
وارگێڕی لە بری ڕامیاری و سیاسەت[1]
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا لەگەڵ کاک ڕێبوار قاسم قارەمانیی هاوڕێمدا قسەمان دەکرد، پێی وتم: «دەبێت تێڕوانینی کورد بۆ بواری دەوڵەتداری و ئەو کارەی پێی دەوترێت سیاسەت یان ڕامیاری بگۆڕێت». باسی ڕیشەی دوو وشەکەی کرد (سیاسەتی عەرەبی و ڕامیاریی کوردی) کە سیاسەتی عەرەبی لە ڕیشەکەیەوە بە واتای ڕامکردن و دابینکردن دێت و لە بنەچەدا وشەیەکی شوانییە و بۆ بەڕێوەبردنی کۆز و مێگەل و گاگەل بە کار دەهێنرێت. وشە کوردییەکەش (ڕامیاری) هەر لە هەمان تێڕوانینە عەرەبییەکەوە داڕێژراوە و بۆ بوارەکە بە کار دەهێنرێت. خۆم بە نزیکی هەموو جارێک وشەی ڕامیاری لە بری سیاسەت و وشەی ڕامیار لە بری سیاسی بە کار دەهێنم. کاک ڕێبوار وتی: «پێویستە ئەم دیدە بگۆڕین کە دەبێت ئەم بوارە خەڵک وەکو کۆز بە ڕێوە ببات، بەڵکو دەبێت دیدەکە بکەین بەوەی ئەم پیشە و کارە هونەری بەڕێوەبردنی دەوڵەت و زێد و نیشتمانە، نەک شوانیکردنی خەڵکەکەی». وەک وشەی پۆلیتیکس politics کە لە ڕیشە گریکییەکەیدا لە وشەی پۆلیس polisەوە داڕێژراوە بە واتای شار؛ وەک چۆن دەوترێت: مێترۆپۆلیس metropolis بە واتای دایکەشار، کە وا بە شاری گەورە دەوترێت. پۆلیتیکس politics بە واتای ڕیشەیی وشە بێت واتە شارگێڕ: ئەو کەسەی شار بە ڕێوە دەبات. منیش هاوڕای کاک ڕێبوارم کە دەبێت ئێمەی کوردیش ئەم تێڕوانینە مەڕداری و شوانییە بۆ ئەو بوارە بگۆڕین و بیکەین بە هونەری خزمەتی دەوڵەت و وڵات و نیشتمانمان. لەسەر ڕاکەی کاک ڕێبوار بیرم لە چەند وشەیەک کردەوە و دواتر لەسەر وشەی وارگێڕی وەستام، کە وشەیەکی لێکدراوە و لە [وار+گێڕی] پێکهاتووە، وار واتە نیشتمان، وڵات (وەک لە وشەکانی شوێنەوار، هەواردا هەیە)؛ گێڕی واتە گێڕان (وەک لە وشەی کارگێڕ و کارگێڕیدا هەیە)؛ لەم کاتەدا بەو کەسەی ئەم کارە دەکات دەوترێت: وارگێڕ، بە بوارەکە دەوترێت وارگێڕی، بە دژەکانی دەوترێت دژەوارگێڕی. لە بوارە جیاوازەکاندا دەوترێت: وارگێڕیی دارایی، وارگێڕیی نەوتی، وارگێڕی دەرەوە.
عەرەبییەکە لە کوردییەکە زیاتر ناڵێت!
تێبینی: دەشزانم زۆرێک لە ئێمەی کورد وامان لێ کراوە وا بزانین وشەی سیاسەت لە ڕامیاری زیاتر دەڵێت، تەنها لەبەر ئەوەی عەرەبییە و جۆرە خەرمانەیەکی پیرۆزیی بە دەوریدا دراوە! پێیان وایە وشەی ڕۆحی عەرەبی لە گیانی کوردی زیاتر دەڵێت و مەنطیقە لە ناوچە زیاتر دەڵێت و ئاوها، بۆیە ئەو بەڕێزانە هێشتا سیاسەتەکەشیان نەکردووە بە ڕامیاری تا بیر لەوە بکەنەوە ئێمە دەبێت دونیابینییەکی ژیارییانەی کوردیی سەردەمییانەمان هەبێت. بەهەرحاڵ، پێشنیارەکەی کاک ڕێبوار و وشەکەشم بە دڵە، ئیتر هیوادارم لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕامانیشەوە تێڕوانینەکانمان سەردەمییانە و ژیارییانە بن.
[1] لە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣دا نووسیومە، لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣شدا گفتوگۆکە لەگەڵ کاک ڕێبواردا ڕووی دا؛ لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە.