
ئۆپێرای کارمێن[1]
پوختە
ئۆپێرایەکی جەفەنگی/تراژیدیی فەڕەنسییە، ژۆرژ بیزێ (١٨٣٨-١٨٧٥) موزیکەکەی داناوە، هێنری مایلاک و لودۆڤیک حەلێڤی ئۆپێرانامەکەیان نووسیوە. یەکەم جار لە ساڵی ١٨٧٥دا لە شاری پاریس لە شانۆگای (ئۆپێرا کۆمیک) نمایش کراوە، لەبەر ڕەشۆکیی ناوەرۆکەکەی و زەقیی وێنە ئاڵۆشبازییەکانی، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە. بیزێ سێ مانگ دوای نمایشکردنەکەی لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ مردووە، ئۆپێراکەش تا ساڵی ١٨٨٣ نمایش نەکراوەتەوە و بیزێ هەرگیز نەیزانیوە کە ئۆپێراکەی ئەوەندە بەناوبانگ دەبێ. موزیکی ئەم ئۆپێرایە شاکارێکی هونەری موزیکە.
بیزێ لە تەمەنێکی کورتی ژیانیدا چەند کارێکی گەورەی موزیکی داناوە، خۆی پیانۆژەن بووە. ١٦ ئۆپێرا و زیاتر لە ٢٧ گۆرانی و چەند کارێکی ئۆرکێسترایی نووسیوەتەوە، لەوانە سیمفۆنی و چەند کارێک بۆ پیانۆی تاکژەن. لە ئێستادا هیچ کامێک لە کارەکانی تری هێندەی کارمێن ناسراو نییە.
شوێنی چیرۆکەکە شاری سێڤیلیای ئیسپانیایە، بە ناوی خانمی کەسێتیی سەرەکییەکەیەوە (کارمێن)ەوە ناو نراوە. ئۆپێرانامەکە لەسەر ڕۆمانی کارمێنی ڕۆماننوس پڕۆسپێر مێریمێ (١٨٠٣-١٨٧٠)وە بۆ ئۆپێرا داڕێژراوە. ڕەنگە ئەم ڕۆمانە لە چیرۆکی قەرەجەکانی ئەلێکساندەر پوشکین (١٧٩٩-١٨٣٧)ی هۆنەری ڕووسییەوە سەرچاوەی گرتبێ.
کارمێن کچێکی گەنجی جوانی قەرەجە، لە کارگەیەکی جگەرە کار دەکا. سەرکێشیی خۆی وای لێ دەکا حەز لە سەربازێکی جێگری پۆلەوان بکا بە ناوی (دۆن خۆسێ)وە. خۆسێ ئیرەیی زۆر دەبا و کارمێن وای لێ دێ چیتر خۆشینەوێ. دواتر کارمێن حەز لە گابازێک دەکا بە ناوی (ئێسکامیلۆ)وە و دەستبەرداری خۆسێ دەبێ. خۆسێش لە کۆتاییدا کارمێن دەکوژێ.
کەسێتییەکان
ناو | ڕۆڵ | چینی دەنگ |
کارمێن | کچێکی قەرەجە، فەرمانبەری کارگەی جگەرەیە | میتزۆ-سۆپرانۆ |
دۆن خۆسێ | جێگری پۆلەوان | تینۆر |
ئێسکامیلۆ | گاباز | باڕیتۆن |
میکایەلا | کچێکی لادێیی | سۆپرانۆ |
زیونیگا | ئەفسەر | باس |
مۆرالێس | جێگری پۆلەوان | باڕیتۆن |
فڕاسکیتا | هاوڕێیەکی کارمێن | سۆپرانۆ |
مێرسێدێس | هاوڕێیەکی کارمێن | میتزۆ-سۆپرانۆ |
لیلیاس پاستیا | خاوەنی مەیخانەیەک | ئاخاوتن |
دانکلاییر | قاچاخچی | باڕیتۆن |
ڕیمێندادۆ | قاچاخچی | تینۆر |
چاوساغێک | چاوساغێک | ئاخاوتن |
کۆرس | هەندێ ئەفسەر، کوڕی گەنج، کچانی کارگەی جگەرە، هۆگرانی ئێسکامیلۆ، هەندێ قەرەج، هەندێ مناڵی هاروهاج و میوەفرۆش و بازرگان و گاباز و کوڕی سەرسەری. |
پرێڵیود
ئۆپێراکە بە پرێڵیودێک دەست پێ دەکا، تێما موزیکییەکانی ئۆپێراکە پێشکەش دەکا. ئەگەرچی هەندێ کەس لەسەر ئینتەرنێت پێی دەڵێن: «ئۆڤەرچوور»، بەڵام بیزێ خۆی ناوی ناوە پرێڵیود و لە ڕاستیشدا پرێڵیودە، چونکە ئەگەر ئۆڤەرچوور بووایە دەبوو لە فۆڕمی سۆناتادا بێ. بیزێ یەکێکە لەو موزیکدانەرانەی شارەزاییەکی زۆری لە فۆڕمەکانی موزیکدا هەبووە، ئەگەر خۆی بیزانییایە ئۆڤەرچوورە وا ناوی دەنا.
