیشت نەبوو بیدە بە مۆڵی… بیکا بە کوێدا کەیفی خۆیەتی، قاچی مراوییەکە، قاچی مراوییەکە.


  1. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ – ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢١ نووسراوە. بە دەنگی خۆم خوێندوومەتەوە و تۆمارم کردووە و لە ماڵپەڕەکەی خۆم بڵاوم کردووەتەوە. لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا دەستکاریی پەرەگرافێکیم کرد کە باس لە ئەوی نێر و ئەوی مێ دەکات، لەو جێیەوە کە نووسیومە: «لە ساڵانی یەکەمی وەرگێڕانم و…» تا ئەو جێیەی نووسیومە: «…ئێستا زۆربەی کات لە بری ئەوی نێر دەنووسم وی لە بری ئەوی مێ دەنووسم وێ» نوێن. لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە و سەردێڕی نوێم بۆیان داناوە. ↩︎
  2. تیلنیشان: بە ئینگلی allusion، ئاماژەدانێکی ناڕاستەوخۆیە بە کەس، شوێن، بیر، باوەڕ یان ھەر شتێکە بێ ئەوەی ناوی شتەکە بھێنرێت. پێشتر بە «لاماژە» وەرمگێڕابوو، ئەوەم لابرد. داوای لێبوردن دەکەم. ~ن.م. ↩︎

ڕۆژی بلووم ٢٠٢٠

ڕۆژی بلوومی ٢٠٢٠1

ئەمڕۆ لای هەوادارانی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس بە ڕۆژی بلووم ناسراوە. بلووم کەسێتییە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەیە. بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانیت لێرەدا کلیک بکەیت بۆ ئەوەی وتاری ساڵی ڕابردووم ببینیت سەبارەت ڕۆژی بلوومی پار.

ئاشنایەتیی سەرەتام بە ڕۆمانەکە

ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠ لە کۆلێژی زمان لە وانەی ڕۆماندا مامۆستاکەمان، دکتۆر میران جەلال محەمەد، وەک نموونەی وێژەی بەراورد و ڕۆمانی شەپۆلی هۆش کەمێک باسی ئەم ڕۆمانەی بۆمان کرد. ئەم باسکردنەی وی بووە هۆی ئاشنایی سەرەتایی من و ئەم ڕۆمانە.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێک بوو لەو ئەرکانەی بەردەوام دوامدەخست. بەڵام دواجار دەستم کرد بە خوێندنەوەی و دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو کارانەی ئاراستەی ژیان و بیرکردنەوە و زۆر شتت دەگۆڕێت.

بۆچی ئولیس ئاڵۆزە؟

ڕۆمانە ئینگلییەکە نزیکەی ٢٦٥٠٠٠ (دوو سەد و شەست و پێنج هەزار) وشەیە. نزیکەی ٣٣٠٠٠ (سی و سێ هەزار) وشەی ئەم ڕۆمانە نادووبارەن. ئەم فرەوشەییە یەکێکە لەو چەند هۆیانەی وا دەکات ئەم ڕۆمانە لای خوێنەرەکەی قورس بکات، چونکە دەبێت زووزوو پەنا ببەیتە بەر فەرهەنگ. هەموو ڕۆمانەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە. بەشی یەکەم سێ ئەڵقەیە، بەشی دووەم دوانزە ئەڵقەیە، بەشی سێیەم سێ ئەڵقەیە. واتە بە هەموویان هەژدە ئەڵقەن.

لە ڕۆژی بلوومی پاردا لاپەڕەیەکی بەکوردیکراوی ئەم ڕۆمانەم هەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە. لە ڕۆمانەکەدا لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی چوارەمە. ئەمساڵیش لاپەڕەیەکی بەکوردیکراوتان پێشکەش دەکەم کە بە ڤیدیۆش تۆمارم کردووە. ئەم لاپەڕەیەیان لە ئەڵقەی پێنجەمدایە.