پەردەی یەکەم
شوێن: مەیدانێک لە شاری سێڤیلیا، لای ڕاستەوە دەرگای کارگەی جگەرەکەیە، لای چەپەوە پاسەوانگەیەکە، لە پشتەوە پردێکە.
ئەفسەر و سەربازەکان لە مەیدانەکەدا پشوویان داوە، چاوەڕێی نۆبەگۆڕین دەکەن. میکایەلا دێ و بە دوای دۆن خۆسێدا دەگەڕێ. دۆن خۆسێ کوڕێکی گەنجە، لە سەربازگەکەدا پلەی جێگری پۆلەوانی[2] هەیە. مۆرالێس کە ئەفسەرێکە، پێی دەڵێ هێشتا نۆبەی ئەو نەهاتووە، بەڵام پێی دەڵێ کە دەتوانێ لەگەڵیاندا چاوەڕێ بکا. ئەو چاوەڕێ ناکا و دەڕوا و دەڵێ دوایی دێتەوە. دۆن خۆسێ و پاسەوانە نوێکە دەگەڕێنەوە، کۆمەڵێ مناڵی چەقاوەسووی ئەو ناوە لاساییان دەکەنەوە.
زەنگی پشووی کارگەکە لێدەدرێ و کچانی کارگەکە دێنە دەرەوە و لە بەردەرگاکەدا چاوبازی لەگەڵ هەندێ کوڕی گەنجدا دەکەن و ئەوانیش دەوروخولیان دەدەن. کارمێن دێتە دەرەوە و گۆرانییە وروژێنەکەی خۆی بۆیان دەبێژێ کە ئابانێرایە، لە گۆرانییەکەدا دەڵێ:
خۆشەویستی باڵندەیەکی یاخییە،
کەس ناتوانێ ماڵیی بکا،
بانگکردنی بێهوودەیە
ئەو ئێمەی ڕەت کردۆتەوە.
دادی نادا هەڕەشەکردن و نزا،
یەکێ دەدوێ و یەک بێدەنگە،
حەزم لە بێدەنگەکەیە!
هیچی نەوتووە، بەڵام
من بە دڵمە.
ئەوین! ئەوین! ئەوین! ئەوین!
خۆشەویستی مناڵێکی بۆهیمییە،
هیچ یاسایەکیش نازانێ؛
گەر خۆشتنەوێم خۆشمەوێی،
گەر خۆشمویستی وریا بە!
ئەو باڵندەیەی وات زانی هەژاندووتە
لە شەقەی باڵی دا و فڕی،
ئەوین دوورە، دەتوانی چاوەڕێی بکەی،
کاتێ چاوەڕێشی ناکەی، ها ئا لەویا!
دەورەت دەدا، خێرا خێرا
دێ و دەڕوا و دیسان دێتەوە.
وا دەزانی کە گرتووتە، ئەو دەردەچێ
وا دەزانی گوێی پێ نادەی، ئەو دەتگرێ!
ئەوین! ئەوین! ئەوین! ئەوین!
لەگەڵ بێژانی ئەم گۆرانییەدا و کوڕان هەوڵ بۆ کارمێن دەدەن سەرنجی ڕابکێشن، داوای پەیوەندیی خۆشەویستیی لێ دەکەن، تەنها کوڕ کە سەرنجیی نادا دۆن خۆسێیە، کارمێنیش مەبەستی ئەوە کە دەڵێ: «یەکێ دەدوێ و یەک بێدەنگە، حەزم لە بێدەنگەکەیە!» گوڵێک لە سنگی خۆی دەردەهێنێ و بۆی هەڵدەد، خۆسێ وا خۆی دەنوێنێ کە ئەوی لا گرنگ نییە و وا پیشان دەدا کە ئەمەی پێ ناخۆشە.
کچان دەگەڕێنەوە کارگەکە، میکایەلا دەردەکەوێتەوە و ماچێک و نامەیەک دەدا بە خۆسێ کە لە دایکییەوە بۆی نێرراوە. دایکی لە نامەکەدا داوای لێ دەکا بگەڕێتەوە بۆ لای و میکایەلا بخوازێ، میکایەلا کەمێک شەرم دایدەگرێ و دەڕوا. خۆسێ بڕیار دەدا ئامۆژگارییەکەی دایکی جێبەجێ بکا، بەڵام لە کارگەکەوە دەنگەدەنگ بەرز دەبێتەوە و کچان دەکەونە قیژەقیژ، کە دەچن دەبینن کارمێن پەلاماری ژنێکی کارگەکەی داوە و شەڕی لەگەڵدا کردووە و بە چەقۆ برینداری کردووە. زیونیگا، کە ئەفسەری خۆسێیە، لێپرسینەوە لە کارمێن دەکا کە بۆچی وای کردووە، کارمێنیش بەدخووانە و بە ناشرینی بە گۆرانیی «ترا لا لا، ئەنجنئەنجم بکەن، بمسووتێنن» وەڵامی دەداتەوە، زیونیگا تووڕە دەبێ و فەرمان بە خۆسێ دەدا کەلەپچەی بکا و بیخاتە بەندیخانەوە، ئەویش وا دەکا.
کە بە تەنیا بە جێیان دەهێڵن، کارمێن دەکەوێتە لاسدانی دۆن خۆسێ، لەگەڵیدا دەکەوێتە سەمای سێگیدییا و سەرنجی ڕادەکێشێ و لەگەڵ سەماکەیدا گۆرانییەکی بۆ دەبێژێ کە دەڵێ: «خۆشەویستەکەم سەربازێکە، فەرماندە و سەرتیپ نییە، بەڵکو جێگری پۆلەوانە و ئەوەش بۆ قەرەجێک بەسە!» دۆن خۆسێ لێی دەپرسێ کە «ئەگەر ئازادی بکا، بەڵێنەکەی دەباتە سەر؟ ئایا خۆشتدەوێم؟» کارمێنیش دەڵێ: «بەڵێ» خۆسێ کەلەپچەکەی کارمێن دەکاتەوە. زیونیگا دەگەڕێتەوە، کچانی کارگەکە قەرەباڵغییەک بە دەوری زیونیگادا دروست دەکەن و لەم کاتەدا کارمێن هەڵدێ.
پەردەی دووەم
شوێن: مەیخانەکەی لیلیاس پاستیا.
کات: ئێوارە.
ئەفسەران و قەرەجەکان دوای شێو لەم مەیخانەیەدا پشوو دەدەن، دوو مانگ تێپەڕیوە، کارمێن و فڕاسکیتا و مێرسێدێسی هاوڕێی بۆ سەرگەرمکردنی زیونیگا سەما دەکەن و گۆرانی دەبێژن، کارمێن خۆشحاڵە کە خۆسێ دوای دوو مانگ لە بەندیخانە ئازاد کراوە، چونکە لەسەر کەمتەرخەمییەکەی سزا دراوە. لە دەرەوەی مەیخانەکە کۆمەڵێک خەڵک دەڵێن کە گابازەکە هات و پاشتریش بانگهێشتی دەکەن تا بێتە ژوورەوە، گابازەکە (ئێسکامیلۆ)یە، پیاوێکی تێکسمڕاوی بەهێزە، گۆرانیی گابازەکەیان بۆ دەبێژێ. لە کاتی گۆرانییەکەیدا سەرنجی کارمێن دەدا و کارمێن وا پیشان دەدا ئەوی لا گرنگ نییە. لیلیاس پاستیا زۆر لە ئەفسەران و ئاپۆراکە دەکا بچنە دەرەوە.