کەمێک لە ڕۆمانی ئولیس

لا چی دارێم لا مانۆ

لا لا لالا لا لا

بۆ ناو شەقامی کەمبەرلاند لایدا و، کە چەند ھەنگاوێک ڕۆیشت، لە پەنا دیواری وێستگەکەدا ڕاوەستا. کەس. حەوشەی دارخانەکەی مییەید. کۆتەرەداری ھەڵپەسێرراو. کەلاوەکان و خانووە ھەژارنشینەکان. بەسەر خانەکانی خەتخەتێنێکدا، کە توولەکەی بە جێ مابوو، بە ھەنگاوی وریایانە تێپەڕی. ھەڵەم نەکرد. نزیک حەوشەی دارخانەکە منداڵێکی ھەڵتروشکاو ھەڵماتێنی دەکرد، بە تەنیا، بە پیلکە دەسکەلاکەی دەھاویشت. گورپەیەکی دانا، سفینکسێکی چاوداگرەوە، لە ژێربەرانە گەرمەکەی خۆیەوە تەماشای کرد. گوناحە ھەراسان بکرێن. موحەمەد پارچەیەکی لە عەباکەی خۆی دادڕی تا لە خەو ھەڵینەستێنێت. بیکەوە. کە چوومە قوتابخانەکەی ئەو پیرەژنەوە جارێکیان ھەڵماتێنم کرد. حەزی لە پیژگ بوو. خاتوو ئیڵایز. ئەی مێردەکەی؟ لە ناو ڕۆژنامەکەدا نامەکەی کردەوە.

گوڵ. وا بزانم لە جۆری. گوڵێکی زەردە و پەڕەکانی پان بوونەتەوە. کەواتە تووڕە نەبووە؟ چی دەڵێت؟

                        ھێنریی بەوەج،

دوایین نامەتم پێ گەیشت کە بۆت نووسیبووم و زۆر سوپاست دەکەم. داوای لێبوردن دەکەم کە دواھەمین نامەمت بە دڵ نەبوو. بۆچی پوولەکانت ھاوپێچ کردبوو؟ من زۆر لێت تووڕەم. خۆزگە بمتوانیایە لەسەر ئەوە سزات بدەم. بە کوڕی ھاروھاج ناوتم برد چونکە حەزم لەو وژەیەی تر نییە. تکایە پێم بڵێ واتای ڕاستینەی ئەو وشەیە چییە؟ لە ماڵەوە دڵت خۆش نییە ئەی کوڕە ھاروھاجە بەستەزمانەکە؟ خۆزگە بمتوانیایە شتێکت بۆ بکەم. تکایە پێم بڵێ چۆن بیر لە منی بەستەزمان دەکەیتەوە. ھەندێک جار بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە کە ھەتە. ھێنریی بەوەج، کەی یەک دەبینین؟ ئەوەندە بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە ھەر باوەڕ ناکەیت. ھەرگیز ئەوەندە ھەستم بە پەلکێشانی خۆم بۆ ھیچ پیاوێک نەکردووە ئەوەندەی بۆ تۆ وام. ئێجگار پەرێشانم. تکایە نامەیەکی درێژم بۆ بنووسە و زۆرترم پێ بڵێ. بیرت بێت ئەگەر وا نەکەیت سزات دەدەم. کەواتە ئێستا دەزانیت ئەگەر نەتنووسیبوو چیت لێ دەکەم، ئەی کوڕە ھاروھاجەکە. ئای چەند تامەزرۆی بینینتم. ھێنریی بەوەج، داواکەم ڕەت مەکەوە پێش ئەوەی ئارامیم لێ ببڕێن. ئەوکات ھەموو شتێکت پێ دەڵێم. ئێستا ماڵئاوا، نازدارە ھاروھاجەکەم، سەرئێشەیەکی زۆر خراپم ھەیە. ئەمڕۆ. ئینجا بە پۆستەی خێرادا نامە بۆ پەرۆشەکەت بنووسە

مەرسا.

تێبینی: تکایە پێم بڵێ ژنەکەت چ جۆرە بۆنێک بە کار دەھێنێت. دەمەوێت بزانم.

xxxx


  1. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ١١ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

ڕۆمانی ئولیس بە ڕاڤەکانیەوە بۆ کوردی وەردەگێڕرێت. پڕۆژەکە هەمووی لە پێنج بەرگدا بڵاو دەکرێتەوە، ئێستا دوو بەرگیان بێبەرانبەر بە دیاری بۆ هەموو کوردستانییان ئامادەیە. لێرەدا کلیک بکە بۆ ئەوەی دایانبگریت.