هەمووان دەڕۆن، کارمێن و فڕاسکیتا و مێرسێدێس دەمێننەوە. (دانکاییر) و (ڕیمێندادۆ)، کە دوو قاچاخچین، دێن و پێیان دەڵێن خۆیان کۆ بکەنەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێی جەبەلتاریقەوە بڕۆن و بارە قاچاخەکەیان بگوێزنەوە. فراسکیتا و مێرسێدێس ئامادەن، بەڵام کارمێن پێیان دەڵێ ناتوانێ، چونکە چاوەڕێی خۆسێ دەکا. کە قاچاخچییەکان دەڕۆن دەنگی خۆسێ دێ کە دێ. کارمێن فراسکیتا و مێرسێدێس دوور دەخاتەوە و بە تەنیا بەخێرهاتن لە خۆسێ دەکا، بە ئامێری کاستانێتەوە سەمایەکی تایبەتی بۆ دەکا و گۆرانیی «بە خۆشی تۆوە گۆرانی دەبێژم… لا لا لا»ی بۆ دەبێژێ. لە کاتی گۆرانییەکەیدا دەنگی کەڕەنای ئۆردوگاکە دێ کە سەربازەکانی بانگ دەکاتەوە، خۆسێ دەڵێ ناچارە بگەڕێتەوە بۆ ئۆردوگا، بەڵام کارمێن پێی ناخۆشە و گاڵتەی پێ دەکا، بەڵام خۆسێ گوڵەکەی بۆ دەردەهێنێ کە لە پەردەی پێشووتردا دوو مانگ پێشتر کارمێن بۆی فڕێ دابوو، گۆرانیی «ئەو گوڵە»ی بۆ دەبێژێ کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەو گوڵەی بۆت هەڵدام گیانە
هەر پێم ما لە بەندیخانە،
ئەگەرچی سیس و ژاکاوە،
بۆنە خۆشەکەی هەر ماوە؛
بە درێژایی ساتەکانم
بە تاسووخەوە بۆنم ئەکرد؛
بە بۆنی ببوومە حەیران،
تەنها تۆم دەبینی شەوان؛
دەستم کرد بە جوێنبارانت،
خۆم دەدووان بۆ ڕقلێبوونت:
بۆچی چارەنووسی بێخەم
ئەمەی هێنایە سەر ڕێگەم؟
پاشان هەستم کرد کفر ئەکەم
لە ناخدا هەست بە هیچ ناکەم
جگە حەزێک، تەنها حەزێک
ئارەزوویەک، هەر هیوایەک
جارێکی تر بتبینمەوە،
ئای کارمێن، تۆ ببینمەوە!
چونکە گەر دەرکەویتەوە و
نیگایەکت لە من بگری
هەموو بوونم داگیر دەکەی
کارمێنەکەم!
دەبم بە تاکە شتێکت
کارمێنەکەم، خۆشمدەوێی!
کارمێن داوای لێ دەکا خۆشەویستییەکەی بەوە بۆ بسەلمێنێ کە لەگەڵیدا بڕوا، خۆسێ ئەمە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام کە خەریکە بۆ ئۆردوگاکەی بگەڕێتەوە، زیونیگا دێ و بە دوای کارمێندا دەگەڕێ، خۆسێ پەلاماری دەدا و دەیکەن بە شەڕ، قاچاخچییەکان دەگەڕێنەوە و لە یەکیان جیا دەکەنەوە و زیونیگا دەبەستنەوە. خۆسێ کە بیر دەکاتەوە پەلاماری ئەفسەرێکی پلەبەرزتری لە خۆی داوە و سزاکەی گەورە دەبێ، ئێستا ناچارە لەگەڵ کارمێن و قاچاخچییەکاندا بڕوا.
پەردەی سێیەم
شوێن: پەنایەکی دەشتایی بناری شاخێک.
کات: شەو
کارمێن و خۆسێ و قاچاخچییەکان بە بارە قەدەغەکانیانەوە دەردەکەون، کارمێن لە خۆسێ وەڕس بووە و پێی دەڵێ کە باشترە خۆسێ بگەڕێتەوە لای دایکی. فڕاسکیتا و مێرسێدێس کاتی خۆیان بە یاریکردنی بەختخوێندنەوە بە کارت بە سەر دەبەن، کارمێنیش لەگەیاندا بەشدار دەبێ، کارتەکانی مێرسێدێس و فراسکیتا پێشبینیی بەختیاری و خۆشەویستی و سامان و ژیانی خۆش دەکەن، بەڵام ئەوەی کارمێن و خۆسێ پێشبینیی مردن بۆ هەردووکیان دەکا. کچان دەچنە وێزەی ئەفسەرانی سنوور بۆ لاسدان و سەرقاڵکردنیان، خۆسێ بۆ چاودێریکردن بە جێ دەهێڵرێ.
میکایەلا، کە بەدوای خۆسێدا دەگەڕێ، لەگەڵ چاوساغێکدا دێ و سوورە لەسەر ئەوەی لە کارمێن ڕزگاری بکا، بەڵام لەناکاو دەنگی فیشەکێک بێدەنگییەکە دوو لەت دەکا، میکایەلا ڕادەکاتە ناو بەردەڵانێکەوە و خۆی دەشارێتەوە، تەقەکەرەکە خۆسێیە، تەقە لە کەسێک دەکا لە تاریکیدا کە نزیک دەبێتەوە، دەردەکەوێ کەسە نادیارەکە ئێسکامیلۆیە، پێکەوە دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن، ئێسکامیلۆ باسی ئەوە دەکا کە بۆ لای کچێک هاتووە کە حەزی لێی کردووە و ناوی کارمێنە، بەڵام سەربازێک هەیە وازی لێ ناهێنێ، بێ ئەوەی بزانێ سەربازەکە دۆن خۆسێیە. خۆسێ تووڕە دەبێ و چەقۆی لێ دەردەهێنێ و پەلاماری دەدا، ئێسکامیلۆ، کە لە خۆسێ بەهێزترە، پارێزگاری لە خۆی دەکا و دەیخاتە ژێر خۆیەوە و دەیبەزێنێ، بەڵام لێی دەگەڕێ و پێی دەڵێ: «کاری من گاکوشتنە، نەک پیاوکوشتن!» هەر لەگەڵ دەستلێهەڵگرتنی، دیسان خۆسێ پەلاماری دەداتەوە و ئەم جارە زەفەری پێ دەهێنێ و دەیخاتە ژێر خۆیەوە، بەڵام قاچاخچییەکان دەگەڕێنەوە و خۆسێ لە ئێسکامیلۆ دوور دەخەنەوە. کە ئێسکامیلۆ دەڕوا، کارمێن و هەموو قاچاخچییەکان بۆ گابازییەکەی داهاتووی خۆی لە شاری سێڤیلیا بانگهێشت دەکا.
ڕیمێندادۆ لە پەنایەکدا میکایەلا دەدۆزێتەوە کە خۆی شاردووەتەوە، میکایەلا کە خۆسێ دەبینێ داوای لێ دەکا بگەڕێتەوە، خۆسێ ناگەڕێتەوە. کارمێن گاڵتەی پێ دەکا. بەڵام پاشتر میکایەلا دەڵێ کە دایکی لە سەرەمەرگدایە، خۆسێ بڕیار دەدا بۆ بینینی دایکی بڕوا و بەڵێن دەدا کە دەگەڕێتەوە. لە دوورەوە ئێسکامیلۆ گۆرانیی گابازەکە دەبێژێ.
پەردەی چوارەم
شوێن: سەرای بەردەم گۆڕەپانی گابازیگای سێڤیلیا. گۆڕەپانەکە شانۆگایەکی دێرینی ڕۆمییە.
کات: ڕۆژ، ڕۆژی گابازییەکەیە.