ئەم نموونەی دەقەی لێرەدا بڵاو کراوەتەوە دەیان ڕاڤەی هەیە، بۆ ڕاڤەکانیان بڕوانە پەڕتووکەکە.

ڕۆژی بلووم ٢٠١٩

ڕۆژی بلووم ٢٠١٩1

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٩٠٤دا ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئایر جەیمز جۆیس خاتوو نۆرا بارنیکڵی ناسی. پاش ساڵانێک ھاوسەرگیرییان کرد و تا کۆتایی تەمەنیان پێکەوە ژیان. جۆیس بڕیاری دا ڕۆژی یەکناسینەکەیان لە وێژەی ئەوروپا و جیھاندا بە نەمری بھێڵێتەوە، بۆیە کردی بە ڕۆژی ڕووداوەکانی ڕۆمانی ئولیس.

زۆربەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی ئولیس لە شاری دەبلنی پایتەختی ئایرلاند و لە ڕۆژی ١٦ و کەمێکی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٠٤دا ڕوو دەدەن. سێ کەسێتیی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا هەن، ئەوانیش لیۆپۆڵد بلووم و ستیفن دیدەڵس و مۆڵی بلووم-ن. بۆیە بە ڕۆژی ١٦ی حوزەیران دەوترێت ڕۆژی بلووم.

بلووم کێیە؟

لیۆپۆڵد بلووم پیاوێکی سی و ھەشت ساڵانە. جوو بوون و کاتی خۆی بوون بە مەسیحی. لە ڕۆژنامەیەکی ئایرلانددا ڕیکلامسازە، واتە شوێن و دیزاینی ڕیکلام لە ڕۆژنامەکەدا بە کڕیاران دەفرۆشێتەوە. کچێکی پانزە ساڵانی ھەیە ناوی میلی-یە. میلی تازە دایک و باوکی بە جێ ھێشتووە و بە تەنھا دەژی و خەریکی کاری فۆتۆگرافییە. کاتی خۆی کوڕێکیشیان بووە بە ناوی ڕودی، یازدە ڕۆژ ژیاوە. لە ڕۆژی مردنی ئەو کوڕەوە برینێکی گەورە لە دڵی لیۆپۆڵد و ژنەکەیدا دروست بووە و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەشیان بە جێ هێشتووە. لە دوای مەرگی ئەو کوڕەوە ھەرگیز پەیوەندییە قووڵەکانی ئەم ژن و مێردە ئاسایی نەبووەتەوە.

ستیفن کێیە؟

ستیفن دێدالۆس کوڕێکی گەنجی خوێنەرە، لە قوتابخانەیەکدا مامۆستای کاتییە، تازە دایکی مردووە. باوکی لە بەخێوکردنی منداڵەکانیدا کەمتەرخەمە. ستیفن برایەک و دەستەخوشکێکی هەیە. ناچارن بۆ بەدەستھێنانی پارەی شۆربا و سەموونی ڕۆژانە پەڕتووکەکانی ستیفن بفرۆشنەوە.

مۆڵی کێیە؟

مۆڵی بلووم ژنی لیۆپۆڵد بلوومە، گۆرانیبێژی ئۆپێرایە. بە دزییەوە پەیوەندییەکی سەرجێیی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیدا بەستووە. بەڕێوەبەری کارەکانی مۆڵی ناوی بڵێسە بۆیلەن-ە. مێردەکەشی بەم پەیوەندییە دەزانێت.

چی دەگوزەرێت؟

ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی پڕ لە سەرقاڵییە بۆ بلووم و ستیفن دێدالۆس. ھەردووکیان بە شەقام و شوێنەکانی دەبلندا دەڕۆن و لە شوێناندا ڕادەوەستن.

جۆیس زۆر بە وردی وێنەی ھەموو شوێن و شەقامەکانی دەبلنی بە وشە کێشاوە، بە جۆرێک وای کردووە خوێنەر وا ھەست بکات ئێستا لەگەڵ کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکەدایە.

باوکی ستیفن ناوی سایمن دێدالۆس-ە، لە ھەمان ئەو ڕۆژنامەیە کار دەکات کە لیۆپۆڵد بلووم تێیدا کار دەکات و ھاوڕێی بلووم و ژنەکەشیەتی. جارجار گۆرانی دەبێژێت و لە ڕابردووشدا لەگەڵ مۆڵیدا لە کۆنسێرتدا پێکەوە گۆرانییان بێژاوە.

لە کۆتاییدا لیۆپۆڵد بلووم و ستیفن دێدالۆس لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی شار یەک دەبینن و پێکەوە دادەنیشن. ستیفن لە نەخۆشخانەکە زۆر سەرخۆشە. کە بلووم دەبینێت کوڕە بێنازەکەی ھاوکارەکەی شوێنێکی نییە شەو بەو سەرخۆشییە تیایدا بنوێت، بڕیار دەدات لەگەڵ خۆیدا بیباتەوە بۆ ماڵی خۆی بۆ ئەوەی ئەو شەوە لەوێ بنوێت. ئەگەرچی دواجار ستیفن لەوێ نانوێت.

ڕۆمانەکە چییە؟

ئەم ڕۆمانە بە ئاڵۆزترین ڕۆمانی ئینگلی(زی) دادەنرێت. ئولیس لە ھەژدە ئەڵقە پێک هاتووە کە هەر هەژدەیان بەسەر سێ بەشی سەرەکییدا دابەش کراون. بە شێوازی وێژەی بەراورد لەسەر بەیتی ئۆدیسەی ھۆمیرۆس نووسراوە.

لە ئۆدیسەدا تیلێماخۆس-ی کوڕی ئۆدیسێفس تەمەنی بووە بە بیست ساڵ و باوکیشی بیست ساڵە لە جەنگی ترۆیاوە دیار نەماوە و کەس نازانێت ماوە یان مردووە. نزیکەی پەنجا خوازبێنیکەر بە درێژایی ئەو ساڵانەی ئۆدیسێفس دیار نییە لە ماڵەكەیدا خوازبێنیی پینێلۆپیای ژنی ئۆدیسێفس دەکەن. تیلێماخۆس تەواو بەمە ھەراسان بووە.

ئۆدیسێفس دوای گەشتێکی درێژ و پڕ لە بەسەرھات دەگەڕێتەوە شارەکەی. بە ھاوکاریی کوڕەکەی و ئەسینای خواژن ھەموو خوازبێنیکەرەکان دەکوژن. پاشان دەگەڕێتەوە باوەشی ژنە دڵسۆزەکەی، کە بیست ساڵە باوەڕی بە مردنی ئۆدیسێفسی مێردی نەکردووە.

بەراوردەکە چۆنە؟

لە ئولیسی جەیمز جۆیسدا ئەم بەیتە بە شێوەیەک چووێنراوە کە بلووم وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی ئۆدیسێفس بێت، ستیفن دێدالۆس وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی تیلێماخۆسی کوڕی ئۆدیسێفس بێت، مۆڵی بلوومیش وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی پینێلۆپیای ژنی ئۆدیسێفس بێت. یەکێک لە جیاوازییەکان ئەوەیە کە مۆڵی وەکو پینێلۆپیا دڵسۆزی مێردەکەی نییە و خیانەتی ھاوسەرگیری دەکات.

وشەی یولیسیس یان ئولیس شێوەیەکی ناوە لاتینییەکەی ئۆدیسێفس (یان ئۆدیسیۆس)ە. کە ڕۆمییەکان ئەم بەیتەیان وەرگێڕاوە، ناوی زۆربەی خوداکانیان کردووە بە لاتینی. بۆ نموونە ئەسینا بووە بە مینێرڤا، زێفس (زیۆس) بووە بە جوپیتەر و تا دوایی. ئۆدیسێفسیش بووە بە یولیسیس.