ڕۆژی گابازییەکەی ئێسکامیلۆیە، قەرەباڵغییەکی زۆرە، شەقامەکە جمەی دێ. زیونیگا و فڕاسکیتا و مێرسێدێس لەوێن و لەناو قەرەباڵغییەکەدا چاوەڕێی هاتنی گابازەکە دەکەن. گابازەکە، کە ئێسکامیلۆیە، دێ و پێشوازییەکی شاهانەی لێ دەکرێ، کارمێنی لەگەڵدایە. خەڵکەکە وردەوردە دەچنە ژوورەوە بۆ شانۆگاکە. ئێسکامیلۆ گۆرانییەکی خۆشەویستی بۆ کارمێن دەڵێ کە دەڵێ: «ئەگەر خۆشتبوێم، پاشتر دەبینی کە شانازیم پێوە دەکەی» کارمێنیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ: «خۆشمدەوێی، بمرم گەر هەرگیز کەسێکم وەک تۆ خۆشویستبێ» پاشان ئێسکامیلۆ دەچێتە ژوورەوە.
فڕاسکیتا و مێرسێدێس هەردووکیان دێن و کارمێن ئاگادار دەکەنەوە کە خۆسێ لەوێیە و لە قەرەباڵغییەکەدا خۆی شاردووەتەوە، کارمێن دەڵێ: «پێویست بە ترس ناکا، بیشیبینم قسەی لەگەڵ دەکەم» هەمووان دەچنە ژوورەوە بۆ گۆڕەپانی گابازییەکە، دواهەمین کەس کارمێنە، بەڵام خۆسێ کە خۆی بۆ مت کردووە، دەردەکەوێ، لێی دەپاڕێتەوە کە بگەڕێتەوە بۆ لای و ببنەوە بە خۆشەویست و لە جێیەکی تر ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەن. بەڵام کارمێن بێباکانە وەڵامی دەداتەوە کە: «من چیتر خۆشمناوێی، ئەوە مەحاڵە! بە ئازادی لە دایک بووم و بە ئازادیش دەمرم!»
دەنگی جۆشوخرۆش و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان لە گۆڕەپانەکەوە بەرز دەبێتەوە، کارمێنیش دەیەوێ بچێتە ژوورەوە، بەڵام خۆسێ ڕێی لێ دەگرێ و بە تووڕەییەوە پەلاماری دەدا و دیسان داوای لێ دەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ لای، بەڵام کارمێن موستیلەکەی، کە کاتی خۆی پێی داوە، بۆی فڕێ دەداتەوە. لە گۆڕەپانەکەوە ئامادەبووان بۆ شکۆپێدانی گابازەکە گۆرانیی گابازەکە دەڵێنەوە، لە دەرەوە هاوکاتی ئەم گۆرانییە خۆسێ کارمێن دەکوژێ، پاشان بە تەنیشت لاشەکەیەوە بێئومێدانە و خەمبارانە لێی دەکەوێ. کە دواتر خەڵکانی ناو گۆڕەپانەکە دێنە دەرەوە و دیمەنەکە دەبینن، خۆسێ یەکسەر ددان بە تاوانەکەیدا دەنێ.
[1] ئەم بابەتە ڕاپۆرتێک بوو بۆ وانەکەی دکتۆر شنۆم ئامادە کرد، ئەگەرچی فایلی وۆردەکەم نەماوە، بەڵام فایلی پی دی ئێفەکەم ماوە کە لەناویدا نووسراوە ١٧ی نیسانی ٢٠١٠ دروست کراوە، کە دەکاتە شەممە، وا دیارە بۆ ڕۆژی دوای ئەوە پێشکەشی زانکۆم کردووە. هەر لە وانەکەی مامۆستا شنۆدا پێشکەشی پۆلەکەی خۆمانم کرد. بڕوانە پەڕاوێزی زنجیرە ئۆپێرای موستیلەی نیبێلونگەکان. لە ڕێکەوتی ١٠-١٢ی ئاداری ٢٠٢٠دا ئاداری پێداچوونەوەم بۆی کرد، لە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا دیسان پێداچوونەوەیەکی ترم بۆی کرد.
[2] جێگری پۆلەوان: لە زمانی خۆمانەییدا پێی دەڵێن: «جێگری عەریف»، ناوەکە لە فەرهەنگی زاراوە سەربازییەکانی محەممەد وەسمانەوە هێنراوە.