ڕۆژی بلووم

ڕێکەوتی ١٦ی حوزەیران لە جیھاندا بە ڕۆژی بلووم ناسراوە. لە شاری دەبلندا خەڵکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە بلووم و ستیفن دێدالۆس لە ڕۆمانەکەدا سەردانیانیان کردوون.

کەمێک لە ڕۆمانی ئولیس

لە ئەڵقەی چوارەمی ئولیسدا بلووم بۆ یەکەم جار دەردەکەوێت و بەم شێوەیە پێمان دەناسێنرێت:

میستەر لیۆپۆڵد بلووم بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شۆربای خەستی ھەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵێکی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵەجگەری سوورکراوە لەگەڵ وردەتوێناندا و گەرای سوورکراوەی ماگادۆس بوو. لە ھەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی.

گورچیلە لە مێشکیدا بوو کە بە ھێمنی لە ناندانەکەدا دەھات و دەچوو، شمەکی بەرچایی ژنەکەی لەسەر سینییە کۆپارەییەکە ڕێکدەخست. ھەوا و ڕووناکییەکی بەستوو لە ناندانەکەدا بوون بەڵام بەیانییەکی فێنکی ھاوین لە ھەموو جێیەکی دەرەوە بوو. وای لێ کرد ھەست بە کەمێک برسێتی بکات.

خەڵووزەکان سوور دەبوونەوە.

لەتێک نانی کەراویی تر: سێ، چوار: تەواوە. حەزی لەوە نەبوو قاپەکەی پڕ بێت. تەواوە. لە سینییەکە دوور کەوتەوە و کتلییەکەی لەسەر کوانووەکە ھەڵبڕی و بە لادا خستییە بەر ئاگرەکە. کتلییەکە سست و ھەڵتروشکاو لەویادا دانیشت، لوولەکەی دەرپۆقیبوو. خێرا کووپی چا. باشە. دەم وشک.

پشیلەکە کلکی ھەڵبڕیبوو و بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی سووڕایەوە.

– مکگنیاو!

میستەر بلووم لای ئاگرەکەوە ئاوڕی دایەوە و وتی:

– ھەی، ئەوەتایت.

پشیلەکە لە وەڵامدا میاواندی و دیسان بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی ھەڵکوڕما، دەیمیاواند. ھەر وەک چۆن لەسەر مێزی نووسینەکەم ھەڵدەکوڕمێت. پوڕڕ. سەرم بخورێنە. پوڕڕ.

میستەر بلووم زانینخوازانە و میھرەبانانە تەماشای شێوە ڕەشە شلکەکەی کرد. پاکن بۆ بینین: ورشەی کەوڵە لووسەکەی، قۆپچە سپییەکەی ژێر کۆتایی کلکی، چاوە سەوزە بریسکەدارەکانی. بۆی نوشتایەوە، دەستەکانی لەسەر ئەژنۆکانی. وتی:

– شیر بۆ پشەکە.

پشیلەکە شیڕاندی:

– مرکگنیاو!

پێیان دەڵێن دەبەنگ. لەوەی ئێمە دەیڵێین باشتر تێدەگەن وەک لەوەی ئێمە لەوان تێدەگەین. وێ ھەر شتێکی بوێت لێی تێدەگات. قیناویشە. بێبەزەییە. بە سرووشت وایە. سەیرە کە مشکان ھەرگیز نازیقێنن. وا دیارە حەزیان لێی بێت. داخۆ من لە چاوی ئەوەوە چۆن بم. بەرزیی قەڵایەک؟ نا، دەتوانێت بازم بەسەردا ھەڵبدات.


  1. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ١١ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

ڕۆمانی ئولیس بە ڕاڤەکانیەوە بۆ کوردی وەردەگێڕرێت. پڕۆژەکە هەمووی لە پێنج بەرگدا بڵاو دەکرێتەوە، ئێستا دوو بەرگیان بێبەرانبەر بە دیاری بۆ هەموو کوردستانییان ئامادەیە. لێرەدا کلیک بکە بۆ ئەوەی دایانبگریت.

ئەم نموونەی دەقەی لێرەدا بڵاو کراوەتەوە دەیان ڕاڤەی هەیە، بۆ ڕاڤەکانیان بڕوانە پەڕتووکەکە